Skip to Content

ئاڵتون …  پشکۆ ناکام

ئاڵتون … پشکۆ ناکام

Closed
by ئازار 3, 2018 General

….. ئەم عالەمە زۆر سەیرن ، یاخوا بە شتێکەوە نەیگرن تا کەوڵی نەکەن وازی لێ ناهێنن ، ئەوەتا بەربونەتە وێزەی نوێنەرە ئازیزە خەم خۆرەکانمان لە پارلەمانی نمونەی پاکی و دیموکراسی و بێ لایەنی هەرێمەکەمان ، چی قەوماوە ؟ گوایە ئەو بەڕێزانە ڕازی نەبوون بەوەی تەقاعودیان لە چوار ملیۆن دینار، تەنیا چوار ملیۆن !! كەمتر بێت… ئێ هەقی خۆیانە ، ئەبێ معاشەکەیشیان هەر وەک کورسییەکانیان لە عەوام بەرزتر بێت ، ئێمە ئەبێت چاک لەوە تێ بگەین کە پارلەمانتار بۆ ئەوەی باش بیر بکاتەوە و خێرا تر بە دوای سكاڵاکانی خەڵکەوە بچێ پێویستە سیحەتی باش بێت ، سیحەت باشیش بێ خواردنی گران و پڕ لە ڤیتامین نایەتە دی ، لەم وەزعەشا بۆ ئەوەی نوێنەرەکانمان سیحەتیان باش بێ و باش بیر بکەنەوە مەودای ئەقڵ و فکریان بە دەیان کیلۆ مەتر بڕوات ئەبێ سێ ژەمە خواردنێک بخۆن کە هاوتا بێ لەگەڵ ئیدراک و تێگەیشتنیان بۆ گرفتە ناوخۆیی و دەرکیەکان ، هەمووشمان ئەزانین ئەمڕۆ خواردنی باشی شایەستە بەوان گرانە ، بۆیە لەوانەیە نە معاش نە تەقاعودیەکەشیان بەش بکات ، لەوانەشە بکەونە قەرز کردن..!

بۆ سەیارە گرانەکانیشیان ، ئەوان نوێنەری ئێمەن چاوی ناحەز نەیارانی دیموکراسیان لەسەرە، جا بۆ ئەوەی کەس زەفەرییان پێ نەبا ئەبێ سەیارەی خێرا و تۆکمەیان پێ بێت تا مەحفوز بن و هیچیان بەسەر نەیەت، خەڵکی وک ئێمەومانان دروست ئەبێتەوە ، بەڵام خەڵکی وەک ئەوان یەک جار لە تەئریخ و جوگرافیاش دروست ئەبن ، ئێوە بیر بکەنەوە خوانەکردە نوێنەرێکمان بە کارەساتی هات و چۆ لە کیس بچێت چەن زەحمەتە یەکێکی تر شوێنی بگرێتەوە ، چونکە وەختێکی زۆر ئەبات تا فێری ئسوڵیاتی پارلەمانتار و چونیەتی ” خۆتێر کردن” و سیحەت باشی ئەبێت، جا بۆ سەیارەی باش و خێرا و قایمیان نبێت ! هەقە بۆ ئەوەی دەستی ناحەز نەیانگاتێ و بێمزەرەت بن سەرو هاممەر یان مودەڕەعەکیشیان بەنێ بۆ کاتی تەنگانە…

جگ لەوەش ئێمە نوێنەری وامان هەیە بۆ دیفاع کرن لە مافەکانی میللەت چوار ساڵە هەر هاوار هاوارێتی و هەر ئەقیڕێنێ ، دەیان جار تووشی نەخۆشی قوڕگ و لەوزەتەین بوە ، ئەی ئەگەر معاش و تەقاعودییەکەی زۆر نەبێ ناتوانێ چارەسەری خێرا و باش لای دکتۆری باش وەربگرێت، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بتوانێ هاوار هاوار کات نابێ دەرمانی ساختە ( هی عەوام) بەکار بهێنێت ، بە ناشکوریش نەبێت خۆ مەطارەکان هەر داخراون و ناتوانن بچن بۆ دەرەوەی ووڵات بۆ چارەسەری قوڕگ و دیفاع کردن لە نەخۆش و پەککەوتەکانی میللەت / بەشی عەوام..!! جگە لەمانەش نوێنەری وامان هەیە روژانە بە فەردە و کیلۆ جەردی ” دز” ییەکانمان لە تەلەفزیۆنەکانەوە بۆ ئەژمێرێت ، ئێ خوێنەوەی ئەو هەموو ژمارانە بکەیت بە دینار ، تەقاعودییەکەی ئەبێ لە چوار ملیۆن دینار تێپەڕێت…هەر هیچ نەبێ هەقی ئەوەی مێشکی بوە بە قاسە لە قاسەکەی پارلەمان تەقاعودییەکی موحتەرەمی بۆ دابنرێت… ئەوەشمان لە بیر نەچێ ” نوێنەری هەژاران “ی وامان هەیە کە ئەیەوێت بیسەلمێنێت کە : تێر ئاگای لە برسیە ، جا ئەو زاتە ئەگەر معاش و تەقاعودییەکەی زۆر نەبێت ناتوانێ تێر بێ و ئاگاشی لە برسییەکان نابێ ،. زۆر گرنگ و جێی سەرنجە کەسێک گیرفان و وورگ پڕ بێت و دیفاع لە برسی بکا و هەست بە برسێتی ئازارەکانی ” عەوام ” بکا و سەلماندنیشە کەتێر ئەتوانێت ئاگای لە برسی بێت ، نەک وەک ئەوەی کە ئەووترێت ” تێر ئاگای لە برسی نیە..!” معاش و تەقاعودی باش و زۆریش ئەو نوێنەرانە بە “تێر” ێتی ئەهێڵێتەوە و زیاتر و لە نزیکتر ئاگایان لە برسییەکانی هەرێم ئەبێت..خەڵکی کوردستان ئەبێ مەمنوون بن کە نوێنەری وایان لە پارلەمان هەیە بە چوار ساڵ چوار جوملەی نەووتوە، بەڵام کام جوملانە ؟ هەمووی عیلم و سیاسەت و دیفاعە لە ئێمە ، ئاساییە هەر جوملەیەک بە یەک ملیۆن دینار لە تەقاعودییکەی بۆ حساب برێت ، چونکە ئەو جوملانە زۆر دەگمەنن و زۆر کەم گوێمان لێ ئەبێت ، هەموو شتێکی دەگمەنیش گرانە ، هەر وەک ئاڵتون..

Previous
Next
Kurdish