Skip to Content

کۆنفیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و ڕۆژاوای کوردستان … زاهیر باهیر

کۆنفیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و ڕۆژاوای کوردستان … زاهیر باهیر

Closed
by ئازار 3, 2018 General, Opinion

زۆرێك لە دینەکان و ئایدۆلۆجییەکان لە چەپەوە بۆ ڕاستیان لە بەرانبەر گرفت و کێشەکانی کۆمەڵ-دا وەستاونەتەوە ، بەڵام هیچ کامێان نەك هەر نەیانتوانیوە ئەو کێشانە لە بەین بەرن، بەڵکو بارودۆخەکەشیان خراپتر کردوە.
لە کاتیێکدا کە کێشەکان بەردەوامن و وەکو خۆیان ماونەتەوە ، هەر لەو کاتەوە گروپەکان، پارتە سیاسییەکان و تاکەکانیش بە ئایدیا و بیردۆزی جیا جیاوە هاتونەتە پێشەوە . کۆنفیدراڵیزم، یاخود کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ،یەکێکە لە ئایدیای چارەسەرەکان .
ئایدیای فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن دەگەڕیتەوە بۆ چەند چەرخێك لەمەوبەر. یەکێك لەوانەی کە زۆری لە سەر فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن نوسیوە جۆزیف پرۆدۆن، (1809-1865) بووە ، بەتایبەت سەبارەت بە کەنەدا و سویسرا و ئەوروپا. . تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەو دوو چەمکە و شیکردنەوەکانی بۆیان ، تەواو جیاواز بووە لەوەی کە ئەو سەردەمە قسەی لەسەر دەکرا.

کاتێك کە ئەو چاودێریی و گوێڕایەڵی لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەوروپا دەکرد، تێبینی ئەوەی دەکرد کە زۆر جیاوازن لە ئایدیا و تێگەیشتنەکانی ئەو بۆ ئەو دوو تێزە. پرۆدۆن سەبارەت بە لێداون و بۆچونە باوەکانی ئەو سەردەمە، کۆمێنتی خۆی هەبووە ” ئەمەی کە ئەوان دەیڵێن وادەردەکەوێت کە ئەوان هیچ تێناگەن جگە لە هاوپەیمانێتی هەموو دەوڵەتەکانی کە لە ئێستادا لە ئەوروپادا هەن بە سەرۆکایەتی کۆنگریسێکی دائیم ، ئیتر دەوڵەتەکان گەوەرە بن یا بچوك لای ئەوان گرنگ نییە . ئەوانیش بەو مەبەستە قسەی لەسەردەکەن کە هەر دەوڵەتێک فۆرمێك لە حکومەت کە پێی بکەوێت و بۆی باشبێت دەگرێت بە خۆیەوە . ئێستاش کە هەر دەوڵەتێك بە گوێرەی بڕی دانیشتوانەکەی و قەبارەی گەورە و بچوکی دەڤەرەکەی دەنگی لە کۆنگریس هەیە و دەنگدەدەن، دەوڵەتە بچوکەکان لێرەدا هەر بە زوویی دەخزێنە ناو دەوڵەتە گەورەکانەوە کە پێی دەوترێت کۆنفیدراسوێن …”1 تێبینی و پەیامەکەی ئەو کاتەی پرۆدۆن بۆ کاتی خۆشی و ئێستاش هەر ڕاستە . لە ڕاستیدا یەکێتی ئەوروپای کۆنفیدراسوێن دەزگەیەکی بیرۆکراتیانەیە و یەکگرنتی دەوڵەتەکانە و زۆریش کۆنفیدراسوێننیکی نادیمۆکراتیانەیە ، “مافی یەکگرتن و یەکێتی، هاوکاتیش مافی ئازادبوون لەبڕیاردانی جیابونەوە و کشانەوە لەو یەکێتییە لە پێش هەموو شتێکەوەیە بە هەموو مافە سییاسسییەکانیەوە ، بە بێ ئەم مافانە کۆنفیدراسوێن هیچ نییە جگە لە ناوەندگەراییەکی مکیاجکراو نەبێت”1
باکۆنین و کرۆپتیکین و خەڵکانی دیکەش سەبارەت بەو تێزەی سەرەوە نوسیویانە بەڵام کەسیان ئەوەندەی مورەی بوکچین-یان( 1921-2006) لەو بارەوە نەنوسیوە و ئەوەندەی ئەو لەم پرسەدا قوڵنەبونەتەوە.

بوکچین هەر بە نوسین لەم تێزە نەدوواوە ، لە ڕاستییدا پرسی کۆنفیدراڵیزمی بە پرسی سۆشیال ئیکۆلۆجی، ناناوەندگەراییەوە بەستۆتەوە و بڕوای وابووە کە بنیاتنانی شارەوانی ئازاد و ئازادیخوازانە بناغەکەیەتی . بوکچین هەر بە تەنها تئیورزان نەبووە ، ئەو لەپێناوی چەمکەکەیی و باوەڕیی-دا زۆر بە پەرۆش و چالاک و ماندوونەناس بووە. ئەو کاتانەی کە لە ژیاندا بووە ، بەتایبەت لە ساڵانی 1980 کانا لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە تیئورەکەی بخاتە کارەوە/ پراکتیزەوە. بوکچین زۆر چالاك بووە لە بواری ئەوەی کە خۆی باوەڕی پێی هەبووە ، ڕێکخەر و بزوێنەری ئایدیاکە بووە و خۆیی بۆ تەرخان کردووە ، لەم بارەوە ئاوا لەسەر چالاکیەکانی ئەو نوسراوە ” بوکچین لە شارەکانی Vermont وەکو Burlington لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ئایدیاکانی، پڕۆژەی [ شارەوانی ئازادیخواز] بخاتە کار ەوە ، ئەویش بە کار و چالاکیکردن و هاوکاریی لەتەك کۆمەڵێ لە پارتی سەوز لە باکوری ڤێرمۆنت لەگەڵ هەندێك لە پارتی سەوزی بێرلنگتن لە شارەوانی ئەوێ بۆ سەپاندنی دیمۆکراسی. بوكچین لەم چالاکیەدا بەردەوام بووە تاکو ساڵی 1990 کە لە سیاسەت خۆی خانەنشین کردوە . ئایدیاکانی ئەو لە کتێبی بیناکردنەوەی کۆمەڵدا کە لە ساڵی 1989 دا و لە کتێبی The Murray Bookchin Reader 1997 بە کورتی چڕکراوەتەوە”2
لای بوکچین بنیاتنانی شارەوانی ئازاد بناخەی بنیاتنانی کۆنفیدرالێزمە، ئەڵتارنەتیڤێکە/جێگرەوەیەکە بۆ دەوڵەت-نەتەوە . ئەو وای هەست دەکرد شارەوانی ئازاد بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتی و کۆمەڵێکی ئازاد، زەروورییە . کاتێك کە بوکچین ویستی پڕۆگرمەکەی شارەوانی ئازاد یاخود شارەوانی ئازادیخواز بخاتە چوارچێوەی چالاکیی ئەنارکیستەکانەوە ، ئەمە بووە هۆی ناکۆکی لەتەك ئەنارکیستەکانا، کە لای ئەو بێزارییەکی دروستکرد ” بوکچین لە کۆتایی نەوەدەکانی چەرخی ڕابوردوودا لە ئەنارکیزم دابڕا و لە دوا وتاری ، The Communalist Project (2003), بەدیاریکراوی باسی شارەوانی ئازادیخوازانی کرد کەپێکهاتەیەکیی سەرەکییە لە کۆمۆنەڵیزم، Communalism *. بوکچین بڕوای وابوو کە کۆمۆنیڵیستەکان وا بڕوایانە کە شارەوانی ئازادیخوازان دوو پەیام دەگەیەنێت هەم بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێکی لۆژك/ ژییر هەروەها بناخەیەکیشە بۆ دامەزرانی ئەو کۆمەڵە “2
جانێت بێڵ-ی برادەری دێرینی بوكچین، کە نزیکەی 8 ساڵێک پێکەوە ژیاون، لە کتێبی Ecology or Catastrophe سەبارەت بە گرنگی و بایاخی شارەوانییەکان و کۆنفیدراڵیزم بۆ بوكچین، دەڵێت ” لە دیدی بوکچین – ەوە شارەوانییەکان کە دیمۆکراتیزە کراون هەروەها کۆنفیدراسوێنی شارەوانییەکان وەك جێگرەوەیەکی دەوڵەت-نەتەوەن و کۆتایی و قەڵایەکن بۆ سۆشیالیزم. بوکچین ئایدکان و ئەرگومێنتەکانی کە بە شارەوانی ئازادیخوازان، ناودەبرد، هەمووی بە کامیلی لە فۆرمی یاخود کتێبی The Rise of Urbanisation and the Decline of Citizenship [ هەڵکشانی شارنشینێتی و داشکانی هاووڵاتییبوون] کە لە ساڵی 1986 دا بڵاوی کردۆتەوە، خستۆتە ڕوو”3
لەم بەشەی ئەم وتارەدا هەوڵدەدەم پێناسەی چەمکی کۆنفیدراڵیزم لە دیدی بوکچین و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ، کە تێزەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانە، بکەم و ئاوڕێکی خێراش لەوەی کە لە ڕۆژاوادا بەدەستهێنراوە بدەمەوە.

گەرچی بوکچین ئایدیا و پلانی بۆ جێبەجێکردنی تئیورەکەی لە واقیعدا هەبووە، هاوکاتیش ئەوەی زۆر باش دەزانی کە مەحاڵ و خەون دەبێت لە بیناکردنی شارەوانی ئازادیخواز و کۆنفیدراڵیزم لە شارە زەبەلاحەکانی کە هەن لەسەر بناغەی مێنەتەڵێتی و پەرەوەردە و ڕۆشنبیری باو و ئەو کوڵتورەی کە ئێستا لەناو خەڵکدا هەیە و هەروەها بە هۆی سروشتی ناوەندگەرایی کۆمەڵی -شەوە . بوکچین دەرکی بەوە کردبوو کە دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز داخوازی جۆرێکی جیاواز لە پەروەردە و خۆپێگەیاندن و ڕێکخستن، دەکات و ئەوەشی دەزانی کە ناوەندگەرایی یەکێکە لە ڕێگرە سەرەکییکەکان . بیرکردنەوەی ئەو سەبارەت بە شارەوانی ئازایخواز ئاوا نمایشکراوە ” بوکچین هەر لە ساڵی 1950 کانەوە لایەنگر و پێداگربووە لەسەر دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ یاخود ئەنجوومەنی دیمۆکراتی . ئەو سروشی لە نوسینەکانیی H.D. Kitto هەرەوەها Alfred Eckhard Zimmern وەرگرتووە. سەبارەت بە چەمکی کۆنفیدراسوێنیش، بوکچین لەژێر هەژموونی بیردۆزان و بیرکەرەوانی ئەنارکیستەکانی چەرخی نۆزدەدا بووە. ئەو شارەوانی ئازادیخوازانی بە دیدی یۆتۆبییانەوە لەبارەی ناناوەندگەرایی [ ئۆتۆنۆمی] بە گچکەکردنەوەی شارەکان، هەروەها بە قەبارەی مرۆڤەکانەوە لەشانی کۆمۆنێتییە ئیکۆلۆجییەکانەوە و دیسانەوە بە تێزی شۆڕشی شارنشینیەوە، گرێداوە “2
جانێت بێڵ لەگەڵ ئەوەی سەرەوەدا نایەتەوە. لە نامەیەکیدا کە 09/12/2017 بۆی ناردوم ، ئەو هۆکارەکان کە هەژموونی خۆیان لەسەر بوکچین داناوە ، بەم جۆرە بۆمنی نوسیوە ” ئەوەی کە سروشی بیرکردنەوەی بوکچینی بۆ کۆنفیدراسیوێن ، هێناوە جۆزیڤ پرۆدۆن و باکۆنین و ئەوانی دیکە نەبوون ، بەڵکو چیرۆك و چالاکیی نقابەی CNT ئیسپانی ( Confederation Nacional del Trabajo ) لە ئیسپانیا بوو . کتێبەکەی The Spanish Anarchists تەرکیز لەسەر هەیکەلی سی ئێن تی وەکو کۆنفیدراسوێنێك، دەکات . ئەو لەو کتێبەیدا لە هەوڵی خستنەڕوی ئەوەدایە کە پێچەوانەی تۆمەتەکانی کە مارکسییەکان داوێناتە پاڵ ئەنارکیستەکان بیسەلمێنێت ، کە لە ڕاستیدا ئەنارکیستەکان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن، ئەوان بنیاتنانی کۆنفیدراسوێن و دامەزراندنی قەوارەی [ هەیکەلی] لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵدەبژێرن”
وێڕای ئەوەی کە بوکچین باوەڕی بە ناناوەندگەرایی و کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجی هەبووە ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وا نەبووە کە ئەوەی سەرەوە بتوانرێت بەبێ کۆنفیدراڵیزم بەدەستبهێنرێت ، کە تۆڕێکە لە ڕێگایەوە شارەانییەکان دەتوانن یەکبگرن و هاریکاریی یەکدی بکەن بە هاوبەشکردنی دەرامەت و داهاتیان لە نێوانی خۆیاندا لەسەر بناخەی بەگوێرەی پێویستییەکانی تاک و خودی کۆمۆنێێتیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هاوکات ئەو باوەڕی وابووە کە هەر یەکە لە شارەوانییەکانی ناو تۆڕەکە لە کێشانی سیاسەت و کاروباری نێوخۆیانا، پێویستە ئازاد بن و ئۆتۆنۆمی خۆیان هەبێت. پێناسەی بوکچین بۆ کۆنفیدراڵیزم ” کۆنفیدراڵیزم لەسەرو هەموویەوە تۆڕێکە بۆ ڕێکخستنی کاروباری ئیداریی شارەوانییەکان کە ئەندامەکانیان یاخود نێرراوەکانیان [ وەفد] لە ڕیگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە لە نێو ئەنجوومەنە دیمۆکراتییەکانا لە شار و شارۆچکە و گوندە جیاجیاکانا و گەرڕەکەکانی شارە گەورەکانا،هەڵدەبژێرن . ئەندامانی ئەم لیژانەی کۆنفیدراسوێنەکە لە شێوەیەکی زۆر توند و بێ لادان لە داخوازییەکان، دەستڕۆیشتنیان [ صەلاحییەت ] پێدەدرێت، لە نزیکەوە چاودێرییان دەکرێت. کەی پێویست بوو بانگدەکرێنەوە، بەرپرسیار دەبن لە بەرانبەر ئەنجوومەنەکانا کە دەستنیشانییان کردون یا هەڵیانبژارادوون بۆ ئامانجی هاوکاریی یەککەوتن و ئیدارەدانی سیاسەتەکان و کاروبارەکان کە لە لایەن خودی ئەنجوومەنەکانەوە فۆرمیلە کراون”4
ڕووبەڕووبوونەوەی دروستکردنی کۆنفیدرالیزم داخوازی دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز دەکات کە کار لەسەر پایە سەرەتاییەکانی وەکو ناناوەندگەرایی، ئیکۆلۆجی کۆمەڵایەتی [ سۆشیال ئیکۆلۆجی]، پەیوەستبوونەوە و فێمەنیزم کە ئەرکگەلێکی زۆر گرنگن . هەر یەك لەم پایانە بەستراون بە یەکدییەوە کە هیچ کامیان بێ ئەوی دیکەیان ناکرێت و کارا نابن. بوكچین ئەمەی زۆر بە باشی ڕونکردۆتەوە کە دەڵێت ” قسەکردن لەسەر دروستکردنەوەی کۆمەڵ و پەیوەدندیمان لەتەك دونیای سروشتیانەدا ، گوایە تەنها دەتوانرێت لە ڕێگەی ناناوەندگەراییەوە یاخود لۆکاڵیزمەوە یاخود خودی خۆڕاگریی خودئیکتیفاییەوە، هەر لە فەزای ناتەواوی چارەسەرەکانا دەمانهێڵێتەوە”4 وێرای ئەمەش بوکچین پێداگریی لەسەر ئەوە دکات کە ناناوەندگەرایی و خودئیکتیفایی بە تەنها مانای ئەوە ناگەیەنێت کە کارێکی دیمۆکراتیانە بێت و لە توانای چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵ-دا سەرکەوتوو بێت لە ئامانجەکەیدا ، هەر بەم هۆکارەش بەردەوام دەبێت و دەڵێت ” ڕاستییەکی گرفتاوییە کە دەرك بەوە نەکەین ، کە ناناوەندگەرایی، خودئیکتیفایی بە تەنها خۆیان و لە خودی خۆیانا بە زەروورە بە پرۆسەیەکی دیمۆکراتی بناسین . شارە نموونەییەکەی Plato [قوتابییەکەی سوقرات و مامۆستاکەی ئەرستۆل] لە کۆمارەکەیدا لە ڕاسستیدا وا کڵێشە کێشرابوو کە خودئیکتیفا بێت، بەڵام خودئیکتیفابوونەکەی تەنها بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی جەنگاوەرەکانی و هەروەها نوخبە فەلسەفییەکەی، بوو. بەڕاستیش ئیمکانێتی پاراستنی خودئیکتیفابوون پابەندە بە تواناوە، هەر وەکو لە بەرگرییکردنی شاری Sparta [شارێکی گەورەی یۆنانییە کۆنەکان] لە بەرانبەر هەژموونی ” گەندەڵیدا” لە دەرەوەی کولتورەکان، دەیبینین ( کە کاراکتەرێکە و دەتوانم بڵێم هێشتا لە زۆر کۆمەڵی داخراوی ڕۆژهەڵاتا دەردەکەوێت).

هەر بە هەمان پێوەر ناناوەندگەرایی لە خودیی خۆیدا زەمانەتی ئەوە ناکات کە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیمان دەداتە دەست. کۆمەڵێکی ناناوەندگەرایی زۆر بە ئاسانی لە شانی هیراشیەتێکی ئەوپەڕی ڕەق و تەقدا. دەکرێت هەبێت. بەرچاوترین نموونە ئەوروپا و فیوداڵیزمی ڕۆژهەلاتە. ڕیزبەندی هیراشیانەی کۆەمەڵایەتی کە تیایدا ئەمیرەکان و دوقەکان و بارۆنییەکان لە پلە و پێگەی باڵادا نیشتوون و دانیشتوانی کۆمۆنێتییە ناناوەندگەرییەکان [ ئۆتۆنۆمییەکان] بەڕیوەدەبەن . لەگەڵ هەموو ڕێزێکمدا بۆ fritz Schumacher ، بچوك مەرج نییە کە جوان بێت……ئەگەر ئێمە ستایشی ئەم کۆمۆنێتییانە بکەین هەر لەبەر ئەوەی کە ناناوەندگەریین ، یا خودئیکتیفایین یاخود بچوکن یا ” تەکنەلۆجیایەکی ماقوڵ و بەجێ ” بەکاردەهێنن ئەو کاتە ئێمە ناچاردەبین کە فەرامۆشی ئەو هۆکارەش بکەین کە لە ڕوی کوڵتورەوە وەستاو و مەنگن ، ئەمە جگە لەوەی هەر بە ئاسانیش لە لایەن دەستەبژێرە دەرەکییەکانەوە پاوان بکرێن “4
بوکچین کە باسی لە کۆنفیدراڵیزم کردووە لە ڕووی سیاسییەوە وەکو جێگرەوەیەك بۆ دەوڵەت-نەتەوە دایناوە. ئەو دەیزانی کە لە کاتێکدا کە دەوڵەت دەزگاو سیاسەتی خۆی هەیە ، هاوکاتیش ئابوریی سەرمایەداریی لە ڕێگای دەزگەکانییەوە وەکو هێزی سەربازیی و پۆلیسیی و سیخوڕیی و دەزگای دیکەی وەکو : کەنیسە و مزگەوت و بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و میدیا و دادگا، ئابورییەکەی لەو ڕێگایانەوە دەسەپێنێت و کۆمەڵ کۆنترۆڵ و هەیمەنە دەکات .

بوكچین باوەڕی وابوو کە کۆنفیدراڵیزم لە رێگای شارەوانییە ئازادیخوازەکانەوە دەبێت دەزگەکانی خۆی بخولقێنێ ، کڵێشەی سیاسەتەکانی خۆی بکێشێ، ڕؤشنبیریی و پەروەردەی خۆی بەکاربێنێ، ئابووریی خۆی دروست بکات ، تاکەکانی کۆمەڵ یاخود هاووڵاتیانی توانادار بکات . ئابەم شێوەیە بوكچین جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە و وتویەتی ” کاتێك کۆنفیدراڵیزم وەکو مەبادیئەکانی یاخود بنەماکانی ڕێێکخستنی کۆمەڵ دەگاتە ئەو پەڕی پێشکەوتنی ئەو کاتەی کە خودی ئابووری کۆنفیدرەڵایز کرا [ واتە کە ئابوریی ئازاد کرا لە لایەن کۆنفیدراسوێنەکەوە و خاوەندارێتی لێکرا- زاهیر] ئەویش کێڵگەکانی ناوچەکە ، کارگە و کارخانەکان هەروەها ئەو پرۆژانەی کە پێویستن بۆ کۆمەڵ، بخرێنە ژێردەستی شارەوانییە لۆکاڵەکانەوە ، ئیدی ئەمە تەواوی کارەکەیە . کاتێك کە کۆمۆنێتیەکە بچوك یا گەورە لە تۆڕێكی گرێدراو و یەکگرتوودا لەتەك کۆمۆنێتییەکانی دیکە، دەستدەکەن بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی خۆیان، ئەوە ئەنجامدانی کارەکەیە”4
جانێت بێڵ لە کتێبەکەیدا: The Politics of Social Economy, Libertarian Municipalism لە بەندی 11 دا بە زمانێکی ئاسانتر و پاراوتر هەوڵیداوە کە باشتر ئایدیاکانی بوکچین سەبارەت بەو کۆپلەیەی سەرەوەی ئەو، ڕونبکاتەوە و شرۆڤەیان بکات. ئەو دەڵێت ” کۆنفیدراسیوێن تۆڕێکە کە تیایدا چەند لایەنێکی سیاسیانە بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورەتر لە هەموویان، یەکدەگرن . وێڕای ئەوەی کە لایەنێکی گەوەرەتر لە پرۆسەی هاوپەیمانێتییانا دروستدەبێت ، بەڵام لایەنە بچووکەکان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدا خۆیان هەڵناوەشێننەوە و گۆڕیان گومنابێت ، بەڵکو لەبری ئەوە، ئازادیی و شوناسنامە و سەروەرێتی خۆیان، گەرچی لەو هاوپەیمانێتییەشدان، هەر دەپارێزن.”5
شتێکی ئاشکرایە و خاڵێکی سەرەکییە گەر خەڵکی لە ڕووی ئابورییەوە بە گوێرەی پێویستییەکانیان یەکسان نەبن، ئەوە لە ڕوانگەی سیاسسیشەوە جیاوازی گەورە لە نێوانیانا دەردەکەوێت و ئەو کاتەش بەیاکادان و شەڕوشۆڕ لە نێوانیانا سەر هەڵدەدا. هاوکاتیش ئاشکرایە کە یەکسانی ئابووریی ڕوونادات ئەگەر خودی خەڵکی خۆیان کۆنترۆڵی ئابوورییان نەکەن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئابووریی بەهیچ شێوەیەك نابێت لە دەستی خاوەندارێتی تایبەتییدا بێت، یاخود لە دەستی دەوڵەتا کە ناوی خاوەندارێتی خەڵکی/ کەرتی گشتی لێنراوە ، یا بەهاوبەشی لە دەستی خاوەندارێتی دەوڵەت و خاوەندارێتی تایبەتدا ، ببێت، بە واتایەکی دیکە ئابوری تێکەڵە لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی . جانێت بێڵ لە هەمان کتێبدا Libertarian Municipalism لە بەندی 12 دا ، لە بەشی بە شارەوانیکردنی ئابووریی [Municipalaised Economy ] کە تەرخانی کردووە بۆ ئەو جۆرە ئابوورییەی کە کۆمۆنێتییەکە پێویستێتی جیاوازی ئەو جۆرە ئابوورییە دەکات لە جۆرەکانی دیکەی ئابووریی، کە لە کۆمەڵانێکدان کە لە سەر بناغەی کۆمەڵی چینایەتی خۆیانیان گرتووە. ئەو دەڵێت :

” شارەوانی ئازادیخوازان گەشە بە فۆرمێك لە خاوەندارێتی گشتی دەدات ، کە لە ڕاستیدا گشتییە. سیاسەتی ئابوریانەی شارەوانی ئازادیخوازان، پێشنیاری جۆرێك لە ئابوریی دەکات کە نە خاوەندارێتی تایبەتی لێدەکرێت ، نە پارچە پارچەش دەکرێت بۆ هەرەوەزییە گچکەکان و نە خۆماڵیکردنیش دەبێت، بەڵکو ئابورییەکە، کە شارەوانیانە [ واتە ئازادکراوە – زاهیر] کراوە و خراوەتە ژێر دەسەڵاتی کۆمێنێتییەکەوە “خاوەندارێتی گشتی” و هەر لە لایەن ئەویشەوە کۆنترۆڵدەکرێت.”
” ئەم بەشارەوانیکردنەی ئابوریی [ئازادکردنی ئابوریی – زاهیر] یانی ” خاوەندارێتی” و بەڕێوەبردنی ئابوریییەکە لە لایەن هاووڵاتیانی کۆمۆنێتییەکەوە، موڵکەکان بە هەردك جۆرییەوە: زەوی و کارگەکانەوە، چی دی موڵکی تایبەتیی نابن و خاوەندارێتی تایبەتییان لێ ناکرێت بەڵکو دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی تەواوی هاووڵاتییان لە ئەنجوومەنەکانیانا. لەم بارەدا هاووڵاتیان بە کۆمەڵ ، هەموان، ” خاوەندارن” بە سەرچاوەکانی سامانی ئابوریی کۆمۆنێتییەکانیان و خۆیان فۆرمیلەیان دەکەنەوە و ڕەزامەندی لەسەر سیاسەتی ئابوریی بۆ کۆمۆنێتییەکە، دەدرێت. ئەوە ئەوانن نەك بیرۆکراتەکان و سەرمایەدارەکان، کە سەبارەت بە ژیانی ئابوریی ، بڕیارەکان دەدەن……… لە کۆمەڵێکی ماقوڵی/ ژیریی ئەنارکیستیدا نایەکسانی ئابوریانە لە ڕێگای گێڕانەوەی سامان ، موڵکییەتی تایبەتی و هەروەها ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ شارەوانی، لەناودەچێت، بەهۆی بە شارەوانیکردنی ئابورییەوە، [ ئازادکردنی ئابوورییەوە زاهیر] سەرچاوەکانی سامانی چینی خاوەندار لە لایەن خەڵکانی ئاساییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەخرێتە ژێر چنگی کۆمۆنێتیەکەوە تاکو بۆ بەرژەوندی هەموان بەکاربهێنرێت. “5

چەمکی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك:

عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان ، پەکەکە، پێش سەردەمی بەندکرنی و لەسەردەمی بەندیی-دا بیری لە بزوتنەوەی پەکەکە و لێکدانەوەی بۆ کردووە ، هەروەها شیکردنەوەی بۆ هەرەسهێنانی شورەویی ئەو کاتەو بلۆکی وڵاتانی کۆمۆنیستی لە ڕۆژهەڵاتا، کردووە. هاوکاتیش ئەزموون و ئایدۆلۆجی هەر هەموو پارتە کۆمۆنیستەکانی لە جیهاندا لە گەڵ یەکدیدا بەتایبەت ئەوانەی خۆرهەڵاتی ناوین بەیەکەوە گرێدەداتەوە و شاهیدی دەستکەوتەکانیان بوو، کە لە زەمینەی واقیعدا ، هەموو شتێك بوو جگە لەوەی کە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەکرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانی ئۆجەلان لەبەندیخانەدا خۆئاشناکردنی بوو بە ئایدیاکانی مورەی بوکچین . ئۆجەلان لە ڕێگای پارێزەرەکەیەوە چەند جارێك نامەی بۆ بوكچین ناردوە تاکو لە ئایدیاکانی ئەو باشتر تێبگات بۆ ئەوەی لەگەڵ چەمکەکانی پەکەکەدا بیانگرێتە بەرچاو، بەڵام بوکچین لە کۆتایی ژیانی و لەسەر پێخەفی مردن، بووە، هەر لەبەر ئەوەش نەیتانیوە بچێتە گفتوگۆیەکی زۆر جددیەوە نە بە پەیام و نە بە نوسین .

لەسەرەتای ئەم چەرخەدا ئۆجەلان بە تەواویی تێگەیشت کە پرۆژەکەی بوکچین سەبارەت بەئەنجومەنەکانی هاووڵاتییان و پرسی کۆنفیدراڵیزم، دروستترین چارەسەرن بۆ هەموو نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەییەکان کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەژین. دوای ئەم تێگەیشتنە ، ئۆجەلان ئایدیای دەوڵەت-نەتەوەی ڕەتکردەوە. لە ڕاستیدا ئەو ئێستا باوەڕی وایە دەوڵەت-نەەتەوە ڕەگوڕیشەی گرفتەکانە زیاتر لەوەی کە چارەسەربێت ، ئەو وای دەبینێت کە ئەوە دەوڵەت-نەتەوەیە کە تا ئێستاش کارەسات بۆ خەڵک دەهێنێت. دەنوسێت “ئەگەر دەوڵەت-نەتەوە بڕبڕەپشتی سەرمایەداریی مۆدێرن بێت ، بە دڵنیاییەوە قەفەسێکە بۆ کۆمەڵە سروشتییەکە………دەوڵەت-نەتەوە لەژێر ناوی کاپیتاڵیزم-دا کەویکرنی/ ماڵیکردنی کۆمەڵ دەکات و کۆمۆنێتییەکە لە سروشتە بناغەییەکانی نەیار/ غەریب دەکات”6
ئۆجەلان باوەڕی وایە نەك هەر نەتەوەکان ئایندەیان لەژێر سایەی دەوڵەت-نەتەوەدا نییە ، بەڵکو تاکەکانیش – هاووڵاتیان- ئایندەیان نیییە مەگەر خۆیان لەتەك جۆرێك لە مۆدێرێنیتی کۆمەڵ-دا بگونجێنن ” هاووڵاتیبوون لەسایەیدا [ سایەی دەوڵەت-نەتەوە -زاهیر] هیچ پێناسەیەکی نییە بەڵکو ڕوودانی گۆڕانکارییەکە لە خاوەندارێتی تاییبەتی کۆیلایەتییەوە بۆ کۆیلایەتی دەوڵەت”6
ئۆجەلان دەیزانی کە ڕیشەی گرفتەکان لە گەلێك کۆمەڵدا ، وەکو کۆمەڵی کوردیی، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە لێوەی هاتووە، کامانەن. لای ئۆجەلان تەنها ئەوە بەس نەبوو کە بە تەنها دەوڵەت-نەتەوە ڕەتبکاتەوە ، ئەو باوەڕی وایە لەتەك ئەوەشدا خەڵکی دەبێت تەرکیز بکاتە سەر گرفتێکی سەرەکی دیکە کە لە کۆمەڵدا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژە هەیە، کە پرسی ژنانە. ئۆجەلان زۆری لەسەر کۆمەڵی کۆن [قەدیم] خوێندۆتەوە ، هەر لەکاتی یەکەم مەدەنییەتەوە پێش 10 هەزار ساڵ هەروەها ڕۆڵی ژنان لەو کۆمەڵانەدا هەر لەو سەردەمانەوە . بەو خوێندنەوە قوڵە، ئەو دەرکی بەوە کرد کە کەهەموو پرسەکان، کێشەکان هەر لە دەوڵەت-نەتەوەوە لە ڕێگای چەوساندنەوە و بەکارهێنان و کۆیلەکردنەوە تا دەگاتە کێشەی ژنان و یەکسانی جێندەیی زۆر بە توندی بە یەکدییەوە گرێدراونەتەوە هەر لەبەر ئەوەش ناتوانرێن بەجیا چارەسەربکرێن. لە ڕاستیدا ئۆجەلان وابیردەکاتەوە کە چەوساندنەوە و بەکارهێنان لە کۆیلەکردن و سەرکوتکردنی ژنانەوە دەستپێدەکات ” بەبێ کۆیلەکردنی ژنان هیچ کام لە جۆرەکانی دیکەی کۆیلایەتی نەیدەتوانی بوونی هەبێت ، ئیتر لە بەردەوامبوون و گەشەکردنی خودی کۆیلایەتی بگەڕێ…..بەبێ سەرکوتکردنی ژنان سەرکوتکردنی سەرجەمی کۆمەڵەکە مەحاڵ بوو یاخود پێشبینی نەدەکرا”6
ئۆجەلان زۆر بە جددی کێشەی ژنانی وەرگرتووە تا ئەو ڕادەیەی وای بیردەکردەوە کە ژنان نەتەوەیەکی کۆڵۆنایزکراون. چەمکەکانی ئەو سەبارەت بە ژنان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ئەو چەند پەرۆشی پرسی ژنانە، جەختکردنەوەی لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە یەکەم تێگەیشتن و هەنگاونانی خەباتکردنا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان و هەروەها سەراپای گرفتەکانی کۆمەڵیش، بناغەیین. ئۆجەلان بە کەتواریی کاری لەسەر ئەمە کردوە کاتێك کە لە شاخ بووە توانیوێتی زۆرێك لە ژنان تێکەڵاوی بزوتنەوەی پەکەکە بکات، نەك هەر لە کورد ، تەنانەت لە غەیرە کوردیش . بە تێپەڕبوونی زەمەن ئۆجەلان زیاتر لە ڕۆڵی ژنان ئاگابووەوە ، نەك هەر بە تەنها لە جەنگینیانا بە چەك دژی دەوڵەت ، بەڵکو جەنگینیان دژ بە دەوڵەت لە ڕێگای جیاوازەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێکی نوێ لەسەر بناغەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ” کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك بۆ کوردستان دەوڵەت-نەتەوە نییە ،…….بەڵکو سیستەمێکی دیمۆکراتیانەی خەڵکییە بە بێ دەوڵەت”6

بۆچی ئۆجەلان ئەوەندە پێداگریی لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك کردووە؟ پێناسەی ئۆجەلان بۆ ئەو چەمکە چییە؟
ئۆجەلان لە شوێنێکدا پێناسەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیكی لە چەند وشەیەكدا کورتکردۆتەوە ” دیمۆکراسیی ، ئیکۆلۆجیی ، کۆمەڵی ئازادیی جێندەیی….. یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەولەت” 7
ئەو باوەڕی وایە سەرمایەداریی لە سەر 3 پایە دروستبووە و خۆی گرتووە: سەرمایەداریی مۆدیرین، دەوڵەت-نەتەوە، پیشەسازییبوون [ پیشەسازیکردنی وڵات – زاهیر]. ئەو باوەڕی وایە کە خەڵکی خۆیان دەتوانن ئەمانە واتە ئەو 3 پایەیە بە ” دیمۆکراسی مۆدیرانانە، نەتەوەی دیمۆکراسی، ئابووریی کۆمونانە [ بە هاوبەشیکردنی ئابوریی – زاهیر] لەتەك پیشەسازی ئیکۆلۆجیانە [ وڵات ئیکۆلۆجیانە پیشەسازی بکرێت – زاهیر]” 7 جێگابگرنەوە.

ئایدیای کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لای ئۆجەلان خۆڕێکخستنی خودی خەڵکی خۆیەتی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. ئەو ئەم پلانە بە کاری خەڵکە ڕەشووڕووتەکەی خوارەوە دەبینێ کە لە ڕێگای دەستەجەمعییەوە، بڕیارەکان سەبارەت بە کاروبارەکانیان لە لایەن خۆیانەوە دەدرێت ، نەك لە دەرەوەی خۆیان، ئەویش لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە کە لەوێدا کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت یاخود هەر ئیدارەیەکی دیکەی پاوانخواز ڕەتدەکاتەوە. ئەو نوسیوێتی ” کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیك نموونەیەکی واقیعیانەیە بۆ خەڵکانی سەرکوتکراو. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەت-نەتەوە نییە. لە لایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ ناکرێت. هاوکاتیش کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک بە کوڵتورکردنی ڕێکخستنی پێشنیارکراوی نەتەوەی دیمۆکراسییە. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لەسەر بناغەی بەشداریکردنی جەماوەرە ، پرۆسەی بڕیادانەکانە کە کۆ کۆمۆنێتیەکان دەیدەن”6 ئۆجەلان بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکانی و دەڵێت ” [ کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ] .. دەتوانێترێت بە ئیدارەیەکی سیاسی نادەوڵەت یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەوڵەت ناوزەد بکرێت. پرۆسەی بڕیاردانی دیمۆکراسییانە نابێت چەواشەیی دروستبکات لەتەك ئەو پرۆسانەی کە ناسراون بە دیمۆکراسی لەلایەن ئیدارە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئیدارەی دەوڵەتەکان تەنها ئیدارەی دەوڵەتین بەڵام دیممۆکراسییەت، فرمانڕەوایی دەکات. دەوڵەتەکان لەسەر بناخەی دەسەڵات/ هێز دامەزراون ، بەلام دیمۆکراسی لەسەر بناغەی بڕیاری هەرەوەزی / بەکۆمەڵی کە هەموویان لەسەری ڕێککەوتون و ڕیکن، بنیاتنراوە”6
تائێستا پێناسە و دیدی کۆنفیدراڵیزم لە لایەن بوکچینەوە و هەروەها پێناسە و ڕوانگەی ئۆجەلان-یشم سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك، باس کردووە. ئێستاش با بزانیین چ وێکچونێک و جیاوازییەك لە نێوانی ئەم دوو چەمکەداو هەروەها لە دیدی ئەم دوو کەسەدا هەیە؟ . بەڕای من هەردوو تێزەکە و دید و ڕوانگەی بوكچین و ئۆجەلان زۆر نزیکی و وێکجوون، هاوبەش دەکەن. ڕەنگە ئەوان هەردوکیان دوو چەمکی جیاوازیان بۆ تێزەکانیان هەڵبژاردبێت ، بەڵام مانا و ئامانج لای هەردووکیان یەکە.

چەند جیاوازییەکی لاوەکی لە نێوانیئانا هەیە وەکو ئەوەی ئۆجەلان کۆنفیدراڵیزم-ی کردووە بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك. هەروەها لە بری بەکارهێنانی شارەوانییە ئازادیخوازەکان ئۆجەلان ناوی جیا جیای بۆ ئەو ئیدارانە هەڵبژاردووە وەکو ئەوانەی کە لە ڕۆژاوادا پیادەکراون. ئەوەندەی من ئۆجەلانم خوێندبێتەوە ئەوە تێگەیشتوم تیئورەکەی – کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك- وەکو چارەسەرێك بۆ بەیەکادانەکان و گرفتەکانی نێوان نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکانە تایبەتن بەو ناوچەیەی کە ئەو سەری لێوەدەرهێناوە . بەڵام بوکچین زیاتر لە ئۆجەلان ڕۆیشتووە و باوەڕی وایە کە کۆنفیدراڵیزم چارەسەرە بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی و ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە پاوانخوازیی سەرمایەداریی لە هەموو لایەکەوە. لەبەر ئەمەش کۆنفیدراڵیزم لای بوکچین چارەسەرە بۆ گرفت و کێشەکانی خەڵکی کە لە جیهاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە نەك هەر بە تەنها لە ناوچەیەکدا یاخود لە چەند وڵاتێکدا.

جیاوازییەکی دیکەش هەیە . ئۆجەلان لە شیکردنەوە و توێژینەوەکەی بۆ مێژوی مەدەنیانەی مرۆڤ، چەوساندنەوە و کۆیلایەتی، ئەو باوەڕی وایە کە کۆیلایەتی لە کۆیلەکردنی ژنانەوە دەستی پێکردووە و هیراشییەتیش لە پاوانخوازیی پیاوانەوە بۆ ژنان دستی پێکردووە ، گەر چی لە شوێنێکی دیکەدا لەگەڵ بوکچین-دا دێتەوە کە دەڵێت ” من بە بەردەوامی ئەوەم خستۆتە ڕوو کە کۆمەڵی باوکسالاریی لە ” شامان” [ شامان پیاوانی ریشچەرم و دەمڕاستی خاوەن کەسایەتی بوون – زاهیر ] شێخە بەتەمەنە خاوەن ئەزمونەکان ، سەرکردە سەربازییەکان، بووە. ڕەنگە کارێکی ژیرانە بێت ئاوڕێك لە بنەما نموونەییەکان بۆ کۆمەڵێکی نوێ لەناو ئەم جۆرە گەشەکردنەدا بدەینەوە لەشانی ” کۆمەڵێکی نوێ”وە کە مەبەستمانە تاکو بزانین کە بارودۆخێك هەبووە بۆ سەرهەڵدانی سیستەمی هیراشی/قوچکەیی لەناو خێڵەکانا. بەم شێوەیە دابەشبوونە زەروورییەکە گەیشتە دواکڵێشەی، ئەمەش لە کاتێكدا کە سیستەمی هیراشی تەشەنەی بە فۆرمیلەکردنی / پێكهێنانی چینێکی سابیت و هەروەها ڕێکخراوی شێوە دەوڵەتی ، کرد”8
پرسی سیستەمی هیراشیی/ قوچکەیی ڕۆحی تئیورەکەی ئۆجەلانە وەکو شارەوەانی ئازادیخوازان بۆ بوکچین، گەرچی هەردووکییان هیراشییەت بە بە بناغەی کۆمەڵی چینایەتی دەزانن . ئاشکرایە کە بوکچین زۆر قوڵتر لە ئۆجەلان لە كێشەی هیراشی و کۆمەڵی هیراشیانە ڕۆچووە، زیاتر و قوڵتر لە ئۆجەلان سەبارەت بەوەی کە چۆن پاوانخوازیی لە نێو سەرانی خێڵەکان و ، سەرانی خێزان و بەتەمەنەکان و هەروەها لە پاوانکردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە ، پێش کۆمەڵی چیانیەتی، بوونی هەبووە. ” بە گوێرەی کارل مارکس ” یەکاسانییەکانی نێو کۆمەڵە سەرەتاییەکان ” بە گەشەکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەرەسی هێنا، کە لەوێدا ئەوانەی کە خاوەنی سامان و موڵك بوون هێزی کاری ئەوانەیان بەکارهێناوە کە هیچیان نەبووە. بەڵام بە تێڕوانینی مێژوی هاوچەرخ ، بوکچین ئەوە تێگەیشت کە شیکرردنەوەی چین بە تەنها لە خۆیدا شرۆڤەی تەواوی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ناکات. کۆتاییهێنان بە کۆمەڵی چینایەتی پەیوەندی نێوانی باڵادەستان و ژێردەستان چارەسەرناکات …… بوکچین پێداگریی لەسەر زەروورەی نە‌هێڵانی نەك بە تەنها چینەکانی نێو کۆمەڵ بەڵکو هیراشییەتی نێو کۆمەڵیش ، کردووە….. هیراشیەت و پاوانخوازیی[هەیمەنە] لە دیدی بوكچینەوە لە ڕوی مێژوییەوە پایەی داپڵۆسین و سەرکوتکردن بووە و هەر لەوێوە پەیوەدنییەکانی چینایەتی بناغەیان گرتووە”9
لەگەڵ ئەو شرۆڤەیەی کە لە وێکچوون و جیاوازیەکانی نێوان بوکچین و ئۆجەلان کردومە، جانێت بێڵ باوەڕی وایە کە تئیورەکەی ئۆجەلان زۆر یان کەم هەمان ئەوەی بوكچینە و ئۆجەلان تئیورەکەی بوکچینی خستۆتە کارەوە . لەیەکێك لە بۆنەکانا ئەو دەڵێت ” من وا بیردەکەمەوە کەبوکچین ساوایەکی بووە و ئۆجەلانیش کردویەتی بە منداڵێك”10 ئەو لەسەر قسەکانی بەردەوامدەبێت و دەڵێت ” ئۆجەلان هەندێك لە مۆدێلە ئۆریجانەڵەکەی[ ئەسڵی] بوکچینی گۆڕیوە. بوکچین ئەنارکست بووە بەو شێوەیە ئەو دژی هەموو جۆرەکانی هیراشی بووە هەر لە : هیراشی نەژادیی، جێندەیی، سێکسی پاوانخوازیی لە لایەن دەوڵەتەوە تا دەگاتە پەیوەندییە شەخسییەکان. مستەر ئۆجەلان جەخت لەسەر هیراشی جیندەیی و گرنگیی ئازادی ژنان دەکات. ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین گۆڕانی تئیوریی کە من بزانم “10
سەرەڕای ئەم لێکچوون و جیاوازیانە ، بەڕای من جیاوازییەکی دیکەی گەورە لە نێوانی دیدی بوکچین و ئۆجەلاندا هەیە . بوكچین باوەڕی وایە دروستکردنی شارەوانییە ئازادیخوازەکان بناغەی بنیاتنانی کۆنفیدراڵیزمە.

دروستکردنی کۆنفیداراڵیزمیش بە تەواوی بەندە و متمانە دەکاتە سەر پەروەردە و پێگەیاندن ، ڕێکخستن و بەشداریکردنی خەڵکی. ئۆجەلانیش باوەڕی وایە ئەو بەشداریکردنە کاری خودیی خەڵکی خۆیەتی و دەبێت لە ڕێگای کۆبونەوەی جەماوەریی/ ئەنجوومەنەکانەوە بێت بۆ لێدوان و گفتوگۆکردنی پرسە هەنووکەییەکان و ئەوانەشی کە پەیوەندییان بە بارودۆخەکەوە هەیە ، بڕیارەکانیش دەبێت بە کۆمەڵ/ هەرەوەزیانە بدرێن. بۆ بەڕیکردنی ئەمەش ئەو پێشنیاری ئامرازی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ دەکات.

گەرچی لای ئۆجەلان ئامانج هەر هەمان ئامانجی بوکچینە وەکو پێشتر خستمە پێشچاو، بەڵام ڕێگای گەیشتن بە قۆناغەکە لە لایەنێکەوە یاخود لانی کەم ئەوەی کە لە ڕۆژاوا و لە باکور دەتوانین بیبینین ، جیاوازە. تاکو ئەم چرکەیە ئۆجەلان سەرۆك و ڕابەری پەکەکەیە و سەرۆک و ڕابەری ڕۆحیی کوردانی باکور و ڕۆژاوایە و هەروەها زۆرێک لە کوردانی باشور و ڕۆژهەڵاتیش . ئەوە ڕاستیە کە ئۆجەلان پەیوەندی بە حیزبەکەی و خەڵکەکەیەوە کردووە کاتێ کە لە بەندیخانەوە دەیتوانی بیکا . ئەو هەوڵی زۆریدا بۆ ڕازیکردنیان بۆ گۆڕانی پەکەکە بۆ بززوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. بەرەنجامی ئەوەش لێدوان و گفتوگۆیەکی زۆری لە ساڵی 2012 وە خستەوە، دوای ئەوەش سەبارەت بە ئایدیای ڕەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە ، پابەندبوون بە ئاگربەستییەوە ، هەروەها گفتوگۆکردن دەربارەی ئەنارکیزم . لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە نەگۆڕا بەوەی کە ئێمە و ڕەنگە ئۆجەلانیش، دەیویست.
کاتێک کە پەیوەندی نێوانی ئۆجەلان و دەرەوەی لە مانگی نیسانی 2015 دا بڕا و بارودۆخێکی نوێ لە باکوردا بە هۆی هێڕشی ناڕەواو فاشیانەی دەوڵەتی تورکیاوە نەك هەر بۆ سەر پەکەکە بەڵکو هەموو کورد لەوێ، پەکەکە زیاتر میلیتەرایز / عەسکەرتاریی بوو ، لەبەر ئەمەش بۆ پەکەکە گرنگتر بوو بایاخ بەبەرپەرچدانەوەی دەوڵەت بدات تاکو بەردەوامبوون لەسەر پرۆژەکەی پێشتری. لە ڕۆژاواش زۆر یا کەم هەمان شت ڕویدا، بەڵام لەوێ لەبری شەڕ دژ بە سوپای ئەسەد ناچارکرا بەوەی کە بەرگریی لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکە بکات لە بەرانبەر داعش دا** جێگای گومان نییە کە لەسەردەمی شەڕ لە هەر وڵاتێکدا، بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی/ جەماوەریی لاواز دەبێت و بزوتنەوەی سەربازیی بەهێزتر . هەر بەو شێوەیەش لە باکور و ڕۆژاواشدا پەکەکە و پەیەدە لەسەر حسابی بزوتنەوە جەماووەرییەکە زیاتر بەهێز بوون.

ئالیرەوە من دەرنجامی ئەوە دەکەم کە لە باکور و ڕۆژاوادا جوتێك حیزبی هیراشی بە زەبتوڕەبت لە پشتەوەی دروستکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکن لە هەردوو کوردستانا . هەر بەو هۆیانەی سەرەوە ئەمانە ئەو پارتیانەن کە بڕیارە گرنگ و گەوەرەکان دەدەن ، پلان دەکەن، کڵێشەی سیاسەت دەکێشن و گفتوگۆ و سازش لەگەڵ دوژمنانیان و دەوڵەتەکانا دەکەن ، هەر ئەمانن کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدن. بە دڵنیاییەوە ئەمانەش کێشە و پرسی زۆر گەورەن کە داهاتوی کۆمەڵی ڕۆژاوا و باکوریی پێوە بەندە. بەداخەوە و بۆ بەدبەختیی، پارتە سیاسییەکانن کە ئەم بڕیارانە دەدەن لەبری خودی خەڵکەکە لە کۆبونەوە و ئەنجوومەنەکانی خۆیانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە.

لای بوکچین هۆکار و ئەرکی دروستکردنی شارەوانییە ئازادایخوازەکان و کۆنفیدراڵیزم کاری خەڵکەکەیە یاخود “هاووڵاتیانە” وەکو ئەو ناوی خەڵکی بە هاووڵاتیان دەبات، بەلام لای ئۆجەلان و پەکەکە لانی کەم لە حاڵی حازردا، ئەرك و ئامانجی پارتە سیاسییەکانە.
لە بەشی کۆتایی ئەم وتارەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە. ئایا ئەوەی کە لە ڕۆژاوادا هەیە لە ئێستادا کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە یەکجار قورسە بۆ من چونکە من لە وەرگرتنی زانیارییەکانما تەنها متمانەم کردۆتە سەر ئەوەی کە لەسەر ڕۆژاوا دەستم دەکەوێت، ئەویش دووکەوتنی دەنگوباس و هەواڵە لە ڕادوێ و تیڤی ، ماڵپەرەکان ، سۆشیاڵ میدیا بەتایبەتی فەیسبوك و چوونە کۆبونەوەکانە.
بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە و تێگەیشتن لە هەموو لایەنەکانی کە پەیوەندی بە ئایندەی رۆژاواوەیە پێویستم بە کردنی چەند توێژینەوەیەکی بنەڕەتی هەیە . ئەم کارەش چونە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژاوایە ، قسەکردنە و دیمانەکردنی خەڵکێکی زۆرە لە زۆربەی مەیدانەکان و لە پلە و پایە جیاوازەکانی هەموو کەرتێکی کۆمەڵی ڕۆژاوادا. بینینی کۆمونەکانە و بەشداریکردنی کۆبونەوەکانیانە و دووکەوتنی بریارەکانیانە . بینینی هەرەوەزییەکان و شیکردنەوەی هاوسەنگی هێز و دەسەڵاتەکانە لە نێوانی بزوتنەوەی تێڤدەم و پەیەدە و هەروەها لە نێوانی ئەوان و ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی، خۆسەرییەکەیە لەگەڵ کردنی زۆر کاری تر.

هەموومان تێبینی ئەوەەمان کردووە کە زۆرێك نوسراو لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لە ڕۆژاوادا ، هەیە. زۆربەی زۆری ئەم نوسینانە پۆزەتیڤانە و هاوپشتیانەیە بۆ ڕۆژاوا، هەموویان یەکدەگرنەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك لەوێ دروست بووە یاخود لە دروستبووندایە.
بە بروای من گرفتی سەرەکی زۆربەی ئەو نوسینانە پەراوێزخستنی شتە سەرەکییەکانیانە ، ڕووداوەکانە لە بەرانبەر ڕۆڵ و هەژموونی پەیەدەدا کە تا ڕادەیەك لەیاد کراون. ‌هاوڕێیانێك کە ئەم نوسینانەیان نوسیوە یاخود لەبیریان کردووە یا نەیان ویستووە ئەوە بڵێن کە دروستکردنی کۆنفیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ئەرکی ئەنارکیستەکانە. ئەنارکیستەکانن نەك پارتە سیساسییەکان کە دەبێت بەشداری بکەن و لە ڕێگای بزوتنەوە جەماوەرییەکەوە لە پرۆسەی دروستکردنی کۆنفیداراڵزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکەوە بگلێن چونکە هەندێك کێشەو پرس دێنە پێشەوە کە دەببێت لە ڕێگای شارەوانی ئازادیخوازەوە کە بناغەی کۆمەڵی ئازادە، لابەلابکرێتەوە. بوکچین دەنوسێت ” پێش سەردەمی کۆمەڵی چینایەتی ” گەرچی ناکرێت ئیمە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك ( یاخود کۆمۆنیلیزم ) ببینین کە پەیوەست بە ئەنارکیزمەوە نەبێت چونکە ئەوان [ئەنارکیستەکان – زاهیر] زۆر بە دووی ترادیسۆنی ئەنارکیزمی کلاسیکییەوەن “4 .

لە پرسی ڕۆژاوادا زۆر پرسیار هەیە کە بکرێت زۆرێکیش لە کێشە یەکلایینەکراوەکان هەن، کە دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت. وەکو : ئایا هەموو کەسێك ئازادە لە بەشداریکردن لە سیاسەتا و بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانا کە بڕیارەکانی تیادا دەدرێت ؟ ئایا ئەو کێشانە کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن و ئەو بڕیارانەی کە دەدرێن ئایا بە دەستەجەمعی لە کۆبونەوە جەماوەرییەکانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە دەدرێن؟ ئایا هەرەوەزەییەکانی هەنوکە بەڕاستی لە لایەن کۆمیۆنەکانەوە خاوەنداری لێدەکرێت یاخود ئیدارە خۆسەرییەکە یان جۆرێك لە تێکەڵەیە لە خاوەندارێتی تایبەتی و گشتی ، هەروەها ئایا هەموو کەس دەتوانێت کە ببێتە ئەندام لەم هەرەوەزەزییانەدا بە پشتگوێخستنی ئەوەی کە ئەوانە کێن و جیاوازییان چییە ، هەروەها چۆن بەرهەمی ئەم هەرەوەزیانە دابەشدەکرێت؟ ئایا کۆمونەکان و ‘ماڵەکانی گەل’ لە ڕاسیتیدا گروپ یا ڕێکخراوێکی هیراشی نین؟ بۆچی سەرۆك و هاوسەرۆکیی لە پلەکانی خۆیانا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەمێننەوە؟ ئایا سەرۆکی ئیدارە خۆسەرییەکە و ئەوانەی کە لە پلەیەکی بەرزی تێڤدەم و کۆمونەکاندان لە ڕێگای دیمۆکراسی ڕاستەوخۆوە هەڵدەبژێرێن یاخود هەر دادەنرێن؟ چەندێك بە جددی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك کار بەرەو بەدیهێنانی کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیانە دەکات و تا ئێستا چی لەو بارەوە بە دەستهێنراوە؟ لە ڕاستیدا پرسیارگەلێکی زۆری تر سەبارەت بە لایەنەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك هەیە و دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت و وەڵامەکانیان تاووتوێی بکرێن.

بە بۆچونی من ئەوانەمان کە تا ئیستا دەربارەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك نوسیومانە وەڵامی زۆرێک لە پرسیارکانمان نەداوەتەوە یاخود کاری تەواومان لەسەر ئەم پرۆژەیە نەکردووە.
من هەندێك لەو هاوڕێیانە دەناسم کە لە سەر ئەم پرسە وتاریان نوسیوە زۆر لە ڕۆژاوا نەماونەتەوە تاکو سەبارەت بە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵەکەی بزانن و توێژینەوەی تەواو لەسەر ئەم پرسە بکەن. ئەو کەسانەشی کە بۆ ماوەیەی زۆر لە ڕۆژاوا ماونەتەوە ئەو هاوڕێیانە بوون کە پەیوەندییان بە یەپەگە و یەپەژەوە کردووە .
لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوەشدا ، ئەبێت لەسەر ئەوە پێکبێین کاتێك کە دەنوسین و توێژینەوەی ڕۆژاوا دەکەین نابێت ڕۆژاوا پەراوێز بخەین لەو بارودۆخەی کە دەورەی داوە . دەبێت بە باشی دوژمنەکانی ڕۆژاوا لە ناوەوەی سوریا و دەرەوەی ببینین، هەروەها بەردەوامبوونی لە شەڕییدا دژ بە داعش و بە ڕژێمی ئەسەد ، تورکیا و ئەگەری شەڕی داهاتوش کە ڕەنگە عێراق و ئێران و تورکیا یەکبگرن دژ بە پەکەکە ، نەدەینە لاوە.
سەرەڕای هەموو ئەوەی کە باسمکردن دەبێت دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کۆمەك و هاوپشتیی نێونەتەوەیی کارا و بەهێز لە لایەن چەپ و کۆمۆنیست و سوشیالیست و نقابی و ئەنارکیستەکانەوە نەبوو هەروەها هەمان یاخود لەو چەشنە بزوتنەوەیە لە هێج وڵاتێکی دراوسێ یا لە ناوچەکەدا ڕووی نەدا . ئەگەر بارودۆخی ڕۆژاوە جیاواز بوایە لەوەی کە هەر لە 2015 وە پێیدا دەڕوات و ئەو هەلو مەرجانەی کە باسم کردن بهاتنایەتە کایە ، ڕەنگبوایە ڕۆژاوا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی منی بە بارێکی پۆزەتیڤانە بدایەتەوە و نموونەیەکی باشتری بدایەتە دەستمان.

زاهیر باهیر – لەندەن
شوباتی 2018
Zaherbaher.com

*Communalism ئەم چەمکە هی بوکچینە ، وەکو چەمکێکی سیاسی فەلسەفی بەکاری هێناوەو گەشەی پێکردووە و وەکو خۆبەڕیوەبەرییەك یاخود سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی کە کۆمونەکان بە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆیانەوە لە فیدراسوێنێکدا یەکبگرنەوە پەیڕەوی مەبادیئەکانی خاوەندارێتیی بکەن و بیخەنە پراکتیکەوە .
**ئەم وتارە پێش هێڕشی دەوڵەتی فاشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ، ڕەشنوسەکەی نوسراوە .

———————————–

سەرچاوەکان

Anarchist and Radical Texts/The Anarchist Sociology of Federalism
2 Libertarian municipalism – Wikipedia https://en.wikipedia.org/wiki/Libertarian_municipalism

3 Biehl J. Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, Oxford University Press 2015, P 227

4 The Meaning of Confederalism | The Anarchist Library https://theanarchistlibrary.org/library/murray-bookchin-the-meaning-of-confederalism.pdf
5 The politics of Social Economy, Libertarian Municipalism. Biehl, J. P 110 and 118 https://drive.google.com/file/d/0B6YOyGNakE86b3RLY2RZN0dySUE/view?usp=sharing
6 http://www.freeocalan.org/wp-content/uploads/2012/09/Ocalan–Confederalism.pdf
7 Democratic Confederalism – ROAR Magazine
8 Abdullah Ocalan, Capitalism and unmasked gods and naked kings: Manifesto for a Democratic Civilization, Volume ll (page 110). Published New Compass Press, Porsgrun, Norway and International Initiatives edition, Cologne, Germany 2017
9 The Murray Bookchin Reader. Edited by Janet Biehl (page 75) https://archive.org/details/themurraybookchinreader
10 Golphy O. Rojava’s democratic confederalism: the experiment of an American theory. 2016. https://www.reddit.com/r/syriancivilwar/comments/4fxpd5/rojavas_democratic_confederalism_the_experiment/

Previous
Next
Kurdish