Skip to Content

شیرلی تمپل ئەفسانەی سینەمای جیهانی … رەزا شوان

شیرلی تمپل ئەفسانەی سینەمای جیهانی … رەزا شوان

Closed
by نیسان 19, 2018 General, Kids Literature

هەر کاتێک کە ناوی ئەفسانەکانی سینەمای جیهانی بهێنرێن، پێویستە ناوی کچۆلەی بلیمەت (شـیرلی تمـپل) یش بهێنرێت. ئەمەش سەیر نییە، چونکە شیرلی تمپل بووکی هەموو منداڵانی جیهان بوو، بچووکترین و زیرەکترین و ناودارترین و پڕداهـاترین منداڵە لە مێژووی سینەمای جیهانیدا. کە تا ئەمـڕۆش هیچ منداڵێکی تر لە جیهاندا، لە تەمەنی ئەودا لە بواری هونەری نواندنی سینەماییدا، نەگەیشتوونەتە ئاستی بلیمەتی و باڵایی و توانابەدەرییەکانی شیرلی.. شیرلی تمپل بە یەکێک لە ناودارتـرین منداڵان لە مێژوودا ناسراوە، لە ئەمریکاشدا، بە رێـزەوە بە (شازادە بچکۆلە) ناویان دەبـرد.
شیرلی تمپل، زۆر بە زوویی بلیمەتی و بەهـرە و توانا هونەرییەکانی دەرکەوتن. بە پێی ئەو پشکنینە سەرەتاییەی کە لە لایەن پسپۆرانی زیرەکییەوە بۆیان کرد بۆیان دەرکەوت کە شیرلی کچۆلەیەکی زیرەک و بلیمەتە.
شیرلی تمپل، لە سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە تەمەنی سێ ساڵیدا، بە جیهانی سینەما و نوانـدن و فیلم و کامیرا ئاشنابوو. لەو تەمەنەدا، بوو بە خۆشەویستی ملیۆنان کەس.
شیرلی تمپل لە بەرواری (٢٣ی/ ئاپریل /١٩٢٨) لە شاری (سـانتا مۆنـیکا)ی سەر بە ولایەتی (کالیفـۆرنیا) لە ئەمریکادا، لە خێزانێکی هەبووی خۆشگوزەران لەدایک بوو. خێزانەکەی بە رەسەن دەچنەوە سەر نەژادی ئینگلیزی و ئەڵمانی و هـۆڵەندی. باوکی (جۆرج فرەنسیس تمپل) فەرمانبەر بوو لە (بانک) دا، دایکیشی (گیرتوند ئامیلیا تمپل) ژنی ماڵەوە بوو. دوو برای لە خۆی گەورەتری هەبوو، ناوەکانیان (جۆرجی بچووک) و (جۆن ستانلی) ن.
شیرلیی خونچەگوڵ، کچۆلەیەکی زۆر جـوان، ئێسک سووک، رووخسار شیرین، چاو گەش، بەژن رێک، قژ سوور و لوول، لێو بە خەندە و پێکەنین، لەش سووک، بزێو و بەناز، قسە قوت و خۆش، دەنگ ناسک و خۆش، خۆخۆشەویستکەر و دڵپاک بوو.
دایکی زوو هەستی بەوە کرد، کە شیرلی کچی زۆر زیرەکە و زوو شت وەردەگرێت و فێردەبێت. دەنگێکی سروشتی خۆش و هەست و چێژێکی موزیکی باشی هەیە. پێشبینی ئەوەشی کرد، کە شیرلی داهاتوویەکی باشی دەبێت.. بۆیە ئەوپەڕی توانای خۆی بۆ بە دروستی و بە جوانی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی شیرلی تەرخان کرد. هەموو پێویستی و پێداویستییەکی گەشەکـردن و پيشکەوتن و پشکووتنی بەهـرە و ئـارەزوو و تواناکانی شیرلی دابین کردن.. هەموو خواست و هـیوایەکی شیرلی دەهێنایەدی.. بەهێزترین پاڵپشت و هـاندەر و رێنماییکەری شیرلی بوو.. ئەو ژیانەی کە بۆ شیرلی رەخسابوو، رەنگە بۆ شازادە مارگرێت و شازادە ئالیزابێس ی ئینگلتەرا نەڕەخسابێت.. بەڵام شیرلی تمپل تەنها لە چێـژی منـداڵی کەمبوو، کە وەکو منداڵانی هاوتەمەنی خۆی بە سادەیی و ساکاری و ساوێلکەیی بـژی.. تا شووکردنی دایکی هەر بە دوایەوە بوو.. تەنانەت لە کاتی وێنەگرتن و تۆمارکردنی رۆڵەکانی لە فیلمەکاندا، لە ناو ستۆدیۆی تۆمارکردن و لە دەرەوەشدا، لە دوای کامیراکانی وێنەگرتنەوە دەوەستا، چی بویستایە بە ئاماژەکـردن شێرلی ئاگادار دەکردەوە. کامیرایەکی باشی تایبەتی خۆشی پێبوو، لە کاتی پرۆڤە و نمایشی رۆڵەکانی شیرلی دا، وێنەی دەگرت. بە سەدان وێنەی شیرلی گرت. لە دواییدا ئەم وێنانە بوون بە بەشێکی گرنگ لە ئەرشیف و لە ئەلبوومە یادگارییەکانی شیرلی.
شیرلی هەر لە منداڵییەوە هۆگـری گۆرانی و موزیک وسەما بوو. لە ساڵی (ا٩٣ا) دا، کە تەمەنی شیرلی سێ ساڵان بوو، دایکی خستیە قوتابخانەی (میگلینس) لە شاری (لۆس ئەنجلس) کە قوتابخانەیەکی تایبەت بوو بە سەماکردن و بە گـۆرانی منداڵان. شيرلی لە ماوەیەکی زۆر کەمـدا، زۆر بە باشی فێری هونەری سەماکردن و شێوازە سەرکەوتووەکانی گۆرانی وتن بوو.. یەکێک بوو لە قوتابییە یەکەمین و زیرەکەکانی ئەو قوتابخانەیە.
رۆژێک بەرێکەوت، دەرهێنەری فیلمی سینەمایی (چارلـز لامۆنت) کە بۆ کۆمپانیای (فـۆکس فیـلم) بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی کـاری دەکرد. چوو بۆ قوتابخانەی (میگلینس) لە کاتی پرۆڤە و راهێناندا، شیرلی تمپلی بینی، زۆر سەرنجی راکێشا، بانگی کرد و داوای لێکرد کە کەمێک سەمـای بۆ بکات. شیرلی لە بەردەمیـدا تاوێک سەمای کرد، چارلز لامۆنت زۆر بە توانا و بە لێهاتوویی شیرلی سەرسام بوو.. چەپڵەی بۆ لێـدا و تەوقەی لەگەڵیدا کرد و زۆر ئافەرینی کرد.. پێشی وت کە داهاتوویەکی نایابت دەبێت.

دوای چەند مانگێک لە ساڵی (١٩٣٢) دا، کە تەمەنی شیرلی تمپل هێشتا سێ ساڵان بوو، چالز لامۆنت وەک نوێنەری کۆمپانیای فۆکس، بە ئامادەبوونی دایکی شیرلی، بە واژۆی شیرلی خۆی لەگەڵ کۆمپانیای (فۆکس فیلم) دا گرێبەستێکیان تا ساڵی (١٩٤٠) واژۆ کرد، کە بە مانگانەیەکی باش شیرلی وەکو ئەکتەرێکی سینەمایی، رۆڵی سەرەکی لەو فیلمانەدا هەبێت، کە ئەم کۆمپانیایە بەرهەمیان دەهێنێت، بەشێ هـەرە زۆری فیلمەکانیش بۆ منداڵان بوون، بە زۆریش پاڵەوانی فیلمەکان هەر منداڵان بوون. شیرلی تمپل هەر لەم ساڵە و لێرەشەوە بە جیهانی سینەما ئاشنابوو.. لەم کاتەدا کۆمپانیای فۆکس فیلم، زنجیرە کورتە فیلمێکی کۆمیدی و رەخنەئامێزی دەرهێنا، بە ناوی (بایبی بیورلیسکس) کە شیرلی تمپل رۆڵی پالەوانێتی لەم زنجیرە فیلمەدا دەبینی، لە میانەی ئەم زنجیرە فیلمەوە ناسرا.. کە بێنە سەر فیلمەکانی زیاتر باسی لێدەکەین.
لە هەمان کاتیشدا، شیرلی تمپل لەگەڵ کۆمەڵێک لە منداڵانی جوانکیلەی هاوتەمەنی خۆیدا، ریکلامی سینەماییان بۆ خـۆراکی منداڵان و بۆ ئەو شتانەش کە پەیوەندییان بە منداڵانەوە هەبوو دەکرد.. شیرلی لە هەموو منداڵەکانی تر جیـاوزتر و بە توانـاتر و سەرنجڕاکێشتر بوو.
کە لە ساڵی (١٩٤٠) دا، گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای (فۆکس فیلم) دا کۆتایی هات، چەند کۆمپانیایەکی تری سینەمایی گرێبەستیان لەگەڵدا واژۆکـرد، وەکو کۆمپانیای (یۆنڤیرسال) و (باراماونت) و (ورتر برازەرس)، رۆڵی جورارو جۆری جیاوازی لە فیلمەکانی ئەم کۆمپانیانەدا هەبوو.
شیرلی تمپل تەمەنی شەش ساڵان بوو، لەو تەمەنە منداڵییەدا، وەکو ئەستێرەیەکی گەشی سینەمایی تـازە هەڵهاتوو ناسرا و بوو ئەستێرەیەک لە ئەستێرەکانی (هۆلیۆد).
ناوبانگی دەرکرد و شکۆداری و شانازی تا هەتایەی بۆ خۆی تۆمارکرد.. ناویشی لە لیستی کەسایەتییە نەمرەکانی جیهاندا دەمێنێتەوە.
شیرلی تمپل لە گەڵ ئەکتەرە ناودارە سینەماییەکانی ئەمریکادا، لە فیلمەکاندا رۆڵی هەبووە، لەوانەش: کلاودێت کولبەرت، کاری گرانت، جۆن واینی، جۆن فۆردکی، جۆن ئاگەر، بیل رۆبنسون (لە چەند فیلمێکدا پێکەوە رۆڵیان هەیە. بیل رۆبنسون راهێنانی سەماشی بە شیرلی دەکرد بۆ ئەوەی تواناکانی زیاتر گەشە بکەن)، دیک مور، کارۆل لۆمبارد، گاری کۆپەر، رۆناڵد ریگان، لەگەڵ چەندین ئەکتەری ناسراوی تریشدا.. لە هەمووشیان پارەی زیاتری وەردەگرت، ساڵ لە دوای ساڵیش، مانگانەکەیان بۆ زیاتر دەکرد. لە چەند فیلمێکیدا پێنج ملیۆن دۆلاری وەرگرت، کە بۆ ئەو سەردەمە پارەیەکی زۆر زۆر بوو. تەنانەت مانگانەیان بە دایکیشی دەدا، کە قژەکەی شیرلی تمپلی جوان دەکرد و بەپێی فیلمەکانیش دەیـڕازاندەوە.

شیرلی بە دەنگە ناسکەکەی و بە گۆرانییە خۆشەکانی، بە سەما جـوانەکانی، بە رۆڵە کۆمیدییە پڕ لە پێکەنینەکانی، بە قژە سوور و لوول و جـوانەکەی، بە زەردەخـەنەی شیرینی سەر لێوە ئاڵەکانی، بە غەمـزەی چاوە گەشەکانی، بە قسە قوت و زلەکـانی، بە دڵی قنجی پڕاوپـڕ لە پاکی.. توانی هیـوا و خـۆشی و شادی بخـاتە دڵی ملیۆنان کەس لە هـەوادارنی فیلمەکانی لە هەموو جیهاندا، زەردەخەنەی شادی و پێکەنینیش بخاتە سەر لێوەکانیان.. سەرنج و خۆشەویستییان بۆ لای خـۆی رابکێشێت و ببێت بە وێـردی شیرینی سەر زمان و بە خۆشەویستی ملیۆنان کەسی منداڵ و گەورە لە جیهاندا.
شیرلی تمپل، هەمیشە حەزی بەو رۆڵە سینەماییانە لە فیلمەکانی دەکرد، کە بینەرانی شاد و دڵخۆش بکات و بیان هێنێتە زەردەخەنە و پێکەنین، خەم و پەژارە و ئـازار و تاڵی و سەختییەکانی ژیان لە بیریان بەرێتەوە. ئەم رۆڵەش تەنها لە شیرلی تمـپل دەوەشایەوە.. بە تایبەتیش لە سییەکانی سەدەی رابردوودا، کە ئەمریکا و زۆر لە وڵاتانی جیهان، رووبەڕووی قەیران و داڕووخانی ئابووری ببوونەوە، رێژەی بیکاری و هەژاری بەرزببوونەوە، ژیان و گوزەرانی خەڵکی سەخت بوون.. شیرلی لە میانەی فیلمە کۆمیدییەکانیەوە، دەیویست ورە و خۆڕاگـری خەڵکی وڵاتەکەی بەرز بکاتەوە و گەشبینی و هیوا بخاتە دڵیانەوە.. دەیویست ئەو پەیام و مژدەییەیان پێبگەیەنێت کە ئەم دۆخە سەختە بەسەردەچێت و خۆشی و خۆشگوزەرانی و شێنەیی بەڕێوەن.
بۆیە سەرۆکی ئەمریکا (فرانکلین دیلانۆ رۆزفیڵت) کە لە (١٩٣٣ـ ١٩٤٥) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، رۆژیکیان وتی:” مـادام وڵاتەکەمـان شیرلی تمپلی هەیە، هـەزار جار باشتر دەبین”
شیرلی تمپل لە بارەی ژیانەوە دەڵێ:” هەرچەند ژیان سەختیش بێت.. خەمباریت هیچی لێناگۆڕێت.. کەواتە زەردەخەنە بکە..”
دەشڵێ:” پێویستە مرۆڤ شادبێت و لە خۆی رازیبێت بۆ ئەنجامـدانی کارە گشتییەکان، ئەمەش ئەوەیە کە من لێیدەڕوانـم”
هەر (فرانکلین رۆزفیڵت) کە هەوادارێکی فیلمەکانی شیرلی تمپلی منـداڵ بوو، دەڵێ: “کـارێکی نایابە کە نیو دۆلار خەرجبکەیت و بچیت بۆ سینەما، بۆ ئەوەی چاو ببڕیتە ئەو دەموچـاوە جـوانە بە زەردەخـەنەیە، تا هەموو کێشەکانت لەبیربەرێتەوە”
شیرلی تمپل، تا پۆلی حەوتەمی قوتابخـانەی بنەڕەتی خوێنـد، بەڵام مامۆستایەکی لێهاتوو، وانـەی تایبەتی پێدەوتەوە، بە هۆی كارکردنی وەکو ئەکتەریکی سینەمایی، بواری ئەوەی نەبوو کە قۆناغەکـانی تری خوێنـدن تەواو بکات.
ئاشنابوونی شیرلی تمپل بە جیهانی سینەما:
وەک لە سەرەوە باسمان کرد، شیرلی تمپل لە تەمەنی سێ ساڵیدا، لە ساڵی (١٩٣٢) دا، دەستی بە نواندنی رۆڵی سینەمایی کرد و بە جیهانی هۆنەری سینەمایی ئاشنابوو. ئەگەرچی تەمەنی چالاکییەکانی شیرلی تمپل لە بواری سینەمادا، لەچاو ئەو سەرکەوتن و ناوبانگە گەورەییەی بەدەستی هێنان، زۆر درێژ نەبوون. لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تا بیست و دوو ساڵی بوون، واتە لە (١٩٣٢ـ ١٩٥٠) بوو. بەڵام توانی لە زیاتر لە (٤٣) فیلمدا بەشداری بکات، کە لە زۆربەیاندا رۆڵی پاڵەوانێتی و سەرەکی هەبوو، لە نیوەیان زیاتریش فیلمی درێژن، لە نیوەیان زیاتریش لە تەمەنی پێش دوانگـزە ساڵیدا بەشداری تێداکردوون.. بە زیرەکی و بلیمەتی و توانەبەدەرییەکانی خۆی سەرکەوتنێکی گەورەی لەم فیلمانەدا بەدەدستهێنا، تا بوو بە ئەو ئەستێرە گەشە سینەماییە. فیلمەکانیشی لە چاو فیلمەکانی ئەو سەردەمەدا، بە پارەیەکی کەم بەرهـەم دەهێنران، لەگەڵ ئەوەشدا، داهاتەکانیان لە داهاتەکانی فیلمەکانی تر زیاتر بوون. بە زۆریش فیلمەکانی لە جۆری (درامـای کۆمیـدی) بوون، کە گـۆرانی و سەماکـردن بەشێک بوون لەم فیلمانە.
لە ئەمڕۆدا لە هەموو جیهاندا، لە زانکۆ گەورەکان و لە پەیمانگاکانی سینەما و شانۆدا،
ئەزموونی سەرکەوتووی شیرلی تمپل لە بواری سینەمادا، دەوتـرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.. لە چەندین وڵاتانی جیهانیشدا، زۆر لە سینەماکـاران، کە سەرقـاڵی دەرهێنانی فیلمی سینەمایین، هەوڵیان داوە و هەوڵدەدەن، کە لە شێوەی شیرلی تمپل، کچۆلەئەکتەر کۆپی بکەن و پێبگەیەنن.
دەرهێنەری سینەمایی کوردیشمان هونەرمەند کاک (بەهمەن قوبـادی) ش لە فیلمە کوردییەکانیدا، رۆڵی منداڵانی کوردمانی فەرامۆش نەکردووە، بۆ نموونەش: لە فیلمی (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان) و (کیسەڵەکـانیش دەفـڕن) کاک بەهـمەن رۆڵـی منداڵانی خـاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیشی فەرامۆش نەکـردووە، هەر وەکو منداڵێکی ئاسایی رۆڵی پیـداون، ئەمەش سەرکەوتنێکی زیاتـری بە فیلمەکانی بەخشیون.
فیلمی (بێکەس: فیلمێکی سینەمایی درامی کۆمیدی کوردییە) لە نووسین و دەرهێنانی کاک (کـارزان قـادر) کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (٢٠١٢) دا لە هەولێر نمایش کرا. لەم فیلمەدا رۆڵی پاڵەوانێتی دراوەتـە دوو برای منداڵ (دانا و زانا) کە دەیانەوێت هـیوا و خەونێکی منداڵییان بهێننەدی، دەیانەوێت لە کوردستانەوە بە سواری گوێدرێژێک کە ناویان لێناوە (مایـکڵ جاکسـۆن) بچـن بۆ ئەمریـکا، لە گەڕانەوەیانـدا پاڵـەوانی لە توانابەدەری فیلمەکان (سۆپەرمـان) لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، بۆ ئەوەی کوردستانیان لە دەستی سەدام بۆ رزگـار بکات، رووداوەکانی ئەم فیلمە بۆ ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێنەوە.. فیلمی بێکەس، لە سینەماکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپاش بە دەقی زمانە کوردییەکەی و بە ژێـرنووسی ئینگلـیزی و سویـدی و نۆروێـژی و فینلەنـدی و ئەڵمانیش و عەرەبیش نمایش کرا، تا ئێستا لە پانگزە وڵات لەجیهاندا نمایش کراوە.
کورتە فیلمی (باوکە) لە نووسینی دەرهێنەری بە توانای کوردمان (هیشام زەمان)ە، کە لە ساڵی (٢٠٠٥) دا، بەرهەمی هێناوە، بە زمانی کوردی و ژێرنووسی نۆروێژییە، دیمەنەکانیشی لە نۆروێژ گیراون، چونکە کاک هیشام خوێندنی لە شاری (لیلیاهەمەر) لە نۆرویژ تەواوکردووە، پاڵەوانی ئەم فیلمەش کوڕێکی منداڵی تەمەن دەور دە سەڵانە. فیلمی (باوکە) ئەو فیلمەیە کە نۆروێژییەکانی هێنایە سۆز و گریان.. چەندین خەڵاتی نێونەتەوەییان لبەم فیلمە بەخشی.
لە فیلمی (بووکە بە بارانە ) و (بووکەڵەکان نامرن) لە دەرهێنانی (ئاکۆ زەند کەریمی) و فیلمی (لانـک) لە دەرهێنانی (زانـیار لەتیـفی) پاڵـەوانی ئەم فیلمانەش هەر منـداڵانن. ئەم فیلمانەش چ لە کوردستان و لە ئێران و لە فیستیڤاڵییە نێودەوڵەتییەکاندا بۆ فیلمی سینەمایی منـداڵان، سەرکەوتنی گـەورە و رێـز و خـەڵاتی زۆریان بەدەستهێنان.
هـیوادارم کە برایانی دەرهێنەرمان بەهمـەن قوبـادی و کـارزان قـادر و هیشام زەمـان و ئاکـۆ زەنـد کەریمی و زانیـار لەتیـفی وهونەرمەنـدانی کەشمان لە فیلمە سینەماییەکانی داهاتووشیاندا رۆڵی پاڵەوانێتی و سەرەکی زیاتر بە منداڵانی بەهرەداری کوردمان بدەن. چونکە (منـداڵانی ئەمڕۆمـان، هیـوای داهـاتووی کوردسـتانن).
ئێمە لە کورتە نووسینێکدا، دەربارەی شیرلی تمپل، ئەم کەڵە ژنە هونەرمەندەی بواری سینەما، ناتوانین بە درێـژی باس لە یەک بە یەکی فیلمەکانی بکەین. ئەمەیان کـاری پسپۆر و سینەماکارانی کوردمانە، گەر بیانەوێت بە تەسەلی باس لە فیلمەکانی شیرلی تمپل بکەن و بەپێی پێوەرەکانی رەخنەی بابەتی و بە پێی ئەو سەردەمەی دەرهێنراون، تیشک بخەنە سەر فیلمەکانی و یەک بە یەک هەڵیان بسەنگێنن.
زۆر بە کورتی ئاماژە بە بەشێک لەو فیلمانەی دەدەین، کە شيرلی تمپل لە تەمەنی سێ ساڵییەوە تا بیست و دوو ساڵی رۆڵی پاڵەوانێتی و سەرەکی تێیاندا بینیوە.. فیلمەکان:
١ـ یەکەمین فیلم کە شیرلی تمپل بەشداری تێدا کرد لە ساڵی (١٩٣٢) دا بوو، کە رۆڵی سەرکی تێدا بینی، لەگەڵ ئەکتەری ناسراو (جـێمس دان) دا بوو، تەمەنی شیرلی سێ ساڵان بوو ناوی فیلمەکەش (ستاند ئەپ ئەند چیر) واتە (هەستە و بگەشێوە) یا هەستە و دڵخۆشبە، کە لە لایەن کۆمپانیای (فـۆکس فیـلم)ەوە، ئامادەکـرا و دەرهـێنرا.
٢ـ بەڵام دەستپێکی راستی شیرلی تمپل و ئاشنابـوونی تەواوی بە جیـهانی فیلم و بە سینەما، دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی (١٩٣٢) کە هێشتا هەر سێ ساڵان بوو، رۆڵی پاڵەوانێتی لە زنجیرە کورتە فیلمی (بایـبی بیـورلیسکس) دا بینی.. زنجیرە فیلمێکی کورتی کۆمیدی رەخنەئـامێز بوو، توانـج و پـلاری لە فیلمە گەورەکان و لە سیاسەتەکانی ئەو سەردەمە دەگـرتن. بەڵام بەشێکیش لە بینەران رەخنەیان لەم زنجیرەیە گرت، کە بەهرە و توانا و دڵپاکی منداڵێکی بلیمەتی وەک شیرلی تمبل یان قۆستوونەتەوە و رۆڵی کەسێکی گەورە دەبینێت، کە بە گوێـرەی خۆی نییەوە و لەگەڵ دڵپـاکی منـداڵاندا ناشێت.. ئەم زنجیرە فیلمە لە هەموو فیلمەکانی ئەو کاتە، زیاترین پلیتی فـرۆشرا و زیاترین داهاتیشی بوو.
هەر لە ماوەی کارکردنی لەم کۆمپانیایەدا، شیرلی تمپل لە چەند زنجیرە فیلمێکی تریشدا بەشداری کرد و رۆڵی سەرەکی هـەبوو، فیلمەکانیش ئاراستەی منـداڵان دەکران.
٣ـ فیلمی ( چاوە گەشەکان) لە (١٩٣٤) دا نمایش کرا، تەمەنی شیرلی پێنج ساڵان بوو، رۆڵی پاڵەوانێتی لەم فیلمەدا هەبوو، لەم فیلمەدا شیرلی تمپل خۆشترین گـۆرانی چـڕێ و جوانترین سەماشی کرد و باشترین رۆڵیشی نوانـد، ئەم فیلمە ناوبانگیکی جیهانی بە شێرلی تمپل بەخشی.. فیلمەکەش بە تایبەتی ئامادەکرا بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەهـرە و تواناکانی شیرلی تمپل دا بگونجێت. لە پاداشتی ئەو سەرکەوتنە گەورەییەی کە لەم فیلمەدا بەدەستهێنا، لە لایەن (ئاکادیمیای فیلمی ئەمریکی) یەوە رێزی لێنرا و خەڵاتیان کرد.. زیاتر لە نیو ملیۆن کاسێتی ئەو گـۆرانییەشی فـرۆشرا، کە لەم فیـلمەدا چـڕی.
هەر ئەم فیلمەش بوو، کومپانیای (فۆکس فیلم)ی لە هەرەس و مایەپووچی رزگارکرد.
شیرلی تمپل دەڵێ:” من زۆر بەخـتەوەر بـووم، هەلی ئەوەم بۆ رەخـسا، کە رۆڵی (کچـۆلە شادەکە) بگـێڕم، کە ناوبانگی بۆ واڵا کـردمەوە”

٤ـ فیلمی (کچۆلە هەژارە دەوڵەمەندەکە) کە لە ساڵی (١٩٣٦) دا نمایش کـرا، شیرلی رۆڵی پاڵەوانێتی هەبوو، هەر هەفتەی (پانزە هەزار دۆلار) ی وەردەگرت، ئەم گوژمە پارەیەش بۆ ئەو باردۆخـە ئابوورییە خراپەی ئەو سەردەمە، پارەیەکی زۆر بوو.
٥ـ ئەمانەش ناوی کۆمەڵە فیلمێکی ترن، کە شیرلی تمپل رۆڵی پاڵەوانێتی و سەرەکی تێیاندا هەبوو، بە زۆریش پێش ئەوەی کە تەمەنی ببێت بە دوانگزە ساڵان بەشداری تێیاندا کردووە: (منـداڵ و بەفـر: ١٩٣٢)،(ئالبی قـژسوور: ١٩٣٣)،(کیورلی تۆپ: ١٩٣٥)،(کۆڵونیلە بچکۆلەکە: ١٩٣٥)،(یاخیبووە بچکۆلەکە:١٩٣٥)،(کاپتن جانیوری: ١٩٣٦)،(هـایـدی:١٩٣٧)،(خـانمە بچـکۆلەکە: ١٩٣٤)،(دڵ گـۆڕین: ١٩٣٤)،(چـاو هەڵتەکاندەکـان: ١٩٣٦)،(چۆلەکەی شین:١٩٤٠)،(کۆڵـوانەی شـین)،(کچـۆلە یاخیـبووەکە)،( مانگی هەنگـوین: ١٩٤٧)،(شادی لاوان: ١٩٤٠)،(جـادووگەر)، (سەرکێشییەکـان)،(منـداڵان لە ئەفـریکا: ١٩٣٣)،(خۆشـاردنەوە لە کەشتـییەکەدا: ١٩٣٦)،(کچە بچکۆلەکەمـان: ١٩٣٥)، (ماچیک بۆ کـۆرلیس: ١٩٤٩) ئەم فیلمەیان دوا فیلمە کە شیرلی تمپل بەشداری تێيدا کرد.
فیلمی (کـیورلی تۆپ) و (یاخیبووە بچکۆلەکە) لەو راپرسییەی کە گۆڤاری (ڤارایتی) کردی، بە باشترین دوو فیلمی ساڵی (١٩٣٥) هەڵبژێـران.

٦ـ فیلمی (شازادە بچکۆلەکە) لە ساڵی (١٩٣٩) دا نماییش کـرا، تەمەنی شیرلی تمپل سیانگزە ساڵان بوو، لەگەڵ ئەکتەری لاودا (دیک مور) رۆڵی سەرەکییان هەبوو، ئەم فیلمە نیوچە رۆمانسی بوو، شیرلی لە رۆڵی خاتوو ( ئانی رۆنی) دا بوو، لە فیلمەکەدا شیرلی و دیک مور، لە پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکەدا دانیشتبوون، دیک مور ئۆتۆمبیلەکەی لێدەخوڕی، لە بەردەم ترافیک لایتێکدا، ئۆتۆمبیلەکە ئستۆپ دەکات، بۆ یەکەمین جار دیک مور ماچێکی سووکی رومـەتی شیرلی دەکات.. دیک مور دەڵێ:” پێنج سەد کامیرا بۆ وێنەگرتنی دیمەنی ئەم ماچە رۆمانسییە، روویان تێکردبووین” هەر دیک دەڵێ:” تا ماوەیەکی درێژی لەوە دواش ئەوە یەکەم ماچم بوو” ئەم فیلمە سەرکەوتنێکی بازرگانی گەورەی بەدەستهێنا.. داهاتێکی زۆری هەبوو.
٧ـ فیلمی (ئەم کچە شەیتانە) کە لە ساڵی (١٩٤٧) دا، نمایش کرا، شیرلی تمپل لەگەڵ ئەکتەری بە ناوبانگ (رۆناڵد ریگان) دا، رۆڵی سەرەکییان هەبوو ( رۆناڵد ریگان) لە ساڵی ( ١٩٨١ـ ١٩٨٩) بوو بە سەرۆکی ولایەتە یەگرتووەکانی ئەمریکا. لەم فیلمەدا شیرلی تمپل رۆڵی (کچـە هەرزەکـارەکە) ی دەگێڕا. رۆناڵد ریگان یەکەمین ئەکتەری گەنجە کە داوای هاوسەرگیری لە شیرلی تمپل کرد.. بەڵام لە کاتی نمایشکردنـدا، ئەو رستەیەیان سڕییەوە و لە فیلمەکەدا نەما.
٨ـ فیلمی (قەڵای ئەباشی: ١٩٤٨) لەم فیلمەدا، شیرلی تمپل رۆڵی سەرەکی هەیە (کچی هـێنری کوندەی ـ سەرۆکی هۆزی ئەباشی) یە. هەر لەم فیلمەدا ئەکتەری بە ناوبانگی ئەمریکی (جـۆن ئاگـەر) مێردی یەکەمی شیرلی تمپل، رۆڵی سەرەکی هەیە.
لە فیلمی (سەرکێشییەکان لە بالتـیمۆر: ١٩٤٩) شیرلی تمپل و جۆن ئاگەر لەم فیلمەشدا رۆڵی سەرەکییان هەیە. ئەمە دوا کـاریان بوو کە پێکەوە بیکەن، لە دوای ئەم فیلمەوە لە یەکتری جیابوونەوە.
٩ـ شیرلی تمپل بۆ دوو خوليش چەند زنجیرە تەلەفـزیۆنییەکی ئامادە کرد و هەر خۆشی پێشکەشی دەکردن، وەکو ئەکتەرێکیش لە چەند درامایـەکی تەلەفـزیۆنیدا، رۆڵی پاڵەوانێتی هەبوو.. هەر لە تەلەفـزیۆندا، وەکو چیرۆکخوانێکیش چیرۆکی ئەندێشەیی بۆ منداڵان دەگـێڕایەوە.. لە میانەی ئەم زنجیرە تەلەفـزیۆنیانەشدا، چیـرۆکی ژیاننـامەی خۆی و ئەزموونی لە بواری سینەمادا دەگێڕایەوە.
لە چەندین بەرنامەی تەلەفـزیۆنیشدا، وەکو میوانی رێزلێنراو، بانگی شیرلی تمپل یان کـرد و دیمانەی هـونەرییان لەگەڵـدا کردوون.
١٠ـ شیرلی تمپل لە ساڵی (١٩٨٨) دا چیرۆکی ژیاننامەی خۆی نووسییەوە و چاپیکرد.
خەڵاتەکانی شیرلی تمپل:
١ـ لە ساڵی (١٩٣٥) دا، خەڵاتی (ئاکادیمیای ئەکتەرانی بچووک)ی لە بواری سینەمادا وەرگرت. بۆ یەکەمین جاریش بوو کە خەڵاتێکی وای تایبەت بە منداڵان لە ئەمریکادا دابهێنرێت. شیرلی تیمپلیش، یەکەمین و بچووکـترین ئەکتەری سینەمایی بوو کە ئەم رێزلێنانەی لێنرا و ئەو خەڵاتەیان پێبەخشی، لە پاداشتی رۆڵە سەرکەوتووەکـانی لە فیلمە کۆمیدییە خۆشەکانیدا، بە تایبەتیش لە فیلمی (چاوە گەشەکـان: ١٩٣٤).
٢ـ هەر لە ساڵی (١٩٣٥) دا، کە تەمەنی شیرلی تمپل شەش ساڵان بوو، لە پاداشتی سەرکەوتنی لەو فیلمانەی کە لە ساڵی (١٩٣٤) دا رۆڵی پاڵەوانێتی تێیاندا گـێڕا و لە سینەماکاندا نماییش کران.. خەڵاتی زێـڕینی (ئۆسـکاری منـداڵان) یان پێبەخشی، کە خەڵاتێکی تایبەتە بە منداڵانی بواری هونەری سینەما. بەرزترین خەڵاتی سینەماییشە لە جیهـاندا.. شیرلی تمپل بچووکترین ئەستێرەی سینەماییە، کە ئەم خەڵاتەی وەرگـرت. تا ئەمڕۆش هیچ منداڵێکی تر لە بواری سینەما لە جیهاندا، ئەم خەڵاتەیان وەرنەگرتوون.
٣ـ بچووکـترین ئەکتەری سینەماییە، کە دەستەمۆر و پێمۆری لە گۆڕەپـانی پێشەوەی شانۆی (گرومانزی چینی) شەقڵکردوون. کە یەکێکە لە بەناوبانگتری هۆڵەکانی نمایشی سینەمایی لە (هۆلیـۆد) لە ئەمریکادا.
٤ـ شیرلی تمپل، وەکو ئەستێرەیەکی ئەفسانەیی سینەمای ئەمریکی و جیهانی لە لیستی فەرمی ئەفسانەکانی سینەمای ئەمریکادا کە بە (ئەی ئێف ئای) ناودەبرێ، تۆمار کراوە. کە لیستێکی دامەزراوەی فیلمی ئەمریکییە، ئەم لیستەش ناوی (١٠٠) گەورە ئەکتەری ئەفسانەیی بواری سینەمای لەخۆگرتووە. ناوی شیرلی تمپل لە ریزبەندی (هەژدەمین)ی ئەم لیستەدا تۆمارکـراوە.
٥ ـ لەو راپرسییەی کە ساڵانە گۆڤاری (هیراڵد مۆنتۆن پیکچەر) بۆ باشترین ئەکتەری سینەمایی منـداڵ دەیکات، چوارساڵ لەسەر یەکتری (١٩٣٥ـ ١٩٣٨) شیرلی تمپل لە ریزبەندی یەکەمی (بۆکس ئۆفیس) دا بوو.

٦ـ لە ساڵی (١٩٣٠) دا، شیرلی تمپل یەکەمین کچۆلە بوو لە جیهاندا، کە زۆرترین وێنەیان گرتبوو.
٧ ـ لە شـێوەی شیرلی منداڵ، شیرلی رووخۆش و لێو بەخەنـدە، شیرلی قـژ سوور و لوول، بە چەندین شێوە و قەوارەی جیا (بـووکە شووشە) دروستکراون، بە ملیۆنان دانەیان لە جیهاندا لێفـرۆشتوون، تا ئەمڕۆش دروستی دەکەن و دەیفـرۆشن.
٨ـ لەسەر قاپ و فەخفووری و کوپ و دۆڵکە و کراس و تیشێرتی منـداڵاندا، وێنەی شێوە جیاوازی شیرلی تمپلی منداڵ، بە رەنگاوڕەنگ چاپکراون. ساڵانەش بە هەزاران سێت و دانـە لەم شتانە دەفرۆشـرێن.. هەندێکیان وەکو دیاری پێشکەش دەکـرێن.
٩ـ لە لایەن (زانکۆی سانتا کلارا) و (زانکۆی لیهای) ئەمریکییەوە، دوو بڕوانامەی دکتـۆرای شانازییان بە شیرلی تمپل بەخشین. هەر یەکەش لە (زانکۆی نۆتـردام) و (زانکۆی بـال) یش بڕوانامەی هاوڕێتییان پێبەخشین.
١٠ـ لە ساڵی (٢٠٠٥) دا (سەندیکای ئەکتەرانی پەردەی گەورە) خەڵاتێکی رێزلێنانیان بە ناوی (بەرهـەمی ژیـان) پێشکەش بە شیرلی تمپل کرد.
١١ـ خـواردنەوەیەکی گـازی خۆش و گوشـراوێکی کۆکتـێلی میـوەی خۆش لە ئەمریکا و لە هەنـدی وڵاتانی تـردا هـەن، کە بە ناوی (شـیرلی تمـپل) ەوەن.
١٢ـ مەڵبەندی رۆشنبیری کەنەدی لە ئەمریکا، خەڵاتێکی بەنرخیان پێشکەش کرد.
١٣ـ بێجگە لەو خەڵاتانە، چەندین خەڵاتی رێزلێنانی تریشیان پێشکەش کردوون.
هاوسەرگیری شیرلی تمپل:
شیرلی تمپل دووجار هاوسەرگـیری کرد:
١ـ شووی یەکەمی لە ساڵی (١٩٤٥ـ ١٩٤٩) لەگەڵ (جـۆن ئاگـەر) کە چاودێرێک بوو لە هێزی ئاسمانی ئەمریکادا. لە هەمان کاتیشدا ئەکتەرێکی سینەمایی لێهاتوو بوو. لاوێکی باڵابەرزی قـۆز بوو. تەمەنی شیرلی (١٧) ساڵ بوو، تەمەنی جـۆن (٢٣) ساڵ بوو. یەکتریان خۆشـدەویست. جـۆن دەڵێ:” پێش ئەوەی داوای بکەم، بە بەردەوامی یەکتریمان دەبینی.. دواییش هاوسەرگیریمان کرد”
دایکی پێی وابوو کە شیرلی کچی، هێشتا بچووکە و کاتی هاوسەرگیری و ماڵداری نییە. بەڵام شیرلی کەسایەتییەکی بڕوابەخۆ و بەهێز بوو، بۆیە لە بڕیاری شووکردنی پاشگەز نەبۆوە.. هاوسەرگیرییان کرد.
کچێکیان بوو، ناویان لێنا “لیـندا سـۆزان”. لەکۆتایی ساڵی (١٩٤٩) دا، لەسەر داوای شیرلی، جۆن ئاگەر و شیرلی تمپل لە یەکتری جیابوونەوە. لینداش تا شووی کـرد هەر لە لای دایکی بوو.
٢ـ شووی دووەمی (١٩٥٠ـ ٢٠٠٥) لەگەڵ (چالـز ئالدین بلاک) کە لە بنەماڵەیەکی بزنسمەنی دەوڵەمەندی ناسراو بوو.. چارلـز ئەفسەرێکی هەواڵگـری ئەمریکا بوو.
لەم بەروارە بە دواوە شیرلی نازناوی هاوسەرەکەی (بلاک ) بوو بە دوا ناوی، بوو بە (شیرلی تمپل بـلاک) کوڕێک و کچێکیان بوو، کوڕەکەیان (چارلزی بچووک: ١٩٥٢) کچەکەشیان (لـوری: ١٩٥٤). چارلـز بلاک ماوەیەکیش بوو بەڕێوەبەری کەناڵێکی تەلەفـزیۆنی لە شاری( لـۆس ئەنجـلس) شـیرلی و چارلـز پەنجـا و چـوار ساڵ پێکەوە بە خۆشی و کامەرانی ژیـان.. تا لە ساڵی (٢٠٠٥) دا، چارلـز بلاک کۆچی دوایی کرد.
شیرلی تمپل زۆر دڵسۆز و خەمخۆری خـێزانەکەی بوو، لەگەڵ منداڵەکانیدا پێکەوە لە خانووەکەیانـدا لە نزیکی (سان فـرانسیسکۆ) لە کالیفـۆرنیا بە خۆشی دەژیان.. سۆزانی کچە گەورەکەی شووی بە دیپلۆماسییەکی ئیتاڵی کـرد.
لە ساڵی (١٩٧٢) دا، لە ئەنجامی پشکنیـنی پـزیشکیـدا، دەرکەوت کە شیرلی تمپل تووشی شێرپەنجەی مەمکەکانی بووە. بە نەشتەرگەری هەردوو مەکیان بڕییەوە.. بەڵام شیرلی بێ ئومێد و بێ هیوا نەبوو لە ژیان، کەسایەتییەکی گەشبین و بەهێـز و بڕوابەخۆ بوو.
شیرلی تمپلی سیاسی و دیپلۆماسی:
شیرلی تمپل سەرەڕای ئەوەی کە سەرقاڵی کاری هونەری نوانـدن و فیلم و سینەما و تەلەفزیۆن بوو، رۆڵێکی سیاسی بەرچاویشی لە وڵاتەکەیدا هەبوو. ئەندامێکی چالاکی (پارتـی کۆمـاری) بوو. لە ساڵی (١٩٦٧) دا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکی هەڵیان بـژارد.
کە (ریتـشار نیکسـۆن) بوو بە پاڵیۆراوی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، شیرلی بۆ پێویستی و بۆ خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵـبژاردنی، زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری لە ولایەتەکانی ئەمریکادا بۆ پاڵپشتی و بۆ سەرکەوتنی نیکسۆن کۆکردەوە. ئەوەبوو ریتشار نیکسـۆن سەرکەوت و لە ساڵی (١٩٦٩ـ ١٩٧٤) بوو بە سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکـانی ئەمریکا.. وەکو پیزانینی و بە ئەمەکی بۆ رۆڵـی شیرلی لە پاڵپشتیکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا (ریتـشارد نیکسـۆن) شیرلی تمپلی کرد بە (نۆێنەری هەمیشەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگـرتووەکان) دا.
شیرلی تمپل دەڵێ:” ئەمە کـارێکی ئاسان نەبـوو، سیانگزە کـاریان پێسپاردبـووم. هەوڵمدەدا کە هەموویان بە سەرکەوتوویی و بە باشترین شێوە ئەنجـام بدەم”
هەر لە بارەی کارکردنەوە شیرلی دەڵێ:” گەر کەسێک کارنەکات و هیـچ شتێک لەوەی لە سەرێتی ئەنجام نەدات.. پێویستە لە کاتی تەنیاییدا لە ماڵە سنووردارەکەیدا دابنیشێت و پەرتووک بخوێنێتەوە.. بەڵام من حەزم لە کـارکردنە، کـاردەکەم و کـاردەکەم”
شیرلی تمپل لە چەندین کۆنفرانس و کۆنگـرەی لووتکەدا، لە ئەمریکا و لە دەرەوەدا، وەکو نوێنەرێکی سەرەکی وڵاتەکەی بەشداری کردووە و. چەندین باس و وتـاریشی دەربارەی ژینگە و پـەروەردە و زانیاری پێشکەش کردوون.
شیرلی تمپل، لە ساڵی (١٩٧٤ـ ١٩٧٦) باڵیـۆزی ئەمریکا بوو لە وڵاتی (گـانا). گوایە (سوپاسی سووری یابانی) پیلانێکیان داڕشتبوو بۆ رفانـدنی (شیرلی تمپل) لە (ئاکـرا)ی پایتەختی گانا. بەڵام پیلانەکەیان ئاشکرابوو و سەرینەگرت. مەبەستەکەشیان خـودی شیرلی تمپل نەبوو، بەڵکو ئەمریکا بوو.. نامانەوێت لە باسەکەمان لابـدەین و باس لە وردەکارییەکانی ئەو پیلانە بکەین.
شیرلی تمپل، یەکەمین ئافـرەتە لە مێژووی ئەمریکادا، کە لە ساڵی (١٩٧٦) دا، پۆستی (سەرۆکی پرۆتـۆکۆلات) ی وەرگرت.
لە ساڵی (١٩٨٧) دا، یەکەمین کەس و یەکەمین ئافرەت بوو لە مێژووی ئەمریکادا، کە کرا بە (بەرپرسی خـزمەتگوزارییەکانی دەرەوە).
لە ساڵی (١٨٨٩ ـ ١٩٩٢) باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە (چیکۆسلۆفـاکیا) بە پێشکەوتوویی ئەم وڵاتە ئەوروپاییە سەرسام و دڵخـۆشبوو.
شیرلی تمپل، وەکو ئەندام و کارگێڕ لە چەندین ئەنجوومەندا کاری کرد و چالاکی هەبوو.

کۆچی دوایی شیرلی تمپل:
شیرلی تمپل بـلاک، ئەستێرە و ئەفسانەی سینەمای جیهانی، ئەکتەر و ئامادەکەر و پێشکەشکەری بەرنامە و زنجیرە چیرۆک و درامای تەلەفـزیۆنی، گـۆرانیبـێژی دەنگخۆش و زۆڵاڵ، سەماکەری بلیمەت، نووسەری کورتە چیرۆک، پەروەردەکـار، سیاسەتمەدار، دیپلوماسی، خۆشەویستی ملیۆنان کەسی هـەوادارانی فیـلمەکانی لە جیهاندا.. لە رۆژی (١١ی/ فێبروار/٢٠١٤) دا، لە تەمەنی (٨٥) ساڵیدا، لە ماڵەکەی خۆیدا، لە (ودساید) لە کالیفۆرنیا، بە مردنێکی ئاسایی، کە منداڵەکانی و خانەوادەکەی بە دەورییەوە بوون، کۆچی دوایی کرد.
هەواڵی کۆچکردنی، بوو بە گەرمترین هەواڵی میدیاکان لە جیهاندا، بوو بە مانشێتی رۆژنامە و کۆڤارە هونەرییەکان.
لەو بەیاننامەیەی کە خانەوادەکەی بۆ کۆچکردنی رایانگەیاند، بەم شێوەیە گوزارشتیان لە ماتەمینی خۆیان کردوون: ” سڵاوت لێبی ئەی ئەکتەر و دیپلۆماسی، گرنگتریش ئەی دایک و نەنک و هاوسەری خۆشـەویست”
فرۆشتنی مستیلە و کەلوپەلەکانی شیرلی تمپل:
لە دوای ساڵێک لە کۆچکردنی شیرلی تمپل، خانەوادەکەی شتە نایاب و بەهادارەکانیان لە پێشا بۆ ماوەیەک لە مۆزەخانەکانی شارە گەورەکانی ئەمریکادا نماییشیان کـردن. دوایش بۆ بە زیادکردنی ئاشکرا فـرۆشتنیان، دایانن بە ئەو شوێنانەی کە تایبەتن بە فروشتنی زیادکردنی ئاشکرا بۆ فـرۆشتنیان. شتەکانی دەکەین بە سێ بەشەوە:
١ـ مستیلە نیاب و بەهـادارەکەی: مستیلە زۆر جـوانەکەی، کە لە بەردی ئەڵماسی رەسەنی شینی دەگمەن دروست کراوە، کێشەکەی (٥٤. ٩) نۆ و لە سەدا پەنجا و چوار قیراتە، لە ساڵی (١٩٤٠) دا، باوکی ئەم مستیلەیەی بە (٧٢١٠) دۆلار بۆ شیرلی کڕی و، لە دوانگزەمین ساڵیادی جەژنی لەدایکبوونیدا پێشکەشی کرد. شیرلی بە درێـژایی ژیانی مستیلەکەی لە پەنجەیدا بوو.
لە بەرواری (١٩ی/ ئاپـریل/ ٢٠١٦) دا، لە لایەن خانەی (سـوزبی) لە نیویۆرک کە تایبەتە بە زیادکردنی ئاشکرای فرۆشتنی (گەوهـەرە نایابەکـان) مستیلەکەی شیرلی تمپلیان وەکو گەوهەرێکی بەهـاداری دەگمەن، نماییشیان کرد، نرخەکەشیان لە (٢٥) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (٣٥) ملیۆن دۆلار دیاری کرد.. لە یەکەمین بە ئاشکرا فرۆشتن دا،
(٢٢) ملیۆن دۆلاریان دایی، واتا لەژێر نرخی دیاریکراوی زیادکردنی ئاشکرا فرۆشتنی بوو، بەو نرخە نەیان فرۆشت. ئەوەشم بەرچاو نەکەوت کە دواتر بە چەند فرۆشتیان.
٢ـ جلوبەرگەکانی شیرلی تمپل: کە زیاتر لە (٨٠) ساڵە هەڵیگرتوون. ئەو کراسانەی کە لە منداڵیدا لە فیلمەکانی سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە بەری کردوون، بە تایبەتیش ئەو کراسەی کە لە (١٩٣٥) لە کاتی وەرگرتنی (خەڵاتی ئۆسکار)ەکەیدا لەبەری بوو.
تێکراش (٥٧) پارچە جلوبەرگن، لەگەڵ هەر پارچە جلێکیشیدا، وێنەیەکی راستی و رەسەنی شیرلی خۆی لە گەڵیدایە، کە لە فیلمەکەدا، بەو جلەوە گرتۆتی.
وێنەکانی ئەو جلوبەرگانەش لە ئینتەرنێتدا لە سایتی (نـات دی سانـدەرز ـ کە سایتێکی ئەلیکترۆنی تایبەتە بە فرۆشتنی زیادکردنی ئاشکرا) لە ساڵی (٢٠١٥) وە بۆ فـرۆشتن دانراون.. فرۆشتنی ئاشکراشیان لە (٥٠٠) هـەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات، رەنگە لەم بە زیاتریش لەم نرخە دیاری کراوە بیان فرۆشن.
٣ـ دەقـی تێکست و دانـە رەسەنەکانی ئەو فیلمانەی کە بەشداری تێیاندا کـردوون. دەقی ئەو وتـار و نووسینانەشی کە بە دستـنووسی خۆین و لە بـۆنە جیـاوازەکاندا پێشکەشی کـردوون، بە تایبەتیش لە کاتی بەخشـینی خەڵاتەکـانی ئۆسکاردا.

رەزا شوان
نەرویـج : ١٩ي/ ئاپریل/ ٢٠١٨
(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگرتوون.

Previous
Next
Kurdish