Skip to Content

بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی روخسارێکی هەڵسوڕاوی تری لەدەست دا!

بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی روخسارێکی هەڵسوڕاوی تری لەدەست دا!

Closed
by نیسان 15, 2018 General


به‌بۆنه‌ی مه‌رگی هاوڕێ فاروقی ئه‌لبیسه‌وه‌

ئەمڕۆ ١٣ی نیسان هەواڵی مەرگی لەناکاوی هاوڕێ ” فاروق عبدالرحمن حمەئەمین” ناسراو بە “فاروقی ئەلبیسە” دڵی هەموو هاوڕێیان و دۆستانی و کەسوکاری ڕاچڵه‌کاند و به‌نیگەرانیه‌کی زۆره‌وه‌ سه‌ری ڕێزیان له‌ئاست گیان و رابردووی خه‌بات و تێکۆشانێکی به‌رده‌وام و لێبڕاوانه‌ی ئه‌ودا دانه‌واند.
هاوڕێ فاروقی ئەلبیسە، به‌درێژایی چه‌ن ده‌یه‌ یەکێک بووه‌ له‌ هەڵسوڕاوه‌ ناسراو و به‌رجه‌سته‌كانی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی له‌کوردستان. سه‌ره‌تاکانی خه‌باتی ئه‌و به‌ڕاوه‌ستانه‌وه‌ به‌دژی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی سه‌رمایه‌ ده‌ستی پێکردو پاشان له‌سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١دا یەکێک بووه‌ لە هەڵسوڕاوه‌ چالاکه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی شورایی و وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی کۆمۆنیستی دەوری هەبووه‌ لە دامەزراندنی شواری کرێکارانی کارگەی ئەلبیسە و بێ په‌روا بۆ یه‌کگرتووکردنی کرێکاران له‌هه‌وڵدابووه‌.
ڕاوه‌ستانه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕووی سیاسەت و مامه‌ڵه‌ی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی حزبە بۆژوازیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و داکۆکی کردنی له‌خواستی کرێکارانی کارگه‌ی ئه‌لبیسه‌، خه‌سڵه‌تێکی ناسراوه‌ له‌لای نه‌وه‌یه‌ک له‌کرێکاران و هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌.
هاوڕێ فاروق له‌گه‌ڵ پێکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا ئه‌و یه‌کێک بووه‌ له‌کادێره‌ به‌رجه‌سته‌کانی حزب و تادوا ته‌مه‌نی جه‌سورانه‌ له‌پێناو ئامانجه‌کانیدا تێکۆشاوه‌.
هاوڕی فاروق سه‌ره‌ڕای ده‌رگیربوون له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا، به‌ڵام به‌هۆی خه‌بات و تێکۆشانی به‌رده‌وامیه‌وه‌ وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی ناسراو و خۆشه‌ویستی جوڵانه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی له‌ئاستی کۆمه‌ڵگادا خۆشه‌ویست و ناسراوه‌. ئه‌و وه‌ک دره‌خته‌کان له‌ڕیزی خه‌بات بۆ ڕزگاری چینی کرێکار و به‌دیهێنانی دنیا‌یه‌کی ئازادو یه‌کساندا، به‌پێوه‌ ڕاوه‌ستاو دڵی گه‌وره‌ی له‌لێدان که‌وت.مه‌رگی ئه‌و هه‌رگیز ناتوانێت ڕوخساری تێکۆشه‌رانه‌ی کۆمۆنیستی و کرێکاری، له‌بیرو هۆشی هاوڕێبازانیدا بسڕیته‌وه‌.
به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئێمە لەرێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەرەخۆشی خۆمان لەهەموو کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و کەسوکارو ئازیزان و ئەندامانی حزب دەکەین. مه‌رگی ئه‌و خه‌ساره‌تێکه‌ که ‌پڕنابێته‌وه‌، به‌ڵام باوه‌ڕو ئامانجه‌ کۆمۆنیستی و کرێکاریه‌کانی ئه‌و به‌دڵنیایه‌وه‌ هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت.

به‌رزو به‌ڕێزبێت یادی هاوڕێ فاروق و هه‌موو گیان به‌ختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم!
ئازادی، یه‌کسانی، حکومه‌تی کرێکاری!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
رێکخراوی دەرەوە
١٣ی نیسان ٢٠١٨

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish