Skip to Content

كوردی هائیم و حه‌یران (7) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

كوردی هائیم و حه‌یران (7) … هێمن عومه‌ر خۆشناو

Closed
by شوبات 16, 2018 General, Literature

نێزیک سەت ساڵ دەبێ لێرە زمان لە گیانەڵادایە، گەلەک جاران دەستیان لە هەوکێ گیر کردووە و لە حەولەحەولێ ڕووحێ دا بووە، هەر دەڵێی بە تیری قودرەتێ پێکرایە، بەڵام خوای کردیە نەمردیە!

لێرە فرمێسکێک نادۆزیتەوە چاوی کوێر نەبووبێ، بێ پیل نەبووبێ، سینگی نەڕووشابێ، هەنسکی زیندەبەچاڵ نەکرابێ، وایلێهاتووە خەڵک خەونیش بە زمانی خۆی نابینێ، بە زمانی دیکە دەفکرێ و بە زمانی ئەسپێ و ڕشکی ناو لەشی نەتەوەشی، دەنووسێ و دەخوێنێتەوە.

ئێرە گوندێکی سەر بە باژێڕی ماردینە و ئەو پیاوەی دەیبینن، خەمی زمانی لە کۆڵ ناوە و ڕیشی ماش و برنج و پرچی لەبەر هەتاوی خەمی نەتەوە سپی کردووە و بیست و پێنج ساڵە هەموو ڕۆژێ دەرسی سیپارەو ئەلف و بێی کوردی و جزمی عەممە و نۆبارابچووکانی ئەحمەدی خانی و نەهجولئەنامیان پێ دەدا.
خەڵکی ئەم گوندە تاک و تەرایان نەبێ، هەموویان کوردی بە هەردوو ڕێنووسەکە دەخوێننەوە، بەشێکیان هەنووکە بوونەتە نووسەر و دەورێکی باشیان لە بەرەوپێشبردنی زمان و ئەدەب و نووسینی کوردی لە باکوور گێڕاوە.

مەلا محەمەد ساڵح نە ماندوو دەبێ و نە چاوی لە ناوبانگ و نە چاویشی لە پاداشتە، بێدەنگ بێدەنگ سبەینان دێتە ناو ئەو کاولە خانووە و وەک کوورەی هەنگ، ئەو منداڵانە دەورەی لێدەدەن، ئەویش نە وەڕەز دەبێ و نە دڵتەنگ، نە تووڕەدەبێ و نە کەنەفت، بە شەوقەوە دەخوێنێتەوە و هەموو بە دەنگی بەرز بە دوویدا دەڵێنەوە. کەشێکی وایە دەڵێی سەردەمی خانی و جزیرییە و ئەویش لەناو قڕانی کورد و زمانەکەیدا، فوو لە پشکۆی خوێندن و نووسین و ئەدەبیاتی کوردی دەکات.

ئەو دەمەی زیارەتمان کرد، هێندەی بەخێرهێناین نەبێتەوە، وامدەزانی بیست ساڵە هەڤدوو دەناسین، وەختێ دەمی دەرسیش هات، هەر دەتگوت وەزیفەیەکی ئەزەلی و ئەبەدییە، هەڵستا و چووە ناو ئەو گوڵە خنجیلانە و ئەوانیش یەک پێ لەبەری بڵندبوون و ئەوجار لەناو فرمێسکی سەربڕاودا، یەکەمجار بوو فرمێسکێکی ساغ و سەلیممان لە چاوی بێتەخوار!

Previous
Next
Kurdish