Skip to Content

ئەرشیفخانەکانی ئەوان و خەمساردی ئێمە … ئیسماعیل تەنیا

ئەرشیفخانەکانی ئەوان و خەمساردی ئێمە … ئیسماعیل تەنیا

Closed
by كانونی دووه‌م 24, 2018 General

لە کاتێکدا کە ئێمە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا، لە ئەنجامی هەژاری و نەخوێندەواری و قەدر نەزانین و، فشاری زۆری داگیرکەران و نەبوونی کەرەستەی پێویست و لەبار نەبوونی زەمینە، بەشێکی زۆری ئەو مەتریال و ڕوداوانەی کە مێژوو دروست دەکەن، لە دەستمان داون… ئەوە، بێ ئەوەی خۆمان پێیبزانین، بەشێکی زۆریان بە زمانە زیندووەکانی جیهان، تۆمار کراون و، بوونەتە دیکۆمێنتی نێو ئەرشیفخانە دەوڵەمەندەکانیان. لەم ڕۆژانەدا، کە سەیری کتێبخانە بچووکەکەی هاوڕێیەکم لە ئەڵمانیا دەکرد، کەسێک کە تەمەنی خۆی لەم وڵاتەدا بەسەر بردووە، کۆمەڵێک بڵاوکراوەو دیکۆمێنتی نایابی پاراستووە. بە ڕێکەوت، چاوم بە گۆڤارێکی ئەڵمانی کەوت، کە هەموو بابەتەکانی ئەو ژمارەی تایبەت بوون بە ڕوداوەکانی کوردو کوردستان. ئەم گۆڤارە ناوی ( پۆگرۆم ) بوو، کە بە مانای ( چەوسانەوە )، دێت.

پۆگرۆم، گۆڤارێکی وەرزیی بووەو ڕێکخراوی بەرگریکردن لە نەتەوە هەڕەشە لێکراوەکان، دەریکردووە. ئەو ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستە، لە پێناوی پاراستن و دەستەبەر کردنی مافی نەتەوە هەڕەشە لێکراوەکان، دژی ئیمپریالیزم و ڕەگەزپەرستی، خەبات دەکات. لقی تایبەتییان لە زۆر وڵاتانی جیهاندا، هەیە.

گۆڤارەکەیان، هەر ژمارەیەکی تایبەت دەکەن بە دەورکردنەوەو تۆمار کردنی مێژووی یەکێک لەو نەتەوە هەڕەشە لێکراوانە. ژمارە (٢٩ و ٣٠)، ساڵی پێنجەم، کە لەیەک بەرگی قەبارە فۆلسکاب، بە (٧٤) لاپەڕە، بە زمانی ئەڵمانی، لە ساڵی ١٩٧٤ دا، دەرچووە. هەمووی تایبەتە بە مێژووی کوردو، ڕوداوەکانی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لەنێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشی کوردستان لە ئازاری ساڵی ١٩٧٤دا.

کۆمەڵێک ڕوداوی ئەوەندە وردو سەرنج ڕاکێشی تێدا تۆمار کراوە، کە دەیخوێنیتەوە، وا هەست دەکەیت خەڵکێکی سادەی لادێنشین، بە زمانە سادەکەی، ئەو ڕوداوانەی بۆ گێڕاویتەوە. وا لێرەدا، زۆر بە کورتی، باسی هەندێک لەو لاپەڕانە دەکەم؛
– لاپەڕە ١٣: گرنگترین ڕوداوەکانی مێزووی کوردی، بە شێوەیەکی گشتگیریی کورت و پوخت لەنێوان ساڵەکانی (١٨٣٤-١٩٧٠)دا، تۆمار کردووە.
– لاپەڕە ١٤-٢٢: ڕاپۆرتێکی دوورو درێژی لە سەر ڕوداوەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، بڵاوکردۆتەوە.

– لاپەڕە ٢٣: ڕاپۆرتێک لەسەر چالاکییەکانی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول و، وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان، بە فڕۆکە لەلایەن ڕژێم و قەتلوعامکردنی خەڵکی سڤیل لە نێوان ١١/٣/١٩٧٤ تاوەکو ٢٧/١١/١٩٧٤.
– لاپەڕە ٢٦: بابەتێک لەسەر چۆنیەتی هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە ئازاری دا ١٩٧٤.

– لاپەڕە ٣٢-٣٤: لیستێک لە ناوی ئەو گوندو شارو شارۆچکانەی کوردستان، کە ڕژێمی بەعس لە مایسی ١٩٧٤دا، بۆردومان و وێرانی کردوون… کە ژمارەیان پازدە شارۆچکەو، دووسەدو چوار گوندن. هەر بۆ نموونە ناوی هەندێکیان دەهێنین کە لە ڕاپۆرتەکەدا، ناویان هاتووە؛ ( بێستانەی گەورە، بێستانەی گچکە، چەمرگە، بایزئاغا، جەلی، گۆمەشین، کەردز، سەر بە پارێزگای هەولێر. ماخۆبزنان، زەندۆڵان، سینەمۆکان، کۆمتان، سەر بە قەڵادزە. هەڵەدن، قەمچووغە، شەدەڵە، چوخماخ، مالومە، سەر بە پارێزگای سلێمانی. خاڵۆبازییان، قادرکەرەم، ڕێدار، باپیلان، سەر بە پارێزگای کەرکوک. زۆربەی گوندە وێرانکراوەکانیش، وێنەی تایبەتییان لەگەڵدا، بڵاوکراوەتەوە.

– لاپەڕە ٥٢-٥٥: بابەتێکی بە ناوونیشانی؛ (کوردەکان و شەڕێکی نوێ)، تێدا بڵاوکراوەتەوە، کە مەبەست لێی شۆڕشی ساڵی (١٩٧٤)ە.
– کۆمەڵێک وێنەی؛ ( پۆلە پێشمەرگە، قوتابخانەو خوێندن لە ژێر سایەی شۆڕشدا، مستەفا بارزانی، بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا، ژیانی لادێنشینەکان، وێنەی ئەو جانتا پڕ لە تەقەمەنییەی کە ڕۆژی٢٩/٩/١٩٧٢، کۆمەڵێک سیخوڕ لەبەرگی پیاوانی ئایینیدا، ویستیان بارزانی لەبەین بەرن، گوندی سوتاو، پیاوێکی پیری ڕیش چەرموو لەسەر تەرمی نۆ لە خانەوادەکەی، چاپخانەی شۆڕش،……تاد)، تێدا بڵاوکردۆتەوە.

– لە لاپەڕە (٥٣)، لە هەواڵێکدا هاتووە؛ ڕۆژی ٣٠/٤/١٩٧٤، پێنج قوتابی کورد، لە زانکۆی بەغدا، بە تۆمەتی پەیوەندی بوون بە شۆڕشی کوردەوە، دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن، کە یەکێک لەوانە کچێک بوو بە ناوی (لەیلا قاسم). هەر لەو لاپەڕەدا، لە هەواڵێکی دیدا هاتووە؛ ڕۆژی ١٤/٤/١٩٧٤، یازدە پێشمەرگە لەناو هەولێردا دەگیرێن و ڕەوانەی شاری بەغدا، دەکرێن…ئەوانە؛ بەدەم گوتنەوەی” بژی کوردستان، بژی بارزانی” ، چوونەتە ژێر پەتی سێدارەو، لە سێدارە، دراون.

بە کورتی؛ ئەگەر ئێمە شتێکمان لەباردا هەبێت و خەمساردی لێنەکەین، کەمێک خۆمان ماندوو بکەین، ئەوا؛ کۆمەڵێک دیکۆمێنت و بەڵگەو مەتریالی تایبەت بە مێژووی تۆمارکراوی خۆمان لەنێو ئەرشیفخانەو کتێبخانە گەورەو دەوڵەمەندەکانی ئەوروپادا، دەدۆزینەوەو بۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی خۆمان، سوودێکی زۆریان لێدەبینین. کۆمەڵێک دیکۆمێنت و مەتریالی تۆز لێنیشتوو لەسەر ڕەفەکان، چاوەڕوانی ڕووناکبیری زمانزانی ماندونەناس، دەکەن، تاوەکو تۆزی چەندین ساڵەیان لەسەر بتەکێنن و، بە ساحێبیان، بکەنەوە…


ئیسماعیل تەنیا – هانۆڤەر

Previous
Next
Kurdish