11 ی مه‌ی
سه‌ردار جاف
ئه‌وا ئه‌مڕۆ
بوو به ساڵێ و
له‌م ئێواره
پیره پیاوێك ، هه‌ر له سێبه‌ری خۆت ده‌كا
گه‌ڵای زه‌رده و سه‌مای روحی ده‌بارێنێ و
ده‌وه‌رێته به‌ر پێی خاكت
تێڕامانی كه‌مه‌ی گۆچانێكی نوێیه
چه‌تری سه‌ره و چه‌شنی مۆمیش به سه‌ر باڵات
ده‌توێته‌وه…….
ئه‌م ئێواره
ڕیش چهرموویهك ، هه‌ڵاتوو له خه‌راباتی زه‌مه‌نی ژن
بێ ئاگا بوو …. بێهۆش مابوو
له دونیای ژن ناحاڵی بوو
زه‌نگی هێڵی دڵی مردوو ، بوژانه‌وه‌ی
بۆ دێته‌وه …….
ئه‌وا ئه‌مڕۆ
بوو به ساڵێ و
هه‌ر خانه‌خوێی دیوه‌خانی هزری منی
له نێو نیگا
كارمامزی سارا لماوییه‌كه‌ی ئیشقی
بۆ هه‌تایی
له‌ره‌ی ده‌نگ و هه‌نگاوی تۆ
ناسڕێته‌وه………….
شه‌وێك نییه
به خه‌یاڵی یاده‌وه‌ری ساڵێكمانا
گوزه‌ر نه‌كه‌م
فرمێسكی خه‌م نه‌هۆنمه‌وه
له سه‌ر په‌ڕه‌ی تاڵ تاڵی پرچی خاوتا
هێلانه‌ی ئه‌وین ته‌ڕ نه‌كه‌م
چ له دڵ و عه‌قڵ بكه‌م
ره‌گی ئیشقت نه‌بڕێته‌وه…………
ئه‌وا ئه‌مڕۆ
بوو به ساڵێ و
ئه‌و هه‌وێنی ئاشناییه
له دووره‌وه دیقه‌ت ده‌دا
تۆیش لێم یاخی
به سه‌ر شاباڵی هه‌ستما گوزه‌ر ناكه‌ی
ئه‌وه‌یش كانیاوی ئهشكمه
بۆ رۆژگاری رابردوومان
كڕنووش ده‌با
با چاوه‌كان ده‌س له‌ملی یه‌ك نێنه‌وه…………
ئه‌مێستاكه
خولیاكانم پاسه‌وانی سیمای تۆن و
وا له گه‌ردنی بهرزتا
مه‌له ده‌كه‌ن
بۆ سه‌ر سینه و مهمه تورته‌ی بن سه‌رینێ
ئه‌وه خه‌ونی سه‌وزی منه ، خه‌یاڵی نامرادی نین
با پێكه‌وه بتوێنه‌وه ……
ئه‌وا ئه‌مڕۆ
بوو به ساڵێ و
هێڵی ته‌ریبی من و تۆ
ناكرێ فارگۆنێكی خاڵی
به سه‌رمانا تێپه‌ڕێت و روحمان به مه‌ی بشواته‌وه ……………
تۆ ده‌زانی
ژه‌هری بێ مه‌یلی و رووگرژیت
ده‌بنه جه‌للادی ژینم و
شه‌كره هه‌نگوینی سه‌ر دڵمن
پێ رێ ناگرێ
بڕواته‌وه ……………
ئه‌وا ئه‌مڕۆ
بوو به ساڵێ
بگه‌ڕێوه با ئامێزم بێ تۆ نه‌بێ
بێ تۆ ده‌بم به كاوڵاش و تاریكستان
نه‌كه‌ی زیكری دڵم تێكده‌ی
ئاوی روحم نه‌ده‌یته‌وه ………..
وا چوار وه‌رزه
تۆ بووی به به‌فر و گوڵ و پووش ، به خه‌زانێ
باوه‌شتم بۆ واڵا بكه
ئه‌م كۆچه ناوه‌خته چی بوو
مه‌رگ به گیانم ئاشنا بێ
خوایه پێكمان شاد كه‌یته‌وه ………………
ئه‌وا ئه‌مڕۆ
بوو به ساڵێ
په‌تی ئیشقت له گه‌ردنم دلۆپ بڕی ههناسهمكا
چرای دییه‌م كزكز ببێ
هه‌ر ده‌ڕوانم
بۆ هه‌نگاوی له‌نجه‌ی په‌نجه‌ت
كڕنووش ده‌به‌م
له بێ تۆیی سه‌ری مه‌رگم ده‌نێمه‌وه ………..
بگه‌ڕێوه ..
بۆ خه‌ڵوه‌تی بووژانه‌وه‌م
ده‌نا هه‌ستم
به ئاگری فه‌نابوونی ئه‌وینی تۆ
گڕ ده‌گرێت و ده‌توێمه‌وه ………..
ئه‌وا ئه‌مڕۆ
بوو به ساڵێ
هه‌وای هه‌وار تێم ئاڵاوه
سه‌رێ به كونجی خاكا كه‌م
له سه‌رچنار
دیقه‌تێكی بای چاوت به‌م
خودا بكا
مردنێ یه‌خه‌م پێ بگرێ و نه‌یه‌مه‌وه ………..
هێشتان دڵت
له ده‌رگه‌ی ئاوه‌زم ده‌دا
له هه‌ناوما وا چه‌قیوه ، شورای خوێنێكی ته‌نیوه
ئه‌و دڵه‌ی تۆ
زێڕ و گه‌وهه‌ر و ئه‌ڵماسه
هێنده سه‌ر شێت و وڕ بوومه
مه‌ی ده‌مخوات و نایخۆمه‌وه ………….
ئه‌ڵمانیا
2018