Skip to Content

خۆپیشاندانی خەڵک لە نێوان داوای موچە و ڕووخانی دەسەڵاتدا … شاخەوان شۆڕش

خۆپیشاندانی خەڵک لە نێوان داوای موچە و ڕووخانی دەسەڵاتدا … شاخەوان شۆڕش

Closed
by ئازار 30, 2018 General, Opinion

دوای قەیرانی چەندین ساڵەی رامیاری و بەڕێوەبەریی وڵات، دوای ژێرکەوتنە کوشندەکەی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ باشوری کوردستان بە شەقبوویی و پەرتەوازەیی، بێ بوونی دەسەڵاتی رەوا و یاسایی، لەژێر چەپۆکی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیادا بەقەیراندا گوزەری کردووە.
هۆکارەکانی قەیرانی ئابوری دەکرێ لەچەند خاڵێکدا کورتکرێنەوە: یەکەم: گەمارۆکانی دەسەڵاتی بەغدا و هەوڵی زەلیلکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەرێم و بڕینی بەشێکی بودجە، کزبوونی داهاتەکانی سنور کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر باری ئابوری هەرێمی کوردستاندا نواند.

دووەم: خەرجی و قەرزی ملیۆن و ملیاردی کۆمپانیاکانی نەوت کە کۆنتراکتیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە، بۆنمونە لە ٣١ی ئابی ٢٠١٧ دا یەک ملیارد دۆلار تەنها دراوەتەوە دانا گاز DANA GAS و هاوکارانی ، لەلایەکیتر حکومەتی هەرێم بەپێی ڕێکەوتنێک مانگانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەبێ بداتە کۆمپانیاکان وەکو گەنیل، دی ئێن ئۆ، گەلف کیستۆن، گاسپرۆم و تاقە Genel, DNO, Gulf Keystone, Gazprom, Taqa. جگەلەو قەرزانە حکومەتی ئێراق ٣٠ ملیارد دۆلاری لەسەر کوردستان کردۆتە ماڵ و دوای دانەوەی دەکات.

سێیەم: بوونی بودجەیەکی گەندەڵئامێزی بەرفراوان کە تێرکردنی ئێستا لەتوانای دەسەڵاتدارانی حزبی هەرێمدا نەماوە. لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا بەشی هەرەزۆری بودجەی هەرێم بۆ موچەی ساختە و موفتە، پرۆژە حزبیەکان، موچەی ئەندامانی حزب، موچەی قەبە و گەورە بۆ دەسەڵاتداران، خەڵات و بەخشینەوە، خەرجیە زیادەرۆکان کە بێژمارە و بێسنور بووین لە ژێر ناوی جیاجیادا ڕۆیشتووە.
چوارەم: گەمارۆی وڵاتانی داگیرکەر، سڕکردن و دەستبەسەراگرتنی داهاتی نەوت لە تورکیا، کشانەوە و ساردبوونەوەی کۆمپانیاکان لە ئالووێری بازرگانی و پرۆژە جیاجیاکاندا، رادەستکردنی چاڵە نەوتیەکان بۆ دەسەڵاتی بەغدا.

هەموو ئەوانە بەیەکەوە گوشارێکی گەورە و گورچکبڕیان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم هێناوە، کە نە بە پاشەکەوتی موچەی کارمەندان و کرێکاران نە بە گڵدانەوەی تەواوی موچەکانیان ناتوانێ بەر بەو قەیرانە ئابووریە گەورەیە بگرێ کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی میلیتسگەرا خۆی بەرپرسی یەکەم و سەرەکی دروستکردنی قەیرانەکەیە.
دیارە بردن و بڕینی بەشێکی موچە بڕینی کرێی کاری خەلکە و سزادانی خەڵکە لەکێشە و قەیرانێک کە ئەوان لێی بەرپرسیار نین، بەڵکو دەسەڵات خۆی لێی بەرپرسیارە. مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکارەکان باجی هەڵە و پیشێلکاریەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنەری هەرێم دەدەن.

ئەگەر پرەنسیپە دیموکراسیەکان تۆزێک بوونیان هەبوایە، لەراستیدا دەبوایە ئەو هەموو کەوتن و نسکۆ ئابوری و رامیاریە یەک لە دوای یەکە ببێتەهۆی رۆیشتنی ئەو دەسەڵاتە و دووربخرێنەوە و بەرەوڕووی دادگا بکرێنەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵات دیموکراسی نییە و لە رێگەی هێزە حزبیە چەکدارەکانیەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، دوای ئەو نەهامەتی و کەوتنە ئابوری و ڕامیارییە کوشندەیە ئامادە نییە تەختی دەسەڵات چۆڵ کات، جگەلەوە خۆی وەک قوربانی دەبینێ و هەڵە و پێشێلکاریەکان دەخاتە سەر لایەنی دیکە، مانەوە و درێژەدان بە قۆرغی دەسەڵات بەڕەوا دەبینێ، وە شێلگیرانە کار بۆ مانەوەی خۆی بە هەر نرخێک بێت دەکات.

دیارە مامۆستایان توێژێکن لەو توێژانەی کە بێ موچەیی بە کاریگەرترین شێوە زیانی پێگەیاندوون، رۆژانە لەگەڵ نارەوایی و تاوانەکان، لەگەڵ بێمنەتی و رووقایمی دەسەڵاتی میلیشیا دەژین. دەگوترێت “جام کە پڕ بوو لەسەری دەڕژێ”، ئێستا مامۆستایان هاتوون خۆپیشاندان بۆ مافی زەوتکراوی خۆیان دەکەن، داوای نان و کار و ئازادی دەکەن. دیارە خۆپیشاندان و نارەزایی دەربڕین مافی سروشتی هەموو هاوڵاتیانە، هەر دەسەڵاتیک ئەگەر کەمێک رەوایەتی هەبێت و کەمێک بەرژەوەندی هاوڵاتیان لەبەر چاو بگرێت، لەسەریەتی بێت و گوێ لە هاوڵاتیانی ناڕازی بگرێت و رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکە.

لەبیرمان نەچێت کێشەی قەیرانی ئابوری تەنها کێشەی مامۆستایان نییە بەڵکو کیشەی هەموو کۆمەلگەیە، بۆنمونە کەسێکی خانەنشینی بێدەرامەت، یا پێشمەرگەیەکی دێرین، یا کرێکارێکی دامەزراو هتد. قەیرانی ئابوری کاریگەری لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگەدا کەم یا زۆر نواندووە. هەروەکو کە داهات نەبوو کرین و فرۆشتن دەوەستێ و تەنها ئەوانە ئاڵوێریان دەبێ کە بە داهاتی گشتیەوە وابەستە نین، وەکو بەرپرسانی بازرگانی حزبی، هەوادارانی حزبی کە پێشتر سەرمایەی زۆریان بەلاوە ناوە، یا زۆرینەی سەرمایەدارەکان کە لەسەر بنچینەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گەل سامانەکانیان پێکەوەناوە و بێگومان پشکیان لەو قەیرانەدا هەیە، یا ئەوانەی دیکە کە لەلایەنی کەسوکاریان لە دەرەوەدا هاوکاری دەکرێن. زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەژێر هێلێ هەژاریدا دەژین و بەشێکیان بە کۆلەمەرگی ژیان بەسەر دەبەن. بۆنمونە پێشمەرگەیەکی دێرینی خانەنشینکراو لە خۆپیشاندا هاواری سزای سەرانی دەسەڵات دەکات و بێزارە لەوەی کە تاکە دینارێکی لە باغەڵدا نییە. بەپێی هەواڵەکان تائێستا دەیان کەس لەبەر هەژاری خۆیان کوشتووە.

بەپێچەوانەوە کاردانەوەی دەسەڵات و هێزە تایبەتەکانی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، ئاماژە بە دەسەڵاتێکی لوتبەرز و لەخۆبایی دەکەن، کە ئامادەنییە دان بە کەوتن و هەلەکانی خۆیدا بنێ و بیر لە چارەسەری بنەرەتیانە بکاتەوە. سەرۆکی سەپێندراوی حکومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی هەڕەشەی لەخەڵکی خۆپیشاندەر کرد کە گوتی “ئەگەر خۆپیشاندەران چەقۆ و دەمانچەیان پێبێت، ئێمەش وەک ئەوان ڕەفتار دەکەین”، هەروەها هۆشداری دایە پارتە سیاسیەکان کە نەکەن خۆپیشاندان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاربهێنن. ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بیری لێدەکاتەوە چارەسەرێکی کاتیە و لە بابەتی موچە دەرناچێت، هەروەکو بڕیاریان داوە دەستکاری ئەو پاشەکەوتە بکەن کە بەسەر مووچەخۆرانیاندا سەپاندووە. پشووتەنگی نێچیرڤان ئومێدێک بۆ چارەسەری کیشەکان ناهێلێتەوە.

لەلایەکیتر کاردانەوەی تووند و نامرۆڤانەی پیاوانی دەسەڵات سەردەمی ڕژێمی بەعس بیر خەڵک دەهێنێتەوە، پارتی دەسەڵاتدار هێزەکانی ئاسایش و زێرەڤانی و هەواڵگریەکانی هێناوەتە شارەکان، وەکو پیاوەکانی ئەمن و بەعسیەکان ڕاستەوخۆ لە خەڵک دەدەن، یا خەڵکی بژاردە دەگرن و دەفڕێنن، دارکاریان دەکەن و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن مامۆستا ئیدریس دیبەگەیی وەک نمونە، لەترسی توڕەیی خەڵک هەندێ بەردەدەن و هەندێ زیاتر دەهێلنەوە و تیرۆری دەروونی و فیزیکی دەکرێن، هەندێ ڕێگەی گەرانەوەیان لە سنوری دێگەلە لێ دەگیرێت هتد. ئەوەی دەیبینین وێنەی دامەزراوێکی داپلۆسێنەر و سەرکوتکەرانەی بەعسیانە دەکەن، کە دەیان ساڵە هەموو کۆمەلگەی بە هەموو کونجوکەلەبەرەکانیەوە خستۆتە ژێر چاودێری و چنگی دیکتاتۆرانەی خۆی. بەشێکی لە ئەندامانی کۆمەڵگە بە پارەی دزراوی گەل کڕیووە و کردوونیەتە کۆیلەی موچە، ئەوەیتری هەمووی خستۆتە ژێر چاودێری لە زیندانێکی گەورەدا.

کێشەی ئابوری کوردستان جگەلەوەی دەرئەنجامی گەندەڵی بێسنوری دەسەڵاتداران و فرۆشتنی نەوتی کوردستانە بە بەدەیان کۆمپانیا لە رێکەوتن و کۆنتراکتی هەرزانفرۆش و گوماناویدایە، دەرهاویشتەی قۆرغکردنی دەسەڵاتی رامیاری و رەتکردنەوەی چارەسەری دیموکراسیانەیە بۆ کێشە و تەنگژەکان لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە، کە بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانەکاندا پەنایبردە بەر قومارکردن بە چارەنوسی گەل. قەیرانی بەڕێوەبەری، ئابوری و رامیاری کوردستان هەمووی بەرهەمی فەرمانرەوایی خۆسەپێنەر و نایاسایی حزبی چەکدارن کە لە بۆتەی حکومی ملیشیانەدا درێژەی بە مانەوەی خۆی داوە. بۆیە دەسەلاتی بنەماڵەیی میلیتسگەرایە کە بەرپرسیاری یەکەم و کۆتاییە لە قەیرانی بەرێوەبەری، ئابوری و ڕامیاری لە باشوری کوردستاندا. بێ لابردنی ئەو دەسەڵاتە نارەوا و نایاساییە، چارەسەری درێژخایەنی نە قەیرانە ئابوریەکان و نە قەیرانە رامیاریەکان ناکرێن.

هەروەکو دەیبینین خۆپیشاندەران داواکانیان تێکەڵێکە لە داوای موچە، دادگایی گەندەلکاران و رووخانی دەسەڵات، بۆنمونە لە دروشمەکاندا دەگوترێت، “نان و کار و ئازادی”،.. “بڕوخێتن”،.. “خەڵکی قەڵاومنارە لەو حوکمەتەی بێزارە”،.. “ئەندازیاری بازرگانی، بارزانی و تاڵەبانی” ،.. “قوباد نێچیر عەبادی، بەسە تاکەی گەوادی” هتد. دروشمەکان رەنگدانەوەی قەیرانە ئابوری و رامیاریەکەیە کە خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنن. خەڵک دەسەڵات بە هۆکاری قەیرانە ئابووری و رامیاریەکان دەبینێ، بۆیە لەراستیدا داوای رووخان و نەمانی دەکەن. بەمجۆرە بڕی تێنوێتی توڕەیی و بێزاری خەڵک بەو یاریەی ئێستای حکومەت ناشکێ.


شاخەوان شۆڕش
٢٨/٣/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish