Skip to Content

129 Views

ئه‌و کتێبه‌ی چاوه‌ڕوانم ده‌کرد … هه‌ڵۆ رۆژهه‌ڵاتی

ئه‌و کتێبه‌ی چاوه‌ڕوانم ده‌کرد … هه‌ڵۆ رۆژهه‌ڵاتی

Be First!
by February 14, 2018 General, Literature
image_print

له‌سه‌ر کورسیه‌کی نێو سه‌نته‌ری باژێڕێکی ئه‌وروپا دانیشتبیت و له‌ قوڵایی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێکی شیعریی شایسته‌ و پڕ ته‌کنیکدا ڕیشۆڵه‌یه‌کی هارو هاجی ده‌نوك زه‌ره‌د بێته‌ سه‌ر سه‌رت و ده‌نوکت لێبگرێت، یان له‌ سه‌ندویچه‌که‌ی ده‌ستت ببات، بێگومان له‌و جێیه‌دا راده‌وه‌ستیت و کتێبه‌که‌ پێوه‌ده‌ده‌یت، تا خۆت بۆ هێرشی ئه‌وان ئاماده‌ بکه‌یت، ئه‌و ڕیشۆڵانه‌ دیاره‌ زستانیش ناچنه‌ گه‌رمێن و هه‌ر لێره‌ ده‌مێننه‌وه‌، مافی خۆشیانه‌ ئه‌وانیش بژین، خۆ هه‌ر ته‌یروته‌والێك به‌ ئاسمانی کوردستاندا تێپه‌ڕێت به‌سه‌لامه‌تی رزگاری نابێت، ئیتر بۆچی بڕۆن؟ ئه‌مه‌ بابه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌م نووسینه‌ نییه‌، له‌وێدا بووم براده‌ره‌که‌م که‌ خوێنه‌رێکی ساده‌و رووکه‌شیی بوو پێیگوتم ئه‌و چییه‌ هێند به‌ هێواشی ده‌ڕۆیت؟ گه‌ر من بام به‌ شه‌و و ڕۆژێك ئه‌و کتێبه‌ی ده‌ستتم ده‌خوێنده‌وه‌و ته‌واوم ده‌کرد‌.

منیش گوتم با پۆوسێ وه‌رگرم و له‌م جێیه‌دا بوه‌ستم که‌ ده‌ڵێت (شه‌ڕه‌کان … ته‌واو ئه‌بن و ته‌واو نابن) ئه‌نجا وه‌ڵامی جه‌نابیشت ده‌ده‌مه‌وه‌.
– تۆ ده‌زانیت هه‌موو شتێك ئاره‌زوو و مه‌یل و حه‌زه‌، ئه‌وه‌ی به شمشاڵژه‌نێك ده‌کرێت، بۆ وێنه‌ به‌ عاشقێکی که‌و و کۆترو ئاژه‌ڵبه‌خێوکه‌ر ناکرێت، ئه‌وه‌ش به‌ دوای کۆکردنه‌وه‌ی تابلۆی ده‌گمه‌ن و گراندا ده‌گه‌ڕێت خولیای جیاوازه‌ له‌و که‌سه‌ی حه‌زی له‌ کۆکردنه‌وه‌ی بابه‌تی کۆن و که‌له‌پووریی بێت، یان ئه‌و که‌سه‌ی حه‌زی له‌ جۆرێکی تایبه‌ت له‌ ماشێنه‌و ئاماده‌یه‌ سامانه‌که‌ی خه‌رج بکات بۆ به‌ده‌ستهێنانی، که‌واته‌ هه‌موو شتێك خولیایه‌.. ئه‌وه‌ش بزانه‌ که‌م و زۆریی کتێب خوێندنه‌وه‌ نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ قه‌یران و کێشه‌ی داراییه‌وه‌ هه‌یه‌ و نه‌په‌یوه‌ندی به‌ ناوچه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵکو ئه‌وانه‌ی کتێب به‌ به‌شێک له‌ ژیانیان داده‌نێن هیوایه‌تیان ده‌ستخستن و کۆکردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه‌ ده‌گمه‌نانه‌یه‌ که‌ لای ئه‌وان شتێك ده‌به‌خشێت، یان با بڵێین وه‌رچه‌رخان و جۆرێك له‌ سامانه‌.

ئه‌م کتێبه‌ش (ئه‌زموونێکی جیاوازی شیعر) که‌ به‌ تایبه‌ت و به‌داواکاری له‌ کوردستانه‌وه‌ به‌ده‌ستم گه‌شتووه‌، لای من به‌هایه‌کی زانستی و وێژه‌یی وای هه‌یه‌ که‌ هێند به‌ هێواشی له‌گه‌ڵیدا بڕۆم، حساب بۆ خاڵبه‌ندیی و فاریزه‌و نیشانه‌کانی پرسیاری ناویشی بکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌م خوێندنه‌وه‌ی من جیاوازه‌ له‌وه‌ی تۆ، من بۆ پێشبڕکێ کتێب ناخوێنمه‌وه‌، به‌ڵکو له‌و ئاسته‌نگ و نشێو و لۆفه‌و پێچانه‌یدا جارانێك چه‌ندان رۆژ ڕاده‌مێنم و پاشتر به‌ هزرو دیدێکی جیاوازه‌وه‌ ده‌رباز ده‌بم بۆ جیهانێکی سیحراوی تر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ مێشك سافی نه‌بێت ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌م و په‌ڕتوکانه‌ ناخوێنمه‌وه‌، تۆ ده‌زانیت ساده‌نووسین و ساده‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌ردێکی کوشنده‌یه‌و مرۆڤ ته‌ممه‌ڵ ده‌کات! ئه‌ی ده‌زانیت چه‌ند که‌م نووسیارانی کورد ده‌قی باش و پڕ جیاوازیی به‌رهه‌م دێنن؟ خۆت ده‌زانیت قه‌یرانی سیاسی و گه‌نده‌ڵیی ئابووری لای ئێمه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌ قه‌ڵه‌مه‌کانیشی بارگاوی کردووه‌ به‌و په‌تا کوشنده‌یه‌، جا له‌ دۆخێکی وا مه‌حاڵدا زۆر ده‌گمه‌نه‌ کتێبێکی ئاوها له‌دایك ببێت و پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ شیعره‌ جیهانییه‌کاندا بکات و به‌ گیانی مالارمێ و ئه‌لیۆت و رۆبه‌رت فرۆست و پابلۆ نیرۆدا و پۆشکین و تریستان تزاراو ئه‌ندرێ برێتون…و ….تاد بڵێت دوای ئێوه‌ شیعری له‌م جۆره‌ش نووسراو هیچ ژاوه‌ژاوێکیشی لێ نه‌که‌وته‌وه‌، هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی بێده‌نگ خه‌ریکی داهێنانن و دوور له‌ سیاسه‌ت کاری خۆیان ده‌که‌ن که‌متر له‌ زه‌مه‌نی خۆیاندا ده‌ناسرێن و له‌ بۆنه‌کاندا حیزبه‌کان وه‌کو ره‌قه‌مێك به‌کاریان ده‌هێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، راگه‌یاندنه‌کانیشیان هه‌ر گه‌نده‌ڵن و نازانن چی ره‌سه‌ن و داهێنه‌رانه‌یه‌و چیش بڵقی سه‌رئاو و که‌فوکوڵی رۆژگاره‌.

براده‌ره‌که‌م لێره‌دا بێده‌نگ بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌ که‌مته‌رخه‌مییه‌ك کردبێت، یان تێگه‌شتبێت له‌وه‌ی که‌ له‌ رووه‌یه‌کی ژیانه‌وه‌ دواکه‌وتبێت، هه‌وڵی دا له‌سه‌ر ئاوازی فڕینی ڕیشۆڵه‌کان سه‌ما بکات و تێبگات له‌وه‌ی بۆچی ئاوها ڕیشۆڵه‌کان لێره‌ ئازایانه‌ دێنه ‌ناو جیهانی مرۆڤه‌وه‌و داوای به‌شی خۆیان ده‌که‌ن و وه‌کو مرۆڤه‌کان زیت و وریان و نایه‌ڵن داوی مرۆڤ هه‌ڵیانبخه‌ڵه‌تێنێت؟!

Previous
Next

Leave a Reply