Skip to Content

چەند سەرنجێکی کورت لەسەر کتێبی(مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆڵ)ی هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد

چەند سەرنجێکی کورت لەسەر کتێبی(مەلەکردن بەپێچەوانەی شەپۆڵ)ی هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد

Closed
by نیسان 5, 2018 General, Literature

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای مانگی ئازاری ٢٠١٨

———————————–

ئەم هەوڵەی بەڕێز هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد وەکو هەوڵەکانی پێش خۆی، چەشنی سیمینارەکانی (مێژووی چەپ لە کوردستانی عێراق) ی هاوڕێیان موئەیەد ئەحمەد و بەختیار موستەفا و هاوڕێیانی کارگەران و ڕەوتی کۆمۆنیستی جاران لەسەر مێژووی بزووتنەوەی کومونیستی کە ئێستا بە دە بەش لە یوتوب دانراوە و دەتوانرێت ببینرێت و هەورەها کتێبی (مێژوویەک لە یادەوەری) بەڕێز سالار ڕەشید، جێگای دەستخۆشییە. ئەم کتێبە کە دوو بەرگە و خوێنەر هەر لەسەرەتاوە لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەبێ تێکستێک بخوێنێتەوە دروست لەگۆشەنیگایەکی مارکسیزمەوە تەواوی گۆشە و کەلەبەرەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بپشکنێ و بخوێنێتەوە. یان لانی کەم هەوڵ بدات، خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ ئەو بزووتنەوە کۆمۆنیستییە بکات بێ ئەوەی بهێڵێ مەحفەلیزم و ئیگۆی خودگەرایی بەری چاوی خوێندنەوەکەی لێڵ بکەن. من ئەم کتێبەم بەو ڕوحیەتەوە خوێندەوە.

بیریشم دێت کاتی خۆی هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد دوو سێ بەشی لە سایتی هاوپشتی بڵاو کردەوە. من یەکەمجار دەستخۆشیم لێکرد و دوایی بۆم دەرکەوت کە ئەو هاوڕێیە بەچاویلکەی کۆن ڕووداوەکان هەڵدەسەنگێنێ نەک بە چاویلکەی واقیعی. دوای خوێندنەوەی ئەم دوو بەرگە هەرچەند لێرە و لەوێ سەرنج و ڕەخنەم لەم کتێبە بیستووە، بەڵام ئەو بەرێزانە خۆیان ئازادن چۆن ڕەخنەکانیان بەیان دەکەن، یان نا، بەس بۆ من گرنگە بۆچوونی خۆم بە ڕۆشنی لەسەر ئەم کتێبە بنووسم و لەوە زیاتر تاخیری نەکەم. وای دەبینم ئەم کتێبە زۆر هەڵدەگرێ لەسەری بنووسرێ و ڕاست بکرێتەوە، بەڵام من بەهۆی سەرقاڵیم بە پڕۆژە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانم، ئەو دەرفەتەم نییە جگە لەم کورتە سەرنجانە. هیوادارم هاوڕێیانێک بتوانن ئیش لەسەر هەڵە و ناتەواوی و کەموکوڕییەکانی ئەم کتێبە بکەن. من هەوڵ دەدەم کورتە سەرنجەکانم بە خاڵ ڕیز بکەم، بەو ئومێدەی نووسەر بتوانێ بۆ چاپی ئایندەی کتێبەکە سوودیان لێ ببینێ و خاڵ لەسەر وشەکان دابنێ و بەشێکی باشی کتێبەکە هەڵگێڕێتەوە.

یەک : سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە من وەک کادیرێکی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)ی جاران و فەعالێکی سیاسیی کۆمۆنیستی کە لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە دوای چەند ساڵ چالاکی لە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، وازم هێنا و پەیوەست بووم بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە. دەمەوێ بێ هیچ غەدر لێکردنێک یان زیادەڕۆییەک ڕەوتی کۆمۆنیست وەک خۆی چۆن هەبووە ببینرێ و بخوێنرێتەوە و لەلاپەڕەکانی مێژوودا لەشوێنی شیاوی خۆی دابنرێ، نەک ناهەقی بەرامبەر بکرێ.

لەگۆشەنیگای منەوە ڕەوت ڕێکخراوێک بوو لەدونیای واقیعدا خاوەن دونیابینییەکی مارکسیستی ڕۆشن بوو، ڕەوت خاوەن تەشکیلاتێکی تۆکمە و پتەوە بوو، ڕەوت لە دڵی نائومێدی چەپی ئەو سەردەمەدا جێگەی ئومێد بوو، ڕەوت تاکە ڕێکخراوێکی بزووتنەوەی چەپ بوو کە تا ئاستێکی زۆر کرێکاریی بوو، ڕەوت پێداگیری زۆری دەکرد لەسەر مارکسیزمی ئەرسەدۆکس، ڕەوت هەڵگری دەیەها کادیری بەرجەستە و بەتوانا بوو لە کۆمەڵگەی کوردستان چ لە ئاستی تیئوری و چ لەبواری پراتیکدا، ڕەوت خاوەن هێزی چەکدار بوو، ڕەوت خاوەن تەرحی شوورا کرێکارییەکان بوو، ڕەوت خاوەن ڕۆژنامەی عەلەنی و بنکەی عەلەنی و چەکدار بوو.

کەچی ئەم ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستە لەکتێبەکەی هاوڕێ ڕێبواردا کاڵ کاڵ نیشاندراوە و هەموو ئەو دەست پێشکەری و ئیبتکارانە فەرامۆش کراون و وەلا نراون. یان سەرپێیی باس کراون و هەقی خۆیان نەدراوەتێ. ئەمەش بەدەوری خۆی بەهای زانستی ئەو کارە دێنێتە خوارەوە. باسکردنی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست بەلاوەکی و بێبەهایی و هەروەها گەورەکردنەوەی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەرگەی ڕەخنەیەکی کادرە پلە دووەکانی ڕەوت کۆمۆنیستیان نەدەگرت و هەڵدەوەشانەوە، چ مانایەک دەدات بەدەستەوە؟ ئایا ئەمە لاوازیی کتێبەکە نییە؟. من ئەمە بە خەوشی سیاسیی دەبینم و مافی کادرە بەرجەستەکانی ئەوسای ڕەوتی کۆمۆنیستە لەئاست ئەم خەوشە سیاسییەی ئەم کتێبەی هاوڕێ ڕێبوار کە خەریکە مێژووی تێکۆشانمان دەشێوێنێ، بێدەنگن نەبن.

دوو : زمانی نووسینی ئەم کتێبە، زمانی دەیەی هەشتاکان و دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووە، زمانێکە کە زمانی چەپێکی سادە و ساکار و سەتحگەرایی بوو، نەک زمانی سیاسیی و باسی تیئوری. چەپێک کە جگە لە شکاندنەوەی خۆی کارێکی تری نەبوو. ئەم زمانە ئەوکات و ئێستاش ناتوانێ خزمەت بە بزووتنەوەی سیاسیی بکات. زمانی ئەمڕۆ، زمانی وردبینی و پشتبەستنە بە فاکت، زمانی بەڵگە و دۆکیمێنتە، زمانی لێکدانەوەی زانستییە بۆ مێژوو و چینەکان و دیاردەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، نەک زمانێک کە بڕ نەکات چوار مەتر لەولای خۆیەوە ببینێ و شەلم کوێرم بکەوێتە ناو مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشانی سەدەها کادیر با ئەمڕۆش لەگەڵ حیزب نەبن. بەڵام خۆ هەر ئەمانە بوون حیزبیان دروست کرد و حیزبیان لەسەر قاچی خۆی دانا.

سێ : نووسەر زیاتر باسی ئیگۆی خۆی و ڕۆڵی خۆی دەکات وەک لە کارەکتەرە سیاسییەکانی تری ناو بزووتنەوەی کۆنیستی، کە هۆکار بوونە بۆ خوڵقاندنی ڕووداوەکان. وەک ئەوەی هەموو شتێک بە ئیرادە و ویستی ئەو چووبێتنە پێشەوە. ئەم ئیگۆیە ئەگەر لە ئەدەبدا بتوانی مانایەکی مەجازی وەربگرێ، ئەوا لە دونیای سیاسەتدا ناتوانێ زۆر هەناسە بدات.
چوار : بێئاگایی لەبەشێکی گەورەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کە ئەمە خەوشێکی گەورەیە بە کتێبەکەوە.
ئەمە وا لە کتێبەکە دەکات بەهای سیاسیی و میسداقیەتی مێژوویی لەدەست بدات. چۆن دەکرێ کەسێک وەک هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد کە لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، وەک بە شێوازی نووسینی کتێبەکەوە دیارە کە بەڕێزیان ئاگایان لە جووڵەی مار و مێروو هەبووە، ڕێکخراوی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)ی نەبیستبێ!!! ئایا ئەگەر نەیبیستووە، ئەمە ئاگایی و هۆشیاری هاوڕێ ڕێبوار ناخاتە ژێڕ پرسیارەوە؟ ئەی ئەگەر بیستوویەتی، فەرامۆشکردنی ئەم ڕێکخراوە ئەدەبییە کۆمۆنیستییە، بیرتەسکی مەحفەلگەرایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو نەبێ، چییە؟. با بەفەرز دایبنێین کە هاوڕێ ڕێبوار (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)ی بیر نەمابوو، ئەی خۆ هاوڕێ ڕێبوار ئاگای لەو کورتە نووسینەی من هەبووە بەناوی ( ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) کە باسی مێژوو و چالاکی ئەو حەلقەیەم کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٢ لە سایتی دەنگەکان بڵاوم کردەوە و ئەوا شانزە ساڵە لە ئەرشیفی دەنگەکان دانراوە. دیسان با بەفەرز دایبنێین هاوڕێ ڕێبوار ئەمەشی نەبینیوە و بەڕێزیان بەهۆی سەرقاڵییان بە کاری تیئوری کۆمۆنیستی، فریای خوێندنەوەی سایتەکان ناکەوێت، ئێ خۆ بەڕێزیان ئاگایان لە سیمینارە چەند ڕۆژییەکەی هاوڕێ موئەیەد ئەحمەد و بەختیار مستەفا و هاوڕێیانی تر هەبوو لەسەر مێژووی چەپ کە هاوڕێ (سادق عزیز) ئاماژە بە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) و گۆڤاری (ڕابەر) دەکات، هەبوو.

با وای دابنێین ئاگاشی لەمەشیان نەبووە، ئەی خۆ هەر هیچ نەبێ ئاگای لە کتێبە جوان و بەسوودەکەی هاوڕێ سالار ڕەشید هەبوو بەناوی ( مێژوویەک لە یادەوەری). خۆ لەو کتێبەی کاک سالاردا لەگەڵ دوو ئەندامی دامەزرێنەرانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست کە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ و هاوڕێ نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(هۆشەنگ)ن چاوپێکەوتنی ساز داوە. ئێ خۆ ناشێ بڵێت ئاگام لەمەشیان نەبووە؟!. چونکە ئەم بێئاگاییە خەوشێکی گەورەی ترە بە کتێبەکەی هاوڕێ ڕێبوارەوە. ئەگەر هیچ لەمانەش وا نییە و هاوڕێ ڕێبوار ئاگاداری حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیستە و ئاگاداری سیمینارەکانی هاوڕێیان موئەیەد ئەحمەد و بەختیار مستەفایە و هەروەها ئاگاداری کتێبەکەی هاوڕێ سالار ڕەشیدە، ئەی بۆ باسی نەکردووە؟ بۆچی باسی نامیلکەیەکی ئەدەبی مەحفەلێکی ئەو سەردەمە دەکات(زەنگ)، ئەی بۆ باسی ڕێکخراوێک ناکات کە هەم کاری سیاسیی و هەم کاری ئەدەبی و هونەری دەکرد و خاوەن ڕێکخستن بووە و بە دەیەها کادر و ئەندامی هەبوو، گۆڤارێکی دەردەکرد بەناوی (ڕابەر) و یانزە ژمارەی لەو گۆڤارە بڵاو کردەوە و ئەمە جگە لە چەندین نامیلکەی ئەدەبی تر کە وەک کتێبی گۆڤاری(ڕابەر) بڵاو بوونەوە. ئێوە بڵێن ئەگەر ئەمە عەقڵیەتی مەحفەلیزمی هەشتاکان نەبێ چییە؟

دواجار بەو پێیەی ئەم کتێبە کە تاهێزی نووسین بڕ بکا هۆشیارانە ئیشی لەسەر لێدان و وەلانانی کادر و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کردووە، هەوڵی داوە بە ئاگایانە یان بێئاگایانە مێژووی تەیفێک لە کادیرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی وەلا بنێ. بۆیە لەم سۆنگەوە ئەم کتێبە لای من ئیعتباری سیاسیی – مێژوویی لەخوارە و جگە لە خۆ بە پاڵەوانزانی نووسەری کتێبەکە هیچ ئامانجێکی تری لەپشتەوە نییە. بەو ئومێدەی هاوڕێ ڕێبوار بتوانێ لە چاپی دووەمی کتێبەکە ئەم خەوش و کەلێنانە پڕ بکاتەوە و ئیعتباری سیاسی – مێژوویی کتێبەکە بەرێتە ئاستێک کە دەست لەسەر سینگ بۆی بوەستین.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish