Skip to Content

گفتوگۆ لەگەڵ سەرگۆن پۆڵس …. لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد

گفتوگۆ لەگەڵ سەرگۆن پۆڵس …. لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد

Closed
by ئازار 6, 2018 General, Literature

سه‌رگۆن پۆڵس:

ئه‌فسوون و مۆسیقای وشه تاساندمی

Margaret Obank سازدانی: مارگرێت ئۆبانک
ی بەریتانیBanipal سەرنووسەری گۆڤاری بانیپاڵ
لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد/به‌ریتانیا
Margaret Obank سازدانی: مارگرێت ئۆبانک
ی بەریتانیBanipal سەرنووسەری گۆڤاری بانیپاڵ
لە ئینگلیزییەوە: ئازاد ئەسوەد/بەریتانیا
من بەردەوام هاتوچۆی رابوردوو ئەکەم. زۆربەی ئەو مادانەی کەتۆیان پێک هێناوەو هه‌تا ئەمڕۆکه‌ش ئیشت له‌سەر ئەکەن و تۆ درەنگوەخت بۆت دەرئەکەوێ، لەمناڵی سەرچاوه ئەگرێ. لەبەر ئەوە من پێم وایەهه‌رچیت لەمناڵیدا بەسەر هاتبێ، بارودۆخ وسەردەم و رووداوەکان و ئەو شوێنەی لێی ژیاوی، ئەبنەهۆی دروست بوون و پێک هێنانت، بەتایبەتیش گەر شاعیرو نووسەر بیت، دواتر ئەگەڕێیتەوە سەریان و بۆت دەرئەکەوێ کە ئەوە تاقە سەرمایەی راستەقینەی تۆیه. لەبەر ئەوە، وەکو وتم، لەشیعرەکانی دواییمدا بەردەوام ئەگەڕێمەوەبۆ ئەو سەردەمه، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پێکیان بەێنمەوە، لەشێوەیەکی نوێ دا بیانبینم، لەناو ڕوانگەیەکدا گردیان بکەمەوەو توند بیبەستم تا قووڵترین مانای گونجاو لەو دیمەن و رووداوو زەمینانە دەربهێنم.


ده‌ریاچه‌و چیمه‌نی ئینگلیزی

ده‌ریاچه‌و چیمه‌نی ئینگلیزی
من لەحه‌بانییه له دایک بووم که‌شارێکی بچووکی سه‌ر ئاوه‌و پڕه له گۆمی ده‌سکرد که ئینگلیز‌ەکان درووستیان کردووه. لەنزیک ئاو لهدایک بووم، بۆیه پێم وایه ئاو رزێکی گرنگه لهلام و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وهشه زۆر بهکاری ئه‌هێنم. یهکێ له یاده‌ورییه ‌کۆنه‌کانم: له‌گه‌ڵ دایکم لەگوێ ئاودا، لەو شوێنەی کەرهڤانەمان هەبوو، دانیشتبووین و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک له ئاوەکە رائەماین و گوێمان بۆ هەڵئەخست، لەگەڵ دیمەنی خۆرئاوا کەهەتا ئێستاش لەیادم ماوه، تەنانەت تیشک و شێوەو رەنگیشی. ئەو وردەکارییە ناسکانەیە کە بەدرێژایی ژیانت ئەبن بە هاندەرت. حەبانیە شارێکی بچووک بوو زۆربەی دانیشتوانی ئاشووری بوون کە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە هێنرابوون. ئەمە بۆ من مێژوویەکی گرنگە لەبەر ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان منیش ئەگرێتەوەو، پەیوەندیی بە جۆری پەروەردە کردنمەوە هەیە. لە بیستەکانی (سەدەی بیستدا) پاش ئەوەی ئاشوورییەکان لە باکوور دووچاری رەشبکوژی هاتن، ئینگلیزەکان لە هنێدییەوە کە بنکەیەکی ئاسمانیی بەریتانی بوو (معسکر رشیدی ئێستا لە بەغدا – وەرگێڕ)، بردیانن بۆ حەبانیە کە بووە بنکەیەکی سەربازیی و، خستیاننە ژێر پارێزگاریی خۆیان. باوکم لەگەڵ ئینگلیزەکاندا کاری ئەکرد. یەکێك لەو یادەوەرییانەی کە لەیادم ناچن؛ باوکم لەگەڵ خۆیدا ئەیبردم بۆ شوێنی کارەکەی کە کامپێک بوو تەنیا ئینگلیزەکان و کرێکارە عێراقییەکانی تیادا ئەژیان. هاوینان خانمە ئینگلیزەکانم لەنێو چیمەن و گوڵزاردا ئەبینی کە لەژنانی خۆمان نەئەچوون وەکو دایکم و خوشکەکانم. لەوێدا وێنەیەکی دیکەی مرۆڤایەتیم ئەبینی. منیش لە دوورەوەو لەتوێی درەختەکانەوە چاوەدزەی باخچەکانم ئەکرد. ئێستا بیر ئەکەمەوە، ئەوە بۆ من خەیاڵێکی بەهەشتی بوو، بەهەشت بەواتای شوێنێکی پڕ لە گوڵ و گوڵزاری رەنگاوڕەنگ. هەندێ دێڕە شیعرم لەبارەی ئەو شوێنەوە نووسیوە. بێگومان ئەوکاتە مناڵ بووم و درکم بەوە نەئەکرد کە ئەوان وڵاتەکەمیان داگیر کردووە.

سامانە بچکۆلەکەم

گەڕانەوە لەڕێی یادەوەرییەوە بۆ ئەو وردەکارییانەی لە هیچ شوێنێکداو لای کەس بوونی نییە لای خۆم نەبێ، بەلامەوە شتێکی گرنگەو بە سامانی بچکۆلەی خۆمی دائەنێم، یان وردەکارییە شەنگەکانی جیهان. پێم وایە ئەو شتانەیە کە چێژ بە ژیانت ئەبەخشن و ئەتکەن بەو کەسەی کە هەیت. بێگومان ئەم شتانە بۆ شاعیر زۆر بەهادارن، لەبەر ئەوەی شاعیر لەبارەی چییەوە ئەنووسێ گەر لەبارەی قووڵترین شتەوە نەبێ، گەر لەبارەی گەڕان و لێ وردبوونەوە نەبێ لە سەردەمە دوورەکانی یاد، لەوێشەوە خوڵقاندنی روانینێک بۆ جیهان؟.

پاشان حەبانیەمان جیهێشت و بۆ کەرکوک بارمان کرد، کە شارێکە لە باکوورو تەواو جیاوازە لە حەبانیە، شارێکی بێ ئاو، رووبارێکی پیادا رەت ئەبێ لە ساڵێکدا نۆ مانگ وشکەو سێ مانگەکەی دی ئەبێ بە لافاو. بیرۆکەی نوێترین کتێبم کە بە ئەڵمانی و عەرەبی بە ناوی (شهود علی الچفاف) چاپ بووە لە شیعرێک وەرگرتووە کە باس لە لافاوی رووبارێک ئەکات زۆربەی کات مردووە، لەناکاو هەڵئەچێ و شار لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ ئەکات. ئیتر بەم جۆرە، لە حەبانیەوە بۆ کەرکوک، شاریکی وشک و بەردین، خەڵکەکەی تەواو جیاوازە: زۆربەی تورکمانە، تورکی مەغۆلی کە هەزاران ساڵە لەو شارەدان و بەزۆری لە قەڵایەکی بڵندو بەردین دا ژیاون. ئەم شتانە سەرنجێکی وایان لا جێهێشتووم، ئەڵێی مێژووەو هەموو رۆژێ رووبەڕووت ئەبێتەوە.

بەجۆش و خرۆشەوە ئەمنووسی

لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەستم بە نووسین کرد. یەکەمین شیعرم لە تەمەنی 13 یاخود 14 ساڵیدا بڵاو کردەوە، ئیتر لەوساوە من لە نووسین نەوەستاوم. ئەفسوونی وشەو مۆسیقا لەناکاو گرتمی و تاساندمی. سەرەتا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئەمنووسی. ئێستاش هەندێ دەفتەری ئەو سەردەمەم لاماوەو لە بەرواری شیعرەکانەوە تێبێنیم کردووە کە لە رۆژێکدا 5-6 شیعرم نووسیوە. بێگومان شیعری کورت و پڕ وزە، بەڵام 5-6 شیعر لە رۆژێکدا کەم نی یە، ئەوەش بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی بە چارەنووسەوە هەیە. بەڵێ، من باوەڕم بەوە هەیە، لەحاڵەتی شاعیردا هەمیشە راستە، کە جارێک پێکرای ئیتر هەرگیز بێ ئەو ئەفسوونە هەڵناکەی. هەمیشە ئەگەڕێیتەوە ئەو سەرچاوەیە تا بۆت روون بێتەوە: ئەمە چۆن ڕوویدا؟ بۆچی بەسەر مندا هات؟ بۆچی من هەڵبژێردرام بۆ ئەوەی لەڕێی وشەوە جیهان بەم شێوەیە ببینم؟
دایک و باوکم هەرگیز بۆ قوتابخانە نەچوونە، هەر ئەوەندەیان ئەزانی کە من بەتەنها لە ژوورەکەی خۆمدا بە درێژایی شەو خەریکی ڕەشکردنەوەی کاغەز بووم. دایکم بەزەیی پیاما ئەهاتەوەو ئەیوت: کوڕم بۆ ناچی بۆ خۆت یاری بکەی؟ بۆ ناڕۆی بۆ سینەما؟ ئاخر چاوت تێک ئەچێ .. بۆ گەنجیتیی خۆت بەبا ئەدەی؟ بێگومان، نەمن ئەمتوانی بۆی ڕوون بکەمەوە نە ئەویش لێم تێ ئەگەیشت. هەتا ئەمڕۆکەش، تەنانەت لەم تەمەنەشدا، هەرچەند شیعر ئەنووسم ئەگەڕێمەوە بۆ ئەو هەستە جوانانەو هەوڵ ئەدەم دەست بەسەر ئەو چرکەساتانەدا بگرم.


گیان و وشە

ئەڵێی دەرمانێکی ئەفسووناوییەو لە گیان و وشە دروست بووە. لەڕاستیدا زمانی عەرەبییش ئەو ئەفسوونەی تیایەو هەر کە خۆی بۆت دەرخست ئەکەویتە داویەوە. ئەمە لە عەرەبیدا پێی ئەڵێن ” أدرکته حرفه‌ الادب”، واتە دووچاری پیشەی ئەدەب بووەو، نەفرەت لێکراوە. من لەلای خۆمەوە، لەپاڵ نەفرەتبووندا، بە بەخششی دائەنێم، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، گەر لێم بپرسی، ئەڵێم ئەمەوێ دیسانەوە هەر هەمان شت بکەمەوە کە پێشتر کردوومن. پێم وایە من لە شیعردا، لەپاڵ موعانات و کرۆشتنی کرۆکی مێژوودا، شتی دیشم دۆزیوەتەوە.

مێژووی عەرەب، مێژووی ئاشووری، مێژووی ئەرمەنی، هەموو ئەم نەتەوانەو زمانەکانیشیان، ڕژاونەتە ناو زمانی عەرەبییەوە. ئەتوانم بڵێم %70ی زمانی عەرەبی لە سریانی و ئارامی و تەنانەت سانسکریتی و هەندێ زمانی دیش پێکهاتووە، لەبەر ئەوە پێم وایە شتێک نییە پێی بووترێ زمانی پوختە. لەبەر ئەوەی عەرەبی زمانێکی بەهێز بوو، هەموو زمانە مردووەکانی دەوروبەری کە هەتا چەند سەدەیەک لەوەوبەر باڵادەست بوون لەناوچەکەدا، وەکوو موگناتیز بەلای خۆیدا ڕاکێشا. زمانێکی بەهێز بوو و هەموو زمانەکانی دیی هەڵلووشی.

هەتا ئێستاش گەلێ وشە هەن لەزمانی عەرەبیدا زایەڵەی ئاشووری و عیبری و سریانی و کلدانی ئەدەنەوە. بێگومان کلدانییەکان پاش ئەوەی بابلیان لە ئاشوورییەکان سەندەوە شارستانێتییەکی مەزنیان پێکەوە ناو زمانەکەشیان هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە.
لەبەر ئەوە، کاتێ شیعر بە عەرەبی ئەنووسم – ئەمەش نهێنییەکە لەنێوان من و خۆمدا – هەندێ جار وا هەست ئەکەم بەهەموو ئەم زمانانە ئەنووسم. چونکە پێم وایە هەموو زمانێک، یادەوەریی مردووی هەموو ئەو میللەتانە ئەگرێتەخۆ کە بەشدارن لە دروست کردنیدا. من بەم شێوەیە ئەچمە نێو قووڵایی ئەم رووبارە مەزنەوە. وەکوو ئەو فەرهەنگە زلەی (لسان العرب) کە لە پتر لە بیست بەرگ پێکهاتووە بەڵام زۆربەی مردووە لەبەر ئەوەی بەکار ناهێنرێ.

بەهەر حاڵ، ئەو بەشەی زمانی عەرەبی کە ئێستا بەکار ئەهێنرێ زیندووەو تینووی گەشەپێدان و نوێ بوونەوەیە. بەم جۆرە، ئێمە تەنیا لەسەدا پێنجی فەرهەنگ بەکار دێنین، لەبەر ئەوەی هەموو ئەو وشە جوانانە ئەمڕۆ بەکار ناهێنرێن و بۆ سەردەمانێکی پێشووتر داهێنرا

بنەچە زمانەوانییەکان

ئەم مەسەلەیە ئەمانباتەوە سەر بابەتیکی زۆر گرنگ، تەنانەت سیاسیش، بەو پێ یەی نووسین سیاسەتە، بەتایبەتی لەزمانی عەرەبی دا. ئەو کێشەیەی لەسەر زمانی عەرەبی ئەکرێ، مەسەلەیەکی زۆر ناسکەو لەهیچ زمانێکی دیدا بەدی ناکرێ، لەبەر ئەوەی قورئان سەرچاوەی رەوانبێژیی ڕەهایە. لەڕاستیدا سەرچاوە نییە، لەبەر ئەوەی زمانەکە بەر لەقورئان هەبووە، زمانێکی رەوان و شیرین، لەسەردەمی جاهیلییەتدا. بەڵام ئەم مەسەلەیە، بەشێوەیەک لەشێوەکان، مەسەلەیەکی سیاسیشە، لەبەر ئەوەی نەک هەر فەناتیکە ئایینییەکان، بەڵکو فەناتیکە زمانەوانییەکانیش لە گۆڕان ئەترسن. ئەنجامەکانی ئەم کارەش ئێستا دەرئەکەون، بۆ نموونە تەنها لە جیهانی عەرەبدا کێشە لەسەر فۆرمە شیعری یەکان بەدی ئەکرێ.

پەخشانە شیعر

لەڕاستیدا تاکو ئێستاش پەخشانە شیعر پەسند نەکراوە. پێی ئەووترێ پەخشانە شیعر، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی سوورەتەکانی قورئان لەشێوەی پەخشانە شیعردا نووسراون. بۆیە ئەبینین فاندەمێنتاڵە زمانەوانییەکان لە نەستی خۆیاندا هەست بە هەڕەشەو مەترسی ئەکەن لەلایەن پەخشانە شیعرەوە. ئێمەش ئەبینین پاش نیو سەدە لە سەرهەڵدانی پەخشانە شیعر کەچی هێشتا وەکوو جەستەیەکی نامۆو بیانی سەیر ئەکرێ کە بەزۆر خزابێتە نێو زمانی عەرەبییەوە، گەرچی سەرەنجام خۆی سەپاندووە. ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی یەخەی شاعیری عەرەب ئەگرێ.

ئەمە مەسەلەیەکی گرنگە بۆ هەر کەسێک باس لە شیعری عەرەبی بکات. لێرەدا سێ فۆرم، سێ بزووتنەوەی شیعری دەرئەکەوێ، لە شیعری کلاسیکەوە دەست پێ ئەکات کە لە پێش ئیسلامەوە، لەجاهیلیەتەوە، لە (إمرۆ القیس)و شاعیرە کۆنە مەزنەکانەوە درێژەی هەیە تا ئەم سەردەمە. لەڕاستیدا دوایین شاعیری مەزن کە بە شێوەی کلاسیکی ئەینووسی و لەم دوایییەدا کۆچی دوایی کرد جەواهیری بوو کە لەگەڵ خۆیدا ئەم شێوە شیعرییەش بەتەواوی نێژراو دوایی هات. لە ئەدەبدا شتێکی دیی وا نییە کە لەگەڵ شیعری کلاسیکدا بەراورد بکرێ. شیعری کلاسیکی عەرەبی لە پەنجا دێڕەوە تا هەزار دێڕ درێژەی هەیەو لەسەر یەک قافیە بەردەوامیی خۆی ئەپارێزێ. شێوەی شیعری کلاسیکیی عەرەبی لە هیچ ئەدەبێکی دیدا بەدی ناکرێ.

لە کۆتایی ساڵانی چلدا شاعیرێک لە عێراق بەناوی بەدر شاکر سەیاب هەوڵی دا کارێکی لەو بابەتە بکات. سەیاب بە شیعری رۆمانتیکیی ئینگلیزی کاریگەر بوو؛ جۆن کیتس و شێڵی و، بێگومان بایرن و وۆردزوۆرپ و، لەهەمووشیان زیاتر ئیدیپ سیتوێڵ. بەڵام هەوڵەکەی سەیاب نە شیعری ئازاد بوو، نە پەخشانە شیعر، بەڵکو شیعری سەروادار بوو، بەڵام سەروای جۆراوجۆری بەکار ئەهێنا، هەر سێ چوار دێڕێک لەسەر هەمان تۆن و، بەکارهێنانی هەمان کێشی شیعری کلاسیکی. بەڵام ئەوەی ئەو کردی لەڕاستی دا شۆڕشێک بوو، دوو هەزار ساڵ لەشیعری عەرەبیی ژێرەوژوور کرد. گەرچی گەلێ شاعیری دی لەشێوەی جەواهیری ئەیاننووسییەوە، بەڵام ئیدی شیعری کلاسیکی کۆتای پێ هات. لەهەمان کاتدا، لە ئەمێرکا، شاعیرانی عەرەبی (مەهجەر) وەکو جوبران خەلیل جوبران و ئەمین رێحانی و ئەوانی دی کە بە واڵت ویتمەن و بزووتنەوەی شیعری ئازادی ئەمێرکییەوە کاریگەر بوون ، جۆرێک شیعریان ئەنووسییەوە کە ئێمە پێی ئەڵێین پەخشانە شیعر، واتە شیعری بێ کێش، تەنیا پەخشان، بێگومان ئەویش هێرشی کرایە سەر، بەو پێ یەی تەنیا پەخشانەو هیچی دی.

پاشان لەکۆتایی پەنجاکان دا گۆڤاری (شعر) لە بەیرووت دەرکەوت لەلایەن یوسف ئەلخال و ئەدۆنیس کە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ پێشەوە. ئەمانە کەسانێک بوون ئەدەبی رۆژاوایان خوێندبۆوە، ئەدۆنیس بە فڕەنسی و یوسف ئەلخال بە ئینگلیزی. ئەمان بە بەراوورد لەگەڵ هاوچەرخەکانیان، لە رووانینیاندا بۆ شیعر، بۆ مۆدێرنیزم، بۆ شۆڕشگێڕ کردنی شیعر، گەلێک لەپێشەوە بوون. ئەمڕۆ کە لێکۆڵینەوە لە شیعری عەرەبی ئەکرێ، گۆڤاری (شعر) لە چهقی مەسەلەکەدایە.

ساڵی 1961 کە لە کەرکوک بووم 16 شیعری خۆم نارد بۆ یوسف الخال، هەمووی لە لاپەڕەکانی یەکەمی گۆڤاری شعر دا بڵاو کردنەوە. لەهەمان کات دا لەڕۆژنامەی (النهار) ستایش کرام وەکو دۆزینەوەی شاعیرێکی لاو. لەڕاستیشدا زۆر لاو بووم. لەوێوە من و یوسف الخال دەستمان بە نامە گۆڕینەوە کردو ئەوەش سەرەتای پەیوەندیم بوو لەگەڵ گۆڤاری (شعر)دا.

دەنگ و وێنە

لەڕاستیدا ئەوە چارەنووسی منی دیاری کرد – ئەو پەیوەندی یە بەهێزەی لەگەڵ بەیرووت دا پەیدام کرد. لەوێ بەرهەمی وام بڵا ئەکردەوە کە لە عێراق دا، کە شیعری نوێ هێشتا شوێنی خۆی نەگرتبۆوە، هەرگیز خەونم بە بڵاو کردنەوەیان نەئەبینی. لە عێراق دامودەزگایەکی تەواو هەیە لە بەرگریکارانی شیعری کلاسیک، منیش لەو سەردەمەدا نوێخوازێکی ڕاستەقینە بووم لەبواری شیعردا. شیعری کێشدارم ئەنووسی بەڵام بەشێوەیەکی غەریب، لەوانەی سەیاب و شیعری ئەو دەمە نەئەچوو، بێ سەروا، بەڵام بە زەبر، بە دەنگ و وێنەو ڕوحێکی سوریالیانەوە بەڵام پڕ جۆش و خرۆش.

من هەرگیز لە نووسین نەوەستاوم. گەلێ شیعرم لە گۆڤاری (شعر)دا بڵاو کردەوە، لەبەر ئەوەی یوسف الخال و ئەدۆنیس ئەوەندە هانیان ئەدام، بەڕادەیەک کە من ئەو کتێبەی ئێستا پێوەی خەریکم (ئەو شیعرانەی لە حەفتاکان و هەشتاکان دا نووسیومن) پێشکەشی ئەوانم کردووە، لەبەر ئەوەی ئەوان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، چارەنووسی منیان دیاری کرد. ئەو دەمەی پەیوەندیم لەگەڵ ئەو گۆڤارەدا پتەو بوو بەردەوام بووم لە خەون بینین، بێگومان بەیرووت لەوێ بوو، لەودیوی تەواوی دیمەنەکە، لەودیوی وشەکان. بەیرووت بۆ ئێمە خەون بوو، پایتەختێکی زێڕین، بەتایبەتی لە شەستەکان دا. ئێستا پاش جەنگ و وێرانی، بەیرووت بۆتە مێژوو.

لە بەغداد جەبرا ئیبراهیم جەبرام ناسی کە لە کۆمپانیای نەوتی عێراق کاری ئەکردو گۆڤارێکی ئەدەبیی چاکی بۆ کۆمپانیاکە دەرئەکرد (گۆڤاری العاملون فی النفگ – وەرگێڕ). من لەو گۆڤارەدا شیعرم بڵاو ئەکردەوە، لەبەر ئەوەی پاداشتیان ئەداو هەروەها لەبەر ئەوەی جەبرا پیاوێکی زۆر چاک بوو. ئەو دەرچووی زانکۆکانی کامبریج و ئۆکسفۆرد بوو، منیش پێم خۆش بوو بچمە لای و بیدوێنم.

ئەو دەمە من شێتانە ئەمخوێندەوە، پەیم بە سەرلەبەری زمانی ئینگلیزی بردبوو، براکەم زمانی ئینگلیزیی ئەزانی و لەماڵەوە کتێبخانەیەکی قشتی هەبوو، باوکیشم بەهۆی کار کردنی لەگەڵ ئینگلیزەکاندا، هەروەکو زۆربەی ئاشوورییەکان، هەندێ ئینگلیزی فێر بوبوو. ئەو جۆرە خوێندنەوەیە بیروبۆچوونی منی لەبارەی شیعرو ئەدەبیات دیاری کرد. من و هاوڕێیەکم کە ناوی جان دەمۆیەو شاعیرێکی چاکە، لەبەغدا هەندێ کتێبی هەرزانبایی ئەنتۆڵۆجیای شیعری ئینگلیزیمان بەرچاو کەوت کە لەسەر شەقامەکاندا ئەفرۆشران. بەو جۆرە دەستمان بە ناسینی شاعیران کرد، بەڵام ئەوەی لێێ تێ نەئەگەیشتم ئەوەبوو کە خەیاڵم ئەکرد، کە خەیاڵ و بیرتیژیم گەشەی سەند. مرۆڤ لەتافی لاویدا بیرو خەیاڵی هێندە تیژە ئەشێ هەر شتێکی لەو بابەتە بیورووژێنێ ، ئەوەش پێم وایە گرنگتین خاڵە لەژیانی شاعیردا.

شوێنی تۆ بەیرووتە

رۆژێکیان یوسف الخال هات بۆ بەغدا، جەبرا ناردی بە شوێنماو پێی وتم:” یوسف الخال سبەی دێ بۆ ئێرەو ئەیەوێ بتبینێ”. کەواتە ئەڕۆم بۆ ماڵی جەبرا بۆ بینینی ئەو پیاوەی بۆ من نەک هەر ئایدۆڵە، بەڵکو نموونەی شاعیرێکی راستەقینەشە کە رۆیشتووە بۆ رۆژئاواو هاتۆتەوە گۆڤارێکی دامەزراندووە. یوسف الخال ناوێکی گەورەو ئەفسووناوی بوو پڕشنگێکی زەبەندی بەدەورەوە بوو. پێی وتم:” تۆ شوێنت بەیرووتە، وەرە بۆ بەیرووت، تۆ یەکێکی لە ئێمە”. پاش ئەوە بە دوو مانگ من لە بەیرووت بووم.

چیرۆکی سەفەر کردنم بۆ بەیرووت چیرۆکێکی زۆر دوورودرێژو خۆشە. ساڵی 1967 تەمەنم 22 یان 23 ساڵان بوو، کە تەمەنیکی پێرفێکتە بۆ سەرکێشی کردن، بۆ بڕینی باکوور، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەو تەمەنەدا سڵ لەهیچ ناکاتەوە. بێ پارە، بێ هیچ شتێک، ئەبوو بڕۆم. جەبرای بەستەزمان (سڵاو لە گیانی) پێی وابوو منیش وەکو ئەوخەڵکە بە فڕۆکە، بە بلیت و پاسپۆرت سەفەر ئەکەم. نەیئەزانی من نە بلیتی فڕۆکەم پێ بوو نە پارە. هەندێ لە کتێبەکانم فرۆشت و 44 دینارێکم پێکەوە نا، بێگومان بێ پاسپۆرت! کەس ئامادە نەبوو پاسپۆرتم بداتێ.

جەبرا دەستنووسی وەرگێڕانە عەرەبی یەکەی (شا لیر)ی دامێ تا بیدەمە دەست یوسف الخال بڵاوی بکاتەوە. ئەو دەستنووسەم بۆ ماوەی دوو مانگ لە سارا پێ بوو. لە سارا پەڕیمەوە بۆ حەسەکەو حومس و دیمەشق، لەوێشەوە بۆ بەیرووت. ئەوە سەرکێشییەکی گەورە بوو لەژیانما، من هەتا ئێستاش لەسەری ئەنووسم. ئەوەش شتێکی زۆر رەمزیانەیە لەژیانی پێغەمبەران و شاعیراندا کە پێی ئەوترێ شەوی تاریکی رۆح. پەڕینەوە لە سارا جیهانێکی دییە، لەڕاستیشدا وابوو، خەون بوو بۆ من.

کاتێ لە بەیرووت بە دەستنووسەکەی شا لیرەوە چوومە دەزگای بڵاوکردنەوەی (دار النهار)، یوسف الخالم بینی لەسەر مێزەکەی دانیشتبوو، وا ئەزانم دوێنێ بوو، وتی:” ها، نەمووت؟”، وەک بڵێی چاوەڕێم بوو. لەباوەڕی کەسدا نەبوو.
سارام بە پێ بڕی، بێ جانتای سەفەر، بێ هیچ شتێک، تەنیا جانتایەکی بچووک کە دەستنووسەکەی شالیری تیا بوو لەگەڵ دەفتەری شیعرەکانما کە تا ئێستاش هەر پێمە. ئەم دەفتەرە بۆ من چاوگی ئەفسوونە کە شیعرەکانی تافی لاویمی لەخۆ گرتووەو زۆربەیان بڵاو نەبوونەتەوە، بەرگێکی چەرم و قایمی هەیە لەسەری نووسراوە “بەغدا 1961”. بۆ هەر شوێنێ بڕۆم ئەو دەفتەرە لەگەڵ خۆما هەڵئەگرم، ئایکۆنی سیحریی منە، کاتێ پێویستیم بە شیعر نووسین ئەبێ، کاتێ هەست بە وشکبوون ئەکەم، ئەو دەفتەرە ئەکەمەوەو چاو بە لاپەڕەو دێڕەکانیدا ئەخشێنم، ئیلهامی ئەو چاوگی ئەفسوونەم پێ ئەبەخشێ.

رۆژانی بەیرووتم دابەش بوبوو بەسەر یوسف الخال و ئەو رۆژنامەیەی ئەدۆنیس کاری تیا ئەکردو کافێی (هۆرس شوو)دا، کە کافێیەکی زۆر نایاب بوو لە بەیرووت، تا ئێستاش ماوە. ئێواران هەرچ کەسێکت بویستایە لەوێ ئەتبینی، تەنانەت کەسایەتییە جیهانییەکانیش، وەکو سامیووێڵ بێکێت. من تاکو ساڵی 1969، ئەو ساڵەی چووم بۆ ئەمێرکا، لەرۆژنامەی (النهار)و لەگەڵ یوسف الخال لە گۆڤاری (شعر)دا کارم ئەکرد. یوسف الخال پتر لەهەموو کەس رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دیاریکردنی چارەنووسم.

بەیرووت لەو سەردەمەدا لەترۆپکی چاخی زێڕینی دا بوو، کە چاخی زێڕینی عەرەب بوو بەگشتی، لە ئێستادا شتێکی لەو جۆرە بەرچاو ناکەوێ. شارێکی کراوە بوو، جوانییەکەی و کەنارەکانی زەریای کە لە (ڵۆنگ بیچ)ی سان فرانسیسکۆ ئەچوو سەرسامی کردبووین. من و ئەدۆنیس و یوسف الخال و زۆر کەسی دیش پێکەوە ئەچووینە کەرناری دەریا، شوێنێکی زۆر خۆش بوو، کچان بکینی (سوتیان)یان لەبەر ئەکرد، ئەتووت (ریڤیرا)ی ئیتاڵیایە. من لەوێ لەماڵی پوورم (خوشکی باوکم) ئەژیام. بەڵام زۆر جار لەدەرەوە ئەماینەوە، کاتێ نووسەرو شاعیرێکی زۆر کۆ ئەبووینەوە هەرگیزنەئەچووینەوە ماڵەوە.


دەرچوون لە بەیرووت

بەڵام من خەون و خواست و ویستم گەورە بوو، بەیرووت بۆ من تا ئەهات بچووک ئەبووەوە، لەبەر ئەوەی من بە نیازی چوونە ئەمێرکاوە هاتبوومە بەیرووت. ئەمێرکاو رۆژئاوا هەمیشە لەبیرو مێشکی مندا بوو، سەرەتا دەستم بە خوێندنەوەی کتێبی (وینسبێرگ، ئۆهایۆ)ی (شێروود ئاندرسن) کرد کە رۆمانێکی کلاسیکی ئەمێرکییە، پاشان فۆکنەرو هەمینگوەی وفیتزجێرەڵدو جیهانە فانتازییەکانیان کە وێنام ئەکردن. من هەرچی بخوێنمەوە وێنای ئەکەم، بە وێنا کردن بەرجەستە ئەبێ و ئەبێتە شتێکی بینراوو راستەقینەو تەنانەت تیایدا ئەژیم.

ئەم مەودایەی ئەندێشەی منە کە بەدرێژایی ژیانم پەلکێشی کردووم. هەر بۆیەشە ئێستا لێرەم لە ئەڵمانیاو لەگەڵتانا دانیشتووم. ریلکەو هۆڵدەرلین و شاعیرە ئەڵمانییە مەزنەکانی ترم خوێندۆتەوەو هەمیشە ویستوومە لەبارەی ئەڵمانیاوە فێربم و لێرە بژیم، ئەوەتا ئێستا لێرەم، گەرچی هەر ئەبوو پێشتر خۆم بگەیەنمە ئەمێرکا و کارەکانم جێبەجێ بکەم.

بەڵام بەر لەوەی بەیرووت جێبهێڵم زیندانی کرام، لەبەر ئەوەی ئیقامەم نەبوو. رۆژێکیان چووم بۆ نووسینگەی گۆڤاری (شعر) یوسف الخال وتی:” ئەوە چییە پۆلیسی نهێنی بەدواتدا ئەگەڕێن، چیت کردووە؟” بەڵام من هەرگیز بەسەرهاتی خۆم بۆ نەگێڕاوەتەوە. هەرگیز باسی سنوور بڕینم بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ نەکردووە. لەڕاستیدا من ناوچەی (ڕەوشە)دا ئەنووستم، ئەو شوێنەی کە وەکو پردی (گۆڵدن گەیت بریج) لە سان فرانسیسکۆ عاشقان خۆیان لەسەر هەڵئەدایە ناو رووبار، هەروەها لە ئاپارتمانی هەندێ هاوڕێدا ئەنووستم. رۆژێکیان، کاتێ تەواو وەڕس بووم لەهەموو شتێ، چووم بۆ پۆلیسخانە، کەلەپچەیان لەدەستم کردو وتیان: بەدوای تۆدا ئەگەڕاین. چەند رۆژێک لە زیندان مامەوە. زیندان پڕ بوو لە فەلەستینی، ئەو سەردەمە بوو کە بزووتنەوەی بەرگریی فەلەستینی تازە سەری هەڵدابوو و لە سنوورەکان زۆریان لێ ئەگیرا. لەگەڵیان دا بووین بە هاوڕێ. 300 کەس بووین لە ژوورێکدا، ئەوان بەسەرهاتی خۆیان بۆ ئەگێڕامەوە.

لەزیندانەوە بۆ نیوویۆرک

غاده‌ السمان کە ئەوسا نووسەرێکی زۆر ناسراو بوو، سەرۆکی لوبنانیی ئەناسی. لە ڕێی ئەوەوە نیوەشەوێک بەڕێوەبەری زیندانی بەبێجامەوە هێنایە زیندان تا بەرەڵام بکات، بەڵام مەرجێکیان هەبوو، ئەبوو لوبنان بەجێبێڵم، یان بگەڕێمەوە بۆ عێراق یاخود شوێنێکی دی هەڵبژێرم. وتم: شوێنێکی دی!.

یوسف الخال زۆری یارمەتی دام، پێکەوە چووین بۆ باڵوێزخانەی ئەمێرکی و پێی وتن کە ئەم لاوە دوو ئەنتۆڵۆجیای شیعری ئەمێرکیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە گۆڤاری (شعر)دا بڵاوی کردوونەتەوەو، گرووپی شیعریی (بیتنیکس)ی بەخوێنەرانی عەرەب ناساندووە. بە باڵوێزی ئەمێرکیی وت:” تۆ تەنیا بیدوێنە”!

ئەدەبی ئەمێرکی

باڵوێزی ئەمێرکی پرسیاری دەربارەی ئەدەبی ئەمێرکی لێ کردم، من لە واڵت ویتمەنەوە دەستم پێ کردو بە ناوە نوێکاندا هاتم کە جەنابی باڵوێز هەرگیز نەیبیستبوون وپێم وایە هەرگیزیش نایانبیستێ، وتی:”بەس!، کارەکەت سەری گرت”. ئەوراقیان دامێ، بەڵام هێشتا بێ پاسپۆرت بووم. بەم جۆرە، 50-60 دۆلارێکم قەرز کردو بۆ نیوویۆرک سەفەرم کرد، بێ ئەوەی کەس بناسم، تەنیاو بێ پارەو بێ هیچ شتێک، ئنجا بزانە! ئێستاش باوەڕ ناکەم چۆن رزگارم بوو، چۆن گەیشتمە سان فرانسیسکۆ کە دوا شوێنی مەبەستم بوو، لەبەر ئەوەی زۆرم لەسەری خوێندبۆوەو نووسیبوو تەنانەت پێش ئەوەی بشیبینم.

من کاتێ لەگۆڤاری (شعر) لەسەر گرووپی بیتنیکس (بیت جێنهرهیشن) Beat Generationم نووسی ئەبوو پێشەکییەکەی لەسەر کەناری باکوور North Beach ی سان فرانسیسکۆ بێت. دواجار کە گەیشتمە سان فرانسیسکۆ بۆم دەرکەوت کە چۆن بۆی چووبووم وچیم لەسەر نووسیبوو، هەمووی راست دەرچوو؛ سان فرانسیسکۆو هیپییەکان و شاعیرانی بیتنیکس. هەر کە گەیشتمە ئەوێ یەکسەر چوومە پاڵ هیپییە قژ درێژو ملوانکەی مووروو لەملەکان. کاتێ یوسف الخال ئەم شتانەی لەبارەی منەوە بیست وتی:” سەرگۆن تەواو، ون بوو، ئیتر هەرگیز ناگەڕێتەوە”. ئەو پێی وابوو من بۆ ئەوە ئەڕۆم بۆ ئەمێرکا تا بخوێنم و هەندێ بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بهێنم و بگەڕێمەوە.

ئیتێل عەدنان یارمەتیی دام لە نیوویۆرکەوە بێم بۆ سان فرانسیسکۆ. ئیتێلم جارێک لە گۆڤاری (شعر)دا بینیبوو. ئافرەتێکی وردیلەو خوێن شیرین. بەرهەمە ئەدەبییەکانی بۆ یوسف الخال ئەناردو منیش تەرجەمەی عەرەبیم ئەکردن. لەڕاستیدا هەموو ئەو بەرهەمانەی ئەو کە لە (شعر) بڵاو ئەبوونەوە، من وەرمگێڕاون، گەرچی گەلێ جار ناوی خۆم لەسەر دانەئەنا. ئیتێل پێی وتم:” سەرگۆن، گەر هاتی بۆ ئەمێرکا تکایە سەر لە شارەکە جوانەکەی ئێمە بدە، شاری سان رافائێل”.

بلیتی بۆ ناردم و شەوێک خۆی و خانمێکی دی هاتنە پێشوازیم. شتێکی جوان بوو، لەبەر ئەوەی ئیتێل لە هیندییە سوورەکان بوو. پێی وابوو هیندییە، گەرچی ڕەگێکی سووریی بوو، بەڵام وەکو هیندییەکی سوور هەڵسوکەوتی ئەکرد. ئەو چەند رۆژەی لەوێ بووم لە کافێ یەکی بەناوبانگ دائەنیشتین پێی ئەوترا کافیێ (بۆنا ڤیستا)، ئێستاش هەر ماوە، لە کەنداوە بچووکەکەیە (بەی)، لەوێوە زیندانە بەناوبانگەکەی ئاڵکەتراز دیارە. لەوێ لەگەڵ ئەو هیندییە ئەمێریکییانەدا بووین کە شۆڕشیان بەرپا کردبوو و ئەیانویست دەست بەسەر ئاڵکەترازدا بگرن. بەهەر حاڵ، من و ئیتێل عەدنان چووینە پاڵ هیندییە سوورەکان. بینینی ئەوان بۆ من خەون بوو. من ئەوانم تەنیا لە فیلم دا بینیبوو، کاتێ جان وەین چەند هەزار کەسێکی بە جارێک لێ ئەکوشتن. لەسەر شاشەدا کاوبۆیە سپی پێستەکان وەکو مێش لێیان ئەکوشتن، ئێمە هەمیشە بەزەییمان پێیاندا ئەهاتەوە. بەڵام لای من ئەوان میللەتێکی مەزن بوون، ئەوەتا ئێستاش لە سان فرانسیسکۆ بە واقیعی ئەیانبینم، بە پەڕوتووك و بەتانی ودەنکە مرواریی زلەوە.


من هیندی بووم

من زۆر پێیان سەرسام بووم و هاوڕێتیم لەگەڵ زۆربەیاندا پەیدا کرد. هیندییەکان لە ڕەوشێکی زۆر خراپدا بوون، ئێستاش هەروان، خۆیان بەرامبەر ئاڵکەهۆڵ ڕانەئەگرت و گەلێ ژن و پیاویان ئاڵکەهۆڵیک بوون، سپی پێستەکانیش ئەیانچەوساندنەوە. بەڵام من ناهەقیان ناگرم گەر سپی پێستەکان خاکت لێ زەوت بکەن و ئامادە نەبن بتدەنەوە. ئەوان ئامادە نین ئەو ناوچە بەردینە بچووکە بدەنەوە بە هیندییەکان کە لێیان زەوت کردبوون. گەلێکیان پێ کردن و ڕاوەدوویان نان و لەخاکی خۆیان وەدەریان نان. بەڵێ من لەو دەمەدا پێم وابوو یەکێکم لە هیندییە سوورەکان.

سان فرانسیسکۆ سەنتەری داهێنانە لە ئەمێریکا، بەڵکو سەنتەری ئەمێریکایە، لەلایەک کەناری رۆژهەڵات East Coastو نیوویۆرک و جیهانی پەخش و چاپەمەنی و ئەدەب، لەولاش کەناری رۆژئاوا West Coastو سان فرانسیسکۆ کە هەموو بزووتنەوە تازەکانی تیا سەر هەڵئەدەن، تا ئەمڕۆکەش، پێێ ئەوترێ ڕێنیسانسی سان فرانسیسکۆ. لەگەڵ کێنیپ ڕێکسرۆپ دا وەک مامۆستای ڕێوڕەسمەکان، کە پێی گەیشتووم، بزووتنەوەیەکی مەزن سەری هەڵدا. لەڕێی ئەوەوە هەموو شاعیرە مەزنەکانی گرووپی بیتنیکس دەرکەوتن؛ وەکو گاری سنایدەر، پاشان ئاڵن گینسبێرگ و جاک کێرەواک و، ئینجا گرێگری کۆرسۆو بۆب کۆفمەن و لۆرەنس فێرلنگێتی، کە ماریی کچی، کە ئەمناسی، بوو بە سەماکارێکی سەمای رۆژهەڵاتی. ئەو ئافرەتە گێرڵ فڕێندی هاوڕێی شاعیرم گاری گاچ بوو کە ئێستاش هەر لە سان فرانسیسکۆ ئەژی.

ئێمە ئەچووین بۆ لای کێنیپ رێکسرۆپ، بەمەرجێک، بۆمان نەبوو دەم بکەینەوە، تەنیا ئەو بۆی هەبوو قسە بکات. بلیمەتێکی گەورە بوو، ئینسایکلۆپیدیایەک بوو بۆ خۆی، لەڕاستیشدا بەوە ناوبانگی دەرکردبوو کە هەموو دوو ساڵ جارێک ئینسایکلۆپیدیای بریتانیکای لەبەرگەوە بۆ بەرگ ئەخوێندەوە. پیاوێکی بلیمەت بوو.

سان فرانسیسکۆ شوێنی هۆشیاربوونەوەیە، لەبەر ئەوەی نووسەران لەوێدا گەلێ کراوەن. ئەوان وەکو شاعیرو نووسەری نیوویۆرکی نین کە پتر مۆرکێکی ئەوروپییانەی پێشکەوتوویان پێوەیە، نە‌و، بەڵکو ئەوان نووسەری کۆزمۆپۆڵیتین. سان فرانسیسکۆ لەڕاستی دا شارێکە لە هەموو شارەکانی جیهان پێکهاتووە. لەم شارەدا پاریس ئەبینی، لەندەن ئەبینی، رۆماو بەرلین و تەنانەت چین ئەبینی، شارێکی نێونەتەوەییەو کەلتوور تیایدا تەواو کراوەیە. شارێکە پێم وایە بۆ هونەرمەند، بەتایبەتی بۆ شاعیر یەکاویەکە. من پتر لە چارەکە سەدەیەکە لە سان فرانسیسکۆ ئەژیم تەنانەت بۆ یەک ساتیش تیایدا هەستم بە وەڕسی نەکردووە . کۆڕە ئەدەبییەکان، ئەو گەشتە خۆشانە، بەتایبەتی لە حەفتاکان و هەشتاکان دا کە بەلای منەوە خۆشترین کات بوو، سەرکێشییەکان، ئەو گوڕوتینەی هەمان بوو، ئنجا بارکلی کە لە کۆتایی شەستەکان دا ببووە شوێنی شۆڕش و ناڕەزایی دەربڕین دژی جەنگی ڤیێتنام.

یەکەم شەو کە گەیشتمە بارکلی کاروانێکی خوێندکارانم بە مۆمەوە بینی گۆرانییان دژی جەنگ ئەووتەوە، بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە ڤیێتنام، شیعری هۆشی مینەیان ئەخوێندەوە، کە من تەرجەمەی عەرەبیم کردن و لە (دار النهار) لە بەیرووت بەناوی (یومیات فی السجن) چاپم کردن، ئەوە یەکەم کتێبم بوو. ئەوە بۆ من شتێکی زۆر دڵخۆشکەر بوو، لەگەڵ خوێندکارەکاندا بووین بە هاوڕێ، یەکەم جاریشم بوو لەگەڵ ئەو کچە هیپییە جوانانەدا بم؛ ملوانکەی دەنک زلیان لەمل ئەکردو پرچیان بەرئەدایەوەو مناڵی وردیان پێ بوو. لەگەڵ خۆیان دا بردمیان، لەناو کەشتییەکی جێهێڵراودا ئەژیاین لەکەنداوە بچووکەکەی نزیك شاری سان سۆسالیتۆ، شاری ئەستێرە سینەماییەکان. هیپییەکان لەو بەندەرەدا شانبەشانی یەختی ئەکتەرە سینەماییەکان ئەژیان. ئەو کەشتییەی ئێمەی تیا ئەژیاین هی زەمانی ماڕك توەین بوو، لەو کەشتییانەی بە پەروانەی کۆن و پێداڵی هەڵمین کار ئەکەن. لەناو کەشتییەکەدا بۆکسێکی مۆسیقا (جووك بۆکس)مان هەبوو لەگەڵ گریل (مەقاڵ)ێك بۆ هەمبەرگەر. کچە هیپییەکان، مناڵەکانیان بە ڕووتی بەدوایانەوە، هەمبەرگەریان دروست ئەکردو لەسەر مۆسیقای بۆب دیڵن و جانیس جۆپڵین دانسیان ئەکرد. وەکو خەون وابوو.

ئەو گوڕوتینە بێ ئەندازەیە

ناوی ئەو کتیبەی ئێستا کاری لەسەر ئەکەم (إژا كنت نائماً فی مركب نوح) (گەر لە گەمیی نووح دا نووستبوویت)ەو لە دوو دێڕە شیعری گەورە شاعیری سۆفیی ئێرانی جەلالەدینی رۆمیم وەرگرتووە کە تیایدا ئەڵێ:” گەر تۆ لە گەمییەکەی نووح دا بە سەرخۆشی نووستبووی/ باکی چیتە گەر لافاو هەڵکات”. کتێبەکە ئەو شیعرانە لەخۆ ئەگرێ کە لە ئەمێریکا، لەو سەردەمەی باسم کرد، نووسیومن. لەوێ بۆم دەرکەوت کە هەموو ئەو دیدو بۆچوونانەی لەبارەی نووسینەوە هەمبوو – کە پێش ئەوەی بێم بۆ ئەمێریکا هیچ نەبوو – لەئاست ئەو بۆنەیەدا نەبوو، تەنیا تەکنیك و جۆرە شێوازێکی نووسین بوو کە خاڵی بوو لەو گوڕوتینە بێ ئەندازەیەی تیایدا ئەژیام. لێرەوە کەوتمە پرسیار کردن لەخۆم: ئاخۆ چۆن بتوانم گوزارشت لەم ئەزموونە بکەم؟

لەو شیعرە پڕ وزانەی لە ئەمێریکادا نووسیمن هەستم ئەکرد زمان کۆنترۆڵی من ئەکات لەبری ئەوەی من زمان کۆنترۆڵ بکەم. بۆیە ئەبوایە ئەم خۆشڕەوانییەی ڕەزم (ئیقاع)ی زمان دابهێنم، ئیدی ئەم رەوتە خۆشڕەوانە هەموو شتێکی لەگەڵ خۆیدا راپێچ کرد. ئێستا کە ئەو شیعرانە ئەخوێنمەوە هەست ئەکەم لەو ڕێیەوە خۆم ڕاڤە ئەکەم. شیعر نووسین بۆ من هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا مەسەلەیەکی زۆرگرنگ و جەوهەری بووەو پەیوەندییەکی قووڵی بە ژیانی ناوەوەی خۆمەوە هەیە. ئەگینا من بۆچی شیعر ئەنووسم؟ بۆ رۆمان نا، بۆ وتار نا؟

من هەوڵم دا شێوەی نوێ دابهێنم تا لەو ڕێیەوە زمانی عەرەبی ناچار بکەم ئەو خۆشڕەوانییە مەزنەی زانیاریی نوێ و واقیعی نوێ بگرێتە خۆ، سەرەنجام ئەو شیعرە نایابانەم نووسی کە ئێستا خەریکی کۆکردنەوەیانم، هەندێکیان 25 تا 30 لاپەڕە ئەبێ. بەڵام ئێستا هەرگیز لەخۆم ڕانابینم شیعری وا دوورودرێژ بنووسم، ئێستاش نازانم ئەو شیعرانەم چۆن نووسی، قەت بە خەیاڵیشما نەهاتووە بڵاویان بکەمەوە، پێم وابوو کەس ئامادە نییە شیعری وا درێژم بۆ بڵاو بکاتەوە. بۆیە هەموو ئەو ماوەیە، نوقمی ئەو جۆرە ژیان و نووسینە بووم بێ ئەوەی بڵاو بکەمەوە.


نامەیەک لە ئەدۆنیسەوە

تا رۆژێکیان خانمێکی ئاشووری کە ناوی ڤیۆلیت یەعقووب بوو لە بەیرووتەوە هات بۆ سان فرانسیسکۆ، پێی وتم:” نامەیەکم لە کەسێکەوە بۆ هێناوی ناوی ئەدۆنیسە”، وتم:” ئەدۆنیس!”، ئەم ناوە وەکو زەنگ لێدان بوو بەلامەوە. ئەم قسەیە ساڵی 1972 یاخود 1973 بوو و من بە تەواوی لە جیهانی عەرەب دابڕابووم. نامەیەکی جوان بوو، ئەدۆنیس تیایدا ئەڵێ “تۆ لەنێوماندا ئامادەییت هەیە، گەرچی لێرە نیت بەڵام هەرگیز هەستمان بە ئامادە نەبوونت نەکردووە، ئەمەوێ هەرچی نووسینت هەیە بۆمیان بنێری بۆ (مواقف) {گۆڤارەکەی خۆی}”. هەرچی نووسینم هەبوو ناردم بۆ ئەدۆنیس، ئەویش هەمووی لە گۆڤارو رۆژنامەکان دا، لە مەغریب و هەموو شوێنێکدا بڵاوکردەوە. شیعرەکانم بڵاوبوونەوەو کەسانێکی زۆر پێیان وتم کە ئەوانە باشترین بەرهەمی من بوون، تۆ ناتوانی بە هۆشمەندی، شیعری لەو بابەتە بنووسی، بەهەر شێوەیەک بێ سەر هەڵئەدەن.

یەکەم کۆمەڵە شیعرم (الوصول إلی مدینه‌ أین) (گەیشتن بە شاری کوێ) لەڕووی شێوازەوە نوێخوازانە بوو. زۆربەی شیعرەکانم لە ئەمێریکادا نووسیبۆوەو بەشێك بوون لەو بارودۆخە مۆدێرنە رەهایەی هەوڵم ئەدا بینووسمەوەو دەستی بەسەردا بگرم. گەرچی ئەو کۆمەڵە شیعرەم لەساڵی 1985دا چاپ کرد بەڵام بەرواری نووسینی هەندێکیان ئەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکان. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو کۆمەڵە شیعرە قۆناغێکی نوێ لەژیانمدا دەستی پێ کرد. کۆمەڵە شیعری دووهەمم، کە زۆربەی شیعرەکانیم لە یۆنان نووسیبۆوە، لە مەغریب بەچاپم گەیاند. لەو کۆمەڵە شیعرەدا هەوڵم داوە هەستونەستی مێدیتێرانیانە (ئەو ناوچانەی ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست – وەرگێڕ) دەربڕم، هەر بۆیەش ناونیشانی (الحیاه‌ قرب اڵاکروپول) (ژیان لە نزیک ئەکرۆپۆڵ دا)م بۆ هەڵبژارد. ئەوە ڕاستە، من لەو دەمەدا نزیک ئەکرۆپۆلیس ئەژیام، هەموو رۆژێ بەناو (ئەکرۆپۆلیس) و (پلاکا)دا پیاسەم ئەکرد، بۆیە دەریاو بۆن و بەرامەو هەستونەست و هەموو وردودرشتێکی مێدیتێرانیانەیە.

پاشخانی ئاشووری

ئاخۆ پاشخانی ئاشووریم هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکانم هەیە؟ من بە مناڵییش هەر بە عەرەبی ئەمنووسی، گەرچی جاروبار بە ئاشووری ئەمنووسی، بەڵام هەر زوو بۆم دەرکەوت کە ئاشووری زمانێکی زۆر سنووردارە. پێش هەموو شتێک، زمانی ئاشووری لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەو ناچانەی ئاشووریی تیا ئەژین پێشێل کراوە – ئاشوورییەکان قوتابخانەیان نییە، گۆڤاریان نییە، کتێبیان نی یە، تەنیا کۆمەڵەی نهێنییان هەیە. یەکەم قوتابخانە کە بۆی چووم لە کەنیسەیەک بوو لە حەبانیە کە قەشە فێری ئاشووریی ئەکردین. زمانێکی زۆر جوان و مەزنە، هەندێ جار بیر لەوە ئەکەمەوە شیوەنە شیعرێکی نایاب بۆ زمانی ئاشووری بنووسمەوە کە چۆن بەبەرچاومەوە ئەمرێ.

بەڵام کاتێ کەوتمە وێزەی زمانی عەرەبی، کاتێ ئەفسوونی زمانی عەرەبیم بەرکەوت، بۆم دەرکەوت کە لەڕاستیدا هەموو زمانەکان یەکن، مەبەستم ئەوەیە بڵێم زمانی عەرەبی بۆ من وەکو زمانی ئاشووری وایە. رەنگە بەلاتەوە سەیر بێ بەڵام ئەمە حەقیقەتە. لەلای من زمانی عەرەبی وەکو سەرپۆشێک وایە کە لەژێریدا هەموو زمانە دێرینەکان تیکەڵی یەکدی بوونە. زمانەکان هەرگیز نامرن، بەڵکو ئەوەتان لەوێ، لەناو زمانی عەرەبی دا تواونەتەوە.

ناوی خۆیان گۆڕیوە

من بۆ چەندین ساڵ خەریکی خوێندنی ئەم بابەتانە بووم. تەوراتم خوێندووە کە بە کلاسیکیاتی زمانی عەرەبی دائەنرێ. پاشان بۆم دەرکەوت کە هەندێ لە شاعیرە گەورەکانی عەرەب ئاشووری بوون. “إمرۆ القیس” ئاشووری بوو. “النابغه‌ الژبیانی”ی شاعیری کۆشك و پاشاکان ئاشووری بوو. ئێستا لەعێراق دا کێ هەیە کرستیان بێ و ئاشووری یان سریان یاخود کلدان نەبێ؟ گەرچی هەموو ئەمانە لەڕاستیدا یەک میللەتن. هەروەها، “أبو تمّام” کرستیان بوو و ناوی خۆی گۆڕیبوو. “إبن العربی”ی مێژوونووسی گەورە ناوی بە ئاشووری “بن خەفری”یە، کەواتە ئاشوورییە. ئەتوانم سەدان ناوی دیت بۆ ریز بکەم. “إبن الرومی” کریستیانێکی یۆنانی بوو. ئەمانە حەقیقەتن لە ئەدەبی عەرەبیدا. لەبەر ئەوە، پێم وایە شتێک نییە بەناوی ئەدەبی عەرەبیی پوختەوە، هەمووی لەملاو لەولاوە وەرگیراوە، بەتایبەتی لە عێراق و سوریاوە کە هەموو بزووتنەوە گەورەکانی شیعری کلاسیکیی تیا دا هاتۆتە ئاراوە، وەکو شۆڕشە شیعرییەکانی ئەبو تەممام لە سوریاو موتەنەببی لە عێراق. ئەم بزوتنەوەوانە لەگەڵ خۆیاندا رابوردووی هەموو رەچەڵەکە تێکەڵاوەکان و، زمانە تێکەڵاوەکان و، زاراوە تێکەڵاوەکان و، مەعریفە تیکەڵاوەکانیان بەکێش کرد. هەموو رابوردووش لە شیعرو پەخشان دا ئامادەیی هەیە. من پێم وایە زۆربەی شاعیران بەدرێژایی مێژوو ئەمەیان کردووە، لەبەر ئەوەی، ئەوەی لەکۆتایی دا حیسابی بۆ ئەکرێ زمان نییە، بەڵکو ئەوەی زمان دەری ئەبڕێ.

منیش لە کتێبەکانمدا، بەتایبەتی لەو سێ کتێبەی دواییمدا هەمان شتم کردووە، رستەو دەستەواژەی ئاشووریم ئاخنیوەتە نێو شیعرەکانمەوە، بۆ نموونە (پشیممەت بابا برۆناو رۆخت مقوتچا)، واتە بەناوی باوک و کوڕو روحی قودس، هەندێ جار وەکو خۆی، بێ وەرگێڕان، کە ئاشکرایە ئاشوورین، بەڵام نەک لەبەر ئەوەی ئاشوورین، چونکە ئەوە شۆڤینییەتە.

من ئەمەوێ کارێکی وا بکەم کە زمان، لێرەدا مەبەستم لە زمانی عەرەبییە، هەموو شتێک لەخۆ بگرێ. من رستەم لە رۆبێرت لۆوێڵ و سیزار پاڤیز و سێسار ڤالێخۆوە وەرگرتووە. یەکەم جارە ئاماژە بەوە بکەم کە زمانی عەرەبی لەتوانایدا هەیە هەموو شتێک لە جیهان وەربگرێ، ئەمەیان گرنگە، ئەوانی دی تەنیا وردودرشتی مەسەلەکەن و هیچی دی. زمان مردوو نییە، بەڵکو ئەتوانێ هەموو شتێک بگرێتە خۆ. ئەوەندەی من بزانم پێشتر ئەم کارە نەکراوە، لەبەر ئەوەی ناتوانن، ناوێرن، ئەبێ بزانی چۆنی ئەکەی، چۆن بە شێوەیەکی راست ئەنجامی ئەدەی، نەک تەنیا لەپێناو ئەنجامدانی کارەکە، ئەوە کارێکی بێ مانایە، بەڵکو ئەبێ بەشێوەیەکی داهێنەرانە ئەنجامی بدەی. ئەم کارە پێویستەو، ئەتوانێ بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە دەوڵەمەند کردنی شیعرو زمان بکات.


زمانی عەرەبی هێشتا پەی پێ نەبراوە

من لە میانەی ئەزموونی خۆم لەگەڵ زماندا دەمێکە، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە، کاری ئەزموونگەریم لەسەر زمانی عەرەبی کردووە، بەڵام هێشتا پێم وایە کە زمانی عەرەبی مادەیەکی پەی پێ نەبراوە، بەڵکو هێشتا مادەیەکی خاوە. من رام وایە زمانی عەرەبی ئەتوانرێ بێ رادە پەرەی پێ بدرێ بۆ جۆرێک لە داڕشتنی ئیدیۆماتیکیی نوێ، کە من بەردەوام کاری لەسەر ئەکەم. بڕوانە، من کۆمەڵێ شیعرم لە رۆژنامەی “الحیاه‌”ی لەندەنی دا بڵاوکردۆتەوە کە لەڕاستیدا تەرجەمەن، بەڵام من ناویان لێ نانێم تەرجەمە، بەڵکو ناویان لێ ئەنێم (نووسینەوەی دەقی شاعیر).

من پێم وایە هونەری وەرگێڕان واتە دووبارە نووسینەوەی دەق. بۆ نموونە، من هەندێ سۆناتەی شەکسپیرو شیعری شێڵی-م بڵاوکردۆتەوە کە لەڕاستیدا دووبارە نووسینەوەی ئەو دەقانەن بە زمانێکی عەرەبیی سروشتی و مۆدێرن، هەروەها هایکوو و شاعیرانی چینیی وەکو (پۆ چوویی)و، شاعیرانی کلاسیکی یۆنانیی وەکو سافۆ. بەدرێژایی چەندین ساڵەو تا ئێستاش هەر خەریکی ئەم جۆرە تەرجەمەیەم، هەر خەریکی کاری ئەزموونگەریی لەو بابەتەم. من بەم جۆرە کار ئەکەم؛ دەقێک ئەهێنم، ئەیهێنمە بەرچاوم گەر لەئەسڵدا بە عەرەبی نووسرابێتەوە دەقێکی چۆنی لێ دەرئەچوو. ئەمە هەموو فیکرەکەیە. واتە بیرو خەیاڵم بۆ روحی دەقەکە ئەچێت. پڕکێشی ئەوە ئەکەم شاعیرێکی عەرەب، هەست و سۆزێکی لەم چەشنە چۆن ئەنووسێتەوە؟
سۆناتای شەکسپیر؟ من ئەوەم بۆ دەرکەوتووە کەوا هێزی سۆناتەکان لە خۆشڕەوانی و بەردەوام بوونیان دایە، لەوەدایە کە بەریان لێ نەگیرێ. ئەمە لە عەرەبی دا لەحوکمی مەحاڵدایە، بۆچی؟ بەهۆی کۆتای دێڕەکانەوە کە ئەبنە بەربەست لەبەردەم ئەو بەردەوامییەدا.

بەردەوامیی هەناسە

لەم حاڵەتەدا چی بکەم باشە؟ جۆرە دێڕێکی نوێ دائەهێنم کە خۆشڕەوانی و بەردەوامیی هەبێ. لەشیعری خۆشمدا هەروا ئەکەم. من کار لەسەر سەداکانی شیعرو، لەسەر دێڕ ئەکەم کە بێ وەستان درێژ ئەبێتەوە سەر دێڕێکی دی تا هەناسەیەکی بەردەوام بە سۆناتاکە ببەخشێت. ئەم کارە هەرگیز پێشتر لە عەرەبیدا نەکراوە، بۆچی؟ لەبەر کێشی شیعری عەرەبی.

ئەوەی من ئەیکەم، پەستاندنی زمانە بە جۆرێك کە جێێ کێشی کۆن بگرێتەوە، ئەویش بە داهێنانی جۆرە کێشێکی نوێ، وەکو ئەوەی شاعیرە رۆژئاوایییەکان کردیان، وەکو تێد هیووز. تێد هیووز شیعری بڕگەداری ئەنووسی، بێگومان پێش ئەویش ئۆدن ئەینووسی. شیعری بڕگەدار ئەوەیە پشت بە بڕگە ئەبەستێ.

لەو دیمانانەی بە عەرەبی لەگەڵمدا ساز دراون، گەلێ جار باسی ئەم مەسەلەیەم کردووە، بەڵام تێی ناگەن، نازانن من چیم کردووە. هەر رەخنەگرێک لەسەر منی نووسیبێ هەرگیز باسی ئەو کارانەی نەکردووە، لەبەر ئەوەی ئاگادار نین، ئاگاداری هونەرو تەکنیکی کارەکانم نین. رەخنەگران لەڕاستیدا زۆر بە تێروتەسەلی لەسەر شیعرو کتێبەکانم ئەنووسن، بەڵام لە نووسینەکانیاندا بایەخ بەوە ئەدەن کە چی ئەڵێم، بەڵام ئەوەی ئەیڵێم بۆ من گرنگ نییە بەقەد ئەوەی چۆنی ئەڵێم. ئەمەیان گرنگە.

وەرگێڕان بەشێکی گرنگی دیکەی چالاکییە ئەدەبییەکانم پێك ئەهێنێ. لەڕێی وەرگێڕانەوە ئەتوانم کەشف بکەم. لەڕاستیدا لەزۆر کەسم بیستووە، یاخود رووبەڕوو پێیان وتووم،یان بە تەلەفۆن و نامە، کە من کارێکی گرنگ و نوێ ئەکەم لەم بوارەدا.

شۆکێکی جوان

پار هاوین لە فێستیڤاڵی عومان دا بەگوێی خۆم راو بۆچوونی ئەو خەڵکەم لەسەر شیعرەکانم گوێ لێ بوو. لە شوێنی بیابانی وادا وەکو ئەبوزەبی و دوبەی و شاریقەو تەنانەت لە شارەکانی قووڵایی بیاباندا، تووشی خەڵکانی وا ئەبووم کە شیعری منیان خوێندبۆوەو لە کارەکانم ئاگادار بوون. خەڵکانێك لە گوندی لاتەریک، لە قووڵایی بیابان، ئەوە تووشی شۆکی کردم، شۆکێکی جوان و خۆش.

هەموو شاعیرێک بەدرێژایی ژیانی ئاواتخوازی ئەوەیە تووشی هەڵوێستێکی لەو جۆرە بێ. خۆشترین ساتە. هەموو ئەو ساڵانەی خۆم بە شیعرەوە خەریک کردووە، پێم وابوو کەس ئاگاداری نووسینەکانم نییە (لەڕاستیدا رەخنەگران ئاگادار نین)، کەچی لەپڕێکدا، لەشوێنێکدا خوێندکارێکی سادەت لێ پەیدا ئەبێ کە خەریکی کاری لێکۆڵینەوەیە لە نووسینەکانت و ئەو تەکنیکانەی بەکاریان ئەهێنی.. لەڕاستیدا ئەو لەو ئیزافاتەی کردووتە تێگەیشتووەو پێکاویەتی. ئەوە بۆ من پاداشتە، تاقە پاداشتەو ئەوەندە بۆ من بەسە، هەموو شاعیرێکیش هەر ئەوەندە ئەخوازێ.

کاتێ پێم ئەڵێن شیعری مۆدێرن زۆر ئاڵۆزە بۆ تێگەیشتنی کەسێکی سادەو ساکار، ئەوە قسەی قۆڕەو ڕاست نییە، ئەو پیاوە سادەیە کێ یە؟ شتێک نییە پێی بووترێ پیاوی سادە. هەموو مرۆڤێک هۆو فاکتەری ئاڵۆزی خۆی وباری دەروونیی خۆی هەیە، من باوەڕم بەمە هەیە. کاتێکیش شتێک سەرسامیان ئەکات یەکسەر هەستی پێ ئەکەن، یان بە غەریزە یاخود بە مەعریفە. هەندێ جار مەعریفە خۆڕسکە.

عەرەبی زمانێکی هەمیشە شەرمنە

ئێمە کاتێ بەو شێوەیە باسی شیعری عەرەبی ئەکەین لەڕاستیدا باسی شتێكی زۆر گرنگ ئەکەین کە شایەنی ئاوڕ لێدانەوەیە، لەبەر ئەوەی عەرەبی زمانێکە بەرهەڵستی ئەکات، زمانی بەرهەڵستییە، ئەڵێی دەستدرێژیی کراوەتە سەر. عەرەبی زمانێکی هەمیشە شەرمنە، لەڕاستیدا عەرەبی زمانێکی پاکیزەیە، تەنانەت لە زاراوەناسییشدا. تەنانەت لەم کۆتایی سەدەی بیستەمەشدا – وا خەریکە پێ ئەنێینە ساڵی دوو هەزار – کەچی عەرەبی تەنانەت سادەترین وشەی ئیرۆتیکی لەخۆ ناگرێ. بۆ نمونە، ناتوانی بەئاشکرا ناوی کێرو قوز بێنی، کە ناوهێنانی ئەم شتانە لە کەلتوورەکانی دیکەدا زۆر ئاسایییە.

لەبەر ئەوە هەوڵ ئەدەم جۆرە هەستێکی وا بخوڵقێنم کە ئازادانە مامەڵە لەگەڵ بڕگەو ماناو بینای شیعرو رستەدا بکات. پێم وایە لەو میانەوە ئەتوانی زۆر شت بڵێی. لەڕاستیدا من هاوینی پار لە فێستیڤاڵەکەی عومان دا هەوڵم دا کارێکی لەو بابەتە بکەم، بەم جۆرە، هەموو ماناکانم لە چەند دێڕێکدا چڕ کردەوە. ئەمەش هێدی هێدی و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەکرێ. هەموو کەس ئەیزانی باسی چی ئەکەم، منیش باسی هەموو شتێکم ئەکرد بێ ئەوەی ناویان بهێنم. ئا بەم جۆرە ئەتوانی پەرە بە شیعر بدەی – بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بە سەداو ڕوحی شیعر. کاتێ هەندێ سەدای دیاریکراو بەکار ئەهێنم بیرۆکەو ماناکان دەرئەکەون. ئەوان ئەزانن من باسی چی ئەکەم. ئەمەیە نهێنیی شیعر.

لەبەر ئەمەیە کە شیعر زمانێکی دەگمەنی هەیەو تەواو جیاوازە لە زمانی چیرۆك و وتارو پەخشان. ئەم کارە لە شیعردا ئەکرێ لەبەر ئەوەی لەشیعردا هەموو سەدایەک حیسابی بۆ ئەکرێ. منیش بە ڕهزیلی مامەڵە لەگەڵ زماندا ئەکەم، لەگەڵ زمانێکی وەکو عەرەبی کە هەمیشە پڕە لە دیکۆرو وشەی زیادو چەوری، چەوریی زمانەوانی. من وەکو قەسابێک لەتوپەتی ئەکەم و ئێسقانی ئەودیو گۆشتەکەی دەرئەخەم، ئەمەش شتێکە پێم وایە شایەنی ئیش لەسەر کردنە.

بەڵێ ئەمە کارێکی قورس و ئاڵۆزە، من چەندین شەوو رۆژم بە بیرکردنەوە لە چۆنێتیی ئەنجامدانی ئەو کارە بەسەر بردووە. چۆن؟ وەکو شاعیرێکی راستەقینە ئەوەی لەسەرتە بیکەی کاری ئەزموونکاریی بەردەوام و بێ کۆتایە. رەنگە لە هەندێ لەو هەوڵانەتدا سەرکەوتن بەدەست نەهێنی، من ناڵێم هەروا بە ئاسانی سەرکەوتن بەدەست ئەهێنی، شتی وا نی یە، رەنگە لەناو سەدان هەوڵی لەو جۆرەدا تەنیا یەکێکیان سەرکەوتوو بێ. خۆ ئەگەر لە دووسەد لاپەڕە تەنیا پێنجی باش بێ، من ئەمە بە سەرکەوتن ئەزانم.

هەندێ نائومێدی

کارێکی درێژخایەن و بێ پاداشتە. پاش 30 ساڵ نووسین هەست بە جۆرێك لە نائومێدی ئەکەم، لەبەر ئەوەی هەمیشە گێلەپیاوان ئەیبەنەوە. هەندێ شێخی دەوڵەمەند یان کەسانێکی خاوەن نەوت و ملیارەها دۆلار ژیانێکی شاهانە ئەژین و خاوەنی هەموو گۆڤارو رۆژنامەکانن، شاعیریش رەنج ئەداو تێئەکۆشێ تا گەشە بەزمان بدات، پێم وایە ئەوەی شاعیر ئەیکات یەکێکە لە ئەرکە پیرۆزەکانی ژیان، کەچی بەتەواوی پشتگوێ خراوە. بۆیە هەندێ جار کە شاعیرێک واز لەشیعر نووسین ئەهێنێ ناهەقی ناگیرێ. بەڵام پێویستە بەرهڵستیی نائومێدی بکرێت.

ئێمە رێگای جۆراوجۆر ئەگرینەبەر تاکو رەوڕەوەی شیعر بەرەو پاشەڕۆژێکی راستەقینە بەرین. بەلای منەوە ئەمەیە شۆڕشی راستەقینە کە لەناوەوە رووئەدات، نەک لەدەرەوە. بە هەراو زەنا نا، بەڵکو بە بێدەنگی و جددی، لەناوەوەڕا، بە هەوڵ و کۆششێکی پشوو درێژی لەو جۆرە. من شتەکان بەم جۆرە ئەبینم، ئەمە بۆچوونی منە، هەر ئەمەشە وای لێ کردووم لەم گۆشەگیرییەی (شۆپینگن) دا بەردەوام بم. هەندێ جار مێرگ و چیمەنی وەکو ئەم گوندە ئەڵمانییە بچووک و دڵگیرە، یان هەر شوێنێکی دی، ئەدۆزمەوە تەنیا بۆ کەوتنە شوێنی ئەو بیرو بۆچوونە سەرنج راکێش و ئاڵۆزانەی خۆم.


ئەتوانی بەعەرەبی بڵێی “فەك” Fuck ؟ – گینسبێرگ

——————————————————————————————–
سەرگۆن پۆڵس شیعری (لوورە) Howlی ئاڵن گینسبێرگ-ی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و، بۆ ئەم مەبەستە ئەبوو ئیقاع و زمانی نوێ دابهێنێ. سەرەنجام، مەحمود دەرویش لە گۆڤاری (الکرمل)دا بڵاوی کردەوە. سەرگۆن لێرەدا باسی ئەو کارە نایابە ئەکات:
——————————————————————————————–

ئاڵن گینسبێرگ شیعری (لوورە)ی لەماوەی چوار پێنج رۆژداو لەژێر کاریگەریی مادە هۆشبەرەکانی وەکوو (مێپیدرین)و (ئێڵ. ئێس. دی) (مادەیەکە تووشی وڕێنەت ئەکات – وەرگێڕ) نووسی . بەڵام گینسبێرگ لەڕاستیدا کەسێکی ترە، مرۆڤێکی زۆر مەزنە. من هێشتا لە عێراق بووم شیعری ئەوم ئەخوێندەوە. شاعیرێکی زۆر کاریگەرە. کاتێ تۆ لەسەرەتای تافی لاوی دایت و بۆ یەکەمین جار شیعری گینسبێرگ ئەخوێنیتەوە، سەرسام ئەبی، هەرگیز لەیادت ناچێتەوە. پاشان بڕیارم دا تەرجەمەی بکەم.

بەڵام وەرگێڕانی ئەو شیعرە بۆ عەرەبی مەحاڵ بوو، چونکە ئەبوایە زمانەکەی ، زمانی بیتنیکس، بەعەرەبی بخوڵقێنم، چۆن؟ زمانی شیعرەکەم وەلا نا، ئەبوو گۆڕانکاری بەسەر رێزماندا بهێنم و، وشەی نوی دابهێنم. کەس ئامادە نەبوو بڵاوی بکاتەوە. پاش دە ساڵ چاوەڕوانی لەگۆڤاری (الکرمل)دا بڵاوبۆوە. گینسبێرگ کە بیستی شیعرەکەیم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی باوەڕی نەکرد. هەندێ برادەر پێیان ڕاگەیاندبوو. یەکێک لەوانە خانمێکی هاوڕێمە ناوی (لین ویڵدی)یەو گێڕڵ فرێندی شاعیری ڕەشپێستی گەورەی ئەمێرکی (بۆب کۆفمەن) بوو کە زۆر هاوڕێم بوو و کۆچی دوایی کرد. بەهەر حاڵ، ئەو خانمە باسی تەرجەمەکەی منی بۆ گینسبێرگ کردبوو، ئەویش هەرچەند ئەهات بۆ سان فرانسیسکۆ پێی ئەووتم:” شیعرەکە کوا؟ چۆن بڵاویان کردەوە؟”.

گینسبێرگ لێێ پرسیم:” ئەتوانی بەعەرەبی بڵێی فەک ؟”، وتم:”بەڵێ، بەڵام کەس بڵاوی ناکاتەوە”. ئنجا پرسی:” بەعەرەبی چۆن ئەڵێێ (صەک مای دیك)؟ suck my dick”. وەك ئەزانی گینسبێرگ حەزی لەو شتانە بوو. گاڵتەی نەئەکردو زۆر بە جددیی بوو، ئەوە زمانی قسەکردنی بوو. پێم وت:” بڕوانە ئاڵن، کەس ئامادە نییە بڵاوی بکاتەوە، منیش نامەوێ بە کەموکوڕی بڵاوی بکەمەوە، بەڵکو ئەبێ وەکو خۆی بڵاوبێتەوە”.

رۆژێکیان باسی تەرجەمەکەم بۆ مەحمود دەرویش کرد، ئەویش وتی:” گەر دەقەکە ئامادەیە من بڵاوی ئەکەمەوە”. وتم:” بەڵام بەمەرجێك، وەکو خۆی”، وتێ:” وەکو خۆی بڵاوی ئەکەینەوە!”. شیعرەکە بڵاوبۆوە، تاقە تێکستە بەعەرەبی. یەکەم جاریش بوو ئەو زمانە پۆرنۆگرافییە بەعەرەبی بڵاوببێتەوەو قەتیش دووبارە نابێتەوە. پۆرنۆگرافییەکەی لەڕادە بەدەرە. بەڵام هەر ئەبوو بڵاوببێتەوە. من لەو تەرجەمەیەدا شتی نوێم داهێنا، رێگەی نوێم داهێنا بۆ دەربڕینی زمانی سەرجادەی عەرەبی.


هەناسەی درێژ

ماوەەیەکی زۆر لەگەڵ وەرگێڕانی ئەو دەقەدا خەریك بووم، لەبەر ئەوەی ئەمویست هەمان هێزو کاریگەریی زمانە ئینگلیزییەکەی بەپێێ توانا بپارێزم. تەنانەت رەزم و ئیقاعی نوێشم داهێنا. ئەوەی لە شیعری (لوورە)دا سەرسامی کردووم دێڕە، هەناسەی دریژی دێڕە کە بەعەرەبی زۆر ئەستەمە، ئەو کارە بە کێش ناکرێ، بەڵام ئەزانم بە پەخشانی عەرەبی ئەکرێ. من تەنانەت نەفەسی قورئانیم بەکار هێناوە لە وەرگێڕانی ئەو شیعرەدا کە زۆر زەقەو هەر کەسێك زمانی عەرەبی بەباشی بزانێ ئەمەی بۆ دەرئەکەوێ.

زۆر ئەستەمەو کاری زۆر پێویستە، وەکو حاڵی سۆفییەكت لێ دێ لە زیکردابێ و لەناو وشەکانی خۆیدا ون بووبێ. من تەنانەت سەرواو سەروای ناوەکی (سجع)م بەکار هێناوە، لەبەر ئەوەی زمانی عەرەبی پێویستیی بەو رەوڕەوە ناوەکییە هەیە تاوەکو دێڕەکان بخاتە گەڕ. ئەمەیە هەناسە. هێزی (لوورە)ش وەکو یەکێک لە کلاسیکیاتی سەدەی بیست و بێگومان شیعری مۆدێرنی ئەمێرکییش، لە هەناسەکەی دایە. گینسبێرگ پێی وتم کە لە واڵت ویتمەن و پاشان لە کانتۆکانی ئیزرا پاووند-ەوە فێری ئەو هەناسە شیعرییە بووە، کە بەدرێژایی شیعرەکە بەردەوامی لەو هەناسەیەدا هەیەو، بەم شێوەیە، بیرۆکەی شیعرەکەش خەسڵەتی خۆشڕەوانیی تێدایە، لە میانی وێنەدا، لە میانی وردودرشتی شیعرەکەدا کە لێرەدا ژیانی گینسبێرگە لەگەڵ هاوڕێکانیدا، بەتایبەتی گرێگری کۆرسۆو جاک کێرەواك. گینسبێرگ لەم شیعرەدا ویستوویەتی ئەزموونی هەموو ژیانی خۆی بخاتە نێو ئەم شیعرەوە، تەنانەت باسی گەشتەکانی خۆی و هاوڕێکانی تیایە بۆ تەنجەو مەکسیکۆو هەروەها دێنڤەر کە لەو دەمەدا سەنتەری سەرهەڵدانی هەموو ئەم جۆرە کارانە بوو.

لەڕاستیدا بەکارهێنانی ئەو هەموو وشە پۆرنۆگرافییانە بەعەرەبی کارێکی زۆر ئەستەمە. لەبەر ئەوە ئەبوو لەکاتی وەرگێڕانی شیعرەکەدا جۆرە زیکرێک بەکار بهێنم، زیکری زمانەوانی، هەر واشم کرد. تەرجەمەکەم لە یۆنان تەواو کرد، بە کاوەخۆو، دێڕ بەدێڕ کارم تیا ئەکرد هەتا بەو شێوەیە دەرچوو کە خۆم ئەمویست. کەسانێک گەلێ سەرسام بوون بە وەرگێڕانی ئەو شیعرە، بێگومان مەحمود دەرویش یەکێک بوو لەوانە، بۆیە کاتێ دەستنووسەکەی خوێندەوە سوور بوو لەسەر ئەوەی مەترسیی بڵاوکردنەوەی لە گۆڤارەکەی خۆیدا (الکرمل) بگرێتە ئەستۆ.
تیبینی: ئەم دیمانەیەی سەرگۆن پۆڵس (1943 – 2007)، کە لە گوندی شۆپینگن Schoppingenی ئەڵمانیدا ساز دراوە، لە ژمارە یەکی گۆڤاری (بانیپاڵ) 1998 کە لە لەندەن دەرئەچێ بڵاوبۆتەوە. شایانی باسە سەرگۆن لە 22/10/2007 لە بەرلین لە تەمەنی 63 ساڵی دا بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی کرد.

Previous
Next
Kurdish