Skip to Content

هاورێ سامان لە عەفرینەوە کۆبانیت لەبیرە؟!  … ریبوار عارف

هاورێ سامان لە عەفرینەوە کۆبانیت لەبیرە؟! … ریبوار عارف

Closed
by ئازار 17, 2018 General, Opinion

لەم رِۆژانەدا هاورِێ سامان کریم پاش تێپەڕبوونی 52 ڕۆژ بەسەر لەشکرکێشی حکومەتی فاشیستی تورکیا سەرئەنجام بێدەنگی شکاندو ئەوەی دەمێک بوو دەیویست بیڵێت درکاندی. ئەگەرچی ئەم هەڵوێست نیشاندانە تەنیا لەڕیگەی والی فەیسبووکەکەی خۆیەوە بوو، بەلام لەبەر گرنگی باسەکەو قەرزێکی کۆن کە هاورێ سامان دەبوایە سێ سال لەمەوبەر لە گەرمەی ڕووداوەکانی نیو کۆبانیدا بیدایەتەوە، بەهەرحال بێدەنگ بوونی، وا ڕەوەندی ڕووداوەکان بەرەو داگيركاري شاریکیتری ملیۆنی دەبات، کەچی هاوڕێ نوسەر هێشتا لەباخی خۆیدا نایەتەدەرو سەرێک لە کۆمەلکوژی عەفرین نادات.

بۆیە من ئەگەر لەقەرزی کونیش گەڕێم هیوادارم هەرنەبێت ئەمجارە سامان ئێستیک بکات و لە مەحکوم کردنێکی مەرجدار زیاتر بڕوات و چاوێک بگێرێتەوە بە باسەکەیدا، هەرچەند زۆریش ئومیدەوارنیم، چونکە خالی هاوبەشی میتۆدی سامان لە ڕووداوەکانی دوێنی کۆبانی و ئەمرۆی عەفریندا لە بێدەربەست بوون بە ژیان وچارەنووسی ئینسان و ئینسایەتە لەم ناوچەیەدا. هەربۆیە دیدی زالی هەردوو ڕووداوەکە ئەوەیە کە مادام ڕزگاربوونی ئەم دوو شارە دەسکەوتێکی بۆ حزب و چینی کریکارو کۆمۆنیزم تیدانیە، ئیتر هەر دەخالگەریەک ئاسنی سارد کوتان وچوونە ژێر چەتری ناسیونالیزم وعەوامگەری عەشامەتیکی کۆمۆنیستە، کە ئاو بە ئاشی ناسیونالیزدا دەکەن. ئەم میدالە بەر لەهەر کەس ولایەنیک لە بەرۆکی هەلسوڕاوانی حزب و بزوتنەوەی کومۆنیزمی کریکاری دەدات، بەتاوانی ئەوەی کەبێ هیچ قەیدوشەرتیک داکوکی لیبراوانە لەنەکەوتنی ئەو عەفرینە دەکەن کە رەمزی راوەستانەوەی ئازادیخوازیە دژ بە کۆپەرستی وئیسلامی سیاسی وفاشیسزمی حکومەتی ئۆردگان. کەواتە بابین بزانین ئەم حوکمانە لەکوێوە لە چییەوە سەرچاوە دەگرن!

لەدەستپێکی نووسینەکەدا سامان دەلی: ’’ بەرگری لە عەفرین تا ڕادەی ناردنی هێزی چەکدار کارو ئەرکێکی کۆمۆنیستیە. بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و مانگرتن وگرتبونەوەو هەر شیوەیەک لە شیوەکانی دیکەی ناڕەزایەتی کارو شیوازێکی گونجاوی کۆمۆنیستیە، یان پێویستە شێوازێکی کۆمۆنیستی بێت.’’ بەلام هەموو ئەمانە تەنیا کاتیک بەرەوا لەقەلەم دەدات وەک دەلی’’ کۆمۆنیستەکان پیوێستە ڕیزی سەربەخۆی خۆیان بە شیوەیەکی رۆشن لە ناسیونالیزم لە پەکەکە لە پەیەدە و هەموو هێزەکانی دیکە… جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆ کارێکی عەمەلیە دەبێت دیارو ماددی و ڕۆشن بێت.

واتە کۆمۆنیستەکان نابێت بچنە ژیر ئالای پەکەکەو پەیەدەو کەسەکە و ئۆجەلان و سالح موسلم و،،،، نابێت بە بانگەوازی ئەوان بەشداری بکەن یان نەیکەن… نابێت لە خۆپیشاندانی ئەواندا بەشداری بکەن، وە ئەگەر بەشداری دەکەن وەک کارێکی فەوری و ڕاستەوخۆ پیویستی بە مەرج هەیە، لەوانە بە ئالای کۆمۆنیستی وئالای حزبی خۆیانەوە، بائالای مارکسەوە، وە هەروەها پێویستە وەک قسەکەرێکی سەرەکی جیگاو ڕێگایان هەبێت. باشترین و کارسازترین شیواز ئەوەیە کۆمۆنیستەکان بە جیا بانگەوازی خۆیان بکەن و نارەزایەتی خۆیان بکەن. تەنانەت ئەگەر هێزێک دەتوانێت چەکدار ڕەوانە بکات، پێویستە بە ڕێکەوتن لەگەل ‌هێزەکانی عەفریندا، بەرەی شەڕیان جیا بیت. ’’ هاورێ سامان دریژە بە نووسینەکەی دەدات دەلێ:’’ کۆمۆنیزمێک کە نەتوانیت یان نەیەوێت لەهەر تەنگژنەو توند پێچ و ئەزمەیەکدا ڕیزی سەربەخۆی سیاسی و کارنامەی خۆی جیابکاتەوە لە هێزە بورژواییەکان لە جیهانی هاوچەرخی ئەمرۆدا، کۆمۆنیزم نیەو هیشتا ناسیونالیزمی تێنەپارندوە، یان کۆمۆنیزمێکی ناسیونالیستی یە.

کەسانی ناسراوی کۆمۆنیست و کادرە ناسراوەکانی کۆمۆنیزم، لە ڕوانگەی منەوە هەڵەیەکی گەورە دەکەن ئەگەر وەک بەشێک لە لەشکری پەکەکە وپەیەدە دەربکەون و شوناسنامەی کۆمۆنیستیان ون ببێت لە کارەکانیاندا، بمانەوێت یان نا لە قۆناغێکدا، بە هوشیاری یەوە چونەتە پشت سیاسەتی ناسیونالیزم و شیوەی کاری. پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت کە کۆمۆنیستەکان وە حزبەکانی سەرسەختانە بەریگری دەکەن لە عەفرین، لەحالێکدا ئەگەر شوناسی کۆمۆنیستیمان دیار نەبێت کە دیار نیە، بە هوشیارییەوە دەبینە لەشکری ناسونالیزم. ئەمە شیوازو سیاسەتێکی کۆمۆنیستی نیە.’’

بەیارمەتی هاوڕێ سامان، بەشێک لە وتارەکەی سێ سال لەمەوبەری دێنمەوە یاد، کە ئەلهەق نەک هەرخاوەنی یەک جیهەتگیری و میتۆدة، بەڵکو لەهەندێک شوێندا پەرگرافەکانیش هاوشێوەن. بالێرەدا سەرنجی ئەم بەشە لە نووسینەکەی بدەین کەدەلی:’’ هەر هێزێکی کۆمۆنیستی وە دواتر هەرکادرێکی کۆمۆنیست دەبێت بزانێت وە هوشیاربێت بۆ هەرکارێک کە دەیباتە پێش وبزانێت کە چ بەرژەوەندییەکی تێدایە بۆ بزوتنەوەکەی، بزووتنەوەی کرێکاری وە هاوکات بۆ حزبەکەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری. لەپەیوەست بە مەسەلەی کۆبانیەوە کۆمۆنیزم نوێنەرایەتی ناکرێت، لەئاستی پراتیکدا. کەئەمە خۆی ئاکامی تەنگەژنە وکۆسپی گەورەترە…، مەیدانی کاری کۆمۆنیستی “کۆبانی” نیە، ئەگەر چی خەڵکی کۆبانی خەڵکیکی جەنگاوەر وخەباتکارە وپێویستە پشتیوانی لێبکرێت، مقاوەمەتی ئەوان جێگای تەقدیرو پشتیوانیە بەلام بۆ ئەوان بۆ ناسیونالیزم دەنوسرێت…دواجار پرسیارێکی سادە ئەوەیە ئەگەر کۆبانی سەرکەوت کۆمۆنیستەکان چی یان دەست دەکەویت وچی یان کۆکردۆتەوە؟! وە ئەگەر کۆبانی داگیرکرا دیسان جەسوری گیان فیدایی هەر بۆ ناسیونالیزم دەنوسرێت، جا پا یەدەپە بێت.’’

هاورێ سامان لە عەفرینیشدا بەرەو کوی دەمنبات؟

ئەوەی لێرەدا قسەیەکی لەسەر دەکەم تەنیا لە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی عەفرینە. لەمبارەوە ئەوەش بلیم کە من ئاشنام بە شمولی بوون و مەتاتیەتی باسەکانی هاوری سامان، هەروەها بە مەحکومکردنی کۆمۆنیستەکانی دەوربەریشی، کێشەیەک لەچۆنیەتی بەکارهێنانی مافی ئازادی بەیان وبیرورای ئەودانیە. بەلام کاتیک کە خۆی بە تیرۆریزینی حزب و بزتنەوەیەک بزانێت، دەبێت بەر لەهەر شتیک پێ لە زەمیندابیت و جێگەیەک بۆ ’’خواردنی شیر برنج بهێڵێتەوە، کە پراتیکی ئینسانە’’. ئەوەی کە تۆ دەخالەتکردن و کارکردن بۆ راوەستانەوە دژ بە پەلامارو کوشتارگەی فاشیستانەی حکومەتی تورکیا بە کاریک و ئەرکیکی کۆمۆنیستانە دەزانیت ئەمە جێ پێشوازیە.

من نەک هیچ کشیەکم لەگەل کاری جیاوازوسەربەخۆدا نیە، بەڵکو بەدوای دەرفەتێکی گونجاویشدا دەگەڕێم گەر بزانم ئێمکانی جی بەجیکردنی دەبێت، عەمەلیکەمەوە. بەلام کێشەکە ئەوەیە کە تۆ تەواوی ئەم ئەگەرانەت لەپشت مەرجیکەوە قایمکردوە، واتە ئەگەر ئەم مەرجە پراتیک نەکرێت ئیتر تۆ هەرجۆرە دەخالەتکردنێک بە ڕەدوکەوتنی ناسیونالیزم و ئاو بە ئاشاکردنی بورژوازی دەزانیت. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە تۆ هاورێ یانی خۆت بە شتێک ئیتهام دەکەیت کە بوونی نیەو بەوشێوەیە نیە کە ئیوە باسی دەکەن، واتە ئەوەی هاوری کۆمۆنیستەکانت لەژیر ئالای و وینەی ئوجەلاندا کۆدەبنەوە خۆپیشاندان دەکەن.

دنیایەکی سەیرە بەراست ئەگەر ئەم ئیتهامە زەرەک لە عەمەلی هاورێ یانی تەنیشت دەستەوە نزیک بوایە، نەدەکرا ئەو نزیکترین کەسانەی دەوروبەری خۆت راچلەکینیت و ئامۆژگاریان بکەیت کە دەخالەتگەری کۆمۆنیستی لەم وریرانکاریەی عەفریندا چی وچۆنە؟! یان هەقیقەتەکەی ئەوەیە کە خۆشت دەزانیت کە ئەوە کارنامەی هاورێ یانی پال دەستت نین، دەنا چی لەوە ئاسانتربوو کەبەهەر شیوەیەک بتوویسیایە سەرنج و رینمایەکانی خۆت لەگەلیاندا باسبکردایە. تۆبلیت لایەنی کەم لە ریگەی سوسیال میدیاوە ئەوەندە سەرنجی ئەو هاورێ یانەت نەدابیت کە چۆن بە ئالاو پەرچەمی خۆیانەوە دەچنە خۆپشیاندانەکان، کەچی دواتر لەم فەزا مەجازیەدا ئەو ’’هاورێ ناسراوی کۆمۆنیست و کادرە ناسراوانە’’ ئیتهام دەکەیت بەوەی کە ’’هەڵەیەکی گەورەیان کردوەو بوونەتە بەشێک لە لەشکری پەکەکە وپەیەدە؟! خۆئەگەر بشلیت ئاگاداری ئەوەنیم کە ئەو هاورێ یانە لە خۆپیشاندانەکاندا بە ئالاو ئارمی حزبەوە بەشداریان کردوەو قسەکەری بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بوون؛ ئەوە ئیتر کەس مقسەرنیەو رەنگە زیاتر بێ ئیشتیقاقی خۆت بیت بۆ نەبینینی هەلسورانیک کە هاورێ یان بێ مەرج تیدا بەشداریان کردوە.
ئەمە جگەلەوەی کە لە راستیدا لەم خۆپیشاندانانەدا ئالای هیچ حزب و لایەنیک ڕێگریی لی نەکراوەو ئالای سوورو ئارمی هەر حزب و لایەنیک ئازادو ئاسایی بووە. کەواتە بە پیوانەکەی خۆشت بیت بەم مانایە بەشداریکردن لەو خۆپیشاندانانەی کە تەنانەت ئەوانیش بانگەوازی دەکەن کاریکی نا کۆمۆنیستانە نیەو بەهۆی کەم دەرکی و ناسیونالیست بوونی ئەو کۆمۆنیستانەوە نیە کە تیدا بەشداری دەکەن؛ بەلکو دروست بەپیچەوانەوە بەهۆی تەعمەق و بریاردانیکی سیاسیەیانەوە کەدەیانەویت بۆ جیهان بینیەک کە هەیانە دەخالەتگەری سیاسی بکەن لەبەرامبەر بە کارساتیک کە لالَ دیَنیتە دەنگ! تەنانەت ئەو مەرجەی کە هاورێ سامان ئاماژەی پیدەکات واتە، ئەوەی کە ’’ئیَمە قسەکەریَکی سەرەکی بین’’، پەیوەند بە حزوری سیاسی خۆمانەوە هەیە تۆ ناتوانیت پیَشوەخت ئەمە بەسەر هیچ لایەنیکەوە فەرزی بکەیت. کاتیک کە لایەنیک بانگەواز دەکەن وەرقەی سپی بۆ هیچ لایەنیک واژۆ ناکەن، ئەوەی کە ئەمە دەکاتە ئەمری واقع، میزان و شیوازی دەخالەتگەری ئێمەیە کەدەتوانیت رەقەم لیبدات.

هەرئەمەش جیاوازیە سەرەکیەکی نیوان هاوری سامان و ئەو هاورێ یانەیە کە بەشداری دەکەن. ناوبراو بەشداری کردن لەم جولانەوەیەدا بەمەرجی پیشوەخت دیاری دەکات، کە ئەمەش بەراستی تەنیا دەتوانیت تیۆری بەشداری نەکردن و ڕۆلی تەماشاکەر ببینیت. دەنا ئەگەر ئیمە بلین بە مەرجەوە پیشوەخت دەمانەویت تەرفیکی سەرەکی بین، زۆر ئاساییە کە بەرامبەرەکەت پیت بلی هیوادارم کە ئیوە تەرفیکی سەرەکیبن بەلام ئەمە لیرەدا کۆتای نایەت، بەلکو دەبیت بچن ودەخالەت بکەین و سیاسەت و روانگەو ئاراستەی فکری خۆمان بەیان بکەین بچینە جەدەل و کیشمەکیشیکەوە تا بتوانین لە پانتایەکی کاراترو فراوانتردا کاریگەریمان هەبیت.

کە دیارە هەموو ئەمانە بەمانای ئەوەنیە کە ئەو حالەتە باشەی کە تۆ باسی دەکەیت هەلەبێت، واتە ئەوەی کە ئێمە خۆشمان بەشێوەی سەربەخۆ بانگەوازی کارو هەلسوران بکەین بۆ ئەو ئامانجە. بەلام کاتێک ئەوەنیە، ئیتر ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی تردا، هەڵەیەو لە دەرەوەی کاری کۆمۆنیستیدایە!

دواجار ئەوەش بلیم کە باسکردنی هاورێ سامان لە دەخالەت و پشگیری چەکدارانە لەم جولانەوەیە بەهەمان مەرجی سەربەخۆ کەباسی دەکات، بەرلەهەرشتیک ناهەقیقیەکە بەخۆی دەکات ئاساییە کەسیک شارەزای یاساوریساکان و زمانی چەک نەبێت خۆی لە شێوەی بەکارهینانیشی بپاریزیت.

بەلام هاورێ ئەزیز جەنگ وبەشدرایکردنی چەکدارانە لەهەر مەیدان و بەرەیەکی شەردا، ئەوەنیە کە تۆ نەزەریکی باشت هەبیت و شەرکەریکی باشبیت، بەلکو لە راستیدا ئەوەیە کە چۆن خۆت دەپاریزیت و چۆن هیرش دەکەیت و چۆن پلان دادەنیت؟؟ تۆ کە جغرافیای سیاسی ولاتیک نەشارەزانیت و یەکەم جارە پیت تێ ناوە، بە کام شارەزای و کام پیلان و دیاریکردنی کام تاکتیکەوە دەچیتە نیومەیدانی شەڕ؟! ئاخەر لەجەنگدا دۆلکیشکردن و پاشەکشەش هەیە، راست وچەپ وسەروخوار هەپە، ئەمە جپاواز لەوەی پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا تۆ بە چ ئەزمون و باگروەندیکەوە دەچیت و هیزی چەکداری خۆت رینمای و رابەری دەکەیت، بە چ تواناو بە چ شارەزایەکەوە دەتوانیت ئیداعای ئەم جۆرە لە بوونی بەرەی شەڕی جیا بکەیت لە زەمینیکدا کە نایناسیت وشارەزای نیەوهیشتا پی تی نەنانەوە. بۆیە دەبیت بلیم بەداخەوە بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنە.

ئەمەش دەتوانیت هەر بەشیکیتر لە تیۆری هیچ نەکردن بێت، کە دیارە خەتاکەی ناکەوێتە سەرشانی ئەو کۆمۆنیستانەی کە ئاو بە ئاشی ناسیونالیزمدا دەکەن، بەڵکو لەڕاستیدا مقەسەر ئەو تیۆرییە کە بستێک زەمین بۆ جی بەجیکردن و پراتیکیکی شۆرشگیرانە شک نابات.
ماوەتەوە بلیم، شیتکی چاوەروان نەکراو تازە نیە گەر بلین کە چۆنە چیهانی قیزەونی ئەمرۆ تەواوی زلهیزەکانی دنیا بە تەواوی سوسیال میدیا زەبەلاحەکانیشیانەوە لەبەر بەرژوەندی چینایەتیان، ئەو قەسابخانەی کە جەستەی مندالان و ژنان و بەشمەینەتانی شاریک تیدا لە قیمە دەدەن، نابینن و تازە لە( یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی “چڵەزەیتون”ـەوە ئەڵمانیا بە بڕی 4.4 ملیۆن یۆرۆ چەک و تەقەمەنی بۆ تورکیا ناردووە) بۆ ویرانکردنی عەفرین. ئەی بەراست کام بەرژوەندی و کام تیۆریە کە هاوری سامان بوونی مافی ژیان بۆ خەلکی عەفرین دەخاتە گرەی ریزی سەربەخۆی کۆمۆنیسەکان ؟! مەگەر کومونیستەکان خوازیاری رەهای هەموو کۆمەلگاو ریشەکیشکردنی هەرجۆرە ستەمیک نین؟ مەگەر چینی کریکار بە رزگاربوونی خۆی خوازیاری رزگاربوونی هەموو کۆمەلگا نیە؟ ئەی بەراست ئەم خەمساردیەی هاورێ سامان لەبەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی ژنان و مندالان و خەلکی عەفریندا لەچیەوە سەرچاوە دەگریت بەدەر لە نامۆبوونی ئەو تیزانەی نەبیت بە واقعی ژیانی کۆمەلگاوە؟!!

تیبینی/ بەریزان ئەم دوو لینگە، نووسینەکەی هاوری سامان سەبارەت بە رووداوەکانی کۆبانی و وەلامیکی منە سێ!

كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه‌ – 62…. كه‌ریم كاكه‌

کۆبانی و كۆمۆنیستەكان؛ وەلامیَک بە هاوڕێ سامان کریم

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish