Skip to Content

ناڕەزایەتی بەرەو بایکۆتی دەنگدان …. سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان

ناڕەزایەتی بەرەو بایکۆتی دەنگدان …. سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان

Closed
by نیسان 5, 2018 General

بیست و حەوت ساڵ دزی و تاڵانی و ئاودیوکردن و فەرھوود و گەندەڵیی و جەنگی نێوخۆ و پێشلەشکریی دەوڵەتانی ناوچەکە و ھێنانی کۆمپانییە جیھانلووشەکان، دیوەکەی دیکەی بریتیبووە لە بیست و حەوت ساڵ ناڕەزایەتی و شکست و ئەزموونگیری و ھوشیاربوونەوە و زیاتربوونی نەفرەتی خەڵک.

بەڵام بەداخەوە وێڕای ئەو ھەموو ئەزموون و دەرکەوتنەی ڕاستی پشتی درووشمە ھەڵخەڵەتێنەرە ناسیونالیستی و ئایینی و چەپییەکان، ھێشتا خەڵکی ناڕازی ھۆکاری سەرنەکەوتنی تێکۆشان و ناڕەزایەتییەکانی خۆی دەرکنەکردووە و ھەر ئەوەش بووە بە ھۆی زاڵمانەوە و بەردەوامی تاڵانچییان و گەندەڵکاران و ملھورانی ڕامیار و دەستەبژێرەکان، ھەر ئاواش لەبارمانەوەی زەمینەی تەڵەکەبازیی ڕامیاران و بە گەڕخستنی دەزگە و نێوەند و دەستکەلا فریودەرەکانی خەڵک، لەوانە ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییەکانی پاشکۆی پارتییەکان و حکومەت و گرووپی جۆراوجۆری بەناو ناحکومی (NGO) و بڵندگۆی پەرەستگەکان و ئایینکاران و نووسەران و ھونەرمەندان و …تد و پارتییبازیی چەپەکان و بەڵێنی بەھەشتی “نەتەوەیی” نەتەوەچیان و “ئاسمانی” ئایینکاران و “دەوڵەتیی” چەپان.

ساڵی ٢٠٠٦ ناڕەزایەتی پەنگخواردووی پانزە ساڵەی چین و توێژە بەشمەینەتەکانی کۆمەڵ بە مانگرتنی کرێکارانی تاسڵوجە و خۆنیشاندانی ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە تەقییەوە و بە خۆنیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی کەلار و دیانە و ڕانیە و ..تد سەرتاسەریی بووەوە و ناڕەزایەتییەکان بوون بە سەرەتایەک بۆ دەرکەوتنی جیاوازی نێوان بەرژەوەندی و ئامانجی ڕامیاران و خەڵک، دەسەڵاتداران و کۆمەڵ، دارا و نەدار. بەڵام بەداخەوە ئەو کات ھێشتا ئاستی خۆھوشیاریی خەڵک سنوورەکانی خۆشباوەڕیی پارتییایەتی و نەتەوەچییەتی و ئایینی نەبڕیبوو و ھەر ئەوەش بوو بە دەسمایەی دەستەکانی سەرو فەرمانداریی ھەرێم و لەنێو خودی دەسەڵات باڵێکی نەتەوەچی بەناوی “گۆڕان و گۆڕانخوازیی” قوتکرایەوە و سواری شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی خەڵك کرا و بۆ ماوەی یەک دەھە توانی ناڕەزایەتی خەڵک بخاتە خزمەت پاراستینی سیستەمی لۆبیگەریی پارلەمانی و خۆشباوەڕکردنی خەڵك بە جەلادانی دڵسۆزی گەل.

بەڵام وێڕای یەک دەھە ئەزموونی جۆراوجۆر لە دەسەڵاتداربوون و ھاوئامانجبوونی ئۆپۆزسیۆن، داخستن و خەندەقکردنی سنوور لە ڕووی “خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا”، ھێنانی لەشکری داعش، بڕین و نەدانی مووچەی خەڵک (ڕامیاریی تەقەشوف)، کردنەوەی چەند بارەی دەرگەی سنوورەکان لە ڕووی لەشکری دەوڵەتی تورکیە و گۆڕینی ناوچەی سلێمانی بە پارێزگایەک لە دەسەڵاتداریی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و ھەزار و یەک نەھامەتی و فێڵ و تەڵەکەی دیکە، کەچی ھێشتا زەمینەی لەخشتەبردنی جەماوەریی ناڕازیی لەبارە و ھێشتا کڵاوی نەتەوەچییەتی و یەزدان و سۆشیالیزم لەسایەی دەوڵەت و پارتییایەتی دەچێتەوە سەر خەڵك و مەلاکان دەتوانن خۆنیشاندانەکان بگۆڕن بە کۆنوێژی ڕۆژانی ھەیینی و دەسەڵاتداران دەتوانن ناڕەزایەتییەکان بگۆڕن بە شارچیەتی و ناوچەگەریی و گەمەی شۆڤینیستی زمانی و دەستەبژێری نووسەران و میدیا وەک لاقی چوارەمی سەروەریی چینایەتی دەتوانن بە سۆزی خۆشباوەڕانە و ناھوشیاریی خەڵک گەمەبکەن و ناڕەزایەتییەکان بۆ سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بەکاربەرن و ھێشتا چەپەکان دەتوانن یەکسانبوونی زیندانییانە لە سایەی دەوڵەتی دیکتاتۆریی “پارتیی پێشڕەو” مژدەبدەن.

سەرباری چوار خول لە گاڵتەجاریی پارلەمانی، کەچی خەریکە جارێکی دیکە ڕامیاران و کاندیدەکانی گاڵتەجاریی پارلەمان دەبنەوە بە قسەکەری خەڵک و لەنێو ڕیزی پێشەوەی خۆنیشاندانەکان خەریکی سەرمایەگوزارییکردنن لەسەر خۆشباوەڕیی خەڵك و چەندبارەکردنەوەی سیناریۆکانی بیست و حەوت ساڵی ڕابوردوو، چاوەڕوانکردنەوەی خەڵک بە خولێکی دیکە لە گاڵتەجاریی پارلەمانی و نائومێدکردنی خەڵکی ناڕازی لە ھەر بزووتن و ناڕەزایەتی و ھەوڵێکی گۆڕین.

بەداخەوە، ھێشتا خۆشباوەڕمانەوە و ناھوشیارمانەوەی زۆرینەی خەڵك، ئەو زەمینەیەی ڕەخساندووە، کە ڕامیاران و پارتییەکان و کاندیدەکانی خوارووی عیراق خەڵکی ناڕازی خواروو بەوە بترسێنن، ئەگەر “سووننەکان” دەنگنەدەن، ئەوا “شیعەکان” زاڵدەبنەوە و ئەگەر “شیعەکان” دەنگنەدەن، ئەوا “سووننەکان” زاڵدەبنەوە و ڕامیارە کوردیی-زمانەکانیش ناڕازییانی “ھەرێمی کوردستان” بەوە دەترسێنن، ئەگەر کوردیی-زمانەکان دەنگنەدەن، ئەوا دەسەڵاتدارانی خواروو زاڵدەبنەوە!

ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەھاتووە، کە ھەموو کەسێكی نێو چوارچێوەی سنوورەکانی عیراق لەخۆی بپرسێت؛ ئایا لەنێوان ڕامیاران و پارتییەکان و دەسەڵاتداران و کۆمپانییەکانی باسوور و باکوور، “شیعە” و “سووننە” و “کورد” چ جیاوازییەك ھەیە؛ چ شتێك ھەیە، ئەمی ڕامیار کردبێت و ئەوی دیکە نەکردبێت؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە، کە خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات لە کاتی ھەستیاردا ئامرازی کارا بۆ سەپاندنی داخوازی و ویستەکانی خۆی بەکاربەرێت، کە بایکۆتی دەنگدان و خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتییانەی ڕیزەکانی خەڵکە بۆ پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی نانێوەندییانەی گشت ناوچەکانی عیراق و یەکگرتنەوەی فێدرالیستییانە و ھاوپشتییانەی گشت چین و توێژە چەوساوەکان لە یەکدی دژی ڕامیاران و پارتییەکان و حکومەتەکان؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە، ڕیزی پارتییەکان و گرووپە ڕامیارییەکان چۆڵبکەین و لەنێو ڕێکخراوە و ئەنجوومەن و ھەرەوەزییە سەربەخۆ و ئاسۆیییەکان خۆمان ڕێکبخەین و ڕێکخراوە و ئەنجوومەن و ھەرەوەزییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان بکەینە تان و پۆی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە ھەر نەدار و بێدەسەڵاتێك لە خۆی بپرسێت؛ بۆچی من و ئێمە دەتوانین ھەموو ڕامیار و سەرمایەدارێک بکەینە پارلەمانتار، دەسەڵاتدار، ئەی بۆچی ناتوانین بەخۆمان خۆمان ڕێکبخەین و لەسەر بنەمای ئامانج و بەرژەوەندی ھاوبەشی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی خۆمان پێکبھێنن و بە ملھوڕیی و مشەخۆریی ڕامیاران و دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەران و سەرمایەداران کۆتاییبھێنین؟

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە، لەو ھاوکێشەیە تێبگەین، کە بەردەوامی ستەمی ھەزاران ساڵە و سەروەریی چینایەتی بەرەنجامی ناھوشیاریی و خۆشباوەڕیی و نائومێدی و لەخۆنامۆبوونی ئێمەی نەداران و بێدەسەڵاتانە و لەنێوچوونی ئەوانەش ھەر بەرەنجامی ھوشیاربوونە و بڕوابەخۆبوونەوە و یەکێتی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵاتکراوە؛ بۆچی تۆ بە ئەندامبوون دەتوانیت پارتییەکان بەھێزبکەیت، بە دەنگدان ڕامیاران بە پارلەمان و دەسەڵات بگەیێنیت، بە کاریکرێگرتە مشەخۆران سەرمایەدار بکەیت، بەڵام بە یەکگرتنی خۆت لەنێو ڕێکخراو و ئەنجوومەنە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکانی خۆت، ناتوانیت چەوساندنەوە لەنێوبەریت و مەشەخۆری و سەروەریی ھەڵبوەشێنیتەوە و کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر و ناچینایەتی پێکبھێنیت؛ مەگەر ھەموو بوون و سەرھەڵدانێک بەرەنجامی ھوشیاری یان ناھوشیاریی ئێمەی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان نییە؟

ئیدی کاتی ئەوە ھاتووە، کە ئێمەی چەوساوە لەجیاتی ئەوەی پاشاکۆیییانە ئەوە بکەین، کە ڕامیاران وەك شوانە بە ئێمە دەڵێن دەبێت چی بکەین، بەخۆمان ئازادیخوازانە و یەکگرتوو بۆ خۆڕزگارکردن و ھەڵوەشاندنەوەی کۆیلەتی چینایەتی و ڕزگارکردنی بوونەوەرانی دیکە و پاراستنی ژینگە لە ملھوڕیی ڕامیاران و مشەخۆریی سەرمایەداران، بڕیاربدەین کە چی بکەین و چۆن بۆ گێڕانەوە و بەدەستھێنانەوەی ژییان و ئازادی و خۆبوون و خۆبەڕێوەبەریی تێبکۆشین.

– بەرەو دەرپەڕاندنی ڕامیاران و ئایینکاران لەنێو ڕیزی ناڕەزایەتییەکانی خۆمان
– بەرەو خۆڕێکخستنی ئاسۆیی و کۆمەڵایەتیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان
– بەرەو بایکۆتکردنی دەنگدان و ڕەتکردنەوەی سیستەمی دەوڵەتی
– بەرەو پێکھێنانی ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و سەندنەوەی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و خەزمەتگوزاری لە دەوڵەت و سەرمایەداران
– بەرەو پێکھێنانی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی لەسەر بنەمای یەکێتی فێدرالیستی ھەرەوەزییەکان و ناوچەکان و ھەرێمەکان
– بەرەو کۆمەڵی ناچینایەتی

سەکۆی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان
٢٩ی مارچی ٢٠١٨

سایتی سەکۆی ئەنارکیستان
www.anarkistan.com

پەیجی فەیسبووکی ئەنارکیستان
www.facebook.com/sekoy.anarkistan

سەکۆی ئەنارکیستان لە تویتەر

سەکۆی ئەنارکیستان لە تێلەگرام
https://t.me/anarkistan_KAF

ئیمەیل ئادرەسی ئەناکیستان
anarkistan@riseup.net

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish