Skip to Content

لە سەردەمی ئال عوسمانەوە سەوزە دەفرۆشم … د. ئەحمەدی مەلا

لە سەردەمی ئال عوسمانەوە سەوزە دەفرۆشم … د. ئەحمەدی مەلا

Closed
by كانونی دووه‌م 27, 2018 General, Poems

باپیرە گەورەم بە دەستی ئۆرخان کوژرا
مورادی یەکەم داپیرە گەورەی هەڵواسیم
بایەزیدی یەکەم سەری کوڕە گەورەکەی لێکردمەوە
مەحەمەدی یەکەم پسمامی زیندان کردم
مورادی دووەم هەردوو چاوی پووری دەرهێنام
مەحەمەدی فاتیح
خانووەکەی سووتاندین
بایەزیدی دووەم خانووی بەسەرمانا خاپوور کرد
سەلیمی یەکەم
تاقە کتێبەکەی ماڵمانی فڕێ دایە ئاگردان
سلێمانی یەکەم
خەلە و خەرمانی سوتاندم
سەلیمی دووەم
کۆرپەکەمانی بە دەسرازوە فڕێ دایە دیجلەوە
مورادی سێیەم هەمووانی بێ موراد کرد
مەحەمەدی سێیەم
لە ناو زەماوەند بوکی رفاندین
عوسمانی دووەم
مەلای گوندی لە قەنارە دا
مستەفای یەکەم
حوجرەی فەقێیانی سووتاند
مورادی چوارەم
موختاری گوندی بە زیندوویی خستە تەنورەوە
مەحمودی غازی
بۆ دووەم جار غەزووی کردین
عەبدولحەمیدی یەکەم
باجی دوو قاتی لێ سەندین
عەبدولحەمیدە شێتەکەش
زۆربەمانی فریو دا
عەبدولمەجیدی دووەم
دوا فەتوای دەرهەق دەرکردین
ئەتاتورک ئاگری داغی لێ کردینە دۆزەخ
کەنعان ئێڤرین
نیوەی کوردستانی کرد بە زیندان
دوێنێ نێوەرۆش
پێش نوێژی جومعە
لە کاتی سەوزە فرۆشتن
ئەردۆغان لە ئاسمانەوە
ناپالمێکی تێ گرتم

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish