Skip to Content

کوڕێکی ژیر …  گۆڕینی : محەمەد بەرزی

کوڕێکی ژیر … گۆڕینی : محەمەد بەرزی

Closed
by نیسان 15, 2018 General, Kids Literature


چیرۆک بۆ منداڵان

منداڵە زیرەکەکان : سەرلەئێوارەیەکی ڕۆژێکی خۆش ، باوکێک لە ماڵەوە سەرقاڵی ئیشکردن بوو ، کوڕەکەی بە ڕوویەکی خۆشەوە چوو بۆ لای و زۆر لەسەرخۆ وتی : تکایە بابە گیان دەتوانم پرسیارێکت لیێ بکەم ؟ . باوکەکەشی لە وەڵامدا وتی : بە دڵنیاییەوە ، فەرموو چ پرسیارێکت هەیە بیکە ؟ . ئنجا کوڕەکەی وتی : باوکە گیان ، کە تۆ ڕۆژانە کاردەکەیت ، سەعاتی چەند پارە پەیدا دەکەیت ؟ . باوکەکەی ئەو پرسیارەی بە لاوە ناخۆشبوو ، بۆیە بە ڕوویەکی گرژەوە وتی : ئەوە ئیشی تۆ نییە ئەو جۆرە پرسیارانە بکەیت ، باشە ئەو پرسیارە بۆ دەکەیت ؟ . کوڕەکەشی وتی : تەنها حەزدەکەم ئەوە بزانم ، تکایە پێم بڵێ سەعاتی چەند پەیدا دەکەیت ؟ . لە وەڵامدا باوکی وتی : سەعاتی دوو هەزار دینار .
کوڕەکەی سەری داخست و وتی : ئۆف زۆر بە داخەوە ، دەی باشە باوکە گیان دەکرێت ( ٥٠٠ ) دینارم بە قەرز بدەیتێ ؟ . باوکیشی بە بیستنی ئەو داوایە ، هۆش لە کەللەیدا نەما و بە توڕەییەوە وتی : جا ئەگەر پرسیاری ، سەعاتی چەند پەیدا دەکەی ، تەنها بۆ ئەوەبوو ، تا داوای قەرزم لیێ بکەیت و بچیت یاری و شتی پڕوپوچیی پیێ بکڕیت ، بە ڕاستی زۆر شەرم و شورەییە بۆ تۆ ، دەی فەرموو لە بەرچاوم مەمێنە و بچۆرەوە بۆ ناو ژوورەکەت و لە جێگاکەتدا بۆ خۆت بنوو . بە ڕاستی نەمدەزانی ئەوەندە منداڵێکی چاوچنۆک و نەفامی ، من هەموو ڕۆژێک لە بە یانی زووە وە دەچم کار دەکەم و ماندوو دەبم ، کەچی تۆش دێت و داوای قەرزم لێدەکەیت ، بە ڕاستی حەزم لەمجۆرە هەڵسوکەوتە منداڵانەی تۆ نییە .
کوڕە پچکۆلەکە بە بێ دەنگی چووەوە بۆ ژوورەکەی خۆی و دەرگاکەی لەسەر خۆی داخست . لەملاشەوە باوکەکەی دانیشت و بەو پەڕی بێزارییەوە بیری لە داوای کوڕەکەی دەکردەوە و لەبەرخۆیەوە زوو زوو دەیوت : باشە ئەم کۆڕە هەر بۆ ئەوەی داوای قەرزم لێبکات ، چۆن دەوێرێت ئەو جۆرە پرسیارە نابەجێی یەم لێبکات .

پاش ماوەیەک باوکەکەی هاتەوە سەرخۆی و هێور بۆوە و کەوتە بیرکردنەوە ، لە دڵی خۆیدا وتی : لەوانەیە منداڵەکەم بە ڕاستی پێویستی بە ( ٥٠٠ ) دینار بێت و پێویستییەکی خۆی پیێ بکڕێت ، هیچ کاتیکیش نەمدیوە ئەم کوڕەم داوای پارەم لێبکات ! . ئنجا هەستا و چوو بۆ ژووری کوڕەکەی و دەرگاکەی کردەوە و بە دەم و لەبزێکی شیرینەوە پرسیاری لێکرد و وتی : ئەوە هەتا ئێستاش نە نووستوویت ؟ . کوڕەکەشی لە وەڵامدا بە نەرمی وتی : نەخێر بابە گیان . پاشان باوکەکەی وتی : داوای لێبوردنت لێدەکەم ، کە بەو جۆرە وەڵامم دایتەوە ، خۆت دەزانی ڕۆژانە کاردەکەم و مێشکم شەکەتو ماندووە ، هەر بۆیە نەمتوانی بە ئارامی لە گەڵتا قسە بکەم ، فەرموو ئەوەش ( ٥٠٠ ) دینارەکەی داواتکرد .

کوڕە پچکۆلەکە بەو پەڕی خۆشییەوە هەستایە سەر پیێ و پارەکەی لە باوکی وەرگرت و بە دەنگێکی بەرز و ڕوویەکی خۆشەوە سوپاسی باوکی کرد و خێرا چوو دەستیکرد بە ژێر سەرینەکەیدا و هەندێک پارەی تری دەرهێنا . کاتێک باوکەکەی ئەو پارانەی بینی و زانی پارەی تری هەیە ، سەری سوڕما و سەرلەنوێ لە کوڕەکەی تووڕە بۆوە . بەڵام کوڕە پچکۆلەکەی بە بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات ، هەموو پارەکانی کرد بە یەک و لە بەرچاوی باوکی کەوتە ژماردنییان ، ئنجا بە بزەیەکی شیرینەوە تەماشایەکی باوکی کرد .
بەڵام باوکەکەی بەو پەڕی بێزارییەوە بە کوڕەکەی وت : باشە ، کە تۆ پارەت هەیە ، ئەی ئیتر بۆچی داوای قەرز لە من دەکەیت ؟ .
کوڕەکەش لە وەڵامدا وتی : ئاخر ئەو کاتە پارەی تەواوم پیێ نەبوو ، بەڵام ئێستا پارەی تەواوم پیێ یە . ئنجا کۆرەکە بە ڕوویەکی گەشەوە وتی : بابە گیان ئێستا دوو هەزار دیناری تەواوم پیێ یە ، تکایە دەتوانم لە جیاتی یەک سەعاتی کارکردنی بەڕێزتان ، بیی بەخشم بە تۆی ئازیز ، تا سبەینێ سەعاتێک زووتر بگەڕییتەوە بۆ ماڵەوە ، چونکە زۆر زۆر حەزدەکەم لەگەڵ تۆی خۆشەویستدا نانی ئێوارە بخۆم ؟ .
باوکەکەی بەو قسانەی حەپەسا و باوەشێکی زۆر گەرموگوڕی بە کوڕەکەیدا کرد و سەری خستە ناو دەستێوە و هەتا توانی تێر ماچیکرد و وتی : ئافەرین بۆ تۆ ، کە ئەوەندە کوڕێکی ژیری و بە تەنگ باوکی خۆتەوەی .

*****
تێبینی : ئەم چیرۆکەم بە دەستکارییەکی کەمەوە ، لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی ، ناوەکەی ( گفتوگۆی باوک و کوڕێک ) بوو ، بەڵام کردم بە کوڕێکی ژیر … چیرۆکەکەش ناوی نووسەری لەسەر نەبوو .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish