Skip to Content

چیرۆک بۆ منداڵان … زێـڕ و زەوی …. نووسینی: رەزا شوان

چیرۆک بۆ منداڵان … زێـڕ و زەوی …. نووسینی: رەزا شوان

Closed
by نیسان 11, 2018 General, Kids Literature

مـام پیـرۆت پیاوێکی بە تەمەن بوو، لە دێیەکی کوردستان دا دەژیا. دوو کوڕی هەبوو.
کوڕە بچووکەکەی ناوی هەڵۆ بوو، گەورەکەشی دیاکۆ. رۆژێک هەردووکیانی بانگکرد.

مـام پیـرۆت: کوڕە شیرینەکـانم، ئەوەی هەمە، کیـلۆیەک زێـڕ و پارچـە زەوییەکی گەورەیە، وەک دەزانن، لە ناوەڕاستی زەوییەکەشماندا، بیڕێکی ئـاوی لێیە.. بۆ ئێـوە بەجێیان دەهـێـلم.. خۆتـان رێکبکەون و برایانە بەشیان بکەن.
هەڵـۆ: من زەویـم ناوێت، زێـڕەکەم دەوێت.
دیاکـۆ: کەوتا زەوییەکەش بۆ منە.
لە دوای ساڵێک مـام پیـرۆت کۆچی دوایی کرد. هەڵۆ کیلۆ زێـڕەکەی هەڵگرت، دیاکۆش زەوییەکە.
هەڵـۆ: ئەم کیلۆ زێـڕە بەسمە، تەواو نابێت، پێویستیم بە کارکـردن و بە خۆماندووکردن نییە.. چیم لە ژیـانی دێ داوە.. دەچـم لە شاردا دەژیـم.
هەڵۆ کیلۆ زێـڕەکەی کردە کیسەیەکی پەڕۆوە و لە باخەڵیـدا قایمیکرد، ئینجا باوەشی لە دیاکۆی کـاکی دا و ئەملا و ئەولای ماچکرد، ماڵئـاوایی لێکرد و بەرەو شار کەوتەڕێ.

دیاکـۆ: هەر لە ئەمڕۆوە دەست بە کارکـردن دەکەم.. لایەکی زەوییەکەم دەکەم بە گەنـم، لایەکەی تریشی دەکەم بە بـاخ و رەخ و بێسـتان.
دیاکۆ دەستیکرد بە کێـڵان و تـۆوکردن و ئـاودانی زەوییەکەی.. رۆژانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە ئیشی تێیدا دەکـرد.. خزمـەت و بـژاری بـاخ و بێستانەکەی دەکـرد.. زەوییەکەی ساڵ لە دوای ساڵ بەرهـەمی باشتر و زیاتری دەدا.. پـارەیەکی زۆری لێ دەستکەوت.. بەشێکی زۆری لاوانی دێیەکەشیان بە رۆژانە کاریان لە باخ و بێستانەکەیدا دەکـرد.. نەمامێکی بـەرداری هەمەچەشنەی زۆریشی کـڕی و بە دەوری زەوییەکەیدا چانـدنی، گەورەبوون و بوون بە دار و بەریان گـرت.. هێندەی تر دەوڵەمەنـد و پـارەدار بوو.. بەرچـاوتێر و دەست و دڵ باشیش بوو، یارمەتی هـەژارانی دێیەکەیانی دەدا.
بەڵام هەڵۆ لە شاردا کاری ناکرد، هەر لە زێڕەکەی خەرج دەکرد.. زێرەکەشی تا دەهات کەمـتر دەبۆوە.. تا رۆژێـک دەستی کرد بە گیرفـانی دا، زێـری تێدا نەمابوو.. کاریشی دەست نەکەوت.. بە ناچـاری گەڕایەوە بۆ دێیەکەیـان.. رووی لە ماڵی کاکی کرد.. دیاکۆ زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکرد.. زانیشی کە مایەپـووچ بووە.
دیاکـۆ: بـرا گیان خەم مەخۆ.. نایەڵـم بێ پـارە و بێ خـەرجی بیت.
هەڵـۆ: جا تۆ زەویت هـەیە.. خـۆڵ ناگات بە زێـڕ.. خـۆڵ لە کوێ و زێـر لە کوێ.
دیاكـۆ: وا نییە، تـۆ هەڵـەی، ئەو کیلۆ زێـڕەی کە تـۆ هەڵتگرتەوە، باوکمان بە کـار و بە ماندبوونی لەم زەوییەدا دەستی کەوتبوو.. زێـڕ و هەموو کانەکـانی تریش هەر لە زەویدا هـەن و دەردەهێـنرێن.. منیش بە کارکـردنم لەم زەوییەدا دەوڵەمەند بوومە.
هەڵـۆ: جا زەوی تـۆ بە مـن چـی؟
دیاکـۆ: واز لەم قسانە بهـێنە.. تۆ بـرای خۆشەویستمی.. هەر لە بەیانییەوە.. پێکەوە لە زەوییەکەماندا کـاردەکەین و.. چیـمان دەستبکەوێت بـرایانە بەشی دەکەین.
هەڵۆ باوەشی لە دیاکۆ دا، ئەمـلا و ئەولای یەکتریان ماچکرد.. زۆریش سوپاسی کرد.
هەڵـۆ: کـاکە گـیان تـۆ راست دەکەیت.. زەوی لە زێـر باشـترە.

نەرویـج: ٢٠١٥

Previous
Next
Kurdish