Skip to Content

دوانزەوانەکەنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ئەنجامگیریەک  …  رێبوار عارف

دوانزەوانەکەنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ئەنجامگیریەک … رێبوار عارف

Closed
by شوبات 2, 2018 General, Opinion

وێنەیەکی سەرەتای

کاتیَک ئەزمەی ئابوری پاش سالانی 2008 بووە ناوەندی جولاندنی شەقام وناڕەزایەتیەکانی ولاتانی ئەوروپاو ئەمریکا؛ زۆری نەبرد’’بەهاری عەرەبی’’بەرۆکی بەڕژێمەکانی خۆرهەلاتی ناوەڕاستگرت. هاوکات ڕوداوەکانی ئەم ڕۆژانە، زۆرلایەن دەخوازن کە لەچوارچێوەی هەمان’’بەهار’’و یان بەجۆریکتر لەبازنەی وەرزی بال بالێنەکانی ڕۆژانی دووی خوردادی’’سەیدی خەندان’’خاتمی و دواتریش بزوتنەوەی سەوزدا بێت. بەلام ڕاستیەکانی پشت ئەم نارەزایەتیانە شتیکیترمان پێدەلێت؛ بەجۆرێک کە دواین بزماری خۆی بەسەر تابوتی هەموو ئەم جولانەوانەدا، داکوتاوەو ئیتر کاتی هەلگیرسانی ئاگری ژێرخۆلەمێشی بزوتنەوەکانی نیو قولای کۆمەلگاو مانۆرلیدانی چینی کریکارە. لێرەوە قسە لەسەر هاتنە مەیدانی چینێکە، کەتەنیا جغرافیای سیاسی ئێران ناگۆڕێت، بەڵکو دەروازەیەک لە ڕووی ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا دەکاتەوە. ئاخەر مرۆڤ کاتێک کەسەرنجی شەپۆلی مانگرتن وناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئیران دەدات، ناتوانی ئومێدێکی تەواو نەبەخشیت بەو بزوتنەوەی کەتەنیا لەساڵی ڕابردودا بەپێ ئامارە فەرمیەکان زیاتر لە 2000 مانگرتن و ناڕەزایەتی لە سەراسەری ئەم ولاتەدا ئەنجامداوە.بۆیە تێگەشتن لەو ڕاستیەی کە مەکۆی ئەم ناڕەزایەتیە فراوانەی خەڵکی ئێران،چینی کرێکارە.

هەر بەم مانایە تێگەشتن لەوەی کەبۆچی خەڵکی ئێران بەهیچ جۆرێ خوازیاری بەسوریا کردن وبەلیبیاکردن وبەمیسرکردنی ئیران نین؛ خوازیاری دووبارە کردنەوەی سیناریۆی بەعیراق کردن نین لە ئیراندا. بۆیە ناشیانەوێ بڵێسەی خامۆشکراوی ’’بەهاری عەرەبی’’ لە ئیراندا جۆش بدەنەوە. ئەگەرچی ئەمانە خەون وئارەزوی جەریاناتی قەومپەرست وسەلتەنەت تەڵب وموجاهیدینەو دەەمێک ساڵە لە کەمیندان و چاوەڕوانی لوتفی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانن بۆ داگیرسانی’’چرای سەوز’’ی لەخۆین هەڵکێشانی ئیران.

دەبێت ئەوەش بڵین، ئەگەر کۆلەکەیەکی ئەم راپەرینەی ئەمرۆ هاتەنەمەیدانی بزوتنەوەی کریکارییە ئەوا هاوپیچ جۆشخواردنەوەی بە بزتنەوەی سوسیالستی و ئازادیخواز بووەتە دوانەیەک تەواوکەرییەک کە هاوکیشەیەکی سیاسی نوی لە کۆمەلگای ئیراندا هیناوەتە گورێ. کەواتە تیارامان لەو هەقیقەتەی کە هاتنەمەیدانی بزوتنەوەیەکی خۆرسکی لەمجۆرەی ڕاپەرینی ئەم ڕۆژانەی ئێران لەم ئاستەدا جێگەی تیگەشتنە! لێرەشەوە تیاڕامان لەهۆکاری تەحەمولی خەلکی ئیران بەبوونی دەسەلاتداریەتی ئەپارتایدی جنسی، کە توانیویەتی زیاتر لە 150 هەزار ئینسان لە سێدارە بدات، کەتوانیویەتی خەتی هەژاری بگەیەنێتە پینج خال ژێر سفرەوە. کەرِیَژەی بێکاری گەیاندوەتە سەرو حەوت ملیۆن هێزی کارو لەو ڕێژەیە زیاتریش ئالودە بوون بەمادەی بیهۆشکەرو لەشفرۆشی وچەندین کارەساتیتر..، بەلام دەکرێ بڵین کەهێشتا بزوتنەوەی کرێکاری ئێران وەک هێزی ئالوگۆڕکەری کۆمەلگا، سەرتۆپی هەموو بزوتنەوەی کرێکاری ولاتانی خۆرهەلاتی ناوەراستە؛ بۆیە ئومید بەستن بەهاتنەمەیدانی ئەم بزوتنەوەیە ڕەهەندگەلێکی یەکجار فراوان لەبەردەم چارەنووسی کۆمەلگای مرۆڤایەتیدا دەکاتەوە!

ڕاپەڕین لە ئێران

خاڵی جیاکەرەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆژانە لەگەڵ شەپۆلی ‏ناڕەزایەتیەکانی سالانی ڕابردو لەسەروشیان قۆناغی هاتنە سەرکاری خاتمی؛ لەوەدایە سەرباری ئەوەی کەقسە لەسەر شادەماری ئابوریە، هاوکات لە رووی سیاسیەوە بیزاریەکی فراوانی کۆمەلانی خەڵک لە استبدادو گەندەلی ونابەرابەری ونەفرتێکی قوڵ لەم دەسەلاتە هێناوەتە گۆڕێ و ئیتر هیوایەکیان بەوادەکانی چاکسازی ئەم دەسەلاتە نەماوەو خوازیاری نابوتکردن وهەلپێچانیانن! بۆیە دەتوانین بڵین ئەگەر ئەم هاتنە مەیدانە لە ئێستەشدا پاشەکشەی پێبکرێت و بەدوا مەنزڵگەی خۆی نەگات، بەدلنیاییەوە ئەمە تەنیا پاشەکشەیەکی کاتیە، چونکە جاریکتر حکومەتی ئیسلامی ناگەڕێتەوە قۆناغی بەر لەڕاپەرینی 29 دیسمبەر. ئەم ڕاپەرینە مۆری خۆیدا لە تەویڵی ئەم دەسەلاتەداو لە ئایندەیەکی نزیکدا شاهیدی لە گورنانی دەبین. بۆیە قسە لەسەر ئەوەیە کە ئاخۆ لەم ڕۆژانەدا چی ڕوویدا، دۆخەکە چ ئاراستەیەک وەردەگرێت وکۆمەگای ئیران و ناوچەکە بەرەو کۆی ملدەنیت و کام ئەلتەرنایو مۆری خۆی لە گۆڕانکاریەکانی ئەم قۆناغە دەدات؟!

کەواتە بەرلەهەرشتێک با بزانین لە ئێراندا چی ڕوویدا ؟!

ئەوەی کە ئەمڕۆژانە ڕوودەدات هەستانێکی جەماوەری خۆرسک وخۆبەخۆیە، بەبێ ئەوەی کەهیچ حزب ولایەنێک خاوەنداریەتی بکەن. سەرەتا لە شاری مشهدەوە تروسکەیەکمان بەدیکرد، پاشان بلێسەی ئاگری ناڕەزایەتیەکان تەنیەوە بۆ دەیان شارو شارۆچکەیترو ملیۆنەها ئینسان شیعارێکی تازەیان دەوەتەوە کە ئەویش سەرنگونی ئەم ڕژێمەیە ! ڕۆژانی سەرەتای هەوڵێکی زۆردرا بۆ ئەوەی ئەم ڕاپەڕینە لە بازنەی بزتنەوەی سەوزو کێشمەکیشەکانی نیو دەسەلاتدا بیشان بدەن. بەلام ئەم ڕاپەرینە هەر زوو ڕێگەی خۆی جیاکردەوەو بە خۆرسک بوونی، خۆی لە هەرجۆرە دەخالەت و جێگەو ڕێگەیەکی هیچ کام لەبالەکان وکێشمەکێشی نێو ئەم دەسەلاتە دروخستەوە. بەتایبەت کاتێک کە شیعاری دژی دەسەلات بالی کێشا بەسەر دۆخەکەدا ئیتر هیچ پاساوێک نەماو شانۆی ڕووداوەکان بەتەواوی ڕۆشنبوەوە. هەربۆیە حکومەت کەوتنە سەرکوت و ڕەشبگیری وکوشتاری هەلسوڕانێک کەخوازیاری سەرنگونی ئەم دەسەلاتە بوون.

بزوتنەوەیئەکی جەماوەریە سەرنگوکەرو شیعارەکانی.

ئیسلاح تەلب، سولحگەرا، ئیتر تەواوە ماجرا’’، ’’جمهوری ئیسلامی، نامانەوی نامانەوێ’’ ،’’جمهوری ئیسلامی مەرگت کاتی هاتووە’’،’’ سەید عەلی ببورە، ئیتر دەبیت بەرزبیتەوە، مەرگ بۆ خامنەی، مەرگ بۆ رۆحانی’’،’’مەرگ بۆ دیکتاتۆر’’ میلەت گەدای دەکات، ئاغا خودای دەکات ’’ گیانمان هاتووتە سەر لێومان، کاتی ئازادی گەشتووە’’،’’ نان، کار، ئازادی ’’ ئەمانە بەشێک لە جەماوەریترین و گشتگیرترین شیعارەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆژانەن لە ئیراندا! پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لەمە ڕۆشنتر بانگەشەی سەرنگونکردنی ئەم حکومەتە دەکرێت، کە نزیک بە چل ساڵە بە زمانی ئاگرو ئاسن دەسەلاتداریەتی بەسەر 80 میلۆن ئینسانا داسەپاندوە. جێگەی ئاماژە پێکردنە کە تایبەتمەندیەکی ئەم ڕاپەرینە سەراسەری بوون و شاری بوونیەتیەتی، کە لە نزیک بە سەد شاری گەورەی بازرگانیدا بەرپابووە. بەدور لە هیچ شێوازیکی ’’چریکی و پێکادانی چەکدارانە’’. کە ئەمانە لەلایەک بەهانەیەکی لەدەست حکومەت سەندوەتەوە بۆ بەگەرخستنی کارتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەل تیرۆیسیزمدا. هەرچەند ئەمانە هیچیان لەوە کەم نەکردوەتەوە کە بەپێ ئامارەکان زیاتر لە 20 کەس گیانی لەدەستداوەو سەدان کەس بریندارەو زیاتر لە 3700 کەسیش دەسگیرکراوە. بۆیە سەرئەنجام پرسیارەکە ئەوەیە بە فەرزی ئەوەی کە نارەزایەتیەکانی ئەم ڕۆژانە هێوەربێتەوە، بەبروای من ئەمە بەهیچ جۆریک بەمانای کۆتای هاتنی ئەم قەیرانەو تێنەپەرنی کۆمەلگای ئیران نیە بە تونێلی ئالوگۆرێکی شۆڕشگێرانەدا. هەربۆیە جێگەی خۆیەتی ئاوڕێک لەو بزوتنەوانە بدەینەوە کە مۆری خۆیان لە گورانی ڕیشەی ئەم کۆمەلگایە دەدات!

کام هێز ڕەقەم لە چارەنووسی ئەم کۆمەلگایە دەدات ؟

ئەگەر سەرنگونکردنی حکومەتی ئیسلامی بەفەرز وەرگرین ئەوکاتە قسە لەسەر هاتنەمەیدانی بزوتنەوەیەکی سیاسی کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردو لە ناوخۆی ئیراندا دەرکەوتووە. پێشتریش ئاماژەمان بە دوو خالی گرنگکرد، کە خۆرسک بوونی ڕاپەرین و بزوتنەوەیەک کە دەتوانیت بێتە ئەلتەرنایڤ. هەربۆیە لێرەدا دووبارە دینەوەسەر ئەو دوو خالەو دەبێت لە سەرەتاوە ئەوە ڕۆشن بێت کە ئێمە لێرەدا مەبەستمان هاتنە سەرکاری هیچ حیزبێکی سیاسی نیە، بەئەندازەی ئەوەی کە ئاراستەی باسەکەمان ڕووی لەو بزوتنەوە سیاسیەیە کە لە ئەمڕۆی ئیراندا بەهەرجیاوازییەکەوە بەدی دەکرێت. ئەمە سەرباری ئەوەی کە بەبروای من ئەمرۆ لە ئیراندا هیچ حزبێکی سیاسی تواناو ئامادەی ئەوەی نیە کە بەتەنیا ئەم دۆخە بە ئاراستەی شۆڕش و ئالوگۆڕێکی ڕیشەیدا بەرێت.
بۆیە لێرەدا دەمانەوێت دەستنیشانی سێ کوچکەیەک بکەین کە لە هاوکیشەی بەدەستەوە گرتنی دەسەلاتدا پیگەیان هەیە. لەسەردەمانێکدا کە باس لە ئایندەی ئیران و ئەو بزوتنەوە سیاسیایە ڕیشەدارانە دەکەین کە لەم کۆمەڵگایەدا هەیە؛ واتە باس لەتواناو پیتانسیلەکان و لەئامادەی ئەو هێزە دەکەین، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەتوانێ مۆری خۆیان بدەن لەکۆی ڕووداوەکانی ئیران وببنە بەدیلی ئەم بارودۆخەو ئەو بۆشایە سیاسیەی لەگوریدایە پڕکەنەوە. ئەمە واتە تیپەراندنی ئەم قۆناغەی کە بزوتنەوەیەکی خۆریسکی کە ئەمرۆ پانتای کۆمەلکای ئیرانی تەنیوەتەوە، بۆ جێگیربونی ئەو بزوتنەوە سیاسیەی کەدەبێتە ڕابەرو ڕێکخەری جولانەوەکانی ئایندەو شۆڕشێک کە بەرپا دەبێت. لێرەوە دەکرێت ئاوڕ لە سێ بزوتنەوەی سیاسی بدەینەوە وەک بەرچاوترین کارکتەری سیاسی کۆمەلگای ئیران، کە بەم شیوەیە.

یەکەم: ناسیونالیزمی لایەنگری غەرب/ ناسیونالیزمی لایەنگری غەرب بزوتنەوەیەکی سیاسی ڕیشەداری پشت بەستوە بە بازاری ئازادی وسیستەمی سەرمایەداری غەرب تەمەنێکی تولانیان هەیە لە ئیراندا. جیاواز لەهەر ئالوگۆڕێک کە بە سەریاندا هاتووە لە ئێستەو ڕابردودا، ئەمانە لەو حزبانەدا خۆیان دەبیننەوە کەسەر بەمشرتە تەلبان وسلتەنەت تەلبەکانن. بەلام لەڕاستیدا چاوگیرانێکی خێرا بەسەر بارودۆخی سیاسی ئیران وئاستی چاوەڕوانیەکانی خەلک و مۆدیرنیزم و ڕادیکالیزمێک کە بەدیدەکرێ، ئەم بزوتنەویە سەرباری پشتیوانەی زۆری ولاتانی غەرب و ئەمریکا، بەلام لەناوخۆی ئیراندا هێزێکی ڕیشەدارنین، تەنانەت بەشێکیان وەک مجاهیدینی خەڵک دەکرێت لە پیچی ڕووداویکدا ئیران بەرەو کارەسات وبەرەو دۆخی بە سوریاکردن و بەعیراق بردندا بەرن. سەرباری هەموو ئەمانەش بەبڕوای من ئەم لایەنانە شانسی بەدەستەوەگرتنی دەسەلاتی لاوازە، بەتایبەت ئەزمونیک کەخەلکی ئیران لە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و ئەفریقاوە وەریانگرتووە زۆر دلبەستەو گریدراونین بە دەخالەت وپشتیوانی ولاتانی غەرب و ئەمریکا.

دووهەم: بزوتنەوەی ناسیونال ئیسلامی/ بەدەر لەوەی کە کوی ئەم بزوتنەوە بنەمای فەرهەنگی سیاسی اقتسادی لەسەر فەرهەنگی میللی وئیسلامی راوەستاوە، هاوکات بەشێک لە نازنامەی ئەم جولانەوەیە دژی مۆدیرن بوون و دژی غەرب بون وەک لە دەورانیکدا دەیان ووت’’نە شەرقەو نە غەربی یە، جمهوری ئیسلامیە’ بەئێستەشیەوە کە ئەگەر ڕاوەستانێک لەسەر باڵی ئیسلاحتەلب ودووی خوردادەکان هەبێت، ئەمە بەمانای ئەوەنیە کە شانسی پیشوازیکردنیان هەبێت لەلایەن خەلکی ئیرانەوە؛ چونکە بەشێکی بەرچاو لە کوشت وکوشتارەکانی چەند دەهەی رابدرو لەڕێگەی سەرانی هەمان ئەم بزوتنەوە ئیسلاح تەلەبەن. دەورانیک ئەم بزوتنەوەیە گەلێک لەو حزب ولایەنانەی وەک جبهەی میلی، ئەکسەریەت و حزبی تودەو تەنانەت مجاهیدینی بەدوای خۆیدا پەلکیشکردبوو. بەلام لە راستیدا ئەمرۆ شانسی ئەم بالانە لە لاوازیدایە. بەبروای من کۆی ئەم با ڵو لایەنانەی نێو ئەم بزوتنەوەیە تا ئەوکاتە مانایەکی دەبێت کە جمهوری ئیسلامی ئیران لە دەسەلاتدا ماوەتەوە.

کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە لەسەردەمانیکدا کە ئێمە لە سەراسەری جیهانەوە ڕۆژانە شاهیدی شەر و کوشتار، گەماوری ئابوری، نەداری وهەژاری، برسیەتی ونەهامەتیە یەک لەدوای یەکەکانی ژیانیداین. لە کاتێکدا کە جیهان لەبەر چاوچنۆکی و جەبەروتی ستەمارانەی نیزامی سەرمایەداریدا دووچاری گەورەترین کارەسات و رووداوە تراژیدیەکانی ڕۆژانە دەبێتەوە لە سەردەمانێکدا کە نیولیبرالیزم و بازاری ئازادو قەیرانە یەک دوای یەکەکانیان تەنیا بە تالکردن و هەرەسپێهێنانی ئەم ئاستە لە ژیانی ئێمەی مرۆڤ کۆتای پێدێت، کاتی ئەوە هاتووە کەمرۆڤایەتی ڕاچلەکێت و مل نەدات بەو بەربەریەتەی کە ئەم نیزامە دەیەوێت بۆ ئەبەد بیکاتە گەردنمان. گەشەی سەرمایەو گەشەی تەکەنلۆژیاو گەشەی زانست وهەموو بوارەکانی تری ژیانی پێویستی بەوەیە کە ئیتر نیزامیکتر بەدیلیکیترو ئایندەیەکی تر بۆ خۆی دیاری بکات.

کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ چ بزوتنەوەیەک دەتوانیت چارەنووسی ئەم کۆمەلگایە رەقەم لی بدات؟! سیهەم: بزوتنەوەی کۆمۆنیستی/ ئیران بەرەو کوێ ؟ئەو پرسیارەیە ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر بەرۆکی کۆمۆنیستەکان دەگرێت و ئەو سنوورەیان بۆ دیاری دەکات کە ئەگەر نایانەوێت ببنە بەشێکی بەجێماو لە مێژوو، ئیتر کاتی ئەوجۆرەو ئەو شێوەیە لە دەخالتگەری سیاسی کە ئیران بکرێتە مەڵبەندی گوڕینی هاوکێشەکانی جیهان وئەمجارەیان پاش سەد سال تیپەربوون بەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، ئۆکتۆبەریکتر لەم جغرافیا سیاسیەدا سەرلەنوێ بنیادبنینەوە بۆ گورینی هاوکێشەکانی جیهان و ئایندەیەکی شایستە بە ئینسان بۆ کۆمەلگای مرۆڤایەتی بەرهەم بهێنن. کە ئەمەش بەپلەی یەکەم لە گرەوی ریکخستنی چینی کریکاردایە، کە ئەمڕۆ لە ئاست وقامەتێکی جیاوازدا هاتووەتەمەیدان.

هەربۆیە دەوتریت ئێستە ئیتر بەپلەی یەکەم تۆپ لەمەیدانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدایە؛ نە بەو مانا تەشکیلاتیەی کە ئاخۆ کام لەم حزبە سیاسیانەی ئەمڕۆ بەناو مۆرکی هەلسورانی سیاسیان درێژە پێدەدەن چەندە دەتوانن و یان لەڕاستیدا هەر دەتوانن ببنە ئەو بەدیلەی کە ئەم کۆمەلگایە پیویستی پیەتی. بەڵکو بەومانایەی کەزیندەیاد منسوری حیکمەت دەیگوت’’ بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کریکاری زۆر فراوانترە لە بازنەی ئەم حزبەیە. ئەم بزوتنەوەیە هێشتا تەنانەت گۆشەیەکی زۆر بچوکی لە توانا کۆمەلایەکانی خۆی سەری هەڵنەداوە.’’ بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کۆی هەموو حزب و ڕێکخراو کەسایەتیەکانی سەر بەم بزوتنەوەیە لەئاست بەرپرسیاریەتی وەلامدانەوە بەو ئایندەیەن کە کۆمۆنیزم بخاتە ئاستانەی بەدەستەوە گرتنی دەسەلاتی سیاسی. دواجار ئەوەش بڵێم ئەگەر هەلسوڕوانی ئەم بزوتنەوەیە هەر ڕادەیەک لەدەمارگیری سیکتاریستیشیان هەبێت، ئەوا بڕواناکەم بەرگەی ئەو شەپۆلی ’’دەورانی شۆرشگیرانە’’ بگرن کە دەکرێت هەموومان لێوەی فێربین. تەنیا شتێک کەبتوانێت پێکەوە گریمان بدات، ئەو بەرژەوەندیە چینایەتییە کەدەتوانێت ڕیشەی بنیادانی هەنگاوەکانی ئایندەبێت. کەواتە تۆیەک کە زیاتر ئیدعات هەیە زۆرتر لەبەرامبەر بە چارەنووسی ئەم بزوتنەیەدا بەرپرسیاریت لەبەرامبەر بەشکست وئایندەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وکریکاری لەئیراندا.

ئەگەر دیقەت بکەین ئەوەی کە ئەمرۆ ڕودەدات هەستانێکی جەماوەری خۆبەخۆیە، بەبێ ئەوەی کە هیچ حزب ولایەنیک خاوەنداریەتی بکەن. دیارە ئەگەر تائیسە ئەم خۆرسک بوونە خالی بەهێزی ئەم جولانەوەیە بووبێت، ئەوا ئاراستەکردنی ئەم دۆخە تا ئاستانەی شۆرش ویەکلا کردنەوەی ئایندەی ئەم حکومەتە، ئەم خالە بەهێزە ئەرکی خۆی دەداتە دەست ئەو بزوتنەوە سیاسیەی کەئامادەی ڕابەری کردن وپێکهینانی گورانکاریەکی ڕیشەیە بۆ خستنەوە سەرپێ کۆمەلگاو بەدەستەوەگرتنی دەسەلاتی سیاسی. کەواتە بنەرەتیترین ئامادەسازی بۆ گۆرینی ئەم هەستانە جەماوەریە خۆرسکیە هیزیکی شۆرشگیری ڕێکخەر بێتەمەیدان و وەک بەدیلێک ئەمری بنیادنانی پاییەکانی شۆڕش وئاسوکانی دیاری بکات وکۆمەلگا بۆ گورنکاریەکی ڕیشەی ئامادە دەکات. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کام حزب وبزوتنەوەی سیاسی ئامادەی لە ئەستۆگرتنی وەها ئەرک و مەهامێکە کە تەواوی هاوکێشەکان لەبەرژەوەندی زۆربەی زۆری خەلکی ئیراندا بگرێتە ئەستۆو کۆتای بەستەم و چەوسانەوە سیاسی وچینایەتیەو بەکاری بەکرێ گرتەو ستەمی میللی وهەرجۆرە ناعەدالەتی ونابەرابەریەک بهینیت.؟! بەبروای من وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە لە گرەوی ئامادەی و دەخالەتگەری سیاسی ئەو بزوتنەوە سیاسیەدایە کە زیاترین شانسی لە ئەستۆگرتنی ئەم ئەرکە میژووەی هەیە. کەواتە جێگەی خۆیەتی کە ئاوڕێک لە بارودۆخی سیاسی ئیران و ئەگەر و ئامادەی ئەو بزوتنەوە سیاسیە بدەینەوە کە شایستەی ئەم گۆرانکاریە میژوییە کە دەتوانیت نەک ئیران بەلکو خۆرهەلاتی ناوەراست ڕووبەرووی گورانکاریەکی یەکجار گەورەی ئەوتۆ بکاتەوە کە بتوانیت هاوکیشەکانی ئەمرۆی جیهان ئالوگور بەسەردا بینیت.

ئەمرۆ مەسەلەی سەرەکی ڕیکخراوبونە لە شێوەی حزبی و ناحزبی و جەماوەریدا، لە شوێنی کارو ژیاندا. جێخستنی ئاسۆی سیاسی لایەنی کەم لە نێو ڕیزی فراوانی ڕابەرانی کریکاری و ناڕەزایەتیەکاندا مەسەلەیەکی هێجگار فەورییە. “روخانی رژیم”و بەردەوام بون تا ڕوخانی دەسەڵاتی سەرمایە و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری لە چوارچیوەی گشتیدا پێویستە ئەو ئاسۆیە بێت.بەلام لەنیوان ئاسۆی سیاسی یان ستراتیژیدا، گەڵیک ئاراستەو کەناڵی جیاواز هەیە، گەلێک تاکتیک و وەستان و پەلاماردان هەیە،. لەهەمانکاتدا پۆینتێکی دیکەی جدی کەپێویستە لە بەرچاوی بگرین، خەباتە لەنێو بزوتنەوەی کڕیکاری وڕێکخستن ودابینکردنی رابەریەکی شایستەیە لە شوینی کارو خەبات وتیکوشانیاندا. ئەوەی دەکرێ لەمبارەوە جێگەی ئومیدبێت ئەوەیە کاتێک کەهاوکیشەکان لەبەرژوەندی هاتنە مەیدانی دۆخیکی شۆرشگیرانە دەگۆڕێ، ئەوکاتە نەخەلک تەحەمولی ئەم ڕزێمە دەکەن ونەئەم ڕژیمە توانای حکومەت کردنی بەسەر خەلکدا هەیە. بۆیە لیرەدا باسەکە دیتەسەر پرکردنەوەی ئەو بۆشایەوهاتنەمەیدانی بزوتنەوەیەک کەشایستە رابەریکردنی شۆرشێک بێت کە لەئایندەیەکی نزیکدا بەرۆکمان دەگرێت! بۆیە لەهەنگاوی یەکەمدا ئەمری فەوری چەپ وکۆمۆنیستەکانی ئیران کۆبوونەیە لە دەوری پلاتفۆرمێکی دیاریکرا کە لایەنی کەم ماف وئازادیە سیاسی و کۆمەلایەتی ویاسای و فەردیەکان بکریتە بنەما بەجۆرێک کە جەوهەری دەسەلاتداریەتی ئایندەی ئیران بکریتە هەوینی ئەو پلاتفۆرمەی کە دەکریت نەواتی لیکنزیک کردنەوەو هەنگاونانی چارەنووسازبێت بۆ ئایندە! ….

ناوچەکەو چارەنووسی ئیسلامی سیاسی

حکومەتی ئیسلامی ئیران لەگەل هاتنە سەرکاری وەک جەمسەرێکی بەهێزوکارای ئەو قۆناغە، وەک یەکەمین حکومەتی ئیسلامی سیاسی لە سەدەی رابردودا، تەنیا بەوەوە نەوەستا کە پایەکانی خۆی لە ئیران داسەپێنیت. بەڵکو هاوکات بەزووی تەشنەی سەندو خۆرهەلاتی ناوەراست بەهەمان ڤایرۆزی ئیسلامی سیاسی بارگاویکردو دواتر پەلی بۆ زۆر ولاتی تری جیهان کوتا. کاتێک سوریا لەماوەی چەند ساڵ شەڕ وێرانکاریدا دەبێتە ناوەندی کێشمەکێشی هەموو جەمسەرە جیاوازەکانی دنیا بە ئەمریکاشەوە، ئەوە تەنیا حکومەتی ئەسەد نیە کە ناروخێت بەڵکو ئیرانیشە دەبێتە براوەی سەرەکی ئەم شەرە. ڕەنگە نفوزی سیاسی ئەم دەسەلاتە لەنێو حکومەت وپەرلمانی عیراقدا زۆر پیویستی بە سەلماندن و بەلَگەهینانەوە نەبیت. دیقەت بکەن کاتیک کە لەم دوایانەدا حسن نصرالله سخرانیەک دەکات چۆن شانازی بەوەوە دەکات کەهەر لەچەک وتەقەمەنی وجبەخانەکانیانەوە تا دەرمان وپیویستیەکانی ڕۆژانەو بژێوی ژیان لە ئیرانەوە دابین دەکریَ. ئەی کەواتە کاتێک کە ئەم حکومەتە گۆڕی ون دەکات ئاخۆ چ مانایەک بۆ مانەوەی ئەم جروجانەوەرەو هاوشێوەکانیان دەمێنێتەوە، بە ئەردۆگان حزب وحكومەتەكەشيەوە؟ ئاخۆ چەندە سەرلەنۆی هاوکێشەکانی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی گوڕانِێکی زۆر جدی بەسەردا دیت وچۆن هاوکیشەکان پیچەوانە دەبیتەوە بە زیانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا!

کوردستان و ئاکامەکانی ڕاپەرین

ئەگەر راپەرین وناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئێران لەم قۆناغەدا بەهۆی سەراسەری بوونی شیعاری دژ بەحکومەتی ئیسلامیەوە، دۆخیکی ئومیدبەخشی بە ئایندەی ئەم جولانەوەیە بەخشی؛ ئەوا هاوکات پرسیاری کاریگەریەکانی ئەم دۆخە لەسەر ئایندەی بارودۆخی سیاسی کوردستان جێگەی تیارامانێکی زیاترە. ئەگەر یەکێک لەتایبەتمەندیەکانی ڕاپەرینی خەلکی ئیران دژی دەسەلات شیعاری برۆن و بروخی بوو، ئەوا بەهەمان شێوە، لەچەند هەفتەی ڕابردودا زۆرێک لە شارەکانی کوردستان هەمان شیعار ببووە وێردی سەر زمانی خۆپیشاندەران، نەک ئەوەی وەک رابردو داواکاریەکی تایبەت بۆ چاکسازی بکریتە ئامانج. بەهەمان شیوە ئەمە لە میژووی دەسەلاتداریەتی ئەحزابی قەومیدا یەکەم جاربوو لەو ئاستە فراوانەدا دەنگی برۆو برۆخی حکومەتی هەریم ببیستریت؛ کە بەبروای من ئەمە ناکری وەک ڕێکەوت و ڕوداوێکی زووگوزەر تەماشا بکرێ.

هەربۆیە ئەم دووخالە هاوبەشە بەهەموو جیاوازیەکانیەوە، گۆشەیەک بۆ وەلامدانەوە بەو پرسیارەی کە ئاخۆ پریشکی شۆڕش و ڕاپەرینی خەلکی ئازادیخوازی ئیران چ کاریگەریەکی لەسەر کوردستان دەبیت. ئەگەر فاکتەری بێزاربوونی خەلک وبێ باوەڕی تەواویان بەم حزب وحکومەتە ئیزافە بکەین، ئەگەر فەزای ئازادو ئاوەلاو رایدیکال وئاستی چاوەروانیەکانی خەڵکی لەبەرچاو بگرین، ئەگەر تەنگ پێهەلچنێ ئەحزابی ئیسلامی بەنەمانی حکومەتی ئیسلامی لەبەرچاو بگرین، ئەگەر گەڕانەوەی ئیرادەی خەڵک و هاتنەمەیدانی گەنجان و ژنان دژ بەهەرجۆرە ستەم وکۆنەپەرستیەک لەبەرچاو بگرین. ئەوا زۆر باشتر لە جەوهەری ئەو مەترسیە حالی دەبین کە چۆن و لە چ ئاستیکدا هاوکیشەکانی نەک بەتەنیا کوردستان بەلکو دەست کۆتاکردنی ئسلامی سیاسی لەسەراسەری عیراق بۆخۆی فاکتەریکی ئومید بەخشە کە دەکریت ئایندەی لەسەر بنیادبنریت. هەربۆیە بەبروای من وەک چۆن هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسلامی کارەساتگەلێکی یەکجار گەورەی لە ناوچەکەدا بەدوای خۆیدا دێنێت، بەهەمان شێوە سەرنگون کردنیشی هیواو ئومیدێکی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت. بەو جیاوازیەوە کە 40 سال لەمەوبەر کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی تیدا بەهێزبوو، ئەمڕۆ ڕادیکالیزم وبەرابەرخوازی تیدا بەهیز دەبێت. بەلام ئەم جارەیان بە ئەندازەی بازنەی ناوچەی خۆپیشاندانەکان دەنگێکی بلندی نەخێرمان بۆ کۆی دەسەلات بیست. کەهیچ گومانێکم نیە لە وەی ئایندەی شۆڕش و ڕاپەرینەکانی ئیران ئەم دەنگە دەگەیەنیتە شوێنیکیترو جیاواز ئومیدبەخشمان دەدات بەگویدا.

ناوچەکەو جولانەوەیەکی ڕادیکال

کاتیک کە دەلین حکومەتی ئیسلامی، ئەمە هاوتایە بە سەنگساری ژنان و تیرۆرو کوشتاریان، بە بێبەش کردنیان لە زۆربەی ماف وئازادیەکانیان، بەڕێگرتن لەبڕیاردان لە چارەنووسیان، لە سیغەو نابەرابەری و لە کویلە کردنی ژنان لە بازنەی نفوزی دەسەلاتداریەتی خۆیاندا. یانی دەخالەتکردن لە ژیانی تایبەتی، لە شەرعیەتدان بە ستەم و چەوسانەوە لە سانسۆرو لەنەبوونی مافی دەنگدان ومافی مانگرتن وخۆپیشاندان و لەریگرتن بە ئاین و بیروباوەری جیاوازو لەبێ دینی و ئاتیست بوون لە هۆمۆسیکسیوالەتی و لێسپین، لە هەرجۆرە بیروباوەرێکی ئازادیخوازانەو سوسیالیستی و کۆمۆنستی. لە ووشەیەکدا ڕووخانی حکومەتی ئیسلامی یانی دارمانی پارەسەنگی کۆنەپەرستی کەهەموو ئەمانە ئەم حکومەتە لەگەل خۆیدا هێناویەتی و بە زەبری سەرکوت و دراوی هەلرژاو تەرزیقکراو بە خەلکی ناوچەکە.

بۆیە بەڕۆشتنی ئەم دەسەلاتە هاوکێشەکان تائاستانەی پێچەوانەکەی دەگوڕێت و بالانسی دۆخەکە لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدا دەگۆڕێت! هەموو ئەمانە لەکاتیکدایە کە دۆخی قەیراناوی ناوچەکەو نارەزایەتیەکانی شەقام و قولبوونەوەی کێشمەکێشی سیاسی چینایەتی لەم ناوچەیەدا بەردەوام لە بەرزونزم بوونەوەدایە. ئەگەر خۆسوتانی گەنجێک لە تونس بووە هەوێنی ڕاپەڕینێکی سەراسەری و بەدوایدا بەهاری عەرەبی هێنا، ئەوا بەدلنیای ڕاپەرینی خەڵکی ئێران لە ئاستێکی زۆر بالاتردا، بە سونەت و شیوازو ڕەوشیتکی زۆر جیاوازەوە خەلکی ناوچەکە بە گوروتاویکترەوە سەرگەرمی گەڕانەوەی ئیرادەو ئومیدیکی نوێ دەبن بۆ بنیادنانی کۆمەلگایەکی ئینسانیتری شایستە بە ژیانی ئینسان لەم هەزارەی سیهەمەدا!

ڕاپەرینی خەڵکی ئیران و پشتیوانەیەکی نیونەتەوەی

ووتمان کاریگەریەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی ئیران چ گۆڕانکاریەک لەدەوردا دروست دەکات. پێچەوانەکەشی دروستە. واتە کاریگەری بەرەی ئازادیخواز لەبەرامبەر بە ئایندەو چارەنووسی ئەو گۆرانکاریانەی کە لە ئیراندا دینەگورێ، ئاخۆ دەخالەتگەری لەپرۆسەی ئەم روداوانەدا چەندە بە ئەرکی شۆرشگیرانەی خۆیان دەزانن. لەمبارەوە ئەوەندە بەسە خۆمان بەخاوەنی نازنامەیەکی ئینسانی بزانین وخوازیاری ئازادی وبەرابەری هاوجۆرەکانمان بین. کەسانیکبین کە راوەستانەوە دژ بەئیسلامی سیاسی وتیرۆریزم وناعەدالەتی بەئەرکی سەرشانی خۆیان بزانین. ئەوەندە بەسە، ئومیدێک کە لەئەم ڕۆژانەدا دلی زۆربەمانی شادو پرهیواکردوە بکەینە هەوینی هەڵوێستێکی دەخالەتگەرانە. کەواتە لێرەوە داکۆکیکردن لەم راپەرینە ئەرکیکمان دەخاتە ئەستۆ تابتوانین لەهەرشوێنکی ئەم جیهانە، وەک بەشێک لەدەنگی ڕاپەرین دەرکەوین. بۆیە نەک هەر بەشداریکردنمان لەهەر خۆپیشاندان دەنگ هەلبرینێکدا گرنگە، بەڵکو لەمانەش زۆر گرنگتر ئەوەیە کە ڕوو لەبیرورای گشتی وحزب و ریکخراوەکانی ئەم ولاتانەو پەرلەمان و کەسایەتیە دیارەکان بکەین وپیانبلین کۆتایهینان بەدەسەلاتداریەتی حکومەتی مەرگوسیدارە،هەنگاویکی گەورەو پر بایەخە بۆ گەرانەوەی ئاسایشی ئەم ولاتانە و دامالینی ئیسلامی سیاسی وبنکەو بارگە تیرۆریستەکانیان لەجەرگەی ولاتانی ئەوروپاو جیهاندا. کاتی ئەوە هاتووە کە بەستەلەکی ئەم بیدەنگیە بشکینین وبەرەی ئازادیخوازی ئەم ولاتانەش بکەینە پالپشتی راپەرینیک کە ژیانی 80 ملیون ئینسان لە ئەسارەت وچەوسانەوە رزگاردەکات. ئاخەر ئەوەی ئەم رۆژانە لەئیراندا رودەدات ئەگەر بگاتە دوائامانجی خۆی، بەدوری مەزانن بیتە هەوێنی زیندوکردنەوەی هاوپشتیەکی تری نیونەتەوەی ودەیان وسەدان حزب و ریکخراوەی چەپ وکریکاری ببنە پشتوپەنای ئەوەی کە لەئیراندا رودەدات کەبیتە هەوینی وەرچەرخانکی میژووی لە مرۆڤایەتیدا.

مەترسیەکانی بەردەم ئایندەو ئەگەریک

هێزگەلی سیناریۆی ڕەشی وەک مجاهیدین کەچۆن لەقۆناغی هاوپەیمانیەتی دەسەلاتداریەتی بەعسدا، ڕۆلی هێزێکی سەرکوتگەری دەبینێ، درێژپێدان بەهەمان ئەرک وشێوازی دەخالەتکردن لەئائیندەی ئیراندا کراوەیەو شتێکی زیاتریان لێ چاوەران ناکری. هەربۆیە بەکارهینانی ئەم لایەنە، لەلایەن ئەمریکاو ولاتانی غەرب هەمووجۆرە پشگیری کردنیکی مادی، لۆجستی و..ئەگەرێکی یەکجار جدیە؛ بۆ دەخالەتگەری سیاسی وبەهیزکردنی پێگەی خۆیان لە ئایندەی ئیراندا. ناکرێ لێرەدا ئاماژەیەک بەوە نەکرێ کەدەست بردن بۆ چەک وهەرجۆرە سونەتێکی هاوشێوەی ئەوەی کەئەمرۆ هەندێ لە حزبە ناسیونالستەکان بۆی لەکەمیندان مەترسیەکترە کە دەتوانێت پاساو بەهانەکانیی جمهوری ئیسلامی ئیران کاراتر بکات بۆ سەرکوت لەخوێن هەڵکێشانی شاروشارۆچەکانی کوردستان وپاشەکشەپێکردنی ئەم بزوتنەوەیە. کە دورنیە هەر ئەو دۆخە دەرفەتێک بۆ هەندێ لە هێزە نیودەولەتیەکان بکاتەوە کە بەهەر بەهانەو پاساوێکەوە بێت دەخالەت بکەن لەڕوداوەکاندا؛ لەپێش هەمووشیانەوە بەتایبەت روسیاو هەندیک لەولاتانیتری ناوچەکە پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەدایە. دیارە وەها دۆخێک پاساوێکی جدی دەداتە دەست حکومەتی ئیسلامی کە بەبەهانەی دەخالەتی تیرۆریستان ومنافقین و مجاهدین وئیمپریالزمی ئەمریکا.

بۆیە هەلسپاردن وبەتالکردنەوەی هەموو ئەو ئەگەرانە ئەرکی فەوری هەر هێزێکی شۆرشگیرو چەپ و ئازادیخوازە کە بەوپەری بەرپرسیاریەتیەوە مامەلە لەگەل ئەم دۆخەدا بکات. هەربۆیە ئەگەر بمانەویت ئەنجامگیریەکی ئەرینی ئەم بارودۆخە بکەین، ئەوا گورینی هاوکیشەکە لە گرەوی پراتیکیکی دەخالەتگەرانەی کۆمۆنیستەکاندایە، بەجۆریک کەهەموو مەترسیەکانی بەردەم ئایندەی شۆڕش راپەرینی ئیران، ڕابماڵێت. بەتایبەت ئەمە لەکاتیکدایە کە ئیمە پیشتر ئاماژەیەکمان بە ئامادەی سێ بزوتنەوەکرد بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەلات، بەلام لە راستیدا ئەمە شەرە شەری سەرومال کە بەمانایەک تەنیا لەنیوان دوو ئوردوی کریکاران و سەرمایەداراندایە. هەربۆیە لەمبارەوە بەدلنیای ریکخرابوون و رابەریکردن وئاسۆدارکردنی ئەو شۆرشەی کەهاوکیشە سیاسیەکانی ئیران وناوچەکە بەتەواوی دەگورێت، ئەو پرسیارەیە کە ئایا پاش تیپەربوونی سەدا سال جاریکتر کۆمۆنیستەکان دینیتەوە سەر شانۆی سیاسی رووداوەکانی دنیا، یان ئەوەیە کە دەیان سالی تر لە هەر هیواو ئایندەیەکی ئومیدبەخشانە، بێ بەشیان دەکات!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish