Skip to Content

کاریکاتێر هونەری رەخنەیە نەک ستایشکردن … هەندرێن خۆشناو

کاریکاتێر هونەری رەخنەیە نەک ستایشکردن … هەندرێن خۆشناو

Closed
by شوبات 18, 2018 General, Literature

هونەری کاریکاتێر یان کاریکاتۆر، هونەرێکی گرنگ و زیندووی جیهانیە، و کاریگەریی تابلۆیەکی کاریکاتێریی لە چەندین بابەت و وتار بە هێزترە لە کۆمەڵگەدا و لە هەژاندنی ڕای گشتی. ئەمڕۆ رۆژنامەگەری جیهانی بە بێ کاریکاتێر، بە رۆژنامەگەریەکی بە کەموکوڕی دەژمێردرێت، بۆیە لە هەموو جیهانی پێشکەتوو بایەخێکی پڕ بە پێستی ئەم هونەرە بەرزەی پێدەدرێت، و لە لاپەڕەکانی رۆژنامەکان شوێنێکی شایستەی بۆ تەرخان دەکرێت، و زۆربەی سیاسەتمەدار و سەرکردەکانی وڵاتانی پێشکەتووی دیموکرات، بایەخ بەم هونەرە دەدەن و حیسابی بۆ دەکەن، و حیساب بۆ رەخنەگرتنی ئەم هونەرە دەکەن کە تەعبیر لە ڕای کۆمەڵ و تاکەکانی کۆمەڵ دەکات، جاری وا هەبووە ئەم هونەرە کاریگەری لەسەر پێگەی حکومەتەکان هەبووە و جێی لەقکردوون لە نێو کۆمەڵگادا. راستە ئەم هونەرەش بە ئازادبوونی رۆژنامەگەریی و نەبوونی سانسۆر لە رادەربڕیندا زیاتر پێشدەکەوێت و پەرەدەسێنێت و کاریگەریشی زیاتر بە دەردەکەوێت.

هونەری کاریکاتێر هونەرێکی دێرینە، و چەندین تابلۆی کاریکاتێریی لە سەردەمەی فیرعەونیەکانەوە وەکو شوێنەوار بۆمان ماوەتەوە، کە باس لە ناعەدالەتی و زوڵم و ستەمی دەسەڵاتداران دەکات، لە ساڵی 1880 ەوەش بە دواوە، لە گۆڤارە هەفتانەییەکان و مانگانەییەکان بە بەردەوامی تابلۆی کاریکاتێری، بە تایبەتی کاریکاتێری سیاسی بڵاودەکرانەوە، کە ئێستا پێی دەگوترێت کاریکاتێریی رۆژنامەگەریی، بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا، لەو گۆڤارە بەناوبانگانەش گۆڤاری (Harper) و گۆڤاری (NewYork World) بوون، کە لە ساڵی 1884 کاریکاتێرێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا رەخنە لە ئاهەنگێکی نانخواردن بۆ پاڵێوراوی کۆمارییەکان (جێمس جی بلین) گیرابوو، لە کاتێکدا کە زۆرینەی گەل لە بارودۆخێکی هەژاری و بێدەرامەتیدا دەژیان، ئەو کاریکاتێرەش بووە هۆی سەرنەکەوتنی (بلین) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە پێنج رۆژ دوای بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتێرە ئەنجامدرا.
هونەری کاریکاتێری هونەری رەخنە و گاڵتەجاری و تەنزئامێزە، هونەری بەدەرخستنی دیاردە دزێو و نایاسایی و کەموکوڕی و گەندەڵی کەسایەتی و حزبی و دەزگاکانە، هونەری بنیاتنانی ڕای گشتی و رۆحیەتی رەخنەگرتنە، هونەری لابردنی رۆحی ترسە لە نێو کۆمەڵدا بەرامبەر بە بەرپرس و دەسەڵاتدران، هونەری ستایش و پیاهەڵگوتن نیە، وەکو خەڵکانێک هەن وای تێگەیشتوون، چونکە هەموو حزب و لایەن و دەزگا حکومی و نا حکومیەکان کەسانی خۆیان هەیە بۆ ئەم مەبەستە!.

کەچی بە داخەوە لەوڵاتە دواکەوتوو و نادیموکراتەکان، ئەو بوارە نەڕەخساوە بۆ برەوپێدانی ئەم هونەرە گرنگ و کاریگەرە، بە تایبەتی لە بواری رۆژنامەگەرییدا، لە وڵاتی ئێمەشدا لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991، تا ڕادەیەک رۆژنامەگەریی ئازادە، بەڵام وەکو پێویست نیە، لە رۆژنامەکاندا بە گشتی رووبەرێکی شایستە تەرخان نەکراوە بۆ کاریکاتێر و کارتۆن، و بە تایبەتی ئەوانەی بە رۆژنامەی ئازاد خۆیان لەقەڵەم دەدەن، جاری وا هەیە کاریکاتێرێکی بیانی بڵاودەکەنەوە بە دەستکارییەوە ( کە کارێکی نایاساییە)، بەڵام کاریکاتێرێک یان کارتۆنێکی خۆمانە بڵاوناکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی کە کاریکاتێریست و کارتۆنیستی چاکمان هەیە لەکوردستاندا، ئەگەر کاریکاتێرێکیش لە رۆژنامەیەکدا بڵاوبکرێتەوە، ئەوا جێگەیەکی بچوکی نا شایستەی بۆ دادەنرێت، و کاکی نەخشەساز (دیزاینەر) بۆشایی لاپەڕەیەکی رۆژنامەکە بەو کاریکاتێرە پڕدەکاتەوە، بە بێ ئەوەی حیساب بۆ گرنگی بابەتی کاریکاتێرەکە بکەن، هەندێک رۆژنامەی ئازاد رۆژنامەکانی حزبیش، بابەتی نووسراویان زۆر بەلاوە گرنگترە لە کاریکاتێرێک یان کارتۆنێک (کە لە راستیدا وانیە)، هەر کە پرسیاری ئەوەیان لێبکەیت بۆچی کاریکاتێر بڵاوناکەنەوە؟ پێت دەڵێن بابەتمان زۆرە ! ئەمەش کەلێنێکی زۆری کردۆتەوە لە رۆژنامەگەری کوردیدا و بە هۆیەکی دواکەوتنی دەژمێردرێت.

Previous
Next
Kurdish