Skip to Content

سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان.. رەزا شوان

سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان.. رەزا شوان

Closed
by ئایار 9, 2018 General, Kids Literature

(شکسـپیر) دەڵێ:” لە جیـهاندا سەرینـێک نییە، کە لە باوەشـی دایـک نەرمتـر بـێت”
منداڵ بە هەر هۆیەکەوە بگریت، کە دایکی یا باوکی لە باوەشی دەکات و بە سنگی خۆیەوە دەینووسێنێت و بە نەرمی دەست بەسەری و بە شتیدا دەهێنێت و ماچی دەکات، یەکسەر ژیـردەبێتەوە و دەگەشێـتەوە.
منداڵی کۆرپە کە هێشتا فـێری زمـان نەبووە و قسە نازانێت، تەنها بە رێی گریانەوە گوزارشت لە هەستەکانی و لە پێویستییەکانی دەکات. دایکیشی لە هەموو کەسێک زیاتر و باشتر لە زمانی جەستەیی و لە هۆیەکانی گریانەکانی تێدەگات. لەوانەیە بۆیە بگریت برسییەتی و داوای شیر دەکات، یا توینیەتی و ئاوی دەوێت، یا سەرمایەتی، یا گەرمایەتی، یا شوێنەکەی تەنگ و ناخۆشە، یا دەرپێکەی تەڕ و پیسکردووە، داوای گۆڕین و پاکی دەکات، یا هەست بە تەنیایی دەکات، پێویستی بەوە هەیە کە یەکێک بێت بە لایەوە و یاریی لەگەڵدا بکات تا هەست بە دڵنیایی بکات، یا باوبژ لە سکی دایە و ئازاری هەیە،..هتد. دایک پێش هەموو کەسێک، بە دەنگی گـریان و کـڕوزانەوەی منداڵەکەیەوە دەچێت و هەڵیدەگرێت و لە باوەشی دەکات و بە سنگی خۆیەوە دەینووسێنێت و ماچ بارانی دەکات. ئەمەش ئەو شوێنە خۆشەیە کە منداڵەکەی بۆی دەگریا.
بێگومان باوەشی نەرم و گەرمی دایک، خۆشترین و نەرمترین و دڵنیاترین و ئارامترین شوێنە بۆ منداڵ. باوەشی دایک دەتوانێت جیهانێکی پڕ لە سوودی دەگمەن بۆ منداڵ دروست بکات. باوەشی دایک دەرمانێکی هەرزان و سەیر و دەگمەنی ئەوتۆیە کە دەتوانێت چـارەسەری زۆربەی نەخـۆشییە دەروونـی و جەستەییەکانی منداڵان بکات. هیچ دەرمانێکیش نییە کە هـاوتای بکاتەوە.
(ڤـۆڵتـێر) دەڵێ:” تەنها شـوێن کە دەتـوانم سـەرمی بخـەمە سـەر و بە ئاسوودەیی و دڵنیایی لەسەری بنووم، ئـەوە باوەشـی دایـکمە”
رەمەکی (غەریزە) دایکایەتی زۆر بەهێزترە لە رەمەکی خودی خۆشەویستی.
لە هەموو سەردەمە تاڵەکانی ژیانیشدا، دایک هەر شیرین و میهرەبان بووە.
تا ئێستا نزیکەی شەش سەد لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پزیشکی لەم بارەیەوە ئەنجام دراون، هەر هەموویان جەخت لە سەر سوودەکان و گرنگی و ئەرێنی و ئەنجام دەگمەنی لە باوەشکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوكییەوە دەکەن.
لە باوشکردن تەنها بە یەکگەیاندنی جەستەیی نێوان دایک و جگەرگۆشەکەی نییە، تەنهـاش گـوزارشت لە هێنانەدی خواست و لە هەستەکانی منداڵ نییە. بەڵکو گرنگی و سوودەکانی و دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی هێـندە زۆرن نایەنە هەژمارکردن.. لە باوەشکردنی منـداڵ، رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی لە داهـاتووی کەسایەتی منـداڵدا دەبێت. کارتێکردنێکی گەورەشی هەیە لە ژیانی دەروونی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی منـداڵدا. لە باوەشکردن ئۆخەی و خۆشی و گەشی و ئارامییەکی دەروونی و جەستەیی بە منـداڵ دەبەخشێت. لە دواییشدا دەبێت بە منـداڵێکی هـاوسەنگ و رەفـتار دروست و جـوان.
ئەو منداڵە بێنازەی کە لە سۆز و لە خۆشەویستی و لە باوەش و لاواندنەوەی دایک و باوکی بێبەش بووبێت و پشتکوێیان خستووبێت.. لە هیچ شوێنێکی تر و لە لای هیچ کەسانێکی تریش، ئەم سۆز و خۆشەویستییە سروشـتییەی بۆ پڕ ناکرێتەوە. هەست بەوە دەکات کە پەسەند نییە و خۆشیان ناوێت و رقـیان لێيەتی و لەبەر دڵان نییە و رەتیان کردۆتەوە. لە دواییدا دەبێت بە منـداڵێکی رقن و تووڕە و شەڕفرۆش و تۆڵەسێن و رەفتار بەد و یاخیبوو و بێزارکەر. ئەم ئاکامە نەخوازراوەش، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی دایک و باوکی دایە.
(جولـدونی) دەڵێ:” کە دایـکم منی خۆشـبوێت، منیش دونیـام خۆشـدەوێت”
بۆیە لە باوەشکردن بە هۆیەکی گرنگی پەروەردە دەزانرێت، کە پێویستە هەر لە منـداڵییەوە، منـداڵ بەم کارە ئاشـنا بکرێت، تا لە سەری رابێت. کەواتە پێویستە هەموو دایک و باوکێک هەست بەم ئەرکە گرنگەی ئەستۆیان بکەن، تا جگەرگۆشەکانیان لە دەستنەدەن و چـارەنووس و داهـاتووشیان نەکەوێتە مەترسییەوە، نەوەیەکی دروستی بـڕۆابەخۆ و بڕوا بە کەسانی تر، بۆ کورد و کوردستان پێبگەیەنن.. پشکی شێری شانازیش بۆ دایکان و باوکانی دڵسۆز و هۆشیار و دووربین و بەتەنگەوەهـاتوو دەگەڕێتەوە.
شارەزایانی ئەم بوارەش، داوا لە دایکان و باوکان دەکەن، کە خواست و حەز و ئارزووەکانی منداڵەکانیان بەدیبـهێنن. لە باوەشیان بکەن و بیان لاوێـنن، تەنانەت گەر لەوپەڕی سەرقاڵیشدابن. ئەم پێویستییەی منداڵانیش، ئەرکێکی ئەوتۆی نییە، هەر جـارەی تەنها دوو خوولەک لە باوەشکردنیـان بەسە، بۆ مەستکردنیان لەم پێویستی و حەزەیان، ئەگەرچی منداڵان هەرگیز لە باوەشی دایکانیان تێـر و مەسـت نـابن.
لە لێکۆڵینەوەیەکی کـرداری و مەیـدانیدا، کە توێژێنەر، دکتـۆرە ( فەرجیـنیا سارتەر) لە نەخۆشـخانەیەکدا ئەنجامیدا، گەیشتە ئەم ئەنجـامە، کە پێویستە رۆژی بیست و چوار جار منداڵی کۆرپە لە باوەش بکرێت: (چوار باوەشی بۆ ژیان) و (هەشت باوەشی بۆ پاراستن) و (دوانگزە باوەشی بۆ گەشەکردن). بەشی زۆری شارەزایانی ئەم بـوارەش، پێـیان وایە، کە پێویستە لە لایـەنی کەمەوە رۆژی هەشت جار منداڵی ساوا لە باوەش بکرێت.. گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامەش، کە بێبەشبوونی منـداڵ لە باوەش و لە سۆز و لە خۆشەویستی و لە بەزەیی دایک و باوک، هۆیەکە: بۆ بیرکـۆڵی، بۆ دواکەوتن لە خوێندن، بۆ باڵا کورتی، بۆ رەفتاری دوژمنانە، بۆ گـرێ دەروونی، بۆ تەنگەنەفـەسی، بۆ خەمـۆکی، بۆ باوەڕبەخۆنەبوون، بۆ گۆشەگیـری.. بـەراورد بە منـداڵانی بەختەوەری مەستی ناز و باوەش و سۆز و خۆشەویستی دایک و باوکانیان.
سەرنجیشتان بۆ دیاردەیەکی گرنگ رادەکەیشین، دەبینین کە دایک منداڵەکەی لە باوش دەکات، بە زۆری دەیخاتە لای چەپی باوەشییەوە، چونکە دڵ لە لای چەپی مرۆڤەوەیە. بەم شێوەیە کۆرپەکەی لە دڵی خۆی نزیک دەکاتەوە.. ئایا منـداڵ پێویستی بەمـە هەیـە؟ هەموو بەڵگەکـان ئاماژە بەوە دەکەن، دەشێت لەبەر ئەوە بێت کە یەکەمین دەنگ، کە منداڵی (کۆرپـەی نـاو سکی دایک) (فەتوس ـ بە کرمانجی) پێش لەدایکبوونی گوێی لێبووە و پێی ئاشنا بووە، ترپەی ناسک و رێکوپێکی لێدانی دڵی دایکی بووە. ئەمەش بە هـۆی شلەی (ئەمیـنۆس) کە شلەیەکی گەیەنەرە، لە ناو سکی دایکـیدا دەوری هەموو جەستەی داوە گوێی لە لیدانەکانی دڵی دایکی بووە و لە هەموو لێدانێکی تر جیای دەکاتەوە.. خواردنیشی هەر لە دایکییەوە وەرگرتووە، هەستیشی بە برسێتی و توینێتی و بە سەرما و بە گەرما نەکردووە. بۆیە سازانی دۆخ و کەش و هەوایەکی لەبار بۆ دایکانی دووگیـان زۆر پێویستە.
دوای ئەوەی کە منداڵ لەدایک دەبێت و نیشتمانی ئارامی ناو سکی دایکی بە جێدەهێڵێت، دێتە جیهانێکی نامۆ و جیاوازەوە، کە هەست دەکات لە جیهانی ناو سکی دایکی ناچێت. بۆیە دەگـری و ئەم ژیان و جیهانە رەتـدەکاتەوە، چونکە هەست بە برسێتی و بە توینێتی و بە سەرما و بە گەرما دەکات، گوێشی لە ترپەی ناسک و رێکوپێکی دڵی دایکی نییە.
بۆیە هەرکە منداڵ لەدایک دەبێت، یەکسەر دایکی دەیخاتە لای چەپی باوەشی تا لە دڵی خـۆی نزیکی بکاتەوە و گـوێی لە لێـدانی دڵی بـێت، بۆ ئەوەی وا هەست بکات کە ئەمە هەمان ترپە و لێدانە کە لە ناو سکیدا گوێی لێبووە و ئاشنای بووە. تا وا هەستیش بکات کە ئەم ژیـان و جیهانەش، درێژەدانە بە ژیان و جیهانی ناو سکی دایکی.. یەکسەریش مەمکی دەداتێ، تا وا هەست بکات کە لە خواردنیش دانەبڕاوە.. ئەمەو پلـەی گەرمی سەر سنگی دایک، دوو پلە یا پلەیەک لە شوێنەکانی تری لەشی بەرزتـرە، لە کاتی نووساندنی کۆرپـەکەی بە سنگی خـۆیەوە، ئەو پلە گەرمییە دەگـۆازرێتەوە بۆ لەشی کۆڕپەکەی، کورپەکەشی وا هەست دەکات کە لە هەمان کەش و هەوای ناو سکی دایکیدا دەژی.. سەرەڕای هەموو ئەوانەش لە سەر باوەشی دایکیـدا هەست بە دڵنیایی و ئارامی دەکات، خۆشی بە بەشـێک لە دایکی دەزانێت.
جا دایک ئەم سوود و نهێنیانە بزانێت یا نەزانێت.
سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان:
زۆر بە کـورتی ، لەم حەڤـدە خاڵەی خوارەوەدا، باس لە گرنگـترین و بەسـوودترین
سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان لە لایەن دایکان و باوکانیانەوە دەکەین:
١ـ لە باوەشکردن هەرزاتـرین و دەگمەنتـرین دەرمـان و چـارەسەرە، بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانی منداڵان، وەکوو: دڵـەڕاوکێ، نائـارامی، خەمـۆكی، تـرس، بێـبڕوایی، گـۆشەگیری.
باوەشی دایک، منـداڵی جەستە و دەروون تەنـدروست پێدەگـەیەنێت، منـداڵی بڕوابەخۆ و چۆست و چالاک دێنێتە کایەوە. منداڵ لە باوەشی دایکیدا هەست بە دڵنیایی و ئاسوودەیی و بە سۆز و خۆشەویستی و بە رێزلێنان دەکات، لە باوەشکردن، منداڵ لە هەمو گرفت و گرێییەکی دەروونی دوور دەخاتەوە، بۆ ئەوەی کارتێکردن و کاردانەوەیان لەسەر ژیانی داهاتووی نەبێت، تەنانە لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجەش دەیپـارێزێت.
٢ـ هەندێ لە لێکۆڵینەو زانیارییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە لە باوەشکردن، ئاستی بەرگـری گشتی منـداڵ زیاتر و بەرزتر دەکات، کەمتر تووشی پەتـا و نەخۆشی دەبن. چونکە بە هـۆی لە باوەشکردنەوە، لەشی منـداڵ هـۆرمۆنی (ئۆکسیـتۆزیـن) زیاتر دەردەدات. کە بە هـۆرمۆنی (باوەشـپیاکـردن) یش ناودەبرێت. ئەم هۆرمۆنە خانەکانی کۆئەندامی بەرگری زیاتر و چالاک دەکات. ئەم هۆرمۆنە پاڵ بەو مرۆڤەوە دەنێت کە باوەش بەو کەسەدا بکات کە خۆشی دەوێت، هەست و سۆز و خۆشەویستیشی بۆ کەسانی تر گەشەدەکـات و زیاتر دەبێت. هۆرمۆنی ئۆکسیتۆزین یارمەتی ئەوەش دەدات، کاتێ کە منداڵ مەمکی دایکی دەمژێت، شـیری زیاتـر بێـتە نێو مەمکەکـانییەوە.
٣ـ لە باوەشکردن، ئاستی چارەسەرکرنی هەستکردن بە تـووڕەیی و گـرژی و لۆمە و تەنیایی بەرزتر دەکاتەوە.
٤ـ لە باوەشکردنی منـداڵ بۆ ماوەیەکی درێـژ، رێژەی (سیرتـۆنین) لە لەشیدا بەرز دەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی هەستکردن بە شادی و خۆشی و رێکخستنی مەزاج و رەفتـاری گشتی.
٥ـ بە پێی هەندێ لێکۆڵینەوە لە باوەشکردن، هـاوسەنگییەک لە کۆئەندامی دەماری دروست دەکات.
٦ـ بە یەکگەیشتنی جەستەیی لە نێوان منـداڵ و دایـک و باوکـیدا، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە زیاتر هەستکردنی بە هاوبەستەبوون و درککـردنی بە پشتبەستن بە خەڵکی و دوورکەوتنەوەی لە تەنیایی و لە گۆشەگیری. بواری پەیوەندییەکی راستیش لە نێوان منـداڵ و دایـک و باوکـیدا دەڕەخسـێنێت.
ئەو منداڵەی کە مەستی سۆز و خۆشەویستی دایک و باوکێتی، لە قۆنـاغی لاوییدا، دەبێـتە خـاوەنی هەست و سۆزێکی زۆر، حەزدەکـات ئەم سۆز و خۆشەویستییەی بە کەسانی تر ببەخشـێت.
٧ـ لە میانەی لە باوەشکردن و دەست لە ملکردنی منداڵ، تێدەگات کە دایک و باوکی خۆشیان دەوێت.. هەر لەم میانەشەوە فـێری وەرگـرتن و بەخشـین دەبێت. لە پاداشتی ئەم لە باوەشکردنە، منداڵیش لە هەمان کاتدا ئەویش سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونی خۆی بە دایک و باوکی و بە ئەو کەسانە دەبەخشـێت کە لە باوەشی دەکەن.
لە لایەکی تریشەوە منداڵ هەمان شێوازی دایکی دەگرێتەبەر بۆ گوزارشتکرن لە سۆز و خۆشەویستی، بۆ ئەو شـتانەی دەوروبەری کە خۆشـیانی دەوێت. وەکو خۆشەویستی بۆ بووکە شووشە جوانەکەی. دایکی ئاسایی لە باوەشی دەکات و دەینووسێنێت بە خۆیەوە و دەست بە سەریا دەهێنێت و ماچی دەکات و دەیلاوێنێتەوە و بە کـۆرپە جوانەکەی خۆی دەزانێت.
ئەم هەستە جـوانەش، دڵنیایی و ئارامی و سۆزداری پێدەبەخشـێت.. رێـز و خۆشەویستیش دەبن بە بەشێکی گـرنگ لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهـاتوویدا.
٨ـ هێزی گۆڕینەوە لە نێوان دایک و منداڵەکەیدا، لە کـاتی لە باوەشکردندا، وایان لێدەکات کە هەست بە یەکێتی و هاوبەشی ژیان بکەن. وا هەست بکەن کە گیانێک لە دوو جەستەدا. پەیوەندی نێوانیشیان قوڵتـر و شیرینـتر دەکات.
٩ـ لە باوەشکردن، فشاری دەروونی لە جەستەی منـداڵدا ناهێلـێت، یارمەتیی خاوبوونەوەی ماسوولکەکـانی دەدات. گەر دایک هەستی بە دڵتةنگی و بە بێزاری و بە نائارامی منداڵەکەی کرد، پێویستە لەم ساتەدا تاوێک لە باوەشی بکات، بۆ ئەوەی ئاسایی ببێـتەوە.
١٠ـ کە دایک منـداڵەکەی لە بـاوەش دەکـات، هەست بە دایکـایەتی دەکات. ئەمەش خۆشی و شادییەکی زۆری دەروونی و جەستەیی پێـدەبەخشـێت.
١١ـ لێکۆڵینەوەیەکی ئەمریکی، ئەوەی روونکردۆتەوە، کە لە باوەشکردنی منداڵ، یارمەتی رێکخستنی لێدانی دڵی دەدات و یارمەتی ئاسایی پاڵەپەستۆی خوێن دەدات، لەشیش خاودەکاتەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مێشک هۆرمۆنی (ئۆکسیتۆزیـن) دەردەدات، کە یارمەتیـدەر و هـاوبەشە لە هەستکردنی مـرۆڤ بە دڵنـیایی و بە ئـارامی و بە ئـاسوودەیی.
١٢ـ لێکۆڵینەوەیەکی دەروونی بەریتانیش، جەختی لەسەر ئەوە کـردووە، کە لە باوەشکردن و دەستهێنانی دایک و باوک بە سەر و بە شانی منداڵەکەیاندا، زیـرەکی و گەشـەی سروشـتی منـداڵ زیاتـر دەکات. یارمەتی دەردانی مـادەی (ئەنـدرۆفـین) دەدات لە لەشدا، کە مادەیەکی گەینەری دەمارییە. یارمەتی هـێورکردنی تووڕەیی و دڵەڕاوکی دەروونی و هەستکـردن بە ئـازار دەدات.
١٣ـ لە باوەشکردن، یارمەتی رێکخستنی پلـەی گـەرمی لەشی منـداڵ دەدات، بە تایبەتیش ئەو کۆرپانەی کە تـازە لە دایک دەبـن.
١٤ـ لە باوەشکردنی منداڵ، هاوسەنگی کۆئەنـدامی دەمـاری دروست دەکات، دەروونێکی بە هـێزیش پێکدەهێنێت، تا بتوانێت رووبەڕووی نەخۆشییەکـان و گـرفت و کارەساتەکـان ببێتەوە.
١٥ـ لە باوەشکردنی منـداڵ، رێگەیەکی تەندروسـتی دروسـتە، ئاستی گـازی ئۆکسـجین لە منـداڵدا بەرزتـر دەکـاتەوە، کە چـارەسەری تووڕەیی و گـرژی دەکات، کە تووشی هەنـدێ لە منـداڵان بوونە، لە دواییشدا دەبنە منـداڵانی ئاسوودە و هـێمن.
١٦ـ گرنگترین سـوودی لە باوەشکردن، هەستکردنی منداڵانە بە دڵنیایی و بە ئاسوودەیی و بە ئارامی، ئەمانەش گرنگـترین پێویسـتی دەروونین کە منـداڵان پێویستییان پێـیان هـەیە، تا زیاتـر بـڕوا و متمانەیـان بە خۆیان هـەبێت.
١٧ـ بە پێی راپۆرتێکی بڵاوکـراوەی گۆڤـاری (ئیلـترن) ی ئەڵمـانی، پێی وایە کە لە باوەشکردنی منداڵ لە دوای رۆژێکی درێـژ، ئەم کارە ئاماژە بە مێشک دەدات بۆ ئەوەی خاوبێتەوە، هەر راپۆرتەکە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە دەستهـێنان بەسەر منـداڵاندا، یا جولانـدنی پەنجەکانیان بە نـەرمی لە لایـەن دایکانیانەوە، ئەم کارانە مێشکی منداڵان وریا دەکەنەوە، تا لەش و دەمـار و ماسوولکەکانی منداڵان خـاوبکاتەوە.
گەلێکیش لە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە لە باوەشکردنی منداڵان زیـاد لە پێـویست، لە لایەن دایکان و باوکانیانەوە. فـێری ئەوەیان دەکات کە بڕوایان بە خۆیان نەمێنێت. لە داهاتووشدا، بێـدەسەڵاتبن و لە هەموو شتێکدا پشـت بە دایکـان و باوکـانیان ببەستن.
دایکـان و باوکـانی هـێژا و دڵسـۆز و بەسۆز و میهرەبـان، راستە کە منداڵان زۆر خۆشەویستن و هەمیشە لەبەر دڵانن.. سۆز و بەزەیی و خۆشەویستیتان بۆ جگەرگۆشەکـانتان بێسنوورن.. بەڵام پێویستە میانڕەوبن لە بەخشینی سۆز و بەزەیی و خۆشەویستیتان بۆ منداڵەکـانتان.. وا گـۆش و پەروەردەیان بکەن و رایـان بهـێنن کە بـڕوایان بە خۆیـان هەبێت و پشـت بە خۆیـان ببەسـتن.

رەزا شوان
نووسـەر لە بـواری ئـەدەب و پـەروەردەی منـداڵان.
نۆروێـژ: ٩ی/ ئایـار/ ٢٠١٨

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودمان لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish