Skip to Content

ئەنارکیستە کوردەکان و چەند سەرنج و پرسیارێک … سەردار ئەمین

ئەنارکیستە کوردەکان و چەند سەرنج و پرسیارێک … سەردار ئەمین

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 8, 2016 General, Opinion

ئەوە من نیم، کە دەڵێت لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا ئەنارکیستەکان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو بەرمەبنای بیرو هزرو ئایدۆلۆژییان، بە سەدان کەنیسەیان (تەنها لە شاری بەرشەلۆنەدا ٤٠ دانەیان) سووتاند، ئەوە من نیم هەڵمبەستبێت بۆ میلیشیاکانی ئەنارکیستەکان، کە لە ساڵەکانی جەنگی ئەهلی ئیسپانیادا ١٩٣٦- ١٩٣٩ بە هەزارەها قەشە و پیاوی ئایینی وکۆلاک و سەرمایەدار و بزنسمان و ناسیۆنالیست و سۆشیالیست و کۆمەنیستیان کوشتووە، هەڵبەت ناسیۆنالیست و سۆشیالیست و کۆمەنیستەکانیش کەمتریان لە ئەنارکیستەکان نەکردووە، بەڵکو ئەوە شایەدحاڵەکان و مێژوونووسەکانن ئەم ڕاستییانەمان بۆ دەگێڕنەوە، سەرچاوەیەکی مێژووی زۆر لەبەردەستدایە لەسەر ئەو مێژووە، من نایڵێم، بەڵکو ئەوە پەیڤی مێژووە، لە کتێبەکاندا تۆمار کراوە و لە زاکیرەی دەستەجەمعی مێژووی ئیسپانییەکاندا پارێزراوە.
بەڵێ بە مافی خۆمی دەزانم پرسیارم هەبێت لەو برادەرانەی، کە ناوی خۆیان ناوە (ئەنارکیستەکانی کوردستان، ئازادیخوازان، سۆشیالیستە ئازادیخوازەکان ) و بەنیازن لە هەندەرانەوە ئەزموون و هزرو ئایدۆلۆجیای ئەنارکیست و ئەجێندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی بگوازنەوە بۆ کوردستان، هەر چۆن ئەمان ئازادن لە بەڕێخستنی ئەم ڕەوتەدا، هەروەهاش مافی هەموو تاکێکی هۆشیار و نا هۆشیار و بەئاگا و بێئاگاشە کە چاودێری ئەم ڕێبازە تازەیە ( مەبەستم تازە بە کۆمەڵگای کوردی) بکات، چونکە زۆربەی ئەو ڕێبازە سیاسییانەی کە لە سەدەی ڕابوردوودا هێنرانە کوردستانەوە و گورزی گەورە و کوشندەی خۆیان وەشاند، لە سەرەتادا وەک ئەمان دەستیان پێ کرد، لەم سونگەوە من وەک هاونیشتمانییەکی ئەو وڵاتە ئەو مافە بە خۆم دەدەم، کە قسەم هەبێت لەسەر ڕەوتێک کە چاوی لە هەڵگێڕانەوەی دونیایە و بە نیازە بەپێی ئەو ئایدۆلۆجیایەی خۆی دونیاکەی ئێمە دروستکاتەوە. ناهەقم نییە ئەگەر ترسم لەم پرۆژە ڕادیکاڵە نوێیە هەبێت، چونکە لە سەرکەوتنیدا تەواوی ژیانی من و کۆمەڵگەکەم بە خراپ یان باش دەگۆڕێت؟! نابێ خەمسارد بین و پشتوێنی لێبکەینەوە و بە بەڵێنە سەوز وسوورەکانی بخەلەتێین، هەر چۆن بانگێشەکەرانی هەرچی ئەو ڕەوتانەی کە لە سەدەی ڕابوردوودا لەسەرزەمینی ئێمە دەرکەوتن، هەر هەمووی بە چەپکێك موژدە و بەڵێن و گولەوە خۆیان ناساند، بەڵام لەئەنجامدا چ کارەساتێکیان نایەوە! دەبێ بۆ مێژوو ئەو ڕاستییەش بڵێم، کە سەرباری هەموو ترس و دڵەڕاوکێیەکانم لەم ڕەوتە، بەڵام یەک زەڕە گۆمان لە نیازپاکی و دڵسۆزی ئەم برادەرانە ناکەم، ئەم برادەرانە بە تەواوی قەناعەتیانەوە، وا دەزانن کە تاکە ڕاستییەکن لەسەر ئەم ئەستێرەیە و دەتوانن چارەسەری کێشەکانی دونیامان بۆ بکەن، نابێ بە نیازپاکی کەس بخەڵەتێین، مێژوو پڕە لە پیاوچاک و نیازپاک، بەڵام دونیاشیان بەو خەسڵەتە پاکیزەیەی خۆیان لە دەریایەک خوێندا نوقمکرد و وێرانتریانکرد، نموونەی بەلشەڤیکەکان، کێ هەیە بتوانێ گومان لە جدییەت و ڕاسگۆیی و نیازچاکی کەسێکی وەک (لینین)لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی سۆشێالیستیدا بکات؟ بەڵام بەرئەنجامی خەباتی ئەو هەموو ئەو تێکۆشەرانەی ناو بزافی بۆلشەڤیک، بە لینینیشەوە بەچی کۆتایی هات؟
ڕەوتی ئەنارکیستەکانی کوردستان، کە سەکۆیەکیان هەیە بەناوی سەکۆی ئەنارکیستەکانی کوردستان، تا ئەو جێگەی من ئاگاداربم، دامەزرێنەرەکانی لە ئەوروپان و ژمارەشیان لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکات، ئەم ڕەوتە گوتارێکی یەکگرتووی نییە، زور سەتحییانە لە کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەڕوانن، هەندێکیان بە پێی ئجتیهادی خۆی بێ پابەندبوون بە سەوابیتی دامەزرێنەران و هزرمەندانی ئەنارکیستەوە بە ئارەزووی خۆیان قسان دەکەن و تەسریحات دەدەن، پە پێی ئەو زانیارییە کەمەی، کە من هەمە لەسەر مێژوو و ئایدۆلوجیا و بەرنامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئەم بزوتنەوەیە(ئەنارکیسم) دەبینم هەندێک لەم برادەرانە ئیشکالێاتێکی زۆر و بەرچاویان لەگەڵ هزری ئەنارکیستدا هەیە. بۆ خۆم وەک پارادایمێک یان مۆدێلێکی نوێی ئەنارکیست دەیانبینم! تا ڕۆشنای زیاتر بخەمە سەر ئەم لایەنە کاک (زاهیر باهیر)، کە یەکێکە لە هەرە چالاکترین کاراکتەری ناو ئەنارکیستە کوردەکان ، کە من بیناسم، وەردەگرم و وەک نموونە و هەڵبژاردەیەک ئارگومێنتەکەمی لەسەر درووست دەکەم و دەیبەمە پێشەوە. ئەم بەڕێزە بە قەناعەتی خۆی، لە دید و دونیابینینی ئەنارکیستەوە نووسینگەلێکی زۆری نووسیوە و بەردەوامیشە لەسەر نووسین، کەم چەمک هەیە لەسەری نەدوابێت چ بە نووسین یان لەسەر تەلەڤزیۆن بە کوردی و بە زمانی ئینگلیزیش وەک، نەتەوە، ئازادی، خەباتی چینایەتی، حیزب، کۆمەنیست، چەپ و ڕاست، سۆشیالیست، مارکس و مارکسیزم، دەوڵەت و دەستەڵات، دین، سیاسەتکردن، هەڵبژاردن، دیموکراتی، سەرمایەداری، دەوڵەتی نەتەوەیی، دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا، تەجروبەی ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان و ئەزموونی گروپە خۆجێیەکانی گەڕەکی هارنگەی لە شاری لەندەن و گەلەک شتی دی…. بەڵام هێندەی من چاودێری نووسینەکانی ئەم بەڕێزە دەکەم و کردوومە (دەڵێم چاودێری نەک دواکەوتن و موراقەبەکردن) بە داخەوە خوێندنەوەیەکی قووڵ نابینم لە نووسینەکانیدا، تەنانەت ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان خۆی و هزرمەندانی ناو مێژووی دووسەد ساڵەی بزووتنەوەی ئەنارکیزمیش دەبینم، لەم دەرفەتدا هەڵوێستەیەکی خێرا لەسەر دواوتاری کاک زاهیر دەکەم، کە ئەو وەک ئەنارکیستێک چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمکی دیندا دەکات! نووسینەکەی لەسەر لاپەڕەی خۆی داناوە، دەڵێت: من لە گەڵ دیندا و لە گەڵ خوای ئاسماندا کێشەم نییە، دەڵێت کێشەی من سیستەمە، کاک زاهیر ئەوەی لە بیر چۆتەوە، کە مێژووی ئایین گەلەک کۆنترە لە مێژووی دەوڵەت و دەستەڵات و سیستەمی کۆمەڵایەتی، دواتر کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەشەدەکات وموڵکایەتی پەیدادەبێت و سیستەم و دەستەڵات دەردەکەوێت ئیتر ئایین دەبێتە ئایدۆلۆجیای دەستەڵات و خوداش لە ئاسمانەوە دادەبەزێت یان دایدەبەزێنن بۆ سەر زەوی، هەرچەندە ئەو هەمیشە هەر لە سەرزەوی بووە! دەبێت ئەو راستییە بڵێم، کە بۆ من دین بابەتێکی ئاڵۆزە و لە قەرەی نادەم . بەڵام ئەوەندە دەزانم، کە دین و خوا مرۆڤی بێ ئیرادە کردووە، هەر بۆیەش فەیلەسوفێکی گەورەی وەک (نیچچە) مەرجی پێشوەختی بۆ ئازادبوونی مرۆڤ، بەستۆتەوە بە کوشتنی خوداوە، ئەگەر وانییە بۆ( پرۆدۆن )یش، کە بە دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئەنارکیسم ئەژمار دەکرێت، دەڵێ (خوا شەیتانە)؟ یان (ئەوگەست) کە دەڵێت ( نە خوا و نە دەسەڵات)، یان (باکۆنین) کە لە نووسینە بە ناوبانگەکەیدا بە ناونیشانی (خوا و دەوڵەت)، دین و دەوڵەت بە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی مرۆڤ دەزانێت، یان ئەنارکیستێکی وەک (کرۆپۆتکین)، کە داوای هەڵوەشاندەوی کەنیسە و دەوڵەت و دین دەکات، سەرکردەیەکی دی ئەنارکیستەکان بە ناوی (مۆست)، خودا دەشوبهێنێت بە( تاعوون)، ڕاستە لە مێژووی تەیاری ئەنارکیستیدا هەندێک هەبوون، کە دین و ئایدۆلۆجیای ئەنارکیستییان، تێکەڵ بەیەک کردووە و لە هەمانکاتدا ئیماندار بووە و ئەنارکیستیش بووە، وەک (تۆڵستۆی)، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بزووتنەوەی ئەنارکیست بزووتنەوەیەکی دژەدین بووە و سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە زۆربەی هەرەزۆریان مولحید بوون و بەهیچ شێوەیەکیش نەیانشاردۆتەوە. بەلای ئەم بزووتنەوەوە کەنیسە و دین و دەوڵەت دوژمنی سەرەکی کۆمەڵگایە و، هەر لەم سونگەیەشەوە بووە، کە ئەنارکیستەکانی ئیسپانیا دژی کەنیسە و پیاوەکانی بوونە.
پرسیاری من لەم مۆدێلە نوێیەی ئەنارکیست، کە برای بەڕێزم کاک زاهیر بانگەشەی بۆ دەکات، پەیوەندی بەو کەمە زانیارییەمەوە هەیە، کە من لەسەر ئەم تەوژمە هەمە، نەک خوانەخواستە، گاڵتەکردن بێت بەم بزووتنەوەیە وشوبهاندنیبێت بە مۆدێلی سەیارە، بزووتنەوەی ئەنارکیست زۆر لەوە گرنگترە، کە کەسێکی وەک من بتوانێ بەکەم تەماشای بکات، بەڵام مافی هەموو کەسێکیشە ڕەخنەی لێ گرێت و لەکەمکردنەوەی پێگەی مێژوویشی، ئەوە ناکرێ و نەکردەیە، چونکە سەرباری هەموو ئەو ڕەخنانەی لەسەر ئەم بزووتنەوەیە هەیە، یەکێکە لە هەرەکاریگەرترین بزووتنەوە یاخیگەراکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی، جا بۆ ئەوەی ئەو گومانە بڕەوێنمەوە دەستەواژەی پاراداییمم لەم نووسینەکورتەدا بەکارهێناوە ، کە هەر بەمانای مودێل ، یان شێوازیکی تر دێت. من کە ئەم پرسیارەم ورووژاندووە بەڕاستی بڕوام وایە، ئەم دیدانەی کاک زاهیر وەک ئەنارکیستێک نایەتەوە لەگەڵ بنەما و مانیفێست و بۆچوونەکانی دامەزرێنەر و مێژووی فیعلی ئەم بزووتنەوەیەدا و هەڵوێستی ئەم تەوژمە فیکری و سیاسییە کۆمەڵاتییە بەرانبەر بە دین، تەمومژاوی نییە و نەبووە لە ڕابوردوودا.
هیوادارم توانیبێتم بەم نووسینە ڕۆشناییەکی کەمم خستبێتە سەر ئەم بزووتنەوە تازە بە کۆمەڵگای کوردی و دەرگای گفتووگۆیەکی دۆستانە و هیمنانەشم خستبێتە سەرپشت بۆ کەسانی دی.

٦/١٠/٢٠١٦

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next

One commentcomments

  1. ئەرێ کاکە تۆ لایەنگیری فوضویەتی یان دوژمنی فوضویەت
    لە لایاک ئێژی خەتەرە بۆ کورد و کوردایەتی ، لە لاکای تیر ئێژی ئاوا نییە
    چونکە سەرباری هەموو ئەو ڕەخنانەی لەسەر ئەم بزووتنەوەیە هەیە، یەکێکە لە هەرەکاریگەرترین بزووتنەوە یاخیگەراکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی،

    من نازانم تۆ فوضوی یان دژی

    بە باوەڕی من تۆ زیاتر دیعایەی باشت بۆ کردوە

Kurdish