Skip to Content

ناتوانین بۆت بگرین نەوەک نیشتیمان جێمانبهێڵێت … ئیسماعیل تەنیا

ناتوانین بۆت بگرین نەوەک نیشتیمان جێمانبهێڵێت … ئیسماعیل تەنیا

Closed
by نیسان 19, 2018 General, Literature

عوسمانییەکان، هەتا ئاو لەدوایان ڕۆیشت، هاژوشتیان. وەک ئەو زەمانەی ئێستامان، با بە ئاڕاستەی ڕۆیشتنی کەشتییەکەی ئەوان، هەڵیکردبوو. لەبەرگی ئایینی و دوا خەلیفەی ئیسلام و بەناوی (فەتحول موبین)ەوە، بە کەیف و ماشای خۆیان چەندین شارو وڵات و پێگەی جوگرافیای گرنگ و، نەتەوەو ئۆڵی جیا جیایان، خستە ژێر ڕکێفی خۆیان. هەر وەک ئێستا، بە ناوی قورئان و ئاین و خۆ بەدوا خەلیفەی موسڵمانان، خۆیان ناساند. چی باشە نەیانکرد، بۆ زوڵم و زۆرو خراپە کارییەکانیشیان، دەتوانن لە لاپەڕەکانی سەر ڕەفەکانی مێژوو بپرسن. کە بایەکە شکاو کەشتییەکەیان وەک کەری دێزەی غەزریو، هەنگاوێکی تر نەچووە پێشەوە.

ئیدی هەر بەوە ڕاگەیشتن هەڵبێن و پایدۆز لە کورسی و حوکم و سەڵتەنەکەیان، بکەن، بەڵام بە دەستی بەتاڵ نەگەڕانەوە، هەرچی لە عەمبارو کەندو و هەمبانەی ئەو خەڵکە هەژارو ژێر دەستەیە هەبوو، هەموویان بەتاڵان، برد. لە دەورو بەری کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و شکست هێنانی عوسمانییەکان و تاڵانو بڕۆ کردنی میللەتە ژێر دەستەکانیان، گرانی گەورە داکەت. بە هەزاران کەس، بەهۆی بەربڵاوی نەخۆشییە کوشندەکان و هەژاری و برسێتی، گیانیان لەدەستدا. بە گوێرەی گێڕانەوەکان، خەڵک بە شاردنەوەو ژێر گڵ کردنی تەرمەکان، ڕانەگەیشتونە. (عەزیز گۆران)، جوتیارێکی خانەدان و دەست ڕۆیشتو و خاوەن مێگەلە مەڕی گوندی (گۆمەگڕو)، بوو. باوکم، (حەسەن فات ١٩١٢- ١٩/٥/١٩٩٨ )، ئەو کات تەمەنی پێنج بۆ شەش ساڵان بووە. گوێم لە گێڕانەوەی چەندین ڕوداوی دڵتەزێن و ناخ هەژێن، لە زاری ئەوەوە، بووە.

ئەو دەیگوت: عەزیز گۆران، دراوسێیەکی دەرگا بە دەرگای ماڵمان بوو، تەنها دیوارێکی کورتە باڵا سنوری ماڵەکانمانی لێک جودا کردبۆوە. شەو و ڕۆژ لەگەڵ یەک بووین. هەر لەسەر دیوارەوە، چێشتە خۆشەکانمان، ئاڵوگۆڕ دەکرد. ناوبراو، هەموو ڕۆژێک گیرفانەکانی پاڵتۆ و شەرواڵەکەی پڕ لە گەنم و نیسک و نۆک، دەکرد. لە کوچەو کۆڵانەکانی گوند، توشی هەر منداڵێک هاتبا، دەستی لە گیرفانەکانی ڕادەکردو چنگێک گەنم و نیسک و نۆکی دەردەهێناو، لەدەستی دەکردن و لە ڕەشەبای مەرگ و برسێتی، رزگاری دەکردن. باوکم چەندین جار دەیگوت: عەزیز گۆران ئەوەندە بە بەزەیی و بەخشندە بوو، گەر خودا بەهیچ شتێک لێی خۆش نەبێت، بەم بەخشندەییەی، لێی خۆش دەبێت و ڕەوانەی بەهەشتی دەکات. ناوبراو چەند منداڵێکی هەبوو ، لەوانە: ڕەزا، ڕەشید، ساڵح. ئەوەی دواییان ، کە دواتر بە (حاجی ساڵح ١٩١٣- ١٦/٥/١٩٩٠) ناسرا، بە ساڵێک لە باوکم (حەسەن فات)، بچووکتر بوو. سەرەڕای نزیکی شوێنی نیشتەجێ بوون، زۆر لە ڕۆحی یەکتریش نزیک بوون. باوکم، پیاوێکی هەژاری نەخوێندەوارو زاکیرە تیژ، (حاجی ساڵح)یش، جوتیارێکی حاڵ خۆش و خاوەن مێگەلە مەڕو حسێب گرێکی بە توانا بوو، زۆر باش سەری لە ڕۆژژمێرو باری کەش و هەوا، دەردەچوو. زۆربەی ڕوداوە گرنگەکانی، لە نمونەی: کوژرانی فڵانە کەسی هاوگوندیمان لەسەر لاتە جۆتێک.

کوژرانی فڵانە کەس بە خەنجەر، لەسەر سەگ… لەدایک بوونی فلانە کەس، لە فلان ساڵ. ئەم ڕوداوانەی بە ئەمانەتەوە، لە زاکیرەی هەڵگرتبوو. حاجی ساڵح، بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ئاغاکانی گوند، لەساڵی ١٩٥٧، گۆمەگڕو بەجێدەهێڵێت و بۆ هەولێر بار دەکات، لەوێ بۆ بژێوی ژیان دوکانێکی عەتاری دادەنێت. هەتا لە گوند بووین، کە لەگەڵ باوکم دەهاتینە شار، بێ سەردانیکردنی حاجی ساڵح و دوکانەکەی، نەدەگەڕاینەوە. هەر چەند جارێک کە باوکمی دەبینی، پاش گێڕانەوەی ڕوداوەکانی ڕابردوی گوند، بە داخ و کەسەرو ئاهی سارد هەڵکێشان، دەیگوت: (ئێی هێی حەسەن فات، عومرمان بووە ئەوەندە ساڵ). هەر ئەویش بەرواری ساڵ و مانگی لەدایکبوونی منی ئاشکرا کردو، لە دڵەڕاوکێی تەمەن زانین، قوتاری کردم.

بە پێو دانگی حسێب و زاکیرەی من، حاجی ساڵح، ( لەچوار چێوەی زەمەن و باری کۆمەڵایەتی ئەوسای کۆمەڵگەی کوردی)، مرۆڤێکی زیرەک، نیشتیمان پەروەر، دۆستی هەژاران، دژی ئاغاو دەرەبەگان، حسێب گرێکی بەتواناو خوێندەوارێکی مفەکەرە لە گیرفانی، گوندەکەمان بوو. بەبارکردن و دورکەوتنەوەشی، بە هۆی گێڕانەوە بەردەوامەکانی باوکم، ئەو پیاوەو ماڵباتەکەی، لە زاکیرەی منەوە، هەر بە زیندوویی و بە نزیکی، مانەوە.

* * * *

کۆمەڵێک شاعیری هەولێری هەن، کەم و زۆر ئاوڕیان لێنەدراوەتەوەو، ڕەخنەو مێژووی ئەدەبی کوردی فەرامۆشی کردون و بەرامبەریان کەمتەرخەمە. پێچەوانەی ئەمانە، بەشێکی تریان زیاد لە قەبارەو شایستەیی خۆیان، لە هەموو دەورو قۆناغێکدا، زوومی کامیرایان هەر لەسەر بووەو لە قەبارەی خۆیان، زێتر گەورە کراون و نیشان دراون. لە هەردوو قۆناغ، پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین، (دەسەڵاتی بێگانەو خۆماڵی )، گرنگی پێداون و نامیلکەو دیوانە شیعری بۆ چاپ کردون. کەچی خەڵکی تر هەبوونە، ئەگەر زیاتر لەوانیان نەکردبێت، بێگومان کەمتریان نەکردووە… درەنگیش نەهاتوون و بە پیریش نەچوونەتە بەر هەویری. دیارە ئەمەش هۆکارێکی هەر هەبووە، بۆ شانس و ناوچەوان گەڕاوەتەوە، یان بۆ خۆڕەپێش کردن و مامە حەمەیی، گەڕاوەتەوە !!

لە شاعیرە کلاسیکییەکانمان ، نموونەی: هەوایی، مەلا خەلیلی دووسەرە (موخلیس)، مەلا خدری دەشتی، ئەکرەم ئاغای کانی، بورهان جاهید، حەبیب عەلی مەنمی میرانی، مەلا عەبدوڵا شەنەغەیی (بێدڵ) و لە شاعیرە میللیەکانیش نموونەی سەعید سەلیم دۆڵەبەکرەیی و سمایلە باشە و، لە تازەکانیشمان: جەوهەر غەمگین و مستەفا کەریم پەژارو مەجید هێرش و عومەر شەریف ڕەسوڵ خامۆش و مەجید حەمەدەمین سلێمان خەمناک و ڕۆستەم باجەڵان و جەمیل ڕەنجبەرو… تاد، کەی بە پێی پێویست و ڕادەی ڕاژەی ئەدەبی و سیاسی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیان، ئاوڕیان لێدراوەتەوە ؟!! چییان لەسەر نووسراوە ؟!!

ئەمەی دواییان (جەمیل ڕەنجبەر)، کوڕی (حاجی ساڵح گۆران)ی دژبەری ئاغاکانی گوندو عەتاری شارو، نەوەی ( عەزیز گۆران)ی گیرفان پڕ لە گەنم و بەخشندەی سەردەمی گرانی گەورەی گوندی گۆمەگڕو، بوو. جەمیل ڕەنجبەر، هاوڕێ و هاوتەمەنی من نەبووە. کە من لەدایک بوویمە (نیسانی ١٩٦٢)، ئەو تەمەنی چواردە ساڵان بووەو پێنج ساڵیش دەبوو گوندەکەی جێهێشتبو و ئۆغریان کردبوو. تاکە پەیوەندی و هۆکاری گرێدانی ڕۆحیم بەو شاعیرە هاوسێ و هاوگوندییەم، یادەوەرییەکانی باوکم و هاوڕێیەتی گیانی بە گیانی باوکی هەردووکمان، بووە.

هەر ڕایەڵەی ئەو سۆزو خۆشەویستی و پەیوەندییە ڕۆحیەش وای لە من کرد کە لە ساڵی ١٩٨٠، لە ئاڵوگۆڕ کردنی کتێب لەگەڵ هاوڕێکانمدا، کۆمەڵە شیعری (زریان)ی ئەنوەر محەمەد قادر جاف بدەمە هاوڕێی شاعیرم (سەباح ڕەنجدەر). لە بری ئەوە، (سەباح)یش هەردوو نامیلکە شیعری (ڕازو سکاڵا- ١٩٦٨)ی جەمیل ڕەنجبەرو (گزنگی ئادار- ١٩٧٠)ی مستەفا پەژاری پێشکەش بە من کرد. (ڕازو سکاڵا)م لە ساڵی ١٩٧٧، لە کتێبخانەی گشتی هەولێر، خوێندبۆوە، بەڵام حەزم دەکردو کەیفم پێدەهات کە نامیلکە شیعری شاعیرە دراوسێ و هاوگوندییەکەم، لە کتێبخانەکەمدا هەبێت. یەکەم لێکۆڵینەوەش کە لەسەر شیعری جەمیل خوێندبێتەوە، لێکۆڵینەوەی: (لکە زەیتوون لە گێژاوی خوێنداو چەند سەرنجێکی ڕيخنەیی) مامۆستای شەهید (یوسف ئەحمەد دەرگەڵەیی) بوو، مخابن کە ئەویش جەمیل ئاسا لەسەر پەیوەست بوون بە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و کوردایەتی، لەلایەن دائیرەی ئەمنی هەولێر، شەهید کرا.

جەمیل، سەرەڕای ڕاژە زۆری لە بوارەکانی: پەروەردەو شیعرو ئەدەبیات و ڕێکخراوی یەکێتی قوتابیان و لاوان و کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و مانەوەی لە زیندانەکانی ڕژێم، بە گوێرەی پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوەو لە خانەی فەرامۆشکردن و پەراوێز خستن، گۆشەگیر کراوە. دوای ڕاپەڕینیش، سەرەڕای کاربەدەستی هاوڕێکانی لە هەموو بوارەکاندا، ئەو ڕاستییەم بۆ دەرکەوت کە جەمیل نەک هەر هەقی شایستەی خۆی نەدراوەتێ، بەڵکو تەواو فەرامۆشیش کراوە… بەڵام ئەوەی نەمدەزانی و لە دوا کتێبی چاپکراوی هاوڕێم (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ- جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا، ٢٠١٨)، بۆم دەرکەوت کە لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (١٩٧٠-١٩٧٤)و دەسەڵاتی بەعس و ڕیکخراوی (یەکێتی نووسەرانی کورد)یش، غەدری زۆری لێکراوەو لێنەگەڕاون بەشداری کارا بکات و ئازادانە، لە مینبەرەکانەوە دەنگی خۆی بە جەماوەرو خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بگەیەنێت و، بەشداری ئازارو کۆژانەکانیان بێت. جەمیل نموونەی باپیری (عەزیز گۆران)، مرۆڤێکی بەخشندەو هەژار دۆست بووە… زۆر جاران دەڵێن: باپیرانمان لە دەربڕینی هەندێک پەندو ئیدیۆمدا سەرچیغ چووینەو نەیانتوانیوە ئامانج بپێکن… من ڕێک پێچەوانەی ئەم بۆچوونەم، ئەدی ئەوە نییە ( گیا لەسەر بنجی خۆی ڕواوەتەوە)!!. ئەدی ئەوە نییە جەمیل هاوشێوەی باپیری مرۆڤێکی دەستکراوەو سەخی تەبیعات و بەخشندە بووە…لەسەر زاری (سەعادەت) خانی هاوسەری، ئەو سەعادەتەی لە ژیانیدا هەموو شتێکی بینی بێت تەنها (سەعادەت)ی نەبینیوە… ناوبراو دەربارەی خەسڵەتە جوانەکانی جەمیلی هاوسەری دەبێژێت: ( هەردەم دەیگوت: ئەگەر پارەت هەبوو بە دڵی خۆت بیخۆ، جلی جوان لەبەر بکە. خەڵکی هەژاریشی پێ تێر بکە، ئەوەی دەمێنێتەوە دابەشی بکە….. مادام ئێمە هەمانە بیخۆین پێویستیمان پێ نییە با خەڵکی تر سوودی لێوەربگرێت و لە ئێمە زیاتر پێویستیان پێیەتی. بڕوانە: کتێبی جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا، ل ١٤١).

جەمیل بەهۆی چالاکییە بەرچاوەکانی دژی ڕژێم، دوای ئەوەی دوو جاران زیندانی دەکرێت و دوای ئازاد بوونی ئەوەی لا ڕوون دەبێتەوە کە چیتر ناتوانێت لە سایەی ئەم ڕژێمەدا ژیان بەڕێ بکات، بۆیە چوار مانگ دوای ئازاد بوونی، لە مانگی دوازدەی ساڵی ١٩٧٩، ڕودەکاتە شاخ و لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا، دەبێتە پێشمەرگە.لەوێش بە قەڵەمەکەی دەستی و تفەنگەکەی شانی، درێژە بە خەباتی پیرۆزو ڕەوای نەتەوەکەی دەدات. بە گەشبینییەوە لە ژیان و ئایندەو خەباتی بەردەوام و نەپساوە، دەڕوانێت.

جەمیل، لە ساڵی ١٩٦٨، کاتێک کە (یاسین)ی برای شەهید دەبێت، فرمێسک و کۆژانە پەنگ خواردوەکانی دڵی دایکی وەک (ئاوێنەی بەر هەتاو ڕوون)، لە چاویدا دەبینێت، هەر ئەو دەم، پەیمان و بەڵێنی ڕاستگۆیی بە دایکی (کوردستان و دایە ئاسک) دەدات، کە درێژە پێدەری ڕێبازی خەباتی چینایەتی و کوردایەتی بێت و لە هیچ داوەڵێک سڵ نەکاتەوە… ئەوکات، ئەم شیعرە هەست بزوێن و وزە بەخشە دەکرێتە دروشمێک و بە تەوێڵی کێلە بەرزەکەی (یاسین) و چەندین شەهیدی خێرلەخۆ نەدیوی تر، هەڵدەواسرێت. جەمیل لەوێدا ڕوو لەدایکی جگەر سوتاو و چاو بە فرمێسکی دەکات و دەڵێت:
پەیمان بێ دایە تاکو دوا تۆڵەم
پێشکەشی گەل و ئەو خاک و خۆڵەم
ئامۆژگاری تۆ هەمیشە دایە
بۆمان پەیڕەو و نەخشەو بڕوایە
تاکو بەخشی کەم گیانی بێگەردم
بە دۆڵ و چیاو نزارو هەردم
نازی دوژمنت ڕائەگرم بە خوێن
مەرجە تا ماوم نەشکێنم بەڵێن.

جەمیل ڕاستگۆ بوو لەگەڵ ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ چینی چەوساوەی نەتەوەکەی و قەڵەمەکەی گرێدابوو… بە ڕاستگۆیی ژیاو بە سەربەرزیش لە بناری کێوە ڕەش و لە ئاقاری گوندی (پیرانە ڕەش)، بە دەستڕێژی کۆپتەرە خومپارە هاوێژەکانی ڕژێم لە بەرواری ١٨/١١/١٩٨٠ شەهید کراو، بۆ دوا جار ماڵئاوایی لێکردین. (ئاسک)ی دایکی، پازدە مانگ پێش کۆچکردنی یەکجارەکی خۆی، ڕاستگۆیی و بەجێهێنانی بەڵێنی کوڕە شەهیدەکەی بە چاوی خۆی بینی، چیتر نەیتوانی بەرگەی ئەم هەموو ئازارو فیراقە بگرێت و دوا جار، ئەویش پازدە مانگ دوای جەمیل، گەڕایەوە باوەشی ئەو خاکەی کە پێش ئەو، (یاسین و جەمیل)ی جگەر گۆشەی لە باوەش گرتبوو.
لە دامێنی ئەم بابەتەدا، من لە لای خۆمەوە، دەستخۆشی لە هاوڕێی هێژا کاک (عەبدوڵلا سلێمان مەشخەڵ) دەکەم کە لە دوو توێی کتێبێکی ناوازەدا، (جەمیل) جوانی بەسەر کردۆتەوەو کۆتایی بەم خامۆشی و فەرامۆشکردنە هێناوە کە باڵا دەست بووە بەسەر جەمیل و تێکۆشان و قوربانییەکانی. لەوێدا، کۆمەڵێک نامەو سەربردەی کەسو کارو هاوڕێکانی لەگەڵ جەمیل و چەند لێکۆڵینەوەیەک لەسەر شیعرەکانی شەهید، بڵاوکردۆتەوە. ناخ هەژێنترین بابەت ، پەخشانەکەی (هەریار)ی کچی جەمیل بوو کە لە کاتی خوێندنەوەدا نەمتوانی بەسەر هەستو سۆزی باوکایەتی و ئینسانیمدا زاڵ ببم، بە پەنهانی چەند دڵۆپە فرمێسکێکم بۆ شەهیدو کۆژانەکانی (هەریار)ی باوک نەدیو، داباراند. چەند ناخ هەژێنە منداڵێکی بێ بەش لە خۆشەویستی و سۆزی باوەشی گەرمی باوکایەتی، بۆ باوکی بنووسێت: (ناوێرم بگریم و دەترسم نەوەک ئەمجارە نیشتیمان ئێمە جێبهێڵێت وەک چۆن باوکم ئێمەی جێهێشت…بڕوانە: جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشآن نەژیا، ل١٢٢).
دەکرێت خوێنەری شیعرو هەڵوەدای ڕێبازەکەی جەمیل، ئەم کتێبە بەسەر بکەنەوەو زێتر بە ناخی پڕ لە جوانی و درەوشاوەی جەمیل شارەزا بن. (مەشخەڵ)، پێش ئەم هەوڵەی، هەوڵێکی تری جوانی بە چاپ گەیاندوەو بڵاو کردۆتەوە. لەوێدا: (لە کەرکوکەوە بۆ ڤێستەڕۆس)، زۆر بە جوانی و دیقەتەوە، تیشکی خستۆتە سەر ژیان و ئەزموونی شاعیری جواننووس و نوێخواز (سەلاح محەمەد)، کە لە زەمانێکدا، دەنگێکی جوانی نوێخوازی شاری کەرکوک و شیعری کوردی بوو.
سڵاو لە گیانی (جەمیل)ی دراوسێ و مامۆستاو چالاکڤان و پێشمەرگەو شەهید و، ئەو شاعیرەی کە ناتوانین بۆی بگرین نەوەک نیشتیمان بەجێمان بهێڵێت (١).

—————-
(١): ئاماژەیەکە بۆ دێڕێک لە پەخشانە ناخ هەژێنەکەی (هەریار جەمیل ڕەنجبەر)، کە لە لاپەڕە (١٢٢)ی کتێبەکەی (مەشخەڵ)دا، بڵاوکراوەتەوە. ناوونیشانی بابەتەکەشم هەر لەم پەخشانە خواستوە.

ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر

Previous
Next
Kurdish