Skip to Content

مێژووی شیرەکەی مووسا … حەمە مەنتك

مێژووی شیرەکەی مووسا … حەمە مەنتك

Closed
by كانونی دووه‌م 19, 2018 General, Literature, Slider

زۆر بوار لە زانستە مرۆڤایەتییەکان هەوڵی توێژینەوە لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و مێژوو دەدەن. بۆ نموونە مێژوو، ئەنسرۆپۆلۆجیا و کۆمەڵناسی، ئەمانە لە هەوڵدان پێوەندی نێوان مرۆڤ لەلایەك و سێستەم و پێکهاتەی مێژوویی و ڕۆشنبیریی لەلایەکی دیکەوە ڕاڤە بکەن. ڕۆمانیش وەکو ژانرێکی ئەدەبی، کە گێڕانەوە تایبەتمەندی سەرەکییەتی دەتوانێ ئەو ڕۆڵە ببینێت. ڕۆمانیش دەتوانێ پێوەندنی نێوان مرۆڤ و مێژوو دەربخات. من لەم توێژینەوەیەدا دەمەوێ چۆنیەتی مامەڵەکردنی ڕۆماننووس (سابیر ڕەشید) لەگەڵ مێژوو لە ڕۆمانی (شیری مووسا)دا دەربخەم. ئایا بۆ گێڕانەوەی مێژووی جوولەکەکانی هەولێر، چۆن سوودی لە مێژوو وەرگرتووە؟ ئایا توانیویەتی ڕۆمانێکی مێژوویی بنووسێت؟

سەرلەهەوەڵ دەبێ بزانین ڕۆمانی مێژوویی چییە؟ ڕۆمانی مێژوویی وەکو جۆرێک لە ڕۆمان بونیادێکی مێژوویی هەیە. واتە هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ هێنانەگۆڕێی کەسایەتی و ڕووداوی مێژوویی، بەڵام لە چوارچێوەی ڕۆماندا. هەرچەندە دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت ((کە ڕۆماننووس ناتوانێت لە ئافراندنەوەی مێژوودا سەرکەوتوو بێت ئەگەر خودی واقیعە مێژووییەکە بەباشی نەزانێت.)) [ئەحمەد‌زادە، ٢٠١٢، ل٣٠٧] بەمەیش ڕۆماننووس دەبێت ئەو قۆناغە مێژووییەی دەیەوێ بە ڕۆمان بیگێڕێتەوە تەواو شارەزا بێت، ئەگەر خۆیشی تێیدا نەژیابوو، دەبێ بە دەیان کتێب و سەرچاوەی لەبارەوە بخوێنێتەوە. ئەمە واتای ئەوە نییە، ڕۆماننووس مێژوومان وەکو خۆی بۆ بنووسێتەوە، نەخێر، چونکە بابەتی مێژوو واقیعە، بەڵام واقیعی ڕۆمان لە بنەڕەتدا خەیاڵە. کەواتە ڕۆمانی مێژوویی بەریەککەوتنی واقیعە لە ڕێی خەیاڵەوە. بە بڕوای (جیرار جینێت) هەردوو ڕەگەزی (واقیع/خەیاڵ) بونیادی هەموو مێژوو و ڕۆمانێكن، چونکە هەر یەکەیان دەیەوێ گوزارشت لە ڕووداو و مرۆڤ بکات. کەواتە ڕۆمانی مێژوویی دیسان هێنانەگۆڕێی مێژووە، بەڵام وەکو کتیبێکی مێژوویی نا. بە بڕوای (جۆرج لۆکاتش) ڕۆمانی مێژوویی ((ڕۆمانێکی مێژوویی حەقیقیە، واتە ڕۆمانێکە لە ئێستا دەدوێ، لە ئێستادا دەژین، بەوەی ڕابردوویان مێژوویەک بووە بۆ خود.)) [لوکاتش، ١٩٧٨ ، ص٨٩]

ڕۆمانی (شیری مووسا)، ڕۆمانێکە دەیەوێ مێژووی جوولەکەمان لە شاری هەولێر بۆ بگێڕێتەوە. ئەم ڕۆمانە هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی، یان گێڕانەوەی مێژووی خەڵکانێک، کە سەردەمانێک چینێکی کاریگەر و دانەبڕاوی شاری هەولێر بوونە. لێرەدا دەبێ بپرسم ڕۆماننووس تا چەند توانیویەتی ڕۆمانێکی مێژووییمان پێشکەش بکات؟ ئەو تەکنیکانە چین، کە لەم ڕۆمانەدا بە کار هاتوون؟ ئایا لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، هەست دەکەین ڕۆمان دەخوێنینەوە، یان دەقێکی مێژوویی؟ من نامەوێ ڕووداو و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بگێڕمەوە، ئەوە کاری ڕەخنەگر نییە. کۆمەڵێ تەکنیک و لایەنی هونەری لەم ڕۆمانەدا هەن، جێی سەرنجن. یەکێك لە تەکنیکەکان ئەوەیە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا هەست دەکات، هەم ڕۆمان دەخوێنێتەوە، هەمیش توێژینەوەیەک لەبارەی ڕۆمانەوە.

سەرەتای ڕۆمانەکە ناونیشانی (یەکترناسین)ی هەیە. ڕاستە لەوێ باسی یەکترناسینی (عەبدوڵڵا سەڕاج)ی ڕۆماننووس و (بێستوون)ی هاوڕێی لەگەڵ (ئیسحاق)ی کارەکتەر و وەگێڕ دەکات. بەڵام لەودیو ڕستەکانەوە ئەمە هەوڵێکە بۆ یەکترناسینی خوێنەر لەگەڵ کۆی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکە. ((ئەمشەوەی من –عەبدوڵڵا سەڕاجی- ڕۆماننووس، واتە نووسەری ئەم ڕۆمانە و بێستوون سەرەتانی بازرگانی قوماش پێکەوە لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردەن بۆ کات بەسەربردن سەرمان بە یانەیەکی شەوانەدا کرد، ناوی یانەکە هەستی بەرزەفڕ بوو.)) [ڕەشید، ٢٠١٧، ل٥] ئەمە یەکترناسینی نێوان خوێنەر و کارەکتەرەکانە، بەڵام بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ.
چەند دیمەنێک هەن وەگێڕ لە ڕۆمانەکەدا چەند جارێک پاتەیان دەکاتەوە. ئەم ڕووداو و دیمەنانە بەردەوام بۆ بەبیرهێنانەوەی خوێنەرە.

بۆ نموونە ئەو ڕستەیەی لەناو کوردەواریدا باوە، کاتێك کەسێک بە کەسێکی دیکە دەڵێت: دەڵێی جوولەکەی. مەبەستی ئەوەیە هێندە ترسنۆکیت وەکو جوولەکەکانیت. ئەم ڕستەیە چەندین جار خوێنەر لەناو ڕۆمانەکەدا بەری دەکەوێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی عەقڵیەتی تاکی کوردی بەرانبەر ئایین و نەتەوەیەکی دیکە لەو سەردەم. ئەم تەکنیکە (جیرار جینێت) لە کتێبی (گوتاری چیرۆک/ خطاب الحکایە)دا بە وردی کاری لەبارەوە دەکات. ئەم ڕستانە لە فۆرم و شێوەی جوایەز لە ڕۆمان، یان چیرۆکدا پاتە دەبنەوە گرینگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە. هاوکات ئەو ڕستەیەی (ئیسحاق) دەڵێت: کورد هەمیشە دەڵێن: جووەکان بە دوای شیری مووسادا دەگەڕێن، بەڵام لە ڕاستیدا عەساکەی مووسایە، چونکە کاتی خۆی مووسا شیری نەبووە، بەڵکو عەسای هەبووە. ئەمە یەکێکە لەو تەکنیکانەی لەم ڕۆمانەدا زۆر هونەریانە کاری لەبارەوە کراوە. ئەم ڕستە پاتەبووانە شادەماری ڕۆمانەکە پێک دەهێنن، چونکە لە بنەڕەتدا جووەکان بۆیە هیچ هەڵوێستیان بەرانبەر ئەو ستەمانەی لێیان کراوە نەبووە، ئامانجیان خۆپاراستن و پاراستنی ئایینەکەیان بووە. هاوکات گەڕان بە دوای شیری مووسا، یان عەسای مووسا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی فریادرەسێکی وەکو حەزرەتی مووسا تاکو لە دەست فیرعەونەکانی زەمانە ڕزگاریان بکات.

یەکێکی دیکە لەو تەکنیکانە ئەوەیە، وەکو ئاماژەم بۆ کرد، خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەدا هەست دەکات هاوکات توێژینەوەیەک لەبارەی ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە. بەتایبەتی بۆ ناسینی وەگێڕەکانی ڕۆمانەکە. هەر بەشێک بۆ چەند پارێک دابەش کراوە، لە سەرەتای هەر پارێک ڕۆماننووس پێمان دەڵێت: لێرەدا وەگێڕ کێیە. بۆ نموونە لە بەشی یەکەم دوای یەکترناسین، ڕۆماننووس دەنووسێت: گێڕانەوە لە گۆشەنیگای ئیسحاقدا، یان فلاش باکەکانی ئیسحاق. ئەمە لە فۆرمی توێژینەوەدا خۆی دەردەخات، چونکە خوێنەر لێرەدا ماندوو نابێت، یەکسەر دەزانێت وەگێڕی ڕووداوەکانی ئەم بەشە کێیە. ئەم گەمەکردنە لەگەڵ خوێنەر هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی خوێنەر بۆ ناو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە. بەردەوام گێڕانەوەکە ئەودەست و ئەودەست دەکات. هاوکات رۆمانەکە بەرەو ڕۆمانێکی فرەدەنگ دەبات. کەواتە فرەوەگێڕیمان دەبێت. بۆ گێڕانەوە پشت بە یەک کەس نابەسترێت. لە زۆر شوێن وەگێڕی هەمووشتزان دێتە ناوەوە، پاشان کارەکتەر ڕەوتی گێڕانەوە لە دەست دەگرێت. تەنانەت بۆ بەشی سێیەم هێندێ زانیاری لەبارەی جوولەکەکان لە عێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی لە سەرچاوە و کتێبە مێژوویی و یادەوەرییەکانەوە وەرگیراوە، ڕۆماننووس ئاماژەی بۆ کردوون و لە کۆتایی بەشەکەدا ناوی سەرچاوەکانی نووسیون.

من ئەوە بە جۆرێک لە تەکنیک دادەنێم، بەڵام هاوکات دەبێتە ئاریشەیەک بۆ ڕۆمانەکە. بە گشتی کاتێك ڕۆماننووسێک دەیەوێت سوود لە کەرەسەی مێژوو بۆ نووسینی ڕۆمان وەرگرێت، دەبێت ئەو کەرەسانە لە قالبی مێژوو بباتە دەرەوە. دەمەوی بڵێم فەزای دەقی ڕۆمان لە فەزای دەقی مێژوویی جودایە. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ئاریشەیە بێ هێزی هونەری خەیال و گێڕانەوەیە. واقیعە مێژوووییەکە بۆ ڕۆمانەکە زۆر باشن، بەڵام گێڕانەوەکە هێند واقیعیانەیە، کەمتر هەست بە فەزای ڕۆمان دەکەین. هەرچەندە لە شۆڕبوونەوە بەناو دەروونی کارەکتەرەکاندا، بەتایبەتی (ئیسحاق)ی وەگێڕ و کارەکتەر زۆر هونەریانە کاری لەبارەوە کراوە. دەمەوێ بڵێم گێڕانەوەی ڕۆمانەکە هێشتا سێبەری گێڕانەوەی ڕۆمانی ساڵی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردووی بەسەردا زاڵە.

ڕاستە ئەمەی دەیگێڕێتەوە مێژووە، بەڵام تەنێ وەکو کەرەسە مێژووە، لە فۆرمدا ڕۆمانە. هەر ئەمەیشە ئاریشەی بۆ فرەیی کارەکتەرەکان دروست کردووە. ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی فرەدەنگە، کەواتە کارەکتەرەکان لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان ئازادن و ڕێیان پێ دەدرێت بە ئازادانە چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە. ئەوەی فەزای ڕۆمانی لەم ڕۆمانەدا کاڵ کردۆتەوە، نەبوونی تایبەتمەندی کارەکتەرەکانە چ لە ئاخاوتن، چ لە ژیانی ڕۆژانەیان. هەموو کارەکتەرەکان یەک فۆرم ئاخاوتنیان هەیە. من هیچ جوایەزییەکەم لەنێوان ئاخاوتنی (مام موشێ) و (حاجی مەلاساڵح) نەکرد. هەردووکیان بە یەک شێوە دەپەیڤن. نەبوونی تایبەتمەندی ئاخاوتن و شێوەی ژیان وا دەکات فەزای ڕۆمان لەم دەقەدا کاڵتر بکاتەوە. زۆر ئێستاتیکیتر دەبوو (مام موشێ) وەکو جوولەکەیەک لە ئاخاوتنیدا تایبەتمەندی ئاخاوتنی جوولەکانی تێدا با. چۆن ئێستا ئەگەر لەم ڕۆمانەدا کارەکتەرێکی تورکمانی هەولێرمان هەبووایە، نەدەکرا تورکمانەکە کاتێک بە کوردی دەپەیڤێ وەکو کوردێکی هەولێر قسە بکات. ئەمەی دەیڵێم تایبەتمەندی ڕۆمانی فرەدەنگە، بۆیەیش دەبووایە ئەم ڕۆمانە هەر کارەکتەرە و تایبەتمەندی ئاخاوتن و شێوازی ژیانی دیار بووایە.

لە زۆر شوێن و دەقدا زۆر جار بەر هەڵەی گێڕانەوە دەکەوم. مەبەست لە هەڵەی گێڕانەوە ئەوەیە دیمەنێک نیشان بدەیت، لەگەڵ ئەو کات و لۆژیک نەگونجێت. ئەمەم تەنێ لە هێندێ دەقی ڕۆمانی کوردی نا، بەڵکو لە دەقی ڕۆمانی جیهانیشدا دۆزیوەتەوە. بۆ نموونە لە ڕۆمانی (بەفر)ی (ئۆرهان پامۆک)دا باسی دیمەنی دانیشتی (کا)ی کارەکتەر و خۆشەویستەکەی لە چایخانەیەک دەکات. سەیری تەلەفزیۆنێک دەکەن، لەوێدا دەڵێت: تەلەفزیۆنێکی ڕەش و سپییە. چەند لاپەڕەیەك دواتر باسی ڕەنگی جلی ئەو کەسانە دەکات، کە لەناو تەلەفزیۆنەکەدا نیشان دەدرێن. باشە، ئەگەر تەلەفزیۆن ڕەش و سپی بێت، چۆن ڕەنگ نیشان دەدرێت؟! لە ڕۆمانی (شیری مووسا)دا دوو هەڵەی گێڕانەوە هەن. ((ئیتر پیاوانی ئاغا دەمانچەکەی دەستی دەسڕنەوە و دەیخەنە ناو دەستی یونە و ئەوناوە جێدە‌هێڵن و بە نێردراوێک لە ڕووداوێکی ناو باخچە پۆلیس دەگەیەنن. پۆلیسیش دێ وێنەی ڕووداوەکە دەگرێ و دەمانچەکە دەخەنە ناو نایلۆنێکەوە و هەردوو جەستەکە دەگوازنەوە نەخۆشخانە.)) [رەشید، ٢٠١٧، ل٢١] ئەوەی تێبینی دەکرێت، وێنەگرتنی پۆلیسە لە ڕووداوەکە.

بڕواناکەم لە ساڵی سی و چلی سەدەی ڕابردوو لە قەزایەکی وەکو شەقڵاوە (نازانم ئەو کات قەزا بووە یان نا) پۆلیس هێندە پێشکەوتوو بووبێت، وێنەی ڕووداوەکانی گرتبێت!! ڕەنگە هەر کامێرایش ئەو کات بەو شێوەیە پێشکەوتوو نەبووبێت ئاوا هەڵبگیرێت. ئەمە قەناعەت لە کن خوێنەر دروست ناکات. ڕەنگە کەسێک بپرسێت: جا ئەوە ڕۆمانە، نەك کتێبێکی مێژوویی. ئەمە ڕاستە بەڵام ڕووداو و کات و سەردەم پێوەندیان بە یەکەوە هەیە. ((ئێستاکەش کە تەماشای ئەم ئاسمانە شین و جوانە پڕ لە ئەستێرانە دەکەم هەر بە دوایدا وێڵم.)) [ڕەشید، ٢٠١٧، ل١٣٠] ئەمەیش دیمەنی نووستنی (ئیسحاق)ە لە سەر کۆنە خانووی خۆیان، وەسفی ئاسمانمان لە شەودا بۆ دەکات. بەڵام هەرگیز لە شەودا ئاسمان شین نییە، بەڵکو ڕەشە و پڕ لە ئەستێرەیە. تەنێ ئەو کاتانە ئاسمان شینە، کە ڕۆژ بێت و ئاسمان هەور داینەپۆشیبێت. ئەم هەڵانە، بە هەڵەی گێڕانەوە دادەنێم، کاریگەریان لەسەر قەناعەت پێ کردنی خوێنەر دەبێت.

سەرچاوەکان:
١. ئەحمەد‌زادە (د.هاشم)، ٢٠٠٢، زمان و ئەدەب و ناسنامە، دەزگای ئاراس، هەولێر.
٢. ڕەشید (سابیر)، ٢٠١٧، شیری مووسا، ڕۆمان، بەڕیوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر.
٣. لوکاتش (جورج)، ١٩٧٨ ، الرواية التاريخية، ترجمە: د.صالح جواد الکاظم، منشورات وزارە الثقافە والفنون، العراق.

Previous
Next
Kurdish