Skip to Content

214 Views

ئامراز و هەنگاوی گونجاو بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و بەدواداچوونی سامانی دزراو

ئامراز و هەنگاوی گونجاو بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و بەدواداچوونی سامانی دزراو

Be First!
by February 14, 2018 General, Opinion, Slider
image_print


ئامادەکردنی: Stella Roque
وەرگێڕان و داڕشتنەوەی*: شوان رەشید
shwanrashed@gmail.com

——————————–

لە میانی کۆنفرانسە جیهانیەکەی ساڵی ٢٠١٧ ی تایبەت بە رۆژنامەوانی کنەگەری (الصحافة الاستقصائية)، چەند رۆژنامەوانێک لە پاڵ هەندێک ئامۆژگاریدا، ئەزموونی کاری خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتی بەدواداچوون و شوێنپێهەڵگرتنی سامانی دزراو خستۆتەڕوو. ئەوانیش بریتی بوون لە رۆژنامەوان (کۆوامی دۆمیگنی – Koami M Elom Domegni) لە (ئەلتەرناتیڤ L’Alternative) لە کۆماری تۆگۆ، (میراندا پاتروسیک – Miranda Patrucic) نوسیار (محرر) و پەیامنێری کنەکار (الاستقصائي) لە پرۆژەی ریپۆرتکردنی گەندەڵی و تاوانی رێکخراو(OCCRP) ، (تۆم بورخیس Tom Burgis) پەیامنێری لێپێچینکار (مراسل التحقيقات) لە رۆژنامەی فاینەنشیال تایمز، (جێیمس مینتز James Mintz) دامەزرێنەر و سەرۆکی جێبەجێکاری گرووپی مینتز .

“وڵاتەکەی ئێمە وڵاتێکی بچکۆلانەیە، لەگەڵ ئەوەش بردنەدەرەوەی پارەی ناشەڕعی یەخەی گرتوە. وەهای گوت (دۆمیگنی) لە رۆژنامەی ئەلتەرناتیڤ سەبارەت بە وڵاتەکەی خۆی (تۆگۆ). ئێمە لە سامانی کانزایی دەوڵەمەندین، لەگەڵ ئەوەش بەدەست نەفرەتی سەرچاوەکانەوە دەناڵێنین. ئەگەر بچیتە ناوچەکانی کانزاکاری، لەوێ گۆمەڵگای زۆر هەژار دەبینیت”.
ئەو دەڵێت: پرسیارە گرنگترەکە بۆ ئێمە ئەوەیە، ئایا ئەم پارانە بۆ کوێ چوون؟”

“ئێمە چەند شێوەیەکی ئەو رێگایانەمان دۆزیوەتەوە کە دەکرێ بۆ هەموو وڵاتانی جیهان راست بن کە بەرپرسە گەندەڵەکان بەکاریان دەهێنن بۆ شاردنەوەی پارە پیسەکانیان” وەهای گوت (جێیمس مینتز James Mintz) کە کۆمپانیاکەی هەڵساوە بە بەرهەمهێنانی یاریەک بە ناوی یاری گەندەڵچیەکان (Kleptocrats) ؛ کە یاریزانەکان بریتین لە سیاسیە گەندەڵەکان کە ژێربەژێر پارەکانیان دەستکەوتوە، هەوڵدەدەن بە هۆیەوە چێژ لە ژیانێکی زێدەخۆشگوزەران وەربگرن. ئایا ئەوانەی بەدواداچوونیان کردوە (کە لەوەیە رۆژنامەوانانی لێپێچینکار بن یان داواکارانی گشتی یان پۆلیس بن) چۆن سەرکەوتوو بوون لە شوێنپێهەڵگرتنی ئەو پارانە؟
ئەمەی خوارەوە گرنگترینی ئەو ئامۆژگاریانەن بۆ رۆژنامەوانان تا بتوانن ئەوە ئاشکرا بکەن ئایا گەندەڵچیەکان و تاوانباران و ئەوانی دی، پارەکان لە کوێ حەشاردەدەن؟

• تۆمارە گشتیەکانی دەرەوەی وڵات وەک سەرچاوە بەکاربهێنە بەڵام ئەمە بە مانای کەمکردنەوە نیە لە بەهای سەرچاوە ناوەخۆییەکان.
“لە هەندێک دەوڵەت، بە تایبەتی دەوڵەتانی ئاسیای ناوەڕاست کە چەند ریپۆرتێکم تێدا ئەنجام داون، تۆمارە گشتیەکان بەردەست نین” میراندا پاتروسیک لە (OCCRP) وەهای بە رۆژنامەوانان ووت؛ لەو شوێنانە بیریش لەوە مەکەوە بگەیتە بەرپرسەکان تا وەڵامی پرسیارەکانت بدەنەوە”. هەروەها وتی “ئەگەر ئەستەم بوو لە ناوەوەی وڵات دەستمان بە سەرچاوەکانی زانیاری بگات، ئەوە هەمیشە دەتوانین لە دەوڵەتانی دیکە ئەو زانیاریانە پشتڕاست بکەینەوە”. لەگەڵ ئەوەش جەخت دەکاتەوە سەر بایەخی بەکارهێنانی سەرچاوە ناوەخۆییە نیشتیمانیە بەردەستەکان و زانیاریە ژێدەریەکان.
“پارەکان هەمیشە لە دەرەوەی وڵات خەرج دەکرێن، لە کۆشک وتەلارەکان لە ئیسپانیا، فەرەنسا، مەیامی، گەشتی بازاڕیکردنی گرانبەها” پاتروسیک وای وت. هەرهێندە کە ئەوان پارەکانیان لە دەرەوەی وڵات خەرج بکەن، دەتوانین چەندین تەن لەو تۆمارانە بەدەست بخەین کە پەیوەندیدارن بەو بابەتانەوە: داوا و تۆمارەکانی دادگا، تۆمارەکانی موڵکداری، تۆماری هاوسەرگیری و جیابونەوەکان.

سەبارەت بە پسولەکانی وەک یەخت و فرۆکە تایبەتیەکان، پاترۆسیک پێیوایە دەتوانرێت هەر لەسەر ئینتەرنێت بە ئاسانی بەدواداچونیان بۆ بکرێت، ئەویش لە رێگای ئامرازەکانی چاودێریکردنی هاتوچۆی دەریایی و لێکۆڵینەوە لەو بلۆگە تایبەتیانەی کە چاودێری بزاوتی فرۆکەکان دەکەن.
هەروەها هانی رۆژنامەوانان دەدات بگەڕێن بەنێو داتابەیسە گشتیەکانی سەر ئینتەرنێت، تۆماری کارنامە بازرگانیەکان، رۆژنامە فەرمیەکان، هەروەها داتابەیسی رووهەڵماڵ لە شێوەی (Investigative Dashboard Search) و تۆمارەکانی دادگا. بە تایبەتیش تۆمارەکانی دادگا کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زانیاریەکانن.

لە مەسەلەی گەڕان بەدوای کڕین و فرۆشی زەویوزار و خانوبەرە و کردەی بازرگانی تایبەت بە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ و موڵکەکانی لە ئاسیای ناوەڕاست، بورخیس تیشکی خستە سەر ئەوەی تۆمارەکانی دادگا بۆ رۆژنامەوانان چەندە بەبایەخ و بەکەڵک بوون.
وتیشی: “سوودمان لەو سەرچاوە زەبەلاحە وەرگرتوە کە لەمەوبەر بەکار نەهێنراوە، ئەویش ئەرشیفی ئەلیکترۆنی سستمی یاسایی ئەمریکیە (PACER) ، ئەم ئەرشیفە بڕێکی زۆر پارەی بۆ خەرج کراوە، هەرچەندە بۆ هەموو کەیسەکان ناشێت، بەڵام ئەگەر بە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) بەراوردی بکەین، وەک دزەکردنی زەبەلاحی ئەو زانیاریانە وایە کە لە فۆڕم وشێوەی شاراوە دان.

مینتز هەروەها تیشک دەخاتە سەر سەرچاوەیەکی دیکەش کە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پارەکان سوودبەخشە کاتێک دەڵێت: هەوڵبدە ئاراستەی سەنەدەکانی قەرز بدۆزیتەوە، یان رەنگە بتوانین بە دوای خانوبەرە بارمتە (رەهن) کراوەکان دا بگەڕێین کە لە زۆربەی کاتەکاندا پەیوەندیە بانکیەکانمان بۆ ئاشکرا دەکات.

• داتابەیسەکان و هەر دزەکردنێکی زانیاریەکان بەکار بهێنە، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەوڵی دەستخستنی بەڵگەنامە ئۆرجیناڵەکان بدە.
هەموو رۆژنامەوانەکانی ئەو تیمە ئاماژەیان بە بایەخی بەکارهێنانی داتابەیسەکان و داتا دزەپێکراوەکان کردوە، گرنگتر لەوەش گەڕانەوەیە بۆ داتا دزەپێکراوە کۆنترەکان، ئەمەش بە مەبەستی پشتئەستورکردنی توێژنەوەکانیان و دۆزینەوەی سەرەداوی نوێ بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پارەکان و ئەسێتە داراییەکان (Financial asset).
دۆمیگنی دەڵێت: “پەیامنێرەکان هەموو چەشنە داتابەیسێک و زانیاریەکی دزەپێکراو کە دەستیان پێیڕادەگات بەکاردەهێنن: لەوانە، بەڵگەنامەکانی پەنەما ، داتا دزەپێکراوەکانی سویس لیکس ، پەڕەکانی بەهەشت (بەڵگەنامەکانی پارادایز) ، بەڵگەنامەکانی بەهماس”. مینتزیش دەڵێت: ” ئێمە داتابەیسی(Investigative Dashboard Search) و داتابەیسەکانی تریش بەکاردەهێنین. بەڵام پێ لەسەر ئەوە دادەگرین کە کۆپی چاپکراوی زانیاریەکانمان لە دادگاکانەوە دەستبکەوێت، زۆربەی کاتیش ئەو زانیاریانەی لە کۆپی دادگادا هەیە لە کۆپی داتابەیسەکاندا نیە، کە رەنگە ئەو زانیاریانە هەندێکجار زۆریش بەکەڵک بن”.

• سۆشیال میدیا و سەرچاوە مرۆییەکان بەکار بێنە بۆ بەدواداچوونی شێوەی ژیانی بابەتەکەت**.
هەر یەک لە پاترۆسیک و مینتز دەڵێن هەندێک لە سەرچاوە بەسوودەکانیان پەیوەندی هەبووە بە ئەندازیارانی بیناسازی و دیزاینەرەکانی دیکۆری ناوەوە و خەڵکی تر کە بە گرێبەست لەگەڵ ئەو کەسانە کاریان کردوە کە بەدواداچوونی رۆژنامەوانیان لە بارەوە کردوە.
مینتز دەڵێت: “دیزاینەرەکانی ناوکۆ (ناوەوەی باڵەخانەکان)، پێویستیان بەوە دەبێت راستەوخۆ کڕیارەکانیان ببینن، هەروەها خاوەن ئەو موڵکانەش دەناسن کە لە خزمەتگوزاریەکان و دیزاینەکانیان سوود وەردەگرن. ئەوان ئامادەن بە ناز و فیزەوە لە نێو ماڵەکان کە خۆیان دیزیانیان کردوە، وێنە بگرن و لە سەر ئینتەرنێت لە پەیجەکانیاندا بڵاوی بکەنەوە***”.
هەروەها پاترۆسیک دەڵێت: “ئێمە لەگەڵ ئەندازیارانی بیناسازی قسەمان کردوە. کۆمپانیاکان (ئەندازیاری) هەموو جۆرە وێنەیەک بڵاو دەکەنەوە، هەروەها چیان لە خانوەکان کردوە و تێچوەکەی چەند بووە بڵاوی دەکەنەوە.
پاترۆسیک ئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ رۆژنامەوانان زۆر گرنگە بەدواداچوون بۆ ستایلی ژیانی ئەوانە بکەن کە بابەتی کارە رۆژنامەوانیەکەیانە، بۆ ئەوەش بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبوک و ئینستەگرام سوودبەخش دەبن بۆ دیاریکردنی کاڵا و جلوبەرگ کە کڕیویانە، هەروەها بۆ بینینی ئەو خانوانەی تێیدا دەژین یان ئەو یەخت و بەلەمانەی گەشتی پێدەکەن.

هەروەها دەڵێت: ئێمە هەڵدەستین بە وەرگرتنی وێنەکان لە سۆشیال میدیا، لە وێنەکاندا رەنگە چەند بابەتێک وەربگرین، لەوانە پێڵاوەکان، جزدانەکانیان، خشڵەکانیان، دواتر لە گوگل بە دوای ئەو کاڵا و کەلوپەلانەدا دەگەڕێین کە مەبەستمانە تا زانیاری تەواو لەسەر کاڵا و کەلوپەلەکان و نرخەکانیان وەربگرین” هەروەها دەڵێت: “ئێمە پێشتر دەمانزانی کە موچەی سەرۆکی پێشووی مۆنتینیگرۆ (چیای رەش) بەشی کڕینی ئەو کاتژمێرەی نەدەکرد کە لە دەستی بوو”****.

مینتز هەر لەو روەوە دەڵێت: گرنگە سەرچاوەی مرۆیی بەهێز دەستنیشان بکەین تا پەی بەو بابەتە ببەین کە دەمانەوێت لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لەبارەوە بکەین، یان روو لەو کەسانە بکەین کە لەوەیە لەگەڵ رۆژنامەوانان زانیاریەکانیان بدرکێنن، یان فەرمانبەرانی لەکار لادراو، سکرتێرەکان، خزمەتکاران، یان ئەو کەسانەی دەکەونە دەرەوەی بازنەی بابەتەکە کە لەوانەیە حەزیان لە گەندەڵی نەبێت، ئەمانە هەر هەموویان دەکرێ سەرچاوەی چاوەڕوانکراوی بە سوود بن رۆژنامەوانان.

• هاوکاری لەگەڵ رۆژنامەوانان لە دەرەوەی دەوڵەتەکەت بۆ بەدواداچوونی ئەسێست (موڵک وماڵ).
دۆمیگنی و پاترۆسیک، ئەوە بە گرنگ دەزانن کە سوود لە شارەزایی و پسپۆری رۆژنامەوانە کنەکارەکانی وڵاتانی تر وەربگیرێت بۆ شوێنپێهەڵگرتنی موڵک و ماڵ.
“هاوکاری بان_ سنوور (سنور بڕ) کۆمەکی زۆری بە کاری ئێمە کردوە” وەهای ووت دۆمیگنی. کارمان کردوە لەگەڵ سەنتەری کنەکاری (ANCIR) ، سینۆزۆ (CENOZO )، یەکێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەوانانی کنەکار (الصحفييون الاستقصائيون) ، ئەفریقیا بەبێ سانسۆر. ئەگەر بێتو سەیری بەڵگەنامەیەک بکەین کە رەگەزێکی بێگانەی تێدا بێت، رەنگە هیچی لێ تێنەگەین یان پێویستیمان بە زانیاری زێدەتر هەبێت، لێرەوە داوای کۆمەک لە پاتنەرەکانمان دەکەین، ئەوانیش بەردەوامن لە پشتیوانی کردنمان.

——————————————————-

پەراوێزەکان:

* ئەم بابەتە لە سەرەتادا لە زمانی عەرەبیەوە دەستکراوە بە وەرگێڕانی بۆ کوردی، بەڵام بە هۆی کێشەی وەرگێڕانە عەرەبیەکە، بەراورد کراوەتەوە بە بە نوسینە ئۆرجیناڵەکە بە زمانی ئینگلیزی، و کەموکوڕیەکانی چاک کراوە، بەهۆی گرنگیەکەیەوە پێداگربووم لەسەر وەرگێڕانەکەی، بۆ زیاتر سوود گەیاندنیش بە رۆژنامەوان و پەیامنێرانی کوردزمان، چەندین پەراوێز و زانیاریم بۆ زیاد کردوە.
پرۆژەی ریپۆرتکردنی تاوانی رێکخراو و گەندەڵی (OCCRP) بریتیە لە پلاتفۆڕمێک کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستبەکار بووە بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر تاوانی رێکخراو و گەندەڵی لە جیهاندا، نزیکەی چل سەنتەری لێکۆڵینەوەی قازانج نەویستی لە وڵاتانی ئەفەریقیا و ئەمەریکا و ئەوروپادا هەیە، دەیان رۆژنامەوان و گەورە دەزگای هەواڵی لە سەرجەم جیهاندا کاری تێدا دەکەن. لەم بەستەرە دەتوانن زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پلاتفۆڕمە بەدەست بخەن: https://www.occrp.org/en .
گرووپی مێنتر لە ساڵی ١٩٩٤ دامزرێنراوە، گرووپێکی جیهانی شارەزاو چاوکراوەیان هەیە بۆ شیکارکردن و ئاشکراکردنی کردە بازرگانیە شاراوەکان لە جیهاندا. زیاتر لە 10000 لێکۆڵینەوەی کنەکاریان کردوە لە پتر لە 100 وڵات. لەم بەستەرە دەتوانن زانیاری زیاتر بەدەست بخەن: https://mintzgroup.com ، هەر ئەم گرووپە یاری گەندەڵچیەکانی بەرهەمهێناوە.
بۆ زانیاری زیاتر و دابەزاندنی ئەپلیکەیشنی ئەم یاریە دەتوانن لەم بەستەرە سوود وەربگرن. http://kleptocrat.net
ئەم داتابەیسە تایبەتە بە بزاوتی هاتوچۆی دەریاییەوە، جموجوڵی زیاتر لە 550000 کەشتی تێدا تۆمار کراوە و ئەبدەیتی بەردەمیش دەکرێت. سەرباری خستنەڕووی زانیاری و وردکاری تایبەت بە کەشتیەکان و تایبەتمەندی و جۆریان. هەروەها نەخشەیەکی زیندی تێدایە کە جوڵەی بەردەوامی ئەو کەشتیانە دەردەخات، هەموو کەسێکیش دەتوانێت لەسەر ئینتەرنێت چاودێری جوڵە و هاتوچۆی کەشتیەکان لە بەندەرەکان و دەریا و زەریا جیهانیەکاندا بکات : http://www.marinetraffic.com/en/ais/home/centerx:-12.1/centery:25.0/zoom:4

ئەم بلۆگە تایبەتە بە چاودێری بزاوت و جوڵەی فڕۆکە و فڕۆکەخانەکان، وەک بلۆگێک بۆ ئارەزوومەندانی فرۆکە و پرۆفیشناڵەکان وەسفی خۆی دەکات، کەسێکی فڕۆکەوان بە ناوی ماڵت فاڵکۆس (Matt Falcus) دروستی کردوە، کە خاون ژمارەیەک کتێب و چەندین نوسینی تایبەت بە فڕۆکەوانیە لە گۆڤارەکاندا، هەروەها خاوەن فێرگەیەکی دیجیتالیە بۆ فڕۆکەوانی، لە ساڵی 2006 بە مەبەستی گەیاندنی نوچەی فڕۆکەخانەکانی جیهان ئەم بلۆگەی دامەزراوە : http://www.airportspotting.com/

ئەم داتابەیسە بە تایبەت بۆ رۆژنامەوانان دروست کراوە، بەڵام هەموو کەسێکیش دەتوانێت بەنێو زانیاریەکانیدا بگەڕێت و سوودی لێ وەربگرێت، رێبەرێکی تایبەت بە نزیکەی 450 تۆماری بازرگانی و لیستی کۆمپانیاکان و داتابەیسی کڕیارەکانی تێدایە، زیاتریش فۆکس دەخاتە سەر چالاکی بازرگانی کۆمپانیا گشتیەکان و حکومەتەکان، لەم سایتەوە دەتوانیت بە دوای بەڵگەنامەکان و زانیاریەکاندا بگەڕێیت: https://data.occrp.org/

دەستڕاگەیشتنی گشتی بە تۆمارە ئەلیکترۆنیەکانی سستمی یاسایی ئەمریکی (Public Access to Court Electronic Records) بریتیە لە داتابەیسێک کە زانیاریەکانی سستمی یاسایی ئەمریکای تێدا ئەرشیفکراوە بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و بە فایلی PDF کە هەموو کەس دەتوانێت لە سەر ئەم سایتەوە https://www.pacer.gov دەستی پییان رابگات.
https://panamapapers.icij.org

Swiss Leaks: Murky Cash Sheltered by Bank Secrecy


https://www.icij.org/tags/paradise-papers
** مەبەست لە ژیانی ئەو کەس و لایەنانەیە کە تێوەگلاون بە بردنە دەرەوەی پارە و گەندەڵی یان گومانی وایان لێدەکرێت، کە بە هۆی ئەکاوەنتەکانیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانرێت وردکاری ژیانیان و خەرجیەکانیان بزانرێت، یان لە کەسانی تر زانیاریمان لە سەر تێچووی ماڵەکانیان دەست بکەوێت.
*** مەبەستی ئەو دیزاینەرانەن کە کار بۆ کەسێکی دیار دەکەن، بە کارەکانیان دەنازن و رەنگە وێنەکانیان لە کاتی کارکردن یان دوای کارکردن لە ئینتەرنێت بڵاو بکەنەوە وەک شانازی کردن بە کارەکەیان لەلایەک و وەک ریکلام کردنیش بۆ کوالێتی کارەکەیان و مەعمیلەکانیان لە لایەکی تر.
**** لە رۆژنامەگەری کوردیدا، روداوێکی هاوشێوە لەسەر کاتژمێرەکەی دەستی سەرۆک وەزیرانی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) تۆمار کراوە
https://investigativecenters.org/
https://twitter.com/CENOZO_Afrique
یەکێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەوانانی کنەکار، نێتوێرکێکی نێودەوڵەتیە، پێکدێت لە نزیکەی دوو سەد رۆژنامەوانی کنەکار و نزیکەی سەد رێکخراوی مێدیایی لە نزیکەی حەفتا وڵات، ساڵی 1997 لەلایەن رۆژنامەوانی بەناوودەنگ (چاک لویس) دامەزرێنراوە، ئەم نێتوێرکە وەک پرۆژەیەک بۆ دەستپاکی گشتی راگەیەندراوە، لەگەڵ فۆکس کردن لەسەر هەندێک بابەت کە لە سنورێکدا ناوەستن، لەوانە: تاوانی سنوربڕ، گەندەڵی، لێپێچینەوە لە دەسەڵات. ئەندامانی ئەم نێتوێرکە لە توێژینەوە کنەکاریەکان و لێکۆڵکاریەکاندا هاوکاری یەکتری دەکەن. لەم سایتەوە دەتوانن زانیاری زیاتر وەربگرن. https://www.icij.org

بەستەری بابەتەکە بە زمانی عەرەبی
https://ijnet.org/ar/blog/خطوات-وأساليب-جيدة-لتتبّع-الثروة-المنهوبة-واكتشاف-الفساد
بەستەری ئۆرجیناڵی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی

How to Track Looted Wealth: Tips for Reporters

Previous
Next

Leave a Reply