Skip to Content

گەشەی عەقڵ و زانستی ئێوەم ناوێت، منداڵیم بدەنەوە … مامە دارا

گەشەی عەقڵ و زانستی ئێوەم ناوێت، منداڵیم بدەنەوە … مامە دارا

Closed
by شوبات 20, 2018 General, Literature

من گەورەیی و گەشەی عەقڵ و زانستی ئێوەم ناوێت! هەمویتان بەیەك رۆژ هاوڕێیەتیی مارمێلکەیەك و ئاو رۆشنکەرەوەیەکی سەر ڕوی ئاوی گەروی کانیەک لە بەڵێننامەیەکدا بۆ واژۆ دەکەم و دەتاندەمەوە!
لە منداڵیمدا کە دەچومە دەراوی کانیەکە بۆ ئەوەی دەمی جۆگەکە بکەمەوە بۆ ئاودێری بێستانە پڕ بەرهەم و بۆن و بەرامی شوتی و کاڵەك و بڕکە شەمامەکان، لەوپەڕی تینویەتی ئەو گەرمەی ژیانەدا، تا تێر سەیری پۆلی پڕ جوڵە و چالاکی ئاو رۆشنکەرەوەکانم نەکردایە، دڵم نەدەهات جوڵەی ئازادانە و پڕ کار و چالاکیان لێ تێکبدەم، تا خۆیان لایەکیان چۆڵدەکرد، ئەوکات بە ئەسپای مشتێك ئاوی سازگارم دەخواردەوە!
کە دەستم بە ئاودێری بێستانەکە دەکرد، دوای پاراوکردنی چەند دێراوێك، لە پڕ لەکاتی کردنەوەی دەمی دێراوێکدا لە بەدەمەوە هاتنی کلکی پەریوی مارمێلکەیەکی پڕ بەرائەتدا، کە بەدەمی پێمەرەکەمەوە دەقرتا، دنیای ئاخر بوونم دەبینی!.
هێشتا کلکی مارمێلکەکە زیندو بوو، پێچی دەخوارد و دەجوڵایەوە، شۆك بەریدەدام و بەدەستێکم پڕم پیاکرد و دەستێکیشم پڕکرد لە قوڕ و بەدوای مارمێلکە بریندارەکە دا دەکەوتمە ڕاکردن، بە ئومێدی ئەوەی بیگرمەوە و بەقوڕ کلکی بۆ پێوە بنێمەوە و تیماری بکەم و برێك لەتاوانەکەم کەم بکەمەوە و، داوای لێبوردنی لێبکەم!
ئەو لەترسی ترسناکی من و، لەتاو ئازاری برینەکەی دێراو بە دێراو، بن بڕک بە بن بن بڕکی بێستانەکە رایدەکرد و، منیش لەتاو ئازاری دەرون و تاوانباریم و خەمی چارەسەرکردن و کەمئەندام بوونی ئەو، بەدوایدا رامدەکرد!

سەرەنجام خۆی دەگەیاندە گیاو گژی زەبەندی تەباری جۆگەکەو، خۆی دەکرد بە کونێک دا و لە ترسناکی من ڕزگاری دەبوو، وەلێ نازانم چەند دوای ئەوە ترس و هەناوەکوتێی ڕەویەوەتەوە و توانیویەتی خۆی تیمار بکات یا هەر لەو کونە دا گیانی بێگەرد و پیرۆزی سپاردوە!

دەزانن ئەو ساڵە و تا چەند ساڵێکی دیکەش هەر دەچومە سەر بەراوەکە لەو ئارامیەی بەیانیانی دەشت و دەردا، کە هێشتا زیندەوەرەکان بێترستر لە چۆڵبونی مرۆڤ لە دێبەراکاندا ئازادانە دێن و دەچن، من بە ئەسپای چاوم دەگێڕا بزانم ئەو مارمێلکەیە بە زیندوی نابینم، کەمێك ئازاری هەست بەتاوانباریم کەم ببێتەوە؟
ئەوکاتە کە هێشتا بەتەوای نەگۆرابومە سەر جنس و وەرگرتنی زانست و هۆشیاریی و رۆشنبیریی مرۆڤ، بەو شێوەیە هەست ناسک و میهرەبان و ئاژەڵ خۆشەویست بووم!.

تا ئەو ڕۆژە و ئەو کاتەش، کە لەبەردەمی کونە تەیارەکەی لای کانی و چەم و چنارەکانی (عەلی سور) من لەملاوە سێپەرەم دەکرد بەناو قژە لول و ئاڵۆسکاوەکەمدا و کاریلە تازە فێرە لەوەڕ بوەکان، هەردوو دەستیان دەخستە سەرشانم و سێپەرەکانی ناو قژمیان دەردەهێنا و دەیانخوارد و منیش دەمگرتن و دەمگەوزاندن و سەر لوت و نێوچەوانیانم ماچ دەکرد، هەر باشبووم و هێشتا گەشەی گەورەییم نەبینی بوو!، وەلێ لەوکاتەدا دایکم هاواری کرد راکەنە کونە تەیارەکەوە تەیارە هات! ئێمەش وەك مارمێلکە بریندار و ترساوەکە خۆمان کرد بە کونەکەدا و، دایکیشم مەنجەڵە شیری سەر ئاگری ئاگردانەکەی قڵپ کردەوە بەسەر ئاگرەکەدا، تا فرۆکەوانەکە دوکەڵی ئاگرەکە نەبینێت و بۆمبارانمان نەکات، ئیدی من لەو رۆژەوە گۆرام! لە هاوڕێی مارمێلکەیەکی پڕ بەرائەت و جوانیەوە بومە مرۆڤ و هاوڕێی مرۆڤی دڕندە!. ئێستا بمبینن من چەندە گۆڕاوم، چەندە خۆمم بەجێ هێشتوە؟
ئەها منێك ساڵەها عەوداڵی دۆزینەوەی مارمێلکەیەکی کلك پەڕیو بووم ڕامدەکرد بە دوایدا، تا تیماریکەم و داوای لێخۆشبوونی لێبکەم؟

ئەو کاتانەی دڵم نەدەهات یاری ئاو رۆشنکەرەوەکانی سەر ڕووی ئاوی گەروی کانیەکە تێكبدەم بۆ ئاوخواردنەوە؟ وەلێ ئێستا بەبەرچاومەوە دار و درەخت، گوڵ و گیا، مێرو و پەلەوەرە و ئاژەڵەکانی هەموو ئەم گۆی زەویە بەبەرچاومەوە خوێنی لێدەچۆرێ و مێشك و چاوم ماندوو دەبێت لە تەماشاکردنییان، وەك فیلمێکی خوێناوی سەیری دەکەم و، هەر کە چاو و مێشكم ماندوبوو، چاو وەردەگێرم و پشتی تێدەکەم و بێ هەست و سۆز دەیدەم لە پرخەی خەو!، وەک ئەوەی نە بام دیبێ و نەبۆران، نە خوێنڕشتن و نە منداڵ کوشتن و نە برسیەکان و هاتوهاواری بەر گولە و ساروخ و بۆمبی دەستی (زاناکان) و بەرهەمی(زانست)، دەک نەفرەت لە خۆت و زانایی و زانستت، دەک نەفرەت لە گەورەیی من و دڵڕەقی ئەمڕۆم.
ئێوە ئەی مرۆڤی خاوەن گەشەی عەقڵ و بەناو زانست و هۆشیاریی، بزانن ئەگەر لەم خەوی کاولکاریە بەناو زانستیی و هۆشیاریی رانەپەرن، ئەو ملیۆنان منداڵە برسی و تینو و ڕەشوڕووتانە، مارمێلکە ئاسا پڕ بەرائەتانەی کە ئەمڕۆ لەژێر ئاگر و ئاسانی گەشەی عەقڵی مرۆڤدا شەڵاڵی خوێن دەکرێن، سبەی وەك ئێمە دەبنە مرۆڤ، دەبنە دڕندە و دڵڕەق و خوێنڕێژ.
هەر بۆیە پڕ بە دەمم ، لە کانگای دڵمەوە، هاواردەکەم و دەڵێم، منداڵیم بدەنەوە چیتان لێکرد؟! بۆ کوێتان برد؟!
منداڵیم بدەنەوە بۆ ژیان نا! بۆ پاك بونەوە لە تاوانەکانی رۆژانی دوای کونەتەیارەکە و تا ئێستام!
منداڵیم بدەنەوە من ئەم گەورە بون و گەشەی عەقڵ و زانستەم ناوێت، من دەمەوێت ببمەوە هاوڕێی مارمێلکە و ئاو رۆشنکەرەوەکانی گەروی کانیەکە!.

مامە دارا/ ١٨/٠٢/٢٠١٨
نەرویج

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish