Skip to Content

130 Views

خوێندنه‌وه‌ی شیعر یان بێ ئاگایی له‌شیعر؟… سه‌دیق سه‌عیدڕواندزی

خوێندنه‌وه‌ی شیعر یان بێ ئاگایی له‌شیعر؟… سه‌دیق سه‌عیدڕواندزی

Be First!
image_print

چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر(كه‌ئێستاش كاریگه‌رییه‌كانی ماوه‌)نووسینی شیعربووبه‌ دیارده‌یه‌ك و زۆربه‌ی كه‌س به‌تایبه‌تیش گه‌نجه‌كان، به‌ خه‌یاڵی خۆیان شیعریان ده‌نووسی. تائه‌وڕاده‌یه‌ی كه‌سێك كتێبێكی خوێنده‌وه‌، یان شكستی له‌ ئه‌زموونێكی سۆزداری خوارد، ئیدی بوو به‌شاعیر. تائه‌و ئاسته‌ی شیعر له‌ چێژوجوانی كه‌وت وئێستا به‌داخه‌وه‌ خوێنه‌ری شیعر كه‌م بووه‌ و به‌ده‌گمه‌ن ده‌قێكی شیعری جوان ده‌بینین.ئه‌م تۆرانه‌ی خوێنه‌ر له‌شیعر به‌رمه‌بنای زۆربوونی شیعر بوو.ئه‌م دیارده‌یه‌ ئێستاخه‌ریكه‌ له‌ شیعره‌وه‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ بواری ژانڕی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی.به‌وه‌ی به‌هه‌مان شێوه‌ی شیعر، هه‌ركه‌سێك دووكتێبی خوێنده‌وه‌، دوو سه‌رچاوه‌ی له‌ نووسینه‌كانی به‌كارهێنا، ئیدی به‌بڕوای خۆی ده‌بێته‌(توێژه‌رولێكۆڵه‌روشڕۆڤه‌كاری)شیعر.بێ ئاگاله‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی هه‌رده‌قێكی ئه‌ده‌بی به‌گشتی و ژانری شیعریش به‌تایبه‌تی،تواناو پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری وهزری ده‌وێت.

چونكه‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی شیعر،پرۆسه‌یه‌كی قوڕس ئاڵۆزه‌ له‌هه‌مووڕووه‌كانه‌وه‌.كه‌زۆرجارته‌نهاكۆپڵه‌یه‌كی شیعری ئه‌وه‌ ده‌هێنێت چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی بۆبكرێت. ئه‌ركی خوێنه‌رو لێكۆڵه‌ری شیعر، هه‌رته‌نهادیاریكردن و خوێندنه‌وه‌ی دنیابینی و بابه‌تی نێو ده‌قی شیعری نییه‌،به‌ڵكو ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌ودیده‌ هه‌ڵانه‌شه‌،كه‌ڕه‌نگه‌خودی نووسه‌رخۆشی دركی پێنه‌كردبێت.گه‌لێك جار له‌بڵاوكراوه‌كاندا، چه‌ندین نووسین به‌ناوی خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعر ده‌بینم،سه‌یرم پێدێت كه‌كه‌سانێك هه‌بن هێنده‌ به‌ساده‌یی و ساكاری له‌خوێندنه‌وه‌ی شیعر گه‌یشتبن. به‌ومانایه‌ی لایان وایه‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعرهه‌رته‌نها شڕۆڤه‌كردنی ئه‌وگوتاره‌دیاره‌یه‌ كه‌له‌شیعره‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌یه‌.به‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ی دیوه‌شاراوه‌كه‌ی دیكه‌ی شیعركه‌ئه‌مه‌شه‌ ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ و بابه‌تییانه‌ لێكۆڵه‌ری ئه‌ده‌بی. له‌ڕاستیدا،ده‌بێ ڕێگه‌بگرین له‌وه‌ی هه‌كه‌سێك دووسێ قسه‌ی له‌باره‌ی شیعره‌وه‌كرد،ئیدی ئه‌وه‌توێژه‌رو لێكۆڵه‌ری ئه‌ده‌بییه‌.نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ حه‌زنه‌كات به‌ده‌یان ڕه‌خنه‌گرو لێكۆڵه‌رمان هه‌بێت،به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌و شێوه‌نووسینه‌ ڕه‌تبكرێته‌وه‌له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی ڵێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیش به‌ده‌ردی شیعر نه‌چێت وهه‌موو كه‌س بوێری نووسینی هه‌بێت. ئه‌وه‌ی هانیدام بۆنووسینی ئه‌م وتاره‌، نووسینێكی به‌ڕێزێك بوو به‌ناوی(خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ شیعره‌كانی ژماره‌ سێی گۆڤاری كه‌لێن) كه‌(خه‌لیل سه‌لیم)نووسیویه‌تی و له‌ ژماره‌ سێی هه‌مان گۆڤار بڵاو بۆته‌وه‌.
ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌نووسه‌ر بۆماوه‌یه‌ك شیعره‌كانی لابووه‌ و سه‌رنجی داون.چونكه‌ هه‌م شیعره‌كان، هه‌میش وتاره‌كه‌ی ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌هه‌مان ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌بڵاوبوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام پرسیاری من وه‌ك خوێنه‌رێك(نه‌ك نووسه‌رێك)ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆئه‌مه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ نووسیویه‌تی به‌ڕاست خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانه‌؟ئایا خوێندنه‌وه‌ی شیعربه‌و ئاسانیه‌یه‌ كه‌ ئه‌وتێی گه‌یشتووه‌؟به‌ده‌ربڕینێكی ترده‌كرێت ده‌قێكی ئه‌ده‌بی درێژكورت بكرێته‌وه‌ له‌چه‌ندین ڕوانینكی ساده‌ ودواتریش ناوی بنێین خوێندنه‌وه‌ی شیعر؟ هه‌ربۆنموونه‌:یه‌كێك له‌و شیعرانه‌ له‌(198)دێڕه‌ شیعرپێكهاتووه‌. كه‌چی ئه‌وبه‌ڕێزه‌ ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی دووڵاپه‌ڕه‌ی (نیو ئه‌ی فۆر!)خوێندنه‌وه‌ی بۆ شیعره‌كه‌ كردووه‌.

به‌هه‌مان شێوه‌، شیعرێكی دیكه‌یان له‌(87)دێڕه‌ شیعر پێكهاتووه‌،كه‌چی به‌یه‌ك ڵاپه‌ڕه‌ی ئه‌ی فۆرخوێندنه‌وه‌ی بۆ شیعره‌كه‌ كردووه‌. لێره‌دا ئێمه‌ ناچینه‌وه‌ سه‌رشیعره‌كان، چونكه‌نه‌(سه‌لیقه‌)ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وجۆره‌ شیعرانه‌مان هه‌یه‌نه‌كاریشمان پێیانه‌. ته‌نها ده‌مانه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی كورت له‌ئاست وتاره‌كه‌ی خه‌لیل سه‌لیم دابكه‌ین. چونكه‌ ئاساییه‌ ئه‌وشاعیرانه‌ بۆخۆیان چۆن شیعرده‌نووسن و چۆن له‌شیعرگه‌یشتوون!به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاسایی نییه‌ كه‌سێك بێت شوناسی(ئه‌فراندن_ ته‌كنیكی نوێ_فه‌لسه‌فاندن_ئاگایی شیعری)و ده‌یان پێناسه‌ی قه‌به‌ی تربداته‌ پاڵ ئه‌وشیعرانه‌،به‌بێ ئه‌وه‌ی خودی شیعره‌كان هه‌ڵگری ئه‌و چه‌مكانه‌ بن.

ئاخرجێگه‌ی پێكه‌نینه‌ كه‌سێك پێی وابێت بۆیه‌ شیعرێك سه‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ به‌فۆڕمی گران نووسراوه‌.له‌كاتێكدا سی ساڵ به‌ر له‌م شاعیره‌، شاعیری به‌تواناتری تر هه‌بووه‌ كه‌نه‌ك شیعری به‌فۆڕمی گران نووسیوه‌،بگره‌ داهێنه‌ری فۆڕمه‌ شیعریه‌كه‌شه‌!. خوێندنه‌وه‌ی شیعر، ستاییش و پێداهه‌ڵگوتن وبه‌زۆر به‌رزكردنه‌وه‌ی شاعیرێك نییه‌ كه‌ڕه‌نگه‌ پاڵنه‌ری(هاوڕێیه‌تی-خزمایه‌تی-خوێندن- شارچییه‌تی)و زۆر شتی تریشی له‌پشت بێت.به‌ڵكو ڕامان،هه‌ڵسه‌نگاندن،له‌هه‌مووشی گرنگتردادوه‌ری و بێلایه‌نییه‌ له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق.نه‌بادا ئه‌‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی له‌ده‌ق ده‌گیرێت، یان ستایشكردنی ده‌قێكی جوان، ببه‌سترێته‌وه‌ به‌به‌شێك له‌و پاڵنه‌رانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكردن. كه‌به‌داخه‌وه‌ له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردیدا،هه‌ستی پێده‌كرێت. بێگومان وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد ئێمه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌سه‌رشیعره‌كان،ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆخوێندنه‌وه‌كه‌ی خه‌لیل سه‌لیم ده‌كه‌ین و له‌په‌راوێزیشه‌وه‌،بۆچوونه‌كانی نووسه‌ر له‌هه‌مبه‌رشیعره‌كه‌ به‌راورد ده‌كه‌ین به‌دنیابینی و گوتاری شیعره‌كه‌. به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا بووچوونه‌كانی نووسه‌ر یه‌كده‌گرنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شیعره‌كه‌. یاخود ئه‌و شیعره‌ له‌وئاسته‌ئیبداعییه‌دایه‌كه‌نووسه‌ر ئاماژه‌ی پێكردووه‌،یان ته‌نها ستایشی بنووسی شیعره‌كانی كردووه‌.له‌خوێندنه‌وه‌ی بۆشیعری یه‌كه‌م كه‌ (198)دێڕه‌،له‌سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌وه‌ شاعیر ده‌ڵێت:

مرۆڤ ناهێڵێت جیهان چاك بێت..
ده‌نابنه‌چه‌ی جیهان باشه‌..

ئه‌مه‌ پێنجه‌مین دێڕه‌له‌سه‌ره‌تای ئه‌وشیعره‌ی كه‌له‌ سه‌دونه‌وه‌هه‌شت دێڕه‌ شیعرپێكهاتووه‌.واته‌ ده‌سپێكی ده‌قه‌كه‌یه‌. كه‌چی ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆشیعره‌كه‌ كردووه‌ نووسیویه‌تی :(شاعیربه‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ باسكردنی دڕنده‌یی مرۆڤ).خوێنه‌ری به‌ڕێز، سه‌رنج بده‌ن له‌ده‌سپێكی شیعره‌كه‌وه‌،نووسه‌ر بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی قوڵ و فراوان بۆ شیعره‌كه‌ بكات، نووسیویه‌تی شاعیر به‌رده‌وام ده‌بێت.پرسیار ئه‌وه‌یه‌ له‌چی به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌ته‌نها دووسێ دێڕی له‌ شیعره‌كه‌ی نووسیوه‌؟ئه‌مجاره‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌نووسێت:(شاعیربه‌شێوه‌یه‌كی ئاگایانه‌ ده‌یه‌وێت باسه‌كه‌ی له‌سه‌ر شێوه‌ی سێگۆشه‌یه‌كی سه‌ره‌و ژێرچه‌قی قسه‌كانی بخاته‌ سه‌رپرسه‌كه‌). كه‌سانێك هه‌ن، خوێندنه‌وه‌ی شیعر به‌ڕسته‌ی نامۆو هه‌ڵگێرانه‌وه‌ی وشه‌و لینگه‌قوچی ڕسته‌ تێده‌گه‌ن. نازانم سێگۆشه‌ی سه‌ره‌و ژێر چ ماناو ناوه‌ڕۆكێكی بابه‌تیانه‌ی هه‌یه‌؟ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌كرێ بپرسین به‌ڕاست شاعیر به‌ ئاگاییه‌وه‌ وه‌سفی دڕنده‌یی مرۆڤ ده‌كات؟چ ئاگاییه‌ك له‌مه‌دایه‌ كه‌سێك وابزانێت جیهان باشه‌ و مرۆڤ خراپی ده‌كات؟ كه‌س هه‌یه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ نه‌زانێ كه‌له‌ دوای كوشتنی هابیله‌وه‌، ئیدی ژیان شانۆی كاره‌سات وخوێن و تراژیدیاكانه‌؟ كه‌س هه‌یه‌ درك به‌وه‌ نه‌كات مێژووی مرۆڤه‌كان له‌جیهاندا، پانتاییه‌كی هه‌ره‌گه‌وره‌ی به‌شه‌ڕو كوشتن و خوێن ده‌وره‌ دراوه‌؟ هه‌موو كه‌س نازانێ ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌بوایه‌(دنیا شامی شه‌ریف ده‌بوو)؟ ئاگایی شیعری ئه‌وه‌نییه‌ ده‌سته‌واژه‌ و دنیابینی هه‌زارجاردووباره‌ بووه‌وه‌، له‌شیعردا به‌رجه‌سته‌ بكه‌یت. به‌ڵكوئاگایی شیعری داهێنانی تازه‌ ودنیابینی تازه‌ و شیعری تازه‌یه‌.نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌په‌سنی ئه‌وشیعره‌ و ئه‌مجاره‌یان ده‌ڵێت:(له‌شیعره‌كه‌ ئه‌وه‌خویاده‌بێت كه‌شاعیر له‌مه‌رمه‌سه‌له‌ی كولتووری كۆنباوی جڤاك ڕه‌خنه‌ی توند بگرێت).ئێمه‌لێره‌دا هه‌ربه‌وپه‌ڕاگرافه‌ شیعریه‌ی شاعیركه‌نووسه‌ر پێی وایه‌ ڕه‌خنه‌ی توندی جڤاك ده‌گرێت!! وه‌ڵامی بۆچوونه‌كه‌ی ئه‌و ده‌ده‌ینه‌وه‌.تاخوێنه‌ران بیزانن به‌ڕاست ئه‌وشاعیره‌ ڕه‌خنه‌ی جڤاك ده‌كات؟ شاعیره‌كه‌ ده‌ڵێت:_

من ژیانم به‌بیركردنه‌وه‌ی زۆرو..
قه‌له‌قی زۆره‌وه‌ ده‌خۆم..
ئه‌مانه‌ به‌ردی منن..به‌ردی هه‌میشه‌ی سه‌رشانم..

ئه‌مه‌ ڕه‌خنه‌گرتنه‌ له‌ جڤاك،یان هۆگربوون و قبولكردنی ژیانێكی سواوه‌ كه‌به‌رهه‌می ئه‌وجڤاكه‌یه‌؟ ئایا هیچ جۆره‌ یاخیبوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ك له‌و كۆپڵه‌یه‌ ده‌بینرێت؟ شاعیرێك له‌گه‌ڵ خه‌مه‌كان، مه‌راقه‌كان،قه‌له‌قی هۆگرببێت ده‌توانێ كلتووری كۆنباو ڕه‌تبكاته‌وه‌؟ ئه‌م كۆپڵه‌یه‌ مرۆڤ فێری ده‌سته‌مۆیی،بێده‌نگی، دانیشتن به‌دیار ژیانه‌وه‌ ده‌كات، یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی؟ئایا ڕه‌تكردنه‌وه‌ و یاخیبوون به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ و نوێگه‌ریه‌تی ودژه‌باوییه‌،یان خۆڕاهێنان به‌دیارخه‌م و مه‌راقی ژیانی ڕۆژانه‌وه‌؟ كه‌سێك ده‌سته‌مۆی خه‌م بێت، خه‌م به‌ردی هه‌میشه‌یی ژیانی بێت، ده‌توانێت كۆنباوی جڤاك به‌تێگه‌یشتنی ئه‌و نووسه‌ره‌ ڕه‌تبكاته‌وه‌؟ شاعیرێك له‌شیعره‌كانیدا، بانگه‌شه‌ی ژیانی سواوو دووباره‌ی ڕۆژانه‌ی خۆی بكات، گاڵته‌جارییه‌ پێمان وابێت به‌توندی دژی كلتووری دواكه‌وتوویی كۆمه‌لگه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌. وه‌ستانه‌وه‌ له‌ ئاست واقیعێكی دۆگما،به‌ره‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی كۆن و باونییه‌، به‌ڵكوبه‌رهه‌می ڕوانین و گوتاری نوێیه‌.نازانم شاعیرله‌كوێوه‌ی ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ شیعریه‌دا دژی دۆگمایی جڤاك وه‌ستاوه‌ته‌وه‌تاكو بنووسی ئه‌ووتاره‌ په‌سن و ستایشی بكات. ئه‌مه‌ بێ ئاگایه‌ له‌شیعرنه‌ك خوێندنه‌وه‌ی شیعر.سه‌یرله‌وه‌دایه‌ دوای ئه‌وبۆچوونانه‌،نووسه‌رئه‌مجاره‌یان هه‌رله‌میانه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندی بۆ شیعره‌كه‌ ده‌نووسێت:_(له‌م كۆپڵه‌یه‌ به‌دواوه‌ وێنه‌یه‌كی شیعری پیشان ده‌درێت كه‌هه‌ڵقوڵاوی جڤاكی نه‌ریتی و كۆنباوه‌).له‌لایه‌كه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كۆنباو ڕه‌تده‌كاته‌وه‌،له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی دروستبوونه‌وه‌ی ده‌كات. نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌به‌ناو خوێندنه‌وه‌ی بۆشیعرو ئه‌مجاره‌یان شوناسی دژه‌ سیسته‌م و نامۆبوون و به‌پۆلیسیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ وه‌ك داهێنانێكی شیعری ده‌داته‌ پاڵ شاعیر. شاعیرله‌شیعره‌كه‌یدا ده‌ڵێت:_

سه‌ربان وسندوق وسه‌به‌ته‌كانمان پڕبوون له‌پۆلیس..
حه‌وشه‌ و حه‌مام و حاشییه‌كانمان پڕبوون له‌پۆلیس..
باله‌وه‌گه‌ڕێین كه‌ سه‌به‌ته‌ و سندوق نه‌ك هه‌رپڕنابن له‌ پۆلیس،به‌ڵكو شوێنی یه‌ك پۆلیسیشیان تێدانابێته‌وه‌!! به‌ڵام ده‌مانه‌وێت كۆمێنتی خۆمان له‌سه‌ربۆچوونی نووسه‌ربده‌ین كه‌ڕاڤه‌ی ئه‌و دێڕانه‌ی كردووه‌.
خه‌لیل سه‌لیم ده‌نووسێت:(سیسته‌م ناهێڵێت مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ژیانی خۆی هه‌بێت ئه‌وكه‌وتۆته‌ ژێر سیسته‌مه‌وه‌ سه‌ره‌نجام شاعیر له‌مرۆڤبوونی خۆی به‌قه‌ولی ئه‌و نامۆبووه‌). پرسیارئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی شاعیردژی كۆنباوی جڤاك و كلتووری باو نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ی توندی لێنه‌گرتووه‌ به‌قه‌ولی ئه‌و؟ خێره‌كه‌وتۆته‌ ژێر سیسته‌م و ته‌سلیمی پۆلیسه‌كان
بووه‌ تاڕاده‌ی به‌خۆنامۆبوون؟كه‌سێك بانگه‌شه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆن بكات، ته‌سلیمی سیسته‌م ده‌بێت؟ ئه‌مه‌ پارادۆكسه‌ له‌ نووسین و ده‌ربڕین وده‌لاله‌ته‌ له‌بێ ئاگایی له‌ ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كه‌. ئه‌مه‌له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ئایا ژیان بێ سیسته‌م ڕێكده‌خرێت؟ هیچ بوونه‌وه‌رێك هه‌یه‌ له‌ مێرووله‌یه‌كه‌وه‌ بیگره‌ تا ئه‌و گه‌ردوونه‌، بێ سیسته‌مێك به‌ڕێوه‌بچێت؟ من ده‌زانم هه‌م شاعیر هه‌میش ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆشیعره‌كه‌ی كردووه‌ مه‌به‌ستیان له‌ سیسته‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌پۆلیسیكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌.به‌ڵام هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌یه‌ سیسته‌مێكی نه‌بێ. ئه‌گه‌ر ژیان بێ سیسته‌م به‌ڕێ بكه‌ین جگه‌له‌ فه‌وزا، تێكدانی ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تی،به‌به‌ربه‌ریكردنی كۆمه‌ڵگه‌،شتێكی تردروست ده‌بێت؟ هه‌ربۆنموونه‌ئه‌گه‌ردادگاكان و دادوه‌ری نه‌بن كه‌به‌شێكن له‌ سیسته‌م،كۆمه‌ڵگه‌ چی لێدێت؟ كێشه‌ی به‌شێك له‌ شاعیرانی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، شیعربه‌ڕیفۆرمی سیاسی تێده‌گه‌ن. واده‌زانن ئه‌ركی شیعرڕووخاندنی ده‌سه‌ڵات وهاتنه‌وه‌یه‌ به‌گژپۆلیس و ئاساییش و پارتی و یه‌كێتی وه‌ك نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵات!.
له‌كۆتایی خوێنه‌وه‌كه‌یدا بۆ ئه‌م شیعره‌، نووسه‌رڕه‌هایانه‌ بۆچوونێك ده‌رده‌بڕێت و ده‌نووسێت:( ئه‌م شیعره‌ به‌گشتی هه‌ڵگری هزرێكی فه‌لسه‌فییه‌چونكه‌ باس له‌ دڕنده‌یی مرۆڤ ده‌كات!!). ئه‌مه‌ چ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تێدایه‌؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێ مرۆڤ دیوێكی شه‌ڕانگێزانه‌ی هه‌یه‌؟كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێت مرۆڤ ڕۆژانه‌ چه‌ندین تاوان ئه‌نجام ده‌دات؟ئه‌مه‌ پێویستی به‌هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كه‌، یان سوقرات وئه‌فڵاتون هه‌یه‌تابیزانین؟ مه‌گه‌ربنووسی ئه‌و وتاره‌نه‌بێت.

نووسه‌ر ئه‌مجاره‌یان خوێندنه‌وه‌بۆشیعرێكی دیكه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌ویش شیعری (قوفَل له‌ده‌رگاكه‌م ده‌ده‌م). نووسه‌ر له‌خوێنه‌وه‌ی بۆ ئه‌م شیعره‌ده‌نووسێت:(شاعیر زۆرئاگایانه‌ كاره‌ساته‌كان به‌وێناكردنێكی جوان ده‌خات ڕوو).نازانم ئاگایی شیعر لای ئه‌و به‌ڕێزه‌چییه‌ ؟ چ ئاگایه‌كی هزری له‌وه‌دایه‌ شاعیرێك ڕسته‌یه‌ك دووباره‌ بكاته‌وه‌ كه‌به‌رله‌وملیۆنان كه‌سی تروتوویانه‌؟ئاگایی شیعر، دنیابینی نوێ و ده‌ربڕینی نوێیه‌. جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئاگایی هزری بده‌ینه‌ پاڵ شاعیرێك كه‌ شیعره‌كه‌ی هه‌مان ئه‌وشتانه‌ی پێشووتری خۆی دووباره‌ كردۆته‌وه‌.به‌ڵام له‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێین، ئه‌وپه‌ڕه‌گرافه‌ شیعرییه‌ وه‌رده‌گرین كه‌ به‌ تێڕوانینی نووسه‌ر شاعیر زۆرئاگایانه‌ تیایدا، كاره‌ساته‌كان ده‌خاته‌ ڕوو.تاساغی بكه‌ینه‌وه‌ كه‌بۆچوونی نووسه‌ر دروسته‌ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و شیعره‌یاخود نا. شاعیره‌كه‌ نووسیویه‌تی:

تفه‌نگه‌كان هه‌ڵساونه‌ته‌وه‌..
له‌وێزه‌ی فیشه‌ك ژیان خه‌وی زڕاوه‌..

خوێنه‌ری به‌ڕێز،هیچ ئاگایه‌ك له‌وده‌ربڕینه‌ شیعرییه‌دا هه‌یه‌؟ كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێت، كه‌ تفه‌نگه‌كان كه‌وتنه‌ كارنه‌ك ژیان،هه‌موو بوونه‌وه‌رو مرۆڤ و ژینگه‌ش وێران ده‌بێت؟كه‌س هه‌یه‌ نه‌زانێت كه‌شه‌ڕهه‌ڵگیرسا جوانییه‌كان وبه‌هاكان و هیچ شتێك وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نامێنێت و به‌جۆرێك ده‌شێوێن كه‌ناسینه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه‌.ئایا شه‌ڕ جگه‌ له‌ماڵوێرانی و ڕشتنی خوێن و سڕینه‌وه‌ی ژیان به‌ هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانییه‌وه‌، ده‌ره‌نجامێكی تری ده‌بێت كه‌ هه‌ڵگیرسا؟ئه‌م وێناكردنه‌ به‌بڕوای من وه‌ك خوێنه‌رێكی شیعر، نه‌ ئاگایی ده‌وێت، نه‌دروستیشه‌ به‌ ئاگایی شیعری ناوی به‌رین.چونكه‌شه‌ڕ بۆخۆی پێناسه‌ی خۆی ده‌كات و كه‌وتمان شه‌ڕهه‌ڵگیرسا، ئیدی هیچ بیركردنه‌وه‌ و ئاگایه‌كی ناوێت تابزانین ژیان چیلێدێت.

نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پێداهه‌ڵگوتنی شیعره‌كان و ئه‌مجاره‌یان له‌میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره‌دا، ده‌نووسێت:(ڕۆیشتن و ڕێكردن یه‌كێكی تره‌ له‌ولایه‌نانه‌ی كه‌ شاعیرله‌م شیعره‌یدا باسی لێوه‌كردووه‌). دیاره‌ نووسه‌رمه‌به‌ستیه‌تی ئه‌وگوتاره‌ بداته‌ پاڵ ئه‌وشیعره‌كه‌ شاعیره‌كه‌ی ڕێده‌كات. كه‌ ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌شی گرته‌ به‌ر، ئیدی مانای وایه‌ یاخی بووه‌،واقیعی باوی ڕه‌تكردۆته‌وه‌. ئێمه‌ لێره‌ ئه‌و وێنه‌ شیعرییه‌ ده‌نووسینه‌وه‌ كه‌نووسه‌ر پێی وایه‌ شاعیرلێیه‌وه‌هه‌وڵی ڕۆیشتن و ڕێكردنی داوه‌. تاكونیشانی خوێنه‌ری بده‌ین كه‌ئاخۆبه‌ڕاست ئه‌و شاعیره‌ له‌شیعره‌كه‌یدا به‌دوای ڕێیه‌كی نوێ ده‌گه‌ڕێت؟ شاعیره‌كه‌ نووسیویه‌تی:_

خۆم ئاودیوی نێو حه‌وشه‌ی كچه‌ شه‌رمنه‌كه‌ی تاخ ده‌كه‌مه‌وه‌..
پێی ده‌ڵێم ده‌سته‌كانم بگره‌ شۆڕم بكه‌وه‌ نێوخۆت..

ئایاله‌مده‌ربڕینه‌ شیعریه‌دا هیچ گه‌ڕان و ڕێكردنێكی نوێ ده‌بینرێت؟ كه‌سێك له‌وجیهانه‌گه‌وره‌یه‌دا،هه‌مووخولیای ئه‌وه‌بێت بچێته‌وه‌ نێو حه‌وشه‌ی ماڵی یار!ئایاده‌توانێ ڕێگه‌یه‌كی تازه‌و نوێ ببینێته‌وه‌؟ ئه‌مه‌ ڕێكردنه‌ یان ته‌سلیم بوون و خۆدانه‌ ده‌ست یارو ونكردنی شوناسی تاكانه‌ی شاعیر؟شاعیرێك له‌وسه‌رزه‌مینه‌ گه‌وره‌یه‌دا، هیچ ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌،جگه‌ له‌ڕێگه‌ی باوه‌شی یارشك نه‌بات، پێم ناڵێی ئاگایی شیعریی وڕێكردن و ڕۆیشتنی له‌كوێدایه‌؟ بێگومان ده‌توانین چه‌ندان شوناسی وه‌ك:( ئه‌فراندن،ئاگایی شیعری، داهێنان و دنیابینی نوێ) بده‌ینه‌ پاڵ ده‌قی شیعری هه‌رشاعیرێك، به‌ڵام ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ئاخۆ ئه‌وشوناسانه‌ له‌وده‌قه‌دا به‌رجه‌سته‌ن؟ خۆئه‌گه‌ر نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ بسه‌لمێنین، ئه‌وكات به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ ستاییشی شاعیرو شیعره‌كه‌ییمان كردووه‌،نه‌ك خوێندنه‌وه‌ بۆشیعر. نووسه‌ر خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌قێكی دیكه‌ كردووه‌ به‌ناوی(كۆتر ئه‌فسانه‌). كه‌ شاعیره‌كه‌ی به‌دنیابینی خۆی ده‌قه‌كه‌ی نووسیوه‌. تائێره‌ ئاساییه‌. چونكه‌ وه‌ك وتمان ئێمه‌كارمان به‌شیعره‌كان نییه‌. ته‌نیاده‌مانه‌وێ ڕوونیبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ئاخۆ خوێندنه‌وه‌كه‌ی خه‌لیل سه‌لیم بۆ ئه‌وشیعرانه‌،هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ دنیابینی شاعیره‌كان و گوتاری نێوشیعره‌كان.شاعیره‌كه‌ نووسیویه‌تی:_

كۆتری سه‌رده‌ركه‌..
ژنێ له‌موو..له‌پشت ده‌ركه‌.
ده‌ست ده‌كوتێ ته‌رم..
قه‌بری زه‌وی له‌پشتێ..

ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌و وێنه‌ی شیعریه‌ی له‌ شیعری (كۆتر ئه‌فسانه‌)دا هه‌ن. كه‌تیایدا نووسه‌ربه‌تێگه‌یشتنی خۆی خوێندنه‌وه‌ی بۆ كردوون.به‌ڵام سه‌یرله‌وه‌دایه‌ له‌باره‌ی ئه‌وشیعره‌وه‌ ڕاشكاوانه‌ بێ هیچ ئاگابوونێك له‌ ڕابردوو،له‌ ئه‌زموونی پێشووتری شیعری كوردی له‌باره‌ی ئه‌و ده‌قه‌وه‌ده‌نووسێت:_(شاعیربه‌ته‌كنیكێكی جودا شیعری ئه‌فراندووه‌ كه‌ پێی ده‌گوترێت فۆڕمی گران!!).جارێ ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ به‌نووسه‌ر بڵێم كه‌ هه‌ركه‌سێك(دووسێ قسه‌ی نامۆو هه‌له‌ق و مه‌له‌قی)نووسی، ئه‌وه‌ مانای فۆڕمی گران نییه‌. ڕاسته‌ ئه‌زموونی فۆڕمی گران شیعرێكه‌ له‌ فۆڕم قورس و نامۆ،له‌ده‌ربڕین ناوازه‌. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیربچێت كه‌له‌ ناوه‌ڕۆكی ئه‌وشیعرانه‌دا، مه‌غزا، ماناو په‌یامی بزر هه‌یه‌. به‌شێكی شیعره‌كانی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، باسی كاره‌ساتی ئه‌نفال بوون.

له‌كاتێكدا له‌ كۆی هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌ شیعری(خۆرباران و جارێكی دیكه‌ خۆرباران) به‌تاكه‌ یه‌ك وێنه‌ی شیعریش،به‌یه‌ك وشه‌ش باسی ئه‌وكاره‌ساته‌ی نه‌كردووه‌.به‌ڵام خوێنه‌ری زیت له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كات. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئایا ته‌كنیكی ئه‌م شیعره‌ جودایه‌؟ئایا سی ساڵی ته‌واو به‌رله‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نوه‌رمه‌سیفی به‌ته‌كنیكی فۆڕمی گران شیعری نه‌نووسیوه‌؟ ئیدی ته‌كنیكی جودا له‌كوێدایه‌؟له‌وشه‌ ڕێزكردن؟ئایابنووسی ئه‌م وشانه‌(ئه‌فراندنی)كردووه‌ به‌تێگه‌یشتنی نووسه‌ر؟ ئه‌فراندن له‌كوێدایه‌؟له‌ فۆڕمی گران؟ كه‌سی ساڵ به‌رله‌و شاعیره‌، شاعیری ترهه‌بووه‌ كه‌نه‌ك شیعری به‌فۆرمی گران نووسیوه‌،بگره‌داهێنه‌ری فۆڕمه‌ شیعریه‌كه‌شه‌.ئه‌فراندنی شیعری ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌زموونی كه‌سانی تر به‌سه‌قه‌تی كۆپی ڕایت بكه‌ینه‌وه‌.به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌خاوه‌نی ئه‌زموون و دنیابینی و گوتاری شیعری جیاوازای خۆمان بین.

فۆڕمی گران نه‌ته‌كنیكێكی نوێ و جودایه‌،نه‌ ئه‌فراندنی شیعریشه‌. تاكو سووك و ئاسان به‌ ئاره‌زووی خۆمان بیده‌ینه‌ پاڵ كه‌سێك . چونكه‌ ناكرێ شوناسی شیعریانه‌ بده‌ینه‌پاڵ ئه‌زموونی شاعیرێك له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت، جگه‌ له‌ داهێنان.نووسین به‌رپرسیاریه‌تییه‌.كه‌ڕایه‌ك ده‌رده‌بڕین، ده‌بێ ئه‌رگۆمێنتمان هه‌بێت. كه‌سانێك هه‌ن ئیدیعای نووسینی ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌كه‌ن و چونكه‌ شوناسێكی پیشه‌یی و زانستییان له‌زانكۆ هه‌یه‌،ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ مانان كه‌مامۆستای قۆناغی بنه‌ڕه‌تین،به‌ نه‌خوێنده‌وار بزانن. كه‌چی كه‌سه‌یری نووسینه‌كانیان ده‌كه‌ین، سه‌یرمان پێدێت هێنده‌ به‌ ئاسانی له‌ئه‌فراندن و ته‌كنیكی جوداوئه‌زموونی شیعری و فۆڕمی گران گه‌یشتوون.

له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، كه‌له‌هه‌مان ئه‌و ژماره‌یه‌ی گۆڤاره‌كه‌، ئه‌و نووسه‌ره‌ لكۆڵینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌شی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ له‌ولێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی چه‌ندان سه‌رچاوه‌ی به‌ زمانه‌كانی(كوردی و ئینگلیزی) به‌كارهێناون. به‌ڵام هه‌ركه‌سێك به‌راوردی ئه‌و دوونووسینه‌ بكات، ده‌زانێت كه‌ له‌ڕووی(نووسین وداڕشتن، زمان و ده‌ربڕین، گوتار و مانا،خوێندنه‌وه‌ بۆ ده‌ق) ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن له‌یه‌كتری. كه‌ئه‌مه‌ش بۆمن هه‌م جێگه‌ی سه‌رنج بوو،هه‌میش جێگه‌ی پرسیار؟ چونكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ دوو نووسه‌ری جیا ئه‌و دوو وتاره‌یان نووسیبێت، نه‌ك هه‌ردووكییان هی نووسه‌رێك بن..

————————————-
په‌راوێز/ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ شیعره‌كانی ژماره‌ی سێی گۆڤاری كه‌لێن/ نووسینی /خه‌لیل سه‌لیم/ گۆڤاری كه‌لێن/ ژماره‌(3) پاییزی 2017ئه‌م گۆڤاره‌ له‌سۆران ده‌رده‌چێت…

*ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ 2813 ڕۆژی 1-4-2018بڵاوكراوه‌ته‌وه‌…

Previous
Next

Leave a Reply