Skip to Content

كوردی هائیم و حه‌یران -8- …. هێمن عومه‌ر خۆشناو

كوردی هائیم و حه‌یران -8- …. هێمن عومه‌ر خۆشناو

Closed
by شوبات 22, 2018 General, Literature

وەقتا كو ماڵێ تە هەیە عالەم هەموو ل پەی تەیە
تو چ بێژی گۆتنا تەیە خودادارم چ غەم دارم
پێشتر كوڕەكەی گەلەك جاران باسی بابی خۆی بۆ كردبووم، سیمایەكی ئەو لە زەینم گیر ببوو، بە تاسەوە چاوەڕێ بووم بە دیداری شاد بم. مانگێك دەبوو هاتبوو نەمزانی بوو، وەختێ چووینە زیارەتی پیاوێكی كورتیلەی ڕێش سپی هاتە بەراییمان، گەلەك كەیفی هات، منی بردە نزیك خۆی لە سەرینگانێ و بە تاسەوە پرسیاری دەكردن، هەر زوو پرس و باس هاتە سەر شاعیرانی كۆنی كورد، بە تامەزرۆییەوە دەیەویست شتێك لەبارەی شاعیرانی كۆنی باشوور بزانێ، پەلەی بوو بپرسێ چیت لا هەیە بمدەرێ. بەڵام ئاخیری ئاخێكی هەڵكێشا و گوتی چ بكەم نكارم ڕێنووسی نووسینی ئێستای باشوور بخوێنمەوە.

بەهۆی پرسیارە زۆرەكانی منەوە، باس و خواس هاتە سەر باوكی. دەم 1910 یەو ئەوسا فرمێسكەكان سەرنەبڕابوون، تۆوی سنوور نەچێنرابوو، مەلا خەلیلی كۆدی خەڵكی دەڤەری مووشی باكوور، بۆ خوێندن دێتە بادینان و لە دەوروبەری دهۆك دەگیرسێتەوە. چەند ساڵێك لەوێ دەبێ و خەڵك زۆریان دەكەوێتە بەر دڵ و لێی دەكەونە تكا و ڕەجا كە بمێنێتەوە، ئەویش تاقە فرمێسكێكی هەر لە “موش” بەجێماوە و سەرو حەدی شەڕی عرووسانیشە، ئەوەندەی دەكا ناتوانێ ئەو بڕیارە بدات و تا هەتا لە كەس و كارەكەی داببڕێ، بۆیە بە فرمێسكەوە خواحافیزی لە خەڵكی دهۆك دەكات و بەرەو مووش و گوندی كۆدێ دەگەڕێتەوە.
مەلا خەلیل دیوانێكی چاپنەكراوی هەیە و چەندین حاشیەی لەسەر كتێبە كۆنەكان نووسیوە و منداڵ و نەوەكانیشی ئێستا چرایەكی ڕۆشنی زانست زانیارین لە باكوور.

مەلا عەبدولهادی كۆدی زۆری باسی باوكی خۆی بۆ كردم، دەفتەرێكی لە باخەڵی دەرهێنا و دەیان شیعری خۆی و باپیر و باب و كاكی خۆی تێدا نووسیبوونەوە و حەزی دەكرد یەك یەكم بۆ بخوێنێتەوە. ئەو وەك خۆی باسی كرد ئەمساڵ بێتەوە دەبێتە هەشتاو یەك ساڵ، خاوەنی زەینێكی ڕۆن و ساف بوو، فرمێسكە سەربڕدراوەكانی ڕابردووی هەموو لەبیر مابوو، زۆرموشتاق بوو هەمووان هەڵڕێژی، ئەو وێڕای ئەوەی لەلای باوك و برایەكی خۆی “كە ئێستا تەمەنی 92 ساڵە” خوێندووە، بەڵام بەو تەمەنە پیرییەوە و لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا ئیجازەی زانستی وەرگرتووە.
لەناو ئەو بارودۆخەی ئێستای توركیادا مەلا عەبدولهادی گەلەكی خەم هەن، دەتگوت كانووی خەمانە، بە تاسەوە دەیەویست بە بایان بكات، لەناو سارد و سڕی و بەفر و بەستەڵەكی مەعنەویی ئەمڕۆی باكووردا، ئەو بە هەناسەیەكی گەرمەوە دەپەیڤی، لێ ئاهی ساردی لەناو هەستی كرمانجانەدا وەها ئاوێتە ببوو، ئەو ڕووخسارە نوورینییەی ڕادەگرت و بە هەستێكی نیگەرانی و غەمبارییەوە ئاوازی هەلبەستەكانی دەهێنا و دەبرد، مرۆ بە خۆی نەبوو دەكەوتە حالەتێكی تایبەتەوە.

بەر لەوەی دوعاخوازیی لێ بكەین، ئەو وه‌ك هه‌موو كوردێكی هائیم و حه‌یران ئاواتێكی هەبوو بە قوڕگی پڕ لە هەنسك و بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە دەریبڕی، ئەز وەها دفكریم كە ئەو فرمێسكانە هەمان فرمێسكی سەد ساڵ لەمەوبەری مەلا خەلیلی باوكن، بەڵام ئەمجارە لە ڕەوشێكی دی و پاش سەد ساڵ فرمێسكەكان هەر سەربڕدراون و هەنسكەكانیش هەر ئاهی سەردیان بەسەردادەكرێ و چاویش هەر دوور دوور لە ئاسۆ دەڕوانێ.

Previous
Next
Kurdish