Skip to Content

یەپەگە و ئیسرائیل! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

یەپەگە و ئیسرائیل! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Closed
by ئازار 26, 2018 General

دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی، هەڵبژاردنی سیستەمی حوکمرانی، دامودەزگای پەرلەمان، دەستور و یاسا دانان و سەقامگیربوونی بارودۆخی میللەت، بە پەیکەرێکی سیاسی کە تەنیا دیکور و وێنە بێت، بەردەوام نابێت و گەشە ناکات، ئەگەر لە هەقیقەتدا ئەو پەیکەرە سیاسیە خاوەن هێزی ڕاستەقینەی سەرخان و ژێرخانی خۆی نەبێت و لە نیشتمانێک و لەسەر خاکێکی ئازادیکراودا دانەمەزرابێت.

دەوڵەتانی ئیمپریالیزم، زلهێز یان داگیرکەر، لە سەر خاکی داگیرکراودا، هەوڵی دروست کردن و داتاشینی پەیکەرێکی سیاسی کارتۆنی دەدەن، بەگوێرەی بەرژەوەندیی و تاکتیکێک کە لە خزمەتی ستراتیژیەتی خۆیاندا بێت. بۆ مەشروعیەت دان بەو پەیکەرە داتاشراوە، هەوڵدەدەن پارت و کەسایەتییە سیاسیەکانی نێو میللەتی ژێردەست، بکەن بە خاوەنی، لە ژێر ناوی پشتیوانی و چوونە نێو هاوپەیمانییەتی لە گەڵیاندا. لە دەرئەنجامدا، دەسەڵاتی داگیرکەر، ناهێڵێت ئەو پەیکەرە ئەوەندە بەهێز بێت ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە سەنتەری بڕیارداندا، ئاراستە کردنی ڕووداوەکان و سەپاندنی مەرەج و توانای ئەوەی هەبێت ڕۆژێک لێیان هەڵگەڕێتەوە.

کەسەکانی نێو میللەتی داگیرکراو، کە ئامادە دەبن لە پەیکەرێکی کارتۆنی لەو جۆرەدا بۆ دەستکەوتی تایبەتی خۆیان کار بکەن، کەسایەتی لاوازن، خاوەن و هەڵگری بیروباوەری پتەوی مرۆڤایەتی، نیشتمانی و نەتەوەی یان عەقیدەیی نین. ڕازین بۆ خۆدەرسخستن و بە ڕەواڵەت وەک دەسەڵاتدار خۆیان بنوێنن بۆ میللەتەکەیان کە ژێردەستە و نیشتمانەکەیان کە داگیرکراوە. لە ئاکامدا، ئەم جۆرە پێکهاتەیە لە دەسەڵاتی دیکۆردا، ئاییندەیان تەنیا نۆکەری و جاشایەتیی و کڕۆنۆش بردن دەبێت و گورزێکی کوشندەش لە بزوتنەوەی رزگاری میللەت و نیشتمانەکەیان دەدەن، نمونە بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی.

دەوڵەتانی داگیرکەر، لە سەر ئاستی خەڵکی سەر شەقامی میللەتی ژێردەستیشادا کاری خۆیان دەکەن، هەوڵدەدەن، تاکەکان بکڕن بیانکەن بە سیخور و هێزی چەکدار و جاشیان لێ پێکبهێنن. هەروها، داگیرکەر، هەرگیز نایەوێت گرفت و جیاوازیەکانی نێو کۆمەڵگەی داگیرکراو چارەسەر بکات، یان میللەت بەرەو ڕێگەی ئازادی ببات. لە ئەنجامدا، لەسەر بیناغەی بوونی ناکۆکی و جیاوازییەکان پارت و هێزی چەکداری دژ بەیەک دروست دەکات و بە گروپیان دەکات لە ژێر دروشمی جیا جیادا، ئینجا لە نێو چوارچێوەی پەیکەرە سیاسیە کارتۆنیەکەدا بە ڕەواڵەت لە قەوارەیەکی یەکگرتوو بە دنیا و خەڵکیان دەناسێنێت، نمونە عیراق.

داگیرکەران، لە وڵات و کۆمەڵگەی داگیرکراودا، بە فشاری هێزی چەکدار و سوپا، دەسەڵاتەکانیان دەسەپێنن، وەک بریتانیا، فرەنسا لە سەدەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامیان دەدا. تا هەنوکە داگیرکەرانی وەک تورکیا، ئیران، سوریا و عیراق لە کوردستاندا هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن. لە کۆتاییدا، هێزێک کە بڕوای بە فشاری چەکداری، چاوسوورکردنەوە، ترس و تۆقاندن هەبێت و هەڵگری ئەو جۆرە عەقڵیەتە بێت، زوو یان درەنگ ناتوانێت سەرکەوت و بێت و متمانەی میللەتی ژێر دەست بەدەستبهێنێت، نمونە، تورکیا سەدان ساڵە شەڕی میللەتی کورد دەکات، ئەگەر تا ئێستا میللەتی کورد هیچیشی بەدەست نەهێنابێت، بەڵام بزوتنەوە و جوڵانەوە سیاسییەکانی زیندون و نەیانهێشتووە تورکیا بە ئارەزووی دڵی خۆی بیخوات. بەدەر لەوانەی کە بوون بە جاش، بە شێوەیەکی گشتی میللەتەکە متمانەی بەدەسەڵاتی تورکیا قەت نەبووە و نابێت.

لە بارودۆخی لەو جۆرەدا، دەنگی ناڕەزا، ڕۆحی بەرەنگاری بوونەوە و ڕقی ئەستوور لە نێو مێللەتەکەدا، لە گەشە کردن دەبێت، سروشتی ئەو جۆرە ناڕەزاییە و بوونی پارت و سەرکردەی خۆڕاگر، دەبن بە هەوێنی سەرکەوتنی ئەو میللەتە، ئیرادەی خۆڕاگرتنیان بەرامبەر بە سوپای بەهێزی داگیرکەر لە میژوودا بێ هاوتا دەبێت، نمونە، عەفرین، دوو مانگ بەرامبەر بە یەکێک لە گەورەترین سوپاکانی دنیا و بەکرێگیراوانی شەڕی کرد.

کورد، تەنیا میللەتێک نییە لە دنیا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا، کێشەی داگیرکردن و نەبوونی سیستەمی دیموکراتی هەبێت و دەورە درابێت بە ناحەز و دوژمن و ڕووبەڕووی شەڕی زلهێزەکان بووبێتەوە. کێشەی کورد، بەوە چارە ناکرێت بچێتە ژێر باری پەیکەری سیاسیی کارتۆنی دروستکراو، بوون بە جاش، هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەوەکان لە نیو دامودەزگای کارتۆنی وەک پەرلەمانی عیراق، پەرلەمانی ئیران و تورکیا یان دروستکردنی هەرێم و کانتۆن، لە سەر ئەرز و نیشتمانێکی داگیرکراودا.
لە نێو چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا مەحاڵە دامەزراندنی کیانی سیاسیی و سەربەخۆ بوون. یان خۆ غافڵ کردن بەوەی پێی دەگوترێت خەباتی تەرەماشی و خۆ هەڵخەڵەتاندن (خەباتی مەدەنی)! ئەو جۆرە خەباتە لە ژێر سیستەمی سیاسیی سەقامگیر و دیموکراتی لە عەقڵیەت و فەرمانڕەوایدا دەکرێت، نەک لە ژیر سایەی عەقڵیەتی دۆماگیەتی شۆفۆنیزمی خۆسەپاندنی وەک دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئێران، سوریا و عیراق.

ئیسرائیل، لە میژوویەکی نزیکدا وەک کورد ئاسا، زلهێزەکان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی و کریستانەکانیش دژی بوونە و تووشی نەهامەتی و جینوساید کردن هاتووە و تا هەنوکە دەورە دراوە بە دوژمنێکی زۆر. ئیسرائیل، وەک ئەمریکا و ڕوسیا، زلهێز نییە و لە سەنتەری بڕیاردان نییە لە چارەنووسی وڵاتانی دنیای سێیەم. وێرای ئەوەش، هەنوکە توانیویەتی، خاوەن پێگەیەکی بەهێز بێت لە سەپاندنی مەرجی سیاسی سەربازی و ئابووری کە لە بەرژەوەندیی خۆیدایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئیسرائیل، هەنوکە وەک ئیران و تورکیا، نایەوێت پەلوپۆ بهاوێت، سنووری جوگرافیای فرەوان بکات، ئیمپراتۆریەتی فارسی و تورکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیندوو بکات. ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل، ئەوەیە پارێزگاری لە سنوور و وڵاتی خۆی بکات، دووبارە نەهێلێت هیچ هێزێک سنووری ببڕێت و دەستدرێژی بکاتە سەر میللەتەکەی و کەرامەتی بڕوشێنێت. لە ئەنجامدا، لە نێو ئەو کەینوبەینی سیاسی، بێ متمانەیی لە زلهێزەکان، وڵاتان و نەتەوەی دراوسێ، ئیسرائیل مەترسی لە دەستدانی کیانی خۆی هەیە. بۆ پارێزگاری کردن لەو کیانە هەر هەنگاوێک یان هەر هەڵوێستێک کە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی خۆیدا نەبێت، خۆی بۆ ماندوو ناکات و خۆی ناکات بە خاوەنی و هەڵوێستی بەرامبەر نانوێنێت نمونە، ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی دژی داعش نەکرد. هەر وڵاتێک تۆزێک جوڵە بکات، ئەو بزانێت نزیک دەبێتەوە لە سنوورەکەی، دوو مووشەکی تێدەگرێت، بە بێ باکی لێدوان دژی دەدات نمونە، بوردومانی ئەو دوایەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ بنکەکانی سوپا و چەکدارانی ئیران لە سوریا، کە ئیران نەیتوانی متەقە لە دەمی بێتە دەرەوە دژ بە ئیسرائیل.

ئەمریکا، ئەوروپا و ڕوسیا زلهێز بوون کاتێک کە لە هەموو دنیا، ئیسرائیلییەکان، جێگە پێی هەنگاوێکیان نەبوو، بەڵام ئیسرائیلی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بووە بە هێزێک کە هەموویان هەژماری بۆ دەکەن بە تایبەتی زلهێزێکی وەک ئەمریکا.

ئیسرائیلییەکان، بە داڕشتنی بەرنامە، پلانی تۆکمە، ستراتیژیەتی ڕاست و خۆ ماندوو کردن گەیشتوون بەو دەستکەوتانە و پاراستنی کیانێک لە نێو دڵی دوژمنەکانیان. دامەزراندنی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی، سوپا، تەکنەلۆژیایی بەهێز و پتەو کردنی لۆبی جو لە هەندەران، وەکو لە وڵاتانی ئەوروپا، ڕوسیا و بە تایبەتی لە ئەمریکا، ئەنجامی جۆری کارکردن و ڕاستی داڕشتنی ستراتیژیەتی سەرکردە، پارتە ئیسرائیلییەکان، یەکگرتنیان و جۆری ئیدارەدانی پەیوەندییە دەرەکییەکان بووە. نمونە، ئیسرائیل خۆی بە دوور گرت لە هەڵگرتنی ئەو دروشمە سیاسیانەی کە بۆ ئەمریکا خاڵی هەستیارن وەک، هەڵگرتنی ئاڵای سوور، دروشمی ئایدۆلۆژیای سۆشیالیزمی و دەیان دروشم و هێمای دی کە ئەمریکا سەرچاوەی سەرهەڵدانیان بۆ قوتابخانە فەلسەفیی و فیکریەکانی ڕوسیا دەیگەڕێنێتەوە. بەو مەبەستە، ئیسرائیل بانگەوازی ئەوەی کرد، کە ئەو بڕوای بە پەیڕەو کردنی سیستەمی سیاسی دیموکراتی هەیە بۆ وڵاتەکەی، وەک لاسایکردنەوەی ئەمریکا. ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە زۆرجار ئەمریکا پەنجە بۆ سیستەمی دیموکراتی ئیسرائیل ڕادەکێشی و بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو هەڵیدەسەنگێنێ. بۆ هەمان مەبەست، ئیسرائیل هەوڵیدا، لۆبی ئیسرائیلی ئەمریکی بەهێز بکات و ببیت بە خاوەن پێگەی بەهێز، بە تایبەتی لە بواری ئابووری.

ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلێهزەکاندا گوماناوی بووە تا دەگات بە پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا، کە نەیتوانیوە متمانەی سەدا سەدی ئیسرائیل مسۆگەر بکات. لە سەرەتای ساڵی دووهەزارەکان تا هەنوکە، پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ ڕوسیای دوژمنی سەڕەکی ئەمریکا لە گەشە کردنی زیاترە، نمونە، ئیسرائیل بۆ مەسەلەی چیرچینا، هەڵوێستی دژ بە ڕوسیا دەرنەبڕی تەنیا ئەوە نەبێت، دوای فشاری ئەمریکا، بە نووسراوێکی فەرمیی داوای سەقامگیر کردنی ئاشتی کرد لەو وڵاتە. ئیسرائیل هاتە دەنگ و دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئۆباما و ئێران.

جو، وەک کورد خاوەن قەوارەیەکی نەتەوەیی چل میلیۆنی و وڵاتێکی بەرفرەوانی وەک کوردستان نەبوو، تاکو لەوەوە دەست پێ بکات. ئەوان لە خاڵی سفرەوە دەستیان پێکرد، وێرای ئەوەش لە ماوەیەکی کورتی مێژوویدا توانیان ئیسرائیلی ئەمڕۆ بنیات بنێن!

مێژووی ئەزموون و خەباتی گەلان و میللەتانی ژێردەست و رزگاربوونیان، ئەو پرسیارە دەهێننە پێشێ کە بپرسین میللەتێکی ٤٠میلیۆنی، کە چوارەم نەتەوەی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ تا ئێستا وڵاتی بە داگیرکراوی ماوەتەوەو نەتەوەکەشی هەر جارێ بەدەست وڵاتێک یان گروپێکی چەکدار ئەتک دەکرێت، چاوەڕوانی رێکخراوە خێرخوازەکانی دنیا دەکات و دەست پان دەکاتەوە؟

کورد، پێی خۆش بێت یان پێی ناخۆش بێت، دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە خاڵی لاوازی سەڕەکی لە خۆی بووە، ئۆباڵی ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی سەرکردە خۆفرۆشەکان، پارتە کارتۆنییەکان، ڕۆشەنبیری پارە پەرست، نووسەر و ئەو کەسانەی کە توانای ڕێ نیشاندانیان هەیە و خۆیان دزیوەتەوە لە هەڵگرتنی ئەو بارە، ئینجا تاک بە تاکی نێو میللەتی کورد لە نەوەکانی ئێستا و ڕابردوو، لە هەر چوارپارچەی کوردستان لێپرسراوەتی ئەو بارودۆخەیان لە ئەستۆدایە.
کورد، بەیەوێت یان نەیەوێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە سەر ئەرز و خاکی خۆی بە کەرامەت ژیان بکات، پێویستی بە شۆڕشێکی بنەڕەتی هەیە کە سەرکردایەتیەک پێشەوای بێت، بتوانێت ئەو لێپرسراوەتییە بخاتە ئەستۆی خۆی و نە خەیانەت بکات نە خەیانەتی لێ قبوڵ بکرێت. یەکگرتن، دروستکردنی هێزی چەکداری فەرمیی و میللی، کۆبوونەوە لە ژێر یەک ئاڵا تەنیا کلیلی سەرکەوتنە.

ئەزموونی، ئەنفال، هەڵبجە، شەنگاڵ، کۆبانی و عەفرین و سەدان ئەزموونی دی لە مێژوودا هەن کە سەلماندویان کە نەتەوەی کورد، بە جاش و باشیەوە، تاکێکی کورد هەڵگری هەر بیروباوەڕێک بێت لە ئەوپەری چەپەوە بۆ ئەوپەری ڕاست، بە دەست دوژمنان یەک چارەنووس چاوەڕێیەتی، ئەویش پاکتاو کردنی نەژادی، لەناوچوون و دەستدرێژی کردنە سەر شەرف و کەرامەتیەتی.

ئەزموونی، ڕۆژئاوا و بەرەنگاری و خۆ ڕاگری عەفرینیەکان و هێزی یەپەگە و پەکەکە لە شەڕی دوو مانگەی دژ بە یەکێک لە گەورەترین سوپای دنیا، سوپای تورکیا و بەکرێگیراوانی، سەلماندی کە ئیرادە و ڕۆحی خۆ ڕاگری و بەرەنگاری بوونەوە لە هەر دوو ئاستی شەقام و سەرکردایەتی لە ڕۆژئاوادا، بەدی دەکرێت، کە دەکرێت بکرێت بە هەوێنی دروستکردنی هێزێکی چەکداری بەرفرەوانی میللی سەرتاسەری لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ پارێزگاری کردن نەک تەنیا لە خاک و نیشتمان بەڵکو لە پاراستنی کەرامەتی یەکە بە یەکەی تاکی کورد.

Previous
Next
Kurdish