Skip to Content

چۆن بووم بە شاعیر؟ … جەلال قادر

چۆن بووم بە شاعیر؟ … جەلال قادر

Closed
by نیسان 18, 2018 General, Poems

برادەرێكی منداڵیم هەبوو ناوی شەماڵ بوو. من و شەماڵ سەرسەری و چەقۆ وەشێنی (رەحیماوە) بووین. كەس نەیدەوێرا شان لە شانمان بدات. بەداخەوە زۆری نەبرد ماڵی شەماڵ باری كرد بۆ سلێمانی!
هەر كە خەڵكی ڕەحیماوە زانیان من بە تەنیام، گەلە كۆمەیان لێكردم و تێریان تێهەڵدام.
لەپاش چەند ساڵێك ڕۆژێكیان دایكم وتی دەچین بۆ سلێمانی و سەردانی ماڵی (شەماڵ )دەكەین.
لەخۆشیا خەریك بوو باڵ بگرم.
لەژیانمدا حەزم لە سێ شتی شاری سلێمانییە: گەزۆكەی، شەربەتی مێووژ و كچەكانیان كە كاتێك دەڵێن بە ساقەو بم.
سەردانی ماڵی (شەماڵ)ی برادەرمان كرد. دامربۆكسێكم بەدیاری پێشكەش بە (شەماڵ) كرد، وتی هەتیو ئەوە چییە پێت؟
دەچین كوڕانی گەڕەكی پێدەترسێنین.
بیشارەوە… ئەم شارە شەقاوەی وای تیایە دوو چەقۆش تەرح دەدەن.
ئینجا شەماڵ وتی: با بچین بۆ گەڕان.
وتم: من حەزم لە گەزۆ و شەربەتی مێووژە.
لەگەڵ شەماڵ چووین بۆ ناو شار…گەزۆ و شەربەتی مێووژمان خوارد.
ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام شەماڵی برادەرم لە هەركتێبخانە و ڕۆژنامەفرۆشێك، قەدەرێك ڕادەوەستا و مانشێتەكانی دەخوێندەوە . لەبیرمە نامیلكە بچكۆلانەكەی (عەبدوڵا پەشێوی) دەخوێندەوە وتی: ئەگەر پارەم هەبوایە ئەم كتێبەم دەكڕی.
منیش كتێبەكەم گرتە دەست و خوێندمەوە(شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم)!
گەڕایینەوە ماڵ. ئێوارە كە تاریك داهات. شەماڵ دەفتەرێكی دووسەد لاپەڕەیی دەركرد. وتی: ئەمە هەمووی شعری خۆمە و نووسیومەتەوە.
ئینجا هەستم كرد شەماڵ گۆڕاوە و بووە بە شاعر
لێمپرسی: چۆن دەبێت بەشاعر؟
وتی: دەبێت عاشق بیت.
لە فكری خۆم وتم جا كێ عاشقی من دەبێت لەو (ڕەحیماوە) یە هەموو دەمناسن، كە پیس و پۆخڵم!
شەماڵ دەستیكرد بە شیعر خوێندنەوە منیش تەقەی سەرم دەهات.
لێمپرسی: باشە تۆ عاشقی كێ بوویتە؟ كچێكی گەڕەكە شەو دەیبینین.
وتم: ئەرێ ئەو كچە بە تۆ دەڵێت بە ساقەو بم؟
هەر كە بمبینێ وادەڵێت.
ئینجا وتم: شەماڵ گیان… دیارییە كم بۆت هەیە دەتدەمێ بەس تووخوا لێم تووڕە نەبیت؟
فەرموو…
لەژێر قەمیسەكەمەوە كتێبەكەی (پەشێو)م خستە بەردەمی.
بەسەرسووڕمانەوە پرسی: هەتیو ئەمەت لەكوێ بوو؟
لە كتێبخانەكە دزیم… بۆ تۆ…
ئای كە ڕەفیقی چاكیت… لێ جارێكیتر نەكەی لەم شارە دزی بكەیت، چونكە خەڵكی. ئێرە لە تۆ زۆڵترن.
دوای ئەوەی شەماڵ چەند كۆپلە شیعرێكی بۆم خوێندەوە، دنیا تاریك ببوو. وتی: (بەخە)گیان هەستە بابڕۆین دەنكەكەمت پێ بناسێنم.
لەپاش ئەوەی چەند كووچەیەكمان بڕی لەژێر دارەتوویەك وەستاین و چاوەڕوان بووین!
لەپڕ كچێك كە دەتگووت مانگە، لەدرەختەكە نزیك كەوتەوە.
بە دەنگێكی ناسك وتی: (شەماڵ) گیان. بەساوقەوبم …ئەوە خۆتی؟
بەڵێ…ئەمەش ڕەفیقەكەمە كە بۆم باس كردی.
دوای چۆنی چاكی كە من زمانم تێك ئاڵا بوو، ئەوانش پێمپێدەكەنین.
شەماڵ دەفتەرە شعرەكەی دەرهێنا و چەند كۆپلە شعرێكی خوێندەوە، ئینجا دەفتەرەكەی دایە دەستم و وتی: بڕۆ …سەر كۆڵان و چاوەڕووانم كە.
دووركەوتمەوە و بڕیارمدا هەر كە بگەڕێمەوە ڕەحیماوە یەكسەر عاشق بم و شیعر بنووسم!
كە (شەماڵ)ی برادەرم گەڕایەوە لام. وتی هەتیو دەنكەكەم جوانبوو ؟
وتم: خواوبێت، ئەگەر ئەمە دەنكی من بێت یەك دیوان شیعری بۆ دەنووسم!
ئەو شەوە لە سلێمانی خەوم زڕا …دەمگووت تۆبڵێی منیش بتوانم عاشق بم و شیعر بنووسمەوە؟!
كە گەڕاینەوە بۆ كەركووك، لەماوەیەكی كەمدا خوو و ڕەوشتم گۆڕا، هەرچەندە عاشق نەبووم، بەڵام توانیم ببم بە بەناوبانگترین شاعیری گەڕەكی ( ڕەحیماوە)
چونكە دەفتەر شیعرەكەی (شەماڵ)ی برادەرم دزی بوو!

١ی نیسانی ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish