Skip to Content

نامەکانی فێرنادۆ هەوڵێک لە پێناو نوسینەوەی ئازارەکانی منداڵان و ژنان …. هۆشیارجەمال

نامەکانی فێرنادۆ هەوڵێک لە پێناو نوسینەوەی ئازارەکانی منداڵان و ژنان …. هۆشیارجەمال

Closed
by ئازار 26, 2018 General, Literature

نامەکانی فێرناردۆ یەکێکە لە کورتە ڕۆمانە جوانانەی کە لەلایەن (ئەژین عەبدولخالق) ەوە نوسراوە.بەزمانی ئیستاتیکی لە دوو توێی (٩٠) لاپەڕەی قەشەنگ دا،و بۆ یەکەمجار لە ساڵی (٢٠١٥) چاپ کراوە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە بە دیزانێکی جوان و کوالێتیەکی بەرز بڵاوکرایەوە.
ئەم کورتە ڕۆمانە خوێنەر پەلکێشدەکات بۆ خوێندنەوە،کە لە کاتێکی کەمدا دەخوێندرێتەوە بەڵام زۆر بابەت هەڵدەگرێت،ڕۆمانەکە چوار کەسایەتی سەرەکی پێکی دەهێنێت،یەکەم کچێک بەناوی (یۆدێت) کە خەون بە چوون بە هەسارەیەکی تروە دەبینێت،(سورمێ) کەکچێکی پەراوێزخراوی خراپ پەروەردەکراوی باشوری کوردستانە،(ئەحلام مەنسور)ی چیرۆک نوسیش لە ڕۆمانەکەداکارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە کە زۆر جار ئازارەکانی سورمێ لەسەر زاری ئەمەوە دەنوسرێتەوە،(مارگرێت) کچێکی ترە کەبەژداری دەکات لە گفتووگۆکان لەگەڵ ئەحلام مەنسور.

سەرەتای ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٨٦) لەسەردەمی حوکمڕانی حیزبی بەعس دا. نوسەر لەڕێگای دە نامەوە، ڕۆمانێک دەخولقێنێت.ئەگەرچی نوسەری ئەم کتێبەوە زۆر لەژێر کاریگەری نوسینی چیرۆک نوسی کورد (شێرزاد حسن)ی لەسەرە وهاوشێوەی ئەو ئیشی لەسەر تێکشکاوی تاکی کورد، بەڕاوێز خستنی منداڵان و تێڕوانی پیاوی کورد بۆ ڕەگەزی مێینە کە هەردەم وەک بووکەڵەیەکی سێکسی لێیان ڕوانیەوە نەک وەک مرۆڤێک.
لەپەڕەگرافی یەکەمدا نوسەر باس لە گرنگی تەمەن دەکات گەنجان کە تەمەنیان کەمە،زۆر پەلەیان نیە لە کارەکانیان و هەوڵنادەن،بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم بۆچوونەیان دەگۆڕێت. کە چوونە تەمەنەوە لە گرنگی تەمەن تێدەگەن.

لەسەرەتای ڕۆمانەکەدا کچێک بەناوی (یۆدێت) کەساڵانێکی زۆر بووە خەونی بە چونە نێو فەزاوە دەبینی و ئاواتی زانیاریەکانی ئەو دیو دنیای هەیە ولەپێناو خەونە کەیداکۆمەڵێک پێکدەهێنێت و کەشتێک بەرەوناو فەزا ئەنجام دەدەن.

یۆدێت نامەیەک بۆ هەسارەیەک بەناوی بێرەنگەکانەوە دەنێرێت و نوسەر بەزمانێکی یەکجار سەرنج ڕاکێش توانیویەتی ئەم پەیوەندیە دروستبکات لەنێوان کچێک لە ئەمریکاوە و کچێکیتر لە کوردستان ، یۆدێت باسی بێزاری خۆی لەهەرای ڕاگەیاندن و سیاسیەکان دەکات بەسەرۆکی ئەمریکاشەوە.وە دواتر باسی گەشتەکەی بۆ ئاسمان و ون بوونی خۆی دەکا، وە باسی کاتی لە دایک بوونی سورمێ دەکات لە باشوری کوردستانەوە تێڕوانینی پیاوی کورد بۆ ساتی لەدایکبوونی کچەکانیان، کە چەند هەستێکی ناخۆشیان هەیە و بە چاوێکی کەم سەیری دەکەن.

،سورمێش لە ڕیگای نامەیەکەوە ئازارەکانی منداڵی کورد دەگێڕیتەوە،کەچۆن جەنگ و کلتور و شەڕی برا کوژی ژیانی لێسەندون و لەسەرەتاترین مافی ڕەوای خۆیان بێبەشن ،وە پەروەردەی خراپی منداڵەکان دەکرێت خێزانەکان شکستیان هیناوە، لەبنیاتنانی منداڵێکی خاوەن ئیرادە.

سورمێ یەکێکە لەو کچانەی ئاواتی بینینی خۆیەتی لە ئاوێنەدا ، بەڵام چونکە مناڵەو ‌هیچ گرنگیەکی پێنادرێ و وە ئاوێنەی ماڵەکەیان زۆر بەرزترە لە باڵای سورمێ ، تەنها خوشک و براکانی کە گەورەترن لە خۆی دەتوانن خۆیان ببینن ، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی دۆخێکی دەروونی سەخت کە سورمێ بە دەستیەوە دەناڵێنێت، و خۆی بەکەسێکی زۆر ناشرین دەزانێت .
حەزی بینینی خۆی لە ئاوێنەدا وا دەکات سورمێ بکەوێتە سەرجادە و زبڵدان شێنی فڕێدانی خاشاکی شار ، لەوێ بەدوای ئاوێنەدا دەگەڕێت. لەکاتی گەڕاندا وێنەیەکی (سەدام حسێن) دەبینێت کە فڕێدراوە هەر لەوێ زۆر لە وێنەکە ورد دەبێتەوە سڵاوێکی سەربازی بۆ دەکات ، ئەمەش ئەوە مان بۆ دەردەخات کە ڕاگەیاندن چەند ڕۆڵێکی خراپیان گێڕاوە ، لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بەتایبەت و چەند کاریگەری گەورەیان لەسەر منداڵان بەجێهێشتوە. گەڕانی بەردەوامی سورمێ بەدوای ئاوێنەدا وادەکات توشی کوڕێک بێت و دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری کەئەمەش دیسانە تێڕوانینی خراپی چینێکی کۆمەڵگا وڕەگەزی نێرە لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکانە بۆ منداڵ کە ئەو کەسانە لە سادەترین بەهای ئەخلاقی داماڵراون.

نوسەر سەرکەوتوانە لە ڕیگای ئاڵوگۆڕکردنی نامەکانی نێوان سورمێ و یۆدێت توانیویەتی کومەڵگای کوردی پێش ڕاپەرێن و دوای ڕاپەین بەیەکەوە ببەستێتەوە.کەلەنامەیەکی تردا کە سورمێ بۆ یۆدێت دەینێرێ دەکەوێتە گێڕانەوەی شەڕی براکان کە لەشاخەوە هێنایانە شار ، لە پێناو حەزی پاوانسازی و ساماندا خەڵکێکی زۆریان کردە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان، شارەکان کرانە سەنگەری شەڕەکان وبەشیکی وێران کران.

شوێنێک نامێنێت منداڵان بە ئارامی یاری تیابکەن شەڕێک کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە،بەڵام سورمێ بەردەوام دەبێت لە خوێندن سەرباری سەختیەکانی ژیان تا دەگاتە قۆناغەکانی زانکۆ و لەبەشی ڕاگەیاندن دەخوێنێت و دەبێتە ڕۆژنامەنوسێکی چالاک کە تەسلیمی دەسەڵات نابێت و چەندین بابەت لەسەر گەندەڵی دەنوسێت.
لایەنێکی تری ڕۆمانەکە کارکردنە لەسەر نیشاندانی ژیانی ئەو ژنانەی دەچنە ئەوروپا و لە ڕۆژهەڵات هەڵدێن،دەچنە شێڵتەرەکانی ژنان. سورمێ لەکوردستان هەڵدێ و خۆی دەگەیەنێتە سوید لەوێ دەژی ماوەیەک شێڵتەر دەبێت. لەوێ هەندێ لە ژنەکان دەڵێن کە ناچار دەکرێن بۆ ئەوەی مۆڵەتی مانەوەیان پێبدرێت ئەوا دەبێت ڕازیبن بەوەی دەستدرێژی سێکسییان بکرێتە سەر ،جەستەیان ئیستخلال بکرێت لەدەرەوەی ویستی خۆیان،یەکێک لەژنەکان دەڵێت (ئێمە لە ڕۆژهەڵات هەڵدێین لە پێناو ئازادی کەچی لێرەش دەکرێنە کۆیلەی لەشفرۆشی) .

Previous
Next
Kurdish