Skip to Content

کتێبی (مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆل) و چەند سەرنجێک! … نووسینی: ڕێبوار عارف

کتێبی (مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆل) و چەند سەرنجێک! … نووسینی: ڕێبوار عارف

Closed
by شوبات 22, 2018 General, Opinion

ساڵی ڕابردو هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد کتێبێکی بەناوی (مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆل) لە دوو بەرگدا بە قەبارەی 791 لاپەڕەدا بڵاوکردەوە. ئەم کتێبە وەک لەناوەکەیدا دیارە بەشێکە لەمێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان و عیراقدا. تا ئەوشوێنەی من ئاگاداربم بەداخەوە هیچ بەدواچونێک لەسەر ئەم کتێبە نەکراوە. جێگەی خۆیەتی بەتایبەت هەڵسوڕاوانێک کە لەم مێژووەدا هاورێ وهاوخەبات بوون، ڕوانگەو بۆچوونی خۆیان لەسەر کۆی ئەم باسە بەیان بکەن. نەتەنیا لەبەر بۆچوون و لێکدانەوەکەی هاورێ ڕێبوار بەڵکو لەڕاستیدا بەهۆی ئەرکێک کە ئەوان لە ئەستۆیان گرتبوو، بەهۆی ئەوەوە کە بەشێک لەم ڕەخنانە بەرۆکی یەک بەیەکی بەشداربووانی ئەو مێژووە دەگرێت، کە ئێستە پاش تیپەڕبوونی نزیک بە ساڵێک هێشتا بێدەنگن لەبەرامبەر بەم دەستپێشخەریەی هاورێ ڕێبوار، کە لەپەیوەند بە مێژووی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستان و عیراقدا ئەنجامیداوە!
بۆیە من وەک هەرکەسێک کە لە گۆشەیەکی ئەم مێژووەدا بەشداری کردبێت حەزدەکەم ئەوەبڵێم لەنیگای یەکەمی ئەم کتێبەو چاوگێرانێکی خێرا بەسەر تایتڵ وناونیشانی باسەکاندا پەلکێشی کردم بەدوای خۆیدا؛ چ بەومانایەی کەبەداخەوە دەستبردن بۆ ئەرگیومەنت کردنی مێژووی ئەم بزوتنەوەیە کەمترین کاری لەسەرکراوەو چ بەومانایەی کە نووسەر یەکێک لەو کەسایەتیانەیە کە لەو مێژووەدا دەورێکی بەرچاوی هەبووە. وەپێموایە ئەگەر بۆهەر خوێنەرێکی ئاسایی ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی سودمەند بێت بۆ ئاشنابوون بە بەشێک لە مێژووی بزوتنەوەی سۆشیالیستی؛ ئەوا بۆ کەسانێکی کۆمۆنیست و بەتایبەت بۆ هاورێیانێک کەخۆیان لەم مێژووەدا بەشداربوون، ئەوە ئیتر جۆرێک لە بەرپرسیاریەتییە چونکە ئەم مێژووە بەتاڵ وشیرینیەوە لە ئەستۆی ئەوانیشدایەو چاوەڕوان دەکرێ هەنگاو بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم باسە کە زۆربەی بەرهەمی خەباتی هاوبەشی زیاتر لە 40 ساڵی بەشێک لە پێشڕەوترین ئینسانەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە!

بۆیە لێرەشدا وەک هەرکەسیکیتر، منیش پاش خوێندنەوەی هەردوو بەشی کتیبەکە هەڵوێستەیەکم لەسەر چەند تەوەرێکی نووسینەکە بە پێویست زانی؛ کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکیشم.

چەند تێبینیەکی گرنگ و سەرەتایی

یەکەم/ سەرەتا ئەوە بڵێم تاکاتی بەر لەدامەزراندنی حزب، من (ڕیبوار عارف) ئەندام وهەڵسوڕاوی هیچکام لەو گروپانە نەبووم کەخۆیان لە بازنەی مارکسیزمی شۆرشگێردا ناساندبوو. بەڵکو لەسەرەتای ساڵی 1986دا چومە ناو کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە، تاکاتی هاتنم بۆ فینلاند لەسەرەتای سالی 1990دا هەر لەریزەکانی ئەو حزبەدا مامەوە، داواتریش لە پیکهینانی فراکسیۆنی’’ک ک’’و پێکهێنانی (حککا)دا تا چەند ساڵێک مامەوە. بۆیە ئەگەر قسەیەکم هەبێت لەپەیوەند بەو مێژووە، ئەوا زیاتر پاش پێکهێنانی حزب و هەڵسوڕانی کۆمۆنیزمی کریکارییە لەهەندەران. هاوکات ئاوڕدانەوەیەکیش لە دیاردەی چونە ناو کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیستی ئیران؛ چونکە نووسەر کەمترین تیشکی خستووەتە سەر ئەم بابەتە. ئەمەش لەوشوێنەدا کەقسە لەسەر مێژووی بزوتنەوەیەکی سیاسیە، بازدان بەسەر وەها دیاردەیەکدا تەنیا لاوازیەک نابێت لە نووسینەوەی ئەو مێژووەدا بەڵکو ناهەقیەکیشە لەخەبات وقوربانیەکانی ژمارەیەک لە خاراترین کەسایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە، کە دەکرێت بڵێین یەکەمین دەستەی ئەو کۆمۆنیستە ئەنترناسیونالیستانە بوون کە لە جغرافیای سیاسی وڵاتێکی تر گیانیان دەستداو خەباتیان کرد. بەتایبەت ئەمە لەکاتێکدا گرنگی و مانایەکی زۆر زیاتر نیشان دەدات کە دەتوانم بڵێم بەشێوەیەکی گشتی یەک بەیەکی ئەو هاورێیانەی کە لەڕیزەکانی کۆمەڵەشدا گیانیان لەدەستدا، یەکێک لەخەون و ئارەزوەکانیان پێکهێنانی حزبێکی کۆمۆنیستی بوو کە تێیدا درێژە بەخەباتی سیاسیان بدەن لە کوردستان وعێراقدا بەگشتی.*1 ئەمە جگە لەوەی کە لەڕاستیدا ئەو ژمارە بەرچاوەی لە کەسایەتیە کۆمۆنیستەکان کە چۆنە نێو حزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە چ لەڕووی بلوغی سیاسیەوەو چ لەڕووی فراوانی ڕێژەیانەوە لە نێو کۆمەڵەدا، کەمتر نەبوون لە هیچ کام لە دەستەو گروپەکانی ئەو میژووەی کە هاورێ ریبوار 800 لاپەرەی لەسەر دەنووسێت. هەربۆیە بە گرنگم زانی فۆکۆسێکی زیاتر بکەم لەسەر ئەم بەشەی باسەکە وەک یەکێک لەو ئیزگانەی کە لەم کتێبەدا زۆر لاوەکی ئاماژەیەکی پێکراوە!

دووهەم/ کاتێک باس لەمێژووی بزوتنەوەیەکی سیاسی دەکەین، واتە باس لە کۆی لایەنە جیاوازو جۆربەجۆرەکانی دەکەین. لەگەڵ گێرانەوەی ڕووداوەکانداو لەپاڵ پاراستنی ئەمانەتی باسەکاندا، شەنوکەوکردنی قۆناغ بەقۆناغی ئەم مێژووە دەبێتە ئەرک و نەریتێکی شۆڕشگێرانە. بۆیە هاوکات بەشێوەیەکی تۆکمە دەبێت بە ووردی تاوتوێی هەردوو دیوی ئەرینی و نەرینی ئەو مێژووە بکرێت. هەرچەند هاوڕێ ڕێبوار لەچەند شوێنێکدا بەم کارە هەستاوە، بەڵام لە ئاستی ێیویستدا نەبووە. بەتایبەت لەکاتێکدا کە نووسەر پاش پێکهینانی حزب لەو میژووەدا کەسایەتی یەکەم ودووەمی رابەری حزب بووەو بەوردی ئاگاداری هەموو کاروباری ئورگانە حزبی و جانبیەکانی ئەو مێژووەیە. جگە لەمەش بەڕاستی ئاوڕدانەوە لەو مێژووە، لەڕوویەکی تریشەوە ئەو چاوەروانیە دێنێتە گۆڕێ کە باس وبابەتەکانی ئەوەمان پێبڵێت کە ئاخۆ وانەو ئەزمونەکانی مێژووی ئەم بزوتنەوەیە کامانەن کە جاریکتر لە خۆبنیادنانەوەنەدا بکەینە ماتریالی هەنگاونان بۆ پێشەوە، تابتوانین ئایندەیەکی گەشەو شایستە بە مێژووی کۆمۆنیستەکانی لەسەر بنیادبنین!

لەم بارەوە جێگەی خۆیەتی ڕۆشنتر چەند خاڵ بخەینە ڕوو. هاوڕێیانێک کە کتێبەکەی رێبوار ئەحمەدیان خویندوەتەوە ئەوە بە ڕۆشنی دەبینن کە نووسەر بە ووردی هاتووتە سەر ئەو دیاردە دزیوەی کە بەراستی زیانێکی زۆر گەورەی دابوو لە حزب و بزوتنەوەکەی، کە سیکتاریزم و کاریگەرییە زیانبارەکانیەتی، لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کۆرو کۆمەڵ و ڕێکخراوەکانی بەرلە دروست بوونی حزب و تەنانەت پاش دروستکردنی حزبیش. بەڵام ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی سەرنج بوو باسکردنە لە دە ساڵی تەمەنی حزب، بەبێ ئەوەی وەڵام بەو پرسیارە سەرەکیە بداتەوە کە ئایا کامە بوو جێگەو ڕێگەی ڕابەری حزب ئایا باسکردن لە جێگەو ڕێگەی ڕابەری حزب بۆ نەبووە یەکێکیتر لە قوڵترین و کاراترین تەوەرەکانی باس و بەدواچوونەکانی هاورێ رێبوار و رەخنەیەکی کۆنکرێت کە لەوبارەوە هەیەتی. پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆ رابەرانی حزبی ئێمە نەیتوانی وەک رابەرانیکی کۆمۆنیست بەپانتای کۆمەڵگە کوردستاندا جێبکەوێت؟! لەکاتیکدا ئەگەر وەک وەبیرهێنانەوەیەک ئاماژە بە پرسیارێکی سەرەکی زیندەیاد مەنسوری حکیمەت بکەین کە لەساڵی 1999دا لە نامەیەکدا *2 بۆ هاورێ رێبواری نارد، کە بەبروای من جەوهەری ئەو نامەیە تائێستەش وەک خۆی ماوەتەوە، لەمانەش بەدەر ناتوانین باس لە میژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بکەین، بەبێ دیاریکردنی جێگەوڕێگەی ڕابەریەکەی، چونکە سەرئەنجام لەهەموو بزوتنەوەیەکدا ئەوە رابەریەکەیەتی کە بەرپرسیاریەتیە مێژوویەکەی لەسەر شانەو کاریگەری چارەنووسازی دەبێت لە ئاراستەی ئەو بزوتنەوەیە!

بەهەرحاڵ دیارە باس و بابەتگەلی گرنگی تریش هەیە کە زۆر بایەخێکی ئەوتۆیان پێنەدراوە، بەتایبەت ئەو مەیدانانەی کە لەقۆناغیکدا حزب و بزوتنەوەکەی ئێمە پێ دەناسرایەوە، لەنێویشیاندا بزوتنەوەی ژنان، کە سەرباری بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی هەڵسوراو کاراو پێشرەو هەروەها خاوەنی ریکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پاریزگاریکردنی ژنان بوو. یان لەلایەکی تریشەوە کەم ڕەنگی و کەم دەنگی بزوتنەوەی کریکاریی کوردستان بەگشتی و ئاستی پەیوەندی نێوان حزب و ئەم بزوتنەوەیە چۆن بوو… میکانیزمەکانی بزوتنەوەی کرێکاری چی بوون….؟ کە دیارە مەبەست لە ئاماژەکردن بەم دوو بزوتنەوەیە ئەوە نییە بڵێین کەهیچ کاریکی لەسەر نەکراوە. بەڵام لەبەرامبەر بەچارەنووسازبوونی ئەم دوو بزوتنەوەیە بۆ حکک و ئەوەی کە خراوەتە روو دیسان زۆر لاوەکییە. ئاخر ناکرێت تەنیا حەجم و قەبارەی پرسیارو دەخالەتی هاورێیانێک لە (خولی کادرانی مارکس)کرا چەند بەرامبەر زیاتر بێت بە کۆی ئەو باسانەی کە لەسەر کارو چارەنووسی ئەم دوو بزوتنەوەیە کراوە. یان زۆر لە باس و بریارنامەکانی کۆی ئەو کۆنگرانە زیاتر بێت کە لەم حزبەدا ئەنجامدراوە. بەهەرحاڵ جێگەی خۆیەتی هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی ئەم دوو بوارە لە ئایندەدا بەوردبینیەکی شایستەوە لەم بارەوە بەدواچوون و لێکدانەوەی خۆیان لەوبارەوە بخەنەروو!

سێهەم / تێبینیەکی ترم لەسەر کۆی نووسینی ئەم کتیبەیە وەک بابەتگەلێکی مێژووی، کە بەبروای من دوو مەسەلە زۆر گرنگە سەرنجیان بدەین. یەکەم/ ئەوەی بۆ بەدواچوون و لێکوڵینەوە لە مێژووی بزوتنەوەیەکی دیاریکراو کەخاوەن رابردویەکی دەیان ساڵەیەو دەیان گۆڤارو ڕۆژنامەو نووسین و سەدان تێکوشەرو چەندین ئورگانی بووە، بۆ قسەکردن لەو مێژووە دەکرا زۆر زیاتر لەوەی کە کراوە، پشت بەستوبێت بە ئەرگیومەنت و سەرچاوەی دیاریکراو، کە هاورێ ریبوار زیاتر سوودی لە گیرانەوەی شفاهی یان نووسینەکانی خۆی وەرگرتووەو بەرهەمەکەی لەگەلێک مێژووی تۆمارکراو بێ بەشکردوە. ئاخر وەک چۆن گرنگترین سەرچاوەی گەشەی مرۆڤ یەکسانە بە گەشەی هێزی بەرهەمهێنان. بەهەمان شێوە سەرەکیترین بنەمای زانستیانەی ناسینەوەی مێژووی هەر بزوتنەوەیەکیش بریتییە لەپشت بەستن بە ئارگومینت گەلێک کە دەکرێت وەک سەرچاوەو فهرست ڕەقەم لێدەن. ئەگەرچی وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد لەم نووسینەدا لە هەندێک شوێندا سوود لە وێنەو هەندێک بەڵگەنامە وەرگیراوە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر بێ زەوقانە ئەنجامدراوە؛ کەڕەنگە بەشێکی ئەم کارە بکەوێتە سەر جۆری دیزاینکردنی کتیبەکە.

چوارەم/ لە کتێبی مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆل، بەرلەهەرشتێک گێرانەوەو لێکدانەوەیەکە لەسەر مێژووی بزوتنەوەیەک کە خاوەنی دەیان کەسایەتی دیارو بەرجەستەیە، بەڵام ئەگەر نەوەکانی پاش ئێمە، یان کەسانێک دەست بدەنە ئەم کتێبە بەهەر ڕادەیەک بە باسەکانیش ئاشنابن، ئەوا هێشتا بە بکەرەکانی پشت ئەم مێژووە ئاشنا نین و نازانن کێن ئەوانەی کەئەم مێژووەیان خوڵقاندوە… ئەوە بەس نییە کە بۆ گێرانەوەی مێژوویەکی دورودرێژ تۆ چەند لێدوان و پەرگرافێک لە ژمارەیەک لەو بکەرانە وەرگریت، ئەویش لە ئاستێکی زۆر بەرتەسکداو لێرەوە بچین بۆ ناسینی کەس و کەسایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە لایەنی کەم لە ئاستی رابەریدا. بەبروای من جێگەی میتۆدییک لەم نووسینەدا خاڵی بووە کە کاتێک پراجکتۆر لەسەر هەر سیمایەک ڕادەگرێت پێمان بڵیت کە ئەم کەسایەتیە کێیە؟! زۆر گرنگە راوەستانمان لەسەر هەر بکەرێکی دیاری ئەم بزوتنەوەیە دەریچیەکیش بێت بۆ ناسینی خۆی. واتە ناسینی کەسایەتیان، توانایان، هیژمۆنیان، تایبەتمەندی سیاسی بوونیان، ئاستی رابەریەتیان بەمانا سیاسیەکەی، جەسارەت و دەخالەتگەری سیاسیان، تیژبینیان،… گەلێک مەسەلەی تر کە بۆ کەسێک پاش چەند دەهەیە کە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە زۆر گرنگە باکگراوندو کەسایەتی و کارکتەرە دیارەکانی ئەم بزوتنەوەیە بناسێت و بەجۆریک ببینێتەوە. لەراستیدا نەک هەر ئەمانە زۆر گرنگە بۆ گێرانەوەی مێژوو، بەڵکو تەنانەت ئاماژەکردن بە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتیەکان و زەوق و سەلیقەو ئارەزوەکانی ئەم ئینسانانە گرنگەو لای خوێنەری خۆی مانا پەیدا دەکات. کە بەداخەوە لە نووسینەوەی ئەم کتێبەدا وەها میتۆدێک جێگەی خاڵییە. ئێستە با ئیتر بێنەوە سەر چەند لایەنیکی تری کتێبی(( مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆل)).
ئاوڕدانەوەیەک لە دیاردەی چوونە ناو کۆمەڵە – حزبی کۆمۆنیستی ئێران!

لەجەرگەی ڕاپەرین وشۆڕشی خەڵکی ئێراندا لە دەورانێکدا کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان وەک ڕێکخراوێکی چەپ لە سالانی 1983 لەگەڵ یەکیتی خەباتکارانی کۆمۆنیست وچەند رێکخراوێکی تردا حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان پێکهێنا. دواتر لە ترۆپکی ڕاوەستانەوەو درێژەدان بە شوڕش دژ بەحکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران، وەک ڕێکخراوێکی چەپ و ڕادیکاڵ دەورێکی کاراو بەرچاویان هەبوو، بەجۆرێک لە کۆمەڵگەی کوردستاندا پەلوپۆی زۆر فرانبووەو بەخێرایەکی باوەڕنەکراو ئەم حزبە دەبێتە جەمسەری بەرەی چەپ و ڕادیکاڵی کۆمەڵگەی ئیران و لەهەوڵێکی زۆردا دەبن بۆ درێژەپێدان بەخەباتی چەکدارانە دژ بەسەرکوتگەری حکومەتی ئیسلامی ئێران…تاسەرئەنجام ناچار دەبن پاش گرتنەوەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان، دواتر بنکەو بارەگاکانیان بەتەواوی بهێنە ناوچە سنوریەکانی کوردستانی عێراق و دواتریش پاش بەرقەرارکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق، لەوسەردەمە بەدوا کۆمەڵە بە شێوەیەکی فەرمی هێزەکانی خۆیان لە بنکەو ئوردوگاکانی ناوچە سنوریەکاندا جێگیر دەکەن و درێژە بە خەباتی سیاسی و چەکداری خۆیان دەدەن!
بەڵام پاشەکشەی کۆمەڵە لە شارو ناوچەکانی کوردستان وئێراندا، سەرباری گەلێک بەربەست و ڕێگری، نەیتوانی ببێتە هۆی دابڕان لە خەبات وتێکۆشانی ڕۆژانەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش لە ناوخۆی ئێران و کوردستانیشدا. بەدەر لە دەورو دەخالەتگەری سیاسی تەشکیلاتەکانی ناوخۆی کوردستان و ئێران، هاوکات بەهۆی بوونی بەرنامەکانی رادیو دەنگی شۆڕشی ئێران وبڵاوکراوەو کاروباری راگەیاندنیانەوە توانیان لەلایەک پێگەی خۆیان بەهێز بکەن و لەلایەکی تریشەوە لەئاستێکی باڵادا ئاسۆ و ئامانجی سوشیالیستی خۆیان لەو ڕێگەیەوە لە نێوخۆی ئێراندا تەرویج و تەبلیغ بکەن. کە لەڕاستیدا بەشێکی زۆر لەهەمان ئەو بەرنامە ڕادیویانەو کۆی ئەدەبیاتی سیاسی لەو قوناغەدا خۆبەخۆ کاریگەریەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر هەموو کۆڕو کۆمەڵە چەپ و رادیکاڵەکانی ئەو سەردەمی کوردستانی عێراق؛ ڕۆژ بەرۆژ پێگەی کومەڵەو حزبی کۆمۆنسیت لە نێو خەڵکی چەپ و ڕادیکاڵ وکرێکارو زەحمتکێشانی ناچەکەدا بەهێزتر دەبوو. تا وای لێهات کە پەیوەندی وهاتوچۆیەکی زۆر لەنێوان خەڵکانی چەپ وکۆمۆنیستی ئەو قۆناغە لەگەڵ ئەم حزبەدا فراوان بوەوە. سەرئەنجام ئەم پەیوەندیانە دەورێکی باڵایان هەبوو لەهاوکاری وشکڵپێدان وئاراستەکردنی زۆرێک لەکۆرو کۆمەڵەکانی ئەو قۆناغەی کە زیاتر بە قۆناغی مارکسیزمی شۆرشگێر دەناسرێت.

بەڵام ئەو کاریگەرییە تەنیا بەوەوە نەوەستایەوە کە کۆمەک بە شکڵگرتنی ژمارەیەک مەحافلی سیاسی بکات لەو سەردەمەدا. بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لەو کەسە چەپ و رادیکاڵانەی کە بەهۆی لاوازی دەوری ئەو گروپانە کە لە ئاست بەرپرسیاریەتی ئەو قۆناغەدا نەبوون لە کوردستاندا. بۆیە نەیاندەتوانی و نەیاندەویست ڕیشی خۆیان بدەنە دەست ئەم مەحفەلانە. بۆیە هەوڵیاندا ڕاستەوخۆ خەباتی خۆیان لەنێو ڕیزەکانی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیستی ئێراندا درێژە پێبدەن. بەتایبەت ئەمە لە سەردەمانی ڕێکەوتنی’’میری و یەکیتی نیشتمان’’دا بەهۆی نائومیدبوونی خەڵک بەو بارودۆخەو هاوکات ڕەنجبردن لە بێ بەدیلی و نەبوونی هیچ حزب و کۆرو کۆمەڵێک کە بتوانن بڕواو متمانەی خۆیانی بدەنە دەست، ئیتر ڕۆژ بەڕۆژ ئەم ڕوهێنان بۆ ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە زیاتر دەبوو !

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لەنێو ئەو کەسانەی کە ڕوویان دەکردە کۆمەڵە دوو ئاڕاستەی سەرەکی جیاوازیان هەبوو، ئاراستەیەک لەوکەسانە پێکدەهاتن کە دەهاتنە نێو کۆمەڵەو ماوەی چەند مانگێک لەنیو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا دەمانەوەو دەوریەکی سیاسیان دەبینی وپاشان دەگەڕانەوە نێو دەستەکانی ئەوکاتەو کاری خۆیان درێژەپێدەدا. ئاڕاستەیەکیشان هیچ ئومێدێکیان بەو کۆرو کۆمەڵانە نەبوو وە پێیان وانەبوو کە ئەمانە بلوغی سیاسیان گەشتبێتە ئەو ئاستەی کە بەدەرکێکی دروستی مارکسیستیانەوە بتوانن دەخالەتگەریەکی کاریگەری سیاسیان هەبێت لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان وکارێکی ئەوتۆ ئەنجام بدەن. بۆیە وەک هەر ئنیسانێکی مارکسیست وئەنترناسیونالیست دەیانوویست بەشێوەیەکی ئاسایی درێژە بە هەڵسوڕانی خەباتی سیاسی خۆیان بدەن لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست ئێراندا. کە بەداخەوە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسایەتیانە لە گۆڕەپانی خەباتدا گیانیان لەدەستداو بۆهەمیشە جێیان هێشتین. هاوکات ناکرێ ئاماژەیەک بەوەش نەکەین کەلەپاڵ ئەو دوو ئاراستەیەشدا کەسانیکیش بەدی دەکران، کەبەهۆی شەڕی ئێران وعێراقەوە کۆمەڵەیان بە پەناگەیەکی گونجاو دەبینیەوە کەتێیدا هەم ژیانی خۆیان بپارێزن وهەم قیافەیەکی شۆرشگێرانەش لەخۆیان نیشان بدەن.

دۆخی کۆمۆنیستە عێراقیەکانی نێو کۆمەڵە

جێگەی خۆیەتی لێرەدا هەڵوێستەیەک لەسەر ئەو بەشەیان بکەین کە لەڕیزەکانی کۆمەڵەدا بەشێوەیەکی پەیگیرانە درێژەیان بەخەباتدا کە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گیروگرفتی سیاسی وعەمەلی بوونەوە، بەهۆی بوونی مەیلێکی دواکەوتوانەو لۆکالی نێو کۆمەڵەوە. ئەم مەیلە گوشارێکی زۆریان دەهێنا کە لە شێوازی جۆراوجۆردا خۆی دەنواند لە شۆخی ڕۆژانەوە تا جدیەتی کاری سیاسی ئەم گۆشارە لە پەلاماردانی خۆیدابوو… هەڵبەتە بەشێک لە هۆکاری ئەو شێوازە مامەڵەیە بەڕۆشنی لەئاستی ڕابەری کۆمەڵەدا بە بەهانەی جیاوازەوە خۆی نیشان دەدا. کار بەوە گەشتبوو کە بەشێک لەو هاورێیانەی کە دەهاتنە نێو کۆمەڵە بۆ بینینی دەورەیەک و تێگەشتنێکی باشتر لە باسەکانی مارکسیزمی شۆرشگێر، بۆ ئەو بەشە حەل نەدەبوو، ئەمەیان کردبووە بەهانەیەکی گشتی و بەردەوام تانەو تەشەریان بە دەوری خۆیاندا دەبەخشیەوە، تانەی ترسنۆکی و ڕۆشنفکری دەستوپێ سپێتی، کتێبی، راحەت تەڵەب،… ببووە بەشێک لە ’’مامەڵەی سیاسی’’ ئەوکەسانەو کار گەشتبوو بەشوێنێک کە ’’عیراقی’’ بوونی ئێمە کرابووە پێوانەی ڕێگرتن لەبەردەم بە ئەندام بوونمان لە نێو ریزەکانی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیستدا. ئەم دۆخە بەوشوێنە گەیشت کە سەرئەنجام بە شێوەیەکی فەرمی بریاردرا کەهەموو عێراقیەکان دەبێت بچنە نێو ئەو دەستەو پەل و یەکانەی کە دەچنەوە ناوچەکانی کوردستانی ئیران. لە ڕاستیدا کاریگەری ئەو دۆخە وەبیرهێنەرەوەی دەورانێکی سەخت و پڕ ئازارە، کار بەشوێنێک گەشت کە ئەندام بوونی ئێمە لە نێو کۆمەڵەدا ببووە مەسەلەو بە شێوەیەکی فەرمی لە قاعیدەوە تا قیادە قسەی لەسەر دەکردو جێگەی تیارامان بوو. کە دیارە هاوکات ژمارەیەکی بەرچاو لە هاورێیان بەپێچەوانەوە بیریان دەکردەوە لەڕاوەستانەوەیەکی لێبراوانەدا بوون لەگەڵ ئەو مەیلە دواکەوتوانەی کە لەو بارودۆخەدا کاریگەریەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر دواخستنی ئەندامیەتی ژمارەیەک لە هاورێیانێکی پەیگیرو خاوەن باوەردا.

نموونەیەکی بەرچاوی ئەم حاڵەتە، وەڵامدانەوەی دووهەم جاری کۆمیسۆنی ئەندامیەتی کۆمەڵە بوو بە ئەندامیەتی من ’’ریبوار عارف’’ کە بە ئاشکراو بێ شاردنەوە بەم جۆرە وەڵامی دەدرێتەوە:’’.. کۆمیسیونی ئەندامیەتی لەبەرواری 9.1.1367 ئەندامیەتی ئێوەی تاوتوێ کرد، وە لەبارەی بەئەندام بوونی تۆوە مخالەفەتی کرد… هۆکاری مخالەفەتی کۆمیسیۆنی ئەندامیەتیت، پەیوەندییەکانی تۆیە بە ڕێکخراوە عێراقیەکانەوە…’’ * 3 بێگۆمان لە وەڵامی ئەم نامەیەکدا، بەتوندی بەرخوردم کرد بەم بریارەو ئەم هەڵوێستەی کۆمیسیونی ئەندامیەتی بە تۆمەت وئیتهام لە قەڵەمداو داواکاری پێداچوونەوە بە داخوازیەکە بووین، ئەوەبوو دوای دوو مانگ ئەندامەتیمان پەسەندکرا.

جێگەی خۆیەتی مەسەلەیەکی پەیوەندیدار بەم باسەوە بخەینە روو تا کەمێک بابەتەکە رۆشنتربێتەوە. لە ساڵی 1987 هاوڕێ عومەری ئیلخانی زادە کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بوو بەرپرسیاریەتی کاروباری دەبیرخانەی کۆمەڵەی لە ئەستۆدا بوو. بۆ بەدواچوونێکی تایبەت پەیامێکی نارد بۆ ناوچەی گوردانی سەردەشت و داوای کردبوو کە من’’ریبوار عارف’’ بچم بۆلای. کاتێک کە گەشتمە ئەوەی پاش ئەحواڵ پرسین لە یەکەمین دەربریندا وتی: هاورێ رێبوار تۆ تەسەور دەکەیت کە ئێمە حەزنەکەین لە بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێراقدا دەخالەت بکەین و هاوکارو هاوخەباتی لەگەڵ چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێرە بکەین …؟’’ پرسیارەکە زۆر جێگەی تیاڕامان بوو، مەسەلە چییەو بۆ ئەم قسەیە دەکرێت. منیش وتم هاورێ عومەر تێناگەم مەبەستت چییە لەم قسانە بەیارمەتی ڕۆشنتر پێم بڵێ مەسەلە چیە…؟ لە وەڵامدا وتی: بەڵی مەبەستم ئەوەیە کە ئێوە لە نێو کۆمەڵەدا خەریکی خۆئامادەکردن و پەیوەندیکردنن بە کۆمۆنسیتەکانی کوردستان و مەحافلەکانەوە… لە وەڵامدا وتم ئەمەی کە دەیڵێیت زۆرمانابەخشە، قسەیەکی بەم شێوە بەبێ بەڵگە و سەلماندن دەکەوێتە خانەی ئیتهامەوە، کە هیوادارنیم پەنا بۆ ئەو ڕێگە بەرن… وتی: بەڵی بەڵگەکە ئەوەیە کە تۆ لەلایەن کۆمۆنیستەکانی شارەوە نامەت بۆ هاتووەتە مەقەری کۆمەڵە لە ڕانیە… وتم: من بەهیچ جۆرێک پەیوەندیم نییە بەهیچ کام لەو محافلانەوەو قسیەکی وا هیچ بنەمایەکی نیە… ئەویش دەستی بردو نامەیەکی لەژێر دۆشەگەکە دەرهێناو بەکراوەی دایە دەستم… منیش وتم هاورێ عومەر ئەمە چییە، وتی نامەکەی تۆیە کە ئێمە دەڵین پەیوەندیت بە… وتم ئەگەر نامەی منە ئەی چۆنە بەبێ پرسیارکردن لەخۆم و هیچ ئێجازە وەرگرتنێک بۆ کردنەوەی، ئەم نامەیە بە کراوەی دەدەنە دەستم؟! ئایا ئەمە پێچەوانەی موازن و ئەساسنامەی کۆمەڵە نییە کەدەڵێت، ئەموال و شتومەکی هەر کەسێک دەبێت پارێزراو بێت و ڕێگە پێدارونییە کەلوپەلی هیچ کەسێک بە بەبێ ئاگاداری خۆی چەیک بکرێت… ئەم قسەیە هاوکیشەکەی زۆر گۆڕی و لەوەڵامدا عومەری ئیلخانی زادە وتی نا ئەوەندە دوور مەڕۆ ئەگەر ئەمەش نەبێت ئێمە دەزانین ئێوە هەر پەیوەندیتان هەیە… وتم کە دەڵێن ئێوە مەبەستان لە کێی ترە، وتی بەتایبەت تۆ و هاورێ حەسەن ’’نوری کریم’’ بەهەرحاڵ ئاراستەی باسەکە زۆر گۆڕاو هاورێ عومەر کەوتە دۆخێکی زۆرچاوەروان نەکراوی بەرگریکردنەوە… دواتر من شکاتم لە عومەری ئیلخانی زادە کرد وەک بەرپرسی دەبیرخانە، بەڵام ئەو قەرزە تائێستەش هەر نەدراوەتەوە … کە ئەمە تەنیا نموونەیەکی زۆر بچکۆلە بوو لەسەر ئەو گوشارەی کە لەسەر ئەو هەڵسوڕاوانە بوو کە لە نێو کۆمەڵەدا لەسەرمان بوو. وەک ئەرکێکی مێژوویی جێگەی خۆیەتی چ وەک ئاشنابوون بە ناوی کۆمەڵێک لەو هاورێیانەی کە لەو چەند ساڵەدا لە نێو کۆمەڵەدا بوون ئاماژەیەکی سەرپێی بەبەشێک لەناوی ئەو هاورێ کۆمۆنیستانە بکەین کە هاورێ رێبوار بە ڕستەیەک بازی داوە بەسەریاندا. کە دیارە ئەم کارە لەڕووی مێژوویەوە گرنگی خۆی هەیەو دەکرا ڕاوەستانێکی زیاترو وردتری لە مبارەوە بکردایە هەرنەبێت وەک ئەو دەیان کادرەی کەلێرەو لەوێ بۆ سەلماندنی باسەکانی بەدروست قسەی لێ وەرگرتوون و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکردنایە… !
لەوەرنەگرتنی عێراقیەکانەوە تا بڕیاری ناردنە دەرەوەیان.

دوا بەدوای هەڵسپاردنی ڕێکەوتنەکەی’’ میری و یەکیەتی’’ ئیتر شەپۆلی ڕووکردنە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە بەرادەیەک لە پەرەسەندنا بوو کە حکومەتی عێراقی بەفەرمی ڕابەری کۆمەڵەی لە وەرنەگرتنی هیچ عیراقیەک ئاگادارکردەوە. بۆیە بەناچاری کۆمەڵە ئەم داوایەی حکومەتی خستە بواری جێبەجێکردن و لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕ ئیتر کۆمەڵە هیچ کەسانێکی عێراقی وەرنەدەگرت، دواین کەسێک کە کۆمەڵە وەریگرت نووسەری ئەم بابەتەبوو. ئەو ژمارەیەشی کە مابوونەوە لەنێو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا لەپەنجەکانی دەست تێپەر نەدەبوو، کەئەوانیش لە ژێر گوشارێکی زۆردابوون، بەڵام لە راستیدا لەبەرئەوەی کەحکومەت ئاگادار بوو لەوەی کەهێشتا کەسانێکی عێراقی لەنێو کۆمەڵەدا ماونەتەوە، ئەوەبوو دواتر جارێکیتر لەساڵی 89دا لەمبارەوە بەزمانێکی تووند کۆمەڵەیان ئاگادار کردبووەوە لەوەی ’’ئەگەر هەر عێراقیەک لە بازگەیەکدا بگیرێت سەرباری ئەوەی کە هەرلەویدا دەیکوژن هاوکات کۆمەڵە بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامەکانی’’* . پاشان کۆمەڵە زۆر بەپەلە بریاری ناردنە دەرەوەی هەر شەش کەسە عێراقیەکەیداو لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کاروباری ناردنە دەرەوەیان لەڕێگەی قاچاخەوە بۆ جێبەجێکرا. دیارە لێرەدا رەنگە زۆر پێویست نەکات بەوەی رووداوەکانی دواترو چۆنیەتی هاتنە تورکیاو دەستگیرکردنیان و پاشان دیپۆرت کردنەوەیان بۆ ئێران وچونیەتی تەسلیمکردنەوەی ئەم پۆلە کۆمۆنستە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بە جمهوری ئیسلامی ئێران*4 و دواتر چۆنیەتی هەڵهاتنمان لەکەمپی ورمێ و گەشتنە تورکیا و دووبارە دەستبەسەرکردنەوەمان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داستانیکی دوورو درێژەو سەرباری گرنگی قسەکردن لەسەر ژیان وچارەنووسی کۆمەڵێک کۆمۆنیستی دیار لەو قۆناغەدا، بەڵام رەنگە تائێرە کافی بیت بۆ نیشاندانی گۆشەیەکی تر لەو میژووەی کە هاورێ رێبوار دەینووسێت بەبێ ئەوەی هیچ گرنگیەک بدات بە لایەنی کەمی زانیاری لەسەر ئەم فایلەی کە دەیان کۆمۆنیستی پەیگرو خارا لەو قۆناغەدا کە بەداخەوە ژمارەیەکی بەرچاویان گیانیان لەدەستدا، ئاماژەی پێبکرێت. بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو کە هەڵوێستەیەک بکەین لەمبارەوە!

وەک مەسەلەیەکی مێژووی بەشێک لە ناوی ئەو هاورێیانەی کە ئەو سەردەم لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا بوون، لێرەدا ئاماژە پێدەکەم کە بەداخەوە ناوی هەموویانم لەیاد نییەو هەندێکیشیان لەپاڵ ئەوەشدا کە ناوی نهێنیانە تەنیا ناوی یەکەمیان دەزانم. کەبەم شێوەیە:’’ شەهید عەدنان، شەهید ئەحمەد، شەهید شێخ عەلی، شەهید لەتیف، شەهید جەمیل، هێمنە ڕەش، سیروس، هیوای دەلاک، هیوا حەسەن، شوان، نەوزاد عەبدولا، خالید راوگان، شێخ خالید، شاهۆ عێراقی، کاوە کەرکوکی، وەستا جەلال، جەمال کۆشش، رێبوار عارف، (بەهادین حاجی بەکر) جەبار محمود، نەورۆز سلێمانی، شەپۆل، شەهلا حسێن، بەهار، عوسمان( سیروس)، حەسەن (نوری کریم) جەمال سالح (خالید سالح)، دڵبرین- سورە، مامۆستا هیوا، کاروان (بەهادین ئەحمەد)، عادل- ئاسۆ، سادق (ڕاستگۆ) شاڵاو- کەسێکی عەرەب زمان بوو، ئاواره، دڵشاد، نیشتمان، سامان… سۆران شەوکەت رەشید، کاوە ( کاوەی باخەوان) .

ڕۆلی کۆمۆنیزمی کرێکاریی لە هەندەران

مەسەلەیەکی تر کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام لەم کتێبەدا ئەوەیە کە نووسەر لە دوو بەرگی ئەم کتێبەدا دەتوانم بڵێم کە کارو هەڵسوران و پێگەو گرنگی ئورگانێکی سەرەکی حزبی بە فەرامۆشی سپاردووە، کە دەوری حزب و کۆمۆنیزمی کرێکارییە لە هەندەران. دەکرێت بڵێین لە چەند شوێنێکدا بە چەند پەرەگرافێک ئاماژەیەکی سەرپێی بە چەند بابەتێک کرابێت؛ بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگوڕێت کە لاوازیەکی یەکجار بەرچاوی ئەم کتێبە وەک بەشێک لە مێژووی حزب و بزوتنەوەیەکی سیاسی قسە نەکردنە لەسەر ئەم ئورگانەی کە هەمیشە یەکێک لە سێ ئورگانی سەرەکی حزب بووە.
سەرنجی ئێمە لەمبارەوە تەنیا لەبەرئەوە نییە کە قەبارەو ئاستی هەڵسوڕانی سیاسی ئەم حزبە لە هەندەران چەندەو چۆن بووە. بەڵکو لەڕاستیدا بەر لە هەموو شتێک تایبەتمەندیەکانی ئەم بەشەی هەڵسوڕانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاریی کە شێوازێکی تازەی دەخالەتگەری سیاسی و قورسایەکی بەرچاوی هەڵسوڕانی ئەم حزبەی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڕادەیەک کەدەتوانین بڵێین حزورێکی سیاسی عەمەلی نوێ کە سونەت وشێوازێکی زۆر تازەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە پێشتر لە فەرهەنگی سیاسی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی عێراق و ناوچەکەدا بەدی نەکراوە. کە ئەگەر نووسەر تەنیا چاوێکی بە ئەدەبیات و ئەرشیفی حزبدا بگێرایەتەوە گەنجینەیەکی گەورەی لە خەباتی سیاسی هەڵسوڕانی ئەم حزبە لە هەندەران بەدیدەکرد کە لە چەندین مەیدانا توانراوە سەرباری جێخستنی سونەتگەلێکی نوێ هەروەها قورسایەکی سیاسی لە مێژووی هەڵسوڕانی ئەم حزبەدا بەدی دەکرێت وەک یەکێک لە گرنگترین ئورگانە گرنگەکانی حزب، کە لەم نووسینەدا زۆر جێگەی باس وبەدواچوون نەبووە. بۆیە ئەگەر ئەم نووسینەی هاورێ رێبوار وەک ئارگیومەندێک بکرێتە پێوانەیەک بۆناسینی هەڵسوڕانی حزب لە هەندەران، بەڕاستی هەست بە بۆشایەکی گەورەو بە بوونی ئورگانێک و حزبێکی سیاسی دەخالەتگەر ناکەین و بەمانایەک قەبارەو هەژمۆنی سیاسی ئەم حزب و بزوتنەوەیە یەکجار بچکۆلە کراوەتەوە!

ئاخر فەرامۆشکردنی ئورگانێک بەدەیان کادری دیارو بەرجەستەوە بەحزوری بەشێک لە هەڵسورانی رابەری حزب، بەبوونی دەیان و سەدان کۆڕو کۆبوونەوەو خۆپیشاندان وچالاکی سیاسی کۆمەڵایەتی، کە خاوەنی ئەرشیفێکی گەورە لە راگەیاندن و رۆژنامەو هەڵسورانی جۆراوجۆری هەبووە… ئورگانێک سەرچاوەی هەر سەرەکی دارایی حزب بووە، ئورگانێک کە سوونەت گەلێکی نوێی هێناوەتە دنیای سیاسەتەوە لەبواری هەڵسورانی دەرەوەی وڵاتدا کەچی بەداخەوە لەم باسەی هاورێ رێبواردا کەم مەیلیەکی زۆر بەم ئورگانە کراوە!
هەربۆیە ئەم باسە لێمان دەخوازێ کەڕاوەستانێکی زیاتر بکەین، چونکە بەدەر لەوەی کە ئەم مەیدانە لە میژووی ئەم حزبەدا گرنگیەکی گەورەی هەبووە، هاوکات کۆمۆنیستی کرێکاریی لەڕیشەوە جۆرو شێوازێکی نوێی لە هەڵسوڕانی سیاسی هێنایە مەیدان کە نەک هەر بەشێوەیەکی گشتی لە مێژووی ئەحزابی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستد، بەڵکو تەنانەت لە مێژووی ئەحزابی چەپ وکۆمۆنستیشدا، ئەو شێوازو سونەت و دەخالەتەگەریە لەهەندەران بەدی ناکەین. هەر بۆیە ئەو چاوگێرانەی هاورێ رێبوار یەکجار سەرپێی و سەرەتاییە، بەجۆرێک ئەگەر ناوی حزب لەسەر ئەو سێ لاپەرە هەڵگرین دەشێت وەک بەشێک لەکارو چالاکی هەر حزبێکی سونەتی تر بێتە بەرچاو. لەکاتێکدا یەکێک لە جیاوازییەکانی حزبی ئێمە لەگەڵ هەر حزب ولایەنێکی تری چەپدا دروست لەسەر شێوازی کارو ئەولەویات ودەخالەتگەری سیاسیمانە لە هەندەران. بۆیە هەوڵدەدەم لێرەدا تێشکێکی زیاتر بخەمە سەر چەند لایەنێکی ئەم باسە!

شێوازی باوی هەڵسوڕانی ئەحزابی سیاسی لەهەندەران

بەرلەهەرشتێک ئەوەبڵێم کە قسەکردن لەکارو هەڵسوڕانی سیاسی حزاب و بزوتنەوە سیاسیەکان لە ناوچەیەک تا ناوچەیەکی تر دەگورێت و ئەمەیان زۆرجێگەی قسەوباسی ئێمە نییە. بەتایبەت لەکاتێکدا کە ئاراستەی باسەکەی ئێمە زیاتر پەیوەستە بە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان وعێراقدا. ئەویش لەو زەمەنە دیاریکراوەدا کە هاورێ رێبوار لەبارەیەوە دەدوێت. تائەو شوێنەی بە کارو چالاکی ئەحزابی کوردستانی عێراق دەگەڕێتەوە، دەکرێت سەرەتا ئاماژە بە دوو ڕەوت بکەین کە ئەویش ئەحزابی سەر بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کوردو ئیسلامیەکانە بەهەر جیاوازیەکیانەوە. ئەگەر بەشداریکردن لە دەسەلاتی سیاسی بە ئامانجی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لەبەرچاو بگرین، ئەوا لە مێژووی هەڵسوڕانی هەموو حزبەکانی سەر بەم ڕەوتە کە ناسیونالیزمی کوردە لە بازنەی مانۆر لێدانی سیاسی و سەبازی، شەڕ، مفاوەزەو دانوستاندن لەگەڵ میری هەموو ئەو هەنگاوانە بوون کە سیاسەت وستراتیجی ئەم حزبانەی دیاریکردووە. بۆیە بەهەمان شێوە ئەگەر هەڵسوڕانێک لە فەرهەنگی سیاسی ئەم بزوتنەوەیەدا بووبێت لە هەندەران، ئەوا ئاوکردنە بەهەمان ئاشداو هەوڵدانێک بووە بۆ ناساندنی حزب وئامانجەکانی، لەهەمان کاتدا ڕێگە خۆشکردن بووە بۆ گوشارهێنانی دبلۆماسی بۆ حکومەتی عێراق وناچارکردنی بۆ ڕیکەوتن و دانوستاندن لەگەڵ ئەم حزبانەداو لەم ڕێگەیەشەوە بەکارهێنانی کێشەی’’ستەمی میللی’’ خەڵکی کوردستان بووە بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا!

بەڵام بەحوکمی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە دەیان ساڵە کاری ڕێکخراوەیی و چالاکی سیاسی لەهەندەران بۆ زۆرێک لەحزبە سیاسیەکان بووەتە ئەمری واقع وهەرلایەنەی لەسەر بنچینەی ئەو جیهانبینیەی کەخۆی پێدەناسێتەوە، لە هەندەرانیشدا کاری خۆی لەسەر هەمان رەوشتی سیاسی دیاری دەکات خۆی لەسەر بنیات دەنێت. واتە لە چوارچێوەو بازنەی ناسنامەو نەریتی سیاسی ئەو بزوتنەوەیەدا بنەماکانی کارو هەڵسورانی بنیاد دەنێت. بۆیە دەبینین کە شێوازی کاری ئەم حزبانە لەهەندەران زیاد لەهەرشتێک لە بازنەی کاری دیبلۆماسی و پەنابردنە بۆ ئورگانە حزبی و حکومیەکان لەسەرەوە. کارێک کە ئەوان بەناوی کوردایەتیەوە ئەنجامی دەدەن، لەباشترین حاڵەتدا ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ هەندێ مەسەلەی کەلتوری وەک گێرانی ئاهەنگی نەورۆزو ناسینی جلوبەرگی کوردی و کردنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافی شاخ و دەشت وکێو، شمشێر، کەو، مەشکەو کلاش، فرەنجی و فەقیانە…هەڵبەت ئەگەر حزب ولایەنە ئیسلامیەکانیش ئیزافەیەکیان هەبووبێت ئەوە بریتی بووە لەکردنەوەی مزگەوت و بنکەکانی خۆیان.

بەهەمان شێوە ئەحزابی ئیسلامیش دەیانەوێت لەڕێگەی بنیادنانی مزگەوت و بنکە تیرۆریستیەکانی خۆیانەوە ژینگەیەک ڕێکبخەن بۆ بانگەشەی فتواو ترساندن وتۆقاندن وجێبەجێکردنی شەریعەت وپەرەپێدان بەفەرهەنگی تووندوتیژی، حیجاب و سەرپۆش بووە بۆ سەری ژنان وبێبەشکردنی منداڵان بووە لە سەما، مەلەکردن، گۆرانی ومۆسیقا، وێنەکێشان و وەرزش و زۆرێک لەسەرگەرمیەکانی ژیانی رۆژانەیان. لێرەدا کاتێک کە دەگەرێنەوە سەر دەوری هەڵسورانی حزب و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کریکاریی لەهەندەران رووبەرووی دنیایەکی جیاوازو پێچەوانەوە دەبینەوە. ئاخر کاتێک کە بزوتنەوەیەک تەواوی جیهانبینی و پێناسەی سیاسی و ئایدۆلۆژی خۆی لە دیدگای ناسنامەیەکی ئینسان وئینسانبوونەوە بەیان دەکات و ئەنجام دەدات، بەدڵنیاییەوە لە جەمسەری ئەنتی تێزی بزوتنەوەکانی ترەوە رادەوەستێت کە خۆیان لەسەر بەبوونی قەومێک، ئاینێک، نەژادو کلتورێکەوە دەبەستنەوە؛ لێرەوەیە بەرادەی دورکەوتنەوەو جیاوازی ئێمە لەگەڵ ئەحزابی ناوچەکەی خۆماندا، پێچەوانەکەشی دەتوانێت دروست بێت، کە بوونی ئێمە لەم کۆمەڵگەیانەدا زیاتر لەگەڵ نەریت و کەلتوردا نزیکایەتی هەیە کەجەمسەری شارستانەیەتی کۆمەڵگەو ژیانی رۆژانەیەتی. کەئەمەش بەهۆی ئەو تایبەتمەندیانەی بزوتنەوەکەی ئێمەوەیە لە رووی بنیادی فکری وسیاسی وکۆمەڵایەتیەوە. بۆیە بەبروای من باسکردن لەمێژووی ئەم حزبە بەبێ ئەوەی کە بە ئەندازەی قورسای خۆی ڤۆکۆس بکەیتە سەر کارو هەڵسوران وناسینی یەکێک لە ئورگانەکانی کە ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتە بەبروای من کەموکوری باسەکە بەئەندازەی دانیشتنە لەسەر کورسیەکی سێ قاچ، ئەمەش لاوازییەکی گەورە دەبێت بۆ ئەو مێژووە!
بۆیە کاتێک کەخوێنەر بەم لاوازیەوە رۆدەچێتە نێو باسەکانی هاورێ ڕێبوارەوە، هەست بەوە ناکات کە لە پەیکەرەی سیاسی ئەم حزبەدا ئورگانێک هەیە پێی دەوترێت ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات. هەربۆیە تەسەوری ئەوەش ناکات کە ئاخۆ شێوازی کارو ئەولەویەت و میکانیزمەکانی کاری دەرەوەی ولاتی ئەم حزبە چۆنە و خاوەنی چ ئەزمونیکن؟!
بۆیە لێرەدا باشتر وایە کە بێینە سەر کاروباری ئەم ئورگانە و کەمێک مەیدانە سەرەکیەکانی هەڵسورانی ئەم حزبە بناسین، کە بەم شێوەیەیە: رێکخراوەی دەرەوەی وڵات ، یەکێک لە سێ ئورگانی سەرەکی حزب بووە لەو قۆناغەدا. واتە حزب لەسەراسەری عیراق، ریکخراوی کوردستانی حزب هەروەها ریکخراوی دەرەوەی وڵاتی حککع. ئەم ریکخراوە بریتی بوو لەکۆی تەشکیلاتەکان وکۆمیتەکانی حزب لەهەر یەک لەم وڵاتانەدا کە لەو سەردەمانەدا حزب زیاتر لە دە وڵات، کۆمیتەی تەشکیلاتی هەبوو، کەخاوەنی کاروبەرنامەی خۆیان بوون و جیاواز لە کۆبوونەوەی بەردەوام و سیمینارو کۆنفرانس، هەر وڵاتەی نەخشەو ئەولەویاتی وخۆی هەبوو، هاوکات رێکخراوەی دەرەوەی وڵات بۆ خۆی راگەیاندن و بڵاوکراوەی مانگانەی دەرکردووە. * 5
لە ڕووی رێکخراوەیشەوە کۆمەڵێک ئەولەویەتی کاری هەبوو کە بەشێوەیەکی گشتی خاڵی هاوبەش وەک ستانداردێکی جێکەوتوو هەبوون لە نێو هەڵسورانی تەشکیلاتە جیاوازەکاندا. لەوانەش کاروباری تەشکیلات و رێکخستنی کۆرو کۆبوونەوە سمینارو پانێل، خۆپیشاندان، بەرێوەبردنی پەیوەندیکردن بە ئەحزابی سیاسی و نەقابە کریکاریەکان و ریکخراوە نیودەوڵەتیەکان و کاروباری نێو پەنابەران، ژنان، بەهێزکردنی بونیەی مادی حزب ….جێگەی خۆیەتی کە هەڵوێستەیەکی رۆشنتر لەسەر چەند لایەنێکی ئەم کارانە بکەین، کە لێرەدا سەنجتانی بۆ رادەکێشم.
یەکێک لە ئەولەویاتەکانی رێکخراوی دەرەوەی وڵات، کارکردن بوو لە بواری بزوتنەوەی کریکاریدا کە لە رێگەی میکانیزمی جیاوازو بەمەبەستی جیاواز لە رێگەی جیاوازەوە ئەو کارانە ئەنجامدراون. کە وەک کاری رێکخراوەی دروستکردنی کۆمیتەی هاوپشتی کرێکاری بوو بەبزوتنەوەی کرێکاری عیراق.

کۆمیتەی هاوپشتی

کارکردن و پێکهێنانی کۆمیتەی هاوپشتی لە بزوتنەوەی کریکاری عێراق. جێگەی ئاماژە پێکردنە ئەم کۆمیتەیە لەلایەن کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستەوە بەر لە پێکهێنانی حزب پێکهات، کەدواتر بە کردەوە بووە یەکێک لە دیارترین ئەو ئورگانانەی کە حزب گرنگیەکی زۆری پێداو زۆربەی کارەکانی لەلایەن ئەندامان وهەڵسوڕانی حزبەوە ئەنجام دەدرا. ئەم کۆمیتەیە لەماوەیەکی کەمدا کارو چالاکیەکانی لەو قۆناغەدا دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو بووە ئومێدی زۆرێک لەو کۆڕو کۆمەڵە چەپ و کۆمۆنیستیانەی کە لەو سەردەمدا کاریان دەکرد. ئەم کۆمیتەیە بڵاوکراوەیەکی کوردی زمانی هەبوو کە تا حەوت *6 ژمارەی لێدەر چوو، هاوکات دەیان راگەیاندنی بە زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و کوردی بڵاوکردەوەو لەوقۆناغەدا بەرچاوترین وەسیلەیەک بوو کەهەنگاوێکی جدی نا بۆ دروستکردنی پردێک لەنێوان بزوتنەوەی کرێکاریی عێراق بەجیهانی دەرەوە. کە لەو ساڵانەی هەڵسورانیدا لە ئاستیکی زۆر بەرچاودا پەیوەندی لەگەڵ زۆرێک لە نەقابەکریکارییەکان وهەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئەنجامداو بەبەردەوامی پشگیری کەمپەین و کاروچالاکیەکانی کۆمیتەیان دەکرد. ئەمەش بەیەکێک لەسەروەریەکانی ئەم بزوتنەوەیە دەزانرێت لەو قۆناغەدا کەهاورێ رێبوار ئەو کتێبەی لەسەر نووسیوە.

جیاواز لە دەوری کۆمیتەی هاوپشتی، هاوکات بەشداریکردن لە یەکی ئایارەکاندا سونەتێکی جێکەوتوو بەردەوامی تەشکیلات و هەڵسوراوانی حزب بووە بەبەردەوامی. کە زۆرجار حزورو ئامادەیی ئێمە بووتە جێگەی سەرنجی خەڵک و دەزگاکانی راگەیاندن لەم وڵاتانەدا. نموونەیەکی بەرچاوی ئەم حالەتە بەشداریکردنی تەشکیلاتی حزب بوو لە شاریکی فینلاندا بە ناوی هەمیلیناوە لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا کە ئەوساڵە توانیمان بەگشتی هاوزمانەکانی خۆمان قانع بکەین بۆ بەشداریکردن لەو رێپێوانەی یەکی ئایاردا. کە بەشداریکردنمان بەجۆرێک بوو تا نزیک بە مانگێک دەزگاکانی راگەیاندنی ئەو دەڤەرە باسی حزورو بەشداربوونی کومۆنیستە کوردەکانیان دەکرد لەم شارەدا، کە جەمسەربەندییەکی زۆرجدی بەدوای خویدا هێنا، لەلایەک چەپ وکۆمۆنیستەکان کەوتنە داکوکیکردن لەدەخالەت و بەشداری ئێمەو لەلایەکی تریشەوە ڕاسیست و نەژادپەرستەکان هاواریان لێهەڵساو نیگەرانی گەرانەوەی تارمایەکانی مارکس و سونەت و هێمایەکی چەپ و رادیکال بوون. هەر دوو ساڵ دواتر لەکاتێکدا کە هاورێیانی ئێمە لە فینلاندا لەسەر اعدام کردنی یەکێک لە دیارترین هەڵسوراوە کریکارییەکانی ئێران بەناوی ’’جەمال چراخ وەیسی’’ لە کاتێکدا کە چەند نەقابەیەکی کریکاری نامەی نارەزایەتیان ئاراستەی سەفارەتی جمهوری ئیسلامی کردبوو هەروەها یەکێک لە نەقابەکان بەنەقابەی کریکارانی بیناسازی نامەکەیان لە رۆژنامەکەی خۆیاندا بڵاوکردوە کە دواتر بەرادەیەک سەفارەتی نیگەران کردبوو کە بەفەرمی هەوڵ و کەمپەینەکەی ئێمەیان بەرپەرچەدایەوە و خوازیاری پاشگەزبوونەی نەقابەی کریکارانی بیناسازی بوون.

بەهەمان شێوە بەشداریکردنی ئێمە لەیەکی ئایاری شاری هێلسنکیدا، بووە جێگەی سەرنجی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و یەکێک لە رۆژنامەکان بەناوی رۆژنامەی میترۆوە کە ناسراوترین پڕتیراژی رۆژنامەی شاری هیلسنکییە دەنووسێت ’’کۆمۆنیستەکان مارکسیان گەراندەوە فینلاند، لەسەر پلاکارتێکی گەورە نووسرابوو: ئەمرۆ جیهان لەهەموو سەردەمێک زیاتر پێویستی بەمارکسە.’’. ئەمە جگە لە پەیوەندی بەردەوام بە نەقابە کریکارییەکان وبەدەستهێنانی پشگیری بەردەوام لە رووداوەکانی نێوخۆی عێراق وکوردستان و ناردنی نامەی نارەزایەتی بۆ حکومەت، بۆنموونە لەپەیوەند بە گەمارۆی ئابوری، ئازادی زیندانیانی سیاسی، پێشێلکاری ماف و ئازادییەکان، تووندوتیژی و تیرۆرو نامۆسپەرستی، لێدانی حزب، رێگری لە ئازادی بەیان و رادەبرین، مەسەلەی مافەکانی پەنابەران… کە دیارە ئەمە شێوازێکی خەباتی سیاسی ئیمە بووە کە تەنیا تایبەت نەبووە بە فینلاندەوە، بەڵکو لە زۆریک لە وڵاتانی استرلیا، کەندا، وڵاتانی ئەوروپاو هەندێک جاریش تورکیاو و یۆنان دەیان جار ئەو لایەنانە بەشێوازی جیاواز هاوپشتی خۆیان راگەیاندوە.

بواری بزوتنەوەی ژنان

هەروەک چۆن مەیدانی بزوتنەوەی ژنان یەکێک لەگرنگترین و سەرەکیترین مەیدانەکانی هەڵسوڕانی حزب و بزوتنەوەی کرێکاری بوو لە کوردستان، بەهەمان شێوە لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لەهەڵسوراوان دەستبەجێ لەم مەیدانەدا دەست بەکاربوون و لەماوەیەکی زۆر کەمدا هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە لە ئاستێکی باڵاو بەرچاودا لە هەندەران دەرکەوتن و چەندین جار بوونە جێگەی سەرنجی دەزگاکانی راگەیاندن و ناوەندی داکوکیکردن لە بزوتنەوەی بەرابەری ژنان و پیاوان، هەربۆیە لەمبارەوە هەڵسوراوانی ئەم بوارە بەدروست گرنگیەکی زۆریاندا بە راوەستانەوە دژ بەهەر نەریتێکی کۆنەپەرستانە لەنیویشیاندا بەشێوەیەکی چروپڕتر مەسەلەی تیرۆری ژنان و ناموسپەرستی؛ چ لە پەیوەند بە رووداوەکانی ناوخۆی کوردستان و چ ئەوانەی کە لەم وڵاتانەدا روویدەدا.

لەمبارەشەوە ژمارەیەکی بەرچاو لەهەڵسوراوانی ژن لە هەندەران بوونە کەسایەتی دیارو لە شوێنی کارو ژیانی خۆیاندا، رۆڵێکی بەرچاویان دەگێرا. ئەمە جگە لەوەی کە چەندین کۆمیتەو رێکخراوەکانی ژنان لەم وڵاتانەدا دروستکران و بەردەوامیاندا بەکارەکانیان. بۆ ئەم مەبەستەش دەیان کۆرو سیمینارو پانێڵ ئەنجامدراوە. هەروەها بەشێوەیەکی گشتی هەڵسوراوانی ئەم بزوتنەوەیە دەورێکی بەرچاومان گیراوە لەبەرپاکردنی مەراسیمی رۆژی جیهانی ژن 8 مارس، لەو قۆناغەدا هەندێک لەمەراسیمەکانی هەشتی ماس 200 بۆ 300 کەس تیایاندا بەشدار دەبوون کە ئەمە لە ئاست ئەم وڵاتانەشدا دەکرێت بڵێین چالاکی و جوڵانەوەی بەرچاون و کۆی ئەم کارانە لایەکیتری درەخشانی هەڵسورانی حزبی ئێمەیە کە وەک میژوو زۆر گرنگ بوو هاورێ رێبوار ئاوڕی لێ بدانایەتەوە!

دروستکردنی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

ئەگەرچی دروستکردنی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران وەک وێستگەیەک هاوکات بوو لەگەڵ رەوە ملیۆنیەکەی 91دا، بەڵام لەبەر کەمی ژمارەی هەڵسوران و قورسی ئەرک و کارەکانی ئەم بوارە بەناچار تا دوو ساڵ دواتریش دواخرا. تا دواتر لە گەرمەی پێکهێنانی حزبدا، هاوکات پرۆژەی دروستکردنی فیدراسیونیش زۆر جدیترو عەمەلی تر هاتە مەیدان. بۆیە لەهەنگاوی یەکەمدا ئەم ڕێکخراوە پاش دروستکردنی سێ شورا لە تورکیا، فینلاندا، سوید دەست بەجێ کۆنگرەیەک ئەنجامدرا بۆ دروستکردن و راگەیاندنی فیدراسیۆنی سەراسەری کە پێکهاتەیەک بوو لەو سێ شواریەو ژمارەیەکیتر لە هەڵسوران لەهەندێ وڵاتی ئەوروپادا. کە ئەم ریکخراوە توانی دەورێکی بەرچاو بگێرێت لە ناساندنی بەشێکی دیار لە کادرو ئەندامانی حزب لەم وڵاتانەداو بەمانایەک دەورێکی زۆر ئیجابی هەبوو تەنانەت لە ناساندن و محبووبیەتی حزبیشدا، بەتایبەت لە تورکیاو وڵاتانی ئەوروپادا. هەربۆیە فیدراسیون توانی کاریگەریەکی یەکجار گەورەی هەبێت لە ژیانی پەنابەران و هاوکاری کردنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گیروگرفتەکانیان.

جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژەیەک بکەین بە گۆشەیەک لە کاروچالاکیەکانی فیدراسیون کە بۆ داکوکیکردن لە مافەکانی پەنابەران وتەنانەت بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان و دژ بە شەرو کوشتاری نێوان حزبەکان و دژ بە لەشکرکێشی حکومەتەکانی ناوچەکە بۆ کوردستان، دەیان نارەزایەتی و خۆپیشاندان بەرپاکراوە. تەنانەت دواجار ئەم ئورگانە توانی بۆ یەکەمجار لەم وڵاتانەدا خۆپیشاندانی هەزاران کەسی ئەنجام بدات بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی پەنابەران، بۆ نموونە لەهوڵەند و سویسرا ڕێژەی بەشداربووان لەم خۆپیشاندانانەدا گەیشتە دوو هەزارو سێ هەزار کەس، بەرپرس و رابەرانی ئەم ئورگانە دەیانجار کۆبوونەوەو دیداری ئورگانە نێودەوڵەتیەکانی لەچەشنی یوئین، ئەمنستی، تەنانەت وەزیرو وەزارەتەکانی ئەم وڵاتانەی ئەوروپا ئەنجامدا .دەرکەوتنی چەند هەڵسوراوێکی فیدراسیون کاتی لێدانی عێراق ساڵی 2003 لە ئاستی ڕابەری بزوتنەوەی دژی شەڕی ئەم وڵاتانەدا. نموونەی هەڵسوراوانی حزب لە فینلاند کە لەگەل چوار ڕێکخراوی تردا دەستپێشخەری دروستکردنی شەبەکەی دژی شەڕ راگەیەنرا کە دواتر هەمان شەبەکە زیاتر لە 70 حزب و ریکخراو نەقابەی کریکاری تیدا بەشداری کردو کاتێکیش کە کۆنگرەی نیونەتەوەی ئەم شەبەکەیە بوو لەبەریتانیا لەسالی 2004دا ریبوار عارف بە نوێنەرایەتی فینلاند تۆری دژی شەڕ لەم کۆنگرەدا لە لەندەن بەشداریکرد.

دەکرێت بڵێن هەر لەو مێژووەدا فیدراسیون دەیان و بگرە سەدان کۆڕو کۆبوونەوەو خۆپیشاندان و مانگرتنی لە وڵاتانی ئەوروپاو تورکیاو استرلیا بەرپاکرد کە کاریگەریەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر ژیان و ئایندەی پەنابەران لەم وڵاتانەدا. لەهەمان کاتدا فیدراسیون لەبواری راگەیاندنیشدا لەسەرەتای دەست بەکاربوونیەوە هەوڵیدا کە بڵاوکراوەیەک وەک بڵندگۆیەک بۆ پەرەپیدانی ئامانج وکاروچالاکیەکانی خۆی دەربکات و لە زۆریک لەو وڵاتانەی کە فیدراسیون نووسینگەی هەبووە بڵاوکراوەتەوە. کە بەکۆی گشتی نزیک بە 100 ژمارە کە زۆربەیان بەدوو زمان دەرچوون، لە چەند خولی جیاوازدا بڵاوکراوەتەوە. کە چەند خولێک بڵاوکراوەکە بەناوی هەوڵنامەی فیدراسیونەوە دەردەچوو دواتر بڵاوکراوەی سیکۆلار کە 4 ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە. هاوکات سەدان راگەیاندن لەسەر رووداو بابەتگەلی جۆراوجۆر لەو میژوەدا دەرچووە. جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژەیەک بکەین بە ناوی بەشێک لەو هاورێ و هەڵسوراوانەی کە لە چەندین وڵاتدا لەنێو فیدراسیوندا چالاکانە کاریانکردوەو کەسایەتی خۆشەویست و دیارو بەرجەستەیان تیدا هەڵکەوتووەو کە هەڵسورانی بەشێک لەو هاورێیانە کاریگەریەکی زۆری لەسەر محبوبیەتی حزب هەبوو… کە ئەمەی لێرەدا ئاماژەیان پێدەکەین بەشێک لەو هاورێیانەیە، کە بەداخەوە ناوی هەموویانم لەیاد نییە.

هۆلەند، ابوبکر ئەحمەد سلمان، عبداللە علی،’ رێناس عارف، رزگار رەحمان، عماد، حەمەغفور؛ شەماڵە سور، عەدنان، فەریدون حەمە ساڵح، مەریوان رحیم، جەلال سۆفی، کامەران ئەحمەد، سویسرا، ئاسۆجەبار، جەمال کۆشش، جوتیار رانیەی، ئەحمەد عەلی، فواد عزیز، مامۆستا عەلی، تحسین کەریم، توفیق مەحمود، فاتمە ئەحمەد، خالید ابراهیم حەمە، عەلی ریژنە، هیمن، لوقمان رشید، سەردار، ستار سعید…؛ سوید، بەختیار مستەفا، نوری کریم، ئاسۆ گۆران، بابان، ئەنور، هەڵالە، بکر، رەعد سلیم، کامەران، جەمال چاوشین،؛ ئەلمان، ناسح، حسن گومبی، ستاری چیمەتنۆ، عرفان کریم، سالح گویلە، نوردین، بەکر؛ ئاریان، بکر، عادل کریم، مەریوان ئەحمەد، سالح کویلی، گەشاو رەحیم، ئاری کریم، بریار سعید، ئەمیر عەزیز، ئاودیر مەحمود، حمید البێری؛ دانیماریک، هیدایەت مەلا عەلى، سورەیا؛ بەریتانیا، دەشتی جەمال، نوری بەشیر، لوقمان، حسن ئەحمەد؛ ئومید حمەسالح، تورکیا، رینوار جەبار، جەمال ئەیوب، وەستا سابیر، کاروان، ئاشتی، مەحموی حەلاق، جان، ماجد حیکمەت، شاسوار ئەحمەد، ئاسۆ حەمەد، چیمەن حمە نادر، جەودەت جمیل، سامان ئەحمەد، جمعە محمەد، فواد مجید، گولزار عەلی، هیوا ئەحمەد؛ یونان، مامۆستا محەمەد، گەلاویژ،؛ تەها حمەرەش، فینلاند، خالید سالح، وەسفی(دکتۆر ئەمین)،نازە، کەمال شوان، مستەفا باهیر، شوان، پرشنگ سالح، لەیلا، کەمال شوان، سروە حەویز، استرالیا مزەفەر عەبدوڵا، حسن، زینەب، عامر، حەسەن، دلاوەر منزیر، تۆما، سوهام، کەنەدا جەلال سعید …

دوا وشە!

دواجار ئەوەی لێرەدا ئاماژەمان پێکرد دەتوانێت گەڕانەوەیەک بێت بۆ ئەو مێژووە کە دەکرێت زۆرێک لە ئێمە لە سونگەی بەرپرسیاریەتیەوە لەگەڵ هەرجۆرە سەرنج و رەخنەیەکی بێ ئاماندا هەنگاوێک بێت بۆ کردنەوەی دەروازیەک لەڕووی چارەنووسی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و ئایندەیەک کە دەکرێت لە رێگەی دیالۆگێکی دەخالەتگەرانەی سیاسی پیاچوونەوەیەکی وردو بابەتیانە بکات بۆ ئەم دۆخە چەق بەستووەی ئێستەی ئەم بزوتنەیە، کە ئەویش تەنیا لە ریگەی بێ ئامانی سۆشیالیستیەوە. بۆیە جێگەی خۆیەتی بەدەر لەهەرجۆرە دەرمارگیریەک هاورێیانێکی تریش، بەوانەشەوە کە ئێستە بەهەر دەلیلێک لە ریزەکانی حزبدا نەماون و یان تەنانەت خۆشیان بەنەیاری سیاسی دەزانن، لەهەرئاستێکدا کە بەگونجاوی دەزانن ئاورێک لەم باسە بدەنەوەو بیکەنە سەرەتایەک بۆ دیالوگێکی بنیادنەرانەو لێبراوانە لەپیگەی حزب و لەمەش گرنگتر چارەنووس و بەرژوەندی چینایەتی و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کریکاریی لە کوردستان و ناوچەکەدا!
هاورێیان کاتی ئەوە هاتووە ئەم گۆمە مەنگە بشڵەقێنرێت، ئاخر بارودۆخی ناوچەکەو جیهان بەشیوەیەک شپرزو پر کارەسات و ڕووداوی چاوەڕوان نەکراوی هێناوەتە گۆرێ بە دوری مەزانن ئاراستەی ئاڵوگۆرەکانی جیهان لەبەربەریەتێکی ترسناک زیاتر نزیکمان بکاتەوە. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ سوشیالیستەکان لە زەلکاوی ئەم جیهانە پر ستەم و نابەرابەریەدا چی لەخۆیان رادەبینن و چۆن سەیر ئایندە دەکەن و بۆ چ شتێک خۆیان ئامادە دەکەن … بەهەرحاڵ من جارێ لەم دوڕیانەدا ڕادەوەستم و چاوەروانی دەخالەتی ئێوەو هەڵوێستی هاورێ ریبوار ئەحمەدم!
تێبینی/ لەپەنای هەردوو باسی فیدراسیون و عیراقەیەکانی ناو کۆمەلەدا ناوی نزیک بە 140 هاوڕێ هاتووە، زۆر داوای لێبوردن دەکەم، لەوەی کە دڵنیام هەڵسوراوانێک کە لەم دوو بوارەدا کاریان کردوە زۆر لەمە زیاترە، بەڵام حافزەی من ئەو سەرچاوانەی کە لە بەردەستادایە هەر ئەوەندەی وەبیرهێنامەوە. هاوکات ئەوەش بڵێم کە تۆمارکردنی ناو کەساتییەکانی هەر بزوتنەوەیەک وەک مەسەلەیەکی ئەرگۆمەنتی لە گەلێک ڕووەوە کارێکی گرنگ و پێویستەو نابێت فەرامۆشیان بکەین!

—————————————————————————–
*_1 سەیری لیستی ناوی کۆمۆنیستە عیراقەکانی ناو کۆمەڵە بکەن.
2_ * نامەیەکی مەنسوری حکیمەت بەناونيشانی ’’حزبی عێراق وپێویستی رابەری کۆمەڵگە’’
3_ * نامەی کۆمیسیونی ئەندامیەتی بە واژۆی هاورێ ئەسغەری کریمی.
4_ * ناونیشانی وتارێکی ئێمەیە کە لە رۆژنامەی هاوڵاتی دا بڵاوکراوەتەوە.
5_ * ناوی بڵاوکراوەکە النشرة الاخباریە …
6_ * ناوی بڵاوکراوەکە هاوپشتی کرێکاری بوو.
7 _* ناونیشانی نوسينێکمە بە ناوی (پارتی گروپێک له‌ هه‌ڵسوڕاوانی سیاسی ڕاده‌ستی ئێران کرده‌وه‌ته‌وه‌) لە بڵاوکراوەی هاوڵاتیدا…
هاورێیانێک لەسەرەتای دروستبوونی فیدراسیۆنەوە تا ئەو مێژووەی باسکراوە لە ئاستێکی کاراو بەرچاودا رۆلی دەخالەتگەرانەو گرنگیان بینیووە لە کاروباری ئەم رێکخراوەداو کارکردنیان بۆ من لەگەڵیان شانازیەکی گەورەبووە، کە ئەمانە بەرچاوترین لەو هاورێیانەن کە بەرپرسیاریەتیان لەئەستودابووە!
((دەشتی جەمال، مزەفەر عەبدڵا، ئاسۆ گۆران، جەمال کۆشش، جوتیار رانیەی، ئەحمەد عەلی، ابوبکر ئەحمەد سلمان، ئاسۆ جەبار، خالید سالح، وەسفی(دکتۆر ئەمین)؛ بابان، حسن گومبی، ستاری چیمەتنۆ، عرفان کریم، رینوار جەبار، هیوا ئەحمەد؛ مامۆستا محەمەد، زینەب، جەلال سعید))
لەگەڵ ئەم بابەتەدا زیاتر لە20 دۆکیومەنتی پەیوەندارم ناردوە بۆ سەرنووسەری بۆپيشەوە، بەلەبەرچاوگرتنی حەجمی بڵاوکراوەکە خۆی سەرپشەکە لە ڕێژەی بڵاوکردنەوەیان.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish