Skip to Content

پرەنسیپەکانی سەردەشت … محمود عەبدوڵا

پرەنسیپەکانی سەردەشت … محمود عەبدوڵا

Closed
by نیسان 22, 2018 General

سەردەشت ئەوگەنجە بوێرو ژیرو ڕاستگۆیەبو،کە پێغەمبەر ئاسا بانگی عەدالەت و ئازادی و بەختەوەری دابەگوێی دەسەڵاتی کوردی ڕاستتر دای بەگوێی ابوجەهلەکانی کوردایەتی.سەردەشت بەر لەوەی ئەوان بناسێت خۆی ناسیبو، باڵای بەرزی خۆی و کورتەباڵایی ئەمانی دیتبو،یەک لەوگەنجانە بو کە پێغەمبەرە شاراوەکەی ناخی هۆشیارببۆوە و نەیدەتوانی لە مردن بترسێت،لەپێناو ژیانێکی پڕ لەسوکایەتی بە انسانی کورد.ئەو مرۆڤێکی پڕجوڵە و زرنگ بو، نەیدەتوانی لەناو ئارامی ساختەی شار ئارام بنوێت.بۆیە سەرەڕای ئاگادارکردنەوە و هەڕەشە لێکردنی سوربو لەسەر شکاندنی بتەکان و بەزاندنی هێڵە سورەکان خۆی وتەنی: جامانە و گۆچانەکان.

سەردەشت گەنجێک نەبو کۆیلەی حیزبێک بێت دژی حیزبێکیتر،هەرکات ویستیان بێ دەنگی بکەن ،وەکخۆی لە نوسینێک دا دەڵێت:”کە دەنگم بە حیزبێک داوەپێم وابو گۆڕینەوەی شەیتان بەقوتابیەکانی بۆ ئێمە قازانجە”کااتێک بزانم خزمەتی ینک و پدک دەکات ئەوا هەمان هەڵوێستم دەبێت کە بەرامبەر دەسەڵات هەمبووە.واتا سەردەشت لەو خوێندەوارانە گەورەتربو کە بەرژەوەندی کەسی کوێری کردون و ئەوەی بۆ حیزبەکەی خۆیان بە حەڵاڵی دەزانن بۆ حیزبەکانیتر حەرا مو بە پێچەوانەشەوە.سەردەشت نوسەرێک نەبو چوبێتە ناو شەڕێکی حیزبی نەفامانە و بێتام و چەواشەکارانە،شەڕی ئەو شەڕی کەرامەت و ئازاد و عەدالەت بو،واتا سەردەشت هاواری نەدەکرد بۆئەوەی باڵای بەرزبێت،بەڵکو باڵای مرۆڤبونی بەرزبو بۆیە هاواری دەکرد.

سەردەشت مرۆڤێکی بە پرەنسیپ بو،ئەوەش لە هەڵوێستی بەرامبەربکوژەکانی و لەنوسینەکانیدا بەئاشکرا دەبیند رێت.لە نوسینەکانی سەردەشتدا ئەوە بەدی دەکرێت کە هاوارەکەی بۆ ئازادی لەباوەڕبونیەتی بە ئازادی نەک وەک ئەو مرۆڤە ساختانەی کە چاویان بە دو دینارکەوت تەسلیم دەبن،نەخێر لە ناودێڕەکانی سەردەشت دا ئیرادەیەکی ئیبراهیمی و ڕاستگۆییەکی عیسایی هەبو،کە بۆ دەسەڵاتیش ڕونبو کە دەستیان پێناگات،سامانەکەیان نرخی سەردەشت ناکات،بەڵێ لە بێ دەنگ کردنی نائومێدبون بۆیە شەهیدیانکرد.ڕاستە ئەوان توانییان ژیا لەسەردەشت بستێنن ،بەڵام هەرگیز ناتوانن خۆیان لەو ئیرادەیەی سەردەشت بشارنەوە کە ڕۆژ بەڕۆژ دەبێتە ئیرادەی دەیان سەردەشتی تر.دەنگی ئەوگوللەیە بڕایەوە کە بەڕوی سەردەشتدا تەقێندرا بەڵام نەعرەتەی قەڵەمەکەی سەردەشت هەر دەمێنێت .

خەمی سەردەشت خۆبردنە پێشەوە و خۆدەرخستن و جۆلانێکردن نییە لە نێوان حیزبەکاندا،بەڵکو خەمی ئەو ئەوستەمە ئایدیۆلۆژیە بەتاڵە بو کە بەهۆیەوە انسانی کوردی پێ بێدەنگکرابو،بەناوی کوردایەتییەوە نیشتیمانیان بەتاڵکرد لە هەمو بەهاو جوانییەک.
پرەنسیپەکانی سەردەشت بەسن بۆ هەر ئینسانێکی ئازادی خواز،هەر ئینسانێک کە تەماداری دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسابێت دەبێت سەردەشت ئاسا بێت و بۆحیزب نەبێتە مورید و بەیعەت دەر نەبێت دەنگدەر بێت.

سەردەشت لەکۆمەڵگایەکی شێواودا دەژیا،کۆمەڵگایەک کە هۆیهای کوردایەتی لەهەموشوێنێک ئامادە بو،ڕێبەرانی هۆیها بەناو شۆڕشگێڕانی دوێنێ بون،هەر بیرکردنەوەیەکی نوێ و هەرجیاوازییەکی فیکری دەخەنە بەر هۆیهای کوردایەتی.

دەبێت تاکیکورد وەک سەردەشت هەست بە گەورەیی خۆی بکات و خۆی بناسێت تا ئەم دەسەڵاتە بناسێت و خۆی بچوکنەکاتەوە لە پێناو پارەی دزراوی حیزب.
دەبێت مرۆڤ شەیدای ژیان بێت بۆ ئەوەی بتوانێت چاوەڕوانی بکوژەکانی بکات لەجیاتی ژیانێکی پڕلەسوکایەتی.ئەوانەی مەرگدۆستن لاموبالات و ناچالاکن،دنیا دەبەخشنە ستەمکارەکان بە ئومێدی یۆتۆپیای بەهەشت.بۆیە دەبێت تاکیکورد خۆی بخاتە ژێر بەرپرسیارێتی گشتی و ڕوبەڕوی ئەوستەمکارییە بێتەوە کە سەردەشتەکان دەکوژێت.دەبێت وەک سەردەشت خەمی ئەوەی بێت ئەم ستەمکارییە نەگوازرێتەوە بۆنەوەکانی داهاتو،وەک سەردەشت یاخی بێت بۆ ئەوەی برابچوکەکەی بەکەرامەتەوە بژی.

.سەردەشت لەناو سیاسەتی ڕۆژانەیی دا نەخنکا بو،ئەو دەیهەویست خۆی بچێت بەرەو ئایندە،نەک خەو ببینێت بەو دنیا ساختەیەی کە بەناو شۆڕژگێرەکان بە ڵێنیان دابو،ئەو دەیزانی کە خەریکە ئایندەش وردە وردە وەک سامانی ئەم وڵاتە بدزن،،بۆیە سەردەشت باوەڕی بە خۆی هەبو نەک بە فریاد ڕەس.هەربۆیە بەڵێنی دابو کە بتەکان بشکێنێت و بەڵێنی دابو کە بەرەو ڕوی باڵەخانەکانی فیرعەونەکان بچێت و بیانکاتەوە زەوییەک وەک ئەوکاتەیان لێبکاتەوە کە تەنیا کراسێکی ڕەشیان هەبو.
زۆر بەسادەیی بۆگۆڕینی ئەم هەرێمە،پێویست ناکات هیچ حیزب و کەسێک گەورەبکرێت ،بەڵکو دەبێت خۆتان بچوک نەکەنەوە.دەبێت وەک سەردەشت بە ئیرا دە و ڕاستگۆ و هۆشیاربن ،لەجیاتی شانازیتان بەم حیزب و ئەو حیزب شانازییە کە سەردەشتی بن .

ئەوان سەردەشتیان لەبەر ئەوە ژیانیان لێنەستاندکە خەیاڵێکی کردوە،بەڵکو لەبەر ڕاستییەکانی ناو خەیاڵەکەی ،کاتێکیش زەنگی مردنی لێدەدات ئەو بەڵێن دەدات ئیتر هێندەی عیسا ڕاستگۆبێت دا دەچێتە سەرخاچی زاڵمەکانی کوردایەتی چونکە ئەمان خواوەندیان درۆیە بەرگەی ڕاستی ناگرن.

لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەدا دەبێت ئیرادە و پرەنسیپەکانی سەردەشت لە چوارچێوەی اخلاقماندا جێگابکەینەوە و بەڕۆحیەتی سەردەش بەرەنگاری فیرعەونەکانی کوردایەتی ببینەوە .ئەم هەرێمە تەنیا بە بزوتنەوەیەک دەگۆڕێت کە هەڵگری پەیام و ئیرادەی سەردەشت بێت. دەبێت ڕۆژێک بەشانازییەوە ببینە سەردەشتی .سەردەشت مرۆڤێکی باڵابو لەناو کۆمەڵگایەکی حیزبی لێوان لێو لە دوڕویی و دەبڵ مۆڕاڵی

محمود عەبدوڵا

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish