Skip to Content

لەپێناو کام ئامانجدا شۆڕوشەوق دەدرێت بەکەرتی تایبەت لەهەرێمدا؟ … تاهیر حاجی حەسەن

لەپێناو کام ئامانجدا شۆڕوشەوق دەدرێت بەکەرتی تایبەت لەهەرێمدا؟ … تاهیر حاجی حەسەن

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 10, 2016 General

(سێیەمین کۆنگرەی ئابوری ڕۆڵی کەرتی تایبەت لەپەرەپێدانی ئابوریدا).ئەمە ناونیشانی ئەو کۆنفرانسە بوو لەنێو میدیاکانی هەرێمدا دەربارەی ئەو ڕۆڵەی کەرتی تایبەت دەیگێڕێت لەبەرەو پێشچون و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری لەهەرێمدا.
قۆناخێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی بەرنامە و پلانێکە بۆ فرۆشتنی کەرتی گشتی بەکەرتی تایبەت و پاساوی جۆراو جۆر دەهێنێتەوە کە ئەو ڕێگایە چارەسەرێکی گونجاوە بۆ لانی کەمی دەرباز کردنی حکومەت لەو قەیرانە دارایەی تێی کەوتوە،وەتالەو ڕێگایەشەوە جۆرێک لەخەم و ئازاری خەڵکە هەژار کراوەکە کەم بکاتەوە. ئەو ڕێگاچارەیەی کەلەداهاتودا هێندەی تر بێکاری زیاتر دەکات، بەشۆڕوشەوقەوە حکومەت و سەرانی ئەو حکومەتە کوردیە شیکاری بۆ دەکات،تا بەجۆرێک بڕواییەک لەنێو کۆمەڵگەدا دروست بکات و دواجار بشبێتە مایەی دەست خۆشی لێ کردن لەلایەن کۆمەڵگەوە.
(ڕوخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،ئەگەرچی خواستی زۆرینەی چینوتوێژە ستەم لێکراوەکان بوو وە بەئەندازەیەکی زۆریش ئەو چینوتوێژانە قوربانی زۆریان دا،تائەو دەسەڵاتانە بڕوخێنرێت و لەجێیدا نەک دەسەڵاتێکی دیکەی چەوسێنەر جێگەیان بگرێتەوە،بەڵکو هێزوتوانا و ئیرادە بۆئەو زۆرینەیە بگەڕێتەوەو کۆمەڵگەکان ببنە خاوەن ژیانێکی شەرافەتمەندانەو ئازادی و کەرامەتیان پارێزراو بێت،بەڵام ئەم بۆچونو داوایانە لەلایەن زلهێزانی سەرمایەداریەوە مایەی گەڵتەجاڕی بوو.چونکە ئەوان کاتێک هاتن دەستیان وەردایە جەنگ و ڕوخاندنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرانە،بۆئەوە نەهاتن تاکۆمەکی ئەو کۆمەڵگایانە بکەن تاژیانێکی باشتر وەدەست بهێنن،بەڵکو بۆئەوە هاتن تائەو جۆرە ژیانەش هەیانە ئەوەیشیان لێ بستێننەوە. دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بەرهەمی سەردەمی دوو بلۆکی جیهان بوون و ئیلهامیان لەو دوو جەمسەرگیریە بەدەست دەهێنا. بەپێچەوانەوە،هاتنی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەکاتی جەنگی یەکەم و دوەمی کەنداودا،بۆ کۆتایهێنان بەو جۆرە دەسەڵاتانە بوو کە بەرهەمی ئەو سەردەمەی ململانێکانی نێوان بلۆکی سۆڤیەتی و ئەمریکای بوون.یانی کۆتای هێنان بەقۆناخی ئەرکی دەوڵەت لەبەرانبەر کۆمەڵگەداو سپاردنی ئەو ئەرکە بەجۆرە دەسەڵاتێکی هێجگار دڕندەتر کەلەژێرەوە خاوەندارانی کەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبەن.ئێستا لەکۆی ئەو دەوڵەتانەی جەنگی تێدایەو ئەوانەیشی هێشتا جەنگی تێنەکەوتوە،ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و بەرهەمهێنەرەکان ڕۆژ بەڕۆژ قورسترو داڕوخاوتر دەبن،وەئەو چینەیەشی کەدەستی گرتوە بەسەر ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەکاندا تادێت دەوڵەمەندتر دەبن و بەئەندازەیەک پێناسەی مافیاگەریشیان تێپەڕاندوە).
شۆڕوشەوقدان بەکەرتی تایبەت لەپێناو ئامانج و خواستی گەورە سەرمایەدارەکاندایەو لەوڕێگایەوە دەست دەبەن بۆ لێسەندنەوەی ئەو بەشانەی کەتایبەتیشە بەگشتێتی کومەڵگەوە،ئیتر کەرتی تەندروستی بێت یان کەرتی پەروەردە یان کەرتی کارەباو خزمەتگوزاریەکان بێت تا دەگات بەکەرتی کشتوکاڵ.یانی ئیتر هەموو شتێک بەپارە دەبێت و دەشبێت ئەو پارەیە بدەیت ئەگەر دەتەوێت مناڵەکەت بخەیتە بەرخوێندن یان نەخۆشیت و پارەیشت نیە ئەوکات دەرگای نەخۆشخانەکان کراوە نابن لەبەردەمتدا ئەگەر پارەی پێویستت پێنەبێت بۆ چارەسەریەکەت،یان کاتێک دەست دەبەیت بۆئەوەی گڵۆپێک پێ بکەیت یان تێڤیەکەت ڕۆشن کەیتەوە دەبێت ڕاستەوخۆ سەری مانگت لەیاد بێتمکەخاوەنی کارەباکە دێت و داوای پارەکەت لێدەکات کەتۆ کارەباکەی ئەوت بەکارهێناوە،خۆگەر پارەت نەبوو ئەوکات زۆربەئاسانی کارەباکەت دەبڕێت ،ئاوایە ئەو کەرتە تایبەتەی بەشۆڕوشەوقەوە باسی لێدەکەن.یانی حکومەت خۆی دەدزێتەوە لەو ئەرکانەی لەسەرشانیەتی کەدابین کردنی ژیان و کار و گوزەرانی هاوچەرخانەیە بۆ تاک بەتاکی دانیشتوانەکەی،وەئەو ئەرکە دەسپێرێت بەخاوەن سەرمایەدارێکی دڕندەی تاکڕەو کەقازانجەکانی خۆی نەبێت هیچ شتێکیتر ناناسێت.بۆیە ئەرکی سەرجەم چینوتوێژە بەرهەمهێنەرەکانە لەو مەیدانەدا بەئاگابن و ڕلگانەدەن بەو پلانەی حکومەت سەربگرێت.(لەسەدەی نۆزدەیەمدا دەوڵەتی بەریتانیا لەڕێی گەورە سەرمایەدارەکانەوە هەلومەرجێکی وا زەحمەتیان دروست کرد بۆ چینی کرێکار و چینی جوتیار لەو وڵاتەدا،کەبەشێکی زۆریان ناچار کران کە وڵات بەجێ بهێڵن و لەڕێگای زۆرەملێوە ڕەوانەی ئەو مەملەکەتانە کران کەدەکرانە داگیرکەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا،لەوڕێگایەشەوە گەورە سەرمایەداران دەستیان گرت بەسەر زەویوزاری جوتیارەکاندا و بۆخۆیان قۆرخیان کردو بەڕۆژانەکاری تاقەت پڕوکێنو بەدانی هەق دەستێکی زۆر کەم بەکرێکاران بۆخۆیان سەرمایەگوزاریان تێدا دەکردوقازانجی زۆریان وەدەست دەهێنا،پەرتوکی سەرمایەی مارکس.)ٚ
فرۆشتنی ئەو کەرتە گشتیانە بەکەرتی تایبەت لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینوتوێژە کرێ وەرگرانەدا نیە کەلەهەرێمدا ڕۆژانە کار دەکەن،بەڵکو لەپێناو وەدەست خستنی قازانجی زەبەلاحی ئەو کۆمپانیایانەدایە کەدەست دەبەن بۆ ئەو کارە.لەبیرمان نەچێت،دروست کردنی بزوتنەوەی توندڕەوی ئیسلامی داعشیش پەیوەستە بەو ئامانجەوە،پێش ئەوەی داعش دروست بکرێت،لەعێراق و هەرێمدا،چینوتوێژە بەرهەمهێنەرو کرێ وەرگرەکان جۆرێک لەژیانیان هەبوو،کەسروشتی مرۆڤیش وایە تائەوکاتەی ژیان باشتر ببێت،مرۆڤ توانای بیرکردنەوەی باشتری دەبێت و وەلەشوێن خۆناسینی زیاتری ئیرادەو هۆشیاری سیاسی خۆیدا دەبێت،ئەوەیش دەیتوانی ببێتە جۆرێک لەوەی ئەو چینتوێژانەی عێراق و هەرێم ببنە خاوەن هۆشیاری سیاسی چینایەتی خۆیان.بەڵام خواستی دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری بۆ ئەو ئامانجە نیە لەو وەکیلانەی دایناون لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا،بەڵکو بۆ لێسەندنەوەی زیاتری ژیانو گوزەرانی ڕیفاهیانەیە.چونکە گەر ژیانی کۆمەڵگەکان بەگشتی بەرەو سەرتر بڕوات ئەوکات قازانج بۆ زلهێزان و شەریکاتەکانیان کەم دەبێتەوە یان نامێنێت. بەرهەمهێنانی داعشیش بەئەندازەیەک پەیوەستە بەو ئامانجانەی زلهێزان و وەکیلەکانیانەوە.ئێستایش بەمەرجێک داعش کۆتای پێدێنن کەبتوانرێت گەرەنتی بۆ ئەو گەورە سەرمایەدارانە دابین بکرێت تادەست بکەن بەکۆکردنەوەی قازانجەکانیان.
لەوڵاتانی ئەوروپادا زۆرێک لەکومپانیاو کارگەو شەریکاتە جۆراوجۆرەکان بارگەوبنەی خۆیان پێچایەوەو ڕویان کردە ئەو وڵاتانەی کەهێزی کار تێیاندا هەرزانە،لێرەیشدا دەوڵەت نەیتوانی هیچ ڕێگریەک دروست بکات لەو پێناوەدا کە بەهەزاران کرێکار بێکار کران.چونکە خواستی دەوڵەتی سەرمایەداران تەنها وەدەستخستنی قازانجی زیاترە.دیارە لەوڵاتانی ئەوروپادا کەم کەم دەوڵەت دەست دەبات بۆلێسەندنەوەی ئەو خواستانەی کەلەلایەن بزوتنەوە کرێکاری و پارتە سۆسیالیستەکانەوە بەدەست هاتبوو لەسەدەی ڕابردودا،وەبرەو بەکەرتی تایبەت دەدات و باج و خەراج زیاتر دەکات لەسەر زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە.
ئەم سەدەیە بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداری ئیتر بەسەدەی هاربونی تەواوەتی دەناسرێت و تاکڕەوێتی سەرمایەدار تەواو بێئامان دەبێت. وانەزانین جەنگەکانیش پەیوەست نیە بەخواست و مەیلەکانی کەرتی تایبەتەوە،بەڵکو ئەو جەنگانەیش دەرئەنجامی خولیاو ئامانجەکانی کەرتی تایبەتی سەرمایەدارانن. ببینن سوریا بەچ ئەندازەیەک کاول کراوە،ئاخۆ ئەوە لەپێناو بەرژەوەندی کام چینی کۆمەڵایەتیدایە؟ ئاخۆ گەر ئامانج ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد بوایە،چ پێویستی دەکرد کۆی شارو گوندەکان کاول بکرێت و ملێۆنان مرۆڤی سیڤیل بکوژرێت و ئاوارە بکرێن؟ یان لەعێراقدا ئەو کاول کاریە لەپێناو بەرژەوەندی کام چینی کۆمەڵایەتیدایە؟ لەبیرمان نەچێت کاتێک باس لەئاوەدانی و بنیات نانەوە دەکرێت لەدوای نەمانی داعش،ئەوە تەنها لەپێناو وەگەڕ خستنی کەرتی تایبەتدایە. ئامانج لەهێنانی داعش بۆشکست پێدانی ئیرادەی جەماوەریانەی ئەو چینەبەرهەمهێنەرە بوو،چونکە کاتێک ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی لاواز بوو ئەوکات بواری دزینی سامانی کۆمەڵگە زۆر ئاسان دەبێت،لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتیشدا،ئامانج ئەو کارەیە کەدەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری بەشوێنیەوەن.ئێستایش بەئەندازەیەک ئەو ئامانجانە وەدەست هێنراون و ئاستی هۆشیاری سیاسی چینە هەژارکراوەکە هێنراوەتە ئاستێک کەبڵێین لەو قۆناخەدا نیە کەدەوڵەتمەداران ترسی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیان هەبێت لەو چینە کۆمەڵایەتیە.ئەو گەرەنتیەیش بۆخۆی دوائامانجی خاوەن سەرمایەدارە زەبەلاحەکانە. کاتێک هێزی کاری هەرزانو ئامادە هەبێت،ئەوکات بەڕۆژانە سەعاتی زۆر و بەپێدانی کرێیەکی کەم دەتوانرێت قازانجێکی زۆر وەدەست بهێنرێت بۆ خاوەن سەرمایەدارەکان. لەم نێوەدا حکومەتەکانیش قازانجی باشتر دەکەن.چونکە لەوێدا،هەروەک چۆن لەم بیستوپێنج ساڵەی ڕابردودا دزی بێشوماریان کردوە،بەهەمان شێوە بەردەوام دەبن لەو دزی کردنانەیان لێرەیشدا دەبێت چاوەڕێی ڕوت و ڕەجاڵ بونی زیاتر چینە هەژارکراوەکە بین. بەگشتی برەودان بەکەرتی تایبەت لەهەر بوارێکدا بێت،بۆبردنە پێشی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی نیە کائامانج لێی خۆش گوزارانی بێت بۆ گشت کۆمەڵگە،بەڵکو بردنەپێشی کەرتی تایبەت بۆ وەدەست خستنی قازانجی بێشومارە بۆخاوەنانی شەریکاتەکان و هێنانی هەژاری زیاتریشە بۆ زۆرینەی کۆمەڵگەکان. کاتێک ژیان بکەوێتە دەستی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەقینە لەکۆمەڵگەدا،ئەوکات لەبری برەودان کەرتی تایبەت برەو بەکەرتی گشتی دەدرێت و بەهەرەوەزی کردنی بەرهەمێنان جێگای خۆی دەگرێت لەنێو گشت کایەکانی کۆمەڵگەداو کۆتای دەهێنرێت بەو خاوەندارێتی تایبەتە کەئێستا خۆی سەپاندوە بەسەر گشت ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گشت کایەکانی ژیاندا.زۆرجار وادێتە پێش چاو کەژیانێکی وامەحاڵ بێت و مرۆڤ ناتوانێت برەو بدات بەژیان لەکاتێکی وادا.بەڵام ئاخۆ ناکرێت ئێمە پرسیارێک لەخۆمان بکەین و بڵێین:ئەگەر لەبری ئەم بێکاری و هەژاریە زۆرەی یەخەی بەسێ بەشی دانیشتوانی ئەم سەرزەمینەگرتوە،ڕۆژانەکار بۆ پێنج کاتژمێر کورت بکرێتەوە لەڕۆژێکدا،ئایا ئەوکات ناتوانرێت کۆتای بەبێکاری و هەژاری بهێنرێت؟ ئەو قازانجە خەیاڵیەی ئێستا لەژێر دەستی چینێکی کەمایەتیدایە،ئەوکات ئاوا چینێک جێگای نابێتەوە لەنێو کۆمەڵگەیەکی خۆبەڕێوەبەرداو ئەوانیش دەبێت لەهەربوارێکدا بێت کاری ڕۆژانەی خۆیان بکەن و نابنە خاوەن قازانج،بەڵکو وەک مرۆڤێکی بەرهەمهێنەر مافی ژیانیان دەبێت.ئاخۆ ناکرێت ژیانێکی وا جێگەی ببێتەوە لەنێو دیدی کۆمەڵگادا؟

تاهیر حاجی حەسەن
09/10/2016

Previous
Next
Kurdish