Skip to Content

سەری کێشەکان: پارتی، چارەسەرنەکردنیان: یەکێتی …. د.هەژار مەعروف

سەری کێشەکان: پارتی، چارەسەرنەکردنیان: یەکێتی …. د.هەژار مەعروف

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 10, 2016 General

بزوتنەوەی گۆڕان تا ئێستا بەرامبەر هەردو باڵەکەی یەکێتی سیاسەتێکی هاوسەنگ و دۆستانەی بەڕێوەبردوە. سەردانی کۆسرەت ڕەسول و مەلابەختیار وەک نوێنەرانی هەردو باڵەکەی یەکێتی لەگەڵ مەسعود بارزانی بۆ بەغدا بە بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ گۆڕان زەنگێکی ترسناکە بۆ گۆڕان چونکە دیارە نەوشیروان مستەفا هەر زو گومانی لە ڕاستگۆیی سەرکردەکانی یەکێتی هەبو بۆیە لە ئاهەنگی واژوکردنی ڕێکەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە (شاری جوانی) وتی گرنگ پیادەکردنی ڕێکەوتنەکەیە، ئاشکرایە ئەو چونەیان پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکەیە. گۆڕان تا ئێستا هەم وەک سەرکردایەتیەکەی هەم وەک ئەندام و دۆست و لایەنگرەکانی بە پاکی و دڵسۆزی ماوەتەوە و لە پێشی پێشەوەی سەنگەرە مەدەنیە ئاشتیخوازەکانی بەرگریدایە لە مافەکانی خەڵکی کوردوستان، بۆیە هێشتا هێز و توانای مەعنەوەیی لە حیزبەکانی تر زیاترە، کەواتە ئیتر کاتێتی لە کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ دو باڵەکەی یەکێتی داوای ڕون و کۆنکرێتیان لێبکات بۆ پیادەکردنی ڕۆحی ڕێکەوتنە سیاسیەکەی نێوانیان چونکە هەردو باڵەکە بە دەم دەڵێن پابەندین بە ڕێکەوتنەکەوە، فەرمون لە مە ڕۆژی تەنگانەتری خەڵک ئیتر کەیە بۆ هەنگاوی سیاسیی گەورە و یەکلاکەرەوە؟ گۆڕان دەتوانێ ڕەخنەی توند لە (ناوەندی بڕیار) بگرێ کە بۆچی دەرفەتێکیان نەدا بە ناوبژیوانیی گۆڕان و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی کە نوێنەری جەماوەری یەکێتیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و لەت وکوت نەکردنی ؟ خۆ کێشەکان تازە نەبون کەواتە بۆچی لە پڕ ڕێک پێش پیادەکردنی ڕێکەوتنی سیاسیی لە گەڵ گۆڕان و بێ ڕاوێژکردن و ئاگاداریی گۆڕان جیابونەوەی خۆیان ڕاگەیاند؟ پێیان کردن؟ کێ و بۆ پێیانکردن؟ باشە کە مەلا بەختیار دوای مەسعود بارزانی کەوت بۆ بەغدا با کۆسرەت ڕەسوڵ دوای نەکەوتایە، بەشەکەیان دەخورا ئەگەر نەچوایە؟ گۆڕان دەبێت لە باڵی تاڵەبانی بپرسێ کە سیاسەتی ئابوریی هەرێم هۆی برسیکردنی خەڵکی کوردوستانە ئیتر (قوباد تاڵەبانی) ی جێگری نێچیروان بۆ واز لە پۆستەکەی ناهێنێ؟ گۆڕان دەبێت داوا لە هەر دو باڵەکە بکات کە پشتگیریی تەواوی کارە هاوبەشەکانی فراکسیۆنی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بکات لە پەرلەمانی عێراق و شەڕەکانی خۆیان نەگوازنەوە بۆ ناو فراکسیۆنەکە و لەکاری نەخەن. گۆڕان دەبێت داوا لە هەردو باڵەکە ی یەکێتی بکات تەحریمی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی کوردوستان بکەن و ئەزمونی تاڵ و تاوانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ دوپات نەکەنەوە کە ئەوسا پێکەوە کردیان! نابێت و شورەییە جارێکی تر لە ژێر هیچ بەهانەیەکدا کوتەک بەدەست و چەکداران بەدەمامکەوە خۆپیشاندەران لە شاری هەڵمەت و قوربانی و لە هەمو شارەکانی کوردوستان سەرکوتبکەن و بیانکوژن. ئەگەر هێشتا تەواو کارلەکار نەترازاوە گۆڕان دەبێت ناوبژیوانی بکات بۆ یەکگرتنەوەی هەردو باڵەکە.تەنیا گۆڕان و یەکێتیەکی یەکگرتو دەتوانن یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و حیزبە بچوکە کانی تر بە دوای خۆیاندا ڕاکێشن و پارتی لەکەلی شەیتان بهێننە خوارەوە!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish