Skip to Content

Closed
by نیسان 22, 2018 General, Poems

ڕووباری غەمەکان
شیعر : نزار قبانی
ورگێڕانی : پشکۆ ناکام
“”””””””
چاوەکانت دوو ڕووباری غەمن
دوو رووباری مۆسیقا،،،
كە گێڕایانمەوە
بۆ دێر زەمان…
دوو رووباری مۆسیقا کە ونبوون
و
ئەنجا خانمەکەم
منیشان وون کرد…
“””””
فرمێسکی ڕەشی چاوەکانت
ئاوازی درکاندن ئەبارێنێن
چاوەکانت و جگەرە و “مەی”یەکەم
و
دەیەم پێک و نابینایان کردم
و
لەسەر کورسییەکەم سووتاوم
ئاگرەکانم یەکتری ئەخۆن
پێت بڵێم :
خۆشم ئەوێیت… مانگەکەم..!!
ئاخ خۆزگە ئەمتوانی بیڵێم..
من لە دونیا
جگە لە چاوەکانت و غەمەکانم
چی تر شک نابەم…..
“”””’
پاپۆرەکانم لە بەندەرەکەیا ئەگرین
لەسەر دوورگەکان
تێک ئەشکێن
و
چارەنوسی زەرد هەڵگەراوم
ڕوخانمی…
باوەڕ بوونمی وێران کرد..
ئەی سێبەری خودا
لەسەر پێڵوی چاوەکانم
بێ تۆ چۆن سەفەرکەم…!!
هاوینی سەوزم…خۆری من
ئەی جوانترین لە ڕەنگە جوانەکانم
چۆن جێت هێڵم
كە چیرۆکەکەمان
لە گەڕانەوەی بەهار جوانترە
لە نێرگزی ناو تاریکایی قژی
كیژێکی سلێمانی ،
……..جوانترە
تاکە خۆشەویستم ، مەگری
فرمێسکەکانت ناخم هەڵئەکەنێ
من لە دونیا
جگە لە چاوەکانت و غەمەکانم
چی تر ..شک نابەم
“”””
ئاخ خۆزگە ئەمتوانی پێت بڵێم :
خۆشم ئەوێیت..ئەی ڕۆشنکەری شەوانم
چونکە من ئینسانێکی وونم
پێگەی خۆم پێ نازانم
ڕێ ڕەوم وونی کردم
ناوم وونی کردم
ئەدرێسم وونی کردم
مێژووم…!؟
مێژووم نیە….
من لە بیرچونەوەی لەبیرکراوم
لەنگەرێکم لەنگەر ناگرێ
زامێکم لە شێوەی ئینسان…
خۆشەویستەکەم :
چیت پێ بەخشم..!!
نیگەرانیم…!
خودا نەناسیم …!
هێڵنجەکانم…!
چیت پێ بەخشم جگە لە
قەدەرێک ،
لە ناو لەپی دەستی شەیتانا
سەما ئەکا..
“”””
هەزاران جار خۆشم ئەوێیت
لێم دوورکەرەوە
لە ئاگر و دوکەڵم
دوورکەرەوە
من لە دونیا
جگە لە چاوەکانت و غەمەکانم
چی تر شک نابەم
چی تر……شک نابەم

Previous
Next
Kurdish