Skip to Content

عەشقی هاجەرە.. ئەو عەشقەی خوێن دەکات بە ئاو سیامەند هادی

عەشقی هاجەرە.. ئەو عەشقەی خوێن دەکات بە ئاو سیامەند هادی

Closed
by ئازار 13, 2018 General, Literature

ئەم دەقە لە زۆر ڕووەوە مۆرکی چیرۆکی هەڵگرتووە، بەوەی هەموو ئەو کەرەستانەی چیرۆک کاریان لەسەر دەکات، لەم دەقەدا خراونەتەڕوو. لە خوێندنەوەی دەقەکەدا، ئێمە بە تەواوی هەست بەوە دەکەین چیرۆکێک دەخوێنینەوە، چونکە بەر گێڕانەوە و بیرۆکە و کاراکتەر و شوێن و کات و وەسف و دیالۆگ و فەنتازیا و گرێچن و هەموو لایەنە هونەرییەکانی چیرۆک دەکەوین. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەم دەقە بە چەند وردەکارییەکی هونەریی لە چیرۆک دوور دەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی هەندێک جار بەسەر پانتاییەکدا لە ڕوانین دەکرێتەوە، کە چیرۆک ناتوانێت قبووڵی بکات. وەک دەزانین لە چیرۆکدا بابەت و وەسف و کاراکتەر و شوێنکات بە شێوەیەکی هونەری ورد و چڕ کاریان لەسەر دەکرێت و پانتاییەکی کراوە لەبەردەم چیرۆکنووسدا نییە بۆ گوزارشتکردن، هەربۆیە چیرۆکنووس دەبێت لە کاری گێڕانەوەدا مەودای ڕوانین و خستنەڕووی بابەت و کاراکتەرەکانی لەو پانتاییە دووربخاتەوە کە دەکەونە قاڵبی کرانەوە و ڕاڤەیەکی زیاترەوە لەوەی چیرۆک دەیخوازێت. لێرەدا بە تەنها مەبەست لە درێژی نییە، بەڵکو مەبەست لە ئەو کرانەوە و ڕاڤە زۆرەیە کە دەقێک دەیخوڵقێنێت.

لە سەرێکی دیکەشەوە ئەم دەقە بەشێک لە مۆرکی یادەوەریی هەڵگرتووە، بەوەی گێڕەرەوەیەک (ڕاوی) بە شێوەیەک لە شێوەکان بیۆگرافیای خۆی دەنووسێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەوەی وەک مۆرکی چیرۆک ئاماژەمان پێدا (کە زیاتر دەقەکە بە لای ئەو لایەنەدا دەشکێتەوە) ئەم تێکستە لەوە دەخات کە وەک یادەوەریی لێی بڕوانین. هەر ئەوەشە وا دەکات کە نووسەری ئەم تێکستە کارەکەی بە (گێڕانەوە) ناوبەرێت، چونکە هەموو ئەوەی لەم تێکستەدایە، لەژێر ئەو چەمکەدا بە تەواوی جێگەی دەبێتەوە.

(عەشقی هاجەرە) لە ڕێگەی گێڕەرەوەی کەسی یەکەمەوە دەخرێتەڕوو، کە خۆی وەک کاراکتەر بەشدارە لە تێکستەکەدا. هەندێک چیرۆکنووس لە مامەڵکردن لەگەڵ گێڕەرەوەدا زۆرجار دەکەوێتە هەڵەوە، چونکە جۆرەکانی ڕاوی ئەدگاری تایبەتی خۆیان هەیە و نووسەر دەبێت ئاگادار بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گێڕەرەوەدا دەکات، بەوەی گێڕەرەوە کێیە و چۆن دەگێڕێتەوە و لە کوێدا وەستاوە و ئەو ماوەیە چەندە کە دەکەوێتە نێوان ئەو و خوێنەر لە لایەک و نووسەر لە لایەکی ترەوە. گێڕەرەوەی (عەشقی هاجەرە) کەسی یەکەمی بەشداربووە لە دەقەکەدا، هەربۆیە ئەم جۆرە گێڕەرەوەیە وەک گێڕەرەوەی هەمووشتزان ناتوانێت بەبێ بوونی هۆکار بە تەواوی ڕووداو و سایکۆلۆژیای کەسێتییەکاندا بچێتە خوارەوە و لە هەموو شوێنکاتێکدا ئامادەبوونی هەبێت.

گێڕەرەوەی بەشداربوو ئەوەی دەیزانێ و دەگێڕێتەوە، ئەوەیە کە بینیویەتی یان بۆیان گێڕاوەتەوە. لەم دەقەدا ئێمە بەر ئەو شێوە مامەڵە هونەرییە دەکەوین، کە گێڕەرەوە بونیادی دەنێت. کاتێک گێڕەرەوەی کەسی یەکەم و بەشداربووی دەقەکە دەست دەکات بە گێڕانەوە، ئەوەی دەیگێڕێتەوە ئەوەیە کە خۆی بینیویەتی، یان بۆیان گێڕاوەتەوە. لەو شوێنەی کە شتێکمان لە دەرەوەی ئەو لایەنە بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت (من بەو شێوەیە وێنای دەکەم)، بەو پێیەی ئەوەیان خەیاڵی خۆیەتی بۆ وێناکردنی ڕووداوێک یان حاڵەتێکی تایبەتی، بەمەش بە شێوەیەکی هونەریی خۆی لەو هەڵەیە قوتار کردووە کە هەندێک چیرۆکنووس دەیکەن و ئەو پاساوەیان بەدەستەوە نەداوە کە خوێنەر قایل بکات. لەگەڵ ئەوەشدا وێناکردنەکانی گێڕەرەوە کە ڕوانینی تایبەتی خۆیەتی، لە ڕەوتی هارمۆنیای دەقەکە نەچوونەتە دەرەوە، بەڵکو هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەکانی دیکەدا دەڕۆن و دەبنە تەواوکەری چیرۆکەکە.

ئەگەر تەماشای ئەو گرنگی و سەرسامییە بکەین کە گێڕەرەوە لە باسکردنی (دێخاوەر)دا دەیخاتەڕوو، جگە لە ڕەوتی چیرۆکەکە بەوەی وەزیفەیەکی تایبەتی خۆی هەیە، نووسەر دەیەوێت دوو دەلالەتمان لەو کەسێتییەوە بۆ دەربخات. لە لایەک دەیەوێت ڕێگە بۆ ئەو شێوە گێڕانەوەیەی ڕاوی دەقەکە خۆش بکات، بەوەی کەسێکی لەو شێوەیەی ناسیوە، بۆیە دەتوانێت بەو جۆرە چیرۆکێک بگێڕێتەوە. لە لایەکی تریشەوە بەو سەرسامییە زۆرەی بەرامبەر شێوازی گێڕانەوەی ئەو ژنە هەیەتی، دەیەوێت بڵێت کە ئەویش خوازیارە بتوانێت وەک ئەو ژنە چیرۆکەکەی بگێڕێتەوە.

ئەگەرچی ئەم گێڕەرەوەیە کەسی یەکەمە و دەیەوێت بایۆگرافیای خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام خۆی نەکردۆتە سەنتەر و دەوروبەریشی بە پەراوێز، بەڵکو زۆرجار حیکایەتی باوکی قورساییەکی زیاتری پێ دەدرێت. ئەم کەسی یەکەمە لێرەدا نابێتە پاڵەوان و بە شێوەیەکی خودباڵایی تەواوی کێشە و ڕووداوەکان بەرەوپێشەوە ببات، بە پێچەوانەوە ئەم کەسێتییە زۆر ئاسایی و بێ ئەوەی بە کۆمەڵێک شت بارکرابێت، چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە.

لێرەدا دەکرێت بپرسین: ئەم گێڕەرەوەیە دەیەوێت چیمان بۆ بگێڕێتەوە؟ عەشقی باوکی، یان بایۆگرافیای تایبەتی خۆی، یان کارەساتەکانی ناوچەیەک؟ ڕەنگە دوای خوێندنەوەی دەقەکە خێرا ئەو بڕیارە بدەین کە سەنتەری گێڕانەوە و بابەتی سەرەکی لەم تێکستەدا ئەو عەشقەیە لەنێوان (فەقێ عەلی) باوکی گێڕەرەوە و ئەو کچە قەرەجەدا دروست دەبێت کە ناوی هاجەرەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی قورساییەکی زیاتر بەو عەشقە دراوە، هەست دەکەین پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا دروست کراوە، کە دەبنە تەواوکەری یەکتری و ناتوانین لە یەکترییان داببڕین.

ئەو باوکە گەورەترین خەون و خەیاڵی بە کچێکەوە دەبەستێتەوە و تا سەر ئێسقان عاشقی قەرەجێک دەبێت و دەیەوێت تەواوی ژیانی لەگەڵدا بباتە سەر، بەڵام دەوروبەری ڕێگریی لێ دەکەن و ئەو عەشقە گەورەیە لەناودەبەن. خەڵکی ناوچەیەک کە عەشقێکی بێگەرد و گەورەی لەو شێوەیە لەناوبەرێت، دەبێت چاوەڕێی چی بکات؟ باوک بێ ئەوەی بیەوێت، تۆڵەی ئەو لەناوبردنی عەشقە لە هەموو دەوروبەری دەکرێتەوە. جگە لەو کارەساتانەی یەک لە دوایە یەک بەسەر ناوچەکەدا دێن، خێزانەکەشی لەنێو ئازار و کارەساتدا ژیان دەگوزەرێنن. کچەکان بە بۆنی گوڵ دەمرن و کوڕەکانیش بە هۆی بوونی باوکێکەوە کە سروشتێکی ناتەواوی هەیە، لەنێو هاوڕێ و دەوروبەریاندا ڕیسوا دەبن. هەمیشە باوک بابەتێکە بۆ دەوروبەر، بۆ ئەوەی نەوەکانی پێ ڕیسوا بکرێن و وەک بەڵایەک بە دوایانەوە بێت.

هاجەرە لەو گوندە بەزۆر دەردەکرێت و ون دەبێت، باوکی گێڕەرەوە دواتر هاوسەرگیریش دەکات و چەند مناڵێکیشیان دەبێت، بەڵام هەرگیز عەشقی هاجەرەی بیرناچێتەوە و ئەو عەشقە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ناخیدا تەشەنە دەکات. ئەو لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا لە دەرەوە دەمێنێتەوە و نایەوێت بێتە ژوورەوە، چونکە ماڵەوە دەلالەتی هێمنی و ئارامی دەبەخشێت، لە کاتێکدا ئەو ژیانێکی هێمن و ئارامی نییە و دەیەوێت لە دەرەوە بێت، کە لە ڕووی دەلالەتەوە ئاماژەیە بۆ وێڵبوون و بێجێگەیی. ئەو نە لە کاتێکی دیاریکراودا دەژی و نە شوێنێکیشی هەیە تێیدا بێت، بەڵکو ئەو بە خەیاڵ لە کات و شوێنێکی تردایە، بەوەش نائاگایە بەو ساتانەی لە ڕووی واقیعییەوە تێیدایە. هەر ئەوەشە وا دەکات ئەم دەقە لە سەرەتاوە دەیەوێت بە دوانەی (ناوەوە/ دەرەوە) دەست پێ بکات، کە ئێمە دەتوانین سیمای ئەو دوو جیهانە ڕاڤە بکەین و پەی بەو پەیوەندییانەش بەرین کە ئەو دوو چەمکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. باوک نایەوێت بێتە ژوورەوە، لەبەر ئەوەی دڵ و خەیاڵی لە شوێنێکی ترە، بەبێ ئەوەی خۆیشی بزانێت ئەو شوێنە کوێیە.

باوک لە ڕۆژی بۆردومانەکەدا ون دەبێت و کەس نازانێت لە کوێیە، دایک ناسنامەی خێزانەکە لەگەڵ خۆی دەبات، بۆ ئەوەی شوناسی ئەو خێزانە بپارێزێت، بەڵام هەرچەند دەگەڕێت ناسنامەی باوک نادۆزێتەوە. باوک ناسنامەکەی لەگەڵ خۆی بردووە، چونکە ئەو کەسێکی بێشوناسە و نایەوێت هیچ ناسنامەیەک لە دوای خۆی بەجێ بهێڵێت. ئەو ناسنامەکەی دەبات، بۆ ئەوەی وەک هاجەرە بێشوناس بێت و لە لای خێزانەکەی بۆ ئەبەد بسڕێتەوە.

عەشقی هاجەرە سات لە دوای سات، گاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و جەستەی باوک دادەنێت، تا ئەوکاتەی تەواوی خوێنی ئەو جەستەیە دەکات بە ئاو، هەربۆیە کاتێک بەر بۆردومانی فڕۆکە دەکەوێت، لە بری خوێن، ئاو بەسەر ستارەی سەربانەکەدا دەڕژێت.
*(عەشقی هاجەرە)- گێڕانەوەی: ئیدریس عەلی-سلێمانی ٢٠١٧.

Previous
Next
Kurdish