Skip to Content

جەمیل ڕەنجبەر لە دیدی مندا… گۆران عەبدوڵڵا

جەمیل ڕەنجبەر لە دیدی مندا… گۆران عەبدوڵڵا

Closed
by ئازار 7, 2018 General, Literature


ئەمەی خووارەوە بەشدارییەکی کورتە لە کتێبی (جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا)
لە ئامادەکردنی هاوڕی عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)
……
————————————————

عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)
جەمیل ڕەنجبەر زۆر بە ڕاشکاوانە خۆی لە ژێر کاتیگۆری ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانە دەبینییەوە، شیعرەکانی شایەت حاڵی ئەو ڕاستییەن. ئایا هۆی چییە ئەدەبی کوردی بە ڕاشکاوانە ئەو ڕاستییە ڕاناگەیەنێ؟ بە بڕوای تۆ خەسڵەتەکان و سروشتی ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانە چین؟

گۆران عەبدوڵڵا:
سەرەتا پێم خۆشە دەست خۆشیت لێ بکەم لەوەی دەستمان دەگریت و دەمان بەیتەوە لای شاعیرێک خۆی و گوتار و کردارەکانی لەیەکتر جیاناکرێنەوە. شاعیرێک شاعیری جوانترین سەردەمەکانی شۆڕشگێڕێتی خەڵکی کوردستانی باشوورە دیارە شۆڕش و شۆڕشگێرێتی بە مانا زانستێکەی خۆی. شاعیرێک بە کەرەستە شیعرێکانی زەمانی خۆیی و زمانێکی سادەوو چەکەکەی شانییەوە لە ڕێی شۆڕش و ڕاپەرینەوە موژدەی ژیانێکی باشتری پێبوو بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان. وەک لەم کۆپلە شیعرییەی دا دەڵێ:

ئێمەی هەژار، ئێمەی ئازا، وا پۆڵا دەتوێنینەوە
هەرچی چەکی قورسیش هەیە
ڕەنجی ئێمە باری دەکا
لەمڕۆ بە دوواوە هەموو ئارەقەی ڕژاومان دێنینەوە.

سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارەکەت ” ئایا هۆی چییە ئەدەبی کوردی بە ڕاشکاوانە ئەو ڕاستییە ڕاناگەیەنێ؟” بە وەڵام بەو پرسیارەتان دەڵێم، ئەدەبی کوردی ئەمڕۆ لە ژێر هەژموونی فیکرێکی تەواو جیاوزدایە لەوەی جەمیل. دوورو نزیک نایەوێت باس لەکەرەستەو کاتیگۆرییە شیعرێکانی جەمیل ڕەنجبەر بکات، چوونکە لە ڕووی میتۆدی سیاسیەوە دوو دونیابینی جیاوازە . ئەدەبی کوردی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گشتی لە ژێر کاریگەری دونیابینی لیبراڵیزمدا پێناسەی خۆی دەکات و دەیەوێت برەو بە قوتابخانە ئەدەبێکانی ئەم دونیا بینییە بدات، بە پێچەوانەی ڕەنجبەرەوە کە دەکەوێتە قوتابخانەی ئەدەبی ڕیاڵیزمی سۆشیالیستییەوە .
باڵی دەست ڕۆشتوویی ناو ئەدەبی کوردی کە خاوەنی دەزگای چاپەمەنی و کەناڵاتی جیاوازە لە ڕووی میدیاوە کاتێک باس لە ئەدەبی بەرگریی و مێژووی ئەو ئەدەبە بکات هەوڵدەدات جەمیل ڕەنجبەر، مەلا عەلی، شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو ، لەتیف هەڵمەت، حاجی قادر و فایق بێکەس و دەیان شاعیری ترمان لەبەستەیەکدا و بەناوی کوردایەتییەوە پێشکەش بە خوێنەر بکات، لە کاتێکدا ڕۆشنە کە هەریەک لەم شاعیرانەمان ئاسۆو تێڕوانین و ڕێگای سیاسی جیاوازیان هەبووە بۆ چارەسەری کێشەی کوردو هەریەکەشیان لە بەرژەوەندییەکی سیاسی و ئابوری جیاوازەوە بانگێشتەیان بۆڕزگاری کردووە.

سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەت ( خەسڵەتەکان و سروشتی ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانە چین؟)
شیعر لە ئەدەبدا بەکۆنترین ژانری ئەدەبیی دەژمێردرێ و مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە. بەپێی سەرچاوە مێژووەکانی ئەدەب دەتوانین بڵێین لەو کاتەوەی ئینسان بیری لە دوێنێی خۆیی و سبەینێی کردۆتەوە شیعریش سەری هەڵداوەو بە شێوەیەکی گشتی بۆتە دەربڕی هەستی ئینسان. ئەدەبی کرێکاریش لەوکاتەوەی کارگەو کرێکار درووست بوو، لەوکاتەوەی ناعەدالەتی و چەوسانەوە لە پرۆسەی وە بەرهێنان درووست بوو، لەو سەردەمەوە ئەدەبی کرێکاریش درووست بوو بۆ باسکردن لە نادادپەروەری ئەو سیستمەو ئاسۆی ڕزگار بوون لێی. بە مانایەکی تر ئەدەب شتێک نییە لە دەرەوەی جێگاو ڕێگای چینایەتی و فیکری ئینسان هەر بۆییە قوتابخانەی جیاوازیش بە ئەدەب درووست بووە لەسەردەمە جیاوازەکاندا.

قوتابخانەکانی ناچراڵیزم و ڕۆمانسیزم دوو قوتابخانەی زاڵی سەدەی نۆزدەیەم بوون، پاشان قوتابخانەی ڕیاڵیزم هاتە کایەوە کە ڕەخنەگری بەناوبانگی ڕوسی (بیلیسینکی) بە ڕابەری ئەو قوتابخانەیە دەزانرێت.
ڕیاڵیزم لەسەر دەستی مەکسیم گۆرگی ڕۆمانووسی ناسراوی ڕوسیا گۆڕا بە قوتابخانەی ڕیاڵیزمی سۆشیالیستی ، ئەوەبوو لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی ئەدیبانی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٣٤ ئەم قوتابخانەیە بە فەرمی ناسێنرا و تائێستاش دەورو نەخشی ئەم قوتابخانەیە کاڵ نەبۆتەوە و شەهید جەمیلیش یەکێک بووە لە قوتابییەکانی ئەم قوتابخانەیە. خەسڵەتەکانی ئەم قوتابخانەیەش کارکردنە لەسەر خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و جوتیاران و هاندانیانە بۆ خەباتی چینایەتی و پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمی سەرمایەداری. لە دێڕێکدا، ڕیاڵیزمی سۆشیالیستی گرێدراوی ڕاستەو خۆیە بە بیری مارکسیزم و لە ئاسۆیەکی چینایەتییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندێکانیان.

——————–
بۆ خوێندنەوەی کتێبی:– جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا — کلیکی ئێرەبکەن

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish