Skip to Content

عەفرین و تێڕوانینێکی مارکسستی! … سامان کەریم

عەفرین و تێڕوانینێکی مارکسستی! … سامان کەریم

Closed
by نیسان 5, 2018 General, Opinion

عەفرین داگیر کرا. عەفرین لەلایەن سوپایەکی گەورەو بە جبەخانەی تەکنۆلۆژی جەنگیەوە، دواجار داگیرکرا لەلایەن ڕژێمی بورژوای ئۆردوگانەوە. ئەمە لەسەرەتاوە ڕۆشن بوو، سەرەرای بەرگری جەسورانەی ‌هیزەکانی پەیەدە” یەپەگە” و”یەپەژە”، سەرەڕای خۆپیشاندانی چەندین ڕۆژەوە بەردەوامی کوردەکانی هەموو کوردوستانەکان و حزبە کۆمۆنیستیەکان و ئازادیخوازان و هەم لە دەرەوەو هەم لەشارەکانی کوردستانی عیراق و سوریا و ئیران…. سەرەڕای هەموو ئەوانە عەفرین داگیر کراو ‌هێزەکانی پەیەدە پاشەکشەیان کرد. ئێستا عەفرین سوپای داگیرکاری تورکیای تیایە لەگەڵ تیرۆریستە ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانی.

گومان لەوەنەبوو، وەنیە کە بۆ کۆمۆنیزم بەرگریکردن لە عەفرین سیاسەتیکی دروستی کۆمۆنیستی بوو، وە لەمبارەوە کۆمۆنیستەکان لە ڕیزی پێشەوەی ئەو هێزو کەسانە بوون، کە دژی شەر بوون وە دژی هێرشەکانی سوپای فاشستی تورکیا بون بۆ سەر عەفرینو پیشتوانی خۆیان بۆ هیزەکانی پەیەدەو خەلكی چاونەترسی عەفرین ڕاگەیاند و بە پراتیکیش ئەوەیان نیشان دا، چ لە دەرەوە وە چ لە شارەکانی کوردستان. وە لەڕۆژەکانی سەرەتای ‌هێرشی سەربازی تورکیادا بوو کە حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عێراق ناڕەزایەتی خۆی نیشان دا، لە شاری بەغدا. بەڵام باس و ڕوداوەکە بە مە نەک تەواو نابێت بەڵکو، ئەم پراتیکە دروستە لە چوارچیوەی هەلومەرجی دژوارو ئاڵوزی ناوچەکە ونەبوونی درکێکی ڕۆشنی مارکسستی بۆ کۆی هەلومەرجی ناوچەکە، ون دەبێت، بە قازانجی ناسیونالیزم. لەمبارەوە ئێمە یان نەمانوسیوە، یان زۆر کەممان نوسیوە. بەش بە حالی خۆم پۆستێکی کورتم لە فەیس داگرتوە ، کە زیاتر باسی شیوەی کاری کۆمۆنیستیم کردوە، نەک سیاسەتیکی هەمەلایەنەی کۆمۆنیستی.

ئەم باسە بۆچی پیویستە وەلام وەربگرێتەوە، بۆچی مەسەلەیەکی گەورەیە؟! بۆچی دەبێت مارکسستەکان هەڵوێستی ڕۆشنیان هەبێت و ڕیزی سیاسی و سەربەخۆی چینی کرێکار لەم قۆناغە هێجگار ئاڵۆزو پڕ گرێوگۆڵە، جیابکەنەوە ، هەم لەناسیونالیزمی کورد وهێزەسیاسیەکانی لە هەموو کوردستانەکان، وە هەم لە ئیسلامی سیاسی وە لەڕوانگەی ” ئینسانیەتی” ی ڕۆژئاواو ئەمریکاو و هەم ووڵاتان و زلهێزەکانی نیو سوریا … ئەمریکاو هاوپەیمانانی و روسیاو هاوپەیمانانی… ئالۆزی مەسەلەی عەفرین یان کەرکوک بۆ نمونە … لە هەلومەرجی مێژوی ڕاگوزەری ” ئینتقالی” ئێستا سەرچاوە دەگریت. باسی عەفرین لە ئێستادا باسی بەرانبەرکێ و ململانێی ” کورد” و “تورک” نیە بەتەنها بەلكو هەلومەرجەکە فراوانتر وە ئاڵۆزترە. بە پێجەوانەوە عەفرین وکەرکوک و ئەم ڕوداوە مەرگبارانە لە چوارچیوەی ئەم هەلومەرجە تازەیەدا ڕودەدەن و دەبنە ڕوداوو مەسەلەیەکی نیو دەوڵەتی، نەک بە پێچەوانەوە. واتە ئەگەر مەسەلەی دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە و دوبارە ڕیخستنەوەی هێزهاوسەنگی نەبوایە لەنێوان زلهێزەکانی دونیاو ناوچەکە، ئەم ڕوداوانە بەم شێوانەی کە ڕویان دا، هەرگیز نەدەبوون.

لە ڕوانگەی کوردایەتیەوە ” پەیەدە” لە هەموو کارێکی دا جیگای پشتوانی و کۆمەکە وەکو چۆن یەکێتی نیشتمانی پراتیکی دەکات. بەلام لە ڕوانگەی کۆمۆنیستی یەوە وانیە، لە سیاسەت و پراتیکی دیاریکراودا لە جەرگەی ئەم هەلومەرجە دژوارەدا، جێگای لێکدانەوەی جیاوازە. بۆ نمونەو زیاتر ڕۆشنکردنەوەی باسەکە. “پەیەدە” لە عەفرین جێگای پشتیوانی بوو وە هەیە، لە کۆبانی بەهەمان شیوە، لە هەردوو بارەکەیدا مقاوەمەتی کردوە دژ بە داگیرکەرو تیرۆرستان و هەروەها خەڵکەکەی پاراستوەو لە فەزایەکی ئارام و ئەمندا ڕایگرتوون… لەم ڕوانگەیەوە دروستە وە پیویستە هاوپشتی بکرێت. بەلام ” پەیەدە”و ‌هێزەکانی بۆ نمونە لە ڕەقەو دێر ئەلزور کە پێش لەشکری بۆ ئەمریکا دەکەن پێویستە ڕەخنەیان لێبگیرێت وەک بەرەیەکی شەڕو پیش لەشکری کردن بۆ هیزێکی وەک ئەمریکا. ئەم سیاسەتەی ” پەیەدە” بوو وای کرد کە هاوپشتی جیهانی دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین هێجگار دابەزیبوو بە بەراورد لەگەڵ هاوپشتی جیهانی بۆ کۆبانی. لەگەڵ ئەمریکا بوون، باجی هەیە.

مەسەلەی ” کورد” ئەمرۆ لە چوارچیوەی سیاسەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا کایەی پیدەکرێت، ئەمریکا بەری دەدا، فەرەنسا یان بەرتیانیا دەیگرێتەوە، وە پێچەوانەوە هەر ڕاستە. کایەی پیدەکرێت نەک لەڕوانگەی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە کەهەمیشە باسی ئەوەدەکەن ئەمریکا” خیانەتی” لیکردون، بەڵکو کایەیەک کە لەچوارچیوەی ئیستراتیژییەکی عەمەلی نادیاری ئەمریکاو ڕۆژئاوادا بەپێی بەرژوەندی خۆیان لەم هەلومەرجەدا دێت و دەچیت. سیاسەتی کردنەوەی قەیرانەکان و بەجیهێشتنی لە لایەن ئەمریکاوە بۆتە تەوەرەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی ئەم قۆناغەیدا. ” ‌هێزە ناسیونالیستەکانی کورد” لە چوارچیوەی ئەم سیاسەتی ئەمریکادا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بەلام تەنها لە چوارچیوەی ئەم تەوەرە سیاسیەیدا، نەک لە کۆی ئیستراتیژی سیاسی و ئامانجی سیاسی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. هەر بۆیە بونەتە داردەستی هێزە گەورە جیهانی و ناوچەیەکان.

تیگەیشتن لەم ڕاستی یە ئاسانە. ئەمریکا لەکاتی ڕیفراندۆمی کوردستانی عیراقدا، بەقەولی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی ” پشتی لەکورد کرد” و لە هێرشی سوپای عیراقو حەشدی ئیسلامی دا بۆسەر کەرکوک، نەک فزەی لێوە نەهات، بەڵکو بیانوی بۆ هێرشەکە دەهێنایەوە. بەلام ئێستا دیسان دەیەوێت هێزەکانی ” پێشمەرگە” بچنەوە ناوچە جێناکۆکەکان کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابوردوەوە بەپشتیوانی ئەمریکا دەرکراوون لێی. ئەوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرو مێژووی هێجگار تازەیە. وە سیاسەتی ئەمریکا لە هەردوو بارەکەیدا ڕۆشنە. بەلام پێدەچیت بورژوای کورد و بەتایبەت بزوتنەوەی کوردایەتی و هێزەکانی تەنها لە جۆگەی ئەمریکا ئاو بخۆنەوەو بۆیان تەرک ناکرێت سەڕەرای ” ئاش بەتاڵ” و ” ٣١ ی ئاب” و ” ١٦ی ئۆکتۆبەر” و ” عەفرین” و دواجار ئەوە ئەمریکا دەڵێت ” سوریا چۆل دەکەم” ، ئەو ٢٢٥ ملێون دۆلارەشی لە ” هەسەدە” بڕی بە پێێ بڕیاری ترامب، مەگەر سعودیە تەواوی بکات. ئەم جۆگەلەیە ئاوەکەی سازگار دیارە بۆ سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی. سەیرو سەمەرە ئەوەیە دڵ خۆشکەی بەوەی ماکرۆنی فەرەنسا رزگارت بکات و هێزت بۆ بنێرێت!! وە ئەگەر ناردیشی هیچ نیەو زیاتر بۆ بۆ شایی پڕکردنەوەیە. بەلام ئەوە ئیتر تێنەگەیشتنە لە دونیای سیاسەت لەمرۆدا.

ماکرون و هۆلاندو بلێر و تێرزامای وهەموو ئەو نۆکەرانەی سەرمایەو ئەمریکاو لیبرالیزمە نوێیەکەیان زۆر لەوە جەبونترو بێ دەسەڵاتترن کە بتوانن بەبێ ئەمریکا یەک هەنگاو بنێن. مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە ئستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە شکستی خواردەوە، سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە ” پەیەدە” شەوە نایانەوێت دان بەم راستیەدا بنێن، بە قەول و پەیمانە لەفزیەکانی تێدەکەون.

باسی عەفرین گرینگە و پێویستە سیاسەتێکی رۆشنی مارکسستی لەبارەیەوە پیادەبکەین ، بەدیاریکراوی لە هەلومەرجی کۆمەلایەتی و مێژوویی ئەم ساتە وەختەو و هەروەها سیماکانی یاسای بزوتنەوەی مێژوو لەم قۆناغە ناسک و خەتەرناک و ڕاگوزەرەی خەباتی چینایەتی دا، جێگاو ڕیگای ئەم ڕوداوە و ئەم باسە زیاتر گرینگتر دەکات. لەکاتێکدا کە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر ئاگرەو لەم نێوەدا مەسەلەی “کورد” لەم چوارچیوەیەدا پانتاییەکی گەورە پەیدا دەکات. بەکۆنکرێتی ئەگەر سەرنج بدەین ناسیونالیزمی کورد لە ئێران وە ئۆپۆزسیۆنی بورژوای ئیرانی خۆی ئامادە دەکات بۆ لێدانی ئیران یان تێکچونی هەلومەرجەکەی … هەلومەرجی سوریا ئالۆزتر بوە، لە عیراق دیسان هێز هاوسەنگیەکان چاوەرێێ ئالۆگۆری گەوەرەترن، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەوە، هێزەکان هەموو چاوەڕیی ئەنجامی هەڵبژاردنن و ڕیزی بزوتنەوەی کوردایەتی هەرگیز هێندە شەقوشڕ نەبوە. نێو خۆی تورکیا بەهەمان شیوە زیاتر ڕووی لە لێکترازانە وەک لە ئەمن و ئارامی.

لە هەلومەرجو چوارچیوەیەکی ئاوادا ناسیونالیزم دەتوانیت خۆی دەمەزەرد کاتەوە. ناسیونالیزمی کورد، لەعیراق بەهۆی شکستی ” ڕیفراندۆم “و چارەکە موچەو بلاوبونەوەی برسێتی و گەندەڵییەکی هەوسارپساوەوە، دواتر خۆپیشاندانەکانی دژ بە چارەکە موچەوە، زەربە دەخوات ” بروخی دزو….” و” تاڵەبانی و بارزانی ئەندازیاری تاڵانی…” بەڵام بەهۆی ناسیونالیزمی پەکەکەو پەیەدەوە دەمەزەرد دەبێتەوە، ناسیونالیزمی کورد وەک ناسیونالیزمی عەرەب لۆکەڵی نیە لە پانتاییەکی فراواندا دەتوانێت بەشێوەی جیاواز خۆی دەمەزەردو زیندو کاتەوە. بۆ نمونە مانەوەی سوریا ئومیدو هیوایەکی گەورەی دایە دەست ناسیونالیزمی عەرەب لە ئاستە ناوچەییەکەیدا، ئێستا لە میسرو لە لیبیاو تونس و تەنانەت عیراق و هەروەها جەزائیر گوڕو تینێکی دیکەی بەخۆیەوە گرتوە. بۆ کوردستانیش ئەم دیاردەیە دروستە، جا لەوانەیە حزبێک لە حزبەکان لاواز بێت، بۆ نمونە یەکێتی و پارتی بەلام بێ ئەوەی ناسیونالیزم وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتی زەربەیەکی گەوەرەی لێکەوتبێت. کۆمۆنیزم دەبێت لەمبارەوە هەنگاو بەهەنگاو لە هەوڵی جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاردا تیبکۆشێت و هەول بدات ئەم ڕیزە ئامادەو ڕێخراوبکات.

ڕوانگەی ناسیونالیزم بۆ شەڕی عەفرین

ناسیونالیزمی کورد، بەگشتی و لەئاستی ناوچەی و هەروەها ناسیونالیزمی پەکەکەو پەیەدە وەک بەشیک لەم بزوتنەوەیە، تێروانین و ڕوانگەی تایبەت بەخۆیان هەیە سەڕەرای چەند جیاوازیەک لە نێوانیاندا لەباری فۆرمەوە بەلام لە ناوەرۆکدا ناسیونالیزم ” کورد” و” کورد بوون” و” نەتەوەی کورد” یان ” پێکهاتەکان” و ” جوگرافیاو سنوری کوردستان” دیارە جوگرافیای جیگا باوەڕی خۆیان، لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر لا پیرۆزە و لەپێش هەموو ژیانی ماددی و واقعی ئینسانەوە ئەژمارەکرێن ودەبنە بناغەی هەر تێڕوانین و هەلویستێکی سیاسی و پراتیکی و بەرنامەیش.

باسی ” موچە ” و برسیکردنی خەلکی کوردوستانی عیراق بۆ ماوەی دووساڵ زیاتر بە کرێکارو فەرمانبەرو ماموستاوە، بۆ ئەم بزوتنەوەیە هەر باس نیە. هیچ هێزیک لەو هێزانەی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەموو کوردستانەکان لەسەر برسێتی دووساڵەی خەڵکی کوردستانی عیراق نەهاتەدەنگ وهاوپشتی دەرنەبڕی بۆ خەلكەکەی…دەسەڵاتی ئەم بزوتنەوەیە وەک نوێنەری بورژوای کورد بە ئاستێک بێ باکە لە ئاست ژیان و گوزەرانی خەڵکدا کە لە مێژودا بێ وێنەیە… بەلام کوێخا بون و ڕابەری خۆی بۆ هەموو ” کورد زمانەکان” لە ژیر ناوی ” نەتەوەی کوردا” وەک ئایدۆلۆژیایەک بۆ پیرۆزە، نەک لە بەر خەلكەکەی بەڵکو لەو ڕێگایەوە دەتوانیت خەلک بەلاریدا بەریت ، ڕیزی چینایەتی کرێکار لەسەر پایەی ” نەتەوە” لەت بکات و دەسەڵاتی سیاسی خۆی یان هێزی خۆی گەشە پێبدات.

خەلکی کوردستانی عیراق سەڕەرای بێ موچەیی و برسێتی دژ بە پەلاماری تورکیا بۆ سەر عەفرین هاتنە دەنگ و خۆپیشاندانی گەورەیان سازدا لە زۆربەی زۆری شارەکانی کوردستانی عیراق، بەلام ” یەدەپە” و ” یەپەگە”و ” یەپەژە” و ” هەسەدە”و ” پەکەکە” هیچ کامیان یان بەناوێکیانەوە، نەهاتنە دەنگ و بەیانێکی هاوپشتی خۆیان نەنوسی بۆ ئەو سەدان هەزار کریکارو ماموستاو فەرمانبەرانەی کە هاتونەتە سەرشەقام بۆ هاوپشتی ئەوان. ئەم ڕوانگە باوەی بزوتنەوەی کوردایەتی، لە ڕوداو هێرش و داگیرکاری عەفریندا بە شیوەیەکی سەرنجراکێش نەک تەنها لە نێو بزوتنەوەی کوردایەتی دا کە ” بزوتنەوەی خۆیانە” بەلكو لەناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دا بەهەمان شیوە خۆی نیشاندا، وەک ئەوەی ئەم بزوتنەوەیە هیچ وانەو تەجروبەیەکی لە ڕوداوەکانی جەنگی خەلیج وەرنەگرتبێت کە مەنسوری حیکمەت بەشیوەیەکی رۆشن پێش ٢٧ ساڵ لەمەو بەر ئاماژەی پێدەکات. ڕوداوەکانی عەفرین جارێکی دیکە نیشانی دایەوە کە بزوتنەوەی ئێمە، باش نەکوتراوە دژ بە ڤایرۆسی ” کوردایەتی” و لیکدانەوە بەپێی بەرژەوەندی نەتەوە. ئەم ڕوانگەو بوچونەی ناسیونالیزم لە پەیوەند بە عەفرینەوە دەکرێت لەم خالانەدا، کورتی بکەینەوە:

یەکەم: جیاکردنەوەی عەفرین لە جیهانی دەوروبەرو ڕوداوەکان: لە روانگەی ناسیونالیزمی کوردەوە، شەڕی عەفرین ، ئەو ڕۆژە دەست پیدەکات کە تورکیا هێرشەکەی دەست پیدەکات. بەلام عەفرین چۆن و لەسایەى کام هەلومەرجەدا “پەیەدە” دەبیتە خاوەنی، لەم ڕوانگەیەوە جێگای پرسیار نیە. چۆن “پەیەدە” دەبێتە خاوەنی قامیشلو؟! هەر مەسەلە نیە، ئەم تیڕوانین و بیرکردنەوەیە، پرسیاری وا نایەهێنێتە بەردەم خۆی. ” پەیەدە” چۆن دەبێتە خاوەنی چارەکێک لە زەوی سوریا یان چۆن دەبێتە خاوەنی کوردستانی سوریا، جێگای پرسیار نیە!!. ” پەیەدە”و “یەپەگە” و” تەیەژە”و ” هەسەدە” چۆن دەبنە پێش لە شکری ئەمریکا لە دیرئەلزۆرو رەقە کە هیچیان کوردستان نین و سەر بەکوردستان نین، نابێتە جێگای پرسیار؟!! ئەم هێزە چۆن دەبێتە پیش لەشکری ئەمریکاو سوکانەکەی بادەداتەوەو لەحکومەتی سوریا و ڕوسیا چەند هەنگاو دەکشێتەوە ئەسڵەن جێگای پرسیار نیە بۆ ئەم تێروانین و فەرهەنگە. عەفرین کوردیەو کوردی لێی یە و پەیەدەی لێی یە… مادام مەسەلە ” کوردە” تەواو، لێرەدا ئیتر هەموو شتێک دەوەستێت. لەم روانگەیەوە تەنانەت خەباتی چینایەتی دەوەستێت و لە عەفریندا دەچیت بە هەوادا. عەفرین کۆتایی خەباتی چینایەتیە!!.

لە ڕوانگەی کۆمۆنیستیەوە، مەسەلەی عەفرین زۆر پێش هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین دەست پیدەکات. دەگەرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی “بەهاری عەرەبی” لە ناوچەکەو بە تایبەت لە سوریا. هەلومەرجی سوریا، بە هیچ شیوەیەک لۆکەلی نیە و جیهانیەوە جەنگی جیهانی بە وەکالەت بە ڕیوە دەچیت. ئەم باسە فراوانترەو لیرەوە راستەوخۆ دەچینە سەر ئەوەی کە تورکیا هێرشی دڕندانەو فاشیزمانەی خۆی دەکاتە سەر عەفرین. بەلام هەر کەس کەمێک ئاگاداری هەلومەرجی سوریا بێت دەزانێت، کە ڕێکەوتنێکی ئاشکرای نێوان ڕوسیاو تورکیا هەیە، لەگەڵ ڕیکەوتنێکی ناڕاستەوخۆی سوریاو تورکیا و بە ئاگاداری ئێران، وە خۆ لادانی ئەمریکا لە هێرشەکە و پشت گوێخستنی هاوپەیمانەکەی سەر زەوی” پەیەدە” دروست وەک ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکوک.. ئەمە ڕاستیەکەو شەڕی عەفرین ئینجا دەست پێدەکات. بەڵام ئەو راستیە لە چوارچیوەی هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیی هێجگار دژواردا لە سوریادا چۆتە پێشەوەو دەچێتە پێشەوە.

بۆ ناسیونالیزم بەرانبەرکێی تورکی فاشست و کورد هەیە و لەدەرەوەی ئەوە هەموو شتێک بەتاڵە. تەراتێنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە سالێ ١٩٩١وە تائێستا کە بۆتە هۆی کاولکاری و مەینەت و نەهامەتی و شەر وکوشتاورو، هەلتۆقانی تیرۆریزم ، لە ڕوانگەی کوردایەتیەوە، نەک جیگای ڕەخنە نیە، بەڵکو جێگای پیرۆزبایی و گوڵبارانکردنە. ڕوانگەی مارکسستی دروست بە پێچەوانەوە کۆی گشت ئاڵوگۆرەکان لە نێو سوریادا بە شێوەیەکی ڕۆشن هەم پێکەوە گرێ دەداتەوە وەهەم بەپیی ساتە جیاوازەکانی ئەم قۆناغە ڕاگوزەرە، سیاسەتی دروست دیاری دەکات. کۆمۆنیزم لە هیچ کات و هەلومەرجێکدا بۆی نیە وە ناتوانێت بچێتە پال ئەمریکا و بەرەکەی یان ڕوسیاو بەرەکەیەوە، کۆمۆنیزمی ڕیخراو هەمیشە لە هەولی ئەوەدایە کە بەر بەم جەنگە بگرێت و لەم ڕیگایەوە هەول بدات ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی کرێکار بەهیزتر بکات و ئامادەی بکات بۆ شەڕی دەسەڵات.

دووەم: یاریکردن و گرەو دانان لەسەر وولاتانی زلهێزو جیاوازی نێوانیان: ناسیونالیزمی کورد بە هەموو هێزەکانیەوە مان و نەمانیان لەسەر جیاوازی و ناکۆکیەکانی نێوان ووڵاتانی ناوچەکە بوە. ئەمرۆ لەوە گەورەترو زیانبارتر مان ونەمانیان بەستۆتەوە بە زلهێزانی جیهانەوە. ” پەیەدە” لەسەرەتاوە بە ئەمری واقع، بوە خاوەنی ناوچەیەکی گەورەو هێزێکی بەرچاو، پارەو پول و تەقەمەنی. بەئەمری واقع، واتە بەپیی هەلومەرجەکە لەسەرەتاوە حکومەتی سوری لاواز بوو، ئەو ناوچانەی بەپێی ڕێکەوتنێک خستە ژیر دەستی ئەوان. لەم نیوەدا پارەو پول وکۆمەکی دەکردن، تائیستاش کۆمەککردنی حکومەتی سوریا بەردەوامە ئەگەرچی بەشیوەیەکی کەمتر. ” ئەمری واقع” واتە لە لایەن ” پەیەدە” وە تنازلێکی سیاسی بەرچاو نەکراوەو هێز هاوسەنگیەکی دیاریکراو سەپاندویەتی. کە ئەمە نەک جێگای ڕەخنە نیە، بەلکو سیاسەتێکی دروست وە ژیرانە بوو. کەس هەیە ئەوە نەزانێت کە ئەمریکا هەمیشە حسابی قازانج و زەرەر دەکات و سیاسەت و بەرژەوەندی خۆی تەنها پێوەرە، نەک هیچ شتێکی دیکە.

بەلام دواتر ” پەیەدە” بە بەرچاوی حکومەتی سوریاو ڕوسیاوە پیش لەشکری بۆ ئەمریکا دەکات لە ڕەقەو دیر ئەلزور!! لەشەری کۆبانیدا لەو تارێکدا ئاماژەم بەوەدا، وهیوام خواست کە ئەم هێزە بەتەواوی پێی نەخزێت، بەلام خزا. ئیستا چارێکی نیە، یان دەبێت بەلاوازی خۆی تەسلیمی سوریا بکاتەوە لەڕیگای ڕوسیاوە بێت یان راستەوخۆ، و بە تەسلیم کردنی هەموو چەکەکانی یان دەبێت چاوەروانی هێرشی یەک لەدوای یەکی تورکیا بێت و لەمبارەوە وەرەقەی سیاسی هێجگار کەمی لە بەردەستە. مەگەر شانسی ئەوە بهێنێت هەلومەرجی تورکیا تێک بچێت، کە ئەویش ئەگەر ماوەیەکی کورت لە بەرچاو نەگرین لە دوا ئەنجامدا بە زەرەر بۆ خەڵکی ناوچەکە دەشکێتەوە.

لێکترازانی هەلومەرجی تورکیاو بەبێ بوونی ئەلتەرناتیڤێکی باشتر، هەلومەرجی ناوچەکە بەرەو لێکترازانێكی خەتەرناکترو مەرگبارتری ئەمنی و سەربازی زیاتر دەبات. لەمبارەوە سیاسەتی پەکەکە جیگای سەرنجدانە. پەکەکە لە زمانی موراد قەرەیلانەوە بە ئاشکرا دەڵیت و بانگەوازی حزبەکانی کوردستانی ئێران دەکات کە لەم هەلومەرجەدا ڕووی چەکیان نەکەنە کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە بە قازانجی تورکیاو سعودیە تەواو دەبێت.
قسەکانی ئەم بەرێزە هەم ڕاستی ئەم بوچونەی ئێمە دەسەلـمێنیت لە لایەک وەهەم سەرلێشوایی ئەم بزوتنەوەیەو ڕابەرانی. لە سوریا ” پەیەدە” لە گەڵ ئەمریکایە، لە قەندیل پەکەکەو پژاک لە گەڵ ئێران، لە کوردستانی عیراق ‌هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دابەشبون. یەکێک لە ئەنجامەکانی چونە پیشەوەی ئەم هەلومەرجە لە سوریا یان لەتبونی ” پەیەدە” یە بەسەر دووباڵدا و جیابونەوەی باڵی سەربازیەتی، لە باڵی سیاسی بەهۆی ئەوەی لە ژێر فشاری شەڕدایە…یان تەسلیمبونی باڵی سیاسیە بە باڵی عەسکەریەکەی، بۆ نیشاندان و پاراستنی یەکریزی. ئەم لینکەی خوارەوە قسەکانی بەریز موراد قەرەیلانە بە تۆمارکراوی.
https://www.facebook.com/firooz.mamoei/videos/2099148903445170/ بۆ زیاتر تێگەیشتن لە ناوەرۆکی چینایەتی و بورژواییانەی ” پەکەکە” سەرنج بدە وتاری ” لە وەڵامی دووپرسیاردا، تایبەت بە پککا و یەدەپە- سامان کەریم” ٢٥ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ . مالپەری دەنگەکان.

سێهەم: وێرانکردن و کۆمەلکوژی وتێرمی ” ئینسانیەت”: ئەگەر باس لە کوشتنی ئینسانە، وە باس لە ئینسانیەتی ” ئینسانە” ئەوە کاولکردنی موسڵ و دیر ئەلزۆرو ڕەقە هەموویان جیگای ئیدانە و مەحکوم کردنن. هەموویان ئینسانی لێ یە. جا عەرەب یان کورد یان شیعە یان سوننە، درزی و سریانی و کلدانی و کاسۆلیک و ئەرسەدۆکس، یەزیدی و تورکمان…. هەمووی مەحکومە لە ڕوانگەی ئینسایەتی کرێکارەوە، بەلام ئینسایەتی بورژوایی، جیاوازی هەیە دەکەوێتە دوای بەرژەوەندی ئاراستەی سەرمایە بە پێی پۆرالیزیۆنی هێزەکان. مارکس لە کاتی خۆیدا وەلامی ڕۆشنی بە تێرمی ” ئینسانیەت” دواەتەوە وەک مەفهومیکی بورژوایی. چینی کرێکار ئینسایەتی تەواو جیاوازە.

لە عەفریندا مەسەلەی “ئینسانیەت” دەکشێت و فراوان دەبێتەوە، لە ژێر ناوی ئەوەی کە مقاوەمەتی لێیە. ئەم ڕوانگەیە، وانیشان دەدات کە پاریزگاری لە عەفرین و پاریزگاری نەکردن لە شوینەکانی دیکە هۆکەی ” مقاوەمەتە”. بەلام باسەکە باسی ئینسانیەتە یان مقاوەمەت؟! ئەم ڕوانگەیە بەرگریکردنەکەی لە ئینسانیەت مەرجدارە بە ” مقاوەتەوە”، کەواتە باسی ئینسانیەت لێرەدا دەچیت بە هەوادا. پاشان ئەگەر مقاوەمەتە. وە لە شوێنی دیکەش ئاماژەم پێکردوە، تورکمانەکانی شارێکی بچووکی وەک ئامرلی (شارێکی تورکمان نشینی بە مەزهەب شیعەیە لە عیراق!!) دوو مانگی تەواو لەژێر گەمارۆی داعشدا بوون مقاوەمەتێکی باشیان کردو داعش هەر بۆی نەگیرا … بەڵام کەسێک نەیوت دەستان خۆش بێت؟! بە جیا لەوەی کە دەکرێت ئاماژە بە چەندین شارو چاروچکەی دیکە بدەین لەمبارەوە بە تایبەت لە سوریا. لە دوا ئەنجامدا دەگەینەوە سەر ئەوەی ئەم کۆمۆنیزمە هەم کاولكاریەکەی وەهەم بەرگریکردنی لە مقاوەمەت، مەرجدارە کە ” کورد” یان ” کورد” پێکهاتەی سەرەکی بێت تیایدا. ئەگەر نا چاوی نایبینێت. ئەمە نوسراو نیە تەجروبەیەکی زیندوی ئەم ٦-٧ ساڵەیە.

بەم پێیە سیاسەتی کۆمۆنیستی تەواوی هەلومەرجی لەبەرچاوە، وە لەسەر پایەی بەرەژەوەندییەکانی بزوتنەوەی خۆی، بزوتنەوەی چینایەتی کرێکار هەنگاو بەهەنگاو دەچیتە پێشەوە. بەرگری لە عەفرین دەکات، بەلام ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی نەک دەبێت ڕابگرێت، بەڵکو لەهەر ئالوگۆرو ڕوداوێکدا، قەیران و تەنگژنەی بورژوایی بە قازانجی بزوتنەوەکەی بشکێنێتەوە. لەهەموو ئاڵوگۆرەکاندا پیویستە لە ئاستی پراتیکدا سنورێکی ڕۆشنی چینایەتی هەبێت. کۆمۆنیزم دەتوانێت لەهەر مەیدانێکدا هێزی سەربەخۆی خۆی نیشانی کۆمەڵگا بدات، بە پراتیکی سەربەخۆی چینایەتی. لە عەفریندا دەکرا، دەیان شیوازی کاری جیاواز نیشان بدرێت، کە مەیدانی کاری ناسیونالیزم نین، یان لایەنی کەم لەباری مێژوویەوە نەبوون. سەرنج ڕاکێشانی یەکیتی و سەندیکا کرێکارییەکان و هاوپشتیان بۆ خەلکی عەفرین و دژی تورکیا، نمونەی کارێکی هێجگار جیاوازو رۆشنە، ئەمە تەنها نمونەیەکە، کە بەداخەوە کەم کاری لەسەر کراوە، پێویستە دەستی بۆ ببرێت وکاری لەسەربکرێت لەهەر ڕوداو شەرێکی دیکەدا، لە ئێستاوە زەمینە سازی بۆ بکرێت.

سیاسەتی مارکسستی لە سوریاو ناوچەکەدا، ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنەیە لە بەرانبەر هەردوو بەرەکانی جەنگدا، هەم بەرەی ئەمریکاو هاوپەیمانانی و هەم بەرەی ڕوسیاو هاوپەیمانانی. وەستانی جەنگ بەشیوەیەکی فەوری، لە ئێستادا سیاسەتێکی دروستی مارکسستیە لە هەموو بەرەکانی جەنگدا، نەک تەنها لە عەفرین و مەنبەج و کۆبانی، بەلکو لە هەموو جێگایەک کە شەری لێ یە لە ناوچەکەدا. وەستانی جەنگێک کە ئامرازی دەستی ووڵاتانی زلهێزە بۆ دابەشکردنەوەو رێخستنەوەی جیهان و ناوچەکە، سەدان هەزار ئینسانی تێدا کوژراوەو ملێونەهاشی ئاوارەو بێ خانەو لانەکردوە، کارێکی فەوری کۆمۆنیزم بزوتنەوەی چینی کریکارە. کاری کۆمۆنیستی و هەر هێزیکی کۆمۆنیستی لە هەر ووڵات و ناوچەیەکدا کە هەیە، پیویستە مەسەلەی سەرەکی خۆی کە دەسەڵاتە لە گەڵ بورژازی خۆییدا ببڕێنێتەوە. ئەمە مەسەلە و سیاسەتی سەرەکی ئێستایە وە کلاسیکی یە لە هەمانکاتدا. لە دڵی هەلومەرجێکی ئاوهادا کۆمۆنیزمێکی پشت بەستو بە هێزی چینایەتی خۆی دەتوانی هەنگاوی بەرچاو بنێت.

٤.٤.٢٠١٨

مالپەری دەنگەکان

Previous
Next
Kurdish