Skip to Content

114 Views

زه‌رده‌ له‌ سه‌ران بێ له‌ سیما قه‌وزه‌داره‌كان زیاتر نه‌بینی كه‌س چاوه‌ڕێت نه‌كا … نه‌ژاد عزیز سورمێ

زه‌رده‌ له‌ سه‌ران بێ له‌ سیما قه‌وزه‌داره‌كان زیاتر نه‌بینی كه‌س چاوه‌ڕێت نه‌كا … نه‌ژاد عزیز سورمێ

Be First!
by May 13, 2018 General, Poems
image_print


خۆشبه‌ختین هه‌ست به‌ ئازار ده‌كه‌ین))
واته‌ هێشتا زیندووین ))
وی هیوی
له‌ ڕۆمانی ( هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بوزا ) دا

————-

ئێمه‌ له‌ كوێین
به‌و سه‌خاوه‌ته‌ بێ وێنه‌یه‌ ،
میوانداری بكوژانمان ده‌كه‌ین؟
چاو له‌ بێبه‌ریایه‌تی
خوداوه‌نده‌ له‌ مه‌رگ تێرنه‌بووه‌كان ،
كه‌ نێرده‌كانیان
پیاسه‌ به‌ زه‌نوێراندا ده‌كه‌ن
چه‌هره‌ی تۆزاوی مناڵانیش
له‌ باده‌یه‌كی گڕ گرتوودا
به‌ ته‌زره‌ و چواله‌ ده‌خۆنه‌وه‌ ..

بێده‌نگی كاول و وێرانان ،
سه‌رشارن له‌ بۆشایی ..
فریشته‌ چاویان
به‌ نیگه‌رانی ده‌شۆن
به‌دوای خه‌ونێكه‌وه‌ نایبینن ،
وێنه‌ی ئه‌و په‌ڵه‌ هه‌ورانه‌ی
له‌ ئاسمانی ئێمه‌دا چڕ ده‌بنه‌وه‌
به‌سه‌ر خاكی دی ده‌بارن ..

كاروانی زێڕپۆشی پاییز
باریان له‌ ته‌نیشت ته‌لبه‌نده‌ نه‌غمه‌داره‌كان
لێ خستووه‌ ..
بێ هه‌‌ست ..
بێ گیان ..
به‌ سیمای ڕووشاوی ڕۆژگاره‌وه‌
له‌ موچڕكێكدا ده‌رده‌كه‌وێ ..
په‌یمانه‌یه‌ك ،
له‌ شه‌رابی دره‌وشاوه‌ی په‌رییان..
چه‌ند چڵێك
له‌ ڕووناهی ئه‌و ئاگره‌ی
هه‌‌ڕه‌شه‌ی پێ ده‌كرێ ..
پرسیارێكی سه‌رده‌منوێنه‌ ..
هاونشین ..
بێ وه‌ڵام ..
چاڵی گومڕایی ..
مێژووگوزه‌ر ..
كۆن ،
له‌وه‌ته‌ی دونیا هه‌یه‌ ..
نوێ ،
چه‌ند چركه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ..

دوورگه‌یه‌كمان
به‌ خۆمان دروست كرد ،
لێمان نه‌ڕوانی
ساویلكه‌ به‌ خۆمان ده‌چووین :
باران له‌ ئامێز و
فرمێسك به‌سه‌ر شانه‌وه
ڕۆحمان ڕوو له‌ هه‌وراز ..
چاوه‌ڕوان ،
په‌نجه‌ره‌یه‌ك بكرێته‌وه‌..
په‌نجه‌ره‌
نه‌ك كرایه‌وه‌ ،
له‌ بێخه‌وه‌ هه‌ڵته‌كا ..
له‌ شه‌شپاڵووی كه‌ڕولاڵمان
زیاتر نه‌دی !!
كه‌ بووه‌ به‌ قولله‌ و كاژی دڵمان ،
له‌ سواڵی به‌ر ده‌رگای ئاسۆدا
قولنگی بۆ بخه‌ینه‌ سه‌رشان ..

چراوگ نه‌كوژاوه‌ته‌وه‌ ..
فریشته‌ جوانن
جوانن براده‌ر !!
شاعیر باكی نییه‌
ئه‌وه‌ی لێی ده‌شارنه‌وه‌ ،
به‌ خه‌ون ده‌یبینێ ..
له‌ به‌هه‌شتیش ده‌ربكرێ ،
دۆزه‌خی قبوڵی ده‌كه‌ن .
باكی نییه‌ شاعیر
بۆ چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی كوژاوه
یا ئێواره‌یه‌كی كه‌یل
ئاو و هه‌وای لێ ببڕن .
ئاوازی مه‌ست باكی نییه‌
له‌ یه‌ك كاتدا به‌سه‌ر پێخه‌فی بێ چاره‌ییه‌وه‌ ،
سه‌رجێیی شادی و خه‌م ده‌كا ..
له‌ یه‌ك كاتدا براده‌ر!
له‌و گه‌مه‌یه‌ی
ئاده‌مزاد
ناویان ناوه‌ جووتبوون ،
نقوم ده‌بێ ..
هاوارێك ،
له‌ ڕه‌نگی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو و
سیمای قه‌وزه‌دارمانه‌وه‌
باڵدار ئاسا
ئازاد .. شاد
ئاسمان ته‌ی ده‌كا ..
دوور نییه‌ ڕۆحمان
بێدار بكاته‌وه‌ ..
ژه‌نگی دره‌ختان بوه‌رێنێ
ڕه‌نگه‌كان ،
كه‌ شه‌ویان به‌سه‌ر دادراوه‌
به‌ به‌نده‌ری سۆزدا بگه‌ڕێنێته‌وه‌
كژێك دا بێ
نیشتمان
به‌ چاوی كوێریشه‌وه‌ ببینرێ .

ئۆكتۆبه‌ری 2017‌‌

Previous
Next

Leave a Reply