Skip to Content

کێ بەرپرسە لە تاوانی خۆکوشتن لە کوردستان…؟! … موزەفەر عەبدوڵڵا

کێ بەرپرسە لە تاوانی خۆکوشتن لە کوردستان…؟! … موزەفەر عەبدوڵڵا

Closed
by شوبات 7, 2018 General


لە گۆشەیەکی ترەوە

خۆکوژی وەک هەمو دیاردەکانی تری ژێر سایەی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری و چەوسانەوەی رەهاو، پاشان بێ هیواو بێ ئومید بون و لەخۆنامۆبوون، یەکێکە لە دیاردە هەرە تراژیدی یەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی لەهەمو جیهان ،بە تایبەتی ئەوانەی لە قەیرانی هەمەلایەنەدا دەژین.

کۆمەڵگای کوردستانیش لە چەند دەدەی ڕابردودا ،کە لەلایەن کۆمەڵێ دەستەو تاقمی قەومی – خیڵەکی ،و دینی – تایەفی یەوە، بەڕێوەدەچێت ، ڕیانکێشاوەتە ناو هەلومەرجێکی نالەبارو پەشێوی و قەیرانی هەمەلایەنە. هەر لە بێکاری و هەژاری و نەداری یەوە تا بێخانەولانەیی و ئاوارەیی و چەندین دیاردەی تر. زۆرایەتی مرۆڤەکانی بێ ئومیدو ڕەشبین کردوە، تایبەتی توێژی لاوان و خوێندکاران. لە راستیدا دەبو ئەم تویژە هەمیشە دڵیان پڕ بێ لە ئومێدو هیواو حەزو ئارەزوەکانیان دابین بکرایەو بەدی بهاتبایە.بەڵام بە داخەوە لە جیاتی فەراهەم کردنی کەشو بارێکی ئینسانی کە وەڵامدەرەوەی ئارەزوو حەزو خەونەکانیان بێ، بە پێجەوانەوە لە بێ ئومیدی و ڕەشبینیدا کەم ڕۆژ هەیە بینەرو بیسەری هەواڵی خۆکوژی چەند لاوی کوڕو کچ نەبین لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان و ئەمەش نەبێتە جێگای پرس و ڕای گشتی.

ڕۆژانە هەر کە چاو بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتی یەکاندا دەخشێنین کۆمەڵێ وێنەی لاوای جوان لە کوڕانو کچان دەبین کە بە ڕوداوی کارەساتبار و بە شێوازی جیاجیا خۆیان خنکاندوەو کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە .جا زۆر جار ئەو لاوانە بەڵگەیەکیان لە دوای خۆیان جێهێشتوەو هۆکاری خۆکوژی یەکانیان بەیان کردوە. وە زۆربەی بەڵگەکانش بریتی یە لە بێ ئومێدی و بێ هیوایی لە ژیانیان،دیارە ئەمەش بەهۆی دابین نەکردنو دەستەبەرکردنی پێویستی یە سەرەتایی یە ئینسانی یەکانیان کە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتو حکومەت لێی بەرپرسیارن.

سەدان هەزار قوتابی بەهەزارو یەک چەرمەسەری و دەردەسەری ونەبونی ونەداری خوێندن تەواو دەکەن بەڵام دوایی ناتوانن هیچ کارێک پەیدا بکەن بۆ بژێوی سەرەتایی ژیانیان.
سەدان هەزار لاوی کوڕو کچی تر لەبەر نەبونی وهەژاری ناتوانن خوێندن تەواو بکەن و،هەر لە هەرزەیی یەوە شان دەدەنە بەر کاری تاقەت پڕوکێن، بە کرێ و موچەیەکی کەم. لە کاتێکدا لە ساڵیکدا رەنگە تەنها سێ چوار کرێ و موچەیان پێ بدرێت کە ناکاتە کرێ و مەسرەفی هاتوچۆو مانەوەی سەرکاریان!.

سەدان هەزار کوڕو کچی لاو لەهەمو ئەو پۆشاکو خۆراک وپێویستی یە سەرەتایی یانە ،کە زۆر جار هی کۆنەشن ،بیبەشن وناتوانن بیکڕن .هاوکات بێبەشن لە سەرەتایی ترین پێویستی تەندروستی و، لانی کەمی خۆشگوزەرانی یەکان.لەملایشەوە کەمایەتی یەکی کەم لە مناڵانی کاربەدەستانی دەسەڵاتدارو ملیونێرو ملیاردیرەکانی پاڵ دەستیان لەوپەری نازو نیعەمەتتدا ژیان بەسەر دەبەن .لە بونی جوانترین و دوا مودیلی جلوبەرگو سەیارەو خواردن و سەیران و گەشتو گوزار چ لەناو کوردستان و چ بۆوولاتانی دەرەوە بەهرەمەندن . ئیتر چۆن لاوی کوڕو کچی بێکارو هەژارو نەدار بێ ئومێدو بێ هیوا ناگاتە ئەوپەڕی رەشبینی و نامۆ نابی لەژیانو پەنا ناباتە بەر تاوانی کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی!!؟؟
ڕاستە بە ڕواڵەت ئەوانە خۆیان بەرپرسن لەم تاوانی خۆکوژی یە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە دەسەڵاتی تاوانبارە بەرپرسی سەرەکی وڕاستەوخویە لەم تاوانە وەک هەمو تاوانەکانی تر.

بۆیە پێویستە لە جیاتی سەرکۆنەکردنی کەسی خۆکوژو کەسوکاری یان ، سەرکۆنەی دەسەڵاتداران و بەناو دامەزراوەکانیان بکرێت ونارەزایەتی لە دژیان دەرببڕدرێت.بە تایبەتی توێژی لاوانی کوڕو کچ، و خویندکاران کە زۆریان توشی ڕەشبینی و بێ ئومیدی دەبن. لە جیاتی بیرکردنەوە لەم تاوانە دژ بە خۆیە پێویستە بیر لەوە بکەنەوە کە هۆکاری پشتی ڕەشبینی و بێ ئومێدی و دابین نەکردنی پیویستی یەکانی ژیانیان دەسەڵاتو حکومەتە، نەک خۆیان و کەسوکاریان.وە دەبێت بۆ دابین کردنی ژیانی شایستەی هاوچەرخ لەهەمو ڕویەکەوە خۆیان ڕێکخەنو یەکگرتوکەن و ببنە بەشێکی زیندوی پڕ شۆڕو شەوق لەو خەباتو نارەزایەتی یەی کە هەمیشە هەیە لە دژی دەسەڵاتداران .وە تەنانەت هەوڵبدەن ڕابەری نارەزایەتی یەکانیش بکەن بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخەی کەبەسەریاندا سەپاوە.

بێگومانە کە مرۆڤەکان بە شیوەی کۆمەڵ ویەکگرتوانە کارو خەبات بکەن بە ئاسۆ و ئامانجی ئینسانی ڕۆشنەوە ،هەمیشە دەبنە خاوەنی ئومیدو هیوای بەرزو گەشو رون .وە زیاتریش پەی بە هۆکارەکانی کارەساتو نەهامەتی یەکان دەبن. تێدەگەن کە ڕیشەی هەمو دیاردە کارەساتبارەکان سیستەمی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی و کەلتوری و فەزای زاڵە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە.بۆیە هەر دەبێت دەسەڵات تاوانبار بکرین نەک هەڵەولاوازی تاکە کەسی .

٤-٢-٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish