Skip to Content

غیابی کورد لە ستراتژی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین … شاهۆ حوسێنی

غیابی کورد لە ستراتژی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین … شاهۆ حوسێنی

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2018 General, Opinion, Slider

(هۆکاری بێدەنگی زلهێزەکان لەمەر هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین و قوربانی بوونی کورد) …..

هەرجۆرە شرۆڤەیەکی ستراتژی و پلانی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی‌ناوین، کێشەو قەیرانەکانی هاوچەرخی ئەو ناوچەیە ئەگەر لەسەدەی نۆزدەهەم را دەست پێ‌نەکات، رەنگە نەتوانێ بە دەقیقی تیشک بخاتە سەر کێشەو قەیرانەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی‌ناوین. ستراتژی زلهێزەکان لەسەدەی نۆزدەو بیستا بەربەرەکانی لەگەڵ ئیمپراتووری‌عووسمانی و زلهێزێکی هێژمۆن بوو، کەرۆژگارێک تا جەرگەی ئوورووپای لەژێر دەسەڵاتابوو، بۆ ئەو مەبەستەش دوو پلانی هاوزەمانیان ڕەچاو کرد. یەکەمیان بەدەرکردنی پشتیوانی لەپەرەی بزاڤی جوولەکەکان کە لەدرێژەدا بەدەرکردنی بریارنامەی باڵفۆر دەست کرا بە بنیادنانی دەسەڵاتێکی نوێی‌ئایینی بەناوی ئیسرائیل وەک شووناسێکی تەواو دژبەر لەگەڵ ئیمپراتووری‌عووسمانی، ئەگەرچی زێدە لە دوو دەیە دوای رووخانی عووسمانی دەوڵەتی ئیسرائیل هاتە بەرهەم بەڵام چچەغماغەکەی لە سەدەی نۆزدهەم‌دا لێ‌درا، دووهەم پەرەی ناسیونالیسمی عەرەبی کە لەئاکام‌دا بوو بەهۆی جیابوونەوەی وڵاتانێکی عەرەبی زۆر لە عووسمانی.

بێ گومان ئەو رەوتەش پەرەی دا بە ناسیونالیسمی تورک. لەنەهایەت دا هێژمۆنی سێ هزر و ئایدەی سیاسی بناژۆخواز کە بریتی بوون لە ناسیونالیسمی عەرەبی، ناسیونالیسمی تورکی و جوولەکەخوازی، کورد و ئامانجەکانی فیدا کرد، هۆکاری پەرواێزخرانی کورد لەوەدا بوو: لەگەڵ ئەوەدا کوردی سەردەمی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست کۆمەڵگایەکی تەواو عەشیرەیی و نەریتی بوو، لەهەمان کاتیشا پشتگیری و لایەنگری لە دەسەڵاتی عوسمانی دەکرد وەک نوێنەری ئایینی ئیسلامی، جێگای ئاماژەشە کە عەرەب لە رۆژهەڵاتی ناوین بە رێژەی حەشیمەتیش لە کوردەکانی ئەو سەردەم زۆر زیاتر بوون، ئەو رەوتەش لە ئاکام‌دا بوو بەهۆی نزیک بوونەوەی زلهێزەکان لە عەرەبەکان و بەو شێوەیە بنەمای رۆژهەڵاتی ناوین لەسەر شووناس ئەو سێ لایەنە بنیادنرا.

لایەنێک لەنەهایەتدا کە تورکیەی کەمالیست بوو هەر زوو خۆی لەکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین کێشایەدەر و مەیدانی بۆ رکابەرێتی و تێکهەڵچوون لەدرێژەدا و لەپاش ساز بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ عەرەبەکان و ئیسرائیل چۆڵ‌کرد، بۆیەش بۆماوەی چەند دەیە رۆژهەڵاتی ناوین بە قەیران و کێشەی ئیسرائیل و عەرەبەکان پێناسەدەکرا، چاوخشاندنێک بە مێژووی ناوچە لە ۱۹٤۸را کە ئاگری یەکەم شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی تیا هەڵگیرسا هەتا ۱۹۷۳ کەکۆتا شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی تیا کراوە سەلمێنەری ئەو راستێیە، لەوەها دۆخێک دا بێ گومان کورد وەک بوونێکی قەیرانی و کێشەیی لەبەر چاوی زلهێزەکان نەدیترا.

سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی خواست و جێگای رەزامەندی زلهێزەکان بوو چوون بوو بەهۆی گواستنەوەی کێشەلەنێوان دوانەی ئیسرائیل-عەرەب بەرەو دوانەی شیعە-سووننە، لە درێژەدا سەرهەڵدانی رێکخراوە تووندئاژۆکان و پەرەی شەری چریکی و پێکهاتنی رەوت و نەزمێکی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوین بە ساز بوونی حیزبووڵڵا، حەماس و رێکخراوەکانی تر لێ کەوتەوە و ئەوەش ئارامی ئیسرائیلی تا رادەیەکی زۆر شێواند. لەو رەوتەدا ئێران توانی دەسەڵاتی سووریا کە لەنێوان دوو رکابەری بەعسی عێراق و ئیسرائیل دا گووشارێکی زۆری لەسەر بوو بۆلای خۆی رابکێشیت و بیکاتە کۆریدۆری گەیشتن بەلوبنان و فەلەستین.
ساز بوونی قەیرانی سووریا و بەشداری راستەوخۆی ئێران بۆ بەرگری‌کردن لە دەسەڵاتی بەشارئەسەد و درێژەکێشانی ئەو قەیرانە ئەگەرچی رووخانی ئەسەدی لێ نەکەوتەوە بەڵام ژێئۆپۆلەتیکێکی دۆفاکتۆی کوردی بەرهەم هێنا، ئەو ژێئۆپۆلەتیکە ئێستا لەلایەک تووشی هێرشی راستەوخۆی تورکیا بوە و لەلایەکیش تووشی بێ دەنگی زلهێزەکان، ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە: بۆچی زلهێزەکان کە کوردیان بە دۆست و بەرەی خۆیان پێناسە دەکرد بێ دەنگن؟

سووریا مەیدانی کێشە و تێکهەڵچوونی تورکیا، عەرەبستان و ئێران و رێکخراوەکانی لایەنگری وان وەک حیزبووڵڵا و داعش و نووسرە و …..هتدە، دەرگیر بوونی وانە لە سووریا یانی دوور بوونی کێشە و قەیران لە ئیسرائیل و سەرقاڵ بوون بە قەیرانێکی دوور و درێژ کە زۆر خوازیارنین جارێ وا زوو تەواو بێت، لەو ناوەدا کورد بۆ وان وەک کایەکەر و فاکتەر تەنیا رۆڵی کەرەسەی هەیە کە لەخزمەت درێژەکێشانەوەی ئەو شەڕ و قەیرانەدایە و درێژەکێشانەوەی ئەو کێشەیەش بەمانای درێژەکێشانەوەی پەراوێزێکی ئەمنی بەدەوری ئیسرائیل دایە، بەهۆی ئەوەکە هەرکەسە و لە سووریا لە بەشە هێژمۆنی خۆی دەگەرێت و تازە بەهیچ شێوەیەک لەو گەمەیە ناتوانێ بچتە دەر، واتە ئەگەر تا بەر لەساز بوونی کێشەی سووریا هەموو کێشە و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین لەدەوری فەلەستین و ئیسرائیل دەخولاوە، ئەوا ئەوجارە دوانەی فەلەستین-ئیسرائیل بەتەواوی چۆتە پەراوێزەوە، لەو ناوەدا کورد باشترین کەرەسەی قوربانیە، جارێک رێفراندۆمی هەرێم و ئەو جارەش عەفرین و رۆژئاوا.

Previous
Next
Kurdish