Skip to Content

مەرگی ڕەخنەگر … حەمە مەنتك

مەرگی ڕەخنەگر … حەمە مەنتك

Closed
by نیسان 9, 2018 General, Literature

لە سەرەتای پەیدابوونی مێتۆدی بونیادگەرییدا، چەمکێکی تازە دێتە ناو بواری ڕەخنەی ئەدەبییەوە، ئەویش چەمکی (مەرگی نووسەر)ە. (ڕۆلان بارت) بە داهێنەری ئەم چەمکە دادەنرێت. ئەم تیۆریزانە بەم چەمکە ڕووبەڕووی ڕەخنەگرانی پێش خۆی بوویەوە، بەوەی چیدیکە، بۆ هەڵینجانی واتای دەق نابێ بۆ ژیانی نووسەر بگەڕێینەوە، بەڵکوو دەبێ ڕوو لە خودی دەق بکەین. لێرەدا دەق دەبێتە ناوەندی توێژینەوە. لێرەوەیە مەرگی نووسەر ڕادەگەیەنرێت.

ئەوەی ئێستا لە توێژینەوەی ڕەخنەییدا دێتە پێشەوە، چەمکێکی تازەیە، بە ناوی (مەرگی ڕەخنەگر). ئەم چەمکە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبی (مەرگی ڕەخنەگر)ی (ڕۆنان ماکدۆناڵد) بڵاو دەبێتەوە. ئاشکرایە ڕەخنە کۆمەكی باشی خوێنەر بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەدەبی دەکات. ئەم ناونیشانە ڕاستە وەکوو ناونیشانێکی گشتی دەردەکەوێت، بەڵام نووسەر پتر مەبەستی ڕەخنەی ئەکادیمییە.

دەمەوێ بڵێم ئەم نووسەر و ڕەخنەگرە ئەکادیمییە باس لە نائامادەیی ڕەخنەی ئەکادیمی لە مەیدانی توێژینەوەی ئەدەبییدا دەکات. بە شێوەیەك لاپەڕەی ڕۆژنامەکان جێی ئەم جۆرە ڕەخنەیان گرتۆتەوە. بۆیەیش (ماکدۆناڵد) دەڵێت: ((سووپایەك لەو کەسانەی بەردەوام مەیلیان بۆ لاپەڕەی ئەدەب و هونەر لە ڕۆژنامەکاندا هەیە. هاوکات ئەم بەرپەرچدانەوە ڕەخنەییە تەنێ لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا قەتیس نییە، بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا خوێندنەوە و کتێب داواکردن لە ئینتەرنێت زۆر بڵاوە. کۆمپانیای ئەمازۆن هانی خەڵک دەدات سەرنجی خۆیان لەبارەی ئەو کتێبانەی لەوێدا دانراون بنووسن.)) [ماکدونالد، ٢٠١٤، ص٢٤] نووسەر مەبەستی لەم چەمکە ئەوەیە ڕەخنە خەریکە جەوهەر و ئەرکی خۆی لە دەست دەدات، بەوەی هەموو کەسێک بواری ئەوەی هەیە بۆچوونی خۆی دەربڕێت. ئەم بۆچوونانە دەکرێ لە چوارچێوەی سەرنجدا هەژماریان بکەین، بەڵام ناکرێ وەکوو ڕەخنەیەکی ئەکادیمی تەماشایان بکەین.

دیارە مەبەستی من لە چەمکی ڕەخنەی ئەکادیمی بەو واتایەی لە زانکۆکانی کوردستان هەیە، نییە، بەڵکوو بەو تێگەیشتنەی لە ئەورووپا هەیە. ئەگەر لە تێڕوانینی ئەم نووسەرەوە لە بارودۆخی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بنۆڕین، ئەوا ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان پشکی شێریان لە مەرگی ڕەخنە و ڕەخنەگر بەر دەکەوێت. ئەو توێژینەوانەی بە ناوی نامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان لە ئەدەبیاتدا دەنووسرێن، زۆربەیان هێندە لاوازن، هێندە سواو و سادەن، هیچ زیادەیەك ناخەنە سەر خەرمانی ڕۆشنبیریی خوێنەر. ئەمە هەمان ئەو دەردەیە، کە (ماکدۆناڵد) باسی دەکات، بەوەی دەسەڵاتی ئەکادیمی لە ڕۆشنبیریی خەڵکدا خەریکە هەرەس دەهێنێت. ئەرکی ناوەندە ئەکادیمییەکان بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی ڕۆشنبیرییە.

بۆیەیش ئێستا ئێمە بە دەست خوێنەرگەلێکی ناپسپۆڕ دەناڵێنین. خوێنەرانێك لە بوارەکەدا پسپۆڕ نین، کەچی سەرنج بەناوی ڕەخنەوە دەنووسن. ئەم نووسەرە پێمان دەڵێت، ڕەخنەگر دەبێت کەسێکی پسپۆڕ بێت، خاوەن تێز و تێڕوانین بێت. بە بڕوای ئەو ڕەخنەی ئەکادیمی لەسەر بەها و نرخ وەستاوە، ئێستا ڕۆڵ و تێکۆشانی ئەم ڕەخنەیە لە پاشەکشەدایە، بەوەی ڕەخنەی ڕۆشنبیریی لە برەودایە. کاتێک گوتمان خوێنەری پسپۆڕ، مەبەستمان ئەو خوێنەرەیە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا وەکوو پسپۆڕ کاردەکەن. خوێنەرانی ناپسپۆڕ هەمیشە تینوون بەو بۆچوونانەی ڕەخنەگر دەیاننووسێت.

بۆیەیش هەموو ئەوانەی بەناوی توێژینەوەی ڕۆشنبیرییەوە (بە بۆچوونی نووسەر) دەنووسرێن، هەوڵێکن بۆ هەرەسهێنانی ڕەخنەی ئەدەبی، لەوێدا بەهای ئەدەبی و تێڕوانینی ئێستاتیکی لە دەقەکاندا نامێنێت. لەم کتێبەدا نووسەر گرینگی زۆر بە بەها و تیۆری ئەدەبی دەدات، بەتایبەتی لە ئەفلاتوونەوە تا پێش قۆناغی توێژینەوەی ڕۆشنبیریی. بۆ نموونە ئەو تیۆرەی (کانت) لەبارەی بەهای جوانیناسییەوە پێشکەشی دەکات (ل٧٥). بۆیەیش ڕەخنەگری پسپۆڕ بە مەعریفەیەکی فراوانەوە بەها و نرخی دەق بە شێوەیەکی کۆنکرێت و ورد دیاری دەکات. ئەم کتێبە کار لە ناوەڕۆکی ڕۆشنبیریی و ئەکادیمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، بەوەی ڕۆڵی ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیریی لەسەر خەڵک چییە؟

ڕەخنەی ئەدەبی لە ساڵانی چل و پەنجا و شەستی سەتەی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی بۆچوونگەلی ئەکادیمی و پسپۆڕییدا خۆی دەبینییەوە، دواتر بۆ بۆچوونی تاکەکەسی ناپسپۆڕ گۆڕدرا و بەهای ڕەخنەیان قۆرخ کرد. کێشەکە لەوەدایە ڕەخنەگری ئەکادیمی نەک هەر جێی خۆی چۆڵ کردووە، بەڵکوو کۆی ئەو شتانەی پێوەندی بەوەوە هەیە جێیهێشتوون. بەمەیش ماوە و بەینێکی لە نێوان خۆی و ئەو خوێنەرانەی تینووی بۆچوونەکانی ئەوانن دروست کردووە. بۆیەیش ئەم کارەی بۆ ڕەخنەگری ڕۆژنامەوان و ناپسپۆڕ جێهێشتووە. هاوکات بۆ هێندێ پێشکەشکاری بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان، کە بڕیارەکانیان کاریگەریان لەسەر چێژی خوێنەر هەیە.

بێگومان ڕەخنەگر کەسێکە لە قسەکردن و ناسینەوەی شێوەکانی ئەدەب لە ئێمە شارەزاترە، هاوکات بۆچوونەکانیشی جێی بایەخن و بە هەند وەردەگیرێن. هێندێ پرسیاری جەوهەری لەم کتێبەدا هەن دەبێ بخرێنەڕوو: ئایا بەها و نرخی ئەدەبی بە بڕیاردانی ئێمە، بەوەی کام دەقمان پێ جوانە کاممان پێ خراپە بەندە؟ دەکرێ ئێمە بڕیار لەسەر بەهای هونەری دەق بە پشتبەستن بە پێوەرە بابەتی و دەرەکییەکان بدەین؟ (ماکدۆناڵد) وەرامی ئەم پرسیارانەمان لەناو کتێبەکەیدا دەداتەوە.

هاوکات خەمی ئەوەیەتی، ئەو ڕەخنەگرانە لە نیوەی سەتەی بیستەمدا وەکوو مامۆستای زانکۆ لە ناوەندە ئەکادیمییەکان کاریان دەکرد، هاوکات کتێبیان دەنووسی، کتێبەکانیان ئاراستەی خوێنەرانی نائەکادیمی دەکرد، کاریگەری گەورەیان لەسەر بەرهەمهێنانی تێزی ڕەخنەیی ئەدەبی هەبوو. بەڵام لە ئێستادا نموونەی ئەو کەسانە زۆر کەمن، زۆر کەم لە واقیعی ڕۆشنبیریی ئێستا ئامادەییان هەیە. لە بەشی سێیەمی کتێبەکەی (ماکدۆناڵد) زۆر بە جوانی کاری لەبارەی گەشەی ڕەخنەی ئەدەبی لە زانکۆکان و دەرەوەی زانکۆکان لە سەتەی بیست کردووە. بۆیەیش ڕەخنەی ئەکادیمی لەو کات وەکوو کێڵگە و ناوەندێك لە ناوەندە مەعریفییەکان ڕۆڵی هەبووە.

لێرەوە دەمەوێ بڵێم، ئەوەی ئێستا لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان دەگوزەرێ، بەشی هەرە زۆری ڕۆڵیان لە کوشتنی بیرکردنەوەی قوتابییدا هەیە، چونکە زۆربەی ئەوانەی بە ناوی مامۆستای زانکۆوە خەریکن ڕۆڵی کەسانی ئەکادیمی دەبینن، وەکوو شوێنی نان پەیداکردن و کاسبی هاتوونەتە ناو زانکۆ. زۆربەیان حیزب بۆ مەرامی خۆی فڕێیداونەتە ئەوێ، هاوکات بۆ وەرگرتنی مووچەی باش و زەوی لەوێ کار دەکەن.

لێرەوە دەبێ سپاسمان بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە دەرەوەی زانکۆکان خەمی ئەدەب و ڕەخنەی کوردیان بووە و هەوڵیان داوە. ئەوەی لە ناو ئەدەبی کوردی بە ناوی ڕەخنەوە دەخرێتە بازاڕەوە نە ڕەخنەی ئەکادیمییە بە واتا ماکدۆناڵدییەکەی و نە ڕەخنەی نائەکادیمییە. ئەوەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەکادیمیا ڕوودەدات، بۆچوون و سەرنجن، پێوەندیان بە چێژی تاکەکەسییەوە هەیە، ئەمە ڕاگەیاندنی مەرگی ڕەخنەگرە.

ڕەخنەگر پێشان ڕۆڵێکی گرینگی لە مێژوو، هونەر و ئەدەبیاتدا هەبوو، بەڵام ئێستا بە هۆی بوونی شوێنی وەکوو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لاپەڕەی پاشکۆ ئەدەبییەکان بۆ کەسانێک، کە پسپۆڕ نین لەو بوارەدا، ڕەخنەگر ئەو ڕۆڵەی زۆر کز بوو. کەواتە ئەوەی جاڕی مەرگی دەردرێت، ڕەخنەگرە نوخبەکەیە، کە کاریگەری لەسەر ڕەوتی مەعریفە و چۆنیەتی بەرهەمهێنانی تێز هەیە.

کەسانێکی دیکە جێی دەگرنەوە، کە تەنێ خەریکی سەرنجنووسینن، سەرنجەکانیشیان بە مەعریفە و تێز پشت ئەستوور نییە. ئەگەر ئەمە بۆ ئەدەبیاتی ئەورووپی و ئەمریکی (لە دیدی ماکدۆناڵد)ەوە ڕاست بێت، ئەوا بۆ ئەدەبیاتی کوردی بە دووسەر زەرەرە، چونکە ئێمە تاکوو ئێستا لەناو ئەو ناوەندانەی بە ئەکادیمیا دادەنرێن (هێندەی من ئاگەدار بم) ڕەخنەگری پسپۆڕمان نەبوو، ئەوەی هەبووە لە دەرەوەی ئەکادیمیا بووە. ئەوەی ئێستایش بەسەر ڕەخنەی کوردییەوە زاڵە ئەو هەرواودەنگەیە بەناوی ڕەخنەوە بڵاو دەکرێنەوە، کە زۆربەیان بنەمایەکی تیۆرییان نییە، تەنێ لە چوارچێوەی سەرنج تێپەڕ ناکەن.

——————————–
سەرچاوە:
• ماکدونالد (رونان)، ٢٠١٤، موت الناقد، ترجمە: فخری صالح، المرکز القومی للترجمە، القاهرە.

Previous
Next
Kurdish