Skip to Content

چۆن یەكەم شیعری خۆمم بڵاوكردەوە؟ … عەبدولڕەحمان فەرهادی

چۆن یەكەم شیعری خۆمم بڵاوكردەوە؟ … عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by شوبات 5, 2018 General, Literature

سەرەتای ١٩٨٤ كە پۆلی پێنجەمی زانستیی دواناوەندیی زۆزانی كوڕان بووم، چەند ساڵێك بوو شیعرم دەنووسی و لەو ساڵەدا شیعرێكم نووسی كە بەلامەوە زۆر جوان بوو، لەڕووی كێش و مۆسیقاوە زۆر ڕێك بوو، بەڵام لەخۆمم ڕانەدەبینی بۆ بڵاوكردنەوەی بنێرم، لام وابوو بڵاوكردنەوەی شیعر ناسیاوی و واسیتەی دەوێ، ئەوكات مامۆستا ماھیر وەسمان خۆشناو كە ئێستا لە نەرویج دەژیت، ئینگلیزیی پێ دەگوتین و لەخۆم ڕاپەرمووم و چووم دەقەكەمم دایێ، بۆ سبەینێ مامۆستا ماھیرم بینییەوە، بەتەنیا پێی گوتم، بەڕاستی شیعرەكەتم زۆر بەدڵ بوو، كورە بەڕاستی پێم بڵێ، ئەمە خۆت نووسیوتە؟ كە گوتم ئیی خۆمە و وشەیەكیشی لەخۆم بترازێ ھیی كەس نییە، دەستخۆشیی لێ كردم و گوتی بۆ گۆڤاری كاروانی بنێرە. گۆڤاری كاروان ئەوكاتە سەرتۆپی گۆڤار و ڕۆژنامەی كوردیی بوو و دەق و نووسینی بە زەحمەت لێ بڵاو دەكرایەوە، مامۆستا ماھیر خۆیشی پێشتر چەند بابەتێكی ڕۆشنبیریی لە ئینگلیزییەوە كردبووە كوردی و لەوێ بڵاوی كردبووەوە، لەوانە ئەوەی بیرم مابی (من جگەری مامەعەبەم)، كاروان لەلایەن خوێنەرەوە دەستاودەست دەكرا و بابەتەكانی لە بەرگەوە بۆ بەرگ دەخوێنرانەوە و ناوی گەورە و نووسەری ناودار و بەتوانا بابەتیان تێدا بڵاودەكردەوە.

ھەر ھەمان نیوەڕۆ، ئەو نیو درھەمەی ھەمبوو بە پوولی پۆستەم دا و دەقە شیعرەكەمم لەناو زەرفی نامە بە ئەدرێسی ئەمیندارێتیی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان (گۆڤاری كاروان)، خستە ناو سەندووقە سوورەكەی بەر دەرگای بەریدەكەی پشت مەحكەمەی جاران، بێئومێد و نیگەران، بەپێ تا گەڕەكی كشتوكاڵ بەرەو ماڵ بوومەوە چونكە پارەی پاسم پێ نەمابوو. كاروان مانگانە دەردەچوو، پێنج مانگی پێچوو، كەچی شیعرەكەی من نە باس نە دەنگ. ڕۆژێكیان لە جومعەی مەكتەبەم پرسی: بارەگای كاروان كە لە ئەمانە عاممەیە، كەوتووتە كوێ؟ جومعە وەسفی بۆ كردم كە دەكەوێتە سەر شەست مەتری لە سەرووی سێتاقان كە پێشتر بنكەی لاوانی لێ بوو.

سبەینەیەكی زوو لە ماڵەوە بەپێ تا ئەوێ ڕۆیشتم و ئەمانە عاممەم دیتەوە و لێی بەژوور كەوتم و لە پرسگەكە لە گۆڤاری كاروانم پرسی و ڕێنیشانیان كردم بو ئەخیری ڕاڕەوەكە و لەوێوە بە قاڵدرمەیەك سەركەوتم و ڕووبەڕووی دەرگایەكی گەورەی دوودەریی ساج بوومەوە كە بەھەمان شێوە نووسینەكەی سەر گۆڤارەكە ناوی كاروانی لەسەر نووسرابوو، گەر ھەڵە نەبم دەسخەتی كاك سەعید یەحیا بوو. بەشەرمێكی زۆرەوە دەرگاكەم پاڵ پێوەنا، جیڕەیەكی قایم لە دەرگاكە ھەڵسا و بەژوور كەوتم، ھۆڵێكی گەورەم بینی كە كۆمەڵێك نووسەر لێی خەریكی كاری كاروان بوون، دواتر زانیم ئەوانە: حوسێن عارف و عەزیز ھەریری و گوشادی حەمەسەعید و عەلی خورشید و ڕەمزیە بوون، منی گەنجێكی پێنجەمی ئامادەیی نە كەس دەناسم و نە كەسیش دەزانێ كێم! لەنێو ھەموویاندا، عەلی خورشید سەرێكی بڵند كرد و فەرمووی لێ كردم، لای ئەو دانیشتم و ھەر ھەموویان بەر لە ھەمووشیان، حوسێن عارف بەخێر ھاتنیان كردم. دوای ئیستێك ڕووم كردە كاك عەلی كە دواتر بەناوەكەی كەوتم و لە ھەواڵی شیعرەكەی خۆمم پرسی! كاك عەلی بە ناسناوی (فەرھادی)یەكەمەوە دیاربوو زانیی من كێم و كوڕی كێیشم! دوای ئەوەی ھەندێ ئەملاو ئەولای كرد و لەوێ و لەولاتر تەماشای چەند فایلێكی كرد، سەری لەبن گوێمنا و بەدزییەوە پێی وتم با بەینی خۆمانبێ، شیعرەكەت لە ژمارەی داھاتوو بڵاو دەبێتەوە، بەڵام با كێشەم بۆ دروست نەبێ و لای كەس قسە نەكەی و باسی ئەوەش مەكە كە من پێم گوتووی (ئێستاش كە یەكتر دەبینین ئەم باسە دێنینە گۆڕێ)، ئیتر نەلەمن دەنگ نە لەو دەنگ.

بەدرێژایی ئەو مانگە ڕۆژانم دەژماردن و نیگەران بووم تا ڕۆژێكیان لە مەكتەب خۆم و كتێبی قوتابخانەم بەرەو ماڵ دەبوومەوە، لە كتێبخانەیەكی شەقامی مزەفەرییە چاوم بە ژمارە تازە بەرگ زەردەكەی كاروان كەوت (ژمارە ٢٦) كە لە دیوی ناوەوەی بەرگی پێشەوەیم ڕوانی، ناوی خۆمم كەوتە بەر چاو، لەخۆشیانا وەخت بوو شاگەشكە بم. وابزانم تا مانگ تەواو بوو، نزیكەی دە ژمارەیم لێی كڕی كە نرخەكەی ٢٠٠ فلس بوو. خۆشییەكەی لەوەدا بوو كە زۆربەی خوێندەوار بینیبوویان و پیرۆزبایی و دەستخۆییان لێ دەكردم، لە سەروویانەوە مامۆستا ماھیر، یادی بەخێر.

Previous
Next
Kurdish