Skip to Content

شۆڕشی تۆپز …. ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی

شۆڕشی تۆپز …. ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 8, 2016 General

بەر لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (١٩٩١)ی باشووری کوردستان، دەستەیەک لە هاوڕێیانی ڕێکخستنەکانی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بە نیازی خۆئامادەکردن بۆ ئەم ڕۆژە لەدژی دامودەزگاکانی ڕژێمی سەدام و بەعس پێشنیاری کۆبوونەوەیەک دەکەن بەنیازی داڕشتنی بەرنامەیەک بۆ پەیداکردنی چەک و دامەزراندنی چەند شانەیەکی چەکداری.
دوای گفتوگۆی نێوانیان ڕێک دەکەون ڕۆژێک لە (باخچەی گڵکەند)، کە دەکەوێتە پشت شیراتۆن کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن.
یەکێک لەو هاوڕێیانەی ڕێکخستن، هاوڕێیەکی هاوپۆلی کۆلێژی لەگەڵ خۆی دێنێ، کە هیچ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانەوە نابێ!
دوای قسەکردن بە مەبەستی نەخشەو پلان دانان بۆ کۆکردنەوەی هاوڕێیان، کەسانی دڵسۆزو نیشتمانپەروەرو ڕێکخستنیان لە شانەی چەکداری، نۆرە دێتە سەر گفتوگۆکردن کە ئەوان هیچیان نییە، چۆن و بە چی پەلاماری مونەزەمە، مقەڕاتی جەیشی شەعبی، دائیرەی ئەمن، پۆلیس و سەربازگەی فەیلەق بدەن، بۆیە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەن کە بۆ ڕۆژی ڕاپەڕین هەموو پێداویستییەکان ئامادە بکەن.
ئەو کەسەی کە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕێکخستنەکانەوە نەبووە، باسی ئەوەی کردووە کە ئەو دەمێکە بیری لەوە کردۆتەوەو غەمی خۆیی خواردووە و سەرسوڕمانی خۆی دەردەخات کە ئەوان تا ئێستاکە غەمی خۆیان نەخواردووەو هیچیان پەیدا نەکردووە، ئەو بۆ خۆی تۆپزەک (تێڵا)ی دروست کردووەو سەرەکەی قیڕو بزماری کلێپسی لێداوە، پێشنیاری ئەوەی کردبوو ئەگەر هاوڕێیانی دیکە هیچیان نییە بۆ پەلاماردانی بەعس، ئەوە ئەو مشوریان دەخواو (٣٠-٤٠) تۆپز بۆ ئەوانیش دروست دەکات!
ئەو هاوڕێیەی کە تۆپز دروستکەرەکەی لەگەڵ خۆی هێنابوو، ڕەنگی تێکدەچێ و شەرمەزار دەبێ، بۆیە دەڵێ: (جا ئەوە دەبێ ناوی بنێین شۆڕشی تۆپز. ئاخر چۆن دەکرێ بە تۆپز پەلاماری مونەزەمەو دائیرەی ئەمن بدەین؟).
تۆپز وەشێنەکە دەڵێ: (چۆن، گەییشتینە هەر بەعسیەک، ئەمنێک، جەیش شەعبییەک و ڕەفیق حزبییەک دەبێ تۆپزەکی لە ملی بدەین و دەیکەوێنین و دەیکوژین. ئێستاکە تۆپزەکی لە ملی هەر یەک لە ئێوە بدەم دەمودەست دەیکەوێنم و هەڵناستێتەوە)!
هاوڕێکەی پێی دەڵێ: (بەڵام هاوڕێ، ئەوان چەکیان پێیە، خۆ دەستەوەستان بۆت ناوەستن و ملی خۆیانت بۆ ناهێننە پێش تا لە ملیان بدەی، هەتا تۆ تۆپزی خۆتیان لێ بەرز دەکەیتەوە، ئەوان چەند فیشەکێکت لێ دەدەن و دەتکوژن. برا ئێمە پێویستمان بە چەک هەیە چەک، نەک تۆپز).
ئەو تۆپز وەشێنە، ئێستاکە دەزگایەک و ڕۆژنامەیەک بەڕێوە دەبات، هەروەها لە ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک لاپەڕەی تەواوی لەسەر نووسراوە، کە گوایە لە ڕۆژانی سەختی خەبات سەر بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووەو ڕۆڵی بەرچاوی لە گەشەکردنی ڕێکخستن و بەشداری ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (١٩٩١)دا هەبووە، بەڵام بیری چووە باسی شۆڕشی تۆپز بکات! بۆیە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکەم لە چاپی سێیەمی ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی شۆڕشی تۆپز بخاتە نێو ژیاننامە پڕ لە درۆینەکەی خۆی!
خەڵکێکی زۆری لەم چەشنەی (تۆپز وەشێن)، بەناڕەواو بەدرۆ هاتنە پێشەوە و کەسانی دڵسۆز و قوربانیدەریش بەلاوەنران، بۆیە حزبەکان و حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بە پەندی زەمانە چوو!

05.10.2016 چوارشه‌ممه‌
دانـــــــــــمارک
ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی
Darsim2006@hotmail.com

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish