Skip to Content

یۆتۆپیا و فۆبیای خۆپیشاندان لە” هەولێر” …1 …  کامیار سابیر

یۆتۆپیا و فۆبیای خۆپیشاندان لە” هەولێر” …1 … کامیار سابیر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 3, 2016 General, Opinion

ماوەی چەندین ساڵە، بەردەوام زۆرینەی رەهای سیاسییەکان، حیزبەکان، چالاکوانەکان و تەنانەت بەشێکی بەرچاو لەوانەی پێیان دەگوترێ “نوخبەی کوردیی”، دەڵێن، تا لە هەولێر خۆپیشاندان نەکرێ، لە شارەکان و ناوچەکانی سلێمانیی، کەرکوک و گەرمیان، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی، دژی دەسەڵاتی میلیشیای کوردیی، هەرچەند بکرێت، هیچ ئاکامێکی نابێت. ئەمە ئەگەر دیوێکی راستییەکان و واقیعی سیاسیی کوردستانی عێراق بێت، دەیان دیوی شاراوە و پەنهانی تری هەیە. درۆی گەورە و دزیی گەورەی تێدا دەشاردرێنەوە و راستییەکان و واقیعەکان، ژێراوژوور دەکرێنەوە.
ئەم فۆبیای سیاسییە بەرامبەر خۆپیشاندانی خەڵکی هەولێر و بەرامبەر یۆتۆپیای راستبوونەوەی هەولێر لە دژی دەسەڵاتی سیاسیی، دەیان هۆکاری مێژوویی، سۆسیۆسیاسیی، جیۆسیاسیی، کولتووریی و ئابووریی هەیە. راستییەکەی ئەم باسە، لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی قووڵی مێژوویی، کولتووریی، ثیۆریی و مەیدانیی دەوێت و لێرەدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام بۆ بەستنەوەی ئەم باسە بە درۆ گەورەکانی تاجیرە مونافیقەکانی یەکێتیی و هەلپەرستیی، جەبانیی و بێڕوئیایی گۆڕان و ئیسلامییەکانەوە، لە پێوەند بە هەموو ئەوانەی جورئەت ناکەن یان نایانەوێ واقیعی سیاسیی کوردستان، وەکو خۆی رەنگڕێژ بکەن و تەشخیصی بکەن، بەچەند دێڕێک، باسی ئەم یۆتۆپیا و ئەم فۆبیایە دەکەین کە ناوی نراوە( خۆپیشاندان لە هەولێر).

ئەنثرۆپۆڵۆجیست و جیۆگرافیست( نییڵ سمیث= Niel Smith ) لەسەر سازوئامادەکردنی بابەتێکی سیاسیی وکولتووریی، لە ئاست نوێنەرایەتیی بەهاکان و سروشتە کۆمەڵایەتییەکان، یان ئەوەی ئەو پێی دەڵێ{ ئیکۆلۆجیای سیاسیی= ژینگەی سیاسیی= political ecology }، دەربڕین و چەمکی ” میتابۆڵیزم=Metabolism = نوێنەرایەتیی تەغذییە”، بۆ ئەم دیاردەیە، بەکاردەهێنێت. ئەو میتابۆڵیزمەی ئەو کاری لەسەر دەکات، باوەڕی وایە کە رەدەڵ و بەدەڵی مەسەلە سیاسییەکان، بەها سیاسییەکان و بەردەوامییە کۆمەڵایەتییەکان، دەکات. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە چەمکە ئاڵمانییەکەی میتابۆڵیزم(Stoffwechsel ) هەر بەردەوامییدان نییە بەو هێنان و بردنە سیاسیی و کولتوورییانەی کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و هابیتۆسی سیاسیی، مێژوویی و کولتوورییان وەرگرتووە. ئەو زیاتر دەڕوات و پێیوایە، ئاییندەی دوورمەودا و هەڵسەنگانی کورت مەودای رووداوە سیاسییەکان، دەبێت لە سروشتی لێکدانەوە و ئاڵوگۆڕە سۆسیۆسیاسییەکاندا، لە واقیعی سیاسیی و جیۆگرافیای سیاسییدا، بەهەند وەربگیردرێن(لە کتێبێ- لە سروشتی شارەکانەوە In the Nature of Cities، لە خوارەوە، لینک و لاپەڕەی کتێبەکە دادەنێم).

ئێستا، هەمووان دەزانین کە ژینگەی سیاسیی، مێژوویی، کولتووریی و تەنانەت جیۆگرافیای شاری هەولێر، تایبەتمەندییەکی مێژوویی دوورودرێژی هەیە. لای کەم ئەوەی ئەدەبی کوردیی و رۆژهەڵاتناسەکان نووسیویانەتەوە، چەند صەد ساڵێک دەبێت، ئەم کولتوورە سیاسییە، درێژەی هەیە. شارێکە، کولتووری بیزنس، کولتووری تیجاڕەت و پرۆفێشناڵیزمی تورکمانە ئەفەندییەکانی بەسەردا زاڵ بووە. لە جوغزی نەریتی کوردەکانیشەوە، کولتووری عەشایەریی و پاراستنی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی بەسەردا زاڵ بووە. گەڕەکەکانی بەناوی عەشیرەتەکان و ناوچە جیۆگرافییەکانەوە ناونراون. وەلائی خۆیی، خوێنیی و ناوچەیی، لە بورغووە سەرەکییەکانی ئەم ستراکتۆرە شارییەیە کە جومگە و لینکەکانی لەنێوان خانەکان و ئۆرگانیزمەکانیدا، توند توند، بەم میتابۆڵیزمە سیاسیی، کولتووریی و ناوچەییەوە بەستراوە.
حکومەتی بەعث( بەعس) لەسەردەمێکدا شاری هەولێری کرد بە پایتەخت، ویستی شکۆی سلێمانیی و کەرامەتی سیاسیی شاری سلێمانیی پێ بشکێنێت. ئەم جیاوازییە کولتوورییانەی نێوان هەولێر و سلێمانیی، نێوان هەولێر و کەرکوک، تەنانەت نێوان هەولێر و ( کۆیە، چۆمان، رەواندوز، شەقڵاوە…تاد) ش، باکگراوندی مێژوویی، جیۆگرافیی و کولتووریی هەیە و بەعثییەکان و رژێمی صەدام حوسێنێش لە رێگەی ئۆرگانە ئەمنیی، موخابەراتیی و سیاسییەکانەوە، کاریان لەسەر دەکرد. زانکۆی سلێمانیی، لە سلێمانیی داخست و وەکو ئەتککردن( هەتککردن) بردی بۆ هەولێر، دوو پەچە(شوێنی موڵدانی مەڕوماڵات)ی مەجلیسی تەشریعیی و تەنفیذیی لێکردووە و ئەم پەچانە سەرەنجام بوون بە دیوەخانی پارلەمان و حکومەتی هەرێم. مورتەزیقە کوردەکانی لەسەرتاسەری کوردستانی عێراقەوە( بەکەرکوکیشەوە)، بە مودەڕەبیی و بە وەلائێکی سیاسیی باشەوە، بۆ هەولێر، رەوانە دەکرد.

دوای راپەڕینیش، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆدا و بەتایبەتتریش، دوای ٣١ی ئاب و زەواجەکەی صەدام حوسێن و مەسعود بارزانیی، ئیتر ئەم میتابۆڵیزمە شارچییەتیی، حیزبایەتیی و ناوچەگەرییەی نێوان هەولێر و سلێمانیی، بەئەنقەست و بەئەجێنداوە، تۆختر دەکرایەوە. لە مەودای کورتەوە بۆ مەودای درێژ، کاری لەسەر دەکرا. پارە و ئیمکانییاتێکی زۆری تێدا خەرجکراو تا ئێستاش بەردەوامە. ئەوە راستە، لە زۆر شوێنی دونیا، بگرە تەواوی دەسەڵاتە سیاسییەکان( بەوانەی رۆژئاوایشەوە)، هەمیشە دەیانەوێ پایتەختەکانیان ئارامیی و سەقامگیریی پێوە دیار بێت، دەنگی ناڕەزایەتیی و پرۆتێستی، زۆر تێدا کەم ببێتەوە، جەماوەر، بە ئیشی رۆژانەوە، سەرقاڵ بکەن و رێگە ئەمنیی و قانونییەکان، سەخت و سەختتر بکەن.

هاوکات، سروشتی کولتووریی و سیاسیی شاری هەولێر، لەمێژە، دەقی بەم دۆخەی ئێستاوە، گرتووە. لەسەردەمی بەعثدا، بەشێکی بەرچاو لەوانەی خەریکی خۆپیشاندان بوون دژی رژێمی صەدام حوسێن، لە تەرحیلکراوکانی کەرکوک و لە خوێندکارانی ناوچەکانی سلێمانیی و شارو شارۆچکەکانی تری هەولێر، بەتایبەتیی چۆمان، رەواندوز، سۆران، شەقڵاوە و ئاکرێ…تاد بوون. بەشێکی بەهۆی ئەوەوە بوو کە بەشێک لەو ناوچانەی هەولێر، تەرحیلکرابوون و کولتووری سیاسیی شارۆچکەکانی خۆیان، داینەمۆی خۆپیشاندانەکانی ناو هەولێر بوون. تەنانەت کولتووری دینداریی شاری هەولێریش، جیاوازیی هەیە لەگەڵ شوێنەکانی تردا. ئەمە لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتیی و ٣١ی ئابەوە، بەتەواویی و بە ئەجێندای دوورمەوداوە کاری لەسەر کراوە. هەرچی مەلای مورتەزیقەو رانتخۆری ناوچەکانی تری کوردستانە، بە رانتی نەوت، بە تەشویقی ئایدیۆلۆژیی( سەلەفیزم، سوننەگەریی و ئیخوانیزم) بە تەشویقی مەذهەبیی، طائیفیی و ئیغرائاتی ماددیی، زۆربەیانی جڵەو کردووە و بەپێی ئارەزوو و ئیشتیها سیاسیی، ئابووریی و ئایدیۆلۆژییەکانی، بە گوێری بەرژەوەندییە تیجاڕیی و بیزنسە سیاسییەکانی، لەکات و شوێنێ پێویستدا، هەموویان وەکو جەڵەب، مۆبەڵایز دەکات. عاقیبەتیش ئەوەیە کە میتابۆڵیزمە سیاسیی، کولتووریی و عەسکەرییەکەی ئەم سەرکوتکارییەی لە شاری هەولێردا هەیە، شەرعییەتەکەی ئەو حوکمە مافیاییەی هەولێر، پشتڕاست دەکاتەوە.

هەروەها، هەرچی قەشمەری ئەکادیمیست هەیە، هەرچی نوخبەی نەفسنزمی چاوشۆڕ هەیە، هەرچی شاعیری فشەکار، ئێثێتیکنووس( جواننووس) و ئەدیبی دەیاب هەیە، هەرچی حیزبی چەکل و مەکل هەیە، هەرچی ئینسانی ساقیط و خوێڕیی هەیە لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی عێراقەوە، بە زەبری رانتی نەوت و بە زەبری کولتووریی و سیاسیی حەماقەتەکانی دەوڵەتی کوردیی و سۆدوناسیۆنالیزمە ( ناسیۆنالیزمی موزەیەف) نەژادییە-کوردییەکەی پارتیی، هەموویانی وەکو مێگەل لە هەولێردا مۆڵ داوە و ئالیکیان دەداتێ. ئەمانەش بەسەریەکەوە، میتابۆڵیزمی ئەم سەرکوتکارییە دەستەبەر دەکات و سەرەنجامیش خزمەتی پرۆژەی والییەکەی ئەردۆغان دەکەن. ئەم هەموو گاڕانە سیاسیی، رۆشنبیر و نوخبانە، پێش ئەوەی بار بن بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، بارن بەسەر خەڵکی هەولێر و شاری هەولێرەوە. بەردەوامیش، موئەسەسەی ئەصیڵی فاشیزمی کوردایەتیی، دەغدەغەی شارچییەتیی و ناوچەگەریی زیندوو دەکاتەوە، دژایەتیی سلێمانیی و کەرکوک، دژایەتیی ناوچەکانی دەرەوەی موستەعمەرەکەی ئەردۆغان دەکات و هەموو ئەم شەڕانەش بە قازانجی خۆی دەقۆزێتەوە. تەنانەت بەشێک لەو هەولێرییە دڵناسکانەی کە لە فاشیزمی کوردایەتییەکەی پارتیی پڕن و لێیان دەڕشێتەوە، جاروبار بە راستەوخۆ و بە ناڕاستەوخۆ، دەکەونە ناو گەمەکانی دەوڵەتی کوردیی و سیمبۆڵی پایتەختەکەی فاشیزمی کوردایەتییەوە، سەرەنجامیش دەکەونە ناو شەڕی شارچییەتیی و ناوچەگەرییەوە کە پارتیی و پایتەختی فاشیزمی کوردایەتیی، موستەفیدی یەکەمن.

بەڵێ، چۆن صەدام حوسێن و بەعثییەکان، سوننەی ناوچەکانی تری عێراقیان دەبرد بۆ بەغداد و نیشتەجێیان دەکردن، عەرەبی فەڵەسطین، میصر، یەمەن و ئوردنییان تێدا ئیستیطان دەکرد و بەرژەوەندییان بۆ دروست دەکردن، بۆ ئەوەی هەمیشە، دژی شیعە ناڕازییەکانی بەغداد، پاسەوانیی لە دەسەڵاتەکەی بکەن؟ بەهەمانشێوەش، پارتیی، هەرچی نۆکەر و جاشی سەردەمی بەعث هەیە، هەرچی کۆنە مەلایی و کۆنە جاش و کۆنە جەیشی شەعبیی و کۆنە شیوعیی و کۆنە ئیسلامیی و کۆنە دەعبا و تازە نوخبە و تازە ئەکادیمیست هەیە، لەشوێنەکانی تری کوردستانەوە( بەتایبەتیی لە ناوچەکانی سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوکەوە)، بەتایبەتتریش لە تێکڵهەڵکێشە عەشایەرییەکانی عەشیرەتی بارزان و ناوچەکانیانەوە، تا بۆی کرابێت، لە هەولێری ئاخنیون و ئیستیطانی ئەو شارەی پێکردوون. دیارە لەسەردەمی گڵۆباڵیزەیشن و تێکەڵبوونی شارەکان و تێکەڵاوبوونی شارستانییەتی شار و لادێکاندا، ئەمە زۆر ئاساییە کە دێمۆگرافیای شارەکان لەسەرتاسەری دونیادا دەگۆڕێن و بەردەوامیش ئەم گۆڕانانە روودەدەن. ئەوەی لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا لە هەولێر روویداوە، نەک هەر نۆرماڵ نییە، بگرە خەراباتێکی سیاسیی، دێمۆگرافیی و کولتووریی گەورەیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.

٣١ی ئاب، بەشێکی زۆری ئەو هەولێرییانەی وەدەرنا کە مێنتاڵیتیی سیاسیی و کولتوورییان لەگەڵ پارتییدا نەدەهاتەوە. بەشێک لەمانە لە سلێمانیی و ناوچەکانی تر گیرسانەوە، بەشێکی تریشیان، بەرەو هەندەران رۆیشتن. سەرەنجام، بەهێنانی بەشێک لە بارزانییە ئەزبەنییەکان و ئەو عەشیرەتانەی وەلائیان بۆ موئەسەسەی خێل هەیە، بەهێنانی هەرچی خەڵکی گوێڕایەڵ و ئەزبەنیی ناوچەکانی ترە بۆ شاری هەولێر و بەدەرکردن و دەرپەڕاندنی ئەو هەولێرییانەی کە “بەڵێ”ێان بۆ پارتیی نە دەگوت، بە با و بە باران، هەر لە بەفر ( لە هەولێر) کەم بووەوە. بە کیتاب و بە حیساب، بە داتا و بەئامار، ئەوە ناعەدالەتییەکی گەورەیە بەرامبەر هەولێر دەکرێ و خەڵکی هەولێر بە جەبان دەچوێنن و ناوچەکانی تریش بە قارەمان! ئاخر لە سلێمانیی و گەرمیان، بەردەفڕکێ لەگەڵ مەقەڕەکانی پارتییدا، ئازایەتیی نییە، بەڵکو لەگەڵ جەبەروتی تاڵانچییەکانی یەكێتییدا ئازایەتییە. راستییەکەی ئەو دۆخە دەڵەمەیەی هەولێر، چەند عەنتەرییاتیی و مافیایی پارتیی نیشان دەدات، ئەوەندەش خوێڕییەتیی دزەکانی یەکێتیی و جەبانیی گۆڕان و ئیسلامییەکانیش نیشان دەدات.

ئەوە وێڕای ئەوەی یەکێتیی، شەریکە دزی نەوتە لەگەڵ پارتییدا و بەرژەوەندیی ماددیی و دارایی باڵەکانی ناو یەکێتیی، بەرژەوەندییە میلیارد دۆلارەکانیان، لەسەروو هەموو حیساباتێکەوە، ئەژمارد کراوە. بە گوێرەی داتاکانی عەلی حەمە صاڵح، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی لە پارلەمانی هەرێم بێت، مانگانە بڕی ٥٠٠ میلیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت، دیزە بەدەرخۆنە دەکرێ. ئەگەر ئەم دزییە نیوەیشی بەر یەکێتیی و باڵەکانی نەکەوێت، بەشێکی زۆر لەم پارەیە بۆ شەریکە دزەکانی یەكێتیی دەڕوات کە نەوتێکی زۆر لە ناوچەکانی یەكێتییەوە بە قاچاغ و بە رەسمیی، تاڵان دەکرێت.

بەو هۆکارانەی سەرەوە و بە دەیان هۆکاری تری سیاسیی و کولتووریی، شاری هەولێر، راناپەڕێت، خۆپیشاندان ناکات، دەسەڵات بەوپەڕی هەڵسوکەوتی مافیاییەوە سەرکوتی دەکات، هەزاران عەصابە و بەڵتەچیی شارەکانی تری تێدا بەسیج کردووە و بە موچەی رەیعیی و پارە بەخشینەوە، وەکو پاسەوانی خاوەن وەلائی عوظما، دڕی کردوون و پاسەوانیی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی لە هەولێردا، بەمانە دەکات. ئێستا، خەڵکی سەرجەم کوردستانی عێراق ( بەهەولێریشەوە)، لەبەردەم ئەم واقیعە تاڵە سیاسییەدان کە هیچ هێزێکی سیاسیی، توانای مۆبەڵایزکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی هەولێری نییە، بەڵام ئایا دەکرێت، سەرجەم خەڵکی کوردستان، بەتایبەتییش سلێمانیی، گەرمیان و کەرکوک و ناوچەکانیان، ئەم هەموو باجە قورسە سیاسیی و ئابوورییە، بۆ دەیان ساڵی تر و بگرە بۆ صەدان ساڵی تر بدەن؟ بە دڵنیاییشەوە، شاری هەولێریش، لەبەرامبەردا، باجی شەریکە دزەکانی یەكێتیی و جەبانیی و بێڕوئیایی، گۆڕان و ئەو هێزانەی تر دەدەنەوە کە جاروبار بۆڵەبۆڵ دەکەن.

راستییەکی تریش هەیە کە من ئەگەر بە رەچەڵەک هەولێریی بوومایە، ئەوە دەبووایە بە تۆلێرانسێکی کولتووریی گەورەوە باسی بکەم. دەبێ دڵم ناسک نەبێت و بە قسەی هەندێ خەڵکی ناڕازیی شاروشارۆچکەکانی کوردستان، لەسەر بێدەنگیی و دەستەوەستانی هەولێر، دڵم نەڕەنجێ و پارتیی و موئەسەسەی فاشیلی کوردایەتیی، موئەسەسەی تاڵانچییەکانی دەوڵەتی کوردیی، سەرمایەگوزاریی سیاسیی و کولتووریی لەسەر نەکەن. بەشێک لەو هەولێرییانەی کە لە پارتیی و دەسەڵاتەکەی پڕ بوونە، هیچ سیمبوڵ و کاریزمایەک شک نابەن، پەنای بۆ بەرن و نزای لا بکەن، جگە لەوەهمی شاعیرێکی رادیکاڵی پاننەتەوەیی pan-nationalism ، پاننەژادیی و موهەڕیجی کوردایەتیی وەکو “پەشێو” نەبێت. ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم شاعیرە جگە لە کۆمەڵێ ریتۆرێکی عمومییات و قسەی شەعبیی، هەرگیز ، سنوور و تخوبەکانی موئەسەسەی بارزانیی( نە باپیر، نە باوک، نە کوڕ و کوڕەزاکانی) نەبەزاندووە.

لە کاتێکدا، بەئاشکرا و بەوپەڕی حەماسەتی شاعیرییەوە، ئەنتی جەلالییبوون و ئەنتی نەوشیروانییبوونەکەی بە دەیان جۆر تەغرید کردووە و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، خزمەتی بە وەهمی پرۆژەی دەوڵەتی کوردیی و مافیاکانی کوردایەتیی، کردووە. لەباری ئاریستۆکراتییەتی فیکریی و سیاسییەوە، بەڕاستیی خەجاڵەتییە، شاعیرێک بکەم بە قدوەی شارەکەم، لەکاتێکدا، شیعر جگە لە قسەی قۆڕ و حەماسیی، جگە لە خۆخاڵییکردنەوەی باووبژ، بەدەردی هۆزەکانی ئەریتێریا، صۆماڵ و ئەفغانستانیش ناخوات. سەرەنجام، ئەگەر بە زەڕەبین بەدوای نوخبە و مونەوەرەکانی کوردایەتییدا بگەڕێی، ئەوە پەشێو، یەکێک لە چالاکترین و پڕتێکسترین( شیعر ) کەسەکانی ئەم مانیفێستە سیاسیی و ئابوورییە چەتەگەرییە کە ئێستا، دزە گەورەکانی ماڵی بارزانیی، ماڵی تاڵەبانیی، ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد و ناوەندی بڕیارەکەی( یەکێتیی=پارتیی)، بە صەدان میلیارد دۆلاریان لەژێر ساباتی فاشیزمی کوردایەتیی و حەماقەتی ناسیۆنالیزمی کوردیی و خورافاتەکانی دەوڵەتی کوردییدا، بۆ ئەبەد، لە نەوەکانی ئێستا و ئاییندەی کوردستان، دزییوە و بەردەوامیشن.

لێرەدا کە ناوی “پەشێو” هێنراوە، رەخنە لە کەسایەتیی و ناوەڕۆکی ئینسانییبوونی ئەو نییە، کەسێکی تا بڵێی کۆمەڵایەتیی و شەعبییە و جەماوەرێکی زۆر زۆری هەیە. لێرەدا کە وەکو میتافۆرێک بەکارهێنراوە، خەڵکێکی زۆر لەم پیاوەدا، کاریزمایی، خاوێنیی و جەرائەتی تێدا دەبیننەوە. لەکاتێکدا هەموو گلەییەکانی ئەم شاعیرە لە خوزیعبەلاتەکانی دەوڵەتی کوردیی و مانیفێستەکەی( کوردایەتیی) ئەوەیە کە رادیکاڵ نیین، لەبەرامبەر عەرەب وعێراقدا توند نیین، ماڵی والیی بەڕاستیان نییە و جدیی نیین لەسەر پرۆژەی هەرێمی سوننیی( خەلانۆچکەی کوردیی) ، لە گەڵ کۆمەڵێ وردە گلەیی فۆرماڵیی و شیعریی و…تاد. سەرەنجامیش ئەم میتافۆرە کاریزمایەی کە هەندێک لە هەولێرییە ئەنتی پارتییەکانیش پێی موعجیبن، بە راستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆ، دەڕژێتەوە ناو پرۆژەی ئیستیحماری کوردایەتیی.

دەردێکی تری هەولێرییەکان، نەبوونی شەخصییەتێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنە( ئەمە بۆ سلێمانییش، تا رادەیەک راستە). سەردەمانێک کۆسرەتیان هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم بیزنسمانە میلیاردێرە، هەڵەی وا ناکات دژایەتیی داگیرکاریی ٣١ ی ئاب و برسییکردنی خەڵکی کوردستان و ئەوهامەکانی بارزانیی بکات، چونکە کۆمپانیاکانی، بیزنسەکانی، ئەقوام و ئەعوانەکانی زەرەرمەند دەبن. سەردەمانێک غروری سیاسیی و عەسکەریی ئەم پیاوە لە هەولێردا، لە لووتکەدا بوو. بە زمانی شەعبیی، مەثەلی ئەعلا( مثل الاعلاە) بوو. ئێستا بە وەفدێکی هاوبەش دەیبەن بۆ بەغداد و تاوێک گۆرانیی” مافی چارەی خۆنووسین”ی پێدەڵێن و تاوێکی تر حەیرانی توانەوەی بەستەڵەکی نێوان بەغداد و هەولێری پێدەڵێنەوە. دەردی هەرە گەورەی کۆمەڵناسیی سیاسیی شاری هەولێر، نەبوونی ئاگایی جەماعییە( ئاگایی کۆلێکتیڤ- collective consciousness ). ئەم ئاگاییە سیاسییە پێوەندیی بەوەوە هەیە، لەجوغزی مێژووییەوە، شاری کەسابەت و دەست بەکڵاوگرتنەوە بووە، لەبەرامبەردا کە سلێمانیی زرت و خورتە، پێوەندیی بەوەوە هەیە کە کۆمەڵێ بنەماڵە دروستیان کردووە و ئێستاش، چەمکی” خەڵکی شارەکە” برەوی هەیە. هاوکات، بە تەمەنی لەسەروو ٢٠٠ ساڵەوە، بەهۆی نزیکیی لەسنوورەوە، بەهۆی کاسبیی قاچاغ و قاچاغچییەتییەوە، ئابووریی سلێمانیی و ئابووریی هەولێر، تیجاڕەت لەم دوو شارەدا، زۆر جیاوازییان هەبووە و هەیە.

ئێوە سەیربکەن، لەسەر ئەتککردنی پێشمەرگەیەک لە بنەسڵاوە لەلایەن عەصابەکانی دەوڵەتی مورتەزیقەی کوردییەوە، ئەو هەموو داهێنەرەی هەولێر( بەهەزاران) ئەو هەموو تڕوتەشقەڵەیەی ناوی خۆیان ناوە شاعیر و ماعیر، ئەو هەموو نووسەرە رانتخۆر و ئەدیبە راپۆرتنووس و ژۆرناڵیستە جاسوسانە بکەن، تەنانەت ئەوانەی هەندەرانیش، بەشێک لەوانەی کە رەخنە بە زمانی گوڵ دەگرن و عەطری شەنێڵ chanel ی لێدەدەن، بە حوکمی ئەوەی لینکی تیجاڕیی و بەرژەوەندییان بە شاری هەولێرەوە هەیە، نایانەوێ قائیدی کوردایەتیی و حیزبەکەی، نیگەران بکەن و بەرژەوەندییەکانیان بخەنە مەترسییەوە. سەرەنجام دێن، بە زمانێکی پڕ لە لوغز، بە زمانێکی شاراوە و داپۆشراو، منگەمنگێکی گشتیی دەکەن و هەر زووش دەچنەوە سەر مەعدەنە ئەصڵییەکەی خۆیان.

بەو داتاو ئامارە مێژوویی و کولتوورییانەی لەبەردەستدان، بەو تەجرەبە سیاسییانەی رابردوو، نە یەکێتیی سەرمایەگوزارییەکانی خۆی لە هەولێر و لەگەڵ ماڵی والییەکەی تورکیادا دەخاتە مەترسییەوە، نە گۆڕان دەیەوێ هیچ جۆرە موجازەفەیەکی سیاسیی بکات، نە ئیسلامییەکانیش خەیاڵاتی دینیی و دونیاییان بەلای خۆپیشاندان لەهەولێردا دەڕوات و سەرەنجامیش نە چەپ و مارکسییەکانیش، توانای جوڵاندنی شەقامیان هەیە. ئەی دەبێ چیی بکرێ؟ بە چەمکی سۆسیۆسیاسیی، هەولێر لەماوەی دوو صەد ساڵی رابردووی خۆیدا، ئینتێگرەیشنی سیاسیی، کولتووریی و ئێستا، ئابوورییشی هاتووەتە سەر، لەگەڵ ناوچەکانی تری کوردستاندا بەتەواویی نەکردووە. ئایا دەبێ بێدەنگیی ئەم شارە و بێدەنگیی و هەلپەرستیی حیزبە میوان و دەستبەسەرەکانی ئەم شارە( جگە لە پارتیی و عەنتەرییاتەکانی)، باجەکەی هەموو خەڵکی کوردستان، بیدەنەوە. ئایا چارەسەری جدیی و واقیعیی، هەر بوونی نییە؟ ئایا ناتوانرێ سلێمانیی، کەرکوک و گەرمیان بکرێن بە مەشخەڵی سەرەتای ئازادبوونی هەولێر و شکاندنی ئەم هەموو طەوقە سیاسیی و کولتوورییە؟ ئایا ئەم وەهمە سیاسییەی حکومەتی چەتەکانی کوردایەتیی( حکومەتی هەرێم)، پشتیرە گەورەکەی ناونراوە ئەنجومەنی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەجیلسە تەشریعیی و تەنفیذییەکەی سەردەمی بەعثدا هەیە؟ ئایا مامەڵەکردنی ناوچەکانی تری کوردستانی عێراق، لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دوور لە هەژموونی والییەکەی ئەردۆغان، ئیمکانی نییە؟ ئایا تا کەی خەڵکی شاری هەولێر و زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستان، بۆ چەند دەیەی تر چاوەڕوانی یۆتۆپیای خۆپیشاندان لە هەولێر بن؟ و سەرەنجامیش ئەم چەتەگەریی و قەرصەنە ئابوورییە لەسەری سەرەوە، درێژ بکێشێت؟ ئەم پرسیار وئارگیومێنتانە، لەبەشی دووەمی ئەم وتارەدا، بەدوای سەرە داوەکانیدا دەگەڕێم.


لاپەڕە ١٥ و ١٦ لەم کتێبەدا:

https://urbanforensics.files.wordpress.com/2012/09/inthenatureofcities.pdf

……………………………..

Previous
Next
Kurdish