Skip to Content

1987 کتێبی برینى من

1987 کتێبی برینى من

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2018 Books, General

نوێترین کتێبی (داستان بەرزان) ئەو ناونیشانەى سەرەوەیە، کە پێکهاتووە لە چەند نامەیەک، لە میانى ئەم نامانەوە نووسەر بەشێک لەو ڕووداو و بەسەرهاتانە دەگێڕێتەوە کە لە منداڵی و هەرزەکارییدا بەسەری هاتوون یان لە نزیکەوە ئاگاداریان بووە، لە بارەى ئەم کتێبەوە داستان دەڵێت: ئەم کتێبە سندوقێکى بچکۆلەیە تێیدا کۆمەڵێک دیمەن و بەسەرهاتى ڕابردووى خۆمم تێدا گێڕاوەتەوە، لەسەرەتادا بڕیار نەبوو ئەم سندوقە بکەمەوە و بیخەمە بەردەستى ئەوانیتر، بەڵام پاشان ئەو بۆچوونەم گۆڕدرا و ئێستا ئەو کتێبەى دەیخوێننەوە بەشێکى ئەو ڕابردووەیە کە من پێم وایە زۆرینەیان لەجۆری ئەو برینانە کە مرۆڤى ئێمە زۆرجار ترس و شەرمى لە باسکردنیان هەیە و خستەڕوویان بەکارێکى نەگونجاو دەزانێت، بەڵام من هەوڵمداوە وەک خۆیان و بەپشتبەستن بە زمانێکى ساکاری شیعریی پیانگێڕمەوە.

نووسەر لە بەشێکى ئەم کتێبەیدا نووسیوویەتى: نەنکم خاوەنی هێمنییەکی جوان و شاعیرانەی سەدەکانی پێشوەوە، کە زۆرکات وای بۆ دەچم ڕەفتاری نەنکم نزیک بێت لە ڕەفتاری (مەحوی) شاعیرەوە، ئەمەشم لە میانی خوێندنەوەی چەندین جارەی دیوانی ئەو شاعیرە و وێناکردنی ئەو لە خانەقاکەیدا کە دواساتەکانی ژیانی تێدا بەسەربردووە، سەرچاوەی گرتووە، نەنکم تەنیا شیعر نانووسێت، ئەگین ماڵەکەی خۆی وەک خانەقایەک دێتە پێشچاو، کە تێیدا لە خەڵوەتدا بێت، ئەوەتا ئامادەنییە تەنیا دوو ڕۆژ لەو ماڵە دووربکەوێتەوە، بەردەوام بە ناو باخچە و ژوورەکاندا دێت و دەچێت، نازی گوڵەکان دەکێشێت و پەنجەرەی ژوورەکان دەخاتە سەر عیشوەی هەتاو و بەدەم شنەیەکی فێنکی بەیانییە خەونەکانی شەوێی بۆ چێشتەنگاو دەگێڕێتەوە.
لە بارەى نەنکیشیەوە نووسەر دەڵێت: کاراکتەری نەنک لە ژیانى مندا تەنیا دایکى باوک یاخود دایک نییە و لە دوورەوە ببینم پیردەبێت و دەمرێک، بەڵکو لە تەواوى ژیانى منداڵی هەرزەکاییمدا ئەم کاراکتەرە هەم دایک و هەمیش باوک بووە بۆم، بۆیە ئامادەیی ئەو لە دونیا مندا ئامادەییەکى بەچاو و کاریگەرە و مردنى ئەوانە من پیر دەکات و پاشان دەمکوژێت.

ماوەتەوە دەربارەى داستان بڵێین: ئەم نووسەرە پێشتر چەند کتێبێکى شیعریی چاپ کردووە و هەروەها دەچووى کۆلێژى هونەرەجوانەکانە بەشی شانۆ، خاوەنى چەند کارێکى دەرهێنانە بۆ چەند شانۆنامەیەکى جیهانى، دیارترینیان شانۆیی (بەدەم چاوەڕوانى گۆدۆوە)یە لە نووسینى نووسەری ئێیرلەندى (سامۆئیل بیکێت)ە و ئێستاش مامۆستایە لە پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى سلێمانى/ناحکومى.
تێبینى: ئەم کتێبە ئێستا لە ناوەندى غەزەلنووس دەستدەکەوێت

Previous
Next
Kurdish