ئامانجی ڕه‌خنه … به‌ختیار محه‌مه‌د
ئه‌گه‌ر ئامانجی ڕه‌خنه (له‌هه‌ر كایه و بوارێكدا بێ) دۆزینه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان نه‌بوو، نابێته ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه. ئامانجی ڕه‌خنه دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی هه‌ڵه‌كانه (كه‌موكوڕییه‌كانه)؛ ئه‌و هه‌ڵه وكه‌موكوڕییانه‌ی، كه به ده‌ستنیشانكردن و دۆزینه‌وه‌یان ده‌بنه داینه‌مۆی گۆڕانكاریی و پێشكه‌وتنه‌كان.
ئامانج له كاری ڕه‌خنه‌دا ده‌رخستنی ڕاستی و حاڵه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌یه (یان با بڵێین گریمانه‌ی ده‌رخستنی ڕاستی و حاڵه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌یه). ڕه‌خنه پرۆسه‌یه‌كه ئه‌وی دیكه (ده‌ق، ده‌زگا، سیستم، كه‌سایه‌تی و كه‌سه‌كان…) شی ده‌كاته‌وه و ڕوونكردنه‌وه و تێبینییان له‌سه‌ر ده‌دا. به كورتییه‌كه‌ی له ڕه‌خنه‌دا پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌ن. ڕه‌خنه شته‌كان (دیارده‌كان) به واقیعی بزاڤ (بزاڤی سیاسی و ڕۆشنبیریی و فیكری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و تاد…) موتوربه ده‌كا. واته ڕه‌خنه ویستی جووڵه‌یه (جووڵه‌یه‌كی نوێ و جیاواز). هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه له نوێكردنه‌وه و گۆڕانكاریی ده‌گه‌ڕێ. ڕاستییه‌كه‌ی ڕه‌خنه هه‌موو شتێكی چه‌قبه‌ستوو ده‌جووڵێنێ؛ ڕه‌خنه دژی دۆگمایه (به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ڕه‌خنه پێویستی به كرداریشه؛ واته له تیۆره‌وه ببێته پراكتیك).
دیاره ڕه‌خنه گومان ده‌خاته سه‌ر حه‌قیقه‌تی ڕه‌های شته‌كان؛ له‌مه‌وه ڕه‌خنه جه‌وهه‌ری پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌كانیشه (نابێ له‌بیر بكه‌ین ڕه‌خنه جه‌وهه‌ری داهێنانیشه). ڕاستییه‌كه‌ی هیچ بوارێكی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی هاوچه‌رخ به بێ ڕه‌خنه گه‌شه ناكا و پێش ناكه‌وێ. ئینجا هیچ گومانیش له‌وه‌دا نییه، كه له هه‌ر كوێیه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی زیندوو هه‌بوو، ئا له‌وێشدا ده‌سه‌ڵاتی به‌هێزی ڕه‌خنه هه‌یه؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، كه هه‌میشه ڕه‌خنه له كه‌م و كوڕییه‌كان ده‌گرێ؛ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خه‌می هه‌ره گه‌وره‌ی باشتركردنی ژیانی مرۆڤه. نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، كه ڕه‌خنه خۆشی لكێكی مه‌عریفه‌یه (مه‌عریفه‌ی زانستی و ئه‌ده‌بی و سیاسی و … تاد.)؛ به‌ڵكو ئه‌و هه‌ر خۆشی ڕۆحی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌موو ئه‌م مه‌عریفانه‌ش پێكده‌هێنێ؛ كه‌واته له ده‌ره‌وه‌ی بوونی پرۆسه‌ی ڕه‌خنه‌دا، ئێمه نابێ باس له بوونی پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌ستاندنی مه‌عریفه‌كانیش بكه‌ین.
دواجار و له ئاكامدا ئێمه هه‌رچه‌نده ڕه‌خنه بگرین، هێنده‌ش ده‌مانه‌وێ له‌وی دیكه (ده‌سه‌ڵات، ده‌ق، ئایین، تاك، كۆمه‌ڵگه…) نزیك ببینه‌وه و لێی تێبگه‌ین. ئه‌وه‌ی گفتوگۆش دروست ده‌كا، ته‌نها ڕه‌خنه‌یه هیچی دیكه نییه: ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی ئامانجی دروستكردنی پردی گفتوگۆی دیموكراسییه له نێوان هه‌موو لایه‌كدا. به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌وه ڕه‌خنه‌یه (ڕه‌خنه‌ی سیاسی و فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بی… تاد.)، كه بنه‌مای سیستمێكی سیاسی دیموكراسی و سیستمێكی مه‌عریفی پێشكه‌وتوو له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا دروست ده‌كا و به‌رهه‌م ده‌هێنێ.
به‌ختیار محه‌مه‌د