Skip to Content

(داکۆکی لە ڕۆماننووس یان (چی ئەقەومێ کە کەس ئیتر چیرۆک نەگێڕتەوە؟

Closed
by ئایار 5, 2018 Literature, Magazine

داکۆکی لە ڕۆماننووس

یان

(چی ئەقەومێ کە کەس ئیتر چیرۆک نەگێڕتەوە؟)*

 

 

نووسەر:کاوان محەمەدپوور

 

«مووزلمان» ( Musselmanیا Muselmann) دەستەواژەیەک بوو لە زیندانەکانی نازی بە کەسێک دەکوترا کە لە ترسان و برسان و به هۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە، هەر چەشنه ئاگاهی و هەستیارییەک کە نیشانەی شوناسی مرۆڤ بێت لە دەروونیدا نەمابوو و هیچ هەست و ئامانج و هەڵوێستێکیان لەمەڕ ژیانەوە بە خۆش و ناخۆشیەوە نەبوو. ئەوانە کەسانێک بوون کە رووبەڕووی دژوارترین ئەشکەنجەکانی سەربازانی نازی دەبوونەوە و تەنانەت لە بەرامبەر ئەشکەنجەشدا هەوڵ و خواستێکیان بۆ دەربازبوون-چ بە هات و هاوار یان بە ڕاکردن-نەبوو.مڕۆڤێکی داماڵدراو لە هەر چەشنە شوناسێکی مرۆیی. واتە مووزلمان پێش مەرگی بایۆلۆژیکی توشی مەرگێکی نمادین ببوونەوە. پریمولوی لە بیرەوەریەکانی خۆی لە ئۆردوگای ئاشوویتس لە بارەی گەنجێکەوە به ناوی (018) دەنووسێت: “من وەها بیردەکەمەوە کە تەنانەت ناوی خۆشی لەبیر چۆتەوە، بێ‌گومان ئەو هەر وەها ئەنوێنێت”.(١) مووزلمان بەهۆی بەسەرهاتە تاڵ و قیزەونەکانی ناو ئۆردوگای ئاشوویتس هەستی مرۆڤ بوون و توانستەکانی مرۆڤیان لێ سڕابۆوە. لای ئاگامبێن، مووزلمان وێنای تەواوکۆی مرۆڤی دیلکراو لە لۆژیکی ئۆردوگایە، نە دەتوانن بمرن-مەرگی بایۆلۆژیکی- نە دەتوانن قسە بکەن، نە دەتوانن مان بگرن، نە دەتوانن ئۆمێدوار بن، تەنیا لە ژێر فەرمانی حاکم ئەتوانن ژیان بکەن، ژیانێکی داماڵدڕاو لە هەر چەشن یاسا و رێسایەک بۆ پشتگیری لە پێگەی ئاسایی مرۆڤ.(٢) ئەوەی کە مووزلمان چ ئەزموونێکیان لە ئۆردوگا هەبووە تەنیا لە بەشێک لە بیرەوەریەکانی پریمولوی و جۆرج سێمیریۆن دەردەکەوێت کە بە گوێرەی ئەوان، ئەم بیرەوەرییە تەنیا بەشێکی زۆر کەم و بچکۆلە لە چەرمەسەرییەکانی ئەو مرۆڤانەیە. هۆی ئاگادار نەبووبی تەواوکۆ – یان زیاتری- ئێمە لەو چەشنە مرۆڤە!!، و پۆرنۆگرافی مەرگ لە ئۆردوگاکانی ئاشوویتس، دەگەرێتەوە سەر دوو لایەن. یەکم، بەشێکی زۆر لە مووزلمانەکان لە ئاگردانەکانی ئاشوویتس سووتان و ئیتر هەر بوونیان نەبوو تا بەسەرهاتەکانیان “بگێڕنەوە”- جا بەهەر چەشنێک لە گێڕانەوە بێت!- ، دووهەم، ئەو بەشەی کە زیندوو مانەوە ئیتر نەیان دەتوانی “بگێڕنەوە”!، لە واقیع دا تووشی وێستانی زەمەن لە کاتی ئاشوویتس هات بوون و توانستی دەربازی لەم زەمەنەیان نەبوو، بە شێوەی سایکۆلۆژیکی لە دۆخێکی ناوازە لە زەمەن-ترسی کارەسات- کەوت بوونەوە. لەم دۆخەدا توانستی زمان لەسەر ئاخافتنی ئاسایی لەمەڕ بیرەوەری سەقەت دەبێت، کە واتە تووشی  چەشنێک لە “لاڵی” و “بێ‌زمان” هاتبوون.(٣) ئەم دۆخە- وێستانی مێشک لە کاتی کارەسات دا- توانستی گێڕانەوەی کارەساتی لەو چەشنە مرۆڤەی هەستاندبۆوە!.

 “نەگێڕانەوە”ی مووزلمان فەرامۆشی یان هیچ نەبێت کەمترین بیرەوەری بۆ نەوەی داهاتووی خۆی پێیە. ئەگەر ئەم بیرەوەرییانە گرینگ بن، وەها پاساوێک لەسەر گێڕانەوە ئەتوانین بێنینەوە کە لە تاوتوێ کردنی دەستەواژەی “گێڕانەوە” (Narration)، بەم دەرئەنجامە دەگەین کە ریشە و بنەماکەی دەگاتەوە سەر وشەی (Narrara) لە لاتین و (Gnarus)‌ی یۆنانی کە بە مانای “زانست” و “ناسین” دێت کە ڕیشەی هێند و ئۆرووپایی (gnos)ی هەیە. بەم پێیە گێڕانەوە، دەبێتە “دۆزینەوەی زانست”، ئەرەستووش لە بووتیقادا هەر بەم مانایەی گرتووە. بەم پێیە گێڕانەوە، “زانست لەسەر رووداو و بەسەرهاتێکی تایبەتە”،(٤) زانست لەسەر رووداو، لە رووی مانەوە و ئەزموونی داهاتووی رووداوە کە بۆ مرۆڤ گرینگ ئەنوێنێت. بە چەشنێک  گێڕانەوە، هەوڵدان بۆ هەرمان بوونەوەیە، چون لە گێڕانەوەدایە کە شێوازێک لە رووداو و بەسەرهاتەکان خۆ ئەنوێنن و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی‌تر هەناردە دەکرێن. مێتافۆری “شەهرزاد” لە کتێبتی حەقایەتەکانی “هەزارو یەک شەو”، باس لە هەوڵی شەهرزاد بۆ زیندوومان‌و نەکووژرانی ئەو لەلایەن پاشاوە دەکات، ئەم هەوڵەی شەهرزاد لە “گێڕانەوەی چیرۆک” بۆ پاشا خۆ دەنوێنێت. شەهرزاد هەر شەو بۆ زیندومانەوەی چیرۆکێک بۆ پاشا ئەگێڕێتەوە، بەم شێوە پاشای تامەزرۆی بیستن دەکات بۆ شەوێکی تر. کە واتە تەنیا بە گێڕانەوەیە کە دەتوانێت زیندوو بمێنێت، بە شێوەی مێتافۆر، “نەگێڕانەوە” فەرامۆشییە و فەرامۆشیش چەشنێک لە مەرگە.

 بێگومان بەسەرهاتی مووزلمان، چیرۆکێکی چێژ بەخش نییە و هیچکات بەتەواوی ناگێڕدرێتەوە- زمانی گێڕانەوە لەمەڕ کارەسات تووشی قەیران دەبێت-، بەڵام ئەم بیرەوەریەی پریمولوی و دەیان بیرەوەری‌تر لە بەسەرهاتەکان، گرینگی “گێڕانەوە” لە سووچەگەلی جیاوازەوە دەردەخات.

 ئەگەر هەنووکە و بۆ مرۆڤی ئاسایی!- هەڵبەت ئەگەر دەستەواژەی مرۆڤی ئاسایی درووست بێت- دۆخی “بێ تابشتی لەمەڕ گێڕانەوە”(٥)، ڕووبدات یان ئەگەر زۆر بە ئاسانی جارێکی‌تر پرسیارەکەی مارتین مەکۆئیلان بهەژێنین و خۆمان بەرەوڕووی ئەمە بکەینەوە (کە چی ئەقەومێت کە ئیتر چیرۆک نەوترێتەوە یا نەنووسرێتەوە؟!(٦)، بەڕاستی جیهانی مرۆڤ چی بەسەر دێت؟، ئایا ئایدیا و هەستەکانی تووشی قەیران دەبێتەوە؟ ئایا مرۆڤ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چیرۆکی نوێ دەدات؟ یان واز لە چیرۆک دێنێت و کۆتایی بە بیرەوەری و ئایدیاکانی خۆی دێنێت؟. بەڕای ڕۆڵان بارت تەنانەت بیرکردنەوە لەم پرسیارە و یان خود وازهێنان لە چیرۆکیش -ئایدیای چیرۆک- خۆی چەشنێک لە (گێڕانەوەیە):”گێڕانەوە لەسەرانسەری ژیانی مرۆڤ دایە، گێڕانەوە خۆی ژیانە”(٧). یەکەمین فەرزی گێڕانەوەناسەکان لەسەر گشتی و بەردەوام بوونی گێڕانەوەیە، واتە ئەوەی کە گێڕانەوە بەرساختێکی زمانییە و مرۆڤ بەردەوام لە زمان دایە. پرسیارەکەی مەکۆئیلان دووهەمین فەرزی گێڕانەوەناسەکانیش- کە” جیهانی ئێمە پڕە لە چیرۆک”- بە چەشنێک تووشی مەترسی دەکاتەوە. بەڕای گێڕانەوەناسەکان مرۆڤ بەردەوام چیرۆک دەڵێتەوە یان بە زمانێکی گێڕانەوەناسانه خودی ئایدیای چیرۆک (story )، هەمیشە لە زەینی مرۆڤ دایە. بێگومان بۆ وڵامدانەوەی مەکۆئیلان دەبێت سەرەتا وەک هەموو پرسیارێکی‌تر پاساوێک بۆ گرینگی پرسیار (کە لێڕەدا لە ناوچوونی هەمیشەیی چیرۆکە) بهێنینەوە و دوواتر واتای گێڕانەوە و چیرۆک تاوتوێ بکەین تا گرینگی ئەم باسەمان بۆ دەرکەوێت یان دەرفەتێک بۆ وڵامەکەی بدۆزینەوە.

پاساوی من بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسیارە، گرینگی گێڕانەوەی چیرۆکە. بۆ شیکردنەوەی مەبەستەکم ئاوڕ لە چەن ڕوانگەی تایبەت بە چیرۆک ئەدەمەوە کە تا ڕادەیەک بابەتەکە بەڕبڵاوتر دەکاتەوە. کۆندرا لە کتێبی (هونەری ڕۆمان)دا دەڵێت: «باوکی ئەندێشەی مۆدێڕن تەنیا دیکارت نییە بەڵکوو سێروانتێسیشە»(٨). بە ڕای کۆندرا سێروانتێس وەک یەکەمین ڕۆمان نووس، شێوازێکی نوێی لە (گێڕانەوەی ئەم جیهانە)ی بۆ ئێمە خولقاند، ئەم شێوازە نوێیە “ڕوانگەیەکی نوێ” و “شێوەڕوانینی نوێ” و لە ئەنجامدا “جیهانێکی نوێ” یان باشترە بڵێین بەشێکی نوێی لە جیهان بۆ مرۆڤ دەرئەخات. گێڕانەوەی نوێ، بەرهەمهێنەری زانستی نوێشە، سیمۆر چەتمەن لە کتێبی (چیرۆک و گوتار)دا، ئاماژە بە وتاری ژان پیاژە لەسەر پێکهاتە دەکات و بەم ئەنجامە دەگات کە بەڕای پیاژە «گێڕانەوەی نوێ و شێوە ڕوانینی نوێ بە جیهان، زانستی نوێ بەرهەم دێنێت، گشت پێکهاتەکانی زانستەمرۆییەکان -مرۆڤ ناسیی، فەلسەفە، دەروونناسیی، زمانناسیی و… هتد- لەسەر سێ چەمکی کووللییەت، ئاڵۆگۆڕی شێواز و بە نیزام کردن، پێک هاتوون.»(٩). هەر بە پێی ئەم ڕوانگەیه دەتوانین ڕۆمان – گێڕانەوەی چیرۆک- وەک زانستێکی نوێ پێناسە بکەین. شێوە ڕوانینی نوێ بە چەشنێک ئاشکرا کردنی داپۆشراوەکانی جیهانی مرۆڤە، هەر سووچێک لە ڕوانین بێ گومان نەڕوانین لە دەیان سووچی ترە، بەڵام لۆژیکی چیرۆک، حەول بۆ ڕوانین لە زۆرینەی شێوە ڕوانینەکانە. میخایل باختین ئەم تایبەتمەندییەی چیرۆک- هەڵبەت لێرەدا مەبەستی باختین ڕۆمانە نە شێوەکانی‌تری گێڕانەوە وەکوو کورتە چیرۆک. حەقایەت، چیرۆکی مینیماڵ و….- وەک دەرکی چەمکی دێمۆکراسی پێناسە دەکات و کۆمەڵگایەک کە هەڵگری ژانری ڕۆمانە بە کۆمەڵگایەک دەزانێ کە مێشکی مرۆڤەکانی توانستی دەرکی دێمۆکراسییان هەیە(١٠)، کاراکتێرگەلی ڕۆمان، جیهانە جیاوازەکانی مرۆڤ نیشان دەدەن، مرۆڤ‌گەلێک کە هەر کام مەجالی جیاواز ژیان و ڕوانگەی جیاوازیان هەیه و هاوتەریب لەگەڵ ئەم جیاوازییە، دژوازی و لەمپەڕ و کێشەی ژیان ئاشکرا دەکەن.

 ریچارد روورتی لە وتاری (هایدیگەر و کوندرا و دیکێنز)دا پرسیارێک دێنێتە ئاراوە کە وەڵامەکەی هەوڵ بۆ بەجەستەکردنەوەی پێگەی گێڕانەوەی ڕۆمان لەمەڕ جیهان و مێژووی فەلسەفەیه. لەو وتارەدا روورتی داوا لە ئێمە دەکات بیر لە جیهانێک بکەینەوە کە هەرچی ئاسەوار و دەستکەوتی مرۆڤ که لە جیهانی رۆژئاوا دایه، لە کارەساتێک‌دا لە ناو ئەچێت و هیچ نامێنێتەوە، جیا لە بەرهەمەکانی چارڵز دیکێنز وەک ڕۆمان نووس و هایدیگەر وەک فەیلەسووف. دوواتر روورتی پرسیارەکەی بەروەرووی وەها جیهانێکی خاپوورکراو دەکاتەوە، ئەو دەپرسێت: بەرهەمی کام یەک لەوە دووانە بە داهاتوو دەڵێت- رۆژئاوا- چ دەستکەوت‌گەلێکی هەبووە؟ چ مێژوویەکیان ڕابواردوە؟ و مرۆڤەکانی چلۆنیان بیرکردۆتەوە؟. روورتی لە وڵامی ئەو پرسیارەدا بەرهەمەکانی دیکێنز هەڵدەبژێرێت و ئاماژە ئەکات: (جیهانی دیکێنزە بە داهاتووان دەڵێت ئێمە چ دەستکەوتێکمان هەبووە، چلۆن بووین و چیمان کردووە، دیکێنز بە خولقاندنی کاراکتێرگەلی جیاواز، جیهانێکی سەیروسەمەرەی لە مرۆڤی جیاواز و تاک بۆ ئێمە پێک هێناوە، بێ گومان جیهانی فەلسەفە- وەک مێژوویی فەلسەفە- توانای خولقاندنی ئەم جیهان‌گەلەی نییە)(١١).

ئێستا ئەگەر وەک گێڕانەوەناسەکان،(فۆرمالیست و پێکهاتەخوازو پاش‌پێکهاتەخواز)گێڕانەوەی چیرۆک لە گێڕانەوەکانی‌تر جیا بکەینەوە، تا ڕادەیەک لە مەترسی و دژواری پرسیارەکەی مەکۆئیلان کەم ئەکەینەوە. ئەم بۆچوونه لە رۆڵان بارت وەردەگرین کە لە وتاری( پێشەکییەک لەسەر شی کردنەوەی پێکهاتەی گێڕانەوە)دا، شێوازگەلی بێ‌ژومار بۆ گێڕانەوە پێناسه دەکات. بارت لەم وتارەدا شێوازگەلی گێڕانەوە بە ڕادەی شێوە ڕوانیینەکانی مرۆڤ بێ‌ئەژمار دەزانێت و گشت ئاکارەکانی مرۆڤ هەر لە وتووێژ ڕا تا دەگاتە وێنەکێشان و پەیکەرسازی بە چەشنێک لە گێڕانەوە پێناسە دەکات. ئەو تەنیا چۆنییەتی دەربڕینی ئەم گێڕانەوانەی پێ جیاوازه، بۆ نموونە گێڕانەوەی چیرۆکنووس- باسی تایبەتی فۆرمالیستە رووسەکان و پێکهاتەخوازانی فەڕەنسی- لە گێڕانەوەی وێنەکێش جیاوازە، بەڵام هەر دووک گێڕانەوەن. واتە لە گێڕانەوەدا (شێوەی نواندن) هەیە، یەک شێوە نواندن لە مێدیادا خۆی نیشان ئەدات و شێوەێکی‌تر لە وێنە یان لە دەقدا.

لە ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانەوە گێڕانەوە هەمیشە هەیە(١٢)، بەڵام گێڕانەوەی چیرۆک چی؟ ئایا چیرۆکیش هەمیشە هەیە؟ یان سەردەمانێک دێت کە بەکۆتایی دەگات؟. ئەگەر دیسانەوە بەرەوڕووی پرسیارەکەی مەکۆئیلان سەبارەت بە لەناوچوونی چیرۆک لەمەڕ گێڕانەوە ببینەوە چی؟ و ئایا گێڕانەوەی چیرۆک چ گرینگییەکی هەمبەر به شێوەکانی‌تری گێڕانەوە هەیه؟. ئەگەر روورتی وڵامی ئەو پرسیارەی دابایەوە، ڕەنگە بیگوتبایە: جیهانی چیرۆک، جیهانی جیاوازیەکانە، جیهانێک کە گرینگی به تاک دەدا، هەر بەو جۆرەی که هەیه، یا بەو شێوەیەی کە خۆی لە وتاری ((هایدیگەرو کوندرا و دیکینز)، باس دەکات: “جیاوازی کەسایەتییەکی وەکوو دیکێنز، رابلە و سێروانتێس لەگەڵ وۆڵتر و مارکس لە شێوە ڕوانینی ئەوان بە چەمکی مۆرالێتییە. دیکێنز، رابلە و سێروانتێس وەها بیر دەکەنەوە کە (گوناح)، دەرئەنجامی نەزانی مرۆڤە نەوەکوو پەستی و لەجاجەت، بەڵام وۆڵتر و مارکس گوناح جیاواز لە نەزانی مرۆڤ، به دەرئەنجامی خواستێکی لاواز لەمەڕ پاکی و خواستێکی بەهێز لەمەڕ ناپاکیش دەزانن”. روورتی لە درێژەدا گرینگی ڕۆماننووس لە وێناکردنی کردارە ورد و نادیارەکانی مرۆڤدا دەبینێت و مێژووی فەلسەفە لەم کارکردەدا به ناکارامە لە قەڵەم ئەدات.

میلان کۆندرا لۆژیکی ڕۆمان جیاواز لە لۆژیکی فەلسەفە دەزانێت و لە کتێبی ” هونەری رۆمان” دا دەڵێت: “ڕۆمان خولقاوی رۆحی نەزەری نییە، بەڵکوو خولقاوی ڕۆحی تەنزە ( satire) ، هونەرێک کە لە پێکەنینی خوداکانەوە سەرچاوەی گرتووە، خزمەتی ئایدۆلۆژییه دوگمەکان ناکات، بەڵکوو ئاوقایان دەبێتەوە، ڕۆمان هەموو شەو حەریری هۆنینراوی فەیلەسووف و زانایان و ئەندێشمەندان وەک پێنێلۆپە هەڵدەوەشێنێتەوە”. کۆندرا ڕوانینی ڕۆمان نووس بە ژیان و کێشەگەلی مرۆڤ لەسەر- گێڕانەوە و شانس و ئیقباڵ- پێناسە دەکات و ڕای وایە دەبێ ببێته جێنشینی شێوە ڕوانینی فەیلەسووفەکان کە -عەقڵانییەت و دیالکتیک و تەقدیرە-.

بەڵام لەمەڕ گێڕانەوی چیرۆک خودی چەمکی “گێڕانەوە” بە چ مانایە؟ ئەگەر وەک سیمۆرن چەتمەن کە لە ڕوانگەی پیاژەوە دەڵێت: جیاوازی زانستە مرۆییەکان، جیاوازی لە گێڕانەوە دایەوە و بە ڕای کۆندرا و روورتی گێڕانەوەی چیرۆک بەرزەجێترین گێڕانەوەیە بە نیسبەتی تەنانەت فەلسەفەش، ئەم گێڕانەوەیه چییە؟ پێکهاتەی چییە و چڵۆن ئەتوانیین بیناسین؟. چیرۆک دەتوانێت ئایدیای رووداو یان بەسەرهاتەکان بێت لە زەینی مرۆڤ دا، بێ ئەوەی بگێڕدرێتەوە و یا بەردەنگی هەبێت. بەڵام هەرکە لە پێش وشەی چیرۆک، گێڕانەوە وترا بە مانای هەبوونی بەردەنگ و پێکهاتەیەکی تایبەت لەسەر سیستەمی چۆنییەتی گێڕانەوەیە و هەروەها ماناگرتوو لە گوتارێکی تایبەت دایە.

لە مێژووی گێڕانەوەناسیی چیرۆک، دوو چەمکی (گریمانەی گێڕانەوە و گێڕانەوەناسیی) لەیەک جیا دەکەنەوە،- هەڵبەت ئەم جیاوازییە بە مانای دوو کارکردی جیا لەیەک نین-، گریمانەی گێڕانەوە، پێناسەی گشتی سیستەمی گێڕانەوەیە- هەر گێڕانەوەیەک گۆشەنیگا، گێڕەوە، کاراکتێر و رووداوی تایبەتی تێدایە کە لە زەمەن و شوێنی تایبەت روو ئەدات-، بەڵام گێڕانەوەناسیی شیکاری و تاوتوێی گێڕانەوەکانە(١٣)-بۆ نموونە ئەگەر سیستەمی گێڕانەوە (گۆشەنیگا، گێڕەوە، کاراکتێر، رووداو و …هتد) لەسەر بەیتی کوردی تاوتوێ بکەین کارێکی گێڕانەوەناسانەمان لەسەر بەیت کردووە-. هەڵبەت هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد ئەم دوو چەمکە بەمانای جیاوازیان لەیەک نییه، ریمۆن-کنان هەر دووکیان لە ژێر چەمکی گێڕانەوەناسیی پێناسە دەکات، کنان دەڵێت: (گێڕانەوەناسیی هەم شرۆڤەی سیستەمی سەقامگیر لەسەر گشت گێڕانەوەی چیرۆکەکانە و هەمیش شێوازێک لە تاوتوێی دانەدانەی گێڕانەوەکان وەک نیزامێکی گشتی بە ئێمە دەدات)(١٤).

لە چەمکناسیی ئەدەبیدا، گێڕانەوە بەمانای دەقێک دێت کە چیرۆکێک دەگێڕیتەوە، تاوتوێی گێڕانەوە کە بە گێڕانەوەناسیی ناوی لێ دەبردرێت یەکەم جار لەلایەن تێزۆتان تۆدۆرۆف لە کتێبی (رێساکانی دیکامێرۆن)(١٩٦٩) ناوی لێبردرا. تۆدۆرۆف  مەبەستی لەم وشە تاوتوێی سیستەمی سەپێندراو بەسەر گێڕانەوەی چیرۆک‌گەلی دیکامێرۆن -نووسراوەی بۆکاچیوۆیی ئیتاڵی- بوو. بەڵام یەکەم کەس کە ئەم زانستە بەکار دێنێت ڤلادیمیر پراپه لە کتێبی (مۆرفۆلۆژی حەقایەتگەلی پەرییەکان)دا، کە تاوتوێی ساکاری گێڕانەوەناسانەی حەقایەتەکانی فۆلکلۆری رووسە. کارەکەی پراپ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ڕوانگەی پێکهاتەخوازەکانی فەرانسی لە مەڕ ئەدەبیاتەوە هەبوو. لە پاش ئەو گێڕانەوەناسەکانی‌تر شێوازی گێڕانەوەیان لە چیرۆکە مۆدێڕنەکان کە بێگومان پێکهاتەیەکی دژوارتریان بە نیسبەتی چیرۆکی فۆلک هەیە ئەنجام دا. ئەتوانین بنەمای ئەم زانستە بگەڕێنینەوە بۆ تاوتوێی چیرۆک لە بووتیقای ئەرەستوودا، بەڵام ئەرەستوو زیاتر شێوازێکی وەسفی لە گێڕانەوە ڕەچاو دەکا، زۆربەی پێناسەکانی گێڕانەوە لەلایەن گێڕانەوەناسە بەناوبانگەکان (پراپ، تۆدۆرۆف، ژێرار ژنێ، ئاگریماس، سیمۆر چەتمەن، ریمۆن-کنان) بەم شێوەیەیه: «ئاڵۆگۆری لە دۆخێکی سەقامگیر ڕا بەرەوە ناسەقامی و دیسانەکە گەڕانەوە بۆ سەقام».

بە پێی ئەو بەڵگانەی باسمان کرد بازنەی گێڕانەوە لە چیرۆک  بەربڵاوترە. یان بە دەربڕینێکی‌تر، لە گێڕانەوەی چیرۆکدا-هەر وەک فۆرمالیستەکان ئاماژەدەکەن- یەکەم جار چیرۆک(Story) لە زەینی مرۆڤدا پێک دێت، لێڕەدا مەبەست لە چیرۆک ئادیایی چیرۆکە، کە رووداوێکی تایبەتە لە زەمەن و شوێنی تایبەتدا. دوواتر لە دارشتنی چیرۆکدا(Story) گێڕانەوە(Narration) یان خود سیستەمی گێڕانەوە، پێک دێت(١٥). کەواتە دەستپێکی گێڕانەوەی چیرۆک، بە چەشنێک کۆتایی چیرۆکە، ئەم کۆتاییە بەمانای بەسەرئەنجام گەیاندنی ئایدیای چیرۆکە. ئەگەر ڕوانگەی بارت سەبارەت بە بێ‌ژومار بوونی جۆرەکانی گێڕانەوە پەسەند بکەین، ئەمجار چیمان هەیە کە پێناسەیەکی تایبەتمان لەمەڕ گێڕانەوە بداتێ؟. واتە لە گشت جۆرینەکانی گێڕانەوە چ تایبەتمەندییەکی هاوپیت و هاومانا هەیە کە گێڕانەوەکان پێکەوە گرێ ئەدات؟. کلۆد بێرمون، ئەو تۆخمە هاوپیتە لە ناو بێ‌ژمار گێڕانەوەکان دا “چیرۆک” دەزانێت. ئەو دەڵێت:« بابەتی چیرۆک ئەتوانێ بنەما و دەستمایەی سەمای باڵە یان شانۆ یان فیلمێکی سینەمایی بێت، ئەتوانین فیلمێکی تایبەت بۆ کەسێک کە نەیبینی‌وە بگێڕینەوە، ئێمە وشەکان ئەخوێنینەوە. وێنەکان ئەبینین و ڕاڤەی ئیماژ و نیشانەکان دەکەین، بەڵام بەهۆی وشەکان و وێنەکان و ئیماژەکان، بەشوێن چیرۆک دەکەوین و چیرۆکە کە هەمیشە بوونی هەیە»(١٦). بە چەشنێکی‌تر گێڕانەوە خاوەنی مانایەکی چەند لایەن و چەند ڕەهەندە، بەڵام گشت ڕەهەندەکانی خەریکی گێڕانەوەی بەسەرهات یان رووداو یان مانایەکی دەروونییە، ئەم رووداوە کاتێک لە هەوڵی چیرۆکێک دایە ،”گێڕانەوەیە”. چیرۆک دەتوانێک بیرەوەری تاکی یان بیرەوەری نەتەوەیی بێت، بۆ نموونە “بەیت”بێژ، یان کەسێک کە”سیاچەمانە” دەخوێنێت ئەگەر لە هەوڵی حەقایەت بێژیشدا نەبێت دیسانەکە بۆ ئێمەی کورد، بەم هۆیەی کە پێوەندی لەگەڵ ڕۆحی نەتەوەیی هەیە، لە هەمان کاتدا کە گوێ بیستی دەبین، لەگەڵ مێژوویەکی زەینی یەکمان دەخاتەوە، بۆیە دەتوانێت وەک گێڕانەوە بێتە ئەژمار، کە واتە هەمیشە گێڕانەوە هەڵگری ڕەواڵەتێک لە چیرۆک یان باشتر وایە بڵێین (ئایدیایی چیرۆکە).

ئەگەر لە کۆتاییدا دیسانەوە پرسیارەکەی مەکۆئیڵان لە خۆمان بپرسینەوە، بە پێی ڕوانگەی گێڕانەوەناسیی، تا مرۆڤ هەبێت “نواندنی زمان” هەیە و تا زمان هەبێت “نواندنی گێڕانەوە” هەیە و لە گێڕانەوەشدا تۆخمە هاوپیتەکەی “چیرۆکە”. کە واتە مرۆڤ بەردەوام لە ناو گێڕانەوەی چیرۆکدا ئەتلێتەوە، ئەم چیرۆکە لە ئیماژ و نیشانە بگرە تا دەگاتە وێنە و هەڵسووکەوت دێنێتەوە بازنەی خۆی. ئەم گێڕانەوەی چیرۆکە، بە هەر چەشنێک دەتوانێت خۆی بنوێنێت. بێگومان تاوتوێی گێڕانەوەی چیرۆک، بەم شێوەیەی کە سیستەمی تایبەتی گێڕانەوەی چیرۆکی لەسەر بێت-  مەبەست لەم نیزامی گێڕانەوەیە وەک گۆشەنیگا، گێڕەوە و رووداوە کە لە زەمەن و شوێنی تایبەت لە لایەن کاراکتێرەوە روو ئەدات- تاوتوێی گێڕانەوەناسیی تایبەتی پێویستە، تا ئەو گێڕانەوەیەی کە مانایەکەیمان بۆ تاکەکەسی دەبێتەوە وەکوو مۆسیقا یان وێنەیەکی تایبەت. هەڵبەت زانستی ئێستای گێڕانەوەناسیی تایبەتمەندی تریش لە سیستەم و شێوازی گێڕانەوە پێناسە دەکات، وەکوو دەستەواژەی “بیسەری گێڕانەوە” (Narratee)، یا ناوەندی کردنەوە (Focalization) کە باس لە شێوەی فامی کاراکتێرەکانی چیرۆک دەکات،

 تاوتوێی گێڕانەوە تا مرۆڤ هەبێت بەردەوامە، مرۆڤیش بەپێی مێژوو و ئەزموونەکانی بەردەوام لە ئاڵۆگۆر دایە و هەر بۆیە شێوەگێڕانەوەی سەردەم (ڕۆمان، چیرۆک) لەگەڵ شێوەگێڕانەوەی پێشوو (حەقایەت) جیاوازی هەیە. بەپێی بەڵگەی توێژینەوەی گێڕانەوەناسەکان حەقایەته کۆنەکانی هەر نەتەوەیەک ئەتوانێت شێوەیەکی تایبەتی لە گێڕانەوە و مۆدێڵی گێڕانەوەیی لەگەڵ خۆی پێ بێت، واتە گێڕانەوەناسیی تایبەتی خۆیان لەسەر سیستەمی گێڕانەوە هەبێت. ئەویش شێوەڕوانینی تایبەت تا دەگاتە مۆدێلێکی تایبەتی گێڕانەوە لەبەر دەگرێت. هەر ئەم شێوە توێژینەوەیه بەشێکی زۆر لە لایەنە نادیارەکانی بۆ نموونە بەیتی یان چیرۆکی کوردی بۆ ئێمە دەردەخات. ئەویش شێوازی گێڕانەوەی کوردە کە لە چۆنیەتی وەسفی رووداوەکان ڕا بگرە تا دەگاتە بەرجەستەکردنەوە چەشنێک لە ئاکار و هەڵسووکەوتەکان.

ئەگەر دیسانەوە “مووزلمان” لە ئۆردوگاکانی ئاشوویتس بێنینەوە یادمان، یان دەیان بەسەرهات و رووداو کە ئێمە لێیان بێخەبەرین، ئەو مەترسیەمان لەمەڕ نەگێڕانەوە بۆ دەردەخات. هەڵبەت چیرۆک دەتوانێ گێڕانەوەی رووداوێکی ڕاستەقینە بێت بە زمانی چیرۆک، کەواتە پەروەردەکردنی ئەندێشەی گێڕانەوەی خۆمان، لە ڕاستی‌دا هەوڵێکه بۆ سازدانی جیهانێکی نوێ و هەرمان و تەنانەت دەنگ دەربڕینێکی نوێیە. یان وەک کۆندرا دەڵێت: «تەنیا لە ڕۆمان دایە کە کێشە تاکە کەسییەکانی مرۆڤ خۆ دەنوێنێت» و«ڕۆمان نووس تەنیا پێناسەی، ئاگایی لەسەر رووداو و هەڵسووکەوتەکانی چیرۆکە». هەرمان بوونی مرۆڤ، لە بەردەوامی گێڕانەوە و سازدانی چیرۆکی نوێیە. نەبوونی ئەم هەست و هەوڵە لە پانتای نەتەوەدا بەربڵاوتر و هەڵبەت مەترسیدارتر دەبێتەوە، ئەو کات بەرەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە: ئەگەر نەتەوەیەک توانستی “گێڕانەوەی خۆی” نەبێت ئایا بوونی هەیە؟!”.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

 

*کورت کراوەی ئەم وتارە، یەکەم ڕا بە فارسی لە رۆژنامەی شەرقی تاران-روزنامه شرق-، ژمارەی ٢٩٧٥ (١٠ مهر١٣٩٦)، بەناوی (اگر داستانی روایت نشود، چه پیش می‌آید؟) بڵاوکراوەتەوە.

١. لوی ، پریمو. آیا این یک انسان است؟.. ترجمه: رویا طلوعی. کتابخانه علاالدین (www.aladdinlibrary.org)

٢. کیانپور، امیر. فلسفه در زندان وجدان: درباره یادداشت «جدال زندانی با زمان و وجدان». سایت (www.meidaan.com)

٣.کاتێک موریس بلانشۆ باس لە قەیرانی شارۆمەندی جوولەکەکانی سەردەمی نازی دەکات، ئەم دەستەواژەی بەکار دێنێت. جوولەکەکان بۆ ئەوەی لە شەقام و کۆڵانەکاندا نەناسرێنەوە، قسەیان نەدەکرد، وەک ئەوەی (ڵاڵ) بووبن.

٤.ریمون-کنان، شلومیت ، روایت داستانی، بوطیقای معاصر، ترجمه البوفضل حری، تهران، نیلوفر. (١٣٨٧)

٥.مەبەست نەتوانین لەمەڕ گێڕانەوەدایە، بەهۆی کێشەی سایکۆلۆژیک یان ترسی سیاسی-کۆمەڵایەتی، هێز و هەوڵی گێڕانەوە بزر دەبێت.

٦.مکوئیلان،مارتین ، گزیده مقالات روایت شناسی (مقاله معماهای نوشتار:روایت و ذهنیت)، ترجمه: فتاح محمدی، تهران، چاپ دوم، مینو خرد،(١٣٩٥)

٧.بارت، رولان، درآمدی بر تحلیل ساختار روایت ها، ترجمه: محمد راغب، تهران، چاپ اول، فرهنگ صبا.(١٣٨٧)

٨.کوندرا،میلان ، هنر رمان، ترجمه: پرویز همایون پور، تهران، نشر قطره (١٣٨٢)

٩.چتمن، سیمور. داستان و گفتمان، ترجمه: راضیه سادات میرخندان، تهران، مرکز پژوهش‌های صدا و سیما، چاپ اول (١٣٩٠)

١٠.باختین، میخایل. تخیل مکالمه‌ای (جستارهای درباره‌ی رمان).ترجمه: رویا پورآذر، تهران، نشر نی، (١٣٨٧)

١١.رورتی، ریچارد. مقاله : هایدگر و کوندرا و دیکنز، ترجمه: هاله لاجوردی، مجله ارغنون، شماره 1، (١٣٧٣)

١٢.دیوید هرمن و دیگران. دانشنامه‌ی نظریه‌های روایت، گردآوری و ترجمه: محمد راغب. تهران. نیلوفر. (١٣٩٦)

١٣.حری، ابوالفضل. مقاله: درآمدی بر رویکرد روایت‌شناختی به داستان روایی با نگاهی به رمان آیینه‌های دردار هوشنگ گلشیری. پژوهش‌های زبان های خارجی (نشریه دانشکده ادبیات و علوم انسانی دانشگاه تبریز) پاییز و زمستان ١٣٨٧

١٤. ریمون-کنان، شلومیت (سەرچاوەی پێشوو)

١٥. مکوئیلان،مارتین ،(سەرچاوەی پێشوو)

١٦.برمون، کلود. پیش درآمدی بر بوطیقای روایت‌شناسی ساختارگرا، ترجمه: محبوبه خراسانی، نشریه: ادبیات داستانی، شماره ٧٩، اردیبهشت ١٣٨٣

 

Previous
Next
Kurdish