Skip to Content

وەڵامێک بۆ کاک شوان ئەحمەد و هاوشێوەکانی   … هەڵۆ بەرزنجەیی

وەڵامێک بۆ کاک شوان ئەحمەد و هاوشێوەکانی … هەڵۆ بەرزنجەیی

Closed
by ئازار 30, 2018 General, Literature


” لێگەڕێن تیۆرییەکان بمرن نەک مرۆڤەکان ” کارل پۆپەر
….

کاک شوان ئەحمەد لە واڵەکەی خۆیدا بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی:
” ڕەگەزپەرستی کوردانە و سوکایەتی کردن بە عەرەب ”
ـ جەمال غەمبار و هەڵۆ بەرزنجەیی و شیرکۆ بێکەس و فەرهاد پیرپاڵ و هاوبیرەکانیان، بە تۆپزی خۆی گەرەکێتی ئەو ناوانەی سەرێ، بەو ڕستەیە تاوانبار دەکات.
دەست پێکی نووسینەکەی بە گوتەی جۆزیف برۆدسکی “ئەدەبی خراپ جۆرێکە لە خیانەت”، داڕشتووە.

کورتەیەکی پێویست: کاک شوان هەوڵ دەدات ئەو ناوانەی ڕیز کراوان بەوە تاوانبار بکات، ئەدەبی خراپ بڵاودەکەنەوە و پەیامی ڕەگەزپەرستانە بەرجەستە دەکەن. ئەمەش بە پێوەری گوتەکەی برۆدسکی بێت خیانەتە. کەواتە ئەم دەستەیە لەبەرئەوەی خیانەت دەکەن و خیانەت بڵاودەنەوە شیاوی رووبەرووبوونەوە و سزادانن. پرسیار ئەوەیە، گەر ئەو دەسەڵات بێت و ببێتە خاوەن دەسەڵات، چیمان لێ دەکات و چۆن مامەڵەمان لەتەک دا دەکات و چی لە بەرهەمەکانمان دەکات و چ حوکمێکمان بەسەردا دەدات.!؟.

هەڵبەت هەر ئاماژەدان بە خیانەت بۆخۆی کارێکی ترسناکە، ئەگەری جۆراوجۆری خوێناوی و توندوتیژی و حوکمی قورس و چارەنووسی تاریک لەگەڵ خۆیدا دێنێتە مەیدانەوە. هەرچەندە ڕەنگە برۆدسکی لە ڕەوتی ئەدەب و بۆچوونێکی تردا، ئەم قسەیەی کردبێت، لێ دیسان وا کاک شوان و هەندێ کەسانێکی تریش لە هاوئامانجەکانی کردوویانەتە ڕوانگە خۆیان و یاسای ئەقڵ و گۆپاڵی دەستییان.

بەڕێزان…
لە دوای کارەساتی هەڵەبجە، دەقە شیعرێکم خوێندەوە،لە بەیتێکیدا هاتووە:
ئیتر لەمەو دوا
لە هەڵەبجەوە،
دەڕوانینە خەڵک، دەڕوانینە خوا.
هەر لەم میانەدا،مامۆستا شێرکۆ بێکەسیش لە قەسیدەی “ژەهر”دا دەڵێ:
سەرمان،سەرمان،سەرمان،سەرمان!
ئەبێ ئەم سەرەگەنیوە،لە خۆمان دووربخەینەوە
بیگۆڕین و سەرێکی نوێی لەجێ دانێین.
یان..
ئەبێ ئەم سەرە،ئەم گڵۆپە سوتاوە داگرین و
وای فڕێ دەین، لە دوایدا
وردە شووشەکانی نەچن،بەپێی منداڵەکانماندا!.
دوای ئەم تراژیدیا گەورەیە، من پێم وابوو ئیدی ئەم وەرچەرخان و کودەتا عەقڵییە، بۆتە باوەڕ دروشم و دیسپلینێکی چەسپاو و گردەبڕ و چیدی پێویست ناکات بە گفتوگۆی بێزەنتینی، چەمکە عەمارەپۆکانی ناو دەقی تیۆریی و دروشمە سوواوەکانی بازاڕی نەوت و خوێن، لە نێو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردی دا شەنوکەو بکەینەوە: داخۆ ئێمە کوردستانین یاخود …چین؟،مرۆڤایەتی درۆیە یاخود هەیە ؟!. کوردانە بیر بکەینەوە یان نێونەتەوەییانە؟!. تاد. بەواتایەکی دیکە جارێکی دی بگرە و بەردەیەکی ئەوتۆیی لە پانتایی نووسینی کوردیدا جێگایەک نادۆزێتەوە،چوونکە ئەنفال و هەڵەبجە هەموو شتێکیان یەکلا کردەوە.

ئاخر کورد هەموو تاڵی و سوێرییەکانی چەست و ئەزموونەکانی تێپەڕاند و ڕۆژگارە جۆراوجۆرەکانی دی و کارەساتە خوێناوی و دڵتەزێنەکانی بەسەر هات و لە مەیدانی تاقیکردنەوەشدا هەموو شتی بەسەرهات.

کۆمپانیاکانی دەوڵەتی پۆشکین و گۆتە و شیللەر و کانت و هەموو ئەوانی دیکە، گازی ژەهراوی دروست دەکەن و دەیدەنە دەست، نەوەی حەججازی کوڕی سەقەفی، ئەویش داروبەرد و ئاسمان و زیندەوەر و پەلەوەر و منداڵ و گەورەی شارێکی وەک هەڵەبجەی پێ ژینۆساید دەکات. بە ئاشکرا و بە دەنگی دلێڕەوە بە بەرچاوی جیهانەوە و دنیاش قڕوقەپ دەکات و چاو دەنووقێنێ.کەواتە ئیدی چی ماوە و دەمێنێ بۆ گفتوگۆکردن و خۆ هەڵدانەوە و باخەڵ فەرەحی و وڕێنەی فەلسەفی؟!.

بەڵام بەداخەوە وەک ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیبینین و لێی تێگەیشتووین، بەم کورتە نووسینە و چەند نموونەیەکی هاوشێوەیدا دیارە، پەتای ئەم دەرد و وەناقە زۆر لەوە قووڵتر و توندتر بینەقاقای هەندێ دەستە و گرووپی کوردی گرتووە، گەر بێت بە دەیان تراژیدیا و ماڵوێرانی دیکەی نەتەوەیی بەسەرمان دا بێت، هێشتا ئەوانە! ناتوانن ژەنگی بیریان پاک بکەنەوە و هەستی پەستی خۆبەکەمزانییان ناگۆڕێ. پەند و وانە وەرناگرن، گەشە ناکەن و پەردەی شەرمنی نادڕێنن و هەر سوور دەبن لەسەر هەڵوێستی خۆیان.
کاک شێرکۆش لە قەسیدەی ژەهردا بۆ هەمان کارەسات دەڵێ:
سەیرکە:
ئەم هەموو بارانە کوژراوە.
ئەم هەموو شەپۆلە خنکاوە.
ئەم هەموو ئەستێرە پژاوە.
لە کوێدا بنێژم؟
چ خوایەک دەستی دێنێ و ئەم سەرە بڕاوەم هەڵگرێ و
بیخاتە کۆشییەوە و، ڕەگ بە ڕەگ،خوێن بە خوێن
ژێ بە ژێ بیدوێنێ؟!
دواتر دەڵێ:
گەر گیرفانی نەوتت هەیە
گەر گیرفانی گازت هەیە
ئەتوانی قوڕگی “ماو” بکڕی
پێکەنینی “کاسترۆ” بکڕی
دەست و پەنجەی “میتران” بکڕی
هەردوو مەمکی “تاتشەر” بکڕی!
پاشان دەنووسێ..
با ئەو دادە لەسەر کورسی ئێسکی مێژووم دانیشتبێ.
با ئەو مافە بە ڕمی خۆی کەللەسەرمی هەڵگرتبێ.
با ئەو بانقە سەرچاوەکەی خوێنی من بێ.
ئەو بازاڕە چاوی من و پەنجەی من و
هەناسەی تیا بفرۆشرێ.
ئەو مەزاتەیش شاخ و بەهار و باران و
هەتاومی تیا مەزات کرێ!.
بە پێی گەزومقەستی هەڵسەنگاندنەی کاک شوان بێت قەسیدەی “داڵ” هەر خراپ نیییە،بەڵکو راسیسمیشی لێ دەتکێ. کەواتە شێرکۆ خائینە. بەواتایەکی تر خیانەتی کردووە،چونکە ئەدەبەکەی خراپە.

کاک شوان بەم بابەتەی دەمانگێڕێتەوە بۆ سەرەتای ئەلفوبێیەکی نیوسەدە پێشتر. دوای هەڵەبجە و ئەنفال و لەم دواییانەشدا سەرهەڵدانی داعش و ژینۆسایدی شەنگال و داستانی کۆبانی و عەفرین و ڕووداوەکانی سووریا، ئەو “مفاهیم”انەی رووی مەجلیس و وتارنووسییان نەماوە، کاک شوان هەتا ئێستاش داکۆکییان لێ دەکات و لێرەدا بۆتە بریکاریان، کاڵ نەبۆتەوە.
قسەمان لێرەدا لەسەر ئەوە نییە، مرۆڤدۆستی و هومانیزم باش نییە و ڕێز لە کەسایەتی و مافی مرۆڤ ناپیرۆز و دزێوییە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، ئەوە کاک شوانە ئەو گوتە و دروشمانەی پووچەڵ کردۆتەوە و بێمانا نمایشتی کردوون. نامەخوا ئەوە کاک شوان نییە، ملیۆنەها مرۆڤی کورد ناکەوێتە بەر دیدی کوردبوونی.

سەرەتا سوپاس بۆ کاک شوان،بابەتێکی وای سەرلەنوێ هورووژاندۆتەوە و دەرفەتێکی دروست کرد، بەناچاری و سەرپێیش بێت، بە خێرایی تیشکێکی ڕووناککەرەوە بخەمەوە سەر هەندێ لەم بۆچوونانە. دیارە هێشتا خڵتە و پاشماوەی بۆچوونە سەقەت و یۆتۆپیاییەکان لێرە و لەوێ لەناو خەڵکانێکدا ماوە و هەیە. جا ئەم ڕوانگانە، هی بێ ئاگایی و نەزانی بێت، یاخود خۆدەرخستن بێت، جۆرێک لە موزایەدەی فیکری و سیاسی و ئایدۆلۆژی و قۆستنەوەی دەرەتان بۆ سنگ دەرپەڕاندن بێت، ئەوە هەیە و هەستی پێ دەکەین و دەیبینین، کەسانێک هەر هەن هێشتا دەم لەم جۆرە باسانەوە دەدەن و بە هەلی دەزانن تیری خۆیان لە کات و شوێنی هەستیار و ڕوو لە پیرۆزییەکانی نەتەوەی کورد بهاوێژن ـ ئاخر لە وڵاتێ ئێمەدا سنووری سوور بەدەوری هیچ بەها و پیرۆزییەکەوە نییە ـ. ئەوەیشی بەلای تیرهاوێژەکەوە گرنگ نییە، تیرەکەی لەسەر چ بنەما و بیرکردنەوەیەک ئاڕاستە دەکات! چ دەنووسێ و کامە بابەت بە سوودی گشتی بەسەر دەکاتەوە. گرنگ هورووژاندنەکە و خۆدەرخستنەکە و خۆ جیاکردنەوەکە و لاساییە کوێرانەکەیە. کەچی دەرک بەوە ناکات و بایەخی بۆ ئەوە نییە ئەو هورووژاندنە مەخسەرە دروست بکات و گاڵتەجاڕییەکی لێ بەرپا بێت و دەرئەنجام هەموو بەها و جوانییەکان قێزەون بکات و ڕاستییەکان بکوژێ.

بەدووری نازانم، سازدانی ئەم جۆرە بارودۆخە، پەیوەست بێت، بە باری دەروونی ئاڵۆز و شپرزەیی جۆرە حەزێکەوە!. کاتێ کەسێ دەزانێ لەناو کۆمەڵ دا، لەبیرچۆتەوە، بۆ خو ڕزگارکردن لەم ستاتووەی، دێ و لەم کەناڵانەوە هەوڵ دەدات زوو بێتەوە مەیدان و بەرباس. جابۆیە ئامادەیە، بەهەر نرخێک بێت، دۆودۆشاو تێکەڵ بکات،هەر بۆ ئەوەی بکەوێتەوە ناو ناوان و ببێتەوە بە کەرەسەی باس و دەمەتەقێ!.

وەک خوێنەر و تەماشاوان و گوێگر، هەر زوو هەست دەکەیت، ئەو تایپانە لە خەڵک، گەرمترین بابەت و هەستیارین باس لە دوێنێ و ئەمڕۆ و ڕەنگە سبەینێشدا، هەڵبژاردووە و هەڵدەبژێرن، بۆ بەگژداچوونەوە و ڕووشاندن و بێبایەخ و کەم سەنگکردنی، پرسگەلی نەتەوەیی و سیمبۆلەکانی نیشتمان و پیرۆزی و بەهای کولتووری و مێژوویی و نەتەوەیی. بەئامجی بتوانن هزر و مێشکی تاکەکان سەرکوێر بکەن و ئەو هەست و نەستەیان بتاسێنن، کە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوە، لەسەر زەمینەی واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی و فەرهەنگی کورد، شیاوی هەست پێکردن و بایەخدان و گرنگییە و کارایانە کاری پێ دەکەن و خستوویانەتە گەڕ.بە دیوێکی تریش داگیرکەران و دوژمنانی کورد، لە پلەی یەکەم دا بەس لە کوردبوون دەترسن و ئەم خەسڵەت و باوەڕەیان لا بڤە و جێی مەترسییە.

هەموو مەراقی ناوبراو، هەر بۆئەوەیە خۆی وا بنوێنێ خەڵکی پێی بڵێن گەلێ مرۆڤدۆستە،ژیاری و ئەکادیمی و ئینتەرناسیۆنالیستە. خۆ گەر هاتوو کەسێک وەک ئەو بیری نەکردەوە و نەینووسی وا تۆمەتە ئامادەکراوەکانی ناو فەرهەنگی خۆی دەخاتە پاڵ. بەم کارەشی وا هەست دەکات لە سەرو مرۆڤایەتییەوە و تاجەکە لەسەری خۆی دەنێت و ئەوانی دیکەش دەچنە/دەخاتە خانەی خیانەتەوە.
کاتێ ئەم لۆژیکە گێڕە دەبێتە دیاردە و پێوەر و ڕوانگە،ئیدی هەواڵەکەبەتایبەت لە کۆمەڵگای کوردی دا،کە دواکەوتووە و خۆی باش ناناسێ، وەک تڕی بەردەم ڕەشەبا ڕەشەخەڵکێکی سەیر و سەمەرە بڵاوی دەکەنەوە و کاوێژی دەکەنەوە. هاوکات لەسەر بنەما هاوڕێیەتی و بەرژەوەندی و موجامەلەی رۆژانە بەردەم چایخانە و دوکانەکان دەکەونە پێیدا هەڵدانی. پاداشت و تۆمەتەکان وەک مارکەی ئامادەکراو بە خەڵکەوەی دەلکێنن،بەو پێیەی خۆیان باوەڕیان بە پۆلێنکردنەکەی هەیە.

لە هەقیقەتدا من چ ئاگادرییەکم لە شیعرەکەی کاک جەمال غەمبار نییە. بەس ئەو بەیتە دەبینم کە کاک شوان ئاماژەی پێداوە:
کورد پەنجەرەیەکی هەبوو بۆ فڕین …. بەدووەکانی سەحرا شکاندیان…
عەرەب بەدەوی بوون هەتا ئەمڕۆش لە زۆر دەوڵەتی عەرەبیدا ئەم دیاردەیە بەرچاو دەکەوێ و هیچ نەنگییەکی تێدا نییە بەو ڕادەیەی کاک شوان گەیاندوویەتە سەر ڕاسیسم. هەروەک چۆن کەسێک بنوسێ کورد کۆچەرن هیج گوناحێکی نەکردووە.
کاک شوان لێرەشدا پرسی ریفەڕاندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ و ئاکامەکەی کردۆتە پاشخانی ئەو هێرشە ناڕەوایەی سەر کاک غەمبار و خراپ باسکردنی پرسی ڕیفەراندۆم وەک گوناحێکی گەورەی مێژوویی کورد.

گەلۆ! ئایا بڕیاری ریفەراندۆم هێندە هەڵە و تاوانەنێکی گەورەیە!؟ وا بێباکانە هەرچی زوڵم و ستەمی داگیرکەر و دوژمن هەیە، کاک شوان و هاوشێوەکانی لەم ڕێگایەوە چاوپۆشی لێ دەکەن و پاساوی بۆ دەهێننەوە و ڕەوایەتی بە پەرچەکرداری داگیرکەر دەبەخشن؟!. سا ئەگەر بێت و ئەم حوکمە بەڕێزتان و لەشکرەی دیکەش ڕاست و ڕەوا بێت، ئەوە تەواوی ئەوەی پێی دەوترێ شۆڕش و خەبات و پێشمەرگایەتی و ڕێکخستنی ناو شار و ڕاپەڕین و جۆرەکانی تری خەبات هەموویان پلە و مەقامێ لەسەروو ریفەراندۆمەوەن و گەورەترن. کەواتە گوناهی گوناهەکان و تاوانە گەورەکەن…!!؟ ئەی بۆ کرا و تۆ و لەشکرەت، بە باڵای دا هەڵدەدەن و تیۆریزەی دەکەن و بۆ دەستە و گرووپەی خۆتان ڕەوایەتی پێدەدەن و پیرۆزی دەکەن!؟. ئەی بۆ لێرەدا بەوانە ناڵێیت: شۆڕشی نوێی چی و خەبات بۆچی و چما ڕاپەڕین و زۆر پرسیار و شتی دیکەش؟!
کاک شوان زۆر بێ بنەمایانە و دوور لە زمانی گوڵ، تۆمەتی شۆفێنیزم و هەجووکردنی عەرەب، دەداتە پاڵ غەمبار. هەروەک بزانێ و بیەوێ مەبەستەکەی بپێکێ، ڕستەکانی وا هۆنیوەتەوە. ناوبراو گەرەکێتی لە ڕاستییەک خۆی لا بدات و باز بەسەر هەقیقەتێکدا بدات و بە رۆژی رووناک، تۆمەت بەسەر خەڵک دا ببەخشێتەوە.

کاک شوان پێمان ناڵێیت! ئەی تۆ بە چ ماف و حەقێ ڕازی دەبیت، بەناوی عروبەوە نیشتمانت داگیر بکەن و بوون و هەبوونت بخەنە مەترسییەوە و مافەکانت پێشێل بکەن!؟. عروبە بە چ مافێ دەوڵەتی بۆ دروست کراوە و خاوەنی دەسەڵاتە و فەرمان بەسەر تۆدا دەکات و ڕێگەی ژیانت لێ قەدەغە دەکات!؟. سەیر و سەمەرەیە کەسێک ئەم دۆخە، ئازاری پێ نەگەیەنێ و هەستی مرۆڤ بوونی پێ بریندار نەبێت!!.

شوان و هاوئامانجەکانی دەیانەوێ خەڵک دەمکووت بکەن، تاوەکو کەس زات نەکات قسەیەک لەسەر واقیعی تاڵی بندەستی کورد،لەژێر ستەمی تورک و عەرەب و فارس بکات و پەرۆشێک لە بێ مافی و نەبوونی دەسەڵات و قەوارەی کوردی بخوات. هەموو ئەم ئەقڵێتەش بۆ ئەوەیە “هەستی مرۆڤایەتی” گوایە نەڕوشێ! خەونی منداڵانی ئەوانی دیکە! نەزڕێ،زیان بە چینی کرێکاری دەوڵەتە داگیرکەرەکان و میللەتە سەردەستەکانیان نەگات! مۆسکۆ و پەکین و نیگەران نەبن! فۆکۆ و هابەرماز گلەیی نەکەن!. داگیرکەران و دوژمنان تاوانبارمان نەکەن و بە جیاخواز ناوزەدمان نەکەن! مووچەمان بۆ بنێرن و …تادوایی.
لەڕاستیدا خوڵقاندنی دۆخێکی وا، لە پێشڕا،نیشانەی هەڵکردنی ئاڵای خۆبەدەستەوەدان و ڕازی بوونە بە ژیانی بندەستی و بێ بەشبوون لە کەرامەتی ژیانی ئازادی و شتگەلێکی تریش. دیارە گەر ئەمەش داواکراوەکەی کاک شوان و هاوشیوەکانێتی، هەموو دروشم و تیۆرییەکان خۆیان پووچەڵ دەکەنەوە و مانایان دەبێتەوە بە سفر.
کەواش بوو، دە چیدی ئێوەش خۆڵ مەکەنە چاوی خەڵک و ڕستەی ڕەنگاوڕەنگ مەڕازێننەوە و وشکە فەلسەفە بە خەڵکی داماو مەفرۆشنەوە، بەڵکو خۆتان سەرقاڵی بابەتگەلێکی دیکە بکەن وباشتر وایە خۆتان نەکەنە دەمڕاستی کەس و لەم بوارەدا بێدەنگی هەڵبژێرن.

خەڵکینە! باشە هەر کورد ڕیفەراندۆمی کردووە؟ ئەوە سکۆتی و کاتالانیەکان!؟. هەر کورد هەوڵی سەربەخۆیی دەدات! ئەوە دوێنێ بوو تەیمووری رۆژهەڵات و کۆسۆڤۆ و باشووری سودان!. و دوای داڕمانی شورەوی بەچاوترووکانێک ١٥ دەوڵەتی نوێ دروست بوو و چەندانی میللەتی تر کە تا ئێستا دەستبەرداری ئەو مافە سروشتییە نەبوون و نابن و هەر لە هەوڵداندان. تەنانەت لە کیشوەری هەرە پێشکەوتووی ئەوروپاش،بزاڤی سەربەخۆیی گرووپی ئیتنی و میللەتان هەیە.
کاک شوان چ پێناسەیەکی شۆڤێنیمان بۆ ناکات. هیچ لە داگیرکەر و کۆلۆنیالیزم تێ نەگەیشتووە و هەست بەو دەسەڵاتە مادییە بێگانەیە ناکات. گەلێ نووسەر ئەم جۆرە دەستەواژانە نابەرپرسانە دەدەنە بەر نووکی قەڵەمەکەیان و هاوکات زۆر خوێنەری ڕواڵەتی، سەرسامن بە بینین و خوێندنەوە و گوێ لێبوونی ئەم وشەگەلی شۆڤێنیزم و فاشیزم و گلۆبالیزم و…هتد.ڕەنگە لای زۆر کەسیش پێوەری ڕۆشنبیریی بێت!.

جا باشە با نموونەی ئەوە بهێنینەوە: ئەگەر ئۆکرانییەک باس لە داگیرکاری رووس و تاوانەکانیان بکات! گەر بێت و ئەرمەنیەک باس لە ستەم و کوشتاری تورک بکات، وامان دانا جوولەکەیەک چیرۆکی هۆلۆکۆستمان بۆ دەگێڕێتەوە،ئایا ئەمە ڕاسیسم و فاشیزم و شۆڤێنیزمە؟!
شۆڤێنیزم،واتە نەتەوەیەک خۆی بە باڵاتر و ژێهاتووتر ببینێ لەوانی تر و نکۆڵی هەبوون و بوونی نەتەوەیەکی تر بکات و لەسەر هەژماری جەستە و هزر و فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە بژی. شۆڤێنیزم دەسەڵاتێکی زەبەلاحی سەربازی و ئابووری و فەرهەنگی سیاسییە،بە دامودەزگای هەمەجۆرەوە. لە هەوڵی کوشتن و بڕین و گۆڕینی دیمۆگرافی و قەدەغەکردنی زمان و شێواندنی مێژوو و سڕینەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی میللەتانی بندەست دا خراونەتە گەڕ. ئەوەی تورکیا و ‌ویران و عێراق و سووریای دەستکردی ئیمپریالیزم هەیانە و پێرەوی دەکەن و ڕەوایەتی پێدەدەن و تۆش نادیدە دەیگری و ستایشی دەکەیت.

ئایا ئەم قاڵب و دەستوورە، بەسەر ئەو ناوانەی کاک شوان باسی کردوون،و تێکڕای کورد دا دەچەسپێ؟ مامۆستا مەسعوود محەمەد لەم ڕووەوە دەڵێ:” گەلی کورد لە بارێکدا نییە چاوەڕوانی ستەم و دەست درێژی لێ بکرێت،هەتا پەل بکوتێ و تێڵا بوەشێنێ دەست و کوتەکی لە سنووری ماڵە کاولەکەی خۆی تێپەڕ ناکات. کەسێک بکەوێتە بەر کوتەکی کورد دیارە بە پێی خۆی هاتۆتە بەر ئەو کوتەکە و هەر خۆی دەستدرێژی کردووە لە سنوور و ماڵ و ژیانی کورد”. ئەرکی کاک شوان و هاوئامانجەکانی ڕازیکردن یان نەفرەتکردنە لە گورگ، تا گۆشتی مەڕ نەخوا، نەک گوناهبارکردنی مەڕ، بەوەی شۆقی خۆپارێزی لە گورگ دەدات.

برالە، لەم کۆنتێکسە و دەقەکانی تریشدا و لای مامۆستا شێرکۆ و بەندە و کاک غەمباریش، باس لە بوونەورێک دەکەین، بریتییە لە بونیاتی دەسەڵاتێکی عەرەبی ١٠٠ ساڵێک دەبێ، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی زۆڵەک و ١٥٠٠ ساڵێکە بەناوی ئاین و کولتورێکی داعشئاساوە حوکم دەکات، وەک نەتەوە زاڵ و براگەورە و داگیرکەر. عەرەب خۆیان هەڵگری پەیام و کوولتوری شەڕ و سڕینەوەی و تواندنەوەی ئەوانی ترن و خۆیان کردۆتە خاوەنی دەیان و سەدان دامودەزگای داپلۆسین و ملیۆنەها کۆتوبەندی یاسایی و ئایینییان ڕاگەیاندووە، لەدژی بوون و نیشتمان و نەتەوەیەکی وەک کوردستان و کورد بە نموونە.

ئەوە مەسعودییە، تۆ بە بەچکە جنۆکە و دێو و درنج دادەنێ. ئەوە عەفلەقە، تا ئەودیو چیاکانی پشتۆ بە نیشتمانەکەی باووباپیرانتەوە،بە هی عەرەبی دەزانێ. ئەوە سەعدی یوسفە، بە کوردستان دەڵێ: قردستان،واتە مەیموونستان.! تۆ دەتەوێ شاکارێكی شێرکۆ و غەمبار،کە باس لە کوێرەوەی نەتەوەیەکی داگیرودابەشکراو دەکەن،لەژێر ستەمی کۆلۆنیالیستیدا دەناڵێ، بخەیتە ئەم ئاستەوە!. لەکاتێکدا دەبوو بەڕێزتان هەر بۆ زانیاریش بوایە، ئاماژەیەک بە ڕاسیستی و شۆڤێنێتی ڕاستەقینەی ئەمانە بدەیت.
لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤار و دیوانەکان گەواهن، هێندەی شێرکۆی شاعیری کورد، شیعری بۆ عەرەب وتووە، بە هەموو عەرەب نیو هێندە شیعریان بۆ کورد نەوتووە!!. شیعر بۆ دێریاسین و سەبرا و شاتیلا و غەسان کەنفانی و مەحمود دەروێش و … هتد. ئیدی نازانم لە چ هەست و نەستێکەوە مۆڵەتت وەرگرتووە، ئەم بۆچوون و حوکمە لەسەر شێرکۆی لووتکە دەردەبڕن.
{قەسیدەکە کە سەرلەبەری ستایشی رەگەزپەرستیە و بەمانیفێستێکی راسیستانە دەچێت}. شوان.
کاک شوان بەناوی کاک شێرکۆوە بۆچوونێک دەگێڕێتەوە،گوایە شاعیر پێی خۆش بووە دەستبەرداری بەشێک لەو شیعرانەی وتوویەتی ببێت و بیان سڕێتەوە و خۆیان لێ بێبەری بکات. دیارە بە باوەڕی کاک شوان قەسیدەی “داڵ” لە بەرایی ئەو شیعرانەدان کە شێرکۆ تووڕی هەڵدەدان.شاراوە نییە هەرکەس ئازادە،چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی خۆی دەکات. لێ کە بڵاوکرایەوە، ئیدی تازە ناتوانێ لە سیاقی کات و شوێنەکەدا، ئەتکی بەری ڕەنجی خۆی بکات. بە وتەیەکی دیکە تازە ئەوەی نووسراوە و وتراوە و نیشان دراوە، ناکوژێتەوە و ناگەڕێتەوە دواوە و خەڵک دەبنە خاوەنی. وەک تیر لەوان دەرچوو گەڕانەوەی نییە.
بریا کاک شوان ئێستاش بیتوانییبایە سەردانێکی مەڵبەندەکەی عاشوور حەمدان(رومادی و دیوانیە و ناسرییە و.و..)بکات، بزانێ هەمان ئەو دیمەنانە بەرچاو ناکەون، کە مامۆستا شێرکۆ باسی لێوە کردوون. ئیدی لە کوێدا شێرکۆ راسیستانە دەنووسێ و بیر دەکاتەوە؟!.
دیارە بۆچوونێکی وا دوور لە ڕاستی،لەلایەن کاک شوانەوە زادەی فڕێدانی قسەیە لە بیابانی بێ دەنگدانەوەدا. بەڵام وامان گریمانە دەکەین،بۆچوونەکەی شوان وایە و ڕاستە. ئایا شاعیر بۆ هەر لەسەرەتاوە ئەو شیعرەی وتووە؟! گەروایە خۆ دەبێ هەر کار بە یاسای (نفی بالنفی) بکەین. ئیمڕۆ شتێ بڵێێن و سبەی نەفی بکەینەوە. موبارەکە!.
ڕاستیەکەی ئەوەیە، مرۆڤ وردە وردە بە پێی هەلومەرج و گۆرانکارییەکان، و بەردەوام ئەزموون پەیداکردن و قاڵبوونەوە لە ژیان دا، بەرەو پێش دەچێ و گۆڕانکاری بەسەردا دێت و جیهانبینییەکەی ڕەهەندی نوێ لە خۆ دەگرێ ، لەسەر بنەمای ڕووداوەکان شتی تازە و داهێنان دەخوڵقێنێ.

بەندە پێی وایە، قسەکەی شێرکۆ بەر ئەم حوکمە و عەقڵێتە کەوتوو و لەم ڕووەوە هەژماری بۆ دەکرێ و ڕەنگیشە مەبەستی شێرکۆ بێکەس شیعرگەلێکی وەک ئەوانە بێت،کە بۆ کەسەکانی وتووە. لەو جۆرە شیعرانە پەشێمان بێتەوە. شایانی باسە، تا ئێستا لەم ڕووەوە، هیچ بەڵگە و ئارگومێنتێکی کۆنکرێتی نییە، لەم جۆرە شیعرانە پەشێمان بووبێتەوە. پێدەچێ قسەکەی لە ڕۆتینیاتدا، هەر دەربڕینی وردە سەرنجێک بوو بێت،خۆ مەگەر وا نییە، دەیتوانی ئەو شیعرانە بە “داڵ” یشەوە، لەدیوانەکەیدا کە بەسەرپەرشتی خۆی لەچاپ دراونەتەوە چاپیان نەکاتەوە.!.لە دیوانەکانیدا روونکردنەوەیەک لە پەڕاوێزی داڵ و ژەهر و زۆر قەسیدەی تریدا بنووسێ. هەر بۆ زانیاری گەورەیی کاک شێرکۆ هێندە بەرزە، بۆ نموونە لە ماڵێ بەندە، بەئامادەبوونی میوانێکی زۆر،زۆر لێبڕاونە وتی:” لەتیف هەڵمەت لە من لە زۆر بواردا شاعیرترە”. بەس بە دەربڕینی سەرنجێکی تایبەتەوە،وتی: ئەو هەلومەرجەی من پێیدا تێپەڕیم ،ئەو دوور بوو لێی دوور .

کاتێ شێرکۆ ئەو سەرنجە دەردەبڕێ، لە خاکەڕایی و و گەورەیی خۆیی و تەماحی کاری بەرزتر و هەوڵە نەپساوەکانیەوە بۆ داهێنان و تۆمارکردنی شاکاریی نوێوە قسە دەکات. نەک سڕینەوە ی رابووردوو خۆی و بەبادا دانی بەرهەم و کارەکانی. کاک شوان دەنووسێ”دڵنیام{ لەو شیعرانەی بابەتی هەڵگرتن قەسیدەی داڵە}.
هەڵبەت لەم شوێن و پێگەیەدا هیچ بەڵگەیەک نیشانی نادات و ڕمڵ لێدانیش دوورە لە بنەمای ڕاستییەوە. لە کاتێکدا هەموو دەزانین دەوڵەتی عێراق، بە سنووری سیاسی و مێژوو و جوگرافیا و..هتدەوە، بەچکەی زۆڵەکی نا شەرعی ئینگلیزە،هیچ وڵاتی سۆمەر و ئەکەد و بابل نەبووە و میراتگری ئەوانەش نییە و ئەم دەڤەرە شارستانێتی عەرەب نەبووە. ئیدی بەڕاستی ئەمە باشترین بەڵگەی بێ ئاگایی کاک شوانە، لە ڕاستییە مێژووییەکان و لاساییکردنەوەی کوێرانەیە بۆ ستایشکردنی ئەوانی دیکە! و بەگژداچوونەوەی هەموو شتێکی کوردیی. هاوسات هەوڵێکی ترسناکیشە بۆ جوانکردنی رووخساری عەرەب و مێژووە خوێناویی و کولتووری شەڕ و داگیرکارییەکانیان. لە کاتێکدا ملیۆنەها قەڵەم بەدەستی وەک کاک شوان ناتوانن کوشتارەکانی خالیدی کوڕی و وەلید و قەعقاع و سەقەفی و زەعیم سدیق و ئەسەد و سەددام و عەبادی بسڕێتەوە.

دەشێ کاک شوان نەزانێ کە ٥/٦ ئەوەی هەنووکە نیشتمانی عەرەبە، هی عەرەب نییە و بەزەبری شمشێر داگیریان کردووە و تعریبیان کردووە. بەڵی ئەم گەوهەرانە وا دەکەن قەسیدەی “داڵ” وەک شاکارێکی بەرزی ئەدەبی بەرەنگاری تەماشا بکرێ. هەروەک چۆن تابلۆکەی گوێرینیکای پیکاسۆ و شیعرەکانی مەحمود دەروێش و تادوایی، دەکەونە ئەم خانەیەوە.
شانازیکردن بە “هەنگوین و گوێز و ژن”ی کوردستانەوە، نەشەرمە و نە زیاد ڕۆیشتن و لە خۆبایی بوون و هەڵبواردنی ڕەگەزی کوردە بەسەر ئەوانی دیکەدا و نە سووکایەتیشە بە عەرەب، وەک ئەوەی کاک شوان دەیەوێ وای نیشان بدات. ئەوجا ئەو سێ شتە لە خۆشترین و جوانترینەکانی دنیان و هەقی شێرکۆ و هەڵۆیە تایبەتمەندی ببەخشێ. هەڵۆ نوسیویەتی{ هیچ میللەتێکی بندەست چەشنی کورد لە لایەن داگیرکەرەکەیەوە ستەم و ئازاری نەچەشتووە}. شوان وەک بەراوردێک بەم حاڵەتە ،ناوی هندستان و ڤێتنام و جەزائیری بە نموونە هێناوەتەوە. گوایە ئەمانە گەر لە کورد خراپتریان لێ بەسەر نەهاتبێت، وا وەک کورد کارەساتیان بەسەردا هاتووە.

گەلۆ! جا توخوا حاڵی هیچ کام لەم وڵات و میللەتانە وەک هی کوردە!؟. ئایا ئینگلیز زمان و کولتووری هیندی و عەرەب و ڤێتنامی قەدەغە کرد!؟، ئایا نیشتمانی کەسیانی دابەش کرد؟. ئایا ڕاگوێزان و دوورخستنەوە و سیاسەتی دیکەی کۆلۆنیالیستی و سەربازی و فەرهەنگییان بەو ئەندازەی کوردستان تێدا پەیڕەو کراوە!. ئایا ژەهرباران و کیمیاباران و ئەبفال کراون! داخۆ پەیمانی وەک سەنتۆ و بەغدا و جەزائیر و ئێستا چوار وڵاتی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریایان بەسەردا هاتوون و وا گەمارۆدراون.

ڤیکتۆریای شازادەی ئینگلیز، لەساڵی ١٨٩٣ دا بە عەشقەوە، لەسەر دەستی پاسەوانەکەی حافز عەبدولکەریم، کە هاوکات مامۆستاشی بوو، خۆی فێری زمانی هیندی دەکات. داخۆ هیچ کام لە داگیرکەرانی کوردستان، کاری وایان کردووە!؟.یان لە هەوڵی ڕیشەکێشکردن و رێبەندکردنی و سوکایەتی پێکردنیدان.

زانای کۆمەڵناسی گەورەی تورک . بێشکچێ دەڵێ:”دوژمنایەتیکردنی کورد و داگیرکردنی کوردستان،یەکجار بە دڕندەیی و خوێنڕێژانە کراون. بنیادەم ببڕای ببڕ نموونەیەکی تری بۆ ئەم دڕندایەتی و کۆنەپەرستییە لە هیچ جێیەکی تری جیهان دا بۆ نادۆزرێتەوەر. کورد و کوردستانیان بە ڕادەیەک زەوت کرد،کە هەتا ناوی هەردووکیان لەسەر ڕووی زەوی سڕانەوە”.

هەڵۆ دەنووسێ: { شێرکۆ بە جۆریک درێژە بە چیرۆکەکە شیعرییەکەی دەدات هەروەک بڵێی شاعیر خۆی لەگەڵ مەفرەزەی پێشمەرگەکاندا بوو بێت یاخود فەرماندەی هێزەکە بووە بێت. لێسەندنەوەی ناسنامەی شاعیریبوون و لە شێرکۆ و بەخشینی ناسنامەی جەنگاوەر پێی}. بەڕاستی من چ گەردێک بەسەر ئەم بۆچوونەوەی خۆمەوە نابینم و من باسم لە هەست و نەست و چاوی کامێرا و هەستی شاعیرانە و هۆشیاری ڕۆشنبیریی وردی و سەرنجدانی بە سەلیقە و بەدیقەتی کاک شێرکۆ کردووە، کە تا چ ئەندازەیەک چۆتە ناو ڕووداوەکانەوە، چەند شاعیرانە(تفاعل) ی لەگەڵ خەیاڵی شیعریدا کردووە.

من چ مەبەستم نەبووە شێرکۆ، لە شاعیرەوە بیکەمە فەرماندەی مەفرەزە. سا خۆ گەرواش بێت، کەوا نییە! دیسان جێی شانازییەکی گەورەیە، شیرکۆ پێشمەرگە بێت یاخود بوو بێت… لەسەردەمی داگیرکردنی ئەڵمانیا لەلایەن فەرەنسای ناپلیۆنەوە، فیختەی فەیلەسووف سەربازی لەشکری ئەڵمانی بووە بۆ داکۆکی لە نیشتمان. هیگڵی فەیلەسووفیش داوای کردووە بکرێتە وتاربێژ بۆ سەربازەکانی ئەڵمانیا.
گوایە کاک شوان بەم بارودۆخەی ئەدەبی خیانەت کە لەسەر دەستی غەمبار و شێرکۆ هەڵۆدا بڵاودەکرێتەوە،” نائوومیدو بەداخە”. وەک ئەوەی لە دوا دێڕەکانی نووسینەکەی دا باسی کردووە. هەڵبەت ئەوە کاک شوان خۆی بڕیاری لەسەر شتەکان دەدات و خۆی نایەوێ لە بۆنەی زانین و تێگەیشتنی نەتەوەکەیدا بژی و گەرەکی نییە واقیعەکە وەک خۆی ببینێ و بخوێنیتەوە. لە ترسی ئەوەی نەکا،کەسێ پێ بڵێ ناهومانیست و نائینتەرناسیۆنال و ناکۆسمۆپۆلێتی و نائەکادیمی و ناڕۆشنیر.

من نازانم ئەو پێوەرەی کاک شوان مرۆڤدۆستی پێ دیاری دەکات چییەو کامەیە!؟. لێ ئامادەم گەر بە ئامێرێکیئەلەکترۆنی بچوێنین، بێین و بەو ئامێرە، خۆمان تێست/ تاقی بکەینەوە بکەین. یاخود گەر تاقیکردنەوەیەک بۆ مرۆڤدۆستی هەیە با بچینە مەیدانەوە. گەر ڕەفتاریش پێوەرە، با لە سەرچاوەیەکەوە چاودێری هەڵسوکەوتی هەردووکمان/ هەموومان بکرێ. جا ئەوجا بڕیار بدەین، کێ دەردەچێ و سەرکەوتووە و نمرەی باش دێنێ.

بەڕێزم کاک شوان، تۆ لە کاتێکدا نەتوانی جیاوازی مرۆڤیکی ئاسایی و مرۆڤێکی دڕندەی داگیرکەری بکوژ بکەیت، وەک ئەوە وایە بە من بڵێی ماستی سپی نییە و کەی بەرد ڕەقە و کوا ئاسمان شینە.. منیش مەخابن لەم دۆخ و هەلومەرجەدا، کە ئێوەمانان بەرهەمتان هێناوە، و بریتییە لەخۆ گەوجاندن و خۆگێل کردن و ڕاکردن لەواقیع، یاخود خۆنەزانکردن و نادیدەگرتنی ڕاستییە حاشاهەڵنەگر و بەرجەستەکانە (نائومێد و بەداخ) دەبم. پەرۆشەکەشم بۆ ئەو ماڵوێرانی و کوێرەوەرییانەیە،کە بەسەر کورد دا هاتووە و لە ئێوەی قەڵەم بەدەست و خوێنەواریش چاوەڕوانی شەبەنگی هیوا و ئاواتە،لێ نائومێدتان کردووین.

ئیدی دەرگای گفتوگۆ لەسەر بنەمای چەوت و سەرلێشێواوی بەڕووی ئەم باس و دیاردەیە دادەخەم. دەنا بۆ هەر قسەکردنێکی بەڵگەنەویست و بەهرە و سوودبەخش،سەرخان و ژێرخانی گفتوگۆکان بە واڵایی دەهێڵمەوە.

هەڵۆ بەرزنجەیی ٢٤/٣/٢٠١٨

——————–
لەگەڵ ڕیزم دا. ،لینکی وتارەکەی بەندە لەسەر قەسیدەی “داڵ”ی شێرکۆ بێکەس.
. http://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=83560&authorid=4436

Previous
Next
Kurdish