Skip to Content

کامیان گاڵتەجاڕی سەرەکی یە: هەڵبژاردنەکە یان بە تەنها ئاکامەکەی..؟! … موزەفەر عەبدوڵا

کامیان گاڵتەجاڕی سەرەکی یە: هەڵبژاردنەکە یان بە تەنها ئاکامەکەی..؟! … موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by ئایار 15, 2018 General

سەرەنجام دوای چەند هەفتە لە بەڕێخستنی هەراوهوریاو سوکایەتی و تۆمەتبارکردنو هەڕەشەو گوڕەشەو پەلاماردانو لێدانوبریندارو کوشتن لە یەکتر لە ژێر ناوی کەمپەینی سیاسی هەڵبژاردن لە لایەکو ، لە لایەکی تریشەوە هەڕەشەو گوڕەشەی نانو موچە بڕینو تراسوتۆقاندنی خەڵکی ،گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردنی تاقمە مافایی یەکانی لە عێراقو کوردستان لە ١٢ مانگ ئەنجامدرا.
بەڵام لە بەرامبەر هەمو ئەم پرۆسە گاڵتەجاریو هەڕەشانەی لایەنە دەسەڵاتدارو بەناو موعارەزەکانیش زۆرایەتی خەڵکی، لە پێشیانەوە کۆمۆنیستەکانو ڕێکخراوەکانیان ، بە تایبەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کەمپەینێکی سیاسی بۆ ڕیسواکردنی ئەم گاڵتەجاڕی بەڕێخست.

لە چوارچێوەی ئەم کەمپەینەشدا منیش لە گۆشە نیگای جۆراوجۆری پرسوڕای هەفتانەوە چەند ووتارم نوسی بۆ دەرخستنی ناوەڕۆکی ئەم بەناوهەڵبژاردنو بەناوەڕۆک گاڵتەجاڕی یە کە لایەنەکانی دەسەڵاتدو موعارەزە سەرگەرمی بون بۆ تەفرەدانی جەماوەرو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات.
ئێستاش دوای تەواوبونی هەڵبژاردنو دەنگدانە گاڵتەجاڕی یەکە لە ئاستی عێراقو کوردستان زۆربەی لایەنەکان ، بە تایبەتی بەناو موعارەزەکان ، دەنگی ناڕەزایەتی یان بەرزکردۆتەوە لە ئاکامەکەی بە گاڵتەجاری ناوی دەبەن .وە دژی وەستاونەتەوە بەبەهانەی ئەوەی ئاکامەکەی دەسکاری کراوەو تەزیور کراوەو ئامێرەکانی دەنگدان هاک کراوەو چەند بەهانەی تریش .
وە لەسەر زاری ووتەبێژو سەرانیانەوە ،بە تایبەتی شەش لایەن لە کوردستان ،ڕایانگەیاند کە ئاکامی هەڵبژاردن قەبول ناکەنو بە گاڵتەجاڕی ناویان بردوە .هاوکات داوا دەکەن کە یان دوبارە دەنگەکان جیا بکرێتەوە بە ئامادەبونی لێژنەیەکی سەرپەرشتی بێلایەن یان جاریکی تر هەڵبژاردن بکرێتەوە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ کامیان گاڵتەجاڕی سەرەکی یە هەڵبژاردەنەکە خۆی یان بەتەنها ئاکامەکەی…؟!
وەڵامی بەرەی ئازادیخوازیو یەکسانیخوازی، لە پێشیانەوە کۆمۆنیستەکانو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ئەو ڕاوهەڵویستەی ئەو لایەنانەی کە پێیان وایە بە تەنها ئاکامی هەڵبژاردنەکە گالتەجاڕی یە ، ئەوەیە کە ئێمە چەندین بەڵگەو فاکتی سیاسی و مێژوویی جۆراوجۆرمان لە نوسینو بەیانەکان ‌هێنایەوە کە ئەوەی پێی دەڵێن هەڵبژاردنو دەنگدان بۆ پەرلەمان جگە لە گاڵتەجاری زیاتر هیچی تر نی یە.وە ئەو بەڵگەو فاکتانە لە ووتارو نوسینو قسەوباسو گفتوگۆو چاوپێکەوتنی سەدانو هەزاران کەس تا دەگاتە بەیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕێکخراوە کۆمۆنیستی یەکانی تردا هاتوەو ڕونکراوەتەوە.

وەک ووتم شەخسەن ٥ وتارم لەمباریەوە نوسی کە ئەمە نە هەڵبژاردنەو نە سەرجەم ئەم هەلومەرجو سیستەمە سیاسی یەو نە ئەو هێزانەی کە ئەم هەڵبژاردنە لەسایەیان دەکرێت دەتواننو دەیانەوێت هەڵبژاردنێک کە لانی کەمی پرەنسیبە نێو دەوڵەتییەکانی خودی بۆرژوازی تیدا بێت.بەڕیوە بچیت. وە ئەم لایانانە دەیانەوێت بەناوی هەڵبژاردنەوە پەنجەمۆری کەمایەتی یەکی خەڵک وەرگرن تا شەرعیەت بە دەسەڵاتە میلیشایییە چەتەگەری یە قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و تایەفی یەکانیان بدەنو بەس.
ئێستاش ئەم ڕاستی یە تەواو لە لایەن خودی لایەنەکانی دەسەڵاتو بەناو موعارەزەوە دانیان پیادا نا .ئەمە جگە لەوەی لە کۆی هەمو ئەو ڕێژەیە لە خەڵکی کە مافی دەنگدانی هەیە بە ڕەسمی تەنها نزیک بە لەسەدا چلو سێ دەنگیان داوە.تەنانەت بە پێی هەندێک هەواڵ کە بڵاوکراوەتەوە لە زمانی هەندێک سەرچاوەی دەرەکی یەوە کەمتر لە ڕیژەی سەدا بیستیش دەنگیان داوە.

ئەمانەش ئیتر بەڵگەو فاکتو ڕاستی ترنو ڕاو هەڵویستو بۆچونەکانی ئێمە باشتر دەسەلمێنن کە ئەمە هەڵبژاردن نی یە بەڵکو لە گاڵتەجاریش گاڵتەجاری ترە.ئەمە ئیتر خۆی لە خۆیدا بەتاڵ کردنەوەی ناوەڕۆکی ئەم بەناو هەڵبژاردنەیە کاتێک کەمترین ڕێژەی خەڵک ئامادەی دەنگدان بونەو زۆرایەتی ڕەها چ بایکوتیان کردوە.جا چ دژی هەڵبژاردنەکەو سەرجەم پرۆسەکەو تەنانەت وەک ئێمە بە گاڵتەجاریان زانیوە.

لە ڕویەکی ترەوە تا ئەو جێگایەش دەگەڕیتەوە بەوەی کە ڕێژەی ڕەهای خەڵک دەنگی نەداوە، ئیتر بە هەر بەڵگەو بەهانەیەوە بێت ئیتر ئەوە رادەی دژایەتی ئەو خەڵکە دەگەیەنێت بۆ دەسەڵاتی ئەم تاقمانە. بۆیە پێویستە لەسەر ئەو خەڵکە ناڕازی یە لە جەماوەری کرێکارانو تویژە ستەمدیدەکانو هەمو بەرەی ئازادیخوازی و چەپو کۆمۆنسیتەکان یەکگرتوانە بێنە مەیدان تا ئەم تاقمانە جارێکی تر نەتوانن بەناوی هەڵبژاردنو دەنگدانەوە یاری بە چارەنوسیان بکەنو دەسەڵاتی سەرکوتگەری میلیشایی بسەپێننەوە .
ئەگەر بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ، لە پێشیانەوە کۆمۆنیستەکان ،ڕیکخراوترو یەکگرتوتر بن ئەوە بێگومانە بە هیزی یەکگرتوانەیان نایەڵن ئەم تاقمە میلیشایی یە قەومی و خێڵەکی و ئیسلامی و تایەفی یانە گاڵتەجاری وا بەناوی هەڵبژاردنەوە ئەنجام بدەن. هاوکاتیش تاقمی وەک ئەم بەناو موعارەزانە پەیدا نابن کە پێیان وابێت سیستەمە سیاسی یەکەو هەڵبژاردنە کە هیچ گرفتو خەوشی تیدا نی یە بەڵکو تەنها ئاکامەکەی گاڵتەجاری یە.

١٤-٥-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا

Previous
Next
Kurdish