Skip to Content

كوردی هائیم و حه‌یران -(12) …. هێمن عومه‌ر خۆشناو

كوردی هائیم و حه‌یران -(12) …. هێمن عومه‌ر خۆشناو

Closed
by ئایار 9, 2018 General

ژیان لەم زەمەنەدا دڵی مرۆی بە نمەك و وەفا دەكاتە قەترەیەك ئاو و وەك پارچە شەختەیەك سارد سارد دەبێت و بە بینینی چەند دیمەنێك دەتوێتەوە. لێرە دڵ هیچی تێنەماوە، ئەوەندە بچوك بۆتەوە، بە نەبوو حیسابە. لەوەگەڕێ خوێن و كوشتار و شەڕ بوونەتە هەوای فێنكی سپێدان و، هەناسەنە مرۆ وەریدەگرێ و دەیداتەوە، ڕووبەریك و بستێك خاكی دڵ نەماوە لەناو شەڕدا خارا نەبووبێت.
ئەم چەرخە چەرخی كورتبینییە، زەمەنی توێكڵ و ڕواڵەتە، كەس حەوسەڵەی مێشك ماندووكردنی نەماوە، هەموومان هەڵوەدای ڕواڵەتی بێ بنەما و ڕووخساری بێ ناوەڕۆك و قەپێلكی بێ ناوكین.
سەردەم سەردەمی خۆڕەپێشكردن و خۆبردنەپێش و دەركەوتنە، دەركەوتنێكی كورت، خۆبردنەپێشێكی چەند سعاتی، خۆپەسندانێكی هیچ لەباردانەبوو، ئیدی وەك ئەوە دێتە بەرچاو هەموو جارێ منەتی باوكایەتی بەسەر منداڵەكانماندا بدەینەوە و بە خوێنەر و خەڵك بڵێین ئەوەنییە ئێمە عەللامەی زەمانین، پسپۆڕ و پیتۆلین، نە دوێنێ دەبینین و نە سبەینێ، هەر هەنكەمان لەپێش چاوە و ئیدی ئێمە هەموو شتین و خەڵكیش چش!

خۆزی لە هەموو شتێدا زەمەنی كورتبینەكان بووبا، ئەمما ئەوانەی ئەهلی عیلمن قەت و قەت چاویان لەو ڕوواڵەتی و خۆڕەپێشكردنە نەبووبا، كە وەك ڤایرۆسێك هەموومانی تەنیوەتەوە، حەیاتی لەبەر بڕیوین، لە عیلم و حیكمەتیشدا بۆن بۆگەنی تەنگەنەفەسی كردووین و هاش و هووشەكەی گوێی دونیای كەڕكردووە.
لە زەمەنێك دەژین، (مەلەوان)ی تازەی ناو بەحری عیلمین، كەچی شیت و شەیدای ناو و ناوبانگین، قەڵەممان تازە فرچكی گرتووە و دەمانەوێ بەو قەڵەمە بێ مەرەكەبە دونیا تەی بكەین. بە نانی دزیی عیلمەوە گەورەبووین و هەر دزیی و ناپاكی و بێ بنەتۆییمان لێ هەڵدەوەرێت. زانكۆیەكان پڕبوونە لە ئەهلی ئەو عیلمە ڕواڵەتی و ئەو هەموو شەهادەداری و تامەزرۆی ماستەر و دكتۆرا و پڕۆفیسۆرییە جەستەی عیلمی هەنجن هەنجن كردووە و بنیشتێكە لە زاری ئەوانەوە بۆ دەوی سەدان كەس دێت و دواهەمینیان دەگاتە سەر زمانی من و ئەزیش بە ناو و سەرناوێكی دیكەوە دەیفرۆشمەوە.

هەتا دوێنێ پشیمان بە زانستی ئایینی خۆش بوو، كە بە پەرێز پاكییەوە مابوو و كەشتیەوانەكانی دوای ئەو هەموو خۆونكردنە و ئەو هەموو خەبات و ماندووبونە و دەریایەك فرمێسك ڕشتن لە قەڵەمەكانیان، بە شەرمەوە دەیاننووسی (انا الحقیر الفقیر المذنب العاصی…….منی دەستەپاچە و داماو، هەژار و نەدار و هیچ لەبارنەبوو ئەوەم نووسی بە هیچی دانانێم و هەموو هەناسە و خوێنیشم پڕە لە هەڵە و پەڵە و قەت شایانی ئەوە نەبووم و نابم) و دوای سی چل ساڵ لە پسپۆڕی خۆی هێشتا پێی شەرم بوو جلی پیشەكەی بپۆشێ و هەر خۆی بە شیاو دانەدەنا، كەچی كەشتیەوانەكانی ئێستا هێشتا لە ئەلف و بێیانن خۆڕەپێشدەكەن، فتوادەدەن، دەیانەوێ تەنانەت عیبادەتی نێوان خۆیان و خوداشیان بە كامێرایەكەوە بگرن و نیشانی هەموو خەڵكی بدەن، ئەو ڕێبوارانەی تازە سواربووی كاروان، چونكە قاویلكەن، قالك و قەمیشی پووچن، سامنیشتووی زەمەنێكی كورتن، دەیانەوێ چەند سعاتێك بژین و بەس، ببنە بڵقی سەرئاویش مەمنوونن، لەناو هەموو دەنگەكاندا ئحمێكیان هەبێ بەسیانە، هەر پێوەریان چاوی خەڵكی كورتبینە، بۆیە لە نمایشێكی پەلەپەلدا خەریكی عەمامەگەورەكردن و دیزاینی ئەو لەقەب و پاشناو و تریانە مەندیلانەن كە شەڕیانە لەسەر ئەوەی كامەی جێی باوەڕی میللەتی كورتبین و گەلی رواڵەتپەرستە، ئەوەیان مەبدەئو پرەنسیپە.
ئێرە وێرانەیە لە چاوی جەوهەربینان، كۆشك و تەلار و جەننەتە لە چاوی ڕواڵەتبینان، دڵی ئەهلی جەوهەر و رۆح پەروەرانیش لەو نێوانەدا لە حەژمەتان هەموو رۆژێ جارێك دەتوێتەوە. چونكە لەم كاولستانی ڕۆحەدا بۆ كوردی هائیم و حه‌یران دڵ تێكهەڵاتنە لەگەڵ ئەم خەڵكە تێكەڵی!

Previous
Next
Kurdish